Draw Media

کام ئایدیۆلۆژیا لە هەرێمدا؟؟؟

کام ئایدیۆلۆژیا لە هەرێمدا؟؟؟

2025-02-23 09:35:35


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

شتێک بەناوی ئایدیۆلۆژیاوە لای هێزە سیاسییەکانی هەرێم بوونی نییە. هێزە سیاسییەکانی هەرێم نە ناسیۆنالیستن تا ناسیۆنالیزم وەک ئایدیۆلۆژیا، یان وەک پرنسیپی باڵادەستی ناو بیرکردنەوەی سیاسیان، ئامادەبێت،  نە هەڵگری ئەم یان ئایدیۆلۆژیای سیاسیشن. هەم ناسیۆنالیزم و هەم هەر ئایدیۆلۆژیەکی تر لەناو بیرکردنەوە و روانین و پراکتیکی سیاسیی ئەو هێزانەدا، غائیبە. سیاسەت لە هەرێمدا بێ جیهانبینیی و بێ ئاایدیۆلۆژیا و بێ فیکر کاردەکات. ئەوەی هەیە و کاردەکات شێوازێکی تایبەتی سوڵتانیزمی سیاسییە و خواست و ویست و قازانج و ئاستی تێگەیشتن و بیرکردنەوە و بیرنەکردنەوەی سوڵتانەکە خۆی، یان نوخبە سوڵتانییەکە، کە زۆرجار نوخبەیەکی خێزانیی و بنەماڵەییە، بڕیارەکان و هەڵسوکەوتەکان دیاریدەکات.
ئەوەی سیاسەت لە هەرێمدا ئاراستەدەکات سێ شتە. یەکەمیان، قازانجی بنەماڵە حوکمرانەکان. دووهەمیان، خواستی دەوڵەتانی دراوسێ. سێهەمیان سایکۆلۆژیای کەسی یەکەمی ناو سیستتمە دەسەڵاتدارییەکە کە لەسەر مۆدێلی خومەینی و سیستانی بە «مەرجەع» ناویبان دەبەن. هیچ یەکێکیش لەم سێ هۆکارە ناچنە ناو پێدراو و پێشمەرج و رەگەزەکانی هیچ ئایدیۆلۆژیایەک لە ئایدیۆلۆژیاکانەوە. تا سەردەمی ریفراندۆم بەرخۆریی و بەرخۆریزم، وەک خواست و ویست و توانای مەسرەفکردن و مەسرەفگەرایی، ئایدیۆلۆژیای باڵادەستبوو، بەڵام لە دوای ریفراندۆم و بچوکبوونەوەی توانا ئابوریی و سیاسییەکانی هەرێمەوە، ئەم ئایدیۆلۆژیایەش لاوازبووە و بەشێکی گەورەی ژیانی کۆمەڵگاکە تەواو پەیوەستە بە هاتن یان نەهاتنی موچەوە، لە بەغدا. ئەمەش وایکردوە بەرخۆریزم بگۆڕێت بۆ چاوەروانیکردنی هاتنی موچە و لەدەستدانی هەموو دڵنیایەکی مادیی.

لەسەرێکی دیکەوە زۆرینەی دانیشتوانی هەرێم هەم سیاسەتیان تەڵاقداوە، هەم هەرجۆرە پەیوەندییەک بە هێزە حوکمڕانەکان و هەم بە ئیسلامییەکان و هەم بەو هێزانەشەوە کە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن دەزانن. نەمانی متمانە و نەمانی باوەڕبە سیاسەت و بە هێزە سیاسییەکان، سایکۆلۆژیای دەستەجەمعی باڵادەستە لە هەرێمدا. مەسافەیەکی سیاسیی و ئەخلاقیی و رەمزیی گەورە لەنێوان بەشێکی گەورەی کۆمەڵگاکە و هێزە سیاسییەکاندا هەیە و دروستبووە. هێزە سیاسییە حوکمرانەکانیش ئیشکی زۆر و سیستماتیکیان بۆ لاوازکردن و پەراوێزخستن و بێدەنگکردنی کۆمەڵگای مەدەنی، ئەنجامداوە و ئەنجامئەدەن.

راستە ئیسلامی سیاسیی و ئیسلامی سەلەفی، بە بەراورد بە سەرەتای ساڵانی نەوەد گەشەیانکردوە، ئەوەش راستە کە کایەی دین لە هەرێمەکەدا بووە بە کایەیەکی تەواو ئاوساو. کتێبە تازەکەی من  بەناونیشانی «بەهەشتی ئیجباری» ئاوسانی ئەم کایەیە بە وردی نیشانئەدات. بۆ نموونە، دین لە باشووردا خاوەنی وەزارەتێکە کە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری دینییە. ئەم وەزارەتە وەزیر و جێگری وەزیر و چەندان بەڕێوەبەری گشتیی و هەزاران فەرمانبەری هەیە. ژمارەی ئەو کەسانەی لەم وەزارەتەدا کاردەکەن 12 هه‌زار و 218 كه‌سن، لەوانە بە فەرمی 8 هه‌زار و 7 كه‌سیان، فەرمانبەری خزمەتگوزار و بانگبێژ و پێشنوێژ و وتارخوێن و قورئان خوینن. جگە لەمە لە هەرێمدا 5 هه‌زار و 717 مزگەوت هەن کە لەناو 3 هه‌زار و 317 مزگەوتیاندا هەموو هەفتەیەک وتاری هەینی دەخوێندرێتەوە و پیاوانی دین، قسەی دینیی بۆ بەشێکی کۆمەڵگاکە، دەکەن. لەپاڵ ئەم ژمارە گەورەیەدا لە مزگەوت ١٨٩ تەکیە و خانەقای جۆربەجۆر هەن کە تەرخانن بۆ پەرەدان بە دین و دینداریی. ئینجا ١١٦ حوجرە و ٨٥ بنکەی لەبەرکردنی قورئانیش هەن کە منداڵان، کچان و کوڕان، تیایاندا کۆدەکرێنەوە بۆ وەرگرتنی وانەی دینیی و لەبەرکردنی قورئان. ئەمە جگە لە بوونی ١٧٢ مەرقەد و مەزاری دینیی کە کەسانی دیندار سەریان لێده‌دەن و زیارەتیان دەکەن. بە کورتییەکەی، لە هەرێمدا بەسەریەکەوە 6 هه‌زار و 279 مزگەوت و دەزگا و ناوەندی دینیی هەیە. ئەم ژمارەیە بە بەراوردکردن بە هەر بوارێکی تری ژیان لە هەرێمدا، هێجگار گەورەتر و قەبەترە.  هاوکات لە هەرێمدا تا ساڵی ٢٠١٨، بە فەرمی ٢٣ کەناڵی رادیۆی دینیی هەبوون و کاریانکردوە، کە رەنگە لە ئێستادا ئەو ژمارەیە زیاتر و گەورتریش بووبێت. ئەمە جگە لە بوونی زیاد لە ٣٠ کەناڵی تەلەفیزیۆنی دینیی. ئینجا ئەو ئیمپراتۆریەتە گەورەیەی میدیای دينييش کە چ بە دەنگ و بە وێنە و بە کاغەز و چ لە فۆرمی دیگیتالیدا هەیە و کاردەکات. ئەو ژێرخانە دینییەی لە هەرێمدا بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانەکەی هەیە، گەورەترە لەوەی لە کوەیت و ئەردەن و تونس و زۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی دراوسێدا هەن. سەرەرای ئەو دۆخە دینییە ئاوساوە، هێشتا کۆمەڵگاکە توانایەکی بەرچاوی بەرگریکردنی لە خۆی و لەو ئازادییە سادانەی هەبووە و هەیە، کە بەشە نادینیی و عەلمانی و ڕۆشنەگەرەکەی کۆمەڵگاکە و بەشە دینییە نائایدیۆلۆژیەکەی ناو کۆمەڵگاکە. لە مێژووی خۆیاندا بەرهەمیان هێناوە.

ئەم دۆخی ئاوسانە دینییە، لەسەرێکی دیکەوە، پەیوەندیی بە گۆڕان لە ستراتیژیەتی هێزە ئیسلامییەکانەوە هەیە. چەند ساڵێک لەمەوبەر لە نووسینێکدا باسم لەوەکرد ئیسلامییەکان بەو ڕاستییە گەیشتون کە ناتوانن دەسەڵاتی سیاسیی لە دوو خێزانە حوکمڕانەکەی هەرێم بسێننەوە، بۆیە بڕێکی بەرچاوی کارکردنیان لە ئاستی سیاسییەوە گواستۆتەوە بۆ ئاستی کۆمەڵگا و دەیانەوێت لە ڕێگای دروستکردنی دەسەڵاتێکی دینیی لە کۆمەڵگاکەدا پێگەیەک بۆ خۆیان دروستبکەن. ئەو ڤێستیڤاڵ و بۆنانەی بۆ باڵاپۆشکردن و حیجابلەسەرکردنی کچانی گەنج و ژنان ئەنجامیئەدەن، بەشێکە لەم وەرچەرخانە لە ستراتیژیەتی کارکردنیاندا. لەوەشدا هەموو توانا مادیی و میدیایی و مرۆییەکەی خۆیان خستۆتەکارەوە و وێنەیەکی تایبەت، زۆرجار وێنەیەکی ناڕاست، بۆ دەسەڵاتی دینیی و کۆمەڵایەتیی خۆیان دروستدەکەن. هەرچی ئیسلامی سیاسییە وەک ئیادیۆلۆژیا، ئەویش وەک زۆربەی ئایدیۆلۆژیاکانی تر، لەناویاندا ناسیۆنالیزم، لە دۆخی لاوازییەکی گەورە و هەمەلایەندان. هەرچی ئایدیۆلۆژیاکانی تری وەک لیبرالیزم و سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم وئەوانیترە، لە سنوورێکی تەواو بەرتەسکدان و کاریگەرییان هێجگار لاواز و پەراوەزییە.

بەم مانایە لە هەرێمدا هەرچییەک بوونی هەبێت و کاربکات شتێک بەناوی ئایدیۆلۆژیاوە بوونی نییە و کارناکات. ئەم نەبوونی ئیادیۆلۆژیایەش بەشێکە لە ستراتیژیەتی سەپاندنی هەیمەنەی دەسەڵاتێکی سوڵتانی بنەماڵەیی، کە ناخوازێت جگە لە ویست و خواست و قازانج و سایکۆلۆژیا سوڵتانییەکە هیچ شتێکی دیکە ئمادەبێت و کاربکات.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand