ئاڵانگارییە یاساییەکانی ڕێکەوتنی سێ قۆڵی گرێبەستە نەوتیەکان
.png)
2025-10-10 20:10:54
د.رێبوار محمد - مامۆستای زانکۆ
رێکەوتنی سێ قۆڵی هەرێم و ناوەند کۆمپانیا نەوتیەکان لەمەڕ هەمواری گرێبەستەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، هەرچەن لەرووی سیاسییەوە دەستکەوت و هاوکات تارادەیەک جێگەی دڵخۆشی خەڵک بوو بەهۆکاری ئەوەی مووچەی مووچەخۆران بەستراوەتەوە بەم رێکەوتنەوە، بەڵام هاوکات ئەم رێکەوتنە لەرووی جێبەجێکردن و لەڕووی کاتەوە، لەبەردەم ئاڵانگاری جدی یاساییەدایە.
ئەم رێکەوتنە لەرووی پشتیوانی یاساییەوە، کاتییە، پشتبەستە بە مادەی ١٣ لە یاسایی بودجەی گشتی، و خودی ئەم مادەیە کاتییە وەک بەدیلی یاسای نەوت و غاز دانراوە، تا دەرچواندنی یاسای نەوت و غازی فیدراڵی، و رێکەوتنی درێژمەودا و ستراتیجی دەکەوێتە سەروبەندی دەرچواندنی ئەو یاسایەوە، ئەمەش لەمپەر و ئاڵانگاری ئاڵۆزی لەبەردەمدایە، هەرکات ئەو یاسایە دەرچوێنرا ئەوە دەبێتە ئەو دەستکەوتەی کە ٢٠ ساڵە چاوەرێی دەکەین و خلافی جەوهەری هەرێم و بغدایە، گرنگترین گرفتی یاساکەش ئەنجومەنی فیدراڵی نەوت و غازە لە عێراقدا.
سروشتی یاسایی گرێبەستە نەوتیەکانی ناوەند و هەرێم جیاوازن، گرێبەستەکانی هەرێم لە جۆری (گرێبەستی بەشداری لە بەرهەم- عقود مشارکە فی انتاج) ن ، بەڵام گرێبەستەکانی حکومەتی ناوەند لە جۆری گرێبەستی خزمەت ( عقود الخدمە)ن.
لە گرێبەستی بەشداری لە بەرهەمدا کۆمپانیاکان خاوەندارێتی بەشێک لە نەوتی بەرهەمهێنراویان بۆ دەگەرێتەوە، بەڵام لە گرێبەستی خزمەتدا کۆمپانیاکان تەنها کرێیەک وەردەگرن لەبەرامبەر بەرهەمهێنانی نەوتدا، واتە خاوەندارێتی نەوتەکەیان بۆ ناگەرێتەوە، لەبەرئەم جیاوازییە حکومەتی ناوەند گرێبەستی خزمەتی هەڵبژاردووە بەپێچەوانەی حکومەتی هەرێمەوە، چونکە بەپێی مادەی ١١١ ی دەستور نەوت و غاز تەنها موڵکی گەلی عێراقن و نابێت ئەم مافە بدرێت بە کەسانی بیانی و کۆمپانایاکان .
جیاوازی سروشتی یاسایی ئەم دوو جۆرە گرێبەستە یەکێک بوو لە هۆکارەکانی دواکەوتنی رێکەوتن ویەکێک دەبێت لە ئاڵانگارییەکان و لە داهاتووشدا بۆ دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز خاڵی ناکۆکی دەبێت.
دەشێ لەکاتی جێبەجێکردنی رێکەوتنەکە و جێبەجێکردنی گرێبەستە نەوتییەکاندا گرفت و خلافی یاسایی و دادوەریی دروست ببێت، بەتایبەت لەنێوان کۆمپانیاکان لەلایەک و حکومەتی ناوەند و هەرێم لەلایەکیتر، لەم کاتەدا پرسیاری جدی ئەوەیە کە بەکام یاسا و لە کام دادگا کێشەکان یەکلایی دەکرێتەوە ؟ .
بەمانایەکی تر دەکرێ بە رێکەوتن یاسای جێبەجێکار و دادگای تایبەت دیاری بکرێت بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکانی گرێبەستە نەوتییەکان؟ .
بەگشتی ئەگەر هەموو لایەنەکانی گرێبەستێک هەڵگری هەمان جنسیە بن گرفتی پێکدادانی یاساکان ڕوو نادات، بەڵکو کاتێک ئەمە ڕوو ئەدات کە لایەنێکی گرێبەست بیانی بێت.
لەو گرێبەستانەی کە ڕەگەزی بیانی تێدایە، دەکرێ لایەنەکان بەرێکەوتن یاسایەکی تایبەت دیاری بکەن بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو کێشانەی دێتە بەردەمیان لەکاتی جێبەجێکردنی گرێبەستەکەدا، ئەمەش پێی دەوترێ (یاسای ئیرادە) مەبەست لێی ئەوەیە کە بە ئیرادەی لایەنەکانی گرێبەست دیاری کراوە، مادەی ٢٥ لە یاسای شارستانی عێراقی ئەم پرسەی رێکخستووە.
گرێبەستییە نەوتییەکانیش لە هەرێم و ناوەند، لەبەرئەوەی لایەنێکی کەسی بیانییە، کە خۆی دەبینێتەوە لە کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان، هەمان ڕێسای سەرەوەی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئایا دەبێت بە دەقێکی ڕوون لە گرێبەستەکەدا بە راشکراوی یاسای تایبەت دیاربکرێت(اتفاق صریح) یان دەشێ بەخوێندنەوەی ناوەرۆکی گرێبەستەکە یاساکە دیاریبکرێت بەبێ ئەوەی بە راشکاوی باس کرابێت (اتفاق ضمنی)، لێرەدا راجیایی هەیە لە فقهی یاساییدا بەڵام رای دروست ئەوەیە کە یاسای ئیرادە بە راشکراوی دیاریکرابێت یان نا ئاساییە و دەکرێ دادوەر لە بارودۆخی گرێبەستەکەوە یاساکەی بۆ دەربکەوێت.
لێرەدا دەبێت ئەوەمان لەبیربێت کە کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان دەیانەوێت بەرچاویان ڕون بێت و ئاشنا بن بەو ڕێسا و بنەما یاساییانەی کە بەسەریاندا جێبەجێدەکرێت ، هەربۆیە بنەمایەکی یاسایی نێودەوڵەتی تایبەت دروست بووە و کە پێی دەوترێ ( شرط الثبات التشریعی) ئەمەش مانای ئەوەیە کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەتوانن مەرجی ئەوە دابنێن کە هەمواری یاساکان لە داهاتوودا بەسەر گرێبەستەکەیان جێبەجێ نەکرێت، ئەمەش هۆکارەکەی ئەوەیە کە دەوڵەت خاوەن دەسەڵاتی یاسادانانە و دەتوانێت دوای بەستنی گرێبەست هەمواری یاسا پەیوەندیدارەکان بکات و بەمەش دەشێ بە زیانی کۆمپانایاکان بشکێتەوە، لەبەرئەوەی باسکرا کۆمپانایاکان ئەو مەرجە دائەنێن لە گرێبەستەکان دا و بەمەش خۆیان لە زیانی هەمواری یاساکان دەپارێزن و هەر هەموارێک یان هەر یاسایەکی نوێ بەسەر ئەواندا جێبەجێ نابێت .
لەراستیدا ئەم بنەمایەش ( شرط الثبات التشریعی) یەکێکە لەو ئاڵانگارییە یاساییەیانی هەڕەشە لە رێکەوتنی سێ قۆڵی دەکات بە تایبەت بۆ سەروبەندی دەرچواندنی یاسای نەوت و غازی عێراقی.
لێرەدا پرسیارێکی یاسایی دروست دەبێت لەسەر رێکەوتنی سێ قۆڵی هەرێم و ناوەند و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، پرسیارەکەش ئەوەیە کە کام یاسا جێبەجێدەکرێ بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو کێشانەی لە داهاتودا دروست دەبن، رێسا نێودەوڵەتیە تایبەتەکان، یان یاسای عێراقی ، ئەگەر یاسای عێراقی جێبەجێبکرێت وەک باس دەکرێت لەسەر ئەمە رێکەوتن کرابێت، لێرەشدا پرسیارێکی تر دێتەکایەوە، ئەویش دیاریکردنی یاسای عێراقیە یاسای ناوەند ( دەرچوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) یان یاسای هەرێم دەرچوو لە پەرلەمانی کوردستان؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش دەبێت یەکلایی بکرێتەوە چونکە بۆ دیاریکردنی یاسای جێبەجێکار دەگەڕێینەوە بۆ یاسای شوێنی بەستنی گرێبەست یان شوێنی جێبەجێکردنی گرێبەست ( قانون محل ابرام العقد او قانون محل التنفیذ) ئەمەش واتە یاسای هەرێم دەشێ یاسای جێبەجێکار بێت .
سەرەڕای گرنگی ئەوەی باسکرا، نابێت ئەوەمان بیربچێت کە گرفتێکی سەرەکی لەبەردەم گرێبەستە نەوتیەکانی هەرێم دا هەیە لەم پرسەدا، ئەویش ئەوەیە کە بۆشایی یاسایی تەواو هەیە لە رێکستنی مەلەفی نەوت و غازی هەرێم چی لە هەرێمی کوردستان چی لە عێراق دا ، وەک دەزانین زیاتر لە ٢٠ ساڵە ئەم یاسایە لە عێراق دا دەرنەچوێنراوە و یاسای نەوت و غازی هەرێمیش هەڵوەشاوەتەوە بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، کەواتە جگە لە ناوەرۆکی گرێبەستەکە کە دەبێت یاسا بۆ لایەنەکان( العقد شریعە المتعاقدین ) هیچ یاسایەکی تری تایبەتمان نیە، تەنها مادەی ١٣ ی یاسای بودجە نەبێت کە لە ٤ بڕگە پێکدێت و جێگەی یاسای نەوت و غازی گرتووەوەتەوە، بەڵام خودی ئەم مادەیەش کاتییە و لە یاسای بودجەی ٢٠٢٣- ٢٠٢٥ دایە واتە بەکۆتای هاتنی ٢٠٢٥ مادەی ١٣ ش کۆتای پێدێت، ئەمەش یەکێکی ترە لە ئالانگارییە یاساییەکانی بەردەوامی رێکەوتنی سێ قۆڵی.
خاڵێکی تری گرنگ کە زۆرجار کۆماپانیا نێودەوڵەتییەکان وەک گەرەنتی دادوەریی جێگیری دەکەن لە گرێبەستەکەدا، بریتیە لە دادگای تایبەتمەند بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان، بەمانایەکی تر دیاریکردنی یاسای جێبەجێکار و دادگای تایبەتمەند دوو پرسی جیاوازن.
دادگای تایبەتمەند مەرج نیە هەمان دادگای ئەو وڵاتە بێت کە یاساکەی جێبەجێدەکرێت، چونکە یاسای جێبەجێکار و دادگای تایبەتمەند دوو بابەتی جیا و سەربەخۆن، واتە دەکرێ دادگای ووڵاتێک یان دەستەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بێت و یاسای نێوخۆیی ووڵاتیکی تر جێبەجێبکات لەسەر کێشە و خلافاتی گرێبەستەنەوتیەکان، زۆرجار کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان دەستەی نێوبژیوانی و ناوەندە نێودەڵەتیەکان دیاریدەکەن وەک دادگای تایبەتمەند، هەروەک باس دەکرێت کە لە رێکەوتنی سێ قۆڵی هەرێم و ناوەند و کۆمپانیاکان دا هاتووە کە دەستەی نێوبژیوانی پاریس لایەنی تایبەتمەندە بە یەکلاییکردنەوەی کێشەکان و بڕیارەکانی ئەم دەستەیەش بۆ لایەنەکانی گرێبەست کە بە رەزامەنی خۆیان هەڵیانژاردووە، بنبڕە و شیاوی تانەلێدان نیە.
ئەنجومەنی فیدراڵی نەوت و غاز یەکێکیی ترە لەئاڵانگارییەکانی داهاتوی بەردەم ئەم رێکەوتنە، و ئەگەر ئەم ئەنجومەنە وەک ئەوەی کە هەیە لە پرۆژە یاسای نەوت و غآزی جێگیربکرێت، حکومەتی هەرێم هیچ پێگەیەکی یاسایی نامێنێت لە گرێبەستەنەوتیەکان دا بەهۆی لاوازی پێگەی هەرێم لەم ئەنجومەنە و فراوانی دەسەڵاتی ئەنجومەنەکە لە داڕشتنی ستراتیژ و سیاسەتی نەوت و غآزدا.
گرنگترین دەسەڵاتەکانی ئەم ئەنجومەنە و ئەندامەکانی و چۆنییەتی دەنگدان تیایدا و پێگەی کورد لەم ئەنجومەنە دا ، چەن پرسێکی گرنگن و ئاڵانگاری بەردەوامی رێکەوتنی سێ قۆڵین و هەربۆیە جێگەی لەسەر وەستانە:.
دەسەڵاتەکانی ئەم ئەنجومەنە زۆرن ، گرنگترینیان بە نموونە:
• پەسەند کردنی سەرجەم ڕێکار و بڕیار و ڕێوشوێنەکانی پەیوەندیدار بە کەرتی نەوت و غاز.
• پەسەند کردنی نموونەی گرێبەستەکانی گەڕان و دۆزینەوە و دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت و غاز ، هەموارکردنیان .
• یەکلاکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێم لەسەر پرسی نەوت غاز .
ئەم ئەنجومەنە مانگانە کۆدەبێتەوە ، بڕیارەکانی بە دوو شێوە دەردەچێت یان بە زۆرینەی تایبەتی ٢/٣ ، یان بە زۆرینەی سادە، ئەگەر ئەو بابەتەی بڕیاری لەسەر دەدرێت تایبەت بوو بە بڕیاردان لەسەر سیاسەتی نەوت و غاز و پلاندانان و پەسەندکردنی نمونەی گرێبەستەکان و دەرکردنی ڕێنمایی دانوسان و بەستنی گرێبەست ، ئەوا پێویستی بە دەنگی ٢/٣ ی ئەندامانی ئەنجوومەن هەیە ، جگە لەمانە ، هەر بابەتێکی تر بەدەنگی زۆرینەی سادە یەکلایی دەکرێتەوە .
ئەم ئەنجوومەنە لە ٩ ئەندام پێک دێت و لەگەڵ ژمارەیەک ڕاوێژکار کە لە سێ کەس زیاتر نەبن . هەرێمی کوردستان لەم ئەنجومەنەدا تەنها یەک ئەندامی هەیە کە وەزیری سامانە سروشتییەکانە .
ئەمەش ئەوەدەگەیەنێ لەم ئەنجومەنەدا هەرێمی کوردستان وەک پارێزگایەکی عێراق مامەڵەی لەگەڵ دا کراوە ، دەسەڵاتی هەرێم لەم ئەنجومەنەدا زیاتر نیە لە دەسەڵاتی پارێزگای بەسرە ، چونکە نوێنەری هەرێم و نوێنەری پارێزگای بەسرە یەکسانن لە ڕووی ماف و دەنگدان و جۆری ئەندامیەتیان .
لێرەوە دەردەکەوێت کە پێکهێنانی ئەم ئەنجومەنە دەبێتە ئاڵانگارییەکی یاسایی جدی لەسەر رێکەوتنی سێ قۆڵی لە ئایندەدا و یەک دەنگی و بەهێزی پێگەی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی نوێی عێراق دا یەکلاکەرەوەی ئەم پرسە دەبێت.
