Draw Media

درەو: 🔹 زیاتر لە (11) ساڵە دەرگای دامەزراندن لە کەرتی گشتیدا، بەڕووی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان داخراوە. 🔹 سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی (2023) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی لەعێراق زیاتر لە (810 هەزار) پلەی وەزیفی جێگەی کراوەتەوەو بە رێژەی (25%) زیادی کردووە، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان (658 هەزار و 189) پلەی وەزیفی جێگیر کراوە، بەراورد بە ساڵی (2021) (23 هەزار و 832) پلەی وەزیفی کەمکراوەتەوە بە رێژەی (3.5%). 🔹 لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2006) ژمارەی هێزی کاری حکومی تەنها (ملیۆنێک و 912 هەزار و 605) موچەخۆر بوو، بەڵام لە ساڵی (2023) گەیشتووە بە (4 ملیۆن و 74 هەزار و 697) موچەخۆر، واتا دەستی کار بە رێژەی (113%) زیادی کردووە. 🔹 بەڵام هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاساکانی بودجەدا لە ساڵی (2006) تەنها (557 هەزار و 32) دەستی کاری حکومی بووە، دوای تێپەڕبوونی (17) ساڵ بەسەر ئەو ماوەیەدا، لە یاسای بودجەی ساڵی (2023) بە (658 هەزار و 189) دەستی کاری حکومی هەژمارکراوە، بە رێژەی (18%) زیادی کردووە و دانیپێدنراوە، بەڵام ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم زیاتر لە (ملیۆنێک و 255 هەزار) موچەخۆرە كە زیاتر لە (110%) زیادیكردووە، بەڵام نە عێراق دانیپێدا دەنێت، نە هەرێمیش توانیویەتی بەغدا بەو ژمارەیە قایل بکات. 🔹 لە یاسای بودجەی ساڵی (2021)دا، وەزارەتی پەروەردە (154 هەزار و 106) پلەی وەزیفی لە خۆگرتووە بەڵام لە ساڵی (2023) دەستی کار لە وەزارەتەکەدا گەیشتووە بە (963 هەزار و 949) موچەخۆر بە ڕێژەی (525%) زیادی کردووە. سەرەتا زیاتر لە (11) ساڵە دەرگای دامەزراندن لە کەرتی گشتیدا، بەڕووی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان داخراوە، لە دوای ساڵی (2013)ەوە لە هیچ پرۆسەیەکی گشتگر و فەرمی فراواندا، رێگە خۆشنەکراوە بۆ جێکردنەوەی لانی کەمی خاوەن بروانامەکان کە بتوانن لە کەرتی گشتیدا خزمەت بکەن. ئەمە لە کاتێکدایە پرۆسەی دامەزراندن لە چوارچێوەی کەرتی گشتیدا لە حکومەتی عێراق ڕانەگیراوە، ساڵانە بە ئاستێکی بەرزو تا ڕادەیەک گونجاو، دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان دادەمەزرێندرێن، نە حکومەتی هەرێم و نە نوێنەرانی کورد لە بەغدا، نەیانتوانیەوە هاوشێوەی ساڵانی پێش (2013) پشکی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەو بەشەی دامەزراندن بۆ دەرچوانی زانکۆ پەیمانگاکان دەستەبەر بکەن. هەر وەک چۆن نەیانتوانییوە حکومەتی عێراق قایل بکەن بەو ژمارەو رێژە موچەخۆرەی لە دەرەوەی یاسای بودجەی گشتی عێراق حکومەتی هەرێم دایمەزراندون. چونکە واقعی هەرێمی کوردستان لە رووی ژمارەی هێزی کاری حکومی و موچەخۆرانەوە تەواو جیاوازە لەو داتایانەی لە نێو یاساکانی بودجەی گشتی عێراق جێگەیان کراوەتەوە. ئەوەی لە عێراقدا دانی پێدادەنرێت نزیەکەی نیوەی ئەو هێزی کارو موچەخۆرەیە کە حکومەتی هەرێم هەیەتی و حکومەتی عێراق دانیپێدانانێت. ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم زیاتر لە (ملیۆنێک و 250 هەزار) موچەخۆرەو بەپێی بەڵگەنامەکانیش لە حکومەتی عێراق لە (660 هەزار) موچەخۆر تێناپەڕێت. بۆیە لێرەدا تەنها تیشک دەخەینە سەر ئەو داتاو ژمارانەی کە لە یاساکانی بودجەی گشتی عێراقدا تایبەت بە موچە خۆرانی هەرێم جێگەی کراوەتەوە، نەک ئەو واقعەی لەبارە ژمارەی موچەخۆرانەوە هەیە کە (ملیۆنێک و 200 هەزار) موچەخۆری تێپەڕاندووە لەم بەدواداچونەدا بە گەڕانەوە بۆ ئەو ساڵانەی کە حکومەتی عێراق یاسای بودجەی هەبووە، لە نێوان (2006 بۆ 2023). تیشک دەخەینە سەر ژمارەی هێزی کار (موچەخۆران)ی کەرتی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوکات بڕو ڕادەو ڕێژەی گەشەی ژمارەی موچەخۆران لە عێراق و هەرێم، وەک ئەوەی لە یاساکانی بودجەدا ئاماژەی پێدراوە. یەکەم؛ ژمارەی هێزی کار (موچەخۆران)ی کەرتی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی پلە وەزیفییەکانیان پاڵپشت بە یاساکانی بودجەی گشتی عێراق لە ساڵانی 2006 - 2023 حکومەتی عێراق لە ماوەی ساڵانی (2006 - 2023) پانزە ساڵ یاسای بودجەی هەبووە، جگە لە ساڵەکانی (2014، 2020 و 2022). وەک ئەوەی لەسەرجەم یاسا دەرکراوەکاندا هاتووە، سەرباری بەردوامی پرۆسەی بە خانەنشین کردنی موچەخۆرانی کەرتی گشتی، بەڵام جگە لە ساڵانی (2016، 2017 و 2018) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی دابەزیوە، بەڵام لە سەرجەم ساڵەکانی دیکەدا، ژمارەی پلە وەزیفییە جیاوازەکانی کەرتی گشتی رووی لە بەرزبوونەوە کردووە، کە ئاماژەن بۆ بەردەوامی پرۆسەی دامەزراندن، بەجۆرێک؛ -    لە ساڵی (2006) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (ملیۆنێک و 912 هەزار و 605) موچەخۆر بووە. -    لە ساڵی (2007) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (2 ملیۆن و 60 هەزار و 260) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (147 هەزار و 655) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (7.7%). -    لە ساڵی (2008) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (2 ملیۆن و 263 هەزار و 123) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (202 هەزار و 863) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (9.8%). -    لە ساڵی (2009) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (2 ملیۆن و 320 هەزار و 247) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (57 هەزار و 124) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (2.5%). -    لە ساڵی (2010) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (2 ملیۆن و 468 هەزار و 422) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵی (2009) (148 هەزار و 175) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (6.4%). -    لە ساڵی (2011) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (2 ملیۆن و 662 هەزار و 608) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (194 هەزار و 186) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (7.9%). -    لە ساڵی (2012) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (2 ملیۆن و 750 هەزار و 322) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (87 هەزار و 714) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (3.3%). -    لە ساڵی (2013) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (2 ملیۆن و 907 هەزار و 776) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (157 هەزار و 454) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (5.7%). -    لە ساڵی (2015) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (3 ملیۆن و 27 هەزار و 69) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵی (2013) وەک ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە (119 هەزار و 293) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (4.1%). -    لە ساڵی (2016) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (2 ملیۆن و 905 هەزار و 226) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (121 هەزار و 843) پلەی وەزیفی کەمی کردووە بە رێژەی (4%). -    لە ساڵی (2017) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (2 ملیۆن و 885 هەزار و 834) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (19 هەزار و 392) پلەی وەزیفی کەمی کردووە بە رێژەی (0.7%). -    لە ساڵی (2018) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (2 ملیۆن و 885 هەزار و 716) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر تەنها (118) پلەی وەزیفی کەمی کردووە. -    لە ساڵی (2019) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (2 ملیۆن و 941 هەزار و 890) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (56 هەزار و 174) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (1.9%). -    لە ساڵی (2021) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە گەیشتووە بە (3 ملیۆن و 263 هەزار و 834) موچەخۆر، بەراورد بە ساڵی (2019) (321 هەزار و 944) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (10.9%). -    لە ساڵی (2023) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە گەیشتووە بە ئاستێکی پێوانەیی و (4 ملیۆن و 74 هەزار و 697) موچەخۆر بووە، بەراورد بە بودجەی ساڵی (2021)، (810 هەزار و 863) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (24.8%). بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (1))       دووەم؛ ژمارەی هێزی کار (موچەخۆران)ی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان  بەپێی یاساکانی بودجەی گشتی عێراق لە ساڵانی 2006 - 2023 پاڵپشت بە داتاو ئامارانەی دەربارەی هێزی کاری موچەخۆرانی هەرێم، لە یاساکانی بودجەی گشتی عێراق لە ماوەی ساڵانی (2006 - 2023) هاتووە؛ -    لە ساڵی (2006) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان (557 هەزار و 32) موچەخۆر بووە. -    لە ساڵی (2007) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان (586 هەزار و 502) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (29 هەزار و 470) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (5.9%). -    لە ساڵی (2008) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان (616 هەزار و 304) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (29 هەزار و 802) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (5%). -    لە ساڵی (2009) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان (616 هەزار و 302) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (2) پلەی وەزیفی کەمی کردووە. -    لە ساڵی (2010) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان (625 هەزار و 849) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵی (2009) (9 هەزار و 547) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (1.5%). -    لە ساڵی (2011) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان (650 هەزار و 849) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (25 هەزار) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (4%). -    لە ساڵی (2012) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان (662 هەزار و 444) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (11 هەزار و 595) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (1.8%). -    لە ساڵی (2013) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان (667 هەزار و 528) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (15 هەزار و 84) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (2.3%). -    لە ساڵی (2015) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان (679 هەزار و 939) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵی (2013) وەک ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە (2 هەزار و 411) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (0.4%). -    لە ساڵی (2016) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان (682 هەزار و 21) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (2 هەزار و 82) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (0.3%). ئەو ژمارەیەی موچەخۆرانی هەرێم لە یاساکانی بودجەی ساڵانی (2017، 2018، 2019 و 2021) بە جێگیری ماوەتەوە. -    سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی (2023) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی لەعێراق زیاتر لە (810 هەزار) پلەی وەزیفی جێگەی کراوەتەوە، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان (658 هەزار و 189) پلەی وەزیفی جێگیر کراوە، بەراورد بە ساڵی (2021) (23 هەزار و 832) پلەی وەزیفی کەمکراوەتەوە بە رێژەی (3.5%). بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (2))       سێیەم؛ بەراوردکردنی بڕو رێژەی گەشەکردنی ژمارەی هێزی کار (موچەخۆران)ی کەرتی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی یاساکانی بودجەی گشتی عێراق لە ساڵانی 2006 - 2023 وەک لە خشتەی ژمارە (3) دا رونکراوەتەوە، کاتێک ژمارەو ڕێژەی گەشەکردنی دەستی کاری حکومی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاساکانی بودجەی گشتی عێرا ڕادەمێنیت، بۆی دەردەکەوێت؛ لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2006) ژمارەی هێزی کاری حکومی تەنها (ملیۆنێک و 912 هەزار و 605) موچەخۆر بوو، بەڵام لە ساڵی (2023) گەیشتووە بە (4 ملیۆن و 74 هەزار و 697) موچەخۆر، بەو مانایەی (2 ملیۆن و 162 هەزار و 92) دەستی کار بە رێژەی (113%) زیادی کردووە. بەڵام کاتێک بەتەنها هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاساکانی بودجەی گشتی عێراق وەردەگرین، ئەوا؛ لە ساڵی (2006) تەنها (557 هەزار و 32) دەستی کاری حکومی بووە، دوای تێپەڕبوونی (17) ساڵ بەسەر ئەو ماوەیەدا، لە یاسای بودجەی ساڵی (2023) بە (658 هەزار و 189) دەستی کاری حکومی هەژمارکراوە، واتە (101 هەزار و 157) موچەخۆر بە رێژەی (18%) زیادی کردووە و دانیپێدنراوە. کاتێکش بەراوردی یاسای بودجی ساڵی (2023) دەکەین بە ساڵی (2013) و تەنانەت ساڵی (2021)یش، ئەوا بەڕوونی دەبینرێت، دەستی کاری گشتی لە حکومەتی عێراق بەڕادایەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەپێچەوانەی دەستی کاری حکومییەوە لە هەرێمی کوردستان پاشەکشەی کردووە. (خشتەی ژمارە (3)) ئەو ڕاستییە ڕوونتر دەکاتەوە.     چوارەم؛ بەراوردکردنی بڕو رێژەی گەشەکردنی ژمارەی هێزی کاری گشتی لە وەزارەتەکانی (پەروەردەو تەندروستی) عێراق بەپێی یاساکانی بودجەی گشتی عێراق لە ساڵانی 2021 و 2023 وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا لە ساڵی (2023) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە گەیشتووە بە ئاستێکی پێوانەیی و (4 ملیۆن و 74 هەزار و 697) موچەخۆر بووە، بەراورد بە یاسای بودجەی ساڵی (2021)، (810 هەزار و 863) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (24.8%). لە چوارچێوەی ئەو زیادبووکردنەی دەستی کاری حکومی هەردوو وەزارەتەکانی (پەروەردەو تەندروستی) عێراق پشکی شێریان بەرکەوتووە، بەجۆرێک؛ وەک لە یاسای بودجەی ساڵی (2021)دا هاتووە، وەزارەتی پەروەردە لە ساڵی ناوبراودا (154 هەزار و 106) پلەی وەزیفی لە خۆگرتووە بەڵام لە یاسای بودجەی ساڵی (2023) دەستی کار لە وەزارەتەکەدا گەیشتووە بە (963 هەزار و 949) دەستی کار و (809 هەزار و 843) موچەخۆر بە ڕێژەی (525%) زیادی کردووە. هاوکات لە یاسای بودجەی ساڵی (2021)دا هاتووە، وەزارەتی تەندروستی (116 هەزار و 451) پلەی وەزیفی لە خۆگرتووە بەڵام لە یاسای بودجەی ساڵی (2023) دەستی کار لە وەزارەتەکەدا گەیشتووە بە (488 هەزار و 550) دەستی کار و (372 هەزار و 99) موچەخۆر بە ڕێژەی (319%) زیادی کردووە. لەم بارەیەوە بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)).       سەرچاوەکان یاساکانی بودجەی گشتی عێراق لە ساڵانی (2006، 2007، 2008، 2009، 2010، 2011، 2012، 2013، 2015، 2016، 2017، 2018، 2019، 2021 و 2023). https://www.mof.gov.iq/pages/ar/FederalBudgetLaw.aspx  


(دره‌و): دادگای باڵای فیدراڵی عێراق هەڵبژاردنەكانی هەرێمی سپارد بە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، به‌گوێره‌ی بڕیاری دادگا بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌مه‌ودوا هه‌موو هاوڵاتییه‌ك بۆی هه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی حزبه‌ سیاسییه‌كان به‌شێوه‌ی تاكه‌كه‌سی خۆی كاندید بكات، ئه‌مه‌ له‌پاڵ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان و گۆڕینی شێوازی هه‌ڵبژاردن بۆ فره‌ بازنه‌یی. هه‌شت مانگ له‌ چاوه‌ڕوانی بڕیاردا! دواجارو دوای زیاتر له‌ (8) مانگ تاوتوێكردن، دادگای فیدراڵ عێراق بڕیاری خۆی له‌باره‌ی ئه‌و سكاڵایه‌ ده‌ركرد كه‌ یه‌كێتیی  نیشتمانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان تۆماریكردبوو. لەم سكاڵایەدا، سكاڵاكارەكان دوو كەس بوون، یەكێكیان (زیاد جەبار) سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی بوو لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان (ئێستا ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتییە)‌، ئەوی تریان (ئامانج نەجیب شەمعون) سەرۆكی فراكسیۆنی (رافیدەین)ه‌ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.  دادگای فیدراڵی هەردوو سكاڵاكەی یەكخست، سكاڵاكان لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆك وەزیرانی هەرێم تۆماركرابوون. زیاد جەبارو ئامانج نەجیب شەمعون لە سكاڵاكەیاندا داوا لە دادگای فیدراڵی كردبوو حوكم بدات بەوەی ماددەكانی (1-9-15-22-36)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، نادەستورییە. ئه‌و ماددانه‌ی سكاڵایان له‌سه‌ر تۆماركرا كرۆكی ئەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردن كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە ئەمانەن: ماددەی یەكەم: پەرلەمانی كوردستان- عێراق لە 111 ئەندام پێكدێت. ماددەی نۆیەم: هەرێمی كوردستان- عێراق بەیەك ناوچەی دەنگدان دادەنرێت‌و، دابەشدەكرێت بەسەر چەندە مەركەزێكی دەنگداندا. ماددەی پازدە: بۆ هەرێمی كوردستان، تۆماری دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەركەزەكانی هەڵبژاردن ئامادە دەكرێن‌و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەكان رێكدەخرێن كە پیشەو ناونیشان‌و بەروارو جێگەی لەدایكبوونیان تێدا تۆماركراوە. ئەگەر لەتوانادا نەبوو ئەوە بكرێ، ئەوكاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەكی تری لەبارتر بۆ وەدیهێنانی مەبەستی پێویست دیاری بكات. ماددەی بیست‌و دوو: 1-    هەر  كیانێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان- عێراقدا بۆی هەیە لیستێكی تایبەت بەناوی پاڵیوراوەكانی خۆی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان- عێراق بكات كە رێژەیەك ئافرەتی تێدا بێت كە لە (30%) كەمتر نەبێت‌و، ناوی پاڵێوراوەكانیش بەشێوەیەك ریزبەندكرابن كە نواندی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەمان زامن بكات، بەمەرجێ ژمارەی باڵێوراوەكان لە هەر لیستێكی هەڵبژاردندا لە (3) پاڵێوراو كەمتر نەبن. 2- لیستی پاڵێوراوەكان لەماوەی (15) رۆژ لە بەرواری راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشكەش بە سەرۆكی دەستەی باڵا دەكرێت‌و هەموو بەڵگەنامەیەكی پێوە دەلكێنرێ كە لە ماددەی 21دا داواكراون. ماددەی سی‌و شەش: 1-    پێنج كورسی بۆ كلدان ‌و سریان‌و ئاشوری تەرخان دەكرێ پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن. 2-    پێنج كورسی بۆ توركمان تەرخان دەكرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن. 3-  یەك كورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەكرێت، باڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن. دادگای چۆن بڕیاریدا ؟ دادگای فیدراڵی عێراق ئه‌مڕۆ بڕیاری خۆی له‌سه‌ر مادده‌ سكاڵا له‌سه‌ركراوه‌كانی یاسای هه‌ڵبژاردن ده‌ركرد، له‌ بڕیاره‌كه‌یدا ده‌ڵێ: •    ده‌سته‌واژه‌ی 11 كه‌ له‌ مادده‌ی یه‌كه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی هه‌ڵبژاردنی كوردستاندا ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراودا هاتووه‌ ناده‌ستورییه‌و ده‌قه‌كه‌ به‌مشێوه‌ی لێ دێت:"په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 100 ئه‌ندام پێكدیت". به‌مشێوه‌یه‌ دادگای فیدراڵی (11) كورسی "كۆتا"ی پیكهاته‌كانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌. •        ده‌سته‌واژه‌ی "به‌گوێره‌ی حوكمه‌كانی بڕگه‌ی 4 له‌ مادده‌ی 2ی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ژماره‌ 11ی ساڵی 2007 تا كاتی پێكهێنانی ده‌سته‌یه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسی كوردستانی عێراق" كه‌ له‌ مادده‌ی شه‌شه‌می دووباره‌كراوه‌ی یه‌كه‌م له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی عێراق ژماره‌ 1ی ساڵی 1992ی هه‌موار كراودا هاتووه‌، ناده‌ستورییه‌و ده‌قه‌كه‌ به‌مشێوه‌ی لێ دێت" له‌م یاسایه‌دا كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان شوێنی ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانی عێراق ده‌گرێته‌وه‌ بۆ سه‌رپه‌ره‌شتیكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان و به‌ڕێوه‌بردنی. بڕگه‌ی چواره‌م له‌ مادده‌ی شه‌شه‌می یاساكه‌ ناده‌ستورییه‌". به‌پێی ئه‌م بڕیاره‌ دادگای فیدراڵی عێراق كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستانی به‌یه‌كجاری هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، كۆمسیۆنێك كه‌ ساڵی 2014 په‌رله‌مانی كوردستان دروستیكردو له‌ماوه‌ی 10 ساڵی ته‌مه‌نی خۆیدا ته‌نیا سەرپەرشتی ڕاسییەکی گشتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە 25ی ئه‌یلولی 2017و یەک هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی له‌ 30ی ئه‌یلولی 2018دا كردووه‌.  •    مادده‌ی 9ی یاسای هه‌مواركراوی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ناده‌ستورییه هه‌روه‌ها جێبه‌جێكردنی ده‌قی پێشوو كه‌ به‌گوێره‌ی مادده‌ی چواره‌می هه‌مواری سێیه‌می ساڵی 2004 هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌، ‌به‌جۆرێك ده‌قی جێبه‌جێكراو به‌مشێوه‌یه‌ بێت" هه‌رێمی كوردستان دابه‌شده‌كرێت به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك ناوچه‌ی هه‌ڵبژاردندا كه‌ له‌ چوار ناوچه‌ كه‌متر نه‌بێت". •    مادده‌ی سێیه‌م له‌ یاسای ژماره‌ 15ی ساڵی 2013ی یاسای هه‌مواری حه‌وته‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ناده‌ستورییه‌، كه‌ به‌پێی ئه‌م مادده‌یه‌ مادده‌ی حه‌ڤده‌یه‌می یاسای ناوبراو هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌، ده‌بێت كار به‌ مادده‌ی ناوبراو بكرێته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێ: هه‌موو هاوڵاتییه‌ك كه‌ ته‌مه‌نی 18 ساڵی ته‌واو كردبێت فه‌رمانگه‌ی باری شارستانی كارتی ده‌نگدانی پێده‌دات به‌پێی چوارچێوه‌یه‌ك كه‌ دیاریده‌كرێت، به‌مه‌رجێك ده‌نگده‌ر له‌كاتی ده‌نگداندا ناسنامه‌ی خۆی بسه‌لمێنێت".  •    هه‌ردوو ده‌سته‌واژه‌ی " له‌سه‌ر ئاستی كوردستانی عێراق" هه‌روه‌ها ده‌سته‌واژه‌ی "به‌مه‌رجێك ژماره‌ی كاندیدی هه‌ر لیستێكی هه‌ڵبژاردن له‌ سێ كاندید كه‌متر نه‌بێت" كه‌ له‌ مادده‌ی بیست و دووی له‌ یاسای هه‌ڵبژاردندا هاتووه‌ ناده‌ستورییه‌و ده‌قه‌كه‌ به‌مشێوه‌ی لێدێت" هه‌موو قه‌واره‌یه‌كی سیاسی له‌ كوردستانی عێراق بۆی هه‌یه‌ لیستی تایبه‌ت پێشكه‌ش بكات كه‌ ناوی كاندیده‌كانی له‌خۆبگرێت و رێژه‌ی ژنان له‌ناو لیسته‌كه‌دا له‌ 30% كه‌متر نه‌بێت، ریزبه‌ندی ناوی كاندیده‌كان به‌وشێوه‌یه‌ ده‌بێت كه‌ گره‌نتی رێژه‌ی ناوبراوی ژنان بكات له‌ په‌رله‌ماندا". به‌گوێره‌ی ئه‌م ئه‌م بڕیاره‌ی دادگای فیدراڵی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ئیتر هه‌موو هاوڵاتییه‌ك ده‌توانێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی لیستی حزبه‌كان، وه‌كو كاندیدی تاكه‌كه‌سیی "فردی" خۆی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان كاندید بكات.     


  درەو: ئایدن مەعروف لێدوانێكدا بە (درەو)ی راگەیاند: بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتاییە، ئێمە بەبێ كۆتاش بەشداری هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی كوردستان دەكەین و ژمارەی توركمانەكان لە ناوەندی شاری هەولێر (400) هەزار كەسە. ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە نادەستوری بوونی كۆتاكانی لە پەرلەمانی كوردستان و ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستانی بە (100) كورسی گشتی دیاریكرد. ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان، لە لێدوانێكدا بە (درەو)ی راگەیاند: دەبوایە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بەراوێژ لەگەڵ نوێنەری پێكهاتەكان بكرایە ئەمە بڕیارێكی باش نەبوو، بابەتەكە تایبەت بوو بە هەرێمی كوردستان، تایبەت بوو بە مافەكانی كۆتا و پێكهاتەكان، كە بەو رێگایە بەشدار دەبن لە پرۆسەی هەڵبژاردن، بڕیارێكی باش نەبوو دادپەروەر نەبوو، دیاربوو پێشوەختە ئامادەكرابوو، توركمان نەتەوەیەكی ئەسیلە لە عێراق و لە هەرێمی كوردستان،  پێگەی سیاسی و قورسایی خۆی هەیە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، چونكە هەڵبژاردن رەهەندێكی نیشتمانی هەیە، ئێمە وەك توركمان بە كۆتا بەشداربووین و لەدەرەوەی كۆتاش بەشدار دەبین لە هەڵبژاردن كۆتاكان لەدەرەوەی سیستەمی كۆتاش بەشدار دەبن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی ژمارەی توركمان لە ناوەندی هەولێر ژمارەی توركمانەكان (400) هەزار كەس دەبن، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بڕیارێكی كۆتاییەو تانەی لێنادرێت، بڕیارەو دراوەو كۆتاییە، بەڵام بڕیارەكە لەدەرەوەی ئیرادەی ئێمە كراوە، لەوانەیە قبوڵكراو نەبێت و كاریگەری باش نابێت.  


راپۆرتی: درەو 🔻 دادگای باڵای ئیتحادی عێراق بڕیاریدا بە؛ هەڵوەشاندنەوەی (11) کورسی کۆتاکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە یەک بازنەییەوە گۆڕی بۆ (چوار) بازنەی هەڵبژاردن، لەسەر بنەمای بڕیارەکە بەپێی سیناریۆکان؛ 🔹 بازنەی پارێزگای هەولێر (34%)ی کورسییەیەکان و (34) کورسی بۆ تەرخان دەکرێت. 🔹 بازنەی پارێزگای سلێمانی (38%)ی کورسییەکان؛ (38) کورسی بۆ تەرخان دەکرێت. 🔹 بازنەی پارێزگای هەڵەبجە (3%)ى کورسییەکان؛ (3) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. 🔹 بازنەی پارێزگای دهۆک (25%)ی کورسییەکان و (25) کورسی بەردەکەوێت. دابەشبوونی کوردسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا لە دۆخی (4) بازنەییدا بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگای باڵای ئیتحادی عێراق؛ کە بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی (11) کورسی کۆتاکان و هێشتنەوەی تەنها (100) کورسی و گۆڕینی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە یەک بازنەییەوە بۆ (چوار) بازنەی هەڵبژاردن، لەسەر بنەمای بڕیارەکە بەپێی سیناریۆکان؛ پێشتر ئەو وتوێژانەی لە نێوان کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق و دادگای باڵای فیدراڵیدا هەبوو، دادگای فیدراڵی داوای لە كۆمسیۆن كردبوو هەرێمی كوردستان بكرێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن، ئەویش بەپێی مادەی (9) یاسای هەڵبژاردنی هەرێم پێش هەموار، كە داوا دەكات هەرێمی كوردستان بكرێتە چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن كە لە چوار ناوچە كەمتر نەبێت. لە ئێستادا کە بڕیارەکە بەو جۆرەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە (4) بازنەی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، لە سەر ئاستی بازنەکانی (هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک)، بە پشت بەست بە بنەمای هەمان ئەو داتاو دابەشکارییانەی لە نوسراوێكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، کە ژمارە (2551)ی رۆژی (30/11/2023)ی لەسەرەو تێیدا وەڵامی داوایەکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەداتەوە، تایبەت بە میکانزمی دابەشکردنی کوردسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، تێیدا ژمارەی کورسییە تەرخانکراوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی کراوە بە پێوەر، هەر لەسەر ئەو بنەمایەی لە نوسراوەکەی کۆمسیۆندا هاتووە پشک و بەرکەوتەی هەر پارێزگا (بازنە)یەک لە (100) کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان بەو شێوەیە دەبێت؛ بازنەی یەکەم؛ پارێزگا هەولێر (34%)ی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، واتە (34) کورسی بەردەکەوێت. بازنەی دووەم؛ پارێزگا سلێمانی (34% یان 39%)ی کورسییەکانی پەرلەمان، واتە  (34 یان 39) کورسی، ژمارەی کورسییەکان لەسەر دیاریکردنی پشکی پارێزگای هەڵەبجە ڕادەوەستێت کە هۆکارەکەی روندەکەینەوە. بازنەی سێیەم؛ پارێزگا هەڵەبجە، کە دوو سیناریۆ لە ئارادان؛ یەکەم؛ ئەگەر ئەو بنەمایە لەبەرچاو بگیرێت، کە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەک بازنەیەکی هەڵبژاردن مامەڵەی لەگەڵ کرا، سنوری ئیداری (ناوەندی قەزای هەڵەبجە، پێنجوێن، سەیدسادق و شارەزوور)ی دەگرتەوە، ئەوا (7%) و (7) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. پشکی بازنەی سلێمانی دەبێتە (34) کورسی. دووەم؛ ئەگەر سنوری ئیداری پارێزگای هەڵەبجە بکرێتە بنەما کە (ناوەندی قەزای هەڵەبجە و ناحیەکانی سیروان، خورماڵ و بیارە) دەگرێتەوە، لەسەر بنەمای ژمارەی دانشتوانی پارێزگاکە، بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانی ساڵی (2020) ئەو سنورە جوگرافییە (5%)ی دانیشتوانی سنوری پارێزگای سلێمانی پێکدەهێنێت و لە کۆی (41) کورسی تەنها (2) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت و پارێزگای سلێمانیش (39) کورسی بەردەکەوێت بەڵام لەبەر ئەوەی (30%) بۆ ژنان دیاریكراوە بۆیە دەبێت پارێزگای هەڵەبجە (3) كورسی بۆ دابنرێت كورسیەكی بۆ ژنانە، و سلێمانی دەبێتە (38) كورسی . بازنەی چوارەم؛ پارێزگای دهۆک (25%)ی کورسییەکانی پەرلەمان بەردەکەوێت، واتە (25) کورسی بەردەکەوێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2))   سەرچاوەکان -    محەمەد رەئوف، هەڵبژاردن لە کوردستان 1992 – 2021، توێژینەوەیەکی شیکاری بەراوردکارییە، چاپی سێیەم (زیادکراو)، 2023، لاپەڕە 241-259. -    کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عێراق، ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2021؛ https://bitly.ws/37ZyG -    درەو میدیا، هەرێمی كوردستان دەكرێتە سێ بازنەی هەڵبژاردن، 2/12/2023؛ https://bitly.ws/37ZyJ    


(دره‌و):  به‌پێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق له‌ئێستاوه‌ هه‌ر وه‌زاره‌ت یان فه‌رمانگه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق مامه‌ڵه‌ بكات بۆ گواستنه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كانی بۆسه‌ر بانكه‌كانی عێراق، خه‌رجی موچه‌كه‌ له‌ پشكی هه‌رێم له‌ یاسای بودجه‌دا ده‌بڕدرێت.  له‌سه‌ر سكاڵایه‌ك كه‌ سێ هاوڵاتی كورد به‌ناوه‌كانی (عه‌داله‌ت ره‌حیم محه‌مه‌د- بوخاری جه‌میل عه‌لی- حه‌یده‌ر محه‌مه‌د عوسمان) تۆماریانكردبوو، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری دا له‌سه‌ر چاره‌نوسی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان.  سكاڵاكاره‌كان سكاڵاكه‌یان له‌سه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدراڵی عێراق و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان تۆماركردبوو، تێیدا داوایان له‌ دادگای فیدراڵی كرد بڕیارێكی سالاریی (ولائی) ده‌ربكات بۆ ناردنی شایسته‌ داراییه‌كان و شایسته‌كانی تری فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بۆ مانگه‌كانی (ته‌موزو ئابی 2023)، هه‌روه‌ها ناكۆكی نێوان سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان یه‌كلابكاته‌وه‌ كه‌ بووه‌ته‌ هۆی جێبه‌جێ نه‌بوونی یاسای بودجه‌، هه‌روه‌ها داوایان له‌ دادگا كرد هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كه‌ پابه‌ند بكات به‌ پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم. له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م سكاڵایه‌، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا به‌: •    پابه‌ندكردنی هه‌ریه‌كه‌ له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدراڵ و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ كردنه‌وه‌ی حساب بانكی بۆ موچه‌ی (فه‌رمانبه‌ری سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان و پارێزگاكان و لایه‌نه‌ نه‌به‌ستراوه‌كان به‌ وه‌زاره‌ت و سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ری لایه‌نه‌ حكومییه‌كانی ترو خانه‌نشینان و سودمه‌ندانی تۆڕی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تیی) له‌و بانكه‌ حكومییه‌ فیدراڵییانه‌ی كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن.  •    پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان ببڕدرێت كه له‌ یاسای بودجه‌دا هاتووه‌. •    هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه له‌ هه‌رێمی كوردستان‌ ناویان هێنراوه هه‌روه‌ها فه‌رمانگه‌ لاوه‌كییه‌كانی تری هه‌رێم هه‌ماهه‌نگیی راسته‌وخۆ بكه‌ن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ بۆ جێبه‌جێكردنی گواستنه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ‌بۆسه‌ر بانكه‌ فیدراڵییه‌كان، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نوێنه‌رایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان.  •     پێویسته‌ له‌سه‌ر سه‌رجه‌م بانكه‌كانی سه‌ربه‌ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق ئاسانكاری بكه‌ن بۆ كردنه‌وه‌ی حساب بانكی بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم و گرتنه‌به‌ری سه‌رجه‌م رێگا پێویسته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ شوێنی نیشته‌جێبوونی خۆیان سودمه‌ند ببن له‌ موچه‌كانیان، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی ئه‌و په‌نجه‌ره‌ بانكییانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێم هه‌ن یان ئه‌و بانكانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێم كراونه‌ته‌وه‌و له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندیی عێراقه‌وه‌ مۆڵه‌تیان پێدراوه‌. •    به‌رپرسی باڵای ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ ناویان هێنراوه‌ له‌ وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ نه‌به‌ستراوه‌كان به‌ وه‌زاره‌ت و سه‌رجه‌م پێكهاته‌ حكومییه‌كان به‌رپرسن له‌ دروستیی ئه‌و داتایانه‌ی كه‌ ره‌وانه‌ ده‌كرێن سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌و پله‌و بڕی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی حساب بانكی بۆیان له‌ بانكه‌ فیدراڵییه‌كان و ده‌بێت له‌لایه‌ن ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایانه‌وه‌ ئیمزا له‌سه‌ر ئه‌و داتایانه‌ بكه‌ن.  •    ده‌بێت سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم پاره‌دار بكات دوای ئه‌وه‌ی حساب بانكییان له‌ بانكه‌كانی عێراق بۆ ده‌كرێته‌وه‌، نابێت ئیتر به‌ قه‌رز پاره‌یان بۆ بنێرێت.  •    هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌مدا له‌ هه‌رێمی كوردستان ناویان هێنراوه‌ پابه‌ندده‌كرێن به‌ پێشكه‌شكردنی (میزان مراجعه‌)ی مانگانه‌ له‌و واده‌ی كه‌ فه‌رمانگه‌ی ژمێریاری له‌ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ له‌ مانگی دواتردا دیاری ده‌كات له‌كاتی داواكردنی پاره‌ هاوشێوه‌ی وه‌زاره‌تی فیدراڵییه‌كان.  •    پابه‌ندكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ راده‌ستكردنی سه‌رجه‌م داهاته‌ نه‌وتیی و نانه‌وتییه‌كانی به‌ حكومه‌تی فیدراڵ (خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت)، به‌گوێره‌ی یاسای ئیداره‌ی دارایی فیدراڵ، به‌و مه‌رجه‌ی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم وردبینی له‌و داتایانه‌ بكات كه‌ تایبه‌تن به‌و داهاتانه‌وه‌، ئه‌مه‌ پشتبه‌ست به‌ حوكمه‌كانی مادده‌ی (12)ی یاسای ژماره‌ (13)ی ساڵی 2023ی بودجه‌ی گشتی فیدراڵی كۆماری عێراق بۆ ساڵه‌كانی (2023-2024-2025).  •    پابه‌ندكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌وه‌ی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم وردبینی بكه‌ن له‌و حساب بانكییانه‌ی كه‌ بۆ هه‌رێم ده‌كرێنه‌وه‌ له‌ بانكی ناوه‌ندیی هه‌روه‌ها وردبینی بكرێت بۆ لیستی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان و سوندمه‌ندانی تۆڕی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان.  •     ئه‌م حوكمه‌ به‌ ته‌وافوقی ته‌واو ده‌رچووه‌و سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كان پابه‌ند ده‌كات.   


(دره‌و):  یه‌كێتیی له‌رێگای كۆمپانیایه‌كه‌وه‌ ده‌یه‌وێت دیوارێك به‌ ده‌وری قه‌ڵای دیموكراتدا له‌ كۆیه‌ دروستبكات و دواتر هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی ئێران له‌ رێككه‌وتنی ئه‌منیدا داوایكردووه‌، سه‌رپه‌ره‌شتیكردنی قه‌ڵاكه‌ راده‌ستی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بكات، پرۆسه‌ی دیواردروستكردنه‌كه‌ هێشتا نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ (كۆمه‌ڵه)‌كانی زڕگوێز.‌ یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان له‌ڕێگای كۆمپانیایه‌كه‌وه‌ ده‌یه‌وێت دیوارێك به‌ده‌وری كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبوونی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران له‌ قه‌زای كۆیه‌ دروست بكات، ئه‌م بڕیاره‌ نیگه‌رانی حزبی دیموكراتی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.  له‌ لێدوانێكدا بۆ (دره‌و)، محه‌مه‌د نه‌زیف قادری به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران رایگه‌یاند" دروستكردنی ئه‌م دیواره‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ مه‌تره‌ح كراوه‌، دانیشتمان له‌گه‌ڵ براده‌رانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی و ئاسایشدا هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ به‌رده‌وامن".  "ئێستا هێزێكیان له‌ قه‌ڵای كۆیه‌ جێگیركردووه‌، به‌حساب له‌رێگای كۆمپانیایه‌كه‌وه‌ ئامانجیان دیواركێشانه‌ به‌ ده‌وری كه‌مپه‌كانی ئازادی ئێمه‌دا، هه‌موو هه‌وڵمان بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئاڵۆزییه‌ك پێكنه‌یه‌ت و به‌ لێكتێگه‌یشتن بۆ چاره‌سه‌رێك بگه‌ڕێین، هیوادارم مته‌وه‌جهی ئه‌وه‌ ببن ئه‌وه‌ كارێكی باش نییه‌و ئێمه‌ له‌ناوچه‌یه‌كین كه‌ یه‌كێتیی به‌رپرسه‌ لێی و ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌منیه‌تی بنه‌ماڵه‌كانی ئێمه‌دا هه‌ست به‌ مه‌سئولیه‌ت بكه‌ن" قادری وای وت.  ئه‌و سه‌رچاوه‌ ئاگادارانه‌ی كه‌ (دره‌و) قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردوون، ده‌ڵێن دروستكردنی ئه‌م دیواره‌ به‌ده‌وری كۆمه‌ڵگه‌ی حزبی دیموكراتدا له‌ كۆیه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی ئه‌منیی نێوان ئێران و عێراقه‌و، دوای دروستكردنی دیواره‌كه‌، یه‌كێتیی وه‌كو به‌رپرسیاری ئه‌منیی له‌و سنوره‌ سه‌رپه‌ره‌شتیكردنی كه‌مپه‌كه‌ی دیموكرات به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ستپێرێت، ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و خواسته‌یه‌ كه‌ ئێران له‌ رێككه‌وتنی "كۆنوسی ئه‌منیی"دا له‌گه‌ڵ عێراق داوایكردووه‌.  (دره‌و) له‌ناو حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ له‌ كه‌مپی (زڕگوێز)ی سنوری پارێزگای سلێمانی كه‌ (كۆمه‌ڵه‌كان)ی تێدا جێگیر بووه‌، به‌دواداچوونی كردو ده‌ركه‌وت تائێستا كۆمه‌ڵه‌كان هیچ ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كیان له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ پێنه‌گه‌یشتووه‌ بۆ دروستكردنی دیوار به‌ ده‌وری كه‌مپه‌كه‌یاندا.  رۆژی 27ی ئه‌یلولی 2023 وه‌فدێكی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆنگره‌ی پێنجه‌می یه‌كێتیی گه‌یشتنه‌ سلێمانی، هه‌مان رۆژ به‌رپرسانی یه‌كێتیی رێنوێنیی وه‌فده‌ ئه‌منییه‌كه‌ی ئێرانیان كرد به‌ره‌و زڕگوێز، وه‌فده‌كه‌ كه‌ له‌ (حەسەن دانایی فەڕ)‌و (ئاغای مسگریان) پێكهاتبوون، چوونه‌‌ ناو كه‌مپی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ ناوچه‌ی (زڕگوێز)، دانایی فه‌ڕو مسگریان وه‌كو دوو فەرماندەی سوپای قودس‌ چونه‌ ناو كه‌مپه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بن له‌وه‌ی یه‌كێتیی هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی چه‌ك كردووه‌.   ئه‌مه‌ جاری یه‌كه‌م نییه‌ قه‌ڵای دیموكرات له‌ كۆیه‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر فشاره‌وه‌، ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی قه‌ڵاكه‌ روبه‌ڕووی هێرشی موشه‌كی ئێران بووه‌وه‌، ساڵی 1996 له‌ناو گه‌رمه‌ی شه‌ڕی ناوخۆیی پارتی و یه‌كێتیدا، سوپای ئێران به‌ ره‌زامه‌ندی یه‌كێتیی چووه‌ نزیك كه‌مپه‌كه‌و تۆپبارانی كرد. 


(دره‌و): ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ تاوتوێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق ده‌كات بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت پابه‌ندی بڕیاری دادگای فیدراڵی ببێت، ده‌بێت لایه‌نی چاودێر به‌سه‌ر پارێزگاره‌كانه‌وه دیاری بكات، ئه‌مه‌ش له‌دۆخێكدا كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌. ‌  ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی هه‌یه‌. له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێی چاره‌نوسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات له‌به‌ر رۆشنایی بڕیاری 24ی ئه‌یلولی 2023ی دادگای فیدراڵی عێراقدا، بڕیارێك كه‌ مادده‌ی (2)ی یاسای ژماره‌ی (2)ی ساڵی 2019ی هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.  به‌پێی ئه‌م حوكمه‌، دادگای فیدراڵی دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان، درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانیشی هه‌ڵوه‌شاندوه‌ته‌‌وه‌.  له‌دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێم له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵییه‌وه‌، هێشتا ئه‌نجومه‌نه‌كان به‌ركارن، له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی حكومه‌تدا رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆ راپۆرتێك له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.  ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ندبوونی خۆی به‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵیی عێراقه‌وه‌ رابگه‌یه‌نێت و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌وا ده‌بێت له‌مه‌ودوا پارێزگاره‌كان ده‌بن به‌ كاربه‌ڕێكه‌ره‌و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كانیش ره‌وانه‌ی خانه‌نشینی ده‌كرێن.  هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێرو عه‌لی ته‌ته‌ر پارێزگاری دهۆك له‌ماوه‌ی درێژكراوه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا پۆسته‌كانیان وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی بڕیاری دادگای فیدراڵی لێكه‌وته‌ی بۆ پێش خۆی (اپر رجع) نییه‌، كێشه‌ی یاساییان بۆ دروست نابێت و ده‌توانن له‌ پۆسته‌كانیاندا بمێننه‌وه‌.  به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم پابه‌ند بێت به‌ بڕیاری دادگای فیدراڵی و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، ده‌بێت لایه‌نی چاودێریكار به‌سه‌ر كاری پارێزگاره‌كانه‌وه‌ دیاری بكات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نه‌كان هه‌ڵوه‌شێندرانه‌وه‌ ئیتر لایه‌نی چاودێریكار نامێنێت.  ساڵی 2019 كه‌ خۆپیشاندانه‌كانی تشرین له‌ عێراق سه‌ریانهه‌ڵدا، یه‌كێك له‌ داواكارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خۆپیشانده‌ران هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بوو، ناڕه‌زایه‌تییه‌كان پێیان وابوو ئه‌م ئه‌نجومه‌نانه‌ هیچ سودێكیان نییه‌و بوونه‌ته‌ هۆی په‌ره‌سه‌ندنی گه‌نده‌ڵی له‌ وڵاتدا، بۆیه‌ په‌رله‌مانی ئه‌وكاتی عێراق به‌ بڕیارێك ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و په‌رله‌مانتارانی له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك كرد به‌ چاودێر له‌سه‌ر پارێزگاره‌كان، ئه‌م دۆخه‌ له‌ عێراق تاوه‌كو هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ 18ی كانونی یه‌كه‌می 2023 به‌رده‌وام بوو، ئێستا زۆرینه‌ی پارێزگاكان پارێزگاری نوێیان هه‌ڵبژاردووه‌، به‌ڵام له‌ پارێزگای كه‌ركوك كه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارێزگار دواكه‌وتووه‌، هێشتا په‌رله‌مانتارانی عێراق له‌ سنوری كه‌ركوك چاودێرن به‌سه‌ر كاره‌كانی پارێزگاره‌وه‌. له‌ هه‌رێمی كوردستان دۆخه‌كه‌ جیاوازه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستانیش هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌، په‌رله‌مانتار نه‌ماوه‌ ببێ به‌ چاودێر له‌سه‌ر پارێزگاره‌كان ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم لایه‌نی چاودێریكار به‌سه‌ر پارێزگاره‌كانه‌وه‌ دیاری بكات و له‌ باشترین حاڵه‌تدا ره‌نگه‌ وه‌زیری ناوخۆی خۆی كاری چاودێرییه‌كه‌ بكات.  له‌ شوباتی 2022وه‌ دادگای فیدراڵی عێراق زنجیره‌یه‌ك بڕیاری قورسی له‌دژی دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركردووه‌، كه‌ جگه‌ له بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ندی هه‌موو بڕیاره‌كانی تر بووه‌، له‌وانه‌: •    بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان له‌ 15ی شوباتی 2022دا.  •    بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 30 ئایاری 2023دا.‌  •    دواین بڕیار كه‌ له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێم بوو، له‌ 24ی ئه‌یلولی 2023 ده‌رچووه‌.  •    ئه‌مڕۆ دادگای فیدراڵی بڕیارێكی قورستر له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ی سیاسی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌رده‌كات كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان.  له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌دوای روخانی رژێمی سه‌ددامه‌وه‌ (2003) دده‌ستیپێكردووه‌، له‌ 21 ساڵی رابردوودا هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا دووجار هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی ئه‌نجامداوه‌، هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌م له‌ 2005 و هه‌ڵبژاردنی دووه‌میش له‌ 30 نیسانی 2014 به‌ڕێوه‌چووه‌، واتا سازدانی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانی هه‌رێم زیاتر له‌ (6) ساڵ له‌واده‌ی خۆی دواكه‌وتووه‌.  تاوتوێكردنی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدایه‌ به‌مدواییه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتیی نیشتمانی رێككه‌وتنێكی تریان كردووه‌ له‌نێوان خۆیاندا بۆ ئاڵوگۆڕی پۆسته‌كانی پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌ڕین.   


د. یاسین تەها دکتۆرا لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان بڕیارە ساڵی داهاتوو (2025) عێراق بچێتەوە ناو هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمەیش واتە چوونەوەناو گێژاوی پێكهێنانەوەی حكومەت و مشتومڕی یەكلاكردنەوەی بەربژێری سەرۆكایەتیی وەزیران كە گرێی گەورەی ماڵی شیعی و پرۆسە سیاسییەكەیە. هەرچەندە دەوروبەری 20 مانگی ماوە بۆ وادەی ئەو وێستگە دەستورییە، بەڵام ئەمساڵ (2024) بناغەیەكی یەكلاكەرەوەیە بۆ ئامادەسازی و نەخشەڕێژیی پرۆژە سیاسییەكانی ساڵی داهاتوو كە هەڵمەتی هەڵبژاردن لەخۆدەگرێت. ئەم شرۆڤەیە لەسەر بەرنامەو هەوڵی محەمەد شیاع سودانی بۆ خۆسەلماندن لە دەرەوەی هەژموون و عەبای هێزەكانی “چوارچێوەی شیعی” هەڵوێستە دەكات، هەروەها تیشك دەخاتەسەر لەمپەرو ڕێگری و دەرفەتەكانی بەردەم كارەكتەری سیاسیی سەرۆك وەزیرانی ئێستا. بنكەی سیاسیی سودانی لەپاش كەوتنی رژێمی بەعس لە 2003 تا كۆتایی 2019 محەمەد شیاع سودانی كادری حزبی دەعوەو نوێنەری لیستەكەی مالیكی بوو (دەوڵەتی یاسا) لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراق، بەڵام دوو مانگ پاش تەقینەوەی ناڕەزایییەكانی تشرین (2019)، ناوبراو دەستلەكاركێشانەوەی لە ڕیزەكانی حزبی دەعوە ڕاگەیاندو جەختی كردەوە “ئینتیمای یەكەمی بۆ عێراقە.”[1] ئەم وازهێنانەی سودانی كە لە خێزانێكی خاوەن قوربانیی حزبەكەیە، لە دەمی خۆیدا وەها لێكدرایەوە؛ ئامادەكارییە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، چونكە ئەوكات گەنجە ڕاپەڕیوەكان دژی هەموو دەموچاوێكی حزبی و تاقیكراوە دەوەستانەوە. هەندێكیش پێیان وابوو وازهێنانەكە بەشێكە لە پلانی حزبی دەعوە بۆ دروستكردنی سێبەرو باڵی پەسەندكراو لەنێو شەقامی ڕاپەڕیوی ناوەڕاست و باشوری عێراق. پلانەكەی سودانی دەمودەست بەدی نەهات و پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ مستەفا كازمی ڕۆیشت (نیسانی 2020)[2]؛ لەبەرامبەریشدا سودانی وەك پەرلەمانتار مایەوە بە نوێنەرایەتیی قەوارەیەكی سیاسیی تایبەت بە خۆی بە ناوی “تیار الفراتین”. پاش كۆتاییهاتنی وادەی حكومەتی كازمی و لە ئۆكتۆبەری 2022، محەمەد شیاع سودانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ڕاسپێردرا[3]. ئەوانەی سودانییان پاڵاوت، “چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە” بوون، ئەم هێزە تەبیعات جۆراوجۆرانە لەژێر گوشارو بارودۆخێكی سیاسیی هاوشێوەی دانانی “كازمی”دا، ناچار بوون سودانی ڕاسپێرن بۆ سەرۆكایەتیی وەزیران و بژاردەی بەردەمیان زۆر نەبوو، چونكە لە لایەك نەدەگەیشتنە ڕێككەوتن و، لە لاكەی تر هێشتا ئاسەواری خوێن و دووكەڵی پێكدادانە ناوخۆیییەكانی شیعە لەنێوان چەكدارانی سەدرو گروپەكانی بریكاری ئێران لە كوچەو كۆڵانەكانی ناوچەی سەوزدا مابوو[4]. ئەمەیش دانانی سودانی وەك سەرۆك وەزیرانی دۆخی ڕێكنەكەوتنی لایەنە شیعەكانی، كردە كارێكی ناچاری لەسەر هەمان شێوازی دانانی عادل عەبدولمەهدی (2018)و مستەفا كازمی (2020)، كە دوو سەرۆك وەزیرانی بێحزب و بێفراكسیۆن بوون لەنێو پەرلەمان. بنكە سیاسی و پەرلەمانییەكەی سودانی دوو بەشن: هەندێكیان لە حكومەتدان و دۆستی نزیك یان هاوپەیمانی ئێرانن (دەعوە، بەدر، عەسائیب، حیكمە و…)، هەندێكی تریان لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسیی عێراقن و ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە (كەتیبەكانی حزبوڵڵاو بزووتنەوەی نوجەبا و…). لەبارەی هاوكێشەی پەیوەندییشیان بە سودانیی سەرۆك وەزیرانەوە، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی عەسائیب، كە ڕۆڵی هەبوو لە كاندیدكردنەكە، جەختی كردەوە “هێزەكانی موقاوەمە” وەك بەڕێوەبەرێكی تەكنۆكرات تەماشای سودانی دەكەن؛ بەشێوازێك كە ئاڕاستەی بڕیارە ئەمنییەكانی بەدەست “چوارچێوەی هەماهەنگی” بێت[5]. لەبەرامبەریشدا سودانی پاش دەستبەكاربوون، ئاسانكاریی زۆری بۆ گرووپە شیعەكان كرد، لەوانەیش سپاردنی وەزارەتەكانی خوێندنی باڵاو كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، بە دوو هێزی چەكداری شیعەی سزادراو لەلایەن ئەمریكا (عەسائیب و جوندولئیمام)؛ هەروەها ڕەزامەندیی لەسەر دامەزراندنی كۆمپانیای “مهندس” بۆ حەشدی شەعبی دا بە سەرمایەی 100 ملیار دینار (كۆتایییەكانی 2022)[6]، لەگەڵ بەخشینی زۆر ئیمتیازی تری حكومی بە هێزە شیعە چەكدارەكان، بەتایبەت كە سەدر لە گۆڕەپانەكە ئامادە نەبوو و، بۆشایی زۆری بۆ هێزە شیعە ڕكابەرەكان بەجێ هێشت. پایەكانی پرۆژەی سیاسیی سودانی لە ساڵی 2021و بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان، محەمەد شیاع سودانی ڕەوتێكی سیاسیی بە ناوی “الفراتین” دروستكرد، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2021دا تەنیا دوو كورسیی بەدەستهێناو پاش كشانەوەی سەدر، بوو بە سییان[7]. بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان (كۆتایی 2023) سودانی خۆی بەدوور گرت لە بەشداریكردن بە پاساوی ئەوەی ئەركێكی مێژووییی لەسەر شانە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن و، سەرقاڵی چاكسازی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە[8]؛ بەڵام لە دەرەوەی ئەم پاساوە فەرمییە، دەگوترا لەژێر گوشاری لایەنە شیعەكان سودانی نەچووەتە ناو هەڵبژاردن بۆ ئەوەی كەڵك لە پێگەو پۆستەكەی وەرنەگرێت. بۆچوونی تر هەیە پێیوایە سودانی خۆی هەڵگرتووە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی 2025. لەم ماوەیەیشدا خەریكی بەهێزكردنی پێگەی خۆی و ڕەوتە سیاسییەكەی دەبێت كە ئێستا لە پشت پەردەوە كار بۆ ناو و وێنەی سودانی دەكەن و چەند باڵێكی میدیایییان بۆ ئەو مەبەستە خستووەتەكار[9]. جگە لە حزبە سیاسییەكەی، یەكێكی تر لە پایەكانی پرۆژەی محەمەد شیاع، عەشیرەتەكەیەتی (سودانی). لەم نێوەیشدا زانیارییەك هەیە كە سودانی پاش دەستبەكاربوونی، دەوروبەری 150 كەسی لە عەشیرەتەكەی خۆی لە دەزگەی هەواڵگری دامەزراندووە[10]. هەندێك چاودێری شیعەیش باس لە بەعەشیرەتكردن و بەسودانیكردنی ئەم كابینەی ئێستای حكومەت دەکەن؛ بەو پێیەی جگە لەوەی سەرۆك وەزیران، كە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی عێراق “ئەحمەد سودانی”یە، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان “مستەفا سودانی”یە، بەرپرسی دۆسیەی دەروازە سنورییەكان كەسێكی سودانییە، هەروەها چوار هەڵسووڕێنەری ئۆفیسی سەرۆك وەزیران لە عەشیرەتی سودانین[11]. هەرچەندە پاساوی دامەزراندنی ئەم ژمارە زۆرەی سودانییەكانیش لە پایە گرنگەكانی دەوڵەت، نەبوونی متمانەیە بە خەڵكانی دی، بەڵام هەندێك بە ئەزمونێكی هاوشێوەی سەددام و تاڕاددەیەك هی مالیكی دەبینن لە بەعەشیرەتكردن و بەخێزانیكردنی دەزگاكانی ئاسایش و سوپا و حكومەت. باوەڕیش وایە گروپە چەكداركانی شیعە بۆیە بەم هەنگاوانەی سودانی ڕازین، چونکە پێیان وا بووە سودانی لەڕێگەی هێشتنەوەی پۆستە هەستیارەكان لە دەستی خۆیدا بەر بە ڤیتۆ و تووڕەیی ئەمریكییەكان دەگرێت، ئەگەر ئەو پۆستانە بكەوێتە دەست گروپە چەكدارە شیعەكان. سەرباری ئەمەیش هەیانە- وەك بزوتنەوەی عەسائیب- ڕەخنەی هەبووەو چاوی لەسەر ئەوە بووە هەندێك لەو پۆستانەی بەربكەوێت.[12] میكانیزمی كاری سودانی جیاوازیی سودانی لە سەرۆك وەزیرەكانی پاش 2003 ئەوەیە لە دەرەوەی عێراق نەژیاوە، بەڵكو لە ناوخۆ وەك ئەندازیاری كشتوكاڵ لە پارێزگایەكی باشور (میسان) كاریكردووە[13]، هەروەها وەك سەرۆك وەزیرانەكانی تری پێش خۆی ڕەگەزنامەو ئیقامەی وڵاتانی ئەوروپای نییە. جیاواز لە مستەفا كازمی، كەمتر كار لەسەر نێوانگیریی ئیقلیمی و دەركەوتن وەك ژمارەیەكی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات؛ لەبری ئەوەیش زیاتر چاوی لەسەر ڕاپەڕاندنی پرۆژەو كاری مەیدانی و خزمەتگوزارییە. ئەم ستایلەیش ئیلهام لە ئەزموونی “عەبدولكەریم قاسم” وەردەگرێت (1958_1963) كە بەهۆی پرۆژەكانییەوە هێشتا لای زۆر لە عێراقییەكان جێگەی ستایشە. ئەوەیشی یارمەتیی سودانی دەدات و تائێستا بەختی هەیە تێیدا، بەرزیی نرخی نەوتە؛ هەروەها بەهۆی گۆشەگیریی سەدرەوە جۆرێك لە ئۆقرەیی سیاسیی دەگمەن تا 7ی ئۆكتۆبەری 2023 لە عێراقدا بەرقەرار بوو. لە سایەی ئەم دۆخەیشدا سودانی دەست بۆ چەند پرۆژەیەكی گەورەو گرنگ بردووە كە بێ پێشینەن. نموونەی ئەو پرۆژانەیشی ئێستا سودانی پێیانەوە سەرقاڵە بریتین لە: ڕاگەیاندنی بنیاتنانی “شاری نیشتەجێبوونی عەلی وەردی” لەنزیك بەغدا لەسەر ڕووبەری 30 هەزارو 256 دۆنم بۆ دروستكردنی نزیكەی 100 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون، لەگەڵ پێشكەشكردنی ئۆفەری تایبەت بە هەژاران و ئەوانەی داهاتیان سنوردارە كە نیوەی نرخە[14]. جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیەیش سپێردراوە بە ملیاردێری میسری “نەجیب ساوێرس”و، سەرباری ئەوەیش پرۆژەكە گەورەترینە لە عێراق؛ یەكێكیشە لە پێنج شاری تری نیشتەجێبوون كە بۆ چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون، بەدەست حكومەتی سودانییەوەیە [15]. ڕاگەیاندنی “پرۆژەی میترۆی بەغدا”، كە گەورەترینە لە ناوچەكەو 85%ی ڕووبەری پایتەخت دەگرێتەوە بە درێژایی 148 كم و 64 وێستگە بە نوێترین ستانداردی جیهانی. ژمارەیەك كۆمپانیای ئەوروپی و ئاسیایی و قەتەری و ئیماراتی ئامادەن بەشێوازی وەبەرهێنان سەرپەرشتیی پرۆژەكە بكەن[16]. ڕاگەیاندنی “پرۆژەی هێڵی خێرای هەڵواسراوی شەمەندەفەری نەجەف _ كەربەلا”؛ درێژیی ڕێڕەوەكەی دەگاتە ٩٠و بە خێرایی تا ٢٤٠ کم لە کاتژمێرێکدا. توانای هێڵەكە گواستنەوەی 25 هەزار كەسە لە كاتژمێرێكداو مەودای نێوان ئەو دوو شارە ئایینییەیش بۆ 20 خولەك كەمدەكاتەوە[17]. هەڵمەتێكی میدیایی و هی ڕاگەیەنراو هەیە بە ئاڕاستەی تیشكخستنە سەر خزمەتگوزاری و پرۆژەی ئاواكاری لە عێراق لە سەردەمی سودانی. ئەم هەڵمەتە جەخت لەوە دەكاتەوە بەرنامەی كاری ئەم حكومەتە بە پلەی یەكەم خزمەتگوزارییە؛ لەسەر زەوییش لە بەغداو دەروازەی پارێزگاكان تیم و كۆمپانیاكان لە جوانكردن و چاككردنی ڕێگەوبان و دەروازەی شارەكان و كەمكردنەوەی قەرەباڵغیی جادەكان دەستبەكارن[18]. لەگەڵ ئەمانەیشدا ئەوەی جێگەی سەرنجە ڕەخنەو گازندەی ئەندازەیی هەیە كە پرۆژەكانی سودانی، زیاتر بۆ مەبەستی ڕیكلامی سیاسی پێشخراون، ئەگینا زەمینەی گونجاویان نییە، كواڵێتییان باش نییەو تێچوویان زۆرە، چونكە نەخراونەتە كێبركێی پێویستەوەو، بەم هۆیەوە ڕەنگە ئامانج نەپێكن و لێكەوتەی خراپی ئەندازەیییان هەبێت[19]. جەماوەری سودانی لە شەقامی عێراقیدا بەپێی ڕاپرسییەكی دامەزراوەی “گالووپ” کە بنکەکەی لە “واشنتن”ە، محەمەد شیاع سودانی، بە ڕێژەی 69% لەنێو خەڵکدا پەسەند كراوە، ئەمەیش بەرزترین ڕێژەیە کە سەرۆک وەزیرانێک لە ساڵی 2012 بەدواوە لە عێراق پێی گەیشتبێت. لە وردەكاریی ڕاپرسییەكەدا ئەوەیش هەیە كە گەنجانی خوار تەمەن 30 ساڵ كە بنكەی ناڕەزایەتییەكانی تشرین بوون، بە ڕێژەی 68% بۆچوونی ئەرێنییان لەسەر سودانی هەیە؛ هەروەها لەوەیش جێگە سەرنجتر، زۆرینەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 55% هاوڕان لەگەڵ ئەدای کارەکانی سودانی. لەبەرامبەریشدا 71%ی عێراقییەكانی تر هەمان بۆچوونی باشیان لەسەر ناوبراو هەیە؛ ئەمە لە كاتێكدا 86%ی عێراقییەکان پێیانوایە گەندەڵی لەنێو دەزگاكانی حکومەتدا بڵاوە، كە یەکێکە لە بەرزترین ڕێژەکان لە جیهاندا[20]. سودانی كە ئێستا نوێنەرایەتیی چوارچێوەی شیعە دەكات، لەماوەی ئەو 20 ساڵەی پێش وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتیی وەزیران، كاتێك لە پەرلەمان و حكومەتدا وەك وەزیرو پەرلەمانتار كاریكردووە، لێدوانی توندو زبری بەرامبەر پێكهاتەكانی كوردو سوننە یان توركمان نییە. هەرچەندە لە كابینەكەی ئەودا كە ئێستایە، هەرێمی كوردستان و نوێنەرایەتیی سیاسیی سوننە، زەبری گەورەیان بەركەوتووەو لەژێر گوشاری جۆراوجۆردان، بەڵام سیاسەتی پەیڕەوكراوی ئەو زۆر جار بێدەنگییە. لە گوتاری سیاسیی فەرمیی كوردی و سوننیشدا سودانی تۆمەتبار نییە بە دژایەتیكردنی هیچ لەو دوو پێكهاتەیە، بەوپێیەی تێگەیشتنی ئەوە هەیە ناوبراو خاوەن بڕیاری تەواوەتی نییە لە حكومەتدا. جگە لەوەیش خۆی هەوڵی دروستكردنی گرژی و كێشە نادات؛ ئەوەندەیشی بكرێت و بتوانێت هەوڵ دەدات ڕۆڵی ئەرێنیی هەبێت و لانی كەم نەبێتە لایەن لە كێشەكان. لەسەر ئاستە سیاسییە شیعەكەیش بۆچوونێكی تا ڕاددەیەك زاڵ هەیە، كە سودانی ئیدارییەكی باشە، نەریتی كلاسیكییانەی لە كاری حكومیدا هەیە، نوێنەرایەتیی ئەو شیعانە دەكات پێیانوایە بیروباوەڕ جیابكرێتەوە لە دامودەزگاكان؛ لەگەڵ ئەمەیشدا چانسی سیاسیی سودانی مەحكومە بە ڕاددەی سەركەوتنی بەرامبەر كۆمەڵێك سەركردەی تری شیعە. ئەو سەركردانە “وەك بەڕێوەبەرێكی نوێی جێبەجێكار تەماشای دەكەن لە ماڵێكدا كە ئەو خاوەنی بستێكی نییە”[21]. لە هەموو ئەمانەیش ئاڵۆزتر پەیوەندیی سودانی و مالیكییە، كە لە ماوەكانی ڕابردوودا پەیوەندییەكانی سودانی لەگەڵ باوكە سیاسییەكەی- كە مالیكییە- بەرەو گرژی و پێكدادان چوو، بەتایبەت كاتێك ویستی گۆڕانكاری لە كابینەكەی بكات و مالیكی شكستی پێ هێنا[22]. لە دەرەوەی ئەو بەریەككەوتنە ئاشكرایەیش ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن، سودانی دەیەوێت دوور لە مالیكی لەسەر پێی خۆی بوەستێت؛ ئەمەیش پێچەوانەو دژە لەگەڵ بیركردنەوەی ناوبراو كە خۆی بە خاوەن چاكەی گەورە دەزانێت لەسەر سودانییەوە [23]، هەروەها خۆی بە خاوەن چاكەی گەورە دەزانێت لە قوتاركردنی “چوارچێوەی شیعی” لە پرۆژەی حكومەتی زۆرینەی سەدر. هەندێك زانیاری و دزەپێكردنیش باس لەوە دەكەن مالیكی لە بنەڕەتەوە كەیفی بە سودانی نایەت و حەزی لە درەوشانەوەی ئەستێرەی سیاسیی نییەو لەبری پشتیوانیی سودانی، خۆی خەون و پرۆژەی گەڕانەوەی بۆ سەرۆكایەتیی وەزیران هەیە. چانسی سودانی بۆ هەڵبژاردنی 2025 بەپێی هەندێك توێژینەوەو پێشبینیی بەرایی، بەپێچەوانەی هەڵبژاردنی پارێزگاكان (كۆتایی 2023) بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان (2025)، محەمەد شیاع سودانی هاوپەیمانییەك دروستدەكات. ئەم هاوپەیمانییەیش چانسی ئەوەی هەیە ببێتە خاوەنی زیاتر لە 1/ 3ی كورسیی نوێنەرایەتیی سیاسیی پێكهاتەی شیعە. ئەم بەدواداچوونە كە پشتی بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان بەستووە، باس لەوە دەكات ئەگەر ئەو هاوپەیمانییە سەر بگرێت، ئەگەری هەیە سودانی 60 كورسی لە پەرمانی داهاتوو بباتەوە لەكۆی 329، ئەویش لە ڕێگەی هاوپەیمانی لەگەڵ پارێزگا براوەكانی بەسرەو كەربەلاو واست، لەگەڵ هێزە نوێیەكانی دەرچوو لە هەناوی تشرین و هەندێك هێزی تری نوێی نزیك لە ئێران. لەم هاوپەیمانییە چاوەڕوانکراوە گریمانەیییەدا، چاوەڕان دەکرێت سودانی ١٠ کورسی ببات لەو ٦٠ کورسییەی باوەڕ وایە بەدەستی دەهێنن.[24] ئەم پێشبینییە تەنیا باس لە چانسی هاوپەیمانییەك دەكات بە سەرۆكایەتیی سودانی و ئەوەیشی لەبەرچاو نەگرتووە، دەشێت لە ئاییندەدا سودانی و سەدر ببنە هاوپەیمان، ئەگەر هات و سەدر بڕیار بدات بگەڕێتەوە بۆ پرۆسەی سیاسی و لە هەڵبژاردندا بەشداری بكات. ئەم ئەگەرە كە هێشتا هەر لە قۆناغی گریمانەو خەمڵاندندایە، سەرچاوەكەی ئەو بێدەنگییەی سەدرە بەرامبەر خودی كەسایەتیی سودانی؛ لە كاتێكدا بەردەوام هێرش دەكاتە سەر هێزەكانی تری چوارچێوەی هەماهەنگی و تەنانەت حكومەتەكەیشیان و بە “گەندەڵ”و “حكومەتی عەباسی” وێنا دەكات[25] كە لە باوەڕی شیعیدا مافی شەرعیی عەلەوییەكانیان زەوت كردووە. بەشێك لە هۆكاری هێوریی پەیوەندیی سەدرو سودانی، دەشێت بێدەنگیی ماوەدرێژو زۆری سەرۆك وەزیران بێت لە ئاست پرسە جێگەمشتومڕەكان، یان هەڵبژاردنی پێگەی نێوانگرو مامناوەند لە ئاڵۆزییەكانی ناوخۆی شیعەدا. جگە لەوەیش هێشتا كەسایەتیی سودانی بەشێوەیەكی زەق و گەورە بە گەندەڵی و پارەخستنەلا تۆمەتبار نەكراوە[26]. ئەمەیش لەگەڵ دروشمی سەدردا دەگونجێت كە بانگەشەكردنی چاكسازییە. مامەڵەی وڵاتانی عەرەبی و كەنداو لەگەڵ سودانی هەرچەندە سودانی بە پلەی یەكەم و زیاتر سیاسییەكی جێبەجێكارو نێوخۆیییە، بەڵام لەسەر ئاستی وڵاتانی دەرەوەیش پەیوەندیی لەگەڵ بازنە عەرەبییەكەی عێراق، بەتایبەت وڵاتانی كەنداو باشەو وەك مالیكی بێزراو نییە. وڵاتانی كەنداو كراوەن بەڕووی مامەڵەكردن لەگەڵ سودانی و، لای ئەوان عێراق خاڵی بەیەكگەیاندنی كەنداو و ئێران و توركیاو تا ڕاددەیەكیش سوریایە. لای خۆشییەوە سودانی سیگناڵی ئەوەی داوە كە بەردەوامە لە هاریكاریی هەرێمایەتی و پرۆژەی هاوبەش لەبواری تۆڕی كارەباو سودوەرگرتن لە كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی عەرەبی و هی وڵاتانی كەنداو[27]. سودانی بەڕووی وڵاتانی تری وەك ئوردن و میسردا كراوەیەو پەیوەندی و سەردانی لەگەڵ سەركردەكانی ئوردن و میسرو سعودیاو ئیمارات هەبووە[28]. لە هاوینی ساڵی پاریشدا (2023)، چەند شاندێكی دیپلۆماسیی عەرەبی و وڵاتانی كەنداو سەردانی عێراقیان كردووەو چاویان بە سودانی كەوتووە[29]. هەرچەندە پەیوەندییە عەرەبییەكان و هی وڵاتانی كەنداو لەگەڵ عێراق بێ كێشە نین و سیاسەتی گروپە چەكدارەكانی بنكە سیاسییەكەی سودانی بەرامبەر وڵاتانی كەنداو زۆرجار زبرو توندە، بەتایبەت لەگەڵ كوێت، كە كێشەی سنوریی زۆری لەگەڵ عێراق هەیە، بەڵام ئەو وڵاتانە لەسەر كەسایەتیی سودانی ڤیتۆیان نییەو نەبووەتە كێشە بۆیان. پەیوەندیی سودانی لەگەڵ ئەمریكا پەیوەندی حكومەتی “چوارچێوەی شیعی” لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكا لە پاش هەڵگیرسانی جەنگی غەززە (7ی ئۆكتۆبەری 2023)، چووە دۆخی گرژی و پێكدادان و موشەكهاوێشتن و هێرشی درۆنییەوە كە لە هەردوولا كوژراوی لێ كەوتووەتەوە[30]، كەچی سەرباری ئەمە لە كۆنگرەی ئاسایشی میونشن بۆ سێیەم جار سودانی لەلایەن جێگری سەرۆكی ئەمریكاوە (كامالا هاریس) بانگهێشتی کۆشکی سپی کرایەوە؛ بانگهێشتی یەكەم لە ئەیلولی 2023 لەلایەن جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا بوو، دووەمیش لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە داڤۆس بە سودانی ڕاگەیەنرا[31].  بەپێی ئەو ئاماژانەی هەن، بە لای ئەمریكییەكانەوە سودانی بژاردەیەكی باش و ناچاریی شیعیی بەردەستە، لەو ماوەی کە دەستبەكار بووە لە حكومەت “ئیلینا ڕۆمانۆسكی” باڵیۆزی ئەمریكا، چەند دیدارێكی تایبەت و تەنیای لەگەڵ سودانی ئەنجام داوە، هەروەها هەشتا دیداریشی لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتەكەی و وەزیرەكانی كابینەكەی هەبووە[32]. ئەمەیش ئاماژەی كاری هاوبەشه‌، لە هەمان كاتیشدا دروستكردنی گوشارە لەسەری بۆ ئەوەی زۆر بە لای توندڕەوەكانی شیعەدا لاسەنگ نەبێت و لە ئێستایشدا سودانی لە بەرداشی ئەو دوو كارتێكەرە گەورە دژبەیەكەدایەو هەڵكشان و داكشانی پەیوەندیی بەرەی ئەمریكاو ئێرانیش، بەتایبەت لە بارودۆخی جەنگی غەززەدا، كاریگەری و لێكەوتەی ڕاستەوخۆیان لەسەر پرۆژەو سەركردایەتییەكەی دەبێت. كۆبەند سودانی سیاسییەكی سێبەرو نەوەی دووەمی سەركردەكانی حزبی دەعوەی شیعە بووە كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرت. هەرچەندە لایەنەكانی چوارچێوەی شیعی وەك بەڕێوەبەرێكی جێبەجێكارو بژاردەیەكی ناچاری تەماشای دەكەن لە دۆخێكی تایبەتداو خۆیان ئەنجومەنێكی حوكمڕانییان هەیە لە سەروو ئەوەوە، بەڵام هەندێك چانس و هەندێك دەرفەتی بۆ هەڵكەوتووە كە خزمەت بە پرۆژەكەی دەكەن كە هەوڵی بنیاتنانی سەركردایەتییەكی سیاسیی شیعیی پراگماتی و جێبەجێكارە كە دروشم و بیروباوەڕ لە دامودەزگاكان جیابكاتەوە. میكانیزمەكانی كاری سودانی لەسەر چەند بنەمایەك بنەڕەتە، لەوانەیش: دروستكردنی حزب، عەشیرەتەكەی، پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و ڕاگەیاندنی پرۆژەی ستراتیژی، كرانەوە بەڕووی وڵاتانی كەنداو و عەرەبی، مامەڵەكردن لەگەڵ ئەمریكا لە سنوری گونجاودا، پەیوەندیی باش لەگەڵ هەردوو پێكهاتەی سوننەو كورد لەگەڵ خۆبەدوورگرتن لە بەریەككەوتن لەگەڵ سەدرییەكان، لە هەمان كاتیشدا هەوڵی ڕازیكردنی تەواوكەرەكانی ئێران. ڕێگەی سودانی بۆ گەیشتن بە ئامانج چۆڵ نییەو بە ئاڵنگاریی گەورە تەنراوە؛ لە پێش هەموویانەوە گرێی مالیكی، پاشان ئەو ئەو هێزە شیعە ڕاستڕەوە عەقیدەیی و چەكدارانەن كە تەنیا وەك هەڵسوڕێنەرێك و بەڕێوەبەرێكی جێبەجێكار لێی دەڕوانن و نایانەوێت قەبارەی هێندە گەورە ببێت كە ڕێساكانی هاوكێشەكە تێكبدات. لە ئێستایشدا كە جەنگی غەززە عێراقی خستووەتە گرژی و ڕۆڵی گروپە چەكدارەكان هەڵكشاوە، ئاستەنگەكانی سودانی زیاتر بوون و ڕاگرتنی باڵانس لەنێوان میحوەری ئێرانی و ئەمریكیدا لەسەری قورس بووەو ڕەنگە زیادەرۆیی نەبێت ئەگەر بگوترێت بەشێكی زۆری چارەنووسی، بەستراوە بە هەڵكشان و داكشان و لێكەوتەكانی جەنگی غەززەوە. سه‌رچاوه‌كان: [1]  https://bit.ly/3I17vSD [2]  https://bit.ly/4bFtImP [3]  https://bit.ly/3uq3eW0 [4]  https://2u.pw/4dlPDkh [5]  https://bit.ly/49EkXHU [6]  https://bit.ly/49lo4Vy [7]  https://bit.ly/3wgubfb [8]  https://bit.ly/48kPU2Z [9]  https://bit.ly/3wjPjRV [10]  https://bit.ly/4bFgXsA [11]  https://bit.ly/3I45kxQ [12]  https://bit.ly/3UE7lby [13]  https://bit.ly/42PFS8Y [14]  https://bit.ly/3OLHKK4 [15]  https://bit.ly/49BvyDI [16]  https://bit.ly/42FCxsV [17]  https://bit.ly/42KI0OZ [18]  https://bit.ly/3wlegw7 ؛  https://bit.ly/3I9FQip ؛  https://bit.ly/3I52sk8 [19]  https://bit.ly/42L4M9N [20]  https://bit.ly/48lzYxr [21]  https://bit.ly/3SM4s5Z [22]  https://bit.ly/3UKlW5s [23]  https://bit.ly/49F6N9u [24]  https://bit.ly/49E3IGN [25]  https://bit.ly/3I0NNXg ؛  https://bit.ly/42KAi7R [26]  https://bit.ly/48lBYWt [27]  https://bit.ly/42MYAxN [28]  https://bit.ly/3UFgBw9 ؛  https://bit.ly/48kfKUL [29]  https://bit.ly/3UIwL80 [30]  https://bit.ly/3SGuWWl [31]  https://bit.ly/48lgJ6U [32]  https://bit.ly/49utc9A ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ (خانه‌ی هزریی كوردستان) وه‌رگیراوه‌  


(دره‌و):  دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایه‌كی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكی ده‌كرد، به‌ڵام سكاڵایه‌كی سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی په‌ره‌سه‌ندو كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پابه‌ندكرد به‌وه‌ی به‌ر له‌ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق وردبینی له‌ تۆماری ده‌نگده‌رانی كه‌ركوكدا بكات.  هه‌ریه‌كه‌ له‌ (ئه‌میل بوتروس قوسته‌نتین)و (محه‌مه‌دمه‌هدی ئه‌مین سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی كركوكنا) له‌به‌رده‌م دادگای باڵای فیدراڵی عێراقدا سكاڵایان له‌دژی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق تۆماركرد، داوایان له‌ دادگا كرد ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ كه‌ رۆژی 18ی كانونی یه‌كه‌می 2023 به‌ڕێوه‌چوو، به‌مه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن وردبینی له‌ تۆماری ده‌نگده‌رانی كه‌ركوكدا نه‌كردووه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ مادده‌ی (13)ی یاسای ژماره‌ (4)ی ساڵی 2023ی هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا هاتووه‌.  ئه‌م دوو كه‌سه‌ له‌ سكاڵاكه‌یاندا هاوكات داوایان له‌ دادگا كردبوو فه‌رمانێكی سالاریی (ولائی) ده‌ربكات و به‌پیی ئه‌م فه‌رمانه‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن پابه‌ند بكات به‌وه‌ی دروستی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك هه‌ڵپه‌سێرێت تا ئه‌وكاته‌ی ئه‌م سكاڵایه‌ یه‌كلاده‌بێته‌وه‌.  دادگای فیدراڵی فه‌رمانی سالاری ده‌رنه‌كردو سكاڵاكه‌شی ره‌تكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ به‌به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی سكاڵاكه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندی كاری دادگا نییه‌، هاوكات ئه‌و به‌شه‌ی سكاڵاكه‌شی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ داوای وردبینی ده‌كات له‌ تۆماری ده‌نگده‌رانی كه‌ركوك ده‌كات بۆ هه‌ڵبژاردنی رابردووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان.  هاوكات دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی له‌سه‌ر سكاڵایه‌ك ده‌ركرد كه‌ حه‌سه‌ن تۆران سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی له‌باره‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران له‌ كه‌ركوك له‌سه‌ر كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن تۆماریكردبوو.  له‌ سكاڵاكه‌یدا حه‌سه‌ن تۆران داوا له‌ دادگای فیدراڵی كردبوو كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق پابه‌ند بكات به‌وه‌ی به‌ر له‌ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مان، وردبینی له‌ تۆماری ده‌نگده‌رانی كه‌ركوك بكات، ئه‌مه‌ش پاڵپشت به‌ مادده‌ی (13)ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان.  دادگا وه‌ڵامی ئه‌رێنی سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی دایه‌وه‌و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی پابه‌ند كرد به‌وه‌ی به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو پرۆسه‌ی وردبینی تۆماری ده‌نگده‌رانی كه‌ركوك ته‌واو بكات.  به‌ر له‌ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانیش له‌لایه‌ن هه‌ندێك كه‌سه‌وه‌ له‌ هه‌ردوو پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب و توركمان هه‌بوو بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، گومانیان له‌ تۆماری ده‌نگده‌ران هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وكاتیش دادگای فیدراڵی ره‌تیكرده‌وه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ دوابخات، ئه‌مه‌ له‌ جیاوازی تێگه‌یشتن له‌ بڕگه‌كانی مادده‌ی 13ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبوو، عه‌ره‌ب و توركمان وا له‌م مادده‌ یاساییه‌ تێگه‌یشتبوون كه‌ یاساكه‌ كۆمسیۆنی پابه‌ندكردووه‌ وردبینی له‌ لیستی ده‌نگده‌رانی كه‌ركوكدا بكات و به‌بێ ئه‌وه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ناچێت، كۆمسیۆن لیژنه‌ی بۆ وردبینییه‌كه‌ دروستكردبوو، به‌ڵام كاره‌كانی ئاسته‌نگی تێكه‌وت و ته‌واوی نه‌كرد، عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان باسیان له‌وه‌ ده‌كرد له‌ لیستی ده‌نگده‌راندا ده‌یان هه‌زار ده‌نگ بۆ پێكهاته‌ی كورد زیادكراوه‌. ئه‌گه‌ر كۆمسیۆن پێشتر نه‌یتوانیبێت وردبینی تۆماری ده‌نگده‌ران بكات، ئێستا ئیتر دادگای فیدراڵی پابه‌ندی كردووه‌ به‌ر له‌ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق پرۆسه‌ی وردبینییه‌كه‌ ته‌واو بكات.  


درەو: لەكۆی (3ملیۆن و 789 هەزار) كەس كە مافی دەنگدانیان هەیە، (2 ملیۆن و 350 هەزار) كەس كارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە بەرێژەی (62%)، زیاتر لە (ملیۆنێك و 439) هەزار كەس كارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە بەرێژەی (38%) واتا هەر لەسەرەتاوە (38%)ی هاوڵاتیان بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەن و بەشداری ناكەن، لە نێوان خولی پێنجەم بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان (704) هەزار كەس زیادی كردووەو مافی دەنگدانیان دەبێت. كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، وادەی تازەكردنەوە و تۆماری بایۆمەتری دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانی بۆ كۆتایی ئەم مانگە درێژكردەوە. جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە كوردسات نیوزی  راگەیاند: بۆ هەڵًبژاردنی پەرلەمانی كوردستان: •    ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە: 3 ملیۆن و 789 هەزار كەس •    ئەوانەی كارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە: 2 ملیۆن و 350 هەزار كەس بەرێژەی (62%) •    ئەوانەی كارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە (بەشداریناكەن): ملیۆنێك و 439 هەزار كەس (38%) •    لە دایكبوانی 2006 مافی دەنگدانیان هەیە: 150 هەزار كەس •    بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەم 2018 مافی دەنگدانیان هەبوو: 3 ملیۆن و 85 هەزار كەس •    بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم 2024 مافی دەنگدانیان هەیە: 3 ملیۆن و 789 هەزار كەس •    ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە 2018 بۆ 2024: 704 هەزار كەس  


(دره‌و):  یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌م وه‌رزی بێ كاره‌باییه‌دا، كاره‌بای سلێمانی راده‌ستی یه‌كێتیی كرده‌وه‌، له‌كاتی ئاڵوگۆڕی ئه‌م پۆسته‌دا رۆژانه‌ سلێمانی 6 كاتژمێر كاره‌بای هه‌یه‌.  (ئەنوەر حەمە سەعید) وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌ری نوێی كاره‌بای سلێمانی له‌ شوێنی (سالار حوسامەدین) ده‌ستبه‌كاربوو. ئه‌م مه‌راسیمه‌ به‌ ئاماده‌بوونی كه‌مال محه‌مه‌د وه‌زیری كاره‌با له‌ باره‌گای وه‌زاره‌ت به‌ڕێوه‌چوو. به‌ڕێوه‌به‌ری نوێی كاره‌با سه‌ربه‌ یه‌كێتیی نیشتمانییه‌و پێشتر به‌ڕێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی كاره‌بای رۆژهه‌ڵاتی سلێمانی بووه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ش سه‌ربه‌ (یه‌كگرتووی ئیسلامی) بوو، ماوه‌ی (8 ساڵ) له‌م پۆسته‌دا مایه‌وه‌و خۆی داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی كرد. 


نەوزادی موهەندیس   پڕۆسەی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت و غازی سروشتی پڕۆسەیەكی ئێجگار دژوار و ئاڵۆزە، ئەمە سەرەڕای بڕی تێچوونی لێدانی بیرێك كە بەتێكڕا لە نێوان 5-8 ملیۆن دۆلاردەبێت، ئەمەش بەپێی جۆری تەکنۆلۆژیای بەكارهاتوو و تۆپۆگرافیای پێگەی بیر و كێڵگە نەوتەكە یان غازكە. هەموو بیرە نەوتێك، تەمەنێكی دیاریكراوی خۆی هەیە وەكو مرۆڤ  و قۆناغەكانی گەشەكردن و گەورەبوون لە  (منداڵی و دواتر گەورەبوون و گەنجی و پیربوون و چۆڕبڕبوون)دەگرێتە خۆی.  لە جیهانیشدا دەیان و سەدان كێڵگە و بیری نەوت یان غاز چۆڕبڕبوون و چۆڵكراون و بەجێهێڵراون لەبەر نەمانی بەرهەم و كۆتاییهاتنی تەمەنیان. كەمبوون و نەمانی بەرهەمی چەند بیرە نەوتێك لە هەرێمی كوردستان لەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی كەمبوون و نەمانی بەرهەمی چەند بیرە نەوتێك لە هەرێمی كوردستاندا، وەكو كێڵگەی تاوگێ‌ و تەق تەق و سارتە و هەندێکی تریش. وەكو بنەمایەكی زانستی كارێكی ئاساییە و لە هەموو شوێنێکی جیهاندا روودەدات، بەڵام ئەوەی نائاساییە بریتیە لەوەی كە، ئەو بیرە نەوتانە لە سەرەتادا بڕێكی زۆر باش بەرهەمیان هەبووە و تەنها لە ماوەیەكی كەمی نێوان 20 ساڵ و كەمتریشدا بڕی بەرهەمەكانیان بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمیكردووە، وەكو كێڵگەی نەوتی تاوگێ‌ كە لە چارەكی یەكەمی ساڵی 2023دا بڕی بەرهەمی رۆژانەی   93880  بەرمیل بووە و لە چارەكی سێهەمی 2023دا بڕی بەرهەمەكەی  دابەزیوە بۆ 25980 بەرمیل كە دەكاتە رێژەی 72 %. كێڵگەی نەوتی تەق تەق كە لە چارەكی سێهەمی 2023دا بەڕێژەی 100 % كەمیكردووە واتە بڕی بەرهەمی رۆژانەی  بۆتە سفر بەرمیل، بە بەراورد بە بڕی بەرهەمی لە چارەكی یەكەمی 2023دا كە3610 بەرمیل نەوت بووە. بەهەمانشێوە كێڵگەی نەوتی سارتەش  لە چارەكی سێهەمی 2023دا بەڕێژەی 100 % بڕی بەرهەمی كەمیكردووە و سفر بۆتەوە لەكاتێكدا لە چارەكی یەكەمی 2023دا بڕی بەرهەمی رۆژانەی  3160 بەرمیل  بووە. هۆكارەكان چین؟ چەمكی چۆڕبڕبوون: بریتیە لە كەمبوونەوە و دابەزینی بڕی بەرهەمی بیر یان كێڵگەیەكی نەوت لە جوگرافیایەكی دیاریكراودا،هەربۆیە  سەرچاوە نەوتییەكان وەكو هەموو سامانە سروشتییەكانی تر رووبەڕووی كەمبونەوە دەبێتەوە و لەكۆتاییشدا چۆڕبڕ دەبێت. بە كورتی و پوختی هۆكارەكان بریتین لە: 1- گەلێك هێزی پاڵنەر كۆنترۆڵی بەرهەمهێنان دەكەن لەسەرەتای ژیانی بەرهەمهێنانی بیرەكانەوە كە بریتین لە: هێزی سروشتی، وەكو پاڵنانی ئاوی یان گومەزی غازی یان غازی تواوە یان تێكەڵەیەك لەو هێزانە. وەك بەرزبونەوەی رێژەی ئاو water cut كە چارەسەرەكەی بریتییە لە گۆڕینی perfs بۆئەوەی دوور بكەوینەوە لە ئاوەكە . 2-لەگەڵ هەڵكشانی تەمەنی بەرهەمهێناندا، ئەوا پەستانی حەشارگە نەوتییەكان دادەبەزێت بەهۆی لەبەر رۆیشتنی زۆرەوە و هێزە پاڵنەرەكان دادەبەزێت. 3-صیانەكردنی بیرەكان بەشێوەیەكی زانستی و بەردەوام نەکراوە. 4-دابەزین و كەمبوونەوەی ئاستی رۆیشتنی نەوت لە كۆگای نەوتەكەوە، بەمەش بڕی بەرهەم روو لەكەمبوونەوە دەكات. 5-زیانگەیاندن بە چینی بەرهەمهێنەكە، واتا زیانگەیاندن بە كونیلەكان و توانای پێداتێپەڕبوونی بەردە كۆگاییەكان. 6-گیرانی رێڕەوەكانی نەوتە خاوەكە بە كەڵەكەبوونی لم و قوڕ تیایاندا. 7-یەكگرتنی نەوت و پێكهاتەكانی حەشارگە نەوتیەكە، كە دەبێتە تۆپەڵبوون و گرتنی رێڕەوی رۆیشتنی نەوتەكە. 8-بەهۆی چۆڵبوونی كۆگا هەڵگرەكان، چینە بەرهەمهێنەكە تووشی داڕمان دەبێت، بەهۆی ئەو پەستانە بەرزەی لە سەرێتی بەهۆی چینەكانی زەویەوە. رێگەچارەكان چین بۆ هەریەكێك لەو هۆكارانە؟ گەلێك رێگەی چارەی هەیە  و لەگەڵ هەر هۆكارێكدا چارەكانیش دەگۆڕێن،  وەكو: 1-دابەزینی پەستان و پلەی گەرمی، كەمبوونەوەی بڕی بەرهەم روودەدات و لەو كاتەشدا نەوتەكە جیادەبێتەوە بۆ نەوتی قورس و سووك، نەوتە سووكەكە دێتە دەرەوە و قورسەكەش دەمێنێتەوە و پێویستی بە رێگە چارەیەک هەیە ئەویش بە تێكردنی هەڵمی ئاو بۆ ناو كۆگا و حەشارگە نەوتیەكە steam water ،بەمەبەستی زیادكردنی پلەی گەرمیەكەی و بەوەش نەوتەكە كە چڕیەكەی بەرزە، دەگۆڕێت بۆ نەوتێكی چڕیی نزم و بەئاسانی دێتە دەرەوە. 2-دابەزینی پەستانەوە، كە دەبێتە هۆكاری دەرچوونی غازەكە و بەوەش نەوتە قورسەكە دەمێنێتەوەو لینجیەكەی زیاد دەبێت و خەستدەبێتەوە و بڕی بەرهەم و هاتنە دەرەوە كەم دەبێتەوە. 3-زیادبوونی چینی ئاو و زیادبوونی بەرهەم و هاتنەدەرەوەی ئاو لە بیرەكەوە، كە دەبێتە هۆی كەمبونەوەی بەرهەمی نەوتەكە و چارەسەریش بریتیە لە رێگەگرتن لە بەرهەمی ئاوەكە و تێكەڵبوونی بە نەوتە خاوەكە و گەر چارەسەر نەكرێت دەبێتە هۆی راوەستانی بیرەكە لەبەرهەم. لە زۆربەی بارودۆخەكاندا كێڵگەی نەوت بڕێكی گەورە لە ئاو لە خۆدەگرێت، كە پلەی سوێرێتی زۆر بەرزە و پەنگیخواردۆتەوە لەژێر نەوتەكەدا و رۆڵ دەبینێت لە پاڵنان بە شلە نەوتیەكانەوە بۆ بیرەكە، بەهۆی سیفەتی كشانەوە هەرچەندە بچووكیش بێت، جا كاتێك ئاوەكە هەلێك دەبینێتەوە بۆ گەیشتن بە بیرەكە،ئەوەش ئاسایی یان بەزۆری لە ماوەی 20ساڵدا روودەدات لە دەستپێكی بەرهەمهێنانەوە،هەوڵی پاڵنان دەدات بە نەوتەكەوە بۆ دەرچوون، بە رێژەیەكی كەم دەستپێدەكات و هێواش هێواش زیاد دەبێت تادەگاتە رادەیەكی مەترسیدار و دەگاتە  50-60 % ی بەرهەمەكە. لەو ئاستەشدا ناوەستێت و رێژەی ئاوەكە بەرزدەبێتەوە تادەگاتە وەستاندنی بەرهەمهێنان. بەزۆریش پێش ئەوەی بگاتە ئەو ئاستە بەرهەمەكە دەگۆڕێت لە خۆدەركردەوە بۆ بەكارهێنانی ماتۆڕی هەڵمژێنەر كە لەبنی بیرەكەدا دادەنرێت، ئەمەش تێچووی بەرهەم زیاد دەكات،لەگەڵ ئەوەشدا بڕی بەرهەمی نەوت كەم دەكات و بڕی ئاوەكە زیاد دەكات تا دەگاتە قۆناغێك كە ئیدی بەرهەمهێنان هیچ سوودێكی ئابووری نامێنێت. چارەسەرەکان بۆ چارەسەركردنی ئەو بارودۆخە و گەڕاندنەوەی بیرەكان بۆ دۆخی ئاسایی بەرهەمهێنانی خۆیان و پارێزگارییكردن لە پەستانی ناو بیرەكە پێویستە هەندێك هەنگاوی كرداریی بگیرێتە بەر وەكو: -بەرزكردنەوەی دەستكرد یان ماتۆڕی نوقومبوو لەناو نەوتەكەدا(غاطسە) و دوای ئەوەش ڕێگەی تر دێن وەكو: -رێگەچارەی سەرەتایی دەرهێنانی نەوت: كە بەدوو شێواز دەکرێت كە ئەوانیش  بریتین لە رۆیشتنی سروشتیی و بەرزكردنەوەی دەستكرد. تێكردنی ئاوی یان تێكردنی غازی و ڕێگەی gas lift.كە بە شێوەیەكی گشتی دەتوانرێت رێژەی 30 %  نەوت دەربهێنرێت. -رێگە چارەی دووەمینی دەرهێنانی نەوت Secondary Recovery :  بەدوو شێواز كار دەکات وەكو تێكردنی ئاو و چاكسازیكردن لە پەستاندا لەم رێگەیەدا دەتوانرێت ڕێژەی 30-50 % نەوت دەربهێنرێت. -رێگە چارەی سێهەمینی دەرهێنانی نەوت Tertiary  Recovery:  بە چەندین رێگە چارە دەتوانرێت بڕی بەرهەمی نەوت زیاد بكرێت وەك: 1.گەرمكردن ، بەهۆی  هەڵم وئاوی گەرم و سووتان. 2.تێكردنی غاز: وەكو غازەكانی CO2 و Hydrocarbonو Nitrogen/ Flue. 3.كیمیایی: لەڕێگەی هەریەكە لە Alkali,Surfactant,Polymer 4.لەهەندێك باوردۆخیشدا كرداری شكاندنی هایدرۆلیكی hydrolic frac بەكاردێت بۆ زیادكردن یان دروستكردنی توانای تێپەڕبوون لە بەردە كۆگاییەكاندا و بەم شێوەیە بڕی بەرهەم زیاد دەبێتەوە. هەربۆیە بۆ هەر حاڵەتێكی كەمبوونەوەی بەرهەم پێویستە لە پێشدا هۆكارەكان دیاریبكرێن و دواتر بۆ هەر حاڵەتێك چارەسەری گونجاو دەستنیشان بكرێت. بۆ نموونە بیرێكی نەوت لە سەرەتای بەرهەمهێنانیدا رۆژانە لە نێوان 50-60 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێنێت، كە حاڵەتێكی ئاساییە، بەڵام ژمارەیەكی زۆری بیرەكان لە نێوان 20و30 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێنن بۆ چەندین ساڵ، زانیاریەكی گرنگ كە پێویستە ئاماژەی پێبدرێت ئەوەیە كە هیچ كات ناتوانرێت تەواوی نەوتی كۆگا كراو بەرهەمبهێنرێت كە هەیە لەناو حەشارگە نەوتیەكاندا، بەهۆكاری جیۆلۆجی و فیزیاویی كە پەیوەستن بە تایبەتمەندی بەردەكانەوە. بەتایبەتیش لەكاتێكدا ناتوانرێت دەست رابگات بەو بەردانەی كە لە قووڵایی 2كم لەژێر زەویدان تەنها بەهۆی ئامێری هەڵكەندنەوە نەبێت. بەزۆریش رێژەی دەرهێنان لەنێوان 30-50 %یە،ئەوەش مانای ئەوەیە كە نیوەی نەوتە هەڵگیراوەكە، بۆ هەتاهەتایە لەناو زەویدا دەمێنێتەوە، لەهەندێك حاڵەتی تردا و بەهۆی تەكنۆلۆجیای گرانبەهاوە، دەتوانرێت رێژەی دەرهێنان بگاتە 60 %، لەكاتێكدا تێكڕای دەرهێنانی جیهانی كەمترە لە 40 %. داخستنی بیرە نەوتەکان و مەترسیەكانی هەموو بیرە نەوتێك یان غازێك كە كەوتە بەرهەمهێنان، باشتروایە كە بەردەوام بێت لە بەرهەمهێنان و هیچ كات بیر لە داخستنی نەكرێتەوە، بەڵكو هەوڵبدرێت بەكەمیش بێت پڕۆسەی بەرهەمهێنان بەردەوام بێت، چونكە داخستنی بیرە نەوت و غازەكان، دەبێت كۆتا بژاردە بێت كە بیری لێبكرێتەوە چونكە ((بڕیارێكی سەخت و تاڵە)). لە كۆتاییدا دیاردەی كەمبوونەوە و نەمانی بەرهەمی بیرە نەوتەکانی هەرێمی كوردستان، دیاردەیەكی بەربڵاوی جیهانییە و كارێكی نامۆ نییە لەبوار و كەرتی نەوت و وزەدا. بەڵام روودانیان بەو شێوە خێراییەوە و كتوپڕ و لەو ماوە كەمەی بەرهەمهێناندا، جێگەی پرسیارەن. هەربۆیە دەكرێت وزارەتی سامانە سروشتییەكان و كەسانی پسپۆڕ و شارەزا لەبوارەكەدا بەوردی لە هۆكارەكانی بكۆڵنەوە و دواتریش كۆمپانیاكان ناچار بكرێن، بۆ گرتنە بەری رێوشوێنی زانستی لە دەرهێنان و پەرەپێدان و صیانەكردنی بەردەوامی بیرەكاندا، بەپێچەوانەوە لەماوەیەكی كورتی داهاتوودا ئەو دیاردەیە لە هەموو كێڵگە و بیرە نەوتەکانی تردا، دووبارە دەبنەوە. ئەمەش زیانی گەورە دەگەیەنێت بە كەرتی وزەی هەرێمی كوردستان.


راپۆرتی: هێمن خۆشناو هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ هه‌ڵمه‌تی هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی (هه‌سه‌ده‌) دژ به‌ شانه‌ خه‌وتووه‌كانی داعش له‌ باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریادا، وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا ئۆپاراسیۆنێكی  به‌رفراوان دژ به‌ ئه‌ندامانی داعش ده‌ستپێده‌كات و ده‌ستگیركردنی چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی ئه‌م رێكخراوه‌ راده‌گه‌ینێت. (عه‌لی یه‌رلیقایا) وه‌زیری ناوخۆی توركیا له‌ (8 شوباتی 2024) رایگه‌یاند، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی 147 گومانلێكراویان به‌تۆمه‌تی ئه‌ندامیه‌تی داعش ده‌ستگیركردووه‌، ئه‌م ئۆپاراسیۆنه‌ش دوای ئه‌و هێرشه‌ هات كه‌ رێكخراوی ناوبراو له‌ (28 كانوونی دووه‌می 2024) له‌ ئیستانبۆڵ بۆ سه‌ر كلێسای (سانتا ماریا) ئه‌نجامیدا بوو. جوڵه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی توركیا له‌م دوایه‌دا چه‌ندین پرسیار ده‌وروژێنێت ده‌رباره‌ی هۆكارو ئاماژه‌كانی هه‌ڵكشانی توركیا دژ به‌ شانه‌ خه‌وتووه‌كانی داعش و پروپاگه‌نده‌ی ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی ئه‌م وڵاته‌ په‌یوه‌ست به‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه‌. به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌م جوڵه‌یه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئۆپاراسیۆنی هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی (هه‌سه‌ده‌) له‌ باكورو رۆژهه‌ڵاتی سوریا، به‌تایبه‌تی تریش كه‌ ده‌نگۆی ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سوریاو عێراق له‌ ئارادایه‌! له‌ پشت جوڵه‌ی ئه‌م دوایه‌ی توركیا دژ به‌ داعش چ په‌یامێك خۆی حه‌شارداوه‌‌؟ دوای ئه‌وه‌ی (هه‌سه‌ده‌) به‌ پاڵپشتی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ (25 ئابی 2022) قۆناخی دووه‌می ئۆپاراسیۆنی (مرۆڤایه‌تی و ئاسایش) بۆ سه‌ر كه‌مپی (ئه‌لهۆل) ده‌ستپێكردو له‌ ئه‌نجامدا ده‌یان ئه‌ندامی داعشی ده‌ستگیركردو ده‌ستی به‌سه‌ر چه‌ندین به‌ڵگه‌دا گرت، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری توركیا چه‌ند رۆژێك دوای ئه‌م جوڵه‌یه‌ی (هه‌سه‌ده‌) رایگه‌یاند له‌ ئه‌نجامی ئۆپاراسیۆنێكی هه‌واڵگری هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی سه‌ركرده‌ی دیاری داعش (حه‌جی زه‌ید ئه‌لعێراقی) ده‌ستگیركراوه‌. ئه‌م لێدوانه‌ی ئه‌ردۆغان ره‌نگدانه‌وه‌ی ترسی وڵاته‌كه‌ی بوو له‌ ئۆپاراسیۆنی هه‌سه‌ده‌ بۆ سه‌ر (ئه‌لهۆل)، نه‌وه‌كو به‌ڵگه‌ی هاتوچۆی داعش بۆ توركیاو په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ كه‌وتبێته‌ ده‌ستی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی. به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌م سیناریۆیه‌ رۆژێك دوای قۆناخی سێیه‌می هه‌ڵمه‌تی (هه‌سه‌ده‌) بۆ سه‌ر (ئه‌لهۆل) له‌ (27 كانوونی دووه‌می 2024)، داعش له‌ناوه‌ڕاستی شاری ئیستانبۆڵ هێرشێكی بۆ سه‌ر كلێسای (سانتا ماریای ئیتاڵی) ئه‌نجامدا، كه‌ كات و شێوازی هێرشه‌كه‌ چه‌ندین گومان و پرسیار دروستده‌كات! له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ ده‌كرێت جوڵه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر داعش و هێرشی داعشیش بۆ سه‌ر كلێساكه‌ی ئیستانبۆڵ، وه‌كو چه‌ند په‌یامێكی توركیا بۆ ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش بخوێنینه‌وه‌ كه‌ گرنگترینیان ئه‌مانه‌ن: - رێكخراوی داعش له‌ سوریا هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی نیشتیمانی توركیا. به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا بڕیاری كشانه‌وه‌ بدات، له‌مه‌ودا درێژدا (هه‌سه‌ده‌) ناتوانێ به‌ره‌نگاری داعش بێته‌وه‌، توانای پاراستنی سنوره‌كانی نیه‌و زیندانه‌كان كه‌ به‌ هه‌زاران گیراوی داعشی لێیه‌ ده‌كه‌ونه‌ ژێر مه‌ترسی. توركیا له‌م رێگایه‌وه‌ هه‌وڵده‌دات ره‌وایه‌تی بۆ داگیركردنی‌ ناوچه‌ كوردییه‌كان به‌ده‌ستبێنێت. - رازیكردنی ئه‌مریكا بۆ ئه‌وه‌ی دوای كشانه‌وه‌ی له‌ سوریادا، دۆسیه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش و ئه‌و گرتوخانانه‌ی ئه‌ندامانی داعشی تێدایه‌ راده‌ستی توركیا بكات. له‌م باره‌یه‌وه‌ توركیا هه‌وڵده‌دات ئه‌رگومێنتی ئه‌ندامیه‌تی ناتۆ به‌كاربێنێت تا ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانانی رازی بكات. - سودوه‌رگرتن له‌م په‌یامه‌ بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی ترسی ئه‌مریكاو جیهانی رۆژئاوا، بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی فرۆشتنی فڕۆكه‌ی (ئێف 16) به‌ توركیا په‌كی نه‌كه‌وێت. ئه‌و فاكته‌رانه‌ چین تا توركیا خۆی بۆ‌ جێگره‌وه‌ی ئه‌مریكا نمایش بكات؟ هه‌وڵی توركیا بۆ خۆ نمایشكردن وه‌كو جێگره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ سوریادا هه‌وڵێكی نوێ نیه‌، به‌ڵكو ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ له‌ ساڵی 2019 بۆ ماوه‌یه‌ك گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه‌، له‌وكاته‌ی (دۆناڵد تره‌مپ) سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ سوریا دا، به‌ڵام دوای پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌جێهێشتنی سوریا به‌هۆی گوشاری ناوخۆیی و جیهانییه‌كان‌ گفتوگۆی ئه‌م بیرۆكه‌ی‌ كپكرده‌وه‌. له‌ ئێستاشدا به‌هۆی دۆخی سیاسی و ئه‌منی، به‌تایبه‌تی نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مریكا و هه‌ڵكشانی گرژییه‌كان له‌نێوان هێزی ئه‌مریكاو ملیشیا ئێرانییه‌كان له‌ سوریادا، توركیا هه‌وڵده‌دات جارێكی دیكه‌ ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ بوروژێنێته‌وه.‌ هه‌روه‌ها ترسی وڵاتانی هاوپه‌یمانیش ده‌قۆزێته‌وه‌ له‌مه‌ڕ چاره‌نوسی ئه‌م گرتوخانانه‌ی ئه‌ندامانی داعشی تیادا راگیراون له‌ باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی توندوتیژی و توندڕه‌وی له‌ كه‌مپی (ئه‌لهۆل) دا. ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت ده‌داته‌ توركیا مكوڕ بێت له‌سه‌ر ئه‌م خۆ نمایشكردنه‌، دۆزینه‌وه‌ی (ناوه‌ندی داتای سه‌ره‌كی) رێكخراوی داعشه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌نقه‌ره‌. به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی (سه‌باحی توركی) له‌ (10 ئابی 2023 دا) پۆلیسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ ئیستانبۆڵ ده‌ستیگرتووه‌ به‌سه‌ر ناوه‌ندی داتای سه‌ره‌كی داعش‌. وه‌كو ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ كردووه‌، داتای سه‌ره‌كی داعش زانیاری وردی له‌خۆ گرتووه‌ ده‌رباره‌ی 9 هه‌زارو 952 ئه‌ندامی داعش كه‌ به‌ وڵاتانی جیهاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها رۆژنامه‌ی ناوبراو كه‌ نزیكه‌ له‌ پارتی ده‌سه‌ڵاتداری توركیا، پێیوایه‌ ماوه‌یه‌كی درێژه‌ چه‌ندین وڵاتی رۆژئاوایی له‌ نێویاندا (ئه‌مریكا، به‌ریتانیا، فه‌ڕه‌نسا هتد...) به‌دوای ئه‌م داتایانه‌ ده‌گه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی (گورگه‌ نوستووه‌كانی) داعش له‌ وڵاتاكه‌نیان بدۆزنه‌وه‌ و ده‌ستگیر بكه‌ن.   به‌و پێیه‌ی توركیا لێزان و لێهاتووه‌ له‌ دروستكردن و‌‌ به‌كارهێنانی كارته‌كان بۆ گه‌یشتن به‌ مه‌رامه‌كانی، ئه‌وه‌ بێ دوودڵی هه‌وڵده‌دات ناوه‌ندی داتای سه‌ره‌كی داعش بكاته‌ كارتێك و بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانی له‌ باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا دژ به‌ كوردو ده‌ستكه‌وته‌كانی به‌كاری بێنێت. له‌به‌رامبه‌ر پێدانی زانیاری ناو داتاكه‌ی داعش گوشار له‌ وڵاتانی رۆژئاوا ده‌كات تا به‌ داخوازییه‌كانی رازی بن. ئه‌وه‌ی زیاتر نیازی توركیا له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو، ده‌نگۆی میدیاكانی توركیا بوو له‌ كاتی ده‌ستبه‌سه‌ر داگرتنی داتاكه‌ی داعش. زۆربه‌ی میدیاكانی توركیا له‌و كاته‌دا هاوڕابوون كه‌:" ئه‌ندامانی داعش بۆ فرۆشتنی ئه‌م داتایانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌واڵگری ئێران دانوستانی جدیان هه‌بوو. ئاماده‌بوون به‌رامبه‌ر به‌ (9 ملیۆن و 33 هه‌زار دۆلار) ئه‌م ناوه‌نده‌ راده‌ستی ئێران بكه‌ن".   بانگه‌شه‌ی میدیای توركیاو هه‌وڵی به‌ستنه‌وه‌ی ناوه‌ندی داتای داعش به‌ هه‌واڵگری ئێرانه‌وه‌ دوو واتای لێده‌كه‌وێته‌وه‌. له‌لایه‌ك ده‌خوازن به‌ گوێی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانانیدا بچرپـ‍ێنن كه‌ توركیا ئێوه‌ی له‌ كاره‌سات رزگار كردووه‌، ده‌بێت پاداشتی چاكه‌ی توركیا بده‌نه‌وه‌و دۆسیه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له‌ باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا راده‌ستی ئه‌نقه‌ره‌ بكه‌ن. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌‌ توركیا له‌ رێگای میدیاكانه‌وه‌ به‌ جیهانی رۆژئاوا ده‌ڵێت:" ئه‌وه‌ ئێرانه‌ له‌ پشت داعش وه‌ستاوه‌و ختۆكه‌ی ده‌دات تا كلێسای كریستیان و جووه‌كان له‌ توركیا بته‌قێنێته‌وه‌". توركیا هه‌وڵده‌دات جوڵه‌ی ئه‌م دوایه‌ی داعش به‌ هه‌واڵگری ئێران ببه‌ستێته‌وه‌! هه‌وڵه‌كانی توركیا بۆ به‌ستنه‌وه‌ی جوڵه‌ی داعش به‌ ئێران له‌م كاتانه‌دا كه‌ ململانێی ملیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران و ئه‌مریكا له‌ هه‌ڵكشان دایه‌، به‌تایبه‌تی دوای كوژرانی سێ سه‌ربازی ئه‌مریكی له‌ (تاوه‌ر 22) دا، ئاماژه‌یه‌ به‌ هه‌وڵی توركیا بۆ خۆ پێشنیاركردن تا جێگای ئه‌مریكا بگرێته‌وه. توركیا هه‌وڵده‌دات ئه‌مریكا رازی بكات كه‌ وڵاته‌كه‌ی باشترین بژارده‌یه‌ بۆ له‌ناوبردنی داعش، له‌مه‌شیاندا پشت به‌ هاوكاری ملیشیا سورییه‌كانی نزیك له‌خۆی ده‌به‌ستێت. له‌ رابردووشدا توركیا به‌ به‌رده‌وامی ملیشیا چه‌كداره‌ سورییه‌كانی نزیك له‌خۆی وه‌كو ئۆپۆزسیۆنی میانڕه‌و و دژ به‌ داعش وه‌سف كردووه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌خوازێت ململانێی ئه‌مریكا – ئێران بقۆزێته‌وه‌و تا ئه‌مریكا رێگای پێبدات له‌ژێر ناوی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش زیاتر بێته‌ ناو سوریاوه‌. ئاماژه‌كان پێمان ده‌ڵێن له ئه‌گه‌ری به‌رپابوونی جه‌نگی راسته‌وخۆی ئه‌مریكا – ئێران، هێزه‌كانی (هه‌سه‌ده‌) خۆیان له‌ شه‌ڕی به‌ وه‌كاله‌ت به‌دوور ده‌گرن و ناخزێنه‌ ناو ئه‌م شه‌ڕه‌. بۆیه‌ توركیا پێیوایه‌ به‌رپابوونی شه‌ڕی راسته‌وخۆی ئه‌مریكا – ئێران باشترین كاته‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ فه‌رمی داوا له‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی بكات تا ئه‌ركی سه‌ركردایه‌تیكردنی پڕۆسه‌ی له‌ناوبردنی داعشی پێبسپێرن. هۆكارێكی دیكه‌ كه‌ له‌پشت ئه‌م خۆ نماشیكردنه‌ی توركیا ده‌وه‌ستێت، ناكۆكی و ململانێی ئه‌نقه‌ره‌یه‌ له‌گه‌ڵ ته‌هران له‌مه‌ڕ سه‌پاندنی هه‌ژ‌موونیان به‌سه‌ر عێراقدا. توركیا پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌ركی له‌ناوبردنی داعشی پێبسپێردرێت، ئه‌وه‌ زه‌مینه‌ی به‌ره‌وپێشچوونی بۆ ده‌ڕه‌خسێت تا ده‌گاته‌ سه‌ر سنوری نێوان سوریاو عێراق، به‌م شێوه‌یه‌ نزیكی شه‌نگال ده‌بێته‌وه‌، كه‌ له‌نێوان هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌م ناوچه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ هێزه‌ كوردییه‌كانی دژ به‌ توركیا هه‌ماهه‌نگییه‌ك هه‌یه‌. چونكه‌ چوونی حه‌شدی شه‌عبی بۆ شه‌نگال گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگی دروستكرد بۆ جێبه‌جێ نه‌كردنی رێككه‌وتنی (به‌غدا – هه‌ولێر) له‌باره‌ی شه‌نگال كه‌ له‌ (9 تشرینی یه‌كه‌می 2020) به‌هۆی گوشارو هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا هه‌ردوولا له‌سه‌ری رێككه‌وتن، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌شی بریتی بوو له‌ ده‌ركردنی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌ له‌م ناوچه‌یه‌دا. ئامانجێكی دیكه‌ی توركیا له‌ خۆ پێشنیاركردن و پێشنیاركردنی ملیشیاكانی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش و ملیشیا ئێرانییه‌كان، په‌یوه‌سته‌ به‌ ویستی توركیا بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی  گروپه‌ ملیشیا‌ سورییه‌كان و ناساندیان وه‌كو هێزێكی میانڕه‌وی دژ به‌ تیرۆر، تا بتوانێ له‌ رێگای ئه‌مانه‌وه‌ له‌ به‌هاو رۆڵی (هه‌سه‌ده‌) كه‌مبكاته‌وه‌ كه‌ له‌ شه‌ڕی داعشدا به‌ده‌ستی هێناوه‌. لێره‌دا ده‌بێت ئه‌م پرسیارانه‌ بكه‌ین‌: ئایا ئه‌مریكا به‌ پێشنیارو خۆ نمایشكردنی توركیا رازی ده‌بێت؟ ئایا به‌بێ سازشكردن له‌گه‌ڵ (هه‌سه‌ده‌) ئه‌مه‌ مومكینه‌؟ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌ به‌نده‌ به‌م چه‌ند ئه‌گه‌ره‌وه‌: یه‌كه‌م: ناكرێت به‌بێ كشانه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌مریكا له‌ سوریادا توركیا ببێته‌ جێگره‌وه‌ی ئه‌مریكا. به‌ڵام له‌ دوای به‌رپابوونی جه‌نگی غه‌زه‌ هه‌موو ئاماژه‌كان جه‌خت له‌ مانه‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن بۆ ماوه‌یه‌كی دیكه‌. دووه‌م: كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا چه‌ند كێشه‌یه‌كی مه‌ترسیداری لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌. له‌لایه‌ك به‌ ته‌نیا جێهێشتنی (هه‌سه‌ده‌) كه‌ تا ئه‌مڕۆ هاوپه‌یمانێكی متمانه‌پێكراو بووه‌، له‌ناوچه‌یه‌ك كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی ناو سوریا خۆیان مه‌ڵاس داوه‌‌ تا گورز له‌م هێزه‌ بوه‌شێن و ناوچه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ژێر ده‌ستی به‌ نه‌وت داگیر بكه‌ن، ته‌واوی ناوچه‌كه‌ ده‌شێوێنێت و رایگشتی دژ به‌ ئه‌مریكا ده‌جوڵێنێت. ره‌نگدانه‌وه‌و لێكه‌وته‌ی زۆر ده‌مدرێژیش له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مریكا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌جێدێڵێت. سێیه‌م: ئه‌گه‌رێكی دیكه‌ كه‌ له‌ به‌رده‌م ئه‌مریكا ده‌مێنێته‌وه‌، هه‌وڵدانه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای گفتوگۆ له‌نێوان توركیاو هه‌سه‌ده‌، بۆ گه‌یشتن به‌‌ رێككه‌وتن له‌مه‌ڕ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش. به‌ڵام ئه‌مه‌یان هێجگار زه‌حمه‌ته‌، چونكه‌ هه‌ریه‌ك له‌ توركیاو هه‌سه‌ده‌ مه‌رجی ئاڵۆزیان بۆ یه‌كتر هه‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنێكی له‌م جۆره‌. له‌ ئه‌نجامدا، پێشنیار و ویستی توركیا  مه‌ترسی و ئاڵۆزی زیاتر هه‌ڵده‌گرێت له‌و دۆخه‌ ئاڵۆز و ناهه‌مواره‌ی باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، جگه‌ له‌ قه‌یرانی بێ متمانه‌یی له‌نێوان وڵاتانی هاوپه‌یمان و توركیا په‌یوه‌ست به‌ داعش، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی داعش له‌ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی ژێر ده‌ستی توركیا له‌ باكوری سوریا كوژراون و چه‌ندین راپۆرتی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی نێوان توركیاو داعشیان پشتڕاست كردۆته‌وه‌.  


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)     لە چەند رۆژی ڕابردوودا ھەندێک لە ژنەکانی ئەبو بەکری بەغدادی و یەکێک لە کچەکانی لەسەر شاشەی تەلەفیزیۆنی ئەلعەرەبییەوە، دیوی ناوەوەی ژیانی ئەم خەلیفە تازەیەی موسڵمانەیان ئاشکراکرد. ئاشکراکردنی ئەم دیوە نەناسراوەی ژیانی ئەبوبەکری بەغدادی تەنھا ئاشکراکردنی ژیانی تاکەکەسێکی ئیمانداریی توندڕەو نییە، بەڵکو بەرجەستەکردنی بڕێکی زۆری پرۆژە دینیی و سیاسییەکەی داعش و بڕێکی زۆری ئەو ڕوانین و تێگەیشتن و عەقڵەیەتانەشە، کە لە خوێندنەوەیەکی تایبەتی چییەتی ئیسلامەوە وەک دین، دروستدەبێت. چیرۆکەکانی ئەم خەلیفە تازەیە دەروازەیەکە زۆرشتمان لەسەر ئەو تێگەیشتنە ترسناکە بۆ ئیسلام پێدەڵێت، کە ئەمرۆ لەزۆر ناوچەی جیھاندا ئامادەیە. بەر لە ھەمووشتێک ئەبو بەکری بەغدادی، چوار ژنی ھەبووە، ژنی سێھەمی تەمەنی تەنھا ١٤ ساڵ بووە، لەپاڵ ئەو چوار ژنەدا ٩ بۆ ١٠ سەبیەی ھەبووە، کە ھەموویان ئەو کچە منداڵە یەزدییانە بوون کە داعش لە پەلاماردانی ناوچەی سنجاردا گرتونی و وەک کۆیلەی سێکسی بەکاریھێناون. یەکێک لەو کچانە کە ئەبو بەکری بەغدادی وەک سەبیە ھەیبوە تەمەنی تەنھا ١٢ ساڵ بووە. ئەوانیتریشیان ھەر لە تەمەنی منداڵەکانی خۆیدا بوون. لەمەش بترازێت بەغدادی کچەکەی خۆی، کە تەمەنی ١٢ ساڵ بووە، بەبێ ڕەزامەندی خۆی و دایکی بەشوو داوە بە کەسێک کە پاسەوانی شەخسی خۆی بووە. لە چاوپێکەوتنەکەدا کچەکەی دەڵێت من بەو شوکردنە رازی نەبووم، بەڵام ھیچم لەدەستنەدەھات، مەجبوربووم لەگەڵی بمێنمەوە. بە شێوەیەکی گشتیی ئەم ژنانە بۆیان نەبووە لە ماڵ بچنەدەر، سەیری تەلەفیزیۆن بکەن، یاخود تەلەفۆنیان ھەبێت. ژنە ١٤ ساڵیەکەی بەغدادی کە ماوەی ٤ ساڵ ژنی بەغدادی بووە، بەدەگمەن نەبێت ماڵەکەی بەجێنەھێشتوە و دنیای دەرەوەی نەبینیوە.   لە تێگەیشتنی بەغدادیدا ھەم چوار ژنەکە و سەبایاکان خودا بۆی حەڵاڵ کردوە و قورئان مۆڵەتی ھەبوونیانی پێبەخشیوە، ھەم شێوازی مامەڵەکردنیشیان وەک ژن بەپێی رێنماییە ئاسمانییەکانی ناو قورئان بووە. ئەم تێگەیشتنە بۆ دین و بۆ خودا و بۆ ژن، لە دەرەوەی داعشیشدا، لە عەقڵی بەشێک لە موسڵمانانی تریشدا ھەن، بەتایبەتی لە عەقڵی ئەوانەدا کە خۆیان بە خوداناس و دینداریی ڕاستەقینە و پەیڕەوکەری ئەخلاقیاتی سەلەفی ساڵح دەزانن. ئەوەی شوێنی سەرنج بوو لە قسەی ژن و کچەکانی بەغدادیدا ھەمویان وەک ژن قسەیان دەکرد، نیشانیانئەدا کە ھەم مەسەلەی ھەبوونی ٤ ژنیان زۆر پێناخۆشبووە، ھەم ئامادەگیی ئەو ھەموو سەبایا دیلانەی کە ھەیانبووە. رەنگە یەکێک لە ڕستە ھەرە گرنگەکانی ناو قسەکردنی ژنەکانی ئەبوبەکر بەغدادی ئەو رستەیە بێت کە ژنی یەکەمی وتی: ”ئەو دەوڵەتەی دروستکرابوو دەوڵەتی ئیسلام نەبوو، بەڵکو ”دەوڵەتی ژنان“ بوو". لە ڕاستیدا ژن و سێکس بەشێکی بنەڕەتیی و سەرەکیی سەرجەمی ئەزموونە سیاسیی و دینییەکەی داعش بوو وەک ھێزێکی سەلەفی جیھادی، ھاوکات بەشێکی سەرەکیی ئەزموونی ئەو ھێزە ئیسلامییانەی تریشە کە لێکچونێک لەنێوان تێگەیشتنی داعشدا بۆ ئیسلام و تێگەیشتنی ئەواندا بۆ ئیسلام، ھەیە و لە ئارادایە. بەر لە ھەمووشتێک ئەوەی گەنجانی لە زیاد لە شوێنێکی دنیاوە بۆناو ریزەکانی داعش رادەکێشا، لەپاڵ دیدگایەکی توندرەوانەدا بۆ ئیسلام، بوونی ئەو ژمارە گەورەیە لە ژنان و کچان بوو کە داعش کۆیکردبوونەوە و جەنگاوەرەکان دەیانتوانی بە ئاسانی بیانھێنن و بە ئاسانیش لێیان جیاببنەوە، بۆ ئەوەی جیھادیستێکی تر بیانھێنێت و ئەویش دواتر لێیان جیاببێتەوە. ھەندێکجار تەمەنی ھەندێک لەم ژنھێنان و جیابوونەوانە مانگێک یان کەمتریش بووە. فرەژنی و ئاسانی ھێنان و تەڵاقدان، مولکی یەمین و سەبایا و ھتد، بەسەریکەوە لەناو داعشدا شتێکی لە فۆرمی ”پیشەسازی سێکس“ دا دروستکردبوو. بازاری کڕین و فرۆشتنی سەبایە لە برەودابوو. بە پێی ھەندێک سەرچاوە ٨٠ لە سەدی ئەو ژن و کچە یەزیدییانەی کە داعش دیلی کردبوون وەک موڵکی شەخسیی داعشەکان مامەڵەکراون و سەبایای خاوەنەکانیان بوون. ئەمانە بە مەبەستی بەکارھێنیان بۆ سێکس کڕین و فرۆشتنیان پێوەکراوە. ئەو ٢٠ لەسەدەی تریان موڵکی دەوڵەتی خەلافەتەکە خۆی بووە و  ناردونی بۆ کەمپی چەکدارە جیھادیستەکان لە عێراق و سوریادا بۆ تێرکردنی خواستە سێکسییەکانیان. بە کورتییەکەی پیشەسازیی سێکس، کە فۆرمە سەرەکییەکەی فۆرمی توندوتژیی سێکسیی بووە، ئیتر چ لە فۆرمی سەبایادا بێت یان لە فۆرمی ھەبوونی ٤ ژندا، یان ھەر فۆرمێکی دیکەدا، دیاردەیەکی لاوەکیی ناو ئەزموونی دینیی و سیاسیی داعش نەبووە و نییە. مەسەلەکە کورتنابێتەوە بۆ گرێدانی ئەو ھەڵسوکەوتانە بە دۆخی شەڕەوە بە تەنھا. راستە لەزۆربەی جەنگەکاندا دەستدرێژی سێکسی دروستدەبێت. چونکە جەنگ رێگرە ئەخلاقیی و ئینسانیی و کۆمەڵایەتییەکان لاوازدەکات، یان تەواو لەناویاندەبات و دۆخێک دروستدەکات بەکارھێنانی توندوتیژیی بەگشتیی ببێت بە دیاردەیەکی ئاسایی، لەناویشیدا توندوتیژیی سێکسیی. بەڵام ئەمە تاکە ھۆکاری دەستدرێژیکردنی سێکسی لەناو داعشدا نەبووە. وەک ووتم سێکس یەکێک لە ئامرازە گرنگەکانی راکێشانی گەنجان و پیاوانی موجاھید بووە، بۆناو ریزەکانی خەلافەتەکە بەشێک بووە لە سیاسەتی جۆش و خرۆشدان و قورمیشکردنی دینیی و سیاسیی ئەم ھێزە. سێکس و ژن لەناو داعشدا بەشێکبوون لەو خزمەتگوزارایی و پاداشتانەی ئەم ھێزە پێشکەشی موجاھیدەکانی کردوە. لەسەرێکی دیکەوە بەکارھێنانی ژن و کچ وەک غەنیمەی جەنگ و کردنیان بە سەبایا یەکێکبووە لە باوەرە دینییەکانی داعش خۆیشی، لەمەشدا بۆ ھەندێک سورەت و ئایەتی ناو قورئان و ھەندێک لە قسەکانی پێغەمبەر گەراونەتەوە. باوەڕیشیان بەوەبووە یەکێک لە ھۆکارەکانی زیادبوونی داوێنپیسی لە کۆمەڵگا موسڵمانەکاندا نەمانی سەبایا و کۆیلایەتی سێکسییە. ھاوکات دەستدرێژی سێکسیی ئامرازێکی ستراتیژیش بووە بۆ ئیھانە و زەلیلکردنی ئەوانەی داعش بە بێدین و کافر، ناونووسی کردون. لە گێڕانەوەی ھەندێک لەو کچە یەزیدییە ئازایانەدا کە چیرۆکی بە کۆیلەبوونی سێکسیی خۆیان بۆ دونیا گێراوتەوە، لەوانەش ھەندێکیان کە تەمەنیان تەنھا ١٢ ساڵ بووە، باس لەوەدەکەن ئەو موجاھیدانەی تەعەدای سێکسیان لێکردون، ھەم کەسانێکی زۆر بەتەمەنتر بوون، ھەم پێش تەعەداکردنەکەیان نوێژیان کردوە و شوکری خوایان کردوە. بۆ کچە یەزیدییە تەعەدا لێکراوەکانیشیان روونکردۆتەوە، کە کردەی تەعەداکردنەکە، ئەوان وەک موجاھید لە خودا نزیکتر دەکاتەوە و دەیانکاتە موسڵمانێکی ڕاستەقینە. ھەموو ئەمانە وایانکردوە مەسەلەی سێکس لەناو داعشدا مەسەلەیەکی لاوەکی نەبێت، بەڵکو مەسەلەیەکی تەواو رێکخراو و بە دەزگایی و بە بەبازاڕکراو بێت. سەرچاوەیەکی گرنگی شەرعیەتی سیاسیی و دینیی سەرجەمی پرۆژەی خەلافەتەکەیان بێت. بە کورتییەکەی گرێدانی دین بە سێکس و بە فرەژنیی و بە سەبایاوە یەکێک بووە لە ستراتیژیەتە سەرەکییەکانی کارکردنی داعش. سێکس و سەبایا و فرەژنی بەشێکبوون لەو خزمەتگوازرییە سەرەکییانەی کە سیستمی خەلافەتەکە پێشکەشی موجاھیدەکانی کردوە. ھەموو ئەمانەش وەک بەشێک لە گەڕانەوە بۆ ئیسلامی راستەقینە و وەک تاکە لێکدانەوەیەکی راستەقینەی قورئان و سونەتی پێغەمبەرەکەی ئیسلام، نیشانداوە. یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پاراستنی دینەکە و دروستکردنی خەلافەتەکە، زیندوکردنەوە و بەرزراگرتنی مەسەلەی سەبایا و کۆیلایەتی سێکسیی و فرەژنیی و بازاری کڕین و فرۆشتنی سێکس بووە.    


درەو: بڵند شاوەیس ماستەر لە یاسای گشتی و نوسەری كتێبی (گەندەڵی و ئایندەی هەرێمی كوردستان) دۆسیەی نەوت بووەتە هۆی داڕمانی سیستەمی ئابوری و مەینەتی بۆ هاوڵاتیان،  لەبەر ناڕوونی و خراپ بەڕێوەبردن و زۆری ڕێژەی گەندەڵی لەم دۆسیەدا و گرفتی دەستوری و یاسایی پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوت و گاز و دەستبەسەرداگرتنی داهاتەكەی لەلایەن گروپێكی قۆرخكاری نێو دەستەبژێری سیاسی لە هەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێمی خستۆتە ژێر باری قەرزی كۆمپانیاكان و سزای یاسایی حكومەتی فیدراڵ و هەرەس هێنانی ئابوری هەرێم و ناجێگیری سیاسی و نادادی كۆمەڵایەتی و زیادبوونی ڕێژەی بێكاری و تاوانە ڕێكخراوەكان و دوور نیە لە ئایندەدا قەوارەی سیاسی هەرێم بخاتە بەر مەترسی هەڵوەشان یان كەرتبوون . بڵند شاوەیس یاساناس و نوسەری كتێبی (گەندەڵی و ئایندەی هەرێمی كوردستان) لە لاپەڕە (100  - 101 ..... 132 – 137) باس لە دۆسیەی نەوت دەكات و دەنوسێت: سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و گاز و ناكۆكیەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ ، لە كارنامەی كابینەی نۆدا هاتووە هەوڵدەدەین هەرچی زووترە دۆسیەی نەوت و گاز لەسەر بنەمای مادەی (111) و (112)ی دەستوری عێراقی فیدراڵ چارەسەر بكەین و یاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەربچێت . لە پلانی چاكسازی كابینەكەدا هاتووە هەوڵی تەواو بۆ جێبەجێكردنی هەردوو مادەی (111) و (112)ی دەستوری عێراقی فیدراڵی دەدەین كە مافەكانی كوردستان دەپارێزێت . ئەمەش بەندە بە دابەشكردنێكی دادپەروەرانەی نەوت و گاز و گەشەپێدانی ئەو كەرتە . لە ڕاستیدا یەكێك لە دۆسیە ناڕوون و تەم و مژاویەكان لە هەرێمی كوردستان دۆسیەی نەوت و گاز و ئەو گرێبەستانەیە لەم بوارەدا ئەنجام دراوە ، بە شێوەیەك لەجیاتی ئەوەی هۆكاری بوژاندنەوەی ئابوری و خۆشگوزەرانی خەڵی كوردستان بێت بۆتە مایەی داڕمانی سیستەمی ئابوری و مەینەتی بۆ هاوڵاتیانی كوردستان ، بەجۆرێكە سەرەڕای فرۆشتنی نەوت لە ڕێگای بۆری و هەروەها بە تانكەریش لەبەر ناڕوونی و خراپ بەڕێوەبردن و زۆری ڕێژەی گەندەڵی لەم دۆسیەدا و گرفتی دەستوری و یاسایی پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوت و گاز و دەستبەسەرداگرتنی داهاتەكەی لەلایەن گروپێكی قۆرخكاری نێو دەستەبژێری سیاسی لە هەرێمی كوردستان حكومەتی هەرێمی خستۆتە ژێر باری قەرزی كۆمپانیاكان و سزای یاسایی حكومەتی فیدراڵ و هەرەس هێنانی ئابوری هەرێم و ناجێگیری سیاسی و نادادی كۆمەڵایەتی و زیادبوونی ڕێژەی بێكاری و تاوانە ڕێكخراوەكان و دوور نیە لە ئایندەدا قەوارەی سیاسی هەرێم بخاتە بەر مەترسی هەڵوەشان یان كەرتبوون . بە شێوەیەكی گشتی گرفتەكانی دۆسیەی نەوت و گازی هەرێم خۆی دەبینێتەوە لە : یەكەم - دەرهێنان و فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوت و گاز تاكلایەنە و بەشێوەیەكی سەربەخۆ بێ‌ گەڕانەوە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ ، بەدەر لە دەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی (2005ز) .            دووەم - ناڕوونی لە گرێبەستەكاندا . سێیەم - فرۆشتنی نەوت بە نرخێكی كەمتر لە نرخی راستەقینەی بازاڕ . چوارەم - گواستنەوەی نەوتی هەرێم بە نرخێكی زیاتر لە نرخی ڕاستەقینەی بازار. پێنجەم - فرۆشتنی (60%)ی بۆری نەوتی كوردستان بە كۆمپانیای رۆزنەفتی روسی و (40%)ی بۆریەكە بە كۆمپانیای كار . شەشەم - دیار نەمانی پارەی پێشەكی فرۆشتنی نەوت كە بە شیرینی نەوت ناسراوە . حەوتەم - سەرەڕای ڕاگەیاندنی حكومەتی هەرێم بە گەڕانەوەی (41%)ی پارەی داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، بەڵام داتاكانی شارەزایان و پەرلەمانتاران و دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئەوە دەردەخات كە لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوت لە هەرێمی كوردستان زۆر كەمتر لە ڕێژەی (41%)ی پارەی داهاتی نەوت دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەت . هەشتەم - بە پێی داتاكانی حكومەتی هەرێم بڕی (59%)ی پارەی داهاتی نەوت دەچێت بۆ كۆمپانیاكان ، كە زۆربەی ئەو كۆمپانیایانە كۆمپانیای حزبی و سەر بە كەسانی خاوەن دەسەڵاتن . نۆیەم - داتا و زانیاریەكانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان ناخرێتە بەردەم دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی چاودێریكردنی پرۆسەی فرۆشتنی نەوت و وردبینیكردنی گرێبەستەكان . یاسای ژمارە (22)ی ساڵی2007 ، یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانی - عێراق). بەهۆی ئەوەی لە مادەی (111)ی دەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی(2005ز)دا هاتووە (نەوت و گاز موڵكی گشت گەلی عیراقە لە سەرجەم هەرێم و پارێزگاكان) و هەروەها لە بڕگەی (یەكەم)ی مادەی (112)ی دەستورەكەدا هاتووە "حكومەتی فیدراڵ نەوت و گازی دەرهاتوو بەڕێوە دەبات لەو كێڵگانەی كە لە ئێستادا هەن لەگەڵ حكومەتی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان بە شێوەیەك داهاتەكەی دادپەروەرانە دابەش بكرێت و بگونجێت لەگەڵ دابەشبوونی دانیشتوان لە هەموو وڵاتدا ، لەگەڵ دیاریكردنی پشكێك بۆ ماوەیەكی دیاریكراو بۆ هەرێمە زەرەرمەندەكان كە بە نا ڕەوا لێی بێبەشكرابوون لە سەردەمی سیستەمی ڕابردوودا و زیانیان بەركەوتبوو بە شێوەیەك زامنی پەرەپێدانی هاوسەنگی ناوچە جیاوازەكانی وڵات بكات و ئەمەش بە یاسایەك ڕێك دەخرێت". لەبەر ئەوەی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی دەرنەچوێنرا هەرێمی كوردستان بێ‌ هەماهەنگی و ڕەزامەندی حكومەتی فیدراڵ بە شێوەیەكی سەربەخۆ پرۆسەی دۆزینەوە و دەرهێنان و فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوت و گازی ڕاگەیاند و بۆ ئەم مەبەستە یاسای (نەوت و گاز)ی ساڵی(2007)ی هەرێمی كوردستان دەرچوێنرا ، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام هەرێم جەختی لەسەر جێبەجێكردنی هەردوو مادەی (111) و (112)ی دەستوری عێراقی فیدراڵ دەكردەوە كە بە گوێرەی ڕاڤەكردنی (تفسیر)ی حكومەتی هەرێم مافەكانی كوردستان دەپارێزێت . هەر بۆیە لە كارنامەی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم داكۆكی كرایەوە لەسەر چارەسەركردنی ناكۆكیەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و گاز لەسەر بنەمای مادەی(111) و (112)ی دەستوری عێراقی فیدراڵ . لە كاتێكدا (تفسیر)ی دەقەكانی دەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی(2005ز) لە پسپۆڕیەتی (اختصاص)ە دیاریكراوەكانی دادگای باڵای ئیتیحادی (المحكمة الاتحادیة العلیا) یە، بەڵام هەرێمی كوردستان تاك لایەنە (تفسیر)ی مادەی (112)ی دەستوری كرد بە شێوەیەك كە حكومەتی فیدراڵ تەنها مافی بەڕێوەبردنی نەوت وغازی لەو كێلگانەدا هەیە كە تا كاتی دەرچوونی ئەم دەستورە بوونیان هەبووە واتا تا ساڵی (2005ز) ، لەبەرامبەردا هەرێمی كوردستان مافی بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت و گاز لە دەرهێنانی و فرۆشتن و هەناردەكردنی هەیە لەو كێڵگە نەوتیانەی كە لەدوای دەركردنی ئەم دەستورەوە دەدۆزرێتەوە و كاری تێدا دەكرێت. لەم ڕووەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی سەربەخۆ بێ‌ گەڕانەوە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی دەسەڵاتی فیدراڵی و هەماهەنگی كردن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵ هەستا بە دۆزینەوە و دەرهێنان و فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوت بە پێی یاسای نەوت و گازی ژمارە (22)ی ساڵی 2007 ی هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی كۆمەڵێك گرێبەست بە شێوەیەكی ناڕوون و تەمومژاوی كە تا ئێستا بڕگەكانی ئاشكرا نەكراوە بە دروستی . دواجار بریاری دادگای باڵای ئیتیحادی (المحكمة الاتحادیة العلیا) هەمو حسابات و بەرنامە و تێروانین ومامەڵە و گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێمی هەڵوەشاندەوە و ڕاڤەكردنێكی (تفسیر)ی جیاوازی بۆ مادەكانی (111) و (112)ی دەستوری عێراقی فیدراڵ كرد بە دەركردنی بڕیار لە هەردوو داوای تۆماركراو ژمارە (59/ اتحادیە /2012 ) كە لەلایەن (وەزیری نەوتی فیدراڵ ) سەرەڕای كارەكەی و داوای ژمارە ( 110/ اتحادیە / 2019) لەلایەن (علی شداد فارس) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەسڕە لەسەر داوا لێكراوان (وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان) سەرەڕای كارەكەی و (سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان) سەرەڕای كارەكەی و بڕیاریدا بە نادەستوری و هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی ژمارە(22)ی ساڵی2007ی هەرێمی كوردستان بەو پێیەی پێچەوانەی مادەكانی (110 و111 و112 و115 و121 و130)ی دەستورە و پابەندكردنی حكومەتی هەرێم بە (تسلیم) كردنی سەرجەم بەرهەمی نەوت لە كێڵگە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان و ئەو ناوچانەی دیكە كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان نەوتی لێدەردەهێنێت و پێدانەوەی بە وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵی بە شێوەیەك بتوانێت دەسەڵاتە دەستوریەكانی سەبارەت بە دۆزینەوە و دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت پیادە بكات . هەروەها بەدواداچون بۆ هەڵوەشانەوەی گرێبەستە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەوڵەت و كۆمپانیا دەرەكیەكان سەبارەت بە دۆزینەوە و دەرهێنان و هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت . لەگەڵ پابەندكردنی حكومەتی هەرێم بە ڕێگەدان بە وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بە پێداچوونەوەی سەرجەم ئەو گرێبەستە نەوتیانەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئەنجام دراوە تایبەت بە هەناردەكردنی نەوت و گاز و فرۆشتنیان بەمەبەستی وردبینی كردن تیایاندا و دیاریكردنی مافە داراییەكانی ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەنجامی ئەو گرێبەستانەدا و دیاریكردنی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی بە شێوەیەك مافی هاوڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێم زامن بكات لە بودجەی گشتی فیدراڵی و دوانەكەوتنی لە دوای جێبەجێكردنی سەرجەم بڕگەكانی بڕیارەكە لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاگاداركردنەوەی حكومەتی فیدراڵ و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ . لەگەڵ پابەند كردنی لایەنی داوا لێكراو بە پێدانی رەسم و تێچوو و كرێی ماندوبونی پارێزەرایەتی بریكارەكانی داواكاران    لە پاش دەرچوونی بڕیارەكە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەی رۆژی 23/شوبات/2022 ڕایگەیاند بڕیارەكە نادەستوری و نادادپەروەرانەیە    هەروەها چوار سەرۆكایەتیەكەی هەرێمی كوردستان (سەرۆكی هەرێم ، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ، سەرۆكی پەرلەمان ، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری) بڕیارەكەیان ڕەتكردەوە لەبەر ئەوەی پێیان وایە بڕیارەكە پێچەوانەی بنەماكانی سیستەمی فیدراڵی راستەقینە و پێشێلكاری ماف و دەسەڵاتە دەستوریەكانی هەرێمی كوردستانە . لەلایەكی دیكەوە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بەنادەستوری لەقەڵەمدا و باسی لەوە كرد كە ئەم دادگایە پشت بە یاسا نابەستێت و بە پێی بڕیاری بریمەر كار دەكات و داوای هەڵوەشاندنەوەی دادگای باڵای ئیتیحادی كرد و  دووبارە پێكهێنانی دادگایەكی تر (1). هەروەها ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان لە 17/5/2022 ڕایگەیاند یاسای نەوت و گازی ژمارە(22)ی ساڵی(2007)ی هەرێمی كوردستان پێچەوانەی دەستوری عێراقی فیدراڵ نیە و پێویستە كاری پێبكرێت و دۆسیەی نەوت و گاز ناكەوێتە ناو چوارچێوەی پسپۆڕیەتی دەسەڵاتە فیدراڵیەكانی مادەی (110)ی دەستور و مادەی (112)ی دەستور ئاماژە دەدات بەوەی حكومەتی فیدراڵ مافی بەڕێوەبردنی نەوت و گازی هەیە لەگەڵ حكومەتەكانی هەرێم و پارێزگاكان لەو كێلگانەدا كە پێش دەرچوونی ئەم دەستورە بوونیان هەبووە ، بۆیە هەرێمی كوردستان مافی بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتیەكانی هەیە كە لەدوای دەركردنی ئەم دەستورەوە (دوای 2005) دەدۆزرێتەوە. لە ڕێكەوتی 20/6/2022 و لە میانی كۆبونەوەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە گەڵ بەڕێوەبەری دەزگاكانی ڕاگەیاندنی هەرێمی كوردستان لەسەر دۆخی ناوخۆی هەرێم ، سەبارەت بە بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی دووبارە ڕایگەیاند: " ... ئەم دادگایە لە سەردەمی بریمەر هەبووە و تا ئێستا بەردەوامە ، بەڵام بە هیچ شێوەیەك بە پێی مادەی دەستوری دروست نەكراوە ، تا ئێستا دادگای فیدراڵی كە بگونجێت لەگەڵ دەستور لە عێراق بوونی نییە ، ئێمە دژی دادگای فیدراڵی نین بەڵام حكومەتی عێراق دادگای فیدراڵی نییە ، دادگایەكە بە ناوی فیدراڵی ئیش و كارەكان دەكات ..."   سەرچاوەكان: 1-    بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بە ناوەڕۆكی یاسای نەوت و گازی هەرێم ، بڕوانە : پاشكۆ ، لا 220- 254. 2-      بڕوانە مادەی (93) بڕگەی (دووەم ) لە دەستوری هەمیشەیی عیراق (2005 ز) . 3-    هەروەها ، المادە (2) من قانون رقم (25) لسنە 2021 ، قانون التعدیل الاول (الامر رقم 30 لسنە 2005) قانون المحكمة الاتحادیة العلیا ، المادە (4) (پانیا) . 4-     المادة (112) من الدستور العراق الدائم 2005م . 5-     قرار المحكمة الاتحادیة العلیا ، العدد:  59/ اتحادیە /2012  وموحدتها 110/ اتحادیە / 2019  فی 15/2/2022 . بڕوانە : پاشكۆ ، لا 255 - 269 . 6-    ئەنجومەنی وەزیران ، بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە نەوت وگازی هەرێم ، بە نادەستووری و نادادپەروەرانە دادەنێت ، 23/شوبات/2022 https://gov.krd/news- . 7-    اجتماع الرئاسات الأربع في كوردستان يرد بست نقاط على قرار المحكمة الاتحادية بشأن النفط والغاز "قرار المحكمة العليا الاتحادية مخالف لنص وروح ومبادئ النظام الاتحادي الحقيقية ، وانتهاك صريح ومعلن للحقوق والصلاحيات الدستورية لإقليم كوردستان ، 28/2/2022 ، " https://www.kurdistan24.net/ar    8-    1- بڕوانە كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی (مەسرور بارزانی) سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، پێنج شەممە 3/ئادار/2022 ، دەربارەی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی و مافە دەستوورییەكانی هەرێم و دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە. 9-    https://gov.krd/government/the-prime-minister 10-    2- ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان ، بە ئیمزای دادوەر ( عبدالجبار عزیز حسن ) سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان - عێراق ،17/5/2022 . 11-    1- مەسرور بارزانی : هەركەسێك سكاڵای لەسەر گەندەڵی هەیە با پێشكەشی دادگای بكات ،  https://www.kurdistan24.net/ckb/story/222085 ، 21/6/2022 .  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand