Draw Media

مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)   بە درێژایی مێژووی فیکر مرۆڤ بە شێوازی جیاواز پێناسکراوە و ئاکاری تایبەتی، پێبەخشراوە. ھەندێک دەڵێن مرۆڤ ”بوونەوەرێکی سیاسییە“، ھەندێکی دیکە وەک ”بوونەوەرێکی خاوەن زمان“ پێناسیدەکەن، کەسانێکیتر وەک ”بوونەوەرێکی ئامراز دروستکەر“ و ھەندێکی تر وەک ”بوونەوەرێکی خاوەن ویژدان“، ناویدەبەن. دەشێت پێناسێکیتر بۆ ئەم پێناسانە زیادبکەین و بڵێن مرۆڤ ”بوونەوەرێکی وەرزشکارە“. وەرزش وەک چالاکییەکی تایبەت بە مرۆڤ کە تیایدا لە پاڵ چێژوەرگرتندا، کێبڕکێ و بردنەوە و دۆڕاندن پێکھێنەرە سەرەکییەکانیەتی. لە ئێستادا گەورەترین وەرزشێکی جەستەیی کێبڕکێکاری پڕ لە ململانێ لەسەر زەوی، یاری فوتبۆڵ، یان تۆپی پێیە. فوتباڵ یارییەک ھەم شارەزایی و لێزانین و بەھرە و توانا و ڕاھێنان، رۆڵ لە بردنەوەیدا دەبینن، ھەم شانس و رێکەوتیش. یارییەکە ھەم توندوتیژیی تێدایە، ھەم رۆحی ھاریکاریی و پێکەوەکارکردن، ھەم ململانێ و پەلاماردانی یەکتریش. تۆپی پێ یارییەکە دەشێت مرۆڤ تیایدا بپێکرێت، بریندارببێت، پەکیبکەوێت، دەشێت تا ئاستی مردنیش، بڕوات. فوتبۆڵ گەورەترین یاریی سەر زەوییە، ژمارەیەکی گەورە لە مرۆڤ ئەنجامدانی ئەم یارییە بەشێکی گرنگیی ژیانی ڕۆژانەیانە، سەیرکردنی یارییەکەش یەکێکە لە چالاکییە سەرەکییەکانی ناو ژیانیان. یاری کۆتایی جامی جیھان لە ساڵی ٢٠٢٢دا لەلایەن ملیار و نیوێک مرۆڤەوە، سەریکراوە. فوتبۆڵ چیدی دیاردەیەکی ناوچەیی دیارکراو نییە، سەر بەم یان بەو بەش و میلەتی جیھانبێت بەتەنھا، بەڵکو دیاردەیەکی بەجیھانیبووە. یەکێکە لە دیاردە تازەکانی نیوەی دووھەمی سەدەی بیستەم، کە لەدوای پێشکەوتنە بەرچاوەکانی تەکنۆلۆژیای پەیوەندییەوە، بە تایبەتی لەدوای داھێنانی تۆڕەکانی ئینتەرنێت و تەلەفیزیۆنی ساتالایتەوە، چووەتە ھەموو کون و قوژبنێکی جیھانەوە. ئەم دۆخی بەجیھانیبوونە وایکردوە یانە گەورەکانی جیھان و یاریزانە بەناوبانگەکانیان، لە ھەموو شوێنکی جیھاندا ناسراوبن و ھاندەر و بەرگریلێکەری تایبەت بەخۆیان، ھەبێت. ئەگەر لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا فوتبۆڵ بە پلەی یەکەم یاری ناو شارەکان بووبێت، ھەر تیپ و یانەیەک تیپ و یانەی شار یان ناوچەیەکی سنوورداریی بچووک بوووبێت، ئەوا لە ئێستادا ئەو تیپ و یانانە تیپ و یانەی جیھانین و سنوورەکانی دەوڵەتی نەتەوەشیان تێپەڕاندوە و لە زۆر شوێنی جیھاندا ھاندەری سەرسەخت و پەڕگیریان ھەیە. ھەر دوێنێ لە ھەولێر گەنجێک لەسەر بەرگریکردن لە یەکێک لە تیپەکان لەلایەن بەرگریکەران لە تیپێکی ترەوە کوژرا. ئەو ھەڵچون و داچونە سایکۆلۆژییەش کە یارییەکە دروستیدەکات، بووە بە ھەڵچون و داچونێکی جیھانیی و ڕێیکەوتۆتە ناو دونیای سایکۆلۆژیی ملیۆنەھا مرۆڤەوە. خاوەندارێتی یانەکان خۆیشیان بەجیھانیبوون، خاوەی یانەی پاریس سان جێرمان فەرەنسییەکی خەڵکی پاریس یان ھەر بەشێکی تری فەرەنسا نییە، بەڵکو ملیاردلێردێکی خەلیجییە. ئەمڕۆ فوتبۆڵ یەکێک لە رووکارە ھەرەبەرچاوەکانی ئەو سیستمی سەرمایەدارییە بەجیھانیبووەیە کە ملیارەھا دۆلاری لەخۆیگرتوە. تا دێتیش گرانتر و بازرگانیتر و سەرمایەگوزارتردەبێت و دەبێتە یەکێک لە بزنسە پارەپەیداکەرە گەورەکانی جیھان. تیپەکان خۆیشیان تیپی بەجیھانیبوون، ھەڵبژاردەکانی وەک ھۆڵەندا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئینگلتەرە، تەنانەت ھەڵبژاردەی وڵاتانی ئەسکەندەنافیش، یاریزانی ھەمەجۆریان تێدایە، ھەیانە نیوە ئەفریقیی، نیوە ئاسیایی رەشپێستن، کە پاشخانێکی تەواو جیاوازیان ھەیە، لەو یاریزانە ئەوروپییانە کە چەندان نەوەیە خەڵکی وڵاتەکەن. ھەڵبژاردەی ھەندێک لەو وڵاتانە کەسانی ڕەشپێست و نائەوروپییان لێدەربھێنە ھیچی ئەوتۆیان نامێنێتەوە. ئەم فرەشێوەییەی ھەڵبژاردە نەتەوەییەکان، تەواو نانکۆکە بەو سیاسەتە راستڕەوە و ڕاسیستیی و نیمچەراسیستییانەی ئەمڕۆکە لە بەشێکی زۆری وڵاتە ئەوروپییەکاندا دروستبووە و کاردەکات. ھەڵبژاردە نەتەوەییەکان ھێما بۆ دروستبوونی نەتەوەیەکی تازەدەکەن، لە کاتێکدا ڕاسیستەکان بەرگریی لە مانا کۆن و تێپەڕەکانی نەتەوە، دەکەن. کەم بوار وەک فوتبۆڵ نیشانیئەدات پێکھاتی دانیشتوانی وڵاتانی ئەوروپا، چ گۆڕانکارییەکی گەورە و ھەمەجۆری بەسەرداھاتوە. یەکێک لە جوانییەکانی یارییەکەش لە کۆکردنەوەی ئەو ھەموو مرۆڤە جیاوازەدایە لەناو یەک تیپدا. بەڵام فوتبۆڵ تەنھا فوتبۆڵ نییە، تەنھا یارییەک نییە لە پاڵ یارییەکانی دیکەدا، ھەر وەرزشیش نییە و بەس، بەڵکو ھاوکات چەندان شتی دیکەشە. فوتبۆڵ لە ئێستادا جۆرێکە لە شوناس، شوناسی تاکەکەسیی و دەستەجەمعیی. کەسانێک دروستبوون فوتباڵیان لێبسێنەرەوە شوناسێکی گونجاویان بۆ نامێنێتەوە. شوناسی ”بەرشەیی“ یان ”ڕیاڵی“ دوو جۆر شوناسی بەجیھانیبوون و  بوون بە بەشێک لەو شێوازی خۆوێناکردن و خودبینینانەی کەسانێکی زۆر، لە دەرەوەی بەرشلۆنە و مەدریدا، بۆ خۆیان و ناسنامانەی خۆیان ھەیە. ئەم شوناسە بەجیھاینبووانە تاکە شێوازی دروستبوونی شوناسی دەستەجەمعی تازە نییە، لەپاڵ ئەمانەدا تیپە نەتەوەیی و ناوچەییەکانیش ھەوادار و بەرگریلێکەری خۆیان ھەیە و لە فۆری گروپی جیاوازدا ھەریەکێکیان شوناسێکی پێکەوەیی جیاواز بەخۆیان دەبەخشن. واتە فوتبۆڵ ھەم دروستکەری شوناسێکی بەجیھانیبو و ھەم دروستکەری شوناسی ناوچەیی و لۆکاڵیی ھەمەجۆریشە. ھاوکات فوتبۆڵ بووتە ھۆکارێک بۆ گرێدانی تاکەکەس بە دەرەوەی تاکەکەس خۆیەوە، شوناسی تاکەسیی گرێئەدات بە شوناسی گروپیی و دەستەجەمعیەوە، تا گرێدانی بە شوناسی نەتەوەیی و بە شوناسی بەجیھانیبوونیشەوە. گروپەگەرایی و دەستەجەمعیبوون بەشێکی ھێجگار گرنگی شوناسی ئەو گروپە ھاندەرانەیە کە فوتبۆڵ لە کۆمەڵگاکاندا، دروستیاندەکات. ئەم گروپانە دەشچنە پەیوەندیی تایبەتەوە لەناو خۆیان و لەگەڵ گروپەکانی دیکەدا. لەدوای دروستبوونی سوشیال میدیاشەوە جۆرێک لە شوناسی دەستەجەمعی دیگیتاڵی دروستبووە کە بەشێکی سەرەکیی و بنەڕەتیی شوناسی ژمارەیەکی گەورە لە تاکەکەسەکانە. زۆربەی جاریش فوتباڵ دەربڕی شوناسی نەتەوەیی و بەھێزکردنەوە و پێداگرتنەوەیە لەسەر ئەم شوناسە. زۆرجار نەتەوە لەناو فوتبۆڵدا خۆی سەرلەنێ دروستدەکاتەوە و پێ لەسەر بوونی بەھێزی خۆی دادەگرێت. ھاندەرە پرتەقاڵییەکانی ھۆڵەندا لەناو شارەکانی ئەڵمانیا و لەناو یاریگاکاندا، چین، ئەگەر ھۆڵەندییەکی پرتەقاڵیی نەبن و ھێما بۆ نەتەوەی ھۆڵەندیی نەکەن. لە ڕاستیدا فوتبۆڵ، ھەم ئەنجامدانیی و ھەم سەیرکردنی دەتوانێت تا ئەو ئاستە بڕوات کە ببێت بە جۆرێکی تایبەت لە ژیان و شێوازێکی تایبەتی پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیی. بە دەوری فوتبۆڵدا ھەم ژێرخانێکی مادیی گەورە و ھەم پەیوەندیی جیاواز و ھەم فۆرمی تازەی پێکەوەبوون دروستبووە، کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا بوونی نەبووە. ھەموو ئەمانە بەشێکن لە ژیانی خەڵک، بە تایبەتی کە ئینتەرنێت و ساتالایت دەتوانن یاریگاکانی جیھان بھێننە ناو ژووری دانیشتن و خەوتنەکانی ژمارەیەکی گەورەوە لە تەماشاکەران. بێگومان شێوازی ھاندەربوون و پشتگیریکردنیش جیاواز و فرەجۆرە. جیاکردنەوەی ھاندەرانی ئاسایی، کە شتێک لە چێژ و شتێک لە ئینتیما و شتێک لە خۆشەویستیی دەیانجوڵێنێت، جیاوازە لەو ھاندەرانەی ناوی ”ئولترا“ و ”ھولیگەن“یان لێنراوە. ”ئولترا“ و ”ھولیگەن“ ئەو ھاندەرانەن کە پەڕگیرن و ئاژاوە دەنێنەوە و پەنا بۆ بەکارھێنانی توندوتیژییش دەبەن، زۆرجار توندوتیژیی رێکخراو و دەستەجەمعیی. بڕێک لە ڕق و بڕێک لە ململانێی توند و بڕێک لە ئاژاوەگێڕی لەناو ھەندێک لە ھاندەراندا ھەیە. ھولیگەنیزم دیاردەیەکە لەئینگلەتەرەدا دروستدەبێت و ھەر لەوێشەوە بەجیھانیی دەبێت. بەڵام دیاردەی ئولترا لە ئیتالیادا دروستدەبێت و لەوێوە بەجیھاندا بڵاودەبێتەوە. ھەردوو دیاردەکە بەستراونەتەوە بە توندوتیژیی و تێکدان و ئاژاوەگێڕییەوە، ھەندێکجار توندوتیژییەکی دڵڕەق و دوژمنکارانەش، کە بە شەڕ و پەلاماردان کۆتاییاندێت و دەشێت تا ئاستی کوشتن و خوێنڕشتنیش، بڕۆن. بەڵام لە زۆر وڵاتدا ھاندەرە پەڕگیرەکان تەنھا کەسانێکی پەڕگیر نین، بەڵکو ھەڵگری دیدگای سیاسیی تایبەتیشن، جا یان سەر بە ھێزە چەپگەرەکانن، یان سەر بە ھێزە ڕاسترەوەکان. لە ساتەوەختی ڕاپەڕینەکانی بەھاری عەرەبیدا، ھاندەرە پەڕگیرەکان لە میسر، ڕۆڵێکی گرنگیان لە بەرفراوانبوونی سنووری خۆپیشاندانەکان و بەجەماوەریکردنی ڕاپەڕینەکاندا، بینیی. لە وڵاتێکی وەک ھۆڵەندادا یانەی ئاجاکس ئەمستردام نوێنەری بەشە دەوڵەمەندەکەی وڵاتەکە و یانەی فاینۆرد نوێنەری بەشە کەم دەرامەتەکەی، وڵاتەکەیە. بە مانایەک لە ماناکان، بەرشلۆنە بەشێکە لە خەونی ھەندێک لە کاتالۆنییەکان بۆ سەربەخۆیی، بەڵام ڕیاڵ مەدریدە نوێنەری دەسەڵاتی ناوەندیی دەوڵەتی ئیسپانیایە. بردنەوەی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی ھۆڵەندا لە تورکیا، لە پاڵەوانێتی وڵاتانی ئەوروپادا کە دوێنێ شەو لە بەرلین ڕوویدا، بۆ خەڵکی کوردستان مانایەک و بۆ ھەوادارانی گورگە بۆرەکانی تورکیا مانایەکی دیکەی ھەبوو. لە عێراقیشدا یانەی ”ڕەشید“ی سەردەمی عودەی کوڕی سەدام حوسەین، یانەیەک بوو زۆربەی خەڵکی عێراق ڕقیان لێیبوو، لەبەر ئەوەی خاوەنەکەی عودەی کوڕی سەدام حوسەین بوو. بەم مانایە ھەم فوتباڵ و ھەم یاریگاکان دەتوانن ڕووبەرێکی تایبەتی ئیشکردنی سیاسەت و پەرەدان بە مەیل و ئینتیمای سیاسیی تایبەت، بن. ئەگەرچی بەردەوام پێ لەسەر جیاکردنەوەی وەرزش و سیاسەت دادەگیرێت، بەڵام فوتباڵ دەتوانێت شوێنێک بێت بۆ دەربڕینی ڕەخنەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ھەمەجۆر. لە جامی جیھانی ڕابردوودا لە قەتەر، ھەم پاڵەوانێتییەکە و ھەم ھەندێک لە یارییەکان وەک جۆرێک لە ڕەخنەکردنی پێگەی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا بەکارھات. یاریزانەکەی ھەڵژاردەی تورکیاش یاریگاکەی بۆ پرۆپاگەندەکردن لە شوناسی گورگەبۆرەکان بەکارھێنا. لە ھەموو ئەو دۆخانەدا یاریگا دەبێتە ھەڵگری رەھەندێکی سیاسیی تایبەت. فوتبۆڵ لە ھەمانکاتدا ئەزموونێکی ئیستاتیکی تایبەتیشە، جۆرێکی تایبەتە لە جوانیی. ئەم جوانییە ھەندێکجار لە توانا تاکەکەسییەکانی ئەم یان ئەو یاریزانەوە دروستدەبێت، وەک توانا تایبەتییەکانی میسیی یان ڕۆنالدینۆ، یان لە کاریی پێکەوەیی و دەستەجەمعیی تیپەکەوە وەک گشتێک، وەک یارییەکانی ھەڵبژاردەی ھۆڵەندا و ئەڵمانیا و ئیسپانیا. راستە زۆرجار ئەنجامی یارییەکە لە ھەمووشتێکی دیکە گرنگترە، بەڵام ئەنجامی دابڕاو لە جوانیی ئەنجامێکی بێچێژە، دابڕاوە لە رەھەندە ئیستاتیکییەکەی یاریەکە.  


راپۆرتی: درەو 🔹 لەسەر ئاستی گشتی عێراق و هەرێمی و کوردستان ژمارە زانکۆکان گەیشتووە بە (145) زانکۆ کە (97) زانکۆیان بە رێژەی (67%) زانکۆی تایبەت و (48) زانکۆیان بە ڕێژەی (33%) زانکۆی گشتی (حکومی)ین. 🔹 لە دوای پارێزگای بەغدا کە (42) زانکۆی تێدایە و (9)یان زانکۆی گشتی و (33)یان زانکۆی تایبەتن، پارێزگای هەولێر دێت و (14) زانکۆی تێدایە کە تەنها (5) یان گشتییەو (9)یان زانکۆی تایبەتن، لە دوای پارێزگای هەولێریشەوە لەسەر ئاستی گشتی عێراق پارێزگای سلێمانی بە پلەی سێیەم دێت لە ڕووی زۆری ژمارەی زانکۆوە کە (12) زانکۆی تێدایە (6)یان گشتی و (6) زانکۆشیان تایبەتن. ژمارەی زانکۆ گشتی و تایبەت (ئەهلی)یەکان لە سەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی گشتی عێراق و هەرێمی و کوردستان ژمارە زانکۆکان گەیشتووە بە (145) زانکۆ کە (97) زانکۆیان بە رێژەی (67%) زانکۆی تایبەت و (48) زانکۆیان بە ڕێژەی (33%) زانکۆی گشتی (حکومی)ین. لە دوای پارێزگای بەغدا کە (42) زانکۆی تێدایە و (9)یان زانکۆی گشتی و (33)یان زانکۆی تایبەتن، پارێزگای هەولێر دێت و (14) زانکۆی تێدایە کە تەنها (5) یان گشتییەو (9)یان زانکۆی تایبەتن، لە دوای پارێزگای هەولێریشەوە لەسەر ئاستی گشتی عێراق پارێزگای سلێمانی بە پلەی سێیەم دێت لە ڕووی زۆری ژمارەی زانکۆوە کە (12) زانکۆی تێدایە (6)یان گشتی و (6) زانکۆشیان تایبەتن. بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە (چارتی یەکەم). چارتی یەکەم یەکەم؛ زانکۆ گشتی و تایبەت (ئەهلی)یەکان لە سەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێم لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک)، (32) زانکۆی گشتی (حکومی) و تایبەت (ئەهلی) هەیە، کە (14)یان زانکۆی گشتی و (18)یان زانکۆی تایبەت (ئەهلی)ن، بەجۆرێک؛ 1.    زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای هەولێر لە پارێزگای هەولێر (9) زانکۆی ئەهلی و (5) زانکۆی حکومی هەن، کە لە ساڵانی جیاوازدا دامەزراون ئەوانیش: •    زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای هەولێر -    زانکۆی سەڵاحەدین لە ساڵی (1981) دامەزراوە. -    زانکۆی هەولێری پزیشکی لە ساڵی (2005) دامەزراوە. -    زانکۆی کۆیە لە ساڵی (2003) دامەزراوە. -    زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە ساڵی (1996) دامەزراوە. -    زانکۆی سۆران لە ساڵی (2009) دامەزراوە. •    زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای هەولێر -    زانکۆی نۆلیج لە ساڵی (2009) دامەزراوە. -    زانکۆی لوبنانی فەرەنسی لە ساڵی (2007) دامەزراوە. -    زانکۆی جیهان فەرەنسی لە ساڵی (2007) دامەزراوە. -    زانکۆی نێودەوڵەتی هەولێر لە ساڵی (2017) دامەزراوە. -    زانکۆی بەیان لە ساڵی (2013) دامەزراوە. -    زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی لە ساڵی (2007) دامەزراوە. -    زانکۆی کاسۆلیکی هەولێر لە ساڵی (2015) دامەزراوە. -    کۆلێژی قەڵای زانکۆیی لە ساڵی (2018) دامەزراوە. -    زانکۆی کوردستان – هەولێر لە ساڵی (2006) دامەزراوە. 2.    زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای سلێمانی لە پارێزگای سلێمانی (6) زانکۆی ئەهلی و (6) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: •    زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای سلێمانی -    زانکۆی سلێمانی لە ساڵی (1968) دامەزراوە. -    زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە ساڵی (1996) دامەزراوە. -    زانکۆی چەرموو لە ساڵی (2014) دامەزراوە. -    زانکۆی گەرمیان لە ساڵی (2010) دامەزراوە. -    زانکۆی ڕاپەڕین لە ساڵی (2010) دامەزراوە. -    زانکۆی هەڵەبجە لە ساڵی (2014) دامەزراوە. •    زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای سلێمانی -    زانکۆی ئەمریکی لە ساڵی (2007) دامەزراوە. -    زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە ساڵی (2008) دامەزراوە. -    زانکۆی جیهان لە ساڵی (2007) دامەزراوە. -    زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنۆلۆجیا لە ساڵی (2009) دامەزراوە. -    زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی لە ساڵی (2007) دامەزراوە. -    زانکۆی گۆیژە لە ساڵی (2018) دامەزراوە. 3.    زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای دهۆک لە پارێزگای دهۆک (3) زانکۆی ئەهلی و (3) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: •    زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای دهۆک -    زانکۆی دهۆک لە ساڵی (1992) دامەزراوە. -    زانکۆی زاخۆ لە ساڵی (2005) دامەزراوە. -    زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە ساڵی (1988) دامەزراوە. •    زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای دهۆک -    زانکۆی ئەمریکی لە ساڵی (2014) دامەزراوە. -    زانکۆی نەورۆز لە ساڵی (2004) دامەزراوە. -    زانکۆی جیهان لە ساڵی (2007) دامەزراوە. دووەم؛ زانکۆ گشتی و تایبەت (ئەهلی)یەکان لە سەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق لەسەر ئاستی (15) پارێزگاکەی عێراق (113) زانکۆی گشتی (حکومی) و تایبەت (ئەهلی) هەیە، کە (34)یان زانکۆی گشتی و (78)یان زانکۆی تایبەت (ئەهلی)ن، بەجۆرێک؛ 1.    زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای بەغداد بەغدای پایتەخت لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق زۆترین زانکۆی حکومی و ئەهلی تێدایە، کە (33) زانکۆی ئەهلی لەخۆدەگرێت کە کۆنترینیان زانکۆی میراتە حزبی دەعوەی ئیسلامی خاوەندارێتی دەکات لە ساڵی 1988 دروستکراوە، هاوکات (9) زانکۆی گشتی (حکومی) لەو پارێزگایەیە، ئەوانیش؛ •    زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای بەغداد -    زانکۆی بەغدا لە ساڵی (1957) دامەزراوە. -    زانکۆی موستەنسریە لە ساڵی (1963) دامەزراوە. -    زانکۆی نەهرەین لە ساڵی (1987) دامەزراوە. -    زانکۆی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان لە ساڵی (2014) دامەزاوە. -    زانکۆی عێراقیە لە ساڵی (1989) دامەزراوە. -    زانکۆی پۆلیتەکنیکی ناوەند لە ساڵی (2014) دامەزراوە. -    زانکۆی کەرخ بۆ زانست لە ساڵی (2014) دامەزراوە. -    زانکۆی ئبن سینا بۆ زانستی پزیشکی و دەرمانسازی لە ساڵی (2014) دامەزراوە. -    زانکۆی تەکنەلۆجیا لە ساڵی (1975) دامەزراوە. •    زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای بەغداد -    زانکۆی توراس لە ساڵی (1988) دامەزراوە. -    کۆلێژی مەنسوری زانکۆیی لە ساڵی (1988) دامەزراوە. -    کۆلێژی رافدەینی زانکۆیی لە ساڵی (1988) دامەزراوە. -    کۆلێژی مەئمونی زانکۆیی لە ساڵی (1990) دامەزراوە. -    کۆلێژی بەغداد بۆ زانست و ئابوری زانکۆیی لە ساڵی (1996) دامەزراوە. -    کۆلێژی بەغداد بۆ زانستی پزیشکی لە ساڵی (2000) دامەزراوە. -    کۆلێژی شاری زانستی زانکۆیی لە ساڵی (2004) دامەزراوە. -    کۆلێژی دیجلەی زانکۆیی لە ساڵی (2004) دامەزراوە. -    کۆلێژی سەلامی زانکۆیی لە ساڵی (2005) دامەزراوە. -    کۆلێژی ئسوڵی زانستی زانکۆیی لە ساڵی (2011) دامەزراوە. -    کۆلێژی رەشیدی زانکۆیی لە ساڵی (2010) دامەزراوە. -    کۆلێژی سەدری عێراقی زانکۆیی لە ساڵی (2009) دامەزراوە. -    کۆلێژی حیکمەی زانکۆیی لە ساڵی (2009) دامەزراوە. -    ئیمام جەعفەر سادق لە ساڵی (2004) دامەزراوە. -    کۆلێژی ئەسرائی زانکۆیی لە ساڵی (2013) دامەزراوە. -    زانکۆی فەراهیدی لە ساڵی (2012) دامەزراوە. -    کۆلێژی مستەفای زانکۆیی لە ساڵی (2013) دامەزراوە. -    کۆلێژی فارابی زانکۆیی لە ساڵی (2013) دامەزراوە. -    کۆلێژی ئەلبانی زانکۆیی لە ساڵی (2012) دامەزراوە. -    کۆلێژی نوخبەی زانکۆیی لە ساڵی (2014) دامەزراوە. -    کۆلێژی نسوری زانکۆیی لە ساڵی (2011) دامەزراوە. -    کۆلێژی ئامالی زانکۆیی لە ساڵی (2015) دامەزراوە. -    زانکۆی ئوروک لە ساڵی (2015) دامەزراوە. -    کۆلێژی هادی زانکۆیی لە ساڵی (2015) دامەزراوە. -    کۆلێژی بەیان لە ساڵی (2016) دامەزراوە. -    کۆلێژی ئاشور لە ساڵی (2017) دامەزراوە. -    کۆلێژی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی زانکۆیی لە ساڵی (2017) دامەزراوە. -    کۆلێژی گلگامش لە ساڵی (2019) دامەزراوە. -    زانکۆیی ئەمریکی لە ساڵی (2021) دامەزراوە. -    زانکۆی مەشرق لە ساڵی (2020) دامەزراوە. -    کۆلێژی ئبن خەلدون لە ساڵی (2020) دامەزراوە. -    زانکۆی شەعب لە ساڵی (2022) دامەزراوە. -    زانکۆی مستەفا ئەمین لە ساڵی (2022) دامەزراوە. 2.    زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای نەینەوا لە پارێزگای نەینەوا (2) زانکۆی ئەهلی و (5) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: •    زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای نەینەوا -    زانکۆی موسڵ لە ساڵی (1959) دامەزراوە. -    زانکۆی نەینەوا لە ساڵی (2014) دامەزراوە. -    زانکۆی تەلەعفەر لە ساڵی (2010) دامەزراوە. -    زانکۆی حەمدانیە لە ساڵی (2014) دامەزراوە. -    زانکۆی پۆلەتەکنیکی باکور لە ساڵی (2014) دامەزراوە. •    زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای نەینەوا -    کۆلێژی حودەبای زانکۆیی لە ساڵی (1994) دامەزراوە. -    زانکۆی نور لە ساڵی (2013) دامەزراوە. 3.    زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای سەڵاحەدین لە پارێزگای سەڵاحەدین (2) زانکۆی ئەهلی و (2) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: •    زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای سەڵاحەین -    زانکۆی سامەرا لە ساڵی (2012) دامەزراوە. -    زنکۆی تکریت لە ساڵی (1987) دامەزراوە. •    زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای سەڵاحەین -    ئیمام جەعفەر سادق لە ساڵی (2004) دامەزراوە. -    کۆلێژی ئیمامی زانکۆیی لە ساڵی (2010) دامەزراوە. 4.    زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای ئەنبار لە پارێزگای ئەنبار (3) زانکۆی ئەهلی و (2) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: •    زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای ئەنبار -    زانکۆی فەلوجە لە ساڵی (2014) دامەزراوە. -    زسنکۆی ئەنبار لە ساڵی (1987) دامەزراوە. •    زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای ئەنبار -    کۆلێژی مەعاریفی زانکۆیی لە ساڵی (1993) دامەزراوە. -    کۆلێژی هودا لە ساڵی (1996) دامەزراوە. -    کۆلێژی ئیدریسی زانکۆیی لە ساڵی (2017) دامەزراوە. 5.    زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای کەرکوک لە پارێزگای کەرکوک (3) زانکۆی ئەهلی و (1) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: •    زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای کەرکوک -    زانکۆی کەرکوک لە ساڵی (2003) دامەزراوە. •    زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای کەرکوک -    زانکۆی ئیمام جەعفەر سادق لە ساڵی (2004) دامەزراوە. -    زانکۆی قەڵەم لە ساڵی (2009) دامەزراوە. -    زانکۆی قەڵەم لە ساڵی (2012) دامەزراوە. 6.    زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای بەسرە لە پارێزگای بەسرە (5) زانکۆی ئەهلی و (3) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: •    زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای بەسرە -    زانکۆی بەسرە لە ساڵی (1964) دامەزراوە. -    زانکۆی بەسرە بۆ نەوت غاز لە ساڵی (2014) دامەزراوە. -    زانکۆی پۆلەتەکنیکی باشور لە ساڵی (2014) دامەزراوە. •    زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای بەسرە -    کۆلێژی شەتولعەرەبی زانکۆیی لە ساڵی (1993) دامەزراوە. -    کۆلێژی عێراقی زانکۆیی لە ساڵی (2005) دامەزراوە. -    کۆلێژی کونوزی زانکۆیی لە ساڵی (2013) دامەزراوە. -    زانکۆی معقل (AMIU) لە ساڵی (2020) دامەزراوە. -    کۆلێژی فەرقەدینی زانکۆیی لە ساڵی (2015) دامەزراوە. 7.    زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای نەجەف لە پارێزگای نەجەف (5) زانکۆی ئەهلی و (3) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: •    زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای نەجەف -    زانکۆی کوفە لە ساڵی (1987) دامەزراوە. -    زانکۆی جابر بن حەیانی پزیشکی لە ساڵی (2013) دامەزراوە. -    زانکۆی فوراتی ناوەندی پۆلەتەکنیکی لە ساڵی (2014) دامەزراوە. •    زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای نەجەف -    زانکۆی ئیسلامی لە ساڵی (2009) دامەزراوە. -    زانکۆی کەفیل لە ساڵی (2005) دامەزراوە. -    کۆلێژی شێخ توسی لە ساڵی (2005) دامەزراوە. -    زانکۆی ئیمام جەعفەر سادق لە ساڵی (2009) دامەزراوە. -    کۆلێژی فقهی زانکۆیی لە ساڵی (2014) دامەزراوە. -    ی زانکۆیی لە ساڵی (2015) دامەزراوە. 8.    زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای کەربەلا لە پارێزگای کەربەلا (10) زانکۆی ئەهلی و (1) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: •    زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای کەربەلا -    زانکۆی کەربەلا لە ساڵی (2002) دامەزراوە. •    زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای کەربەلا -    زانکۆی ئەهل بەیت لە ساڵی (2004) دامەزراوە. -    کۆلێژی حوسێنی زانکۆیی لە ساڵی (2010) دامەزراوە. -    کۆلێژی سەفوەی زانکۆیی لە ساڵی (2013) دامەزراوە. -    کۆلێژی تەفی زانکۆیی لە ساڵی (2014) دامەزراوە. -    کۆلێژی زەهراوی زانکۆیی لە ساڵی (2014) دامەزراوە. -    زانکۆی وارس ئەنبیا لە ساڵی (2017) دامەزراوە. -    زانکۆی عەمید لە ساڵی (2017) دامەزراوە. -    کۆلێژی زەهرای کچان لە ساڵی (2019) دامەزراوە. -    کۆلێژی ئەمەلی پزیشکی لە ساڵی (2021) دامەزراوە. -    زانکۆی تەهران بۆ زانستە پزیشکییەکان لە ساڵی (2022) دامەزراوە. 9.    زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای میسان لە پارێزگای میسان (3) زانکۆی ئەهلی و (1) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: •    زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای میسان -    زانکۆی میسان لە ساڵی (2007) دامەزراوە. •    زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای میسان -    زانکۆی ئیمام جەعفەر لە ساڵی (2004) دامەزراوە. -    کۆلێژی منارە بۆ زانستە پزیشکییەکان لە ساڵی (2017) دامەزراوە. -    کۆلێژی عەمارەی زانکۆیی لە ساڵی (2017) دامەزراوە. 10.    زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای موسەننا لە پارێزگای موسەننا (2) زانکۆی ئەهلی و (1) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: •    زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای موسەننا -    زانکۆی موسەننا لە ساڵی (2007) دامەزراوە. •    زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای موسەننا -    زانکۆی ئیمام جەعفەر لە ساڵی (2009) دامەزراوە. -    زانکۆی سەماوە لە ساڵی (2020) دامەزراوە. 11.    زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای دیالە لە پارێزگای دیالە (3) زانکۆی ئەهلی و (1) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: •    زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای دیالە -    زانکۆی دیالە لە ساڵی (1999) دامەزراوە. •    زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای دیالە -    کۆلێژی یەرموکی زانکۆیی لە ساڵی (1996) دامەزراوە. -    زانکۆی ئیمام جەعفەر لە ساڵی (2010) دامەزراوە. -    کۆلێژی بیلاد رافدرینی زانکۆیی لە ساڵی (2014) دامەزراوە. 12.    زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای زیقار لە پارێزگای زیقار (4) زانکۆی ئەهلی و (1) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: •    زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای زیقار -    زانکۆی زیقار لە ساڵی (2000) دامەزراوە. •    زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای زیقار -    زانکۆی ئیمام جەعفەر لە ساڵی (2012) دامەزراوە. -    کۆلێژی مەزایای زانکۆیی لە ساڵی (2012) دامەزراوە. -    زانکۆی نیشتمانی بۆ زانست و تەکنۆلۆژیا لە ساڵی (2015) دامەزراوە. -    زانکۆی عەین لە ساڵی (2017) دامەزراوە. 13.    زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای واست لە پارێزگای واست (1) زانکۆی ئەهلی و (1) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: •    زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای واست -    زانکۆی واست لە ساڵی (2003) دامەزراوە. •    زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای واست -    کۆلێژی کوتی زانکۆیی لە ساڵی (2012) دامەزراوە. -     14.    زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای دیوانیە لە پارێزگای دیوانیە (1) زانکۆی ئەهلی و (1) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: •    زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای دیوانیە -    زانکۆی قادسیە لە ساڵی (1987) دامەزراوە. •    زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای دیوانیە -    زانکۆی ئیسلامی لە ساڵی (2009) دامەزراوە. 15.    زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای بابل لە پارێزگای بابل (3) زانکۆی ئەهلی و (2) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: •    زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای بابل -    زانکۆی بابل ساڵی (1991) دامەزراوە. -    زانکۆی قاسم خەزرا ساڵی (2012) دامەزراوە. •    زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای بابل -    زانکۆی ئیسلامی لە ساڵی (2018) دامەزراوە. -    کۆلێژی حلەی زانکۆیی لە ساڵی (2009) دامەزراوە. -    زانکۆی مستەقبەل لە ساڵی (2010) دامەزراوە.   سەرچاوە؛ ماڵپەڕی ئەلساعە


راپۆرت: درەو چاككردنی دۆخی ئابوری لە وڵاتێكدا كە ماوەی پێنج ساڵە نرخی هەڵاوسان تێیدا لە 30%ی بەرەو خوار دانەبەزیوە، یەكێك لە گرنگترین ئاڵنگارییەكانی بەردەم مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ریفۆرمخوازی نوێی ئێرانە، ئەو دەیەوێت بە هەڵگرتنی سیستەمی فیلتەرنیگ لەسەر تۆڕەكانی ئینتەرنێت دەرفەتی كار زیاد بكات، بە دانوستانیش لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا سزا ئابورییەكان هەڵگرێت، لە مەسەلەی حیجابی زۆرەملێدا توند نییەو داوای كرانەوە دەكات، باسی كردنەوەی دەرگاكانی ئێران و راكێشانی سەرمایەگوزاری بیانی دەكات، بەڵام بۆ جێبەجێكردنی ئەم سیاسەتانە دەبێت مل بۆ پەرلەمان بدات كە زۆرینەیان ئوسوڵگەرا توندڕەوەكانن، قسەیەك هەیە دەڵێ تەنانەت لەو كاتانەشدا كە ریفۆرمخوازیان لەسەر دەسەڵات بوون، لە كۆتاییدا ئێران هەر سیاسەتە پارێزگارانەكەی خۆی پەیڕەو كردووە، ئاڵنگارییەكانی بەردەم سەرۆكی نوێی ئێران لەم راپۆرتەدا.  دواین ریفۆرمخواز لە سەرۆكایەتیدا تاكە كاندید لە دەرەوەی رەوتی پارێزگاران (یان وەكو فارسەكان خۆیان دەڵێن ئوسوڵگەراكان) كە توانی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئێراندا سەعید جەلیلی توشی شكست بكات، ئەم پزیشكی نەشتەرگەریی دڵ و وەزیری پێشووی تەندروستییە بوو، كە خوازیاری رێككەوتن لەگەڵ خۆرئاوایە، بەڵام دەبێت ئەوە لەبەرچاوبگیرێت ئایا تا چ ئەندازەیەك لە بەجێهێنانی بەڵێنەكانی هەڵبژاردندا سەركەوتوو دەبێت.  پزیشكیان كە تاكە كاندیدی دەرەوەی رەوتی پارێزگاران بوو كە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كاندیدبوونی قبوڵكرا، لەسەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردندا سەركەوتوو بوو لەوەی پشتیوانی رابەران و گروپە ریفۆرمخوازە میانڕەوەكان بۆ خۆی كۆبكاتەوە، لەوانە محەمەد خاتەمی هەروەها (مەهدی كەڕوبی) كە چەندین ساڵە لەلایەن دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامییەوە ماڵبەند كراوە. پزیشكیان لە كابینەی دووەمی ریفۆرمخوازاندا وەزیری تەندروستی بووە، بەرگری لە ناڕەزایەتییەكانی ساڵی 2009 كردووە دژی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی 2021 كاندیدی سەرۆكایەتیی بووەو كاندیدبوونەكەی رەتكراوەتەوە، لە پێنج خولی پەرلەماندا ئەنجام بووەو جارێكیش بووە بە جێگری سەرۆكی پەرلەمان.  یەكەمین پرس كە دوای هەڵبژاردن روبەڕووی هەر سەرۆك كۆمارێكی نوێ دەبێتەوە ئەوەیە ئایا كێ لە پۆستە وزەرییەكانیدا دادەنێت.  بەگوێرەی دەستوری ئێران، دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، چەند رێوڕەسمێك بەڕێوەدەچن، دەركردنی فەرمانی دەستبەكاربوون لەلایەن رابەری باڵاوە، پاشان مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆك كۆمارو دواتریش رێوڕەسمی پێدانی متمانە بە كابینەی حكومەت، كە لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە پێشكەش دەكرێت.  بەگوێرەی ماددەی 121ی دەستور، مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆك كۆماری دەبێت لە دانیشتنێكی ئاشكرای پەرلەماندا بەڕێوەبچێت و سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی و ئەندامانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوریش ئامادە بن، لە هەمان رۆژی سوێندخواردندا تاوەكو لانی كەم 2 هەفتە دواتر، دەبێت سەرۆك كۆمار لیستی كاندیدەكانی بۆ پۆستە وزارییەكان پیشكەشی پەرلەمان بكات.  لە دۆخی ئاساییدا، مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆك كۆمار لە 14ی ئابدا بەڕێوەدەچێت كە هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی دەرچوونی " فرمان مشروطیت" لە ئێران و دروستكردنی ئەنجومەنی شوراو بەشداری خەڵك لە كاروباری حكومەتدا.    كابینەی سێیەمی رۆحانی یان كابینەی یەكەمی پزیشكیان؟ لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، لایەنگرانی سەعید جەلیلی هەوڵیاندا لەناو رایگشتیدا ئەوە بچەسپێنن كە مەسعود پزیشكیان درێژەپێدەری رێگاكەی حەسەن رۆحانییە؛ هەروەك جەلیلی خۆشی لە دیبەیتەكانی هەڵبژاردندا داتاو ئاماری لەبارەی كابینەكەی رۆحانییەوە دەخستەڕوو، باسی لە ناكارایی پلانەكانی دەكرد (لە خولی دووەمی سەرۆكایەتیی رۆحانیدا، پاش چونەدەرەوەی ترەمپ لە رێككەوتنی ئەتۆمیی)، هۆشداری دەدا لە دووبارەبوونەوەی ئەم بارودۆخە لەسەردەمی پزیشكیاندا.  لەبەرامبەر ئەمەدا، هەندێ لە لایەنگرانی مەسعود پزیشكیان بانگەشەی ئەوەیان دەكرد هەرچەییەك بێ "كابینەی سێیەمی رۆحانی باشتر بووە لە كابینەی یەكەمی جەلیلی"، چونكە بەوتەی ئەوان "توندڕەوی كابینەی جەلیلی هیچ سودێكی بۆ خەڵك نابێ". هەندێكی تر لە شرۆڤەكاران لە میدیاكانی ئێرانەوە، ئاماژەیان بە پێشینەی مەسعود پزیشكیان لە وەزارەتی كابینەی سەید محەمەد خەتەمیدا دەكردو نوسیبوویان "كابینەی پزیشكیان بەرلەوەی دووبارەبوونەوەی كابینەی رۆحانی بێت، بە دووبارەبوونەوەی كابینەی خاتەمی ئەژمار دەكرێت"، ئەمانە پێناسەی خۆیان لە "دەستكەوتە ئابورییەكان"ی كابینەی خاتەمییەوە بۆ خەڵكی ئێران وەرگرتبوو.   پزیشكیان لە كاردانەوەدا بەرامبەر بەم بانگەشانە وتی" من كابینەی خۆمم، بەڵام كابینەی رۆحانی چ خراپییەكی هەبوو؟" لەمەشدا مەبەستی لە دانوستانی كابینەی رۆحانی بوو لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهان.  لەم نێوەندەدا، میدیای نزیك لە ئوسوڵگەراكان، لیستی كابینەی چاوەڕوانكراوی پزیشكیانیان بڵاوكردەوە، كە دەموچاوێكی وەكو (جەواد زەریف وەزیری پێشووی دەرەوەی سەردەمی رۆحانی) وەكو جێگری یەكەمی پزیشكیان ناوی هێنرابوو، ئەمە لەپاڵ چەند روخسارێكی تری وەكو (ئازەری جوهرمی) كە لەناو لیستەكەدا ناوی هاتبوو.  بەوتەی زەریف: "كابیەی داهاتووی پزیشكیان كابینەی باڵێك نابێت، بەڵكو كابینەكی گشتیگری نیشتمانی دەبێت"، دەوروبەرەكانی پزیشكیانیش پێشتر باسیان لەوە كردووە كە ئەو "جدییە لەسەر بەكارهێنانی توانای نەتەوەكانی ئێران لە پۆستەكانی بەڕێوەبردندا".  ئازەری جەهرومی وەزیری گەیاندن لە كابینەی رۆحانی، رۆژی دەنگدان رایگەیاند كابینەی پزیشكیان كابینەی گشتیگر دەبێت، ریفۆرمخوازان و ئوسوڵگەراو سەربەخۆكان لەخۆدەگرێت، بەواتایەكی تر "كرۆكی هەموو حكومەتە باشەكانی رابردوو تائێستا دەبێت".  ئیسحاق جهانگیری جێگری یەكەمی سەرۆك كۆمار لە كابینەی یانزەو دوانزەیەكی رۆحانیدا، دوێنێ دوای دەنگدان وتی: مەسعود پزیشكیان كابینەی خۆی پێكدەهێنێت، كابینەی ئەو درێژكراوەی كابینەو كەسی تر نییە".  بەم لێكدانەوەیە، پێشبینی دەكرێت كابینەی پزیشكیان لە رەوتی ریفۆرمخوازان و پارێزگاران و میانڕەوەكان و سیاسەتمەدارانی سەربەخۆ پێكبێت. ئاڵنگاریی و كێشەكانی بەردەم پزیشكیان لە 100 رۆژی یەكەمدا  كابینەی پزیشكیان هەرچییەك بێت دەبێت بتوانێت لە ئەنجومەنی شورای ئیسلامی (پەرلەمان) متمانە وەربگرێت، ئەنجومەنی شورا لە هەڵبژاردنی مانگی ئازاردا كە ئاستی بەشداری لاوازی بەخۆوە بینی، توندڕەوەكان كۆنترۆڵیان كردو (محەمەد باقر قالیباف) سەرۆكایەتیی دەكات، كە كاندیدی شكستخواردووی هەڵبژاردنی ئەمساڵی سەرۆكایەتیی ئێرانە. یەكێك لە سەرەتایترین بابەتەكان كە دەبێت پزیشكیان چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە، كێشەی ئابوری ئێرانە. ملیۆنان كەس لەژێر هێڵی هەژارییەوەن و زۆرینەی خەڵك هەوڵ دەدەن ژیانی خۆیان لەناو ئەو ئابورییەدا فەراهەم بكەن كە چەندین ساڵە بەدەست سزاكانی ئەمریكاوە ئیفلیج بووە. پزیشكیان لە یەكێك لە دیدارەكانیدا لەبارەی هەژاریی لە ئێران وتی "كێشەی هەژاریی ئێمەین". لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، نرخی هەڵاوسانی ئابوری لە ئێران لە رێژەی 30% دانەبەزیوە، مانگی رابردوو گەیشتوەتە 36.1%و دۆخی گیرفانی خەڵكی لەسەرتاسەری وڵات خستوەتە ژێر فشارەوە.  ئەم هەڵاوسانە بەردەوامە لە بەرەنجامی چونەدەرەوەی ئیدارەی ترەمپ لە رێككەوتننامەی ئەتۆمیی 2015و دەستپێكردنەوەی سزا قورسەكان بۆسەر ئێران سەرچاوەی گرتووە. پزیشكیان جەخت لە بایەخی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ خۆرئاواو دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ هەڵگرتنی سزاكان دەكاتەوە.  مەسعود پزیشكیان پێیوایە كە "كاتێك گەمارۆ هەبێت، حكومەت دەست دەخاتە ناو گیرفانی خەڵكەوە"، ئەو بەڵێنی ئەوەی داوە وا بكات دۆلار تەنیا یەك نرخی هەبێت "تاوەكو بازاڕ بتوانێت خۆی نرخ بدۆزێتەوە"، پێیوایە زیادبوونی هەناردەو دراوی بیانی كەرەستەی حكومەتە بۆ كۆنترۆڵكردنی هەڵاوسان و هەوكردنی بازاڕی دراو، لەوبارەیەوە دەڵێ" دراوی پاڵپشتیكراو بەواتای كرێ دێت، حكومەت دراوی پاڵپشتیكراو بە هەر كەسێك بدات، واتا وایكردووە ئەو كەسە مافی كرێی هەبێت، بۆیە تەنیا بۆ هاوردەكردنی دەرمان و ماددە خۆراكییەكان و كەلوپەلی بنەڕەتی نەبێت، دراوی پاڵپشتیكراو بە كەس نادرێت".  یەكێك لە نەریتەكانی سەرۆك كۆمارەكانی پێشوو لە ئێران ئەوە بووە كە راپۆرتی ئەدای كاركردنی خۆی لە 100 رۆژی یەكەمدا بخاتە بەردەم خەڵك. ئەمەش لەكاتێكدایە كە سێ مانگ دوای دەستبەكاربوونی سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی ئێران، رۆژی 5ی تشرینی دووەم چارەنوسی سەرۆكایەتی كۆماری ئەمریكاش یەكلادەبێتەوە.  لەحاڵێكدا كە زۆرێك لە رابەرانی جیهان و هاوپەیمانانی ئەمریكا لە ئەوروپاو ناتۆ ئومێدەوارن جۆ بایدن لە پۆستی سەرۆكایەتیدا بمێنێتەوە، بەڵام خۆیان بۆ ئەوەش ئامادەكردووە كە رەنگە دۆناڵد ترەمپ بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات. سەرۆكایەتی نوێی ئەمریكا لە 20ی جێنیوەری 2025وە دەستپێدەكات.  پێدەچێت پزیشكیان درێژە بە هەوڵەكانی رۆحانی بدات لەبارەی دانوستانی بەرنامەی ئەتۆمیی و هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران، بەڵام ئەو دەبێت لە پەرلەمان و لەژێر چەتری ئوسوڵگەراكاندا جموجوڵ بكات. پەرلەمانی ئێران لە ساڵی 2021دا یاسایەكی بەناوی "یاسای هەنگاوی ستراتیژی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاكان و پاراستنی مافەكانی گەلی ئێران" پەسەندكردو، سەرباری دوودڵییەكانی، كابینەی رۆحانی ناچار كرد پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتر بكات، بۆیە پێشبینی دەكرێت پزیشكیان روبەڕووی هەمان ئاڵنگاریی ببێتەوە. سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی ئێران بەرەو كوێ؟ پەیوەندی ئێران لەگەڵ خۆرئاوا لەم مانگانەی دوایدا خراپتر بووە، تاران لەسەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتیوانی لەو گروپە نیمچە سەربازییانە دەكات كە لەناو شەڕی غەززەدا، بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا دەكەنە ئامانج.  جگە لەوەش، كۆماری ئیسلامی بەرنامە ئەتۆمییەكەی چڕتر كردوەتەوەو هاوكاری خۆی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم كەمكردوەتەوە. پەرەسەندنە گەرمەكانی ناوچەكە، ئەو پرسیارە دەوروژێنن ئایا هەر بەڕاستی سەرۆكێكی ریفۆرمخواز دەتوانێت گۆڕانكاریی یان بەرەوپێشچوونێك دروست بكات؟ شارەزایان دەڵێن بەو رادەی كە هەندێك لە خۆرئاوا ئومێدەوارن، رەنگە چانسێكی گەورە بۆ ئەم كارە لە ئارادا نەبێت.  لە ئێران ئەوەی بڕیاری كۆتایی دەدات (وەلی فەقیهە). بەڵام بەو جۆرەی كە عەلی واعیز بەڕێوەبەری پرۆژەی ئێران لە گروپی قەیرانی نێودەوڵەتیی بە (CNN)ی وتووە" ئەمە بەو واتایە نییە كە سەرۆك كۆمارو تیمی سیاسەتی دەرەوە هیچ بایەخێكیان نییە". ئەم پسپۆڕە بە كەناڵی (الجزیرە)ی وتووە: ئەگەر لەنێوان ئیدارەی ترەمپ و بایدندا گۆڕانكاری گشتیی لە ئەمریكا لە 180 پلە رووبدات، لە ئێراندا بە گۆڕینی سەرۆك كۆمار جیاوازییەكە 45% دەبێت، ئەمەش جیاوازییەكی كەم نییە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تردا ئەو كاریگەرییەی نییە".  پێشینەی ئێران ئەوە نیشان دەدات، كە تەنانەت لە سەردەمێكیشدا كە سەرۆك كۆمارێكی ریفۆرمخواز لەسەر دەسەڵات بووە، لە دوور مەودادا هەر رێبازێكی ئوسوڵگەرانەتر گیراوەتەبەر.  بۆیە، دەرەنجام ئەوە بەدوور دەبینرێت سیاسەتی ناوچەیی ئێران بەرامبەر بە ئیسرائیل و بریكارەكانی گۆڕانكاری بەسەردا بێت، بەڵام وەكو تریتا پارسی شرۆڤەكاری ئێرانی دانیشتووی واشنتۆن و جێگری بەڕێوەبەری دامەزراوەی كوئینسی بە (CNN)ی وتووە:" بەم حاڵەشەوە رەنگە پەیوەندییەكی باشتر لەگەڵ خۆرئاوادا دروستبكرێت".  لە لابردنی فیلتەرینگەوە بۆ مامەڵە لەگەڵ جیهان پزیشكیان لە دواین دیبەیتی كاندیدەكاندا بەر لە هەڵبژاردن وتی:" بۆ كورتكردنەوەی مەودای زەلیلكردن و جیاكاری و سزاكان هاتومەتە مەیدان و دەمەوێت حكومەت گوێ لەو دەنگانە بگرێت كە گوێیان بۆ نەگیراوە.. هاتووم بە لێكتێگەشتن و كۆدەنگیی نیشتمانیی، بەشوێن خواستی هەموو بێبەش و پەراوێزخراوانەوە بم". بەڵێنی هەڵبژاردنی مەسعود پزیشكیان خۆی لە سێ بنەمای سەرەكیدا دەبینییەوە (دادپەروەری كۆمەڵایەتیی- پەرەپێدانی هاوسەنگ- چاكسازی لە پەیكەر)دا. ئەو بەڵێنی داوە بە دۆزینەوەی سیستەمێكی ئابوری شەفاف روبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە، زەمینەی گەشەی ئابوری فەراهەم بكات، پێیوایە بە چاكسازیكردن لە پەیكەری ئابوری و رەخساندنی سەكۆی گونجاو بۆ سەرمایەگوزاریی دەتوانرێت دەرفەتی كار بڕەخسێنرێت و روبەڕووی بێكاری ببێتەوە، بەڵام روون نییە بە چ بەرنامەیەك دەتوانێت ئەم بەڵێنانەی جێ بەجێ بكات.  پزیشكیان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆیدا جەختی كرد لەسەر ئەوەی كە دەبێت ئێران دەرگاكانی خۆی بەسەر سەرمایەگوزاری بیانیدا بكاتەوە. ئەو وتی چین لە ئێراندا سەرمایەگوزاری ناكات، چونكە ئێران لە لیستی رەشی گروپی كاری دارایی نێودەوڵەتیی (FATF)دایە. لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەش، ئەو خوازیاری ئەوەیە سنورێك بۆ ناكۆكییە نێودەوڵەتییەكان دابنرێت، دیپلۆماسیەتی كاراو مامەڵەی بنیادنەرانە لەگەڵ جیهان دەستپێبكاتەوە، نەیارە ئوسوڵگەراكانیشی دەڵێن ئەمە دەیەوێت درێژە بە رێگاكەی كابینەی حەسەن رۆحانی بدات، كە بەوتەی ئەوان كابینەیەكی شكستخواردوو بوو.  چاكسازیكردن لە سیستەمی تەندروستی و باشكردنی كوالیتی خزمەتگوزارییە پزیشكییەكان و كەمكردنەوەی خەرجی چارەسەركردن لەو بەڵێنانەی ترن كە ئاغای پزیشكیان بە خەڵكی ئێرانی داوە، ئەمە لەپاڵ باشكردنی بارودۆخی خوێندن و زیادكردنی خوێندنگەو زانكۆكان.  لەمە زیاتریش، پزیشكیان وتویەتی: هەموو هەوڵێكم بۆ چاكسازیكردن دەبێت لە سیستەمی ناكارای فیلتەرینگ، بۆ ئەوەی هەزاران دامەزراوەی بازرگانی بگەڕێنمەوە بۆ ناو چەرخی ئابوری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە ملیۆنان هاوڵاتی ئێرانی لەو تۆڕانەدا سەرقاڵی كاركردنن.  مەبەست لە چاكسازی كردن لە سیستەمی فیلتەرینگ ئەو سانسۆرەیە كە لەژێر ناوی پاراستنی ئاسایشی گشتیی لە ئێران بەسەر تۆڕەكانی ئینتەرنێتدا سەپێندراوەو وای كردووە بەكارهێنەران بە ئاسانیی دەستیان بە هەموو شتێك رانەگات.  پزیشكیان كە لە خێزانێكی كوردی ئازەرییە، هەوڵیدا بۆ ئەوەی دەنگی كەمینەكان، ژنان و لاوانی ئێران بەلای خۆیدا كێش بكات، ئەو لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكانی ئێران رەخنەی لە مامەڵەی دەسەڵات گرت لەگەڵ ناڕەزایەتییەكانی ساڵی 2022دا، وتی:" ئایا ئەوەی كە بە توندی مامەڵە لەگەڵ خەڵك بكەین و بەزۆر دەمانەوێت باوەڕێك لە خەڵكدا بچێنین فەرمانی دین و پێغەمبەرە؟ ئێمە مافی ئەوەمان نییە فەرمان بە خەڵك بكەین". لەم بوارەشدا ئەو پێشینەی هەبوو، لەوانە بوو كە دژی كوشتنی خاتوو "ژینا ئەمینی" قسەی هەبووە، كچە كوردێك كە لەسەر پرسی حیجاب كوژراو بەدوای خۆیدا شەپۆلێك ناڕەزایەتیی بێ پێشینەی لە ئێراندا دروستكرد.  پێدەچێت دەسەڵات و عەلی خامنەیی رابەری 85 ساڵەی ئێران بزانن كە توندكردنەوەی زیاتر لەبواری حیجابی زۆرەملێدا مەترسی هەیە. گەڵاڵەی پەسەندكراوی پەرلەمانی ئێران كە بە پرۆژەیاسای " عفاف و حجاب" ناسراوەو تا زیندانیكردن سزای بۆ پێشێلكردنی حیجاب داناوە، تائێستا لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستورەوە پەسەندنەكراوە كە لەژێر چاودێری خامنەییدایە. پزیشكیان و پورمحەمەدی تەنیا كەسانێك بوون لەناو كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا كە رەخنەیان لەو پرۆژەیاسایە گرت و بەڵێنیاندا رێگری لێ بكەن. لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كچ و ژنانەی كە حیجابی زۆرەملێ لەبەرچاوناگرن، پزیشكیان دەڵێ:" ئێمە كە ئەو هەموو پارەیەمان لە دروستكردنی ناوەندی ئاینیی و مەزهەبیدا بە خەرج داوەو نەمانتوانیوە تا ئەم تەمەنە ئەوان هیدایەت بدەین، ئایا دەتوانین بەم جۆرە راستیان بكەینەوە؟".  ئەوەی ماوەتەوە بوترێت ئەوەیە ئایا ئاغای پزیشكیان تا چەند دەتوانێت بەڵێنەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن جێبەجێ بكات و تا چ ئەندازەیەك دەستكراوە دەبێت.  سەرچاوەكان:  بی بی سی یۆرۆنیوز  


(درەو):  گرێبەستی هاوردەكردنی غازی توركمانستان بۆ عێراق لەرێگەی ئێرانەوە نزیكدەبێتەوە لەوەی بكەوێتە بواری جێبەجێكردن، ئەمەش لەدوای ئەوەی تاران و عیشق ئاباد رێككەوتنیان ئیمزاكرد. محەمەد جەمشیدی یاریدەدەری سیاسی نوسینگەی سەرۆكایەتی ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند، ئێران و توركمانستان رێككەوتنێكیان لە بواری غازدا ئیمزا كردووە. بەپێی قسەی جەمشیدی، ئەم رێككەوتنە لە بواری كڕین و ئاڵوگۆڕی غازدا، دەتوانێت كێشەی دانیشتوانی باكوری ئێران لە وەزری زستاندا چارەسەر بكات.  بەگوێرەی ئەم رێككەوتنە، بڕیارە توركمانستان ساڵانە 10 ملیار پێ سێجا غاز بۆ ئێران دابین بكات و ئێرانیش ئەم غازە بگۆڕێتەوە بە غازی بەرهەمهێنراوی خۆی و رەوانەی عێراقی بكات.  دوای دانوستانێكی چڕ سەبارەت بە دابینكردنی غاز لە عیشق ئابادەوە بۆ بەغداد لەرێگەی تارانەوە، دواجار دوێنێ ئێران و توركمانستان رێككەوتنەكەیان ئیمزا كرد، لە مەراسیمی ئیمزاكردنەكەدا (عەلی روزبەهانی) باڵیۆزی ئێران لە توركمانستان و (مەقسەد بابایێڤ) سەرۆكی كۆمپانیای غازی توركمانستان ئامادەبوون.  بەیاننامەی هاوبەشی هەردوو وڵات دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە دەڵێ: توركمانستان و ئێران لەسەر بنەمای دۆستایەتی و هاوسێیەتی باش و رێزگرتن لە یەكتری كار دەكەن.. ئەزمونی ئەرێنیی چالاكی هاوبەش لە بواری هەناردەی غازی توركمانستان بۆ ئێران و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی سێیەم، بووە بە بنەمای سەرەكی فراوانكردنی بازنەی هاوكاری دووقۆڵیی. بۆرییەكی نوێ  حكومەتی توركمانستان هیچ وردەكارییەكی لەبارەی نرخ و كات و ئامادەكارییە لۆجستییەكانی پرۆژەكە نەخستوەتەڕوو، بەڵام باسی لەوەكردووە كە پلانی هەیە بۆ دروستكردنی هێڵێكی بۆری نوێ دەكات بۆ ئێران.  بڕیارە كۆمپانیا ئێرانییەكان پرۆژەی بۆرییە نوێیەكە بە درێژایی 125 كیلۆمەتر (77 میل) جێبەجێ بكەن، ئەمە بۆ بەهێزكردنی توانای توركمانستانە لە گەیاندنی غاز بە ئێران، بەگوێرەی ئەوەی ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس بڵاویكردوەتەوە. وەزارەتی دەرەوەی توركمانستان رایگەیاند، عشق ئاباد پلانی ئەوەیە ئاستی دابینكردنی غازی خۆی بۆ ئێران ساڵانە بۆ 40 ملیار پێ سێجا بەرزبكاتەوە.  ئەگەر ئەم رێككەوتنە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، پێشبینی دەكرێت چارەسەرێك بۆ قەیرانی كارەبا لە عێراق بدۆزێتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەو بچڕانانەی ساڵی رابردوو لە هاوردەی غازی ئێراندا بۆ عێراق روویدا، كە رێژەی نزیكەی 40%ی پێداویستی عێراق پێكدەهێنێت.  توركمانستان بەشێوەیەكی زۆر پشت بە هەناردەی یەدەگی گەورەی خۆی لە بواری غازی سروشتیدا دەبەستێت، چین كڕیاری سەرەكی غازی توركمانستانە، سەرباری ئەمە، عیشق ئاباد كار بۆ ئەوە دەكات بۆری دروست بكات بۆ ناردنی غاز بۆ ئەفغانستان و پاكستان و هیند. كارەبا لە عێراق ساڵی رابردوو عێراق رێككەوتنێكی ئیمزاكرد بۆ هاوردەكردنی 10 ملیار پێ سێجای ساڵانە لە غازی توركمانستان، ئەمە لەرێگەی ئاڵوگۆڕكردنەوە لەگەڵ ئێران.  وێستگەكانی كارەبا لە عێراق زیاتر پشت بەو غازە دەبەستن كە لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێت، كە یەك لەسەر سێی پێداویستی عێراق دابین دەكات، بەڵام ئێران بەردەوام غازەكەی لە عێراق دەگرێتەوە، ئەمەش پچڕانی بەردەوامی تەزووی كارەبای بەشێوەیەكی رۆژانە لێكەوتووەتەوە.  زیاد عەلی فازل وەزیری كارەبای عێراق پێشتر جەختی لەسەر ئەوە كرد، عێراق رێككەوتنێكی كردووە بۆ هاوردەكردنی 20 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە لە غازی توركمانستان، بەڵام گەورەترین ئاڵنگاری بەردەم رێككەوتنەكە نەبوونی هێڵی گواستەوەی غازەكەیە بۆ عێراق، ئەگەر لەرێگەی تۆڕی ئێرانەوە نەبێت.  ئەوكات باسی لەوەكرد، دانوستان لەگەڵ لایەنی ئێرانیدا هەیە بۆ بەكارهێنانی تۆڕی بۆرییەكانی بۆ گواستنەوەی ئەو بڕە غازە لە توركمانستانەوە بۆ عێراق، ئەگەر تاران رەزامەند بوو، دەكرێت بۆ وەزری هاوین پشت بە غازی توركمانستان ببەسترێت.  ئەوكات وەزیری كارەبای عێراق وتی: ئەو 20 ملیۆن پێ سێجا غازەی توركمانستان كە عێراق دەیەوێت بەدەستی بخات، دەكرێت پشتی پێ ببەسترێت كاتێك ناردنی غازی ئێران كەمدەبێتەوە.   


درەو: ئاژانسی هەواڵی"رۆیتەرز": هێزەكانی توركیا لە باكوری خۆرئاوای سوریا روبەڕوی پەلاماری چەكداری دەبنەوە, ئەوەش دوای ئەو كردەوە توندوتیژیانەی بەنابەرە سورییەكانی لە توركیا كردە ئامانج. سەرچاوەیەك لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا رایگەیاند: توركیا دەروازە سنوریە سەرەكییەكانی لەگەڵ باكوری خۆرئاوای سوریا داخستووە, دوای ئەوەی هێزەكانی روبەڕووی هێرشی چەكداری بوونەتەوە لەلایەن هاوڵاتیانی سوری توڕە, بەهۆی ئەنجامدانی توندوتیژی دژی پەنابەرانی سوریا لەتوركیا. عەلی یرلیكایا, وەزیری ناوخۆی توركیا رایگەیاند: پۆلیسی وڵاتەكەی (474) كەسی تێوەگلاویان لەو هێرشانە دەستگیركردووە, كە رەوەندی سوری لەسەرانسەری توركیا كردووەتە ئامانج, كە شەوی یەك شەممەی رابردوو ئەنجامدرا. موڵك و ماڵ ئۆتۆمبیلی سوریەكان روبەڕوی كاری تێكدەرانەو سوتاندن بووەوە لە ویلایەتی قەیسەری ناوەڕاستی ئەو وڵاتە, بەهۆی بڵاوبونەوەی دەنگۆی دەستدرێژیكردنی پیاوێكی سوری بۆ سەر منداڵێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان. ئاژانسی هەواڵگری توركیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: كارە توندوتیژیەكان گەیشتووەتە هەرێمەكانی, هاتای و غازی عەنتاب و قۆنیاو بۆرسەو ناوچەیەك لە ئەستەنبوڵ, كە تیایدا ژماریەك هاوڵاتی سوری برینداربوون. ئەوەش وایكرد, سەدان هاوڵاتی سوری توڕە بڕژێنە سەر شەقامەكانی چەندین ناوچە لە باكوری خۆرئاوای سوریا, كە چەكدارە یاخیبووەكان كۆنتڕۆڵیان كردووەو توركیا هەزاران سەربازی لەو ناوچانە بڵاوكردووەتەوەو, كردوویەتی بەناوچەی هەژموونی خۆی, بەجۆرێك رێگە بە رژێمی سوریا نادات بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە. بەرپرسێكی ناوچەكە سنوریەكان بە رۆیتەرزی وتووە: توركیا لەوەڵامی ئەو كردەوانەدا دەروازەی"باب ئەلهەوا"ی سنوریی بۆ كاتێكی نادیار دواخستووە, كە دەروازەیەكی سەرەكی بازرگانی و گواستنەوەیە بۆ زیاتر لە سێ‌ ملیۆن هاوڵاتی, هاوشانی "باب ئەلسەلام"و دەروازە بچوكەكانی تر. شاری عەفرینی سنوریی, بووە شانۆی توندترین پێكدادان, كە تیادا لایەنی كەم چوار كەس لە تەقەی نێوان خۆپیشاندەرە چەكدارەكان و هێزەكانی توركیادا كوژران. لەناوچەكانی تریش, بەریەككەوتن و پێكدادانی چەكداری روویداوەو هاوڵاتیانیش لەچەند شارۆچكەیەك بە بەرد پەلاماری هێزەكانی توركیایان داوەو, ئاڵای توركیا لەسەر هەندێك لە نوسینەگەكان پارچە پارچە كردووە. چەندین بەرپرسی توركیا ئەو ئاڵۆزیانەیان لە سوریا بە وروژاندن و كاری ئیستفزازی ناوبردووە. وەزارەتی دەرەوە رایگەیاندووە: هەڵەیە روداوە خەمناكەكان كە لە ولایەتی قەیسەری روویداوە, بكرێتە بنەمایەك بۆ كاری وروژاندن و دەستدرێژی لە دەرەوەی سنورەكانمان. رەجەب تەیب ئەردۆغان, ئۆباڵی "پلانی ئاژاوە"ی نایە ئەستۆی گروپەكانی پەیوەست بە رێكخراوە تیرۆرستیەكان, بەڵێنیشدا ئەو "دەستە پیسانە" ئاشكرابكات كە لەپشتی روداوەكانی ئەم دواییەوەن. ئەردۆغان, دوای دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران وتی: دەزانین كێیە ئەم جۆرە گەمانە دەكات لەگەڵ بەزیوەكانی رێكخراوی تیرۆرستی, ئێمەو برا سوریەكانمان ناكەوینە ئەو بۆسە پیسە, رادەستی كاری تێكدەرانەی رەگەپەرستی نابین. ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشكرد: زیاتر لە (670)هەزار سوری گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانی باكوری سوریا, دوای ئەوەی توركیا بە درێژایی دەیەی رابردوو كاری لەسەر بنیادنانی  ناوچەی ئارام كردووە. چارەسەری كێشەی پەنابەران بەشێوەیەكی مرۆیی و ئەخلاقی دەكرێت بەجۆرێك تەریبی دۆخی ئابوری توركیا بێت, كە میوانداری زیاتر لە سێ‌ ملیۆن پەنابەری جەنگی سوریای كردووە. ئەردۆغان هەینی رابردوو وتی: دەكرێت كۆبونەوە لەگەڵ ئەسەد هاوكاربێت لە گێڕانەوەی پەیوەندیە دووقۆڵییەكان, توركیا لەدوای جەنگی ناوخۆی سوریاوە لە ساڵی (2011) پەیوەندیەكانی لەگەڵ سوریا بچڕاندو پشتیوانی یاخیبووەكانی كرد, كە هەوڵی رووخاندنی رژێمی ئەسەد دەدەن.


  درەو: 🔻 بەپێی ڕاپۆرتێکی بنکۆکاری مەیدانی "ڕێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان" بە هاوکاری رێکخراوی (NED) ئەمریکی؛ 🔹 بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە ساڵی (2023) دا (13 هەزار و 489) سکاڵا تۆمارکراوەو (3 هەزار و 786) سکاڵایان لە پارێزگای هەولێر و (3 هەزار و 611) سکاڵایان لە پارێزگای دهۆک و (3 هەزار و 418) سکاڵایان لە سلێمانی و (2 هەزار و 476) سکاڵاش لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی (گەرمیان، ڕاپەڕین، زاخۆ و سۆران بووە. 🔹هەر بەپێی بەدواداچوونەکە؛ لە ساڵی (2023)دا (هەزار و 935) کەسی خێزانی لە (سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی) تۆمار کراوە کە؛ (754) کەیسیان لە هەولێر، (642) کەیسیان لە دهۆک، (283) کەیسیان لە سۆران، (181) کەیسیان لە سلێمانی و (75) کەیسیش کە ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بوونە. ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی چاودێری جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی ڕێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان بە هاوکاری رێکخراوی (NED) ئەمریکی ئەرکی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییی خێزانیی ژماره‌ (8)ی ساڵی 2011 له‌ هه‌رێمی كوردستان - عێراق لە ئەستۆگرتووە، لە ڕاپۆرتێکی دورودرێژدا، لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵێک تەوەری گرنگ وەستاوە، کە بریتین لە؛ پارێزگای سلێمانی: 1.    پەرلەمانی کوردستان و مێژووی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی. 2.    لایەنە بەهێز و لاوازەكانی یاساكە بە بۆچوونی دادوەرانی دادگای توندوتیژیی خێزانی. 3.    لایەنە بەهێز و لاوازەكانی یاساكە بە بۆچوونی ئەندامانی داواكاری گشتی. 4.    مێژووی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی و یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی. 5.    نوسینگەكان و رێگری و كێشەكانی بەردەم كاركردنیان . پارێزگای هەولێر: 1.    لیژنەی ئاشتەوایی. 2.    وەزارەتی ئەوقاف و یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی. پارێزگای دهۆك: 1.    دەزگاكانی راگەیاندن و رۆڵیان لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی یاسایی و كلتوری ناتوندوتیژیی. 2.    مالی داڵدەدانی ژنانی هەرەشەلێكراو (شێڵتەرەكان). 3.    کێشە و گرفتەكانی شێڵتەر لە پارێزگای دهۆك. پارێزگای هەڵەبجە: 1.    لیژنەی ئاشتەوایی. 2.    یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی و كۆلێژی یاسا لە زانكۆی هەڵەبجە. ئیدارەی راپەرین: 1-    نوسینگەی رانیە. 2-    رێكارەكانی تۆماركردنی سكاڵا لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی. 3-    چیرۆكی سەركەوتن. ئیدارەی گەرمیان: 1-    رێگرییەكانی بەردەم تۆماركردنی سكاڵا. 2-    پاڵنەرەکانی گۆڕینی  بیروڕای خەڵك بەرامبەر نوسینگەكانی توندوتیژیی خێزانی و دادگاكان. 3-    دادگاكانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیی عێراق و یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی. 4-    فرەژنی و پەیوەندی بە كێشە خێزانییەكان. 5-    بۆچوونی مامۆستایانی ئایینی لەسەر فرەژنی و یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی. 6-    بەرزبوونەوەی رێژەی جیابونەوە لەنێوان هاوسەران بە هۆكاری هێنانی ژنی دووەم. ئامارو ئەنجامی ڕاپرسی وەک لە ڕاپۆرتەکەی "ڕێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان" هاتووە، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە ساڵی (2023) دا (13 هەزار و 489) سکاڵا تۆمارکراوەو (3 هەزار و 786) سکاڵایان لە پارێزگای هەولێر و (3 هەزار و 611) سکاڵایان لە پارێزگای دهۆک و (3 هەزار و 418) سکاڵایان لە سلێمانی و (2 هەزار و 476) سکاڵاش لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی (گەرمیان، ڕاپەڕین، زاخۆ و سۆران بووە. لەم بارەیەوە بڕوانە (چارتی یەکەم). چارتی یەکەم هاوکات بەپێی بەدواداچوونەکە؛ لە ساڵی (2023)دا (هەزار و 935) کەسی خێزانی لە (سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی) شارەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە کە؛ (754) کەیسیان لە هەولێر، (642) کەیسیان لە دهۆک، (283) کەیسیان لە سۆران، (181) کەیسیان لە سلێمانی و (75) کەیسیش کە ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بوونە. بڕوانە (چارتی دووەم). چارتی دووەم هەر لە ڕاپۆرتەکەی "ڕێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان" تایبەت بە "ڕاپۆرتی چاودێری جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی"دا ئاماژە بە ڕاپرسییەکی تایبەت دەکات لەبارەی هۆشیاری بەئاگایی کۆمەڵگا دەربارەی پرسەکانی تایبەت بە توندوتیژی خێزانی و کە لە سەر ئاستی شارەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوەو لە هەردوو ڕەگەز و ئاستی خوێنەواری جیاواز بەشداری ڕاپرسییەکەیان کردووە، وەک لە چارتەکانی خوارەوەدا هاتووە، دەرئەنجامی ڕاپرسییەکە خراوەتەڕوو.   دەرەنجامی ڕاپرسی "ڕێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان" راسپاردە و پێشنیازەکان 1.    كردنەوەی شێڵتەری تایبەت بە پاراستنی ئەو كەسانەی لە ئیدارەی راپەرین و زاخۆ رووبەرووی مەترسی دەبنەوە. 2.    لایەنە پەیوەندیدارەكان و وەزارەتی ناوخۆ رۆڵی زیاتر ببینن لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی دەربارەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی. 3.    هەمواركردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی بەجۆرێك هەموو كەمووكورتییە یاسایی و لایەنەكانی جێبەجێكردنی چارەسەربكات، ئەوەش بە ئامادەکردنی لیژنەی پسپۆڕ لە كەسانی شارەزا، دادوەران، مامۆستایانی زانكۆ و ئایینی و لایەنە پەیوەندیدارەكان. 4.    هەوڵدان بۆ رێكخستنەوەی كاروباری لیژنەكانی ئاشتەوایی لە هەموو شارەكان بە جۆرێك یەك میكانزمی دیاریكراو و گشتگیری كاركردنیان هەبێت. 5.    بڵاوکركردنەوەی هۆشیاریی زیاتر لەسەر یاساكە بە شێوەیەكی گشتی و بەتایبەت لە ئیدارەی گەرمیان. 6.    هەوڵدان بۆ زیادكردنی ژمارەی كارمەندانی ئافرەت لە نووسینگەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە ئیدارەی گەرمیان. 7.    هەنگاوی زیاتر بنرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددانەی جێبەجێنەکراون وەک کردنەوەی دادگایەکی تایبەتمەند بە کێشە خێزانییەکان لە بابەتی ئەو تاوانانەی کە سزاکانیان لە (٥) ساڵ زیاترن لە شار و شارۆچکەکان، چونکە کاریگەری گەورەی لەسەر ڕێگریکردن لە توندوتیژیی هەیە. 8.    دابینكردنی پێداویستیی نووسینگە و بەرێوەبەرایەتییەكان لە دامەزراندنیی كارمەند و پێداویستییەكان تا بتوانن رۆڵی گرنگ ببنین وەک یاساكەدا هاتووە. 9.    كردنەوەی خولی بەردەوام بۆ ئەندامانی لیژنەی ئاشتەوایی.        


  درەو: ئەمڕۆ ئەندرۆ بیزلی، كونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و ستافی دیپلۆماسی كۆنسوڵخانە سەردانی ئوفیسی دامەزراوەی میدیایی (درەو)یان كرد، بەمەبەستی وەرگرتنی بۆچوونی (دامەزراوەی میدیایی درەو) سەبارەت بە دۆخی ئەمڕۆی كوردستان و پرسی هەڵبژاردن و ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان، (درەو) بە راپۆرت و كتێب و بڵاوكراوەكانی خۆی بە ئامار و داتا پرسی هەڵبژاردن و نەوت و ئازادی رۆژنامەگەری بە ووردی بۆ كونسوڵ و ستافی دیپلۆماسی كونسوڵخانەی بەریتانیا خستەڕوو.  


  شيكاري: درةو 🔻 بە پێوەرگرتنی ئەنجامی دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لەسەر ئاستی سنوری پارێزگا (بازنە)کانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە)، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان و بەرکەوتی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەجۆرێکە، کە؛ 🔹 پارتی یەکەم بووەو (597 هەزار و 234) دەنگ و ڕێژەی (47%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوەو (40) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت، بەپێی سیستمی نوێی هەڵبژاردن. 🔹 یەکێتی پلەی دووەمی گرتووە و (214 هەزار و 716) دەنگ و ڕێژەی زیاتر (17%)ی دەنگەکانی بەدەست هێناوەو (20) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. 🔹 نەوەی نوێ بە پلەی سێیەم دێت و (204 هەزار و 885) دەنگی بە ڕێژەی سەرو (16%)ی بەدەستهێناوەو (17) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. 🔹 یەکگرتوو بەبێ ئەوەی لە چەند بازنەیەکی سنوری پارێزگاکان کاندیدی هەبێت چوارەم بووەو (108 هەزار و 10) دەنگ و نزیک لە ڕێژەی (9%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوەو (8) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. 🔹 کۆمەڵ بەبێ ئەوەی لە چەند بازنەیەکی سنوری پارێزگاکان و تەواوی پارێزگای دهۆک کاندیدی هەبێت پێنجەم بووەو (64 هەزار و 156) دەنگ و زیاتر لە ڕێژەی (5%)ی دەنگەکانی بەدەست هێناوەو (6) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. 🔹 بزوتنەوەی گۆڕان بەبێ ئەوەی لە دوو بازنەی هەولێر و پارێزگای دهۆک و هەڵەبجە کاندیدی هەبێت شەشەم بووەو (22 هەزار و 91) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (2%)ی دەنگەکانی بەدەست هێناوەو (2) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. 🔹 سەربەخۆو لایەنەکانی دیکە (39 هەزار و 835) دەنگ و ڕێژەی زیاتر لە (3%)ی دەنگەکانیان بەدەست هێناوەو (2) کورسی پەرلەمانیان بەردەکەوێت، (5) کورسی کۆتا بۆ مەسیحی و پێکهاتەی تورکمان تەرخان دەکرێت. یەکەم؛ پارێزگا (بازنە)کانی هەڵبژاردن لە چواچێوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەشێک لە بەندەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بیانووی نادەستوری بوونیانەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو. لەوکات بەدواوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە بۆ ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. لەو چوارچێوەیەشدا ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (4ی حوزەیرانی 2024) یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن دەکات. لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (4) ناوچە (بازنە)ی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن. بەپێی بڕیارەکە، پەرلەمانی کوردستان لە (100) کورسی پێکدێت و دابەشکراوە، بەم شێوەیە: هەولێر (34 کورسی) نێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، سلێمانی (38 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، دهۆک ( 25 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی، و بازنەی هەڵەبجە (3 کورسی) بەبێ هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە. ئەوەی لەم ڕاپۆرتەدا جێگەی بایەخ دەبێت بە پێوەرگرتنی ئەنجامی دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لەسەر ئاستی سنوری پارێزگا (بازنە)کانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە)، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان و بەرکەوتی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان دەبێت، بە جۆرێک؛ پارێزگای هەولێر، کە (32 کورسی) گشتی  و (2) کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی (تورکمان و مەسیحی) تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای هەولێر پێکدێت لە (قەزای ناوەندی هەولێر، دەشتی هەولێر، سۆران، شەقڵاوە، کۆیە، خەبات، چۆمان، ڕەواندز و مێرگەسور) و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکانی پارێزگاکە. بازنەی پارێزگای سلێمانی، کە (36 کورسی) گشتی  و (2) کۆتا بۆ پێکهاتەکانی (تورکمان و مەسیحی) تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگاکە پێکدێت لە قەزای ناوەندی سلێمانی و (شارباژێڕ، ماوەت، قەرەداغ، سەیدسادق، شارەزوور، پێنجوێن، پشدەر، ڕانیە، دوکان، کەلار، دەربەندیخان، کفری و چەمچەماڵ) و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکان. بازنەی پارێزگای دهۆک، کە (24 کورسی) گشتی  و (1) کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەی (مەسیحی) تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای دهۆک پێکدێت لە قەزکانی (قەزای ناوەندی دهۆک، ئامێدی، ئاکرێ، بەردەڕەش، زاخۆ، سیمێل و شێخان) و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکانی پارێزگاکە. بازنەی پارێزگای هەڵەبجە (3 کورسی) گشتی بۆ تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای هەڵەبجە پێکدێت لە قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی سیروان، هەورامان (خورماڵ و بیارە). بەپێی گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق "جومانە غەلای" کە لە (21ی نیسانی 2024)دا ڕایگەیاندووە؛ کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە (هەزار و 266) بنکە...  وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە (6 هەزار و 298) وێستگە. پارێزگای هەولێر (498) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت ژمارەی وێستگەکانیش (2 هەزار و 203) وێستگەی دەنگدان دەبێت. پارێزگای سلێمانی (477) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت، (2 هەزار و 364) وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای سلێمانی دەبێت. پارێزگای دهۆک (264) بنکەی هەڵبژاردن و (هەزار و 595) وێستگەی دەنگدانی تێدا دەبێت. پارێزگای هەڵەبجە (27) بنکەی هەڵبژاردن و (136) وێستگەی دەنگدانی دەبێت. بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (2 ملیۆن و 888 هەزار و 162) کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەدا؛ کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای هەولێر بریتییە لە (ملیۆنێک 11 هەزار و 348) دەنگدەر، بەشێوەیەک (928 هەزار و 823) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (82 هەزار و 525) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی بریتییە لە (ملیۆنێک 78 هەزار و 687) دەنگدەر، بەشێوەیەک (ملیۆنێک و 3 هەزار و 772) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (74 هەزار و 915) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدەرانی پارێزگای دهۆک بریتییە لە (735 هەزار و 543) دەنگدەر، بەشێوەیەک (680 هەزار و 443) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (55 هەزار و 100) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدەرانی پارێزگای هەڵەبجەش بریتییە لە (62 هەزار و 584) دەنگدەر، بەشێوەیەک (59 هەزار و 5) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (3 هەزار و 579) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. دووەم؛ پێگەی لایەنە سیاسییەکان لە سنوری پارێزگا (بازنە)کانی هەڵبژاردن لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەرکەوتیان لە کوردسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کە لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجەو سەرجەم قەزاکانیان، کە دابەشی سەر (12) بازنەی هەڵبژاردن کرابوون، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە کە لە (خشتەی یەکەم، دووەم و گرافیکەکان)دا هاتووە، بەجۆرێک؛ 1.    لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەم بووەو (597 هەزار و 234) دەنگ و ڕێژەی (47%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوەو (40) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت، بەپێی سیستمی نوێی هەڵبژاردن. بە جۆرێک؛ -    لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر کە دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن کرابوو، (262 هەزار و 800) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (59%)، بەم ئەنجامە (19) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. -    لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی کە دابەشی سەر (5) بازنەی هەڵبژاردن کرابوو، (51 هەزار و 414) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (28%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوەو (5) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. -    لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک کە دابەشی سەر (3) بازنەی هەڵبژاردن کرابوو، (261 هەزار و 543) دەنگی بە ڕێژەی (66%)ی دەنگەکانی بەدەست هێناوەو (16) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. -    لەسەر ئاستی بازنەی هەڵەبجە (ناحیەکانی سیروان و هەورامان) کە بەشێک بوو لە بازنەیەکی پارێزگای سلێمانی (5 هەزار و 214) دەنگی بەدەستهێناوە. بەم ئەنجامەش هیچ کوردسییەکی پەرلەمانی کوردستانیان بەرناکەوێت. 2.    لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان یەکێتی پلەی دووەمی گرتووە و (214 هەزار و 716) دەنگ و ڕێژەی زیاتر (17%)ی دەنگەکانی بەدەست هێناوەو (20) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. بە جۆرێک؛ -    لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر (65 هەزار و 862) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (15%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوەو (5) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. -    لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی (118 هەزار و 586) دەنگی بە ڕێژەی (32%)ی دەنگەکان بەدەست هێناوەو (12) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. -    لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک (25 هەزار و 40) دەنگ و بە ڕێژەی زیاتر لە (6%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوەو (2) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. -    لەسەر ئاستی بازنەی هەڵەبجە (ناحیەکانی سیروان و هەورامان) کە بەشێک بوو لە بازنەیەکی پارێزگای سلێمانی (8 هەزار و 839) دەنگی بەدەستهێناوە. بەم ئەنجامەش کوردسییەکی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. 3.    لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نەوەی نوێ بە پلەی سێیەم دێت و (204 هەزار و 885) دەنگی بە ڕێژەی سەرو (16%)ی بەدەستهێناوەو (17) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. بە جۆرێک؛ -    لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر (79 هەزار و 245) دەنگی بە ڕێژەی نزیک لە (18%)ی بەدەستهێناوەو (6) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. -    لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی (102 هەزار و 922) دەنگی بە ڕێژەی (28%) بەدەستهێناوەو (10) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. -    لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک (19 هەزار و 292) دەنگ و ڕێژەی نزیک (5%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای دهۆکی بەدەستهێناوە، (1) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. -    لەسەر ئاستی بازنەی هەڵەبجە (ناحیەکانی سیروان و هەورامان) کە بەشێک بوو لە بازنەیەکی پارێزگای سلێمانی (3 هەزار و 36) دەنگی بەدەستهێناوە. بەم ئەنجامە هیچ کوردسییەکی پەرلەمانی کوردستانیان بەرناکەوێت. 4.    لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان یەکگرتووی ئیسلامی بەبێ ئەوەی لە چەند بازنەیەکی سنوری پارێزگاکان کاندیدی هەبێت چوارەم بووەو (108 هەزار و 10) دەنگ و نزیک لە ڕێژەی (9%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوەو (8) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. بەجۆرێک؛ -    لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو (3 هەزار و 990) دەنگی بەدەستهێناوە بە کەمتر لە ڕێژەی (1%)ی گشتی دەنگەکان و هیچ کورسییەکی پەرلەمانی کوردستان لە بازنەی پارێزگای هەولێر ناباتەوە. -    لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بەبێ ئەوەی لە سێ بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبێت (15 هەزار و 852) دەنگ و زیاتر لە ڕێژەی (4%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەدەستهێناوەو (1 بۆ 2) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. -    لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووە (81 هەزار و 144) دەنگی بە ڕێژەی (20.5%) بەدەستهێناوەو (5) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. -    لەسەر ئاستی بازنەی هەڵەبجە (ناحیەکانی سیروان و هەورامان) کە بەشێک بوو لە بازنەیەکی پارێزگای سلێمانی (7 هەزار و 545) دەنگیان بەدەستهێناوە. (1) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. 5.    کۆمەڵی دادگەری بەبێ ئەوەی لە چەند بازنەیەکی سنوری پارێزگاکان و تەواوی پارێزگای دهۆک کاندیدی هەبێت، پێنجەم بووەو (64 هەزار و 156) دەنگ و زیاتر لە ڕێژەی (5%)ی دەنگەکانی بەدەست هێناوەو (6) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. بە جۆرێک؛ -    لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر کۆمەڵی دادگەری بەبێ ئەوەی لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبێت چوارەم بووەو (19 هەزار و 517) دەنگ و ڕێژەی (4.4%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای هەولێری بەدەستهێناوەو (1) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت.   -    لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بەبێ ئەوەی لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبێت چوارەم بووەو (39 هەزار و 781) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (11%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەدەست هێناوەو (4) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. -    لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک هیچ کاندیدێکی نەبوو. -    لەسەر ئاستی بازنەی هەڵەبجە (ناحیەکانی سیروان و هەورامان) کە بەشێک بوو لە بازنەیەکی پارێزگای سلێمانی (6 هەزار و 422) دەنگی بەدەستهێناوە. کورسییەکی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت لە بازنەی ناوبراو. 6.    بزوتنەوەی گۆڕان بەبێ ئەوەی لە دوو بازنەی هەولێر و پارێزگای دهۆک و هەڵەبجە کاندیدی هەبێت شەشەم بووەو (22 هەزار و 91) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (2%)ی دەنگەکانی بەدەست هێناوەو (2) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. بە جۆرێک؛ -    لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر بزوتنەوەی گۆڕان (بە بێ ژمارەی دەنگەکانی یەکێتی نیشتمانی کە هاوپەیمانیان هەبوو) و لە (2) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو (4 هەزار و 245) دەنگی هەیە بە ڕێژەی (1%) و بەم پێیەش هیچ کورسییەکی پەرلەمانی کوردستان لە بازنەی پارێزگای هەولێر ناباتەوە. -    لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی (17 هەزار و 846) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (5%)ی دەنگەکانی سنوری بازنەی پارێزگای سلێمانی بەدەست هێناوەو (1 بۆ 2) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. -    لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک و بازنەی هەڵەبجە (ناحیەکانی سیروان و هەورامان) کە بەشێک بوو لە بازنەیەکی پارێزگای سلێمانی بزوتنەوەی گۆڕان هیچ کاندیدێکی نەبوو. 7.    سەربەخۆو لایەنەکانی دیکە لەسەر ئاستی گشتی هەرێم (39 هەزار و 835) دەنگ و ڕێژەی زیاتر لە (3%)ی دەنگەکانیان بەدەست هێناوەو (2) کورسی پەرلەمانیان بەردەکەوێت، (5) کورسی کۆتا بۆ مەسیحی و پێکهاتەی تورکمان تەرخان دەکرێت. -    لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر (8 هەزار و 594) دەنگیان بەدەستهێناوە بە رێژەی زۆرتر لە (2%) و هیچ کورسییەکی پەرلەمانی کوردستان لە بازنەی پارێزگای هەولێر نابەنەوە. -    لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی (22 هەزار و 283) دەنگ و ڕێژەی (6%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانیان بەدەست هێناوەو (2) کورسی پەرلەمانیان بەردەکەوێت. -    لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک (8 هەزار و 958) دەنگیان بەدەستهێناوە هیچ کورسییەکی پەرلەمانی کوردستانیان بەرناکەوێت. خشتەی یەکەم خشتەی دووەم   گرافیکەکان    


(درەو): سیناتۆرێكی ئەمریكی وتویەتی فایەق زەیدانی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق كار بۆ بەرژەوەندیی ئێران دەكات، ئەمە بەشێك لە لایەنەكانی توڕە كردووە، فوئاد حسێنی وەزیری دەرەوەو سروە عەبدولواحیدی سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ، دواجاریش بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی ناڕەزایەتییان دژی قسەی سیناتۆرەكە دەربڕی. مایك واڵتز ئەندامی كۆنگرێسی ئەمریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) نوسی: فایەق زەیدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بەرژەوەندییەكانی ئێران لە عێراقدا پێشدەخات و یارمەتی میلیشیاكانی سەربە ئێران دەدات. سیناتۆرە ئەمریكییەكە رەخنەی لە بڕیاری شوباتی 2022ی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق گرتووە، كە نیسابی سازدانی دانیشتنی پەرلەمانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بە (دوو لەسەر سێ) دیاریكردووە، بەوتەی ئەو ئەم بڕیارە بووەتە هۆی ئەوەی لایەنە نەیارەكانی ئێران لە نمونەی كورد نەتوانن حكومەتێكی دۆست لەگەڵ ئەمریكا لە عێراق پێكبهێنن. مەبەستی سیناتۆرەكە لە دروستكردنی حكومەتی نەیاری ئێران لە عێراقدا ئەوكاتە بوو كە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ئۆكتۆبەری 2021دا، موقتەدا سەدرو مەسعود بارزانی و محەمەد حەلبوسی وەكو نوێنەری براوەی یەكەمی هەرسێ پێكهاتەی شیعەو كوردو سوننە هاوپەیمانێتییان بەست و بڕیاریاندا "حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی" دروست بكەن وەكو ئەوەی سەدر ناوی لێ ناوبوو، بەڵام بەرەی بەرامبەر كە چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ عەبادی+ حەكیم+ فالح فەیاز) بوو، لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە رێگرییان كرد لەوەی سەدرو بارزانی و حەلبوسی حكومەتەكەیان دروست بكەن، ئەم بەرەیە كە یەكێتیی نیشتمانی كوردستانیشی لەگەڵ بوو، وەكو بەرە ئێرانییەكەی عێراق ناودەبرێن، بە پشتبەستن بە بڕیاری شوباتی 2022ی دادگای فیدراڵی كە نیسابی سازدانی دانیشتنی پەرلەمانی بە دوو لەسەر سێ دیاریكرد، سەدریان ناچاركرد (كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو) لە پەرلەمانی بكشێتەوە، بەم كشانەوەیە، بارزانی و حەلبوسیش بە تەنیا مانەوەو كەوتنە ژێر فشار بەرە ئێرانییەكە، بەهۆی ئەم هاوپەیمانێتییەی بارزانی لەگەڵ سەدردا، لە شوباتی 2022وە دادگای فیدراڵی عێراق زنجیرەیەك بڕیاری قورسی لە دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەركرد، دیارترینیان هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان بوو، بەڵام بەمدواییە پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران ئاسایی كردەوەو نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی هەردووكیان سەردانی تارانیان كرد. لێدوانی سیناتۆرە ئەمریكییەكە چەند رۆژێكە عێراقی سەرقاڵ كردووە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق كە وەزیرەكەی كوردەو سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە (فوئاد حسێن)، راگەیەندراوی دژی قسەكانی ئەو كۆنگرێسمانە بڵاوكردەوەو بە "دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراق" ناوی برد. دواین كەس كە بەبێ ناوهێنانی كۆنگرێسمانە ئەمریكییەكە، پشتیوانی خۆی بۆ فایەق زەیدانی سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی عێراق دەربڕیوە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانە. سەرۆكی یەكێتیی راگەیەندراوێكی بڵاوكردوەتەوە، دەڵێ" دامەزراوەی دادوەری عێراق دامەزراوەیەکی نیشتمانی، سەربەخۆو رێزلێگیراوە لەلایەن عیراقییەکانەوە. دەستبردن بۆ ئەو دامەزراوەیە و سەرۆکەکەی دادوەر "فایەق زێدان"، کارێکی رەتکراوەو ئیدانەکراوە لەهەر لایەن و گروپ و کەسێکەوە بێت کە بوێری هەنگاوێکی لەوجۆرە بکات. جەخت لە پاڵپشتی و پابەندبوون و رێزمان بۆ ئەو دامەزراوەیە و سەرۆکە بەڕێزەکەی دەکەینەوە". بافڵ تاڵەبانی دۆستایەتییەكی بەهێزی لەگەڵ سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق هەیە، هەندێك باوەڕیانوایە ئەم پەیوەندییە كاریگەریی هەبووە لەسەر ئەوەی دادگای فیدراڵی كە دادگایەكی سەربە دەسەڵاتی دادوەرییە، یاسای هەڵبژاردنی كوردستان بەوشێوەیە بگۆڕێت كە یەكێتیی دەیەوێت. بەر لە بافڵ تاڵەبانی، (سروە عەبدولواحید) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق دژایەتی خۆی بۆ قسەی سیناتۆرە ئەمریكییەكە دژ بە فایەق زەیدانی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق راگەیاند. لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش هەریەكەو لای خۆیەوە راگەیەندراوی هەبووە بۆ پشتیوانی لە فایەق زەیدان.


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) چەمکی ”میلەت“ یان ”گەل“ و چەمکی ”کۆمەڵگا“ یەک شت نین. ھێما بۆ یەک دیاردە و یەک یەکەی کۆمەڵایەتیی ناکەن، ھەمان مانا و ھەمان دەلالەتیشیان نیە. راستە لە لە ئاخاوتن و گفتوگۆی رۆژانەدا جیاکاریی لەنێوان ئەم دوو چەمکەدا ناکرێت و کەم تا زۆر ھەردووکیان بە یەک مانا بەکاردھێنرێن بەڵام وردکردنەوەیەکی زانستییانەی ھەردوو چەمکەکە دەتوانێت جیاوازییە گەورەکانیان نیشانئەدات.  زمان، بەشێوەیەکی گشتیی، لە بەکارھێنانە ڕۆژانەکەیدا ئازادییەکی زۆر زیاتری ھەیە بە بەراود بە بەکارھێنانی لەناو بوارە زانستییەکاندا، کە لە ھەریەکێکیان شێوازی تایبەتی مەنھەجیبوون ئامادەیە و کاردەکات. مەنھەج سنووردانانە بۆ ئەو ئازادییە رۆژانەیەی زمان لەناویدا کاردەکات و دەجوڵێت. وەک ھێمام پێکرد چەمکی ”میلەت“ و چەمکی”کۆمەڵگا“ لە ژیانی رۆژانەدا بە ھەمان مانا و ھەمان دەلالەت بەکاردەھێرن، لە کاتێکدا بەکارھێنانی ئەم دوو چەمکە لەناو زانستە ئینسانیی و کۆمەڵایەتییەکاندا ھێما بۆ ھەمان دیاردە ناکەن و ھەمان ماناشیان نییە. با کەمەکێک ئەم مەسەلەیە ڕوونبکەینەوە، بەر لەوەی ھەردوو چەمکەکە بە دۆخی ئەمڕۆکەی ھەرێمی کوردستانەوە گرێبدەین و ئەنجامگیرییەک بەدەستبھێنین. ”میلەت“ یان ”گەل“ دروستکراوێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی تایبەتە، دروستبوونی دەکەوێتە پێش قۆناغی دروستبوونی کۆمەڵگاوە، وەک کۆمەڵگا، بە مانا زانستییەکەی. لە ڕووی مێژووییەوە سەرەتا میلەت دروستدەبێت، دوای ئەو دروستبوونە شتێک بەناوی ”کۆمەڵگا“ەوە لەدایکدەبێت. بۆیە ھەر کۆبوونەوەیەکی مرۆیی بخوازێت ببێت بە ”کۆمەڵگا“، پێویستە سەرەتا بووبێت بە ”گەل“ یان ”میلەت“. بەبێ ”بوون بە میلەت“ ھیچ دروستکراوێکی کۆمەڵایەتیی ناتوانیت ”ببێت بە کۆمەڵگا“، ”بوون بە میلەت“ قۆناغی پێش ”بوون بە کۆمەڵگایە“. بەڵام ئایا جیاوازیی نێوان میلەت و کۆمەڵگا چییە و بۆ ھەر کۆمەڵەیەکی مرۆیی نەبووبێت بە میلەت، ناتوانێت ببێت بە کۆمەڵگا؟ میلەت شوناسێکی کۆیی دەستەجەمعیی تایبەتە، خەڵکانی جیاواز تیایدا خۆیان بە ئەندامی ئەو میلەتە و ھەڵگری ئەو شوناسە، ئەزانن. میلەت بەو خەڵکانە دەگوترێت لە ساتەوەختێکی مێژوویی دیاریکراودا، خۆیان لەژێر یەک ناو و یەک پێناسدا کۆدەکانەوە، بە خۆیان دەڵێن گەل یان میلەت. خاڵی ھەرەسەرکی لە میلەتدا بریتییە لە لەیەکچون و ھاوشێوەبوون، یەکەی سەرەکیی و بنەرەتیی ئەم لەیەکچون و بەیەکەوە کۆبوونەوەیە، ئەم خۆ بەگەل زانین و خۆ پێناسکردنە، ”خاک“ە، ”شوێن“ە. ئەو خاک و شوێنەیە کە خەڵکانێکی دیاریکراو لەناویدا بەیەکەوە کۆدەبنەوە و دەژین، بەیەکیشەوە ناوی ”نیشتیمان“ی لێدەنێن. لە پێناسەی گەلدا شوێن نیشتیمانە، نیشتیمانیش یەکەی کۆکەرەوەی کەسەکان و سەرچاوەی شوناسیی دەستەجەمعیی، ئەوانە. شوێنیش وەک نیشتیمان دەبێتە جۆرێک لە سنوور کە ئەو گەل یان میلەتە لەوانیتر جیادەکاتەوە. لە مێژووی ھاوچەرخی مرۆڤایەتیدا، مێژوویەک لە سەدەی ھەژدەھەمەوە دەستپێدەکات، نیشتیمان بەھیچ مانایەک تەنھا ”شوێن“ نییە و بەس، تەنھا زادگا و شوێنی لەدایکبوون نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ سەرزەمینێکی سیاسیی و رەمزیی، کە دنیشتوانەکەی ناوی لەژێر ناوی ”ھاونیشتیمانیی“ دا کۆدەکاتەوە و بەیەکدییەوە گرێیاندەدات. پێ لەسەر ئاکارە دەستەجەمعیی و شوناسە پێکەوەییەکەیان دادەگرێت و لە میلەتان و نیشتیمانەکانی تر، جیایاندەکاتەوە. وەک ووتم خاڵی سەرەکیی لە چەمکی ”میلەت“دا شوناسی دەستەجەمعیی و کۆیی دانیشتوانەکەیەتی. بەڵام ئەم شوناسە بەر لەھەمووشتێک شوناسێکی سیاسییە، بە کۆمەڵێک ماف و داخوازیی و بەرپرسیاریەتەوە گرێدراوە، کە خودی دانیشتوانەکە وەک میلەت دەگۆڕێت بۆ یەکەیەکی سیاسیی.  خاڵی سەرەکیی لەم شوناسە سیاسییەدا دروستبوونیەتی لەسەر بنەمایەکی تازە، بنەمایەک کە نە ئەتنیەتە، نە کولتور، نە دین، بەڵکو بوونی ”نیشتیمانێکی ھاوبەشە“ کە موڵکی ھەموو دانیشتوانەکەی ناویەتی، نەک ھی ئەم بەش یان ئەو بەشی ئەو دانیشتوانە.  بە کورتییەکەی ئەوەی خەڵک لەناو چەمکی ”میلەت“دا بەیەکەوە کۆدەکاتەوە و لە کۆمەڵێک یەکەی دابڕاو و بێپوەیندییەوە دەیانگۆڕێت بۆ میلەت، نە دینە، نە ئەتنیەتە، نە کولتورە، نە ئەم یان ئەو ئایدیۆلۆژیای سیاسییە، بەڵکو شوێنە، شوێنێک کراوە بە نیشتیمان، کراوە بەو جوگرافیا تازەیەی کە وەک یەکەیەکی سیاسیی سەربەخۆ لەناو جیھاندا ئامادەیە. لە ناو چەمکی ”میلەت“دا دانیشتوانێک ئامادەیە کە تەبریرێکی تایبەتیان ھەیە بۆئەوەی بەیەکەوەبن و بەھانەیەک بە پێکەوەبوونیان دەبەخشن، ئەو بەھانەیەش بریتییە لە ھەبوونی سەرزەمینێکی ھاوبەش، ھەبوونی نیشتیمانێک کە تیایدا ھەمووان ھاونیشتیمانیی یەکسان و بەرپرسی ئەو شوێنەن. بەڵام نیشتیمان کاتێک دەبێت بە نیشتیمان کە دوو بنەمای سەرەکیی ھەبێت. یەکەمیان ئەوەیە نیشتیمان بەیەک ڕادە موڵکی ھەموو ئەو کەسانەبێت کە لەسەری دەژین، کەس لەم یان لەو زیاتر نیشتیمانی نییە، بە تایبەتی نیشتیمان ھی ئەم یان ئەو کەس، ئەم یان ئەو خێزان و بنەماڵە، ئەم یان ئەو دین و گروپی دیندار، ئام یان ئەو گروپی سیاسیی و ئەتنی بەتەنھا نییە، بەڵکو بەیەک ڕادە و بەیەک بڕ ھی ھەموو ئەو دانیشتوانەیە کە لەناو سنوورەکانیدا دەژین و بە نیشتیمانی خۆیان دەزانن. بەم مانایە یەکسانی کەسەکان لەگەڵەیەکتریدا لە پەیوەندیدا بە نیشتیمانەوە، خاڵی سەرەکیی و بنەرەتییە. دووھەمیان، بوون و کارکردنی پرنسیپی ئازادییە، ئەو کەسانەی لەناو یەک نیشتیماندا دەژین بەھەمان بڕ و ڕادە لەو نیشتیمانەدا ئازادن. کەس لەویتر ئازادتر یان نائازادتر، نییە. ھاوکات ھیچ کەسێک لەو نیشتیمانەدا بۆی نییە ئازادیی ئەم یان ئەو کەس، ئەم یان ئەو لایەن و بەشی ئەو میلەتە، سنوورداربکات.    ھەرچی چەمکی ”کۆمەڵگا“یە لە ڕووی مێژووییەوە چەمکێکی تازەترە، کۆمەڵگا یەکەیەکی سیاسیی تازەترە لە میلەت. ئەگەر میلەت پێ لەسەر ئاکارە کۆییەکان و یەکشوناسیی دانیشتوانەکەی دابگرێت، ئەوا کۆمەڵگا چەمکێکە پێ لەسەر لێکنەچوون و جیاوازیی ھەمان دانیشتوان دادەگرێت. کۆمەڵگا ئەو دروستکراوە کۆمەڵایەتییەیە کە لە ھێزی کۆمەڵایەتی جیاواز، لە کەس و گروپ و ئۆرگانی جیاواز، لە دیدگا و خەون و چاوەڕوانی جیاواز، دروستبووە. ھاوکات بوون و ئامادەگیی ”تاکەکەس“، ”تاکەکەسی جیاواز“ لە کۆمەڵگادا، مەسەلەیەکی سەرەکیی و بنەڕەتییە. بەم مانایە کۆمەڵگا شوێنی کۆبوونەوەی گروپی ئەتنیی و دینیی و کولتوریی جیاوازە، شوێنی چەندان ئایدیۆلۆژیا و دیدگای جیاوازە، سەرزەمینی ئامادەگی  چین و توێژی کۆمەڵایەتیی جیاوازە، چوارچێوەی ئامادەگیی ژمارەیەکی گەورەش لە تاکەکەسی ئازادە. ئەم گشتە جیاوازە ھەریەکێکیان شێوە روانین و بیرکردنەوە و خەیاڵ و چاوەروانیی کۆمەڵایەتیی تایبەت و جیاوازیی، ھەیە. ئەوەی کۆیاندەکاتەوە لەباتی نیشتیمان، وەک شوێن، ”گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی“ە. ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییە کە لەسەری ڕێکدەکەون و لە فۆرمی کۆمەڵێک دەزگا و ناوەند و میکانیزم و ڕوانینی ھاوبەشدا، پێکەوەبوونیان ڕێکدەخات. خاڵێک گرنگە ھێمایەکی خێرای پێبکەین ئەو ڕاستییە مێژووییە کە نە نیشتیمان وەک نیشتیمان و نە کۆمەڵگا وەک کۆمەڵگا، بەبێ بوونی حوکمڕانییەکی باش و کراوە و دادپەروەر، حوکمڕانییەک ھەم ئازادیی و ھەم ماف و ھەم بەرپرسیاریەتی ھاوبەش بۆ ھەمووان دەستەبەربکات، یان لانیکەم خۆی نەبێتە ڕێگر لەبەردەم دروستبوونیاندا، دروستنابێت. رۆمانسیەتی ئەدبەیی و شیعریی، خەونی ئایدیۆلۆژیی ھەمەجۆر، پێداگرتنی بەتاڵ و بێناوەرۆک لەسەر ھاوچارەنووسیی، بوونی ئەم یان ئەو دین بەیەکەوە، ناتوانێت نە نیشتیمان بە مانای نیشتمان و نە کۆمەڵگا بە مانای کۆمەڵگا، دروستبکات. لە ئەزموونی حوکمڕانیی کوردیدا، لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئەمڕۆ، ئەم حوکمڕانییە لە بواردا فەشەلی گەورە و ھەمەجۆری بەرھەمھێناوە، بەڵام لە دوو مەسەلەدا تەواو سەرکەوتوبووە. یەکەمیان، رێگرتن لەوەی ”میلەت“ی ئێمە بە ”میلەت“ی بمێنێتەوە و وەک ”میلەت“یش مێژووی خۆی بژیی و ئەزموونبکات. ئەم حوکمڕانییە لەوەدا سەرکەوتوە میلەتەکە بۆ چەندان یەکەی دابەش و بێپەیوەندیی و تا ڕادەیەکیش ناحەز بەیەکتریی، دابەشبکات، دابەشبوونێکی قووڵ و ھەمەلایەن. لەوانەش دابەشکردنیان بەسەر چەندان ئیمارەتی سیاسیی و ناوچەیی و زمانەوانەیی و دینیی و خێزانیی و بنەماڵەیی جیاوازدا. تا ئاستیی گەڕاندنەوە بەشێک لە میلەتەکە بۆ قۆناغی بەر لە دروستبوونی میلەت خۆی. دووھەمیان، ئەم حوکمڕانییە لەوەشدا سەرکەوتوە رێ لەوەبگرێت ”کۆمەڵگا“ی ئێمە وەک ”کۆمەڵگا“ بمێنێتەوە و دابەشکردنە ناوەکییەکانی بە ئاستێک گەیاندوە لە ئاستی تەقینەوە نزیکبۆتەوە. ھەموو ئەمانەش لە غیابی ھەر گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی عەقڵانیی قبووڵکراودا، بەرچاوترین فۆرمی دابەشبوونەکانیش بریتییە لە ، دابەشبوونی کۆمەڵگاکە بۆ نوخبەیەکی ملیۆنێر و ملیاردلێری خاوەن کەشتیی و فڕۆکە و ڤێلای گەورە و گرانبەھا لە چەندان وڵاتی دونیادا، بەرامبەر بە  ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسانی ھەژار و بێکار و بێدەرامەت. ئەمە جگە لە قۆرخکردنی تەواوەتی سەرجەمی پێگە سیاسیی و ئیداریی و ئابورییە گرنگەکانی وڵاتەکە و بێبەشکردنی زۆرینەی ھەرەزۆری کۆمەڵگاکە تەنانەت لە ئەگەری خەونبینین بە وەدەستھێنانی ھەندێک لەو پێگانەوە. ئەم دۆخە پێویستی بە دەسکاریکردنێکی ریشەیی ھەیە، بەڵام ھەستکردن بەم مەسەلەیە و ھەوڵدان بۆ بونیادنانەوەی ”میلەت“ەکە وەک میلەت و ”کۆمەڵگا“کەش وەک کۆمەڵگا لەناو خەیاڵی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ھیچ یەکێک لەو ھێزانەدا نییە کە ئەمڕۆ لە ھەرێمەکەدا، ئامادەن.    


درەو: كەناڵی (BBC) لە دووەم راپۆرتی بنكۆڵكاری گەڕان بەدوای قاچاغچییەكانی مرۆڤدا, چیرۆكی قاچاغچیەك دەگێڕێتەوە, بەناوی "چیا" كە بێدەربەستانە لە شەقامەكانی لۆكسەمبۆرگ وەك هاوڵاتیەكی ئاسایی پیاسەی كردووە, لەكاتێكدا بەرپرسە لە نوقمبوونی بەلەمێكی لاستیكی لە دەریای باكوری فەرەنسا, یەكێك لە قورباینیەكانیش كچێكی تەمەن حەوت ساڵان بوو بەناوی سارا, كە لەناو بەلەمەكەدا خنكا, بەهۆی پاڵەستۆی سەرنیشینەكانی ترو كەوتنیان بەسەریدا. مانگی ئایاری رابردوو "BBC" لە راپۆرتێكی بنكۆڵكاریدا "دووپشك"ی لە سلێمانی دۆزیەوە دووپشك یان سكۆرپیۆن، نازناوی ئەو گەنجە كوردەیە كە چەندین وڵاتی ئەوروپی، وەك یەكێك لە دیارترین و داواكراوترین قاچاغچییەكانی مرۆڤ، بەدوایدا دەگەڕێن، دادگایەكی بەلژیكی (121) تاوانی بەسەردا ساغكردووەتەوە. رێبوار عەباس زەنگەنە, كە نازناوی "چیا"ە, پیاوێكی كوردە باكوری عێراق لە هەرێمی كوردستان, باڵایەكی كورت و لەش و لارێكی پڕی هەیە, تەمەنی (39) ساڵە, هاوسەری نیەو وادەردەكەوێت كابرایەكی ئیمانداربێت. رۆژنامەنوسەكەی (BBC) دەڵێت: دوای سێ‌ رۆژ چاوەڕوانی توانیمان پاشنیوەڕۆیەك لە كۆمەڵگەكەیەكی لۆكسەمبۆرگ كە وڵاتێكی بچوكە, (چیا)ببین, كاتێك چوینە بەردەمی وێنەی سارام پیشاندا, پرسیاری ئەوەم لێكرد ئاخۆ ئەو بەرپرسیارە لەمردنی ئەو كچە تەمەن (7) ساڵانە, چیا چەند جارێك سوێندی خوارد كە ئەو قاچاغچی نیە, بەڵام دوای بینیی پاسپۆرتە عێراقیەكەی و ناسنامەی ئیتاڵیەكەی, دوای كەمێك روبەڕوبونەوە گرێكوێرەكەمان كردەوە, كاتێك زەنگی تەلەفونەكەی لێدا, داوامان لێكرد تەلەفونەكەی هەڵبگرێت, ئەو شڵەژاو بەقسەی كردین, كاتێك لە شاشەی تەلەفونەكەی نزیكبوینەوە ژمارەی تەلەفونەكەی خۆمان بینی كە زەنگمان بۆ لێدابوو, بەوشێوەیە هیچ گومانێكمان نەما لە ناسنامەكەی, چونكە پێش چەند رۆژێك بەو ژمارەیەك یەكێك لە تیمەكەمان وەك كۆچبەر خۆی ناساندبوو پێی و قسەی لەگەڵ كردبوو, بۆ ئەوەی بیپەڕێنێتەوە بۆ بەریتانیا. چیا  پێی راگەیاندبوو, دەتوانێت گەشتەكەی بۆ بەریتانیا بۆ رێكبخات لەبەرامبەر پارەو پاسەوانی زیاتریشی بۆ دابین بكات, كە هەموویان چەكیان پێیە, لە بەلەمی ئایندە كە باكوری فەرەنسا بەجێدەهێلێت, نرخی هەر سەرنشینێكیش بە بەلەم (1500) یۆرۆیە.


گۆران دوکانی - ئەمریكا درۆدەکەیت!...گەمژەیت!...شێتیت!...ئەمانەو چەندین دەستەواژەی دیکەی نامۆ کە بینەر هیچکات چاوەڕێی ئەو زمانە بازاڕیەی نەدەکرد لە دیبەیتی نێوان دوو بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکایەتی زلهێزترین ووڵاتی سەرئەم زەمینە کە (ئەمێریکا)یە! لە دیبەیتەکەی شەوی ڕابردوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە لە 5ی نۆڤەمبەری ئەمساڵدا ئەنجام دەدرێت، دۆناڵد ترەمپی بەربژێری کۆماریەکان کەهەمیشە لای بەشێک لە میدیا و لایەنگرانی دیموکراتەکان بەسەرۆکێکی شێت ناوی دەبرێت بەڕێژەیەکی بەرچاو سەرکەوتوبو بەرامبەر جۆ بایدنی بەربژێری دیموکراتەکان کە زۆربەی لایەنگرانی کۆماریەکان بە سەرۆکێکی نەخۆش ناوی دەبەن! کەناڵی CNN کە دیبەیتەکەی ڕێک خستبو، لەدوای دیبەیتەکە ڕاپرسیەکی لەسەر وێبسایتەکەی دانا بۆ وەرگرتنی بۆچوونی ئەو کەسانەی کە دیبەیتەکەیان بینیوە، ئەگەرچی کەناڵی CNN کە پشتگیری دیموکراتەکان و بایدن دەکات، تەنانەت هەندێکجار بەمیدیای دیموکراتەکان دەناسێندرێت کەچی دەنگدەرانی ڕاپرسیەکەی CNN بەجۆرێک دەنگیان داوە دیموکراتەکانی توشی شۆک کردوە و لە بەیانی ئەمڕۆوە دیبەیتەکە بۆتە باس و خواس و مشتومڕی چڕی شەقامی ئەمریکی، بینەرانی دیبەیتەکە لە ڕاپرسیەکەی کەناڵی CNNدا لە%67 دەنگیان داوە بە ترەمپ و لە%33 دەنگیان داوە بە بایدن. هەروەها لە ڕاپرسیەکی دیکەی کەناڵی CBSی نزیک لە دیموکراتەکان و بایدن کە بۆ سەربەخۆکانی ئەمریکا ئامادەیان کردوە ئەنجامەکەی بەم جۆرەیە: لە %41 دەنگیان داوە بە ترەمپ، لە%26 دەنگیان داوە بە بایدن، لە%33 دەنگیان داوە بە (دڵنیا نیم). دیبەیتەکە بەجۆرێک شکستی بایدنی نیشاندا کە هەموو ئەمریکیەک بەلایەنگرانی خودی بایدنیشەوە بەڕوونی هەستیان بەو شکستە کرد، لە دیبەیتەکەدا دۆناڵد ترەمپ وەک کەسێکی تاڕادەیەک ئاسایی دەردەکەوت و خۆی لە وەڵامە مەترسیدارەکان دەپاراست. جۆ بایدن لە سەرەتادا وەها خۆی نیشاندا کە غازی زۆر لەناو تانکییەکەیدا هەیەو بە یەقینەوە توانای هەیە بۆ چوار ساڵی داهاتوو سەرۆکایەتی ئەمەریکا بکات بە تەمەنی 86 ساڵی و نەخۆشیە درێژخایەنەکەیەوە (کە دواجار وادەرنەچوو!). ترەمپ بە تەواوی سەرکەوتوو بوو (هەرچەندە لە دیبەیتەکەدا بە توڕەیی چەندین درۆی کرد و زۆرجاریش ڕەتیدەکردەوە وەڵامی پرسیارە هەستیارەکان بداتەوە).   بایدن چەندین دەرفەتی لەدەستدا، چی بۆ پشکنینی ڕاستییەکانی ترەمپ و چی بۆ گەڕانەوەی وێرانکەر لەسەردەی ترەمپدا. بۆ نموونە: کاتێک ترەمپ باسی کوشتنی کچە 12 ساڵانەکانی کۆچبەرانی دەکرد، من لەسەر لێواری کورسیەکەم چاوەڕێی ئەوەم دەکرد بایدن زۆر بە سادەیی بڵێت: "ئەو مردنانە لەسەر ویژدانی تۆیە ترەمپ! تەنها تۆ بەرپرسیاریت! ئەوە من بوم پڕۆژە یاسایەکی دوولایەنەی ئاسایشی سنوورم لە کاتی خۆیدا هەبوو ئێوە کوشتتان، چونکە چەکی بەهێزی تۆ لە بانگەشەی هەڵبژاردندا لەسەر مردنی کۆچبەرانەو دروستکردنی دووبەرەکی و ڕەگەزپەرستیە بۆ دەنگدەرانت (بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیەش لە تێرمی یەکەمی سەرۆکایەتی تۆدا زۆربەی ناوەندەکانی هەڵسەنگاندن و سێرڤاکانی ئەمەریکا و جیهان سەلماندیان زۆرینەی دەنگدەرانی ترەمپ لەسەر لێدوانە توڕەو ئاگرینەکانی بوو کە بەئاشکراو بێ شەرمانە بانگەشەی دیپۆرت کردنەوەی موسوڵمانان و دروستکردنی دیوارێک لە نێوان ئەو سنوورە درێژەی مەکسیک ـ ئەمەریکا بۆ ڕێگریکردن لە کۆچبەرانی ولاتانی لاتین ئەمەریکا)، یان چاوەڕێ بوم زۆر بەسادەی بایدن بڵێت: "ئەوە تۆبویت لەسەردەمی چوار ساڵی حوکمڕانیت بە بڕیارێکی گەمژانە سەدان دایک و منداڵی کۆچبەرت لەیەک کرد کە بوە هۆی سەرلێشێوانی سەدان خێزان! کەچی بایدن نەک هەر ئەوانەی نەگوت بەڵکو دەستی کرد بە باسکردنی سەربازە دێرینەکان. هەندێک جار وەڵامەکەی لادەدا و دەچووە ناو باسی شاجوانی کارۆلاینای باشوورەوە!. بایدن ئەوەندە خراپ بوو کە لە نیوەی دیبەیتەکەدا کەمپەینی بایدن دەستی کرد بە تویتکردن کە بایدن لەژێر کەشوهەوادا سەرمای بووە!. تەنانەت لەپرسی دەرەوەشدا (شەڕی یۆکراین ڕووسیا، دۆسیەی غەزە، پرسی ئەتۆمی کۆریای باکوور...هتد) ترەمپ باڵاتربوو بەسەر بایدندا. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا دەتوانرێت بایدن بگۆڕدرێت؟ ئەی کێ جێگای بگرێتەوە؟ بەو پێیەی دوو مانگیتر کۆنفرانسی گشتی دیموکراتەکانە، گۆڕینی بایدن ئاسان دەبێت بە مەرجێک بایدن خۆی ڕەزامەندی دەربڕێت بۆ کاندیدکردنی کەسێکیتر. (یاساکانی بەڕێوەبردنی کۆنفرانسی دیموکراتەکان بەجۆرێکە کە ناتوانرێت بەبێ ڕەزامەندی خۆی کاندیدکردنی بایدن ڕەت بکرێتەوە). ئەگەر بایدن ئەو بڕیارە بدات کامالا هاریس دەبێتە جێگرەوەی، بەلام کێشە گەورەکە ئەوەیە کە بونی هاریس چارەسەری ئەم دەردە کتوپڕەی دیموکرات و لایەنگرەکانیان ناکات! تەنانەت هاریس زۆر کەمتر لە بایدن بەناوبانگە! دوو کەسایەتی دیکە بۆ جێگرەوەی بایدن کە لەناو شەقامی دیموکراتەکاندا لە بەیانی ئەمڕۆوە مقۆمقۆیان لەسەرە هەریەک لە (گرێچن ویتمەر) حاکمی بەناوبانگی ویلایەتی میشیگن و (جاش شەپیرۆ) حاکمی ویلایەتی پێنسیلڤانیایە.   ویتمەر ناوبانگێکی نیشتمانی هەیە و لە ئێستادا بایدن لە هەردوو ویلایەتی میشگن و پێنسیلڤانیا لەدوای خۆیەوەیەتی. هەروەها ڕۆی کۆپەر، حاکمی دەستلەکارکێشاوەی ویلایەتی کارۆلینای باکوور، بژاردەیەکی سەرنجڕاکێشی جێگری سەرۆکە، بەتایبەتی ئەگەر بایدن لای خۆیەوە دەستبەرداری بەربژێری ببێت و کامیلا هاریس ببێتە پاڵێوراو. بێگومان کێشە لە کاندیدکردنی ویتمەردا دروست دەبێت لەوانەش مەترسی دەنگ نەدانی هاوڵاتیە بەڕەگەز ئەمریکی/ئەفریقیەکانی لایەنگری دیموکراتەکان. كەسایەتیەکی دیکە کە قسەی لەبارەوە دەکرێت بۆ بەربژێری دیموکراتەکان لە جێگەی بایدن (میشێل ئۆبامای) خانمی یەکەمی سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا باراک ئۆبامایە، هەرچەند کەمتر لە میدیاداو لەلایەن چاودێرانی سیاسی و بەرپرسانی پلە باڵای دیموکراتەکانەوە قسە لەسەر میشێڵ دەکرێت بۆ کاندید کردنی بەهێندەی لەلایەن کامپینی لایەنگرانی دیموکراتەکانەوە قسە لەسەر میشێڵ دەکرێت. هەموو ئەمانە تا ئێستا ئەگەرن بەلام بەدووریش نازانرێت ڕوو بدەن. پێدەچێت بایدن وەک پاڵێوراو بمێنێتەوە. ئەگەری کامێلا هارسی جێگریش قسەی لەسەرە، هێشتا کاتێکی زۆر لەبەردەستدایە کۆنفرانسی دیموکراتەکان حەوت هەفتەی ماوە. با چاوەڕێ بکەین ئەگەر بایدن بڕیارە قورسەکەی دەستلەکار کێشانەوەیدا بزانین بازی دیموکراتەکان لەسەر شانی کێ دەنیشێتەوە و شانس دەبێتە یاوەری ئەم شەڕەی کە خێر بەدوای خۆیدا دێنێت بۆ کاندیدی نوێی دیموکراتەکان؟!. سەرچاوە: ماڵپەڕی CNN ماڵپەڕی The New York Times ماڵپەڕی The Hill ماڵپەڕی Newsweek


(درەو):  ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا یەكەمین دیبەتی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەخۆوە بینی، جۆ بایدن سەرۆكی ئێستاو دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی پێشوو لە دیبەیتێكدا كە تۆڕی (CNN) رێكیخست، روبەڕووی یەكتر بوونەوە. وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا رۆژی 5ی تشرینی دووەمی ئەمساڵە، ئەمە یەكەمجار بوو دیبەتی كاندیدەكانی سەرۆكایەتی لەلایەن "لیژنەی دیبەیتەكانی سەرۆكایەتیی"ەوە رێكنەخرا، لیژنەیەك كە لە ساڵی 1988ەوە سەرپەرەشتی ئەم جۆرە چالاكییانە دەكات، هەروەك جاری یەكەمیش بوو لە مێژووی ئەمریكا دیبەتێك سەرۆكی ئێستاو پێشووی وڵاتەكە كۆبكاتەوە.  دیبەیتەكە شەڕی یەكتر تۆمەتباركردنی لەنێوان هەردوو كاندیدەكەدا بەخۆوە بینی، گفتوگۆكان لەسەر بابەتەكانی وەك (لەباربردنی كۆرپەلە، ئیدارەی ئابوری، كۆچبەران، ململانێكان لە ئۆكرایناو غەززە) چڕبووەوە.  دیبەیتەكە كە لە شاری (ئەتلەنتا)ی ویلایەتی جۆرجیا بەڕێوەچوو، بایدن لەگەڵ هاوسەرەكەی گەیشتە ئەتلەنتا، بەڵام هاوسەرەكەی ترەمپ نەبینرا، ئەم دیبەیتەكە كە پێشبینی دەكرێت رۆڵێكی كاریگەریی لەسەر دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا هەبێت، بەبێ تەوقەكردنی نێوان دوو كاندیدەكە دەستیپێكرد.  بایدنی (81 ساڵ) و ترەمپی (78 ساڵ) هەردووكیان روبەڕووی كۆمەڵێك ئاڵنگاری دەبنەوە بۆ سەلماندنی توانای خۆیان لە مامەڵەكردن لەگەڵ پرسە جیاوازەكان و خۆبەدورگرتن لەجۆرە هەڵەیەكی زمانەوانیی، هەروەك هەردووكیان هەوڵی ئەوە دەدەن پۆینتێكی زیاتر لە راپرسییەكاندا كۆبكەنەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بەپێی راپرسییەكان ئاستی جەماوەرییان لە یەكترەوە نزیكە.  بنەماكانی دیبەیتەكە چین ؟ ماوەی دیبەیتەكە بە (90 خولەك) دیاریكردوە، ئەمە لەگەڵ دوو ناوبڕی ریكلام، ئەمەش خاڵێكە كە جێگای تێبینییە، چونكە دیبەتی خولەكانی پێشووی هەڵبژاردن كە لیژنەی دیبەیتەكانی سەرۆكایەتیی سەرپەرەشتی دەكرد، نەك دامەزراوەیەكی میدیایی، ناوبڕی ریكلامكردنی تێدا نەبوو.  هەروەك رێگا بە كاندیدەكان نادرێت لە ناوبڕەكاندا لەگەڵ یاردەدەرەكانیان قسە بكەن، بەڵام دەرفەتی ئەوەیان دەبێت لەم ناوبڕانەدا هەناسەیەك هەڵمژن و هەندێك خۆیان كۆبكەنەوە، ئەمەش بابەتێكە كە لە دیبەتی خولەكانی تری هەڵبژاردندا نەبووە. هەریەكێك لە كاندیدەكان پێنوسێك و دەفتەرێك و بوتڵێك ئاویان پێدەدرێت، لەسەر سەكۆی دیبەیتەكە رێگا بە هیچ ئامرازێكی یارمەتیدان یان تێبینی نوسراو نادرێت.  دیبەیتەكە لەناو ستۆدیۆی (CNN) بەڕێوەدەچێت بەبێ ئامادەبوونی جەماوەر، ئەمەش بەبەراورد بە هەموو دیبەیتەكانی تر گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، پێشتر جەماوەر بەشێوەی راستەوخۆ بەشداری دیبەیتەكانی دەكرد، ساڵی 2020 بەهۆی پەتای كۆرۆناوە، رێگا بە خەڵكێكی كەم درا بچنە ناو هۆڵی دیبەیتەكەوە.  بایدن و ترەمپ لەسەر دوو مینبەر لە تەنیشتی یەكتردا راوەستان، بە شێرو خەت شوێنی هەریەكەیان لەسەر سەكۆكە دیاریكرا.  تەنانەت قسەكردنیش بە تیروپشك رێكخرا، بایدن سەرەتای قسەكردنی بەركەوت، قسەی كۆتایش بەر ترەمپ كەوت، رێگا بە وتنی پێشەكی نەدرا. (CNN) بۆ وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێك ماوەی 2 خولەك و بۆ هەر وەڵامدانەوەو رەتكردنەوەیەك ماوەی یەك خولەكی دیاریكرد،  جەیك تاپر و دانە باش كە سەرپەرەشتی دیبەیتەكان دەكەن، مافی ئەوەیان پێدراوە بەگوێرەی خەمڵاندنی خۆیان كاتی زیاتر بە هەریەكێك لە كاندیدەكان بدەن.  بۆ رێگریكردن لەوەش كاندیدەكان قسە بە یەكتر ببڕن، دەنگی میكرۆفۆنی هەریەكێك لە كاندیدەكان رادەگیرێت كاتێك ئەوی تریان قسە دەكات، ئەمەش داواكاری بایدن بوو، چونكە ترەمپ حەزی بەوەیە لە دیبەیتەكاندا قسە بە نەیارەكانی ببڕێت.  لەسەر جەنگی غەززە چییان وت؟  جۆ بایدن وتی:" تاكە لایەن كە ئەیەوێت جەنگ بەردەوام بێت حەماسە"، جەختی لەسەر ئەوە كرد ئەمریكا "گەورەترین سەرچاوەی پاڵپشتی ئیسرائیلە لە جیهاندا"و رایگەیاند" بەردەوام دەبین لە ناردنی شارەزاو پیاوانی هەواڵگریمان بۆ ئەوەی بزانین ئایا چۆن دەكرێت حەماس لەناو ببەین هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ بن لادن كردمان".  لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بەوەی حەماس و ئیسرائیل تتائێستا پابەندی ئەو پێشنیازە نەبوون كە خستویەتییەڕوو، بایدن وتی: هەمووان پشتیوانی پلانەكەیان كرد، لە ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بۆ گروپی حەوت وڵاتە گەورەكەو ئیسرائیل و ناتانیاهۆ خۆشی، حەماسە كە رێككەوتنەكەی ناوێت. "چی روویدا. لە ئیسرائیل تاكە شتێك كە هەڵپەسێردرا ئەو بۆمبانە بوو كە كێشیان 2000 پاوندە. ئەوانە لەناوچەی دانیشتواندا بە باشی كارناكەن، خەڵكێكی زۆری بێتاوان دەكوژن" بایدن وای وت.  بایدن رایگەیاند" ئێمە هەموو ئەو چەكانە بە ئیسرائیل دەدەن كە پێویستی پێیەتی هەر كاتێك بیەوێت. بەوبۆنەیەشەوە، من ئەو پیاوە بوو كە جیهانم دژی ئێران رێكخست كاتێك هێرشی موشەكیی كردەسەر ئیسرائیل، هێرشەكە هیچ زیانێكی نەبوو. هیچ ئیسرائیلییەكی بەهەڵە نەكوشت و هێرشەكە راگیرا. ئیسرائیلمان رزگاركرد".  بایدن جەختی كرد" ناكرێت رێگە بە بەردەوامبوونی حەماس بدرێت، بەوبۆنەیەوە، حەماس زۆر لاواز بووەو دەبێت لەناوببرێت، بەڵام دەبێت وریای بەكارهێنانی هەندێك چەك بین لەناو ناوچەكانی دانیشتواندا".  ئەمە لەكاتێكدا بوو كە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا دەڵێ ئیسرائیل تاكە لایەنە كە دەیەوێت بەردەوام بێت لە جەنگ، ئەمەش لە وەڵامی قسەی بایدندا كە حەماس بە تاكە لایەن بۆ بەردەوامیدان بە جەنگ ناودەبات.  ترەمپ ئاماژەی بەوەكرد" پێویستە بایدن ئیسرائیل بەجێبهێڵێت بۆ ئەوەی ئەركەكەی تەواو بكات، بەڵام نایەوێت ئەو كارە بكات". ترەمپ؛ بایدنی ركابەری بەوە وەسفكرد كە " بووە بە فەلەستینی، بەڵام خۆشیان ناوێت، چونكە فەلەستینییەكی زۆر خراپ و لاوازە". لە وەڵامی ئەوەشدا "ئایا پشتیوانی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین دەكات لەپێناو ئاشتی لە ناوچەكەدا؟". ترەمپ وەڵامی دایەوە:" دەبێت بزانم"، بەر لەوەی قسەكەی بگۆڕێت بۆ باسكردن لە رێككەوتنەكان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا.  بایدن رووی بەلای ترەمپدا وەرگێڕاو پێی وت:" تۆ ئەخلاقی پشیلەی كۆڵانت هەیە"، لەكاتێكدا ترەمپ رەتیكردەوە سێكسی لەگەڵ كچە ئەستێرەیەكی پۆرندا كردبێت.  لە دیبەیتەكەدا، ترەمپ وتی لە هەموو راپرسییەكان ئەو لە پێشەوەیە، جەختی كرد تەنیا لەكاتێكدا ئەنجامی هەڵبژاردنەكان قبوڵ دەكات كە دادپەروەرانە بێت. ئاماژەی بەوەكرد هەڵاوسان وڵات دەكوژێت، بایدنی تۆمەتبار كرد بەوەی سنوری بەكراوەیی بەجێهێشووە بۆ ئەوەی ئەمریكا وێران بێت، جەختی لەسەر ئەوەكرد، سەركەوتنی لە هەڵبژاردن تاكە دەرفەتە بۆ دەربازكردنی ئەمریكا لەو قوڕەی تێی كەوتووە. ترەمپ باسی لەوەكرد ئەگەر ئەمریكا سەركردەیەكی راستەقینەی هەبوایە، جەنگی ئۆكراینا رووی نەدەدا، بایدنی بە بەرپرس زانی لە بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسان و كوژرانی هاوڵاتیانی رەشپێست، هەروەك هۆشداری دا لە نزیكبوونەوەی جیهان لە جەنگی سێیەمی جیهانیی بەهۆی سیاسەتەكانی بایدنەوە، وتی: بەهۆی بێڕێزی ئەمریكاوە لەسەردەمی بایدندا، جیهان بەرەو تەقینەوە دەچێت.  راپرسی دوای دیبەیتەكە ئەو راپرسییەی كە (CNN) دوای تەواوبوونی دیبەیتەكە بڵاویكردەوە، دەریخست نزیكەی 8 كەس لە هەر 10 دەنگدەرێكی تۆماركراو دیبەیتەكەیان بینیوە (واتا 81%) دەڵێن دیبەیتەكە هیچ كاریگەرییەكی لەسەریان نەبووە لە هەڵبژاردنی سەرۆكدا، 14%ی تر وتوویانە دیبەیتەكە وای لێكردوون چاوخشاندنەوەی بە بڕیاری خۆیاندا بكەن، بەڵام بڕیاری خۆیان نەگەڕیوە، رێژەی 5% وتویانە بۆچوونیان گۆڕاوە لەبارەی ئەوەی دەنگ بە كێ بدەن. دوای دیبەیتەكە، بۆچوونی چاودێران لەسەر بایدن هەندێك گۆڕانكاری بەسەردا هات، تەنیا 31% بەشێوەیەكی ئەرێنیی لێیان روانی، ئەمە بەراورد بە 37% كە بەر لە راپرسییەكە لەگەڵ هەمان دەنگدەران ئەنجام درابوو، لەبەرامبەردا 43%ی چاودێرانی دیبەیتەكە بەشێوەی ئەرێنی لە ترەمپ دەڕوانن، ئەمە لەكاتێكدا بووە بەر لە راپرسییەكە 40%ی دەنگدەرانی بۆچوونی ئەرێنییان لەسەر هەبوو.  48%ی چاودێرانی دیبەیتەكە دەڵێن ترەمپ بەشێوەیەكی باشتر چارەسەری ئەو مەترسییانەی كردووە كە لەبارەی توانای لە مامەڵەكردنی لەگەڵ سەرۆكایەتیدا هەبووە، ئەمە لەكاتێكدایە 23% وتویانە بایدن كاری باشتری كردووەو 22% پێیانوا بووە هیچ یەكێك لە كاندیدەكان كاری باشیان نەكردووە. 7%ی تر پێیوایە هەردوو كاندیدەكە بە هەمان ئەندازە كاری باشیان كردووە بۆ رەواندنەوەی مەترسییەكان.  لەناو ئەوانەی دیبەیتەكەیان بینیوە، 48% وتویانە بیر لەوە دەكەنەوە تەنیا دەنگ بە ترەمپ بدەن. 40% وتویانە تەنیا بیر لەوە دەكەنەوە دەنگ بە بایدن بدەن. 2% وتویانە بیر لە هەردوو كاندیدەكە دەكەنەوە، 11% وتویانە بیر لەوە ناكەنەوە دەنگ بەو دوو كاندیدە بدەن.  كاردانەوەی دیبەیتەكە كلیر مكاسكیل سیناتۆری پێشووی دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی پیران لەسەر ویلایەتی میسوری دەڵێ:" تاكە شتێك هەبوو كە دەبوو بەدی بهێنێت، ئەوەش ئەوە بوو ئەمریكا دڵنیا بكاتەوە لەوەی لەو تەمەنەدا لە ئاست ئەركەكەیدایە، بەڵام ئەمشەو لەمەدا شكستی هێنا".  گاڤین نیوسەم پارێزگاری كالیفۆرنیا كە لایەنگرێكی سەرسەختی بایدنە دەڵێ:" نابێت هیچ نیگەرانییەك هەبێت، ئەم سەرۆكە كاری خۆی كردووە. پێویستمان بەوەیە لەپێناویدا پابەندی بەڵێنەكانمان بین".  لایخۆیەوە، كاتی بیدینگفیڵد بەڕێوەبەری پێشووی پەیوەندییەكانی ئیدارەی بایدن بە كەناڵی (CNN)ی راگەیاند" دوای دیبەیتە سەرۆكایەتییەكە، ئاستی سەرۆك بایدن بێومێدكەر بوو"، فرانك لۆنتز سیاسەتمەداری ئەمریكیش دیبەیتەكە بە "بومەلەرزەیەكی سیاسی"و بە "كارەساتێكی بێ پێشینە" بۆ دیموكراتەكان ناو دەبات. بەڵام سەرۆك بایدن خۆی، كە دوای دیبەیتەكە كاتێك بەڕێوەبوو بەرەو كافێیەك، كاتێك رۆژنامەنوسان رایانگرت، وتی:" لەوباوەڕەدام كاری باشمان كرد".  مایك جۆنسۆن سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكاش لە تۆڕی كۆمەڵایەی (X) پشتیوانی توندی خۆی بۆ دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی پێشوو راگەیاند، ئەوەی بە تاكە كاندید ناوبرد كە "شایستەو بەتوانا"یە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتیی وڵات.  جۆنسۆن ئاماژەی بەوەكرد" ئەمە گەورەترین نابەرامبەرییە لە مێژووی دیبەیتەكانی سەرۆكایەتیدا" بەوپێیەی بەوتەی ئەو ترەمپ ئاستی لە ركابەرەكەی باشتر بووە. سەرچاوە: بی بی سی   


  درەو: سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 20ی ئۆكتۆبەری 2024ی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكردووە، ئەم جارە تەواوی حزبەكانی كوردستان بەشداری تێدا دەكەن، لە ئێستاوە حزبەكان راپرسی نهێنی و بۆچونی ناوخۆیان وەرگرتووە لەسەر پێگەو رێژەی كورسی و ژمارەی دەنگەكانیان، (درەو) گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسی زۆربەی حزبەكان كردووە، سەبارەت بە پێشبینیان بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتوو و ئەو كورسیانەی بەدەستی دەهێنن، ژمارەی ئەو كورسیانەی حزبەكان  پێشبینیان بۆخیان كردووە دەگاتە (150) كورسی.   بەهۆی ئامادەكاری پێشوو بۆ رۆژی 10ی حوزەیران، حزبەكان پێگەو سەنگی خۆیان بۆ دەركەوتووەو بەهۆی ئەو راپرسیانەی لەناوخۆدا كردوویانە جۆرێك بەرچاویان روون بووتەوە بۆ ئەو دەنگ و كورسیانەی بەدەستی دەهێنن، (درەو) گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسی حزبەكاندا كردووەو پێشبینی ئەوان بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و ژمارەی ئەو كورسیانەی بەدەستی دەهێنن.   یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەڵبژارنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە نیازە نزیكەی (10) كورسی بەدەستبهێنێت و پێیان وایە دەنگەكانیان زیاد دەكات. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (108) هەزار دەنگی بەدەستهێناوەو چوار كورسی پەرلەمانی عێراقیان مسۆگەركردووە. بە پێی وتەی بەرپرسانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە (درەو) گفتوگۆی لەگەڵ كردوون، لە هەڵبژاردنی رابردوو لە دهۆك زیاتر لە (81) هەزار دەنگی بەدەستهێناوەو پێیان وایە دەنگەكانیان زیاد دەكات و زیاتر لە (5-6) كورسی بەدەستدەهێنن و لە سلێمانی (3) كورسی و لە هەڵەبجە (1) كورسی و لە هەولێر ئەگەری بەدەستهێنانی (1) كورسی هەیە، بۆیە كۆی كورسیەكانیان نزیك دەبێتەوە لە (10) كورسی.  بزووتنەوەی گۆڕان بزووتنەوەی گۆڕان لە دواین هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەنیا (22) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستان (187) هەزار دەنگیان بەدەستهێنا، بزووتنەوەی گۆڕان چاوی لەوەیە بۆ لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان (5) كورسی بەدەستدەهێنن، لە سلێمانی (3) كورسی و لە هەولێر (2) كورسی. كۆمەڵی دادگەری كوردستان. كۆمەڵی دادگەری كوردستان لە دواین هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (64) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە لەكاتێكدا یەك كورسی پەرلەمانی عێراقیان بردەوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستان (109) هەزار دەنگیان بەدەستهێنابوو (7) كورسی پەرلەمانیان هەبوو، بەپێی ئەوەی (درەو) گفتوگۆی لەگەڵ كردوون كۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان (6 - 7) كورسی بەدەستدەهێنن، بەجۆرێك لە سلێمانی (3) كورسی لە هەولێر (3) كورسی و لە هەڵەبجە كورسیەك. جوڵانەوەی نەوەی نوێ حوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (204) هەزار دەنگیان بەدەستهێناوە و لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستاندا (127) هەار دەنگیان بەدەستهێنابوو، (درەو) قسەی لەگەڵ بەشێك لە بەرپرسان و نزیكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێكرد، ئەوان پێیان وایە دەنگەكانیان هێندە یاد دەكات دەبنە موفاجەئەی هەڵبژاردەنی 20ی ئۆكتۆبەری داهاتوو، ئەوان پێیان وایە دەنگەكانی پێشوویان بەشی (18) كورسیە، بەڵام تموحی (25) كورسیان هەیە، جوڵانەوەی نەوەی نوێ چاوی لەوەیە كورسیەكی هەڵەبجە و (12) كورسی سلێمانی و (9) كورسی هەولێر و (3) كورسی دهۆك بەدەستبهێنێت. یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دواین هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (215) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە ، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستان (319) هەزار دەنگیان بەدەستهێنابوو (21) كورسی پەرلەمانیان هەبوو، (درەو) قسەی لەگەڵ بەشێك لە بەرپرسانی یەكێتی كرد ئەوان پێیان وایە ئەم هەڵبژاردنە بۆ یەكێتی هەڵبژاردنی راستكردنەوەی هاوسەنگیەو (26 - 28) كورسی بەدەستدەهێنن، بەجۆرێك كاریان لەسەر هەموو لایەنگر و ئەوانە كردووە لە یەكێتیدا كار دەكەن و پۆستیان وەرگرتووەو سودمەندبوون و لە هێزی ئەمنیان، ئەوان بە نیازن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا زیاتر لە (350) هەزار دەنگ مسۆگەر بكەن (26 - 28) كورسی بەرنەوە. بەجۆرێك لە سلێمانی (15 - 16) كورسی و لە هەڵەبجە (1) كورسی و لە هەولێر (6 -7) كورسی و لە دهۆكیش (2-3) كورسی. پارتی دیموكراتی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان لە دواین هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (579) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە ، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستان (688) هەزار دەنگیان بەدەستهێنابوو (45) كورسی پەرلەمانیان هەبوو، (درەو) قسەی لەگەڵ بەشێك لە بەرپرسانی پارتی كرد ئەوان پێیان وایە كورسیەكانی پارتی نەك هەر كەم ناكات بەڵكو زیادیش دەكات بەجۆرێك (46 - 47) كورسی بەدەستدەهێنن. ئەو بەرپرسانەی پارتی دەڵێن، پارتی دەستی بە جێبەجێكردنی پلانێك كردووە بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بهێنێت و لایەنگرانی خۆی ئاشت بكاتەوە، كە پارتی خاوەنی نزیكەی (700) هەزار ئەندام و لایەنگرە، ئەگەر تەنیا ئەندام و لایەنگرانی دەنگی پێبدەن زیاتر لە (45) كورسی دەكات. بۆیە پارتی چاوی لەوەیە لە سلێمانی (4- 5) كورسی و لە هەڵەبجە (1) كورسی و لە هەولێر (19 -20) كورسی و لە دهۆكیش (19 -20) كورسی بەدەستبهێنێت. هەڵوێستی نیشتمانی رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی كە عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان سەرۆكایەتی دەكات، پێیان وایە نزیكەی (10) كورسی پەرلەمانی كوردستان بەدەستدەهێنن، چونكە خەڵكی بێزارە لە حزبە باڵادەستەكانی كوردستان. بەرەی گەل بەرەی گەل كە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی پێشووی یەكێتی سەرۆكایەتی دەكات پێیان وایە (12 - 15) كورسی پەرلەمانی كوردستان بەدەستدەهێنن، ئەوان چاویان لە دەنی ناڕازی كوردستان و بنكەی ناڕازی ناو یەكێتیە. هاوپەیمانی كوردستانی هاوپەیمانی كوردستان لە (حزبی شیوعی كوردستان و حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان) پێكهاتووەو محەمەد حاجی مەحمود سەرۆكایەتی دەكات، ئەو سێ حزبە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەیان بۆ سۆسیال دیموكرات داناوەو پارێزگای هەولێر بۆ حزبی شیوعی و پارێزگای دهۆك بۆ زەحمەتكێشان دانراوە، چاویان لە دوو كورسیە، كورسیەك لە سلێمانی و كورسیەك لە هەولێر. هاوپەیمانی سەردەم هاوپەیمانی سەردەم لە ( پارتی پارێزگارانی كوردستان بە سەرۆكایەتی نەجات عومەر سورچی، پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان بەسەرۆكایەتی باپیر كامەلا، یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی غەفور مەخموری) پێكهێندراوەو عەبدوڵا حاجی مەحمود سەرۆكی هاوپەیمانێتیەكەیەو چاویان لە كورسیەكی هەولێرە. ئەگەر خوێندنەوە بۆ دۆخی حزبەكان و ژمارەی دەنگ و پێگەیان بكرێت، رەنگە ژمارەی ئەو كورسیانەی حزبەكان بۆخۆیانی دادەنێن، كە نزیكەی (150)كورسیە لەكۆی (95) كورسی پەرلەمان بگۆڕێت، بەڵام ئەم راپۆرتە تەنیا تایبەتە بە بۆچۆنی حزبەكان خۆیان و بە بێ شیكاری و لێكدانەوەی دۆخی ئێستای حزبەكان و پێگەو ئاستی جەماوەری و دۆخی ژیانی و گوزەرانی هاوڵاتیان.     راپۆرتی پەیوەندیدار پێگەی لایەنة سیاسییەکان لە سنوری بازنەی پارێزگای هەڵەبجە پێگەی لایەن سیاسییەکان لە سنوری بازنەی پارێزگای سلێمانی پێگەی لایەنە سیاسییەکان لە سنوری بازنەی پارێزگای هەولێر پێگەی لایەنە سیاسییەکان لە سنوری بازنەی پارێزگای دهۆک  


راپۆرتی شیكاری: هێمن خۆشناو له‌ سوریادا سه‌رله‌نوێ جوڵه‌ی، سه‌ربازی، سیاسی و دیپلۆماسی ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌. له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی (ئۆكرانیا) دۆخی ناوخۆیی سوریا پنگایه‌وه‌، روسیا نه‌یهێشت پڕۆسه‌كانی ناو ئه‌م وڵاته‌ به‌هیچ لایه‌كدا بكه‌وێت. راگرتنی هاوسه‌نگیه‌كانی ناو سوریا له‌ مه‌ودای مام ناوه‌ند و درێژدا، ئه‌گه‌ری لاوازبوونی رژێمی ئه‌سه‌دی لێده‌كه‌وێته‌وه‌. له‌ ترسی ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ روسیا ده‌ستپێشخه‌ریه‌كانی ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ به‌رفراوانكردنی پێگه‌ی رژێمی ئه‌سه‌د و به‌رقه‌راركردنی سه‌قامگیری سیاسی له‌ ته‌واوی سوریادا. روسیا هه‌وڵده‌دات  له‌ سوریادا سه‌رله‌نوێ ده‌ستپێشخه‌ری بگرێته‌ ده‌ست؟‌ سوریا، له‌ناو ستراتیژی روسیا له‌ (ده‌ریاری سپی ناوه‌ڕاست) شوێنێكی تایبه‌تی هه‌یه‌. به‌نده‌ری (ته‌ڕتوس) و فڕۆكه‌خانه‌ی (لازقیه‌) بۆ پێگه‌ی روسیا له‌ناوچه‌كه‌ زۆر گرنگن. به‌بێ هه‌بوونی ئه‌م دووانه‌ جێبه‌جێكردنی ستراتیژی روسیا له‌ حه‌وزی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست ئاسته‌م ده‌بێت. روسیا له‌ كۆتایی ساڵی (2015) به‌دواوه‌ بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ده‌مدرێژ و ستراتیژیه‌كانی، به‌ تایبه‌تی بۆ پاراستنی هاوسه‌نگی هێزی سه‌ربازی به‌رامبه‌ر به‌ (ناتۆ) هه‌موو هێزی خۆی خسته‌گه‌ڕ بۆ پاراستنی رژێمی (ئه‌سه‌د) و به‌هێزكردنی پێگه‌ی ئه‌م رژێمه‌. ئه‌گه‌ر چی‌ به‌هۆی جه‌نگی (ئۆكرانیا) روسیا پڕۆسه‌كانی ناو سوریای هه‌ڵپه‌سارد، به‌ڵام له‌ رووی ستراتیژیه‌وه‌ بۆ روسیا ئه‌م وڵاته‌ گرنگی خۆی له‌ده‌ستنه‌داوه‌. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ روسیا سه‌رقاڵی پڵانێكه‌ تا له‌ ماوه‌ی داهاتوودا، به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوانتر، گشتگیرتر و به‌هێزتر له‌ناو رووداوه‌كانی سوریادا ده‌ركه‌وێت. یه‌كێك له‌ ستوونه‌ گرنگه‌كانی روسیا بۆ قایمكردنی پێگه‌ی خۆی له‌ سوریادا، سه‌رله‌نوێ زیندووكردنه‌وه‌ و دیزاینكردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی (ئاستانا) یه‌ به‌ گوێره‌ی ویسته‌كانی خۆی، له‌مه‌شیاندا بێكاریگه‌ر كردن و بێچه‌ك كردنی گرووپه‌ ئیسلامیه‌ جیهادیه‌ توندڕه‌وه‌كان و (هه‌یئه‌ی ته‌حریری شام/ به‌ره‌ی ئه‌لنوسڕه‌) كاری هه‌ره‌ له‌ پێشیه‌تی. یان روسیا هه‌ڵمه‌تێكی گوشار كردنه‌ سه‌ر توركیا ده‌ستپێده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی گرووپه‌ ئیسلامیه‌كان ناوچه‌كه‌ به‌جێبێڵن، یان داوا له‌ توركیا ده‌كات هێزه‌كانی له‌ (ئدلب) بكێشێته‌وه‌ و دواتر ئۆپاراسیۆنێكی به‌رفراوانی سه‌ربازی بۆ سه‌ر پێگه‌كانی (هه‌یئه‌ی ته‌حریر شام) ده‌ست پێده‌كات. به‌گوێره‌ی ئه‌م زانیاریانه‌ی دزه‌یان كردووه‌ مۆسكۆ، پڵانی هه‌یه‌ تا كۆتایی ئه‌م ساڵه‌ ناوچه‌كانی (عه‌فرین، سه‌رێكانیێ و ئدلب) بخاته‌وه‌ ژێر ده‌ستی رژێمی ئه‌سه‌د. له‌ رۆژی (11 حوزه‌یرانی 2024) هاكان فیدان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ مۆسكۆ چاوی كه‌وت به‌ (ڤلادیمێر پۆتین) سه‌رۆكی روسیا، پێشبینی ده‌كرێت له‌مباره‌یه‌وه‌ لایه‌نی روسی هێڵه‌ گشتیه‌كانی پڵانه‌كه‌ی بۆ سوریا به‌ گوێی وه‌زیر هاكان چرپاندبێت. له‌ هه‌مان كاتدا چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له‌ (3-4 مانگی داهاتوو) ئه‌ردۆغان و پۆتین له‌ ئاستانا یه‌كتر ببینن و له‌مباره‌یه‌وه‌ په‌ره‌ به‌ گفتوگۆكانیان بده‌ن. روسیا كه‌ ده‌خوازێت سه‌قامگیری سیاسی له‌ سوریا به‌رقه‌رار بكات، هه‌وڵده‌دات له‌ مانگه‌كانی داهاتووی ئه‌م ساڵه‌ (2024) زه‌مینه‌ی دانوستانی راسته‌وخۆی سیاسی و دیپلۆماسی له‌ نێوان دیمه‌شق و قامیشلۆ خۆش بكات. لێدوانه‌كه‌ی (سێرگی لاڤرۆڤ) وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا له‌ (26 ئه‌یلولی 2023) كه‌ ده‌ڵێت:" ئه‌و دۆخه‌ نیمچه‌‌ ده‌وڵه‌تیه‌ی كه‌ ئه‌مریكا له‌ رۆژهه‌ڵاتی فوڕات دروستی كردووه‌، به‌ ره‌زامه‌ندی دیمه‌شق ته‌واو ده‌بێت". ئاماژه‌یه‌ به‌ هه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌كی روسی له‌مباریه‌وه‌. بۆ ئێران ستراتیژیه‌كی نوێ له‌ سوریا ناچارییه‌؟   سه‌ره‌ڕای جیاوازی و ناكۆكیه‌كانی روسیا و ئێران له‌مه‌ڕ سوریا، هه‌ردوولا هاوبیرن له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د له‌ ده‌سه‌ڵات و قایمكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی. له‌ هه‌مان كاتدا هه‌ردوولا هاوڕان له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا له‌م وڵاته‌ و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌د بۆ ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی سوپای توركیا. به‌هۆی چاڵاكیه‌كانیان له‌ناو سوریادا به‌رپرسه‌ سه‌ربازیه‌ باڵاكانی ئێران ده‌بنه‌ ئامانجی هێڕشه‌كانی ئیسڕائیل، ئێران به‌ له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌م راستیه‌ هه‌وڵده‌دات جیاوازیه‌كانی له‌گه‌ڵ روسیا كه‌متر بكاته‌وه‌ و به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌مه‌ودوا پێگه‌ی به‌رپرسه‌ باڵاكانی به‌ گوێره‌ی پڵانی روسیا دیاری ده‌كات. چونكه‌ هه‌ر هێڕشێكی دیكه‌ ئیسڕائیلی بۆ سه‌ر فه‌رمانده‌ ئێرانیه‌كان له‌ سوریا، ره‌نگدانه‌وه‌ و لێكه‌وته‌ی خراپی ده‌بێت بۆ سه‌ر ئێران له‌ ته‌واوی ناوچه‌كه‌. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ له‌ سوریادا بمێنێته‌وه‌ ته‌هران ناچاره‌ رێككه‌وتنی نوێ له‌گه‌ڵ مۆسكۆ بكات. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م فاكته‌ره‌ دژانه بۆ‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێران، هێشتا ملیسه‌ ئێرانیه‌كان كه‌ ژماره‌یان به‌ هه‌زاران چه‌كدار ده‌خه‌مڵێندرێت ، هێزی سه‌ره‌كی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پێكدادانی چه‌كدارین له‌م وڵاته‌دا. له‌ زیندووكردنه‌وه‌ی (ئاستانا) داواكاری سه‌ره‌كی توركیا چی ده‌بێت؟ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك دیاره‌ كه‌ سیاسه‌تی توركیا له‌ سوریا تووشی بنبه‌ست بووه‌ و ده‌رفه‌تی به‌رده‌وام بوونی نه‌ماوه‌. ئیتر بیانووه‌كانی توركیا بۆ مانه‌وه‌ له‌ناو سوریادا متمانه‌ پێكراو نین، نه‌ په‌یوه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و نه‌ په‌یوه‌ندیه‌ ناوچه‌ییه‌كان مانه‌وه‌ی توركیا به‌ ره‌وا نابینن. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ ده‌نگێكی به‌رز ده‌ڵێن:" سیاسه‌تی توركیا هۆكاری ناسه‌قامگیری ناو سوریایه‌". ئه‌م دۆخه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنی له‌سه‌ر ناوخۆی توركیا و په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ دروست كردووه‌. سیاسه‌تی شه‌ڕانگێزی توركیا له‌ سوریادا نه‌وه‌كو ئه‌نجام نادات، به‌ڵكو به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن وڵاتانی كه‌نداو توركیا وه‌كو (داگیركه‌ر) له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت، ئه‌مه‌ش توركیا ناچار ده‌كات تا به‌دوای ده‌رچه‌ی نوێدا بگه‌ڕێت. له‌ دیزاینكردنه‌وه‌ی (پلاتفۆڕمی ئاساتانا) دوورنیه‌ توركیا له‌ به‌رامبه‌ر كشانه‌وه‌ له‌ (ئدلب) داوای ئۆپاراسیۆنێكی هاوبه‌ش بكات بۆ سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی فوڕات، بۆ له‌ناو بردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر كه‌ ناوه‌نده‌كه‌ی قامیشلۆیه‌ و به‌ پشتیوانی ئه‌مریكا دروستكراوه‌. له‌ به‌رامبه‌ر كشانه‌وه‌ له‌ناو خاكی سوریا ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ تاكه‌ مه‌رجی توركیا بێت. به‌ڵام پێناچێت مۆسكۆ و ته‌هران كه‌ روئیایه‌كی جیاوازتریان هه‌یه‌، وه‌ڵامێكی ئه‌رێنیان بۆ ئه‌م ویسته‌ی توركیا هه‌بێت‌. له‌ سوریادا رۆڵی فاكته‌ری (په‌، كه‌، كه‌) له‌ هاوسه‌نگی هێز له‌ نێوان ئێران و توركیادا؟ له‌ رووی مێژووییه‌وه‌، رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گۆڕه‌پانی پێشبڕكێ و ركابه‌ری ته‌هران و ئه‌نقه‌ره‌ بووه‌. ئه‌نقه‌ره‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناخوازێت ته‌هران له‌ عێراق و سوریادا خاوه‌ن هه‌ژموون بێت. به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئێران بۆ ئاسته‌نگكردنی به‌هێزبوونی توركیا له‌م دوو وڵاته‌دا‌ درێخی ناكات. له‌مباره‌یه‌وه‌ له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا هه‌ست به‌ ململانێی ئه‌م دوو وڵاته‌ ده‌كرێت. ئێران بۆ ئه‌وه‌ی پێگه‌ی خۆی له‌ عێراق و سوریا به‌هێز بكات، به‌ راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ (په‌، كه‌، كه‌) هه‌یه و هاوكاری ئه‌م رێكخراوه‌ ده‌كات‌، تا ئه‌و ئاسته‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی توركیا له‌ناوچه‌كه‌ دروست ده‌بێت. له‌لای خۆیه‌وه‌ (په‌، كه‌، كه‌) هه‌وڵده‌دات سوود له‌ ناكۆكی، ركابه‌ری و ململانێكانی ناوچه‌كه‌ وه‌ربگرێت و له‌ سایه‌یدا ته‌كنه‌لۆژیای سه‌ربازی نوێ به‌ده‌ستبخات. له‌م رۆژانه‌ی دوایشدا سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ (په‌، كه‌، كه‌) ته‌كنه‌لۆژیای دژه‌ درۆن و درۆنی خۆكوژی به‌ده‌ستهێناوه‌، كه‌ پێشبینی ده‌كرێت له‌ ئێران وه‌ریگرتبێت. خسته‌ خواره‌وه‌ درۆن و فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كانی توركیا له‌لایه‌ن (په‌، كه‌، كه‌) له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا، فه‌رمانده‌ سه‌ربازیه‌كانی توركیا توڕه‌ كردووه‌. به‌تایبه‌تی له‌و كاته‌ی كه‌ سوپای توركیا ده‌خوازێت له‌ناو سنووری هه‌رێمی كوردستان ئۆپه‌راسیۆنێكی زه‌مینی به‌رفراوان ده‌ست پێبكات، به‌ده‌ستهێنانی ته‌كنه‌لۆژیای درۆن و دژه‌ درۆن له‌لایه‌ن (په‌، كه‌، كه‌) له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی هه‌ڵكشانی زیانه‌ گیانی و مادیه‌كانی توركیا. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ دوورنیه‌ ئه‌نقه‌ره‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئێران بكات و له‌ سوریادا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌هران سازش بكات، له‌ به‌رامبه‌ریشدا داوا له‌ ته‌هران ده‌كات ده‌ست له‌ پێدانی ته‌كنه‌لۆژیای سه‌ربازی به‌ (په‌، كه‌، كه‌) هه‌ڵگبرێت. به‌م شێوه‌یه‌ قۆناخ به‌ قۆناخ كاریگه‌ری توركیا له‌سه‌ر سوریا لاواز ده‌كرێت. ئایا ئه‌مریكا واز له‌ پشتگیریكردنی باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا دێنێت؟ ئه‌مریكا به‌ به‌رده‌وامی سیاسه‌تی خۆی له‌ سوریا به‌ ستراتیژیانه‌ وه‌سف ده‌كات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ناو ستراتیژی ئه‌مریكادا ناو به‌ناو هه‌ڵمه‌تی ته‌كتیكی و گۆڕانكاری به‌دیده‌كرێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش پێناچێت ئه‌مریكا رێگا به‌ له‌ناوچوونی خۆسه‌ری دیموكراتی بدات. به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر پشتگیریكردنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌)، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ یه‌كه‌ سه‌ربازیه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سوریادا به‌رده‌وامن له‌سه‌ر راهێنانی هێزه‌كانی (هه‌سه‌ده‌) له‌ هه‌ردوو ئاستی زه‌مینی و ئاسمانی، پێگه‌یاندنی فڕۆكه‌وان و راهێنانی له‌سه‌ر سیسته‌می به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئاسمانی، ئاماژه‌یه‌ به‌م راستیه‌ی سه‌ره‌وه‌. پێده‌چێت له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا قامیشلۆ به‌ پشتگیری ئه‌مریكا و دیمه‌شق به‌ پشتگیری روسیا له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ داده‌نیشن و كۆدی گرێكوێره‌كانیان بدۆزنه‌وه‌. رۆڵی (هه‌سه‌ده‌) له‌ هه‌ڵكشان دایه‌! له‌ ئاست په‌یوه‌ندیه‌ ناوچه‌یه‌كاندا، سوریا ناچار ده‌بێت سیسته‌می فیدڕالی قه‌بوڵ بكات، له‌مه‌شدا كاریگه‌ری هێزی سه‌ربازی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر چاره‌نووسساز ده‌بێت. روسیا و ئێران، ده‌خوازن هێزه‌ شه‌كه‌ت و شكستخواردووه‌كه‌ی دیمه‌شق له‌گه‌ڵ هێزه‌ كارا و به‌ دینامیكه‌كه‌ی (هه‌سه‌ده‌) یه‌كبگرن. چونكه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ده‌توانرێت زووتر گرووپه‌ ئیسلامیه‌ جیهادیه‌كان پاكتاو یان بێكاریگه‌ر بكرێت. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ رێككه‌وتنی دیمه‌شق و قامیشلۆ له‌ رووی سیاسی و دیپلۆماسی، په‌یوه‌سته‌ به‌یه‌كخستنی هێزی سه‌ربازی هه‌ردوولا. دووریش نیه‌ له‌ ئێستادا هه‌وڵه‌كان بۆ رازیكردنی دیمه‌شق ده‌ستی پێكردبێت. له‌لای خۆیه‌وه‌ ئه‌مریكا به‌ چاوێكی ئه‌رێنی له‌ به‌ فیدڕالیكردنی سوریا ده‌ڕوانێت.  بۆ ئه‌وه‌ی قه‌یرانی سوریا چاره‌سه‌ر بكرێت، له‌ مانگه‌كانی داهاتوودا هه‌وڵه‌كان به‌ خۆشكردنی زه‌مینه‌ی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ ده‌ست پێده‌كات، له‌وانه‌شه‌ پڕۆسه‌كه‌ له‌ مانگه‌كانی به‌هاری ساڵی داهاتوو  (2025) بگاته‌ قۆناخی جێبه‌جێكردن.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand