BP دەگەڕێتەوە كەركوك

2025-02-25 13:56:30
(درەو):
كۆمپانیای نەوتی باكور رێككەوتنی پەرەپێدانی چوار كێڵگەی نەوتی لە كەركوك لەگەڵ كۆمپانیای (BP)ی بەریتانی ئیمزا كرد، رێككەوتنەكە (وەبەرهێنانی غازی هاوەڵ و چاككردنەوەو فراوانكردنی دامەزراوەكانی غاز)و (دروستكردنی وێستگەی كارەبا 400 مێگاوات) لە كەركوك لەخۆدەگرێت.
كۆمپانیای نەوتی باكور رێككەوتنی پەرەپێدانی (4) كێڵگەی نەوتی كەركوكی لەگەڵ كۆمپانیا بریتش پترلیۆم (BP)ی بەریتانی ئیمزا كرد. محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران و حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی فیدراڵ ئامادەی مەراسیمی ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە بوون.
ئیمزاكردنەكە دوای رێككەوتن هات لەگەڵ كۆمپانیا (BP) سەبارەت بە پرسە هونەرییەكان و مەرجەكانی گریبەستكردن، لەناویاندا مۆدێلی ئابوری پرۆژەكە پشتبەست بە ئەو یاداشتانەی لێكتێگەیشتن كە لە لەندەن و لەمیانی سەردانی ئەمدواییەی سودانیدا بۆ بەریتانیا ئیمزتا كراون، كە بەوتەی راگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق "گەرەنتی باشترین مەرج و بەرژوەندییەكانی گرێبەستیان بۆ لایەنی عێراقی تێدا كراوە، دوای دانوستانی وردو دورو درێژ لەگەڵ وەزارەتی نەوت، لەپێناو باشترین وەبەرهێنان لە بواری وزەو فەراهەمكردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەكانی باكورو كەمكردنەوەی ئاشتی پشتبەستن بە نەوتی باشور، رێككەوتنەكەش قۆناغی كۆتاییە بەر لە ئیمزاكردنی گرێبەست بەشێوەی كۆتایی".
نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق باسلەوە دەكات، رێككەوتنەكە پەرەپێدانی چوار كێڵگە سەرەكییەكەی كەركوك (بای حەسەن- كەركوك بە هەردوو قوبەی (باباگوڕگوڕو ئاڤانا)- جمبور- خەباز) لەخۆدەگرێت، بەو جۆرەی گەرەنتی وەبەرهێنانی غازی هاوەڵ و چاككردنەوەو فراوانكردنی دامەزراوەكانی غاز لە كۆمپانیای غازی باكورو دروستكردنی وێستگەی كارەبا 400 مێگاوات بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی ئەم پرۆژە ستراتیژییە.
نوسینگەی سەرۆك وەزیران دەڵێ ئەم پرۆژەیە دەستی كار لە پسپۆڕییە جۆربەجۆرەكان دەڕەخسێنێت لەگەڵ بەكارخستنی كۆمپانیا ناوخۆییەكان و جێبەجێكردنی پرۆژە كۆمەڵایەتییەكان و پەرەپێدانی توانای كارامەیی سەرچاوە ئەندازیاریی و هونەرییەكان.
