Draw Media

(دره‌و): "11 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتمان راده‌ستی حكومه‌تی فیدراڵ كردووه‌. مه‌سرور بارزانی و محه‌مه‌د شیاع سودانی هه‌وڵێكی نوێیان بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت ده‌ستپێكردووه‌" وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌یادی یه‌ك ساڵه‌ی راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وتدا وا ده‌ڵێ. وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، لەسەر هەوڵەكانی بۆ دووبارە  هەناردنی نەوتی هەرێم بەردەوامە. ساڵێک بەسەر ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان تێپەڕیوە، به‌پێی قسه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان حکومەتی هەرێم لە مانگی نیسانی ساڵی 2023 لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت رێککەوتن، بەڵام وێڕای ئەم رێكەوتنەش هەناردەی نەوت دەستی پێ نەکردووەتەوە. "بەهۆی بڕگە نادادپەروەرییەکانی یاسای بودجەوە پرۆسەكە زیاتر ئاڵۆز كراوە. پیشەسازیی نەوتی هەرێم لە رێگەی وەبەرهێنانی دەرەكی و بەبێ خەرجكردنی یەك دینار لە بودجەی وڵات دامەزراوە، كەچی لە یاسای بودجەدا بە هاوشێوەی ئەو پیشەسازییەی نەوتی عێراق هەژمار كراوە، كە لەسەر ملیارەها دۆلار لە بودجەی گشتیی وڵات دامەزراوە" وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان وا ده‌ڵێ. وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات" ئەو بڕە پارەیەی بۆ (بەرهەمهێنان و گواستنەوە)ی نەوتی هەرێم تەرخانكراوە، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ تێچوونی راستەقینەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان ناگونجێت". باسله‌وه‌ ده‌كات" حکومەتی هەرێم لە سونگەی نییەتپاکی و بۆ چارەسەکردنی کێشەکان بڕی زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەستی حکومەتی فیدراڵ کرد، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت یەک دیناری وەرنەگرتووە، بۆ ئەوەی بتوانێ شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت بداتەوە".   راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ده‌ڵێ" نەوتی هەرێم تەنها لە (10%)ی نەوتی هەناردەكراوی عێراقی پێکدەهێنا و داهاتی ئەم نەوتە تەنها بەشێک لە شایستە داراییەکانی خەڵكی هەرێم لە بودجەی گشتیی وڵات بوو. هەر لە دوای ڕاگرتنی هەناردنی نەوتی هەرێم، هەرێمی كوردستانیان خستووەتە ناو قەیرانێكی دارایی توندەوە، كە بەهۆیەوە پێدانی موچەكانی فەرمانبەرانی هەرێم دواكەوتووە، لە کاتێکدا ئەو کات بە پارەی نەوتەوە مانگانە موچەی فەرمانبەران بەبێ دوا کەوتن دەدرا".  له‌ كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان ئاشكرایكردووه"‌ بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و گەیشتن بە رێككەوتنێك بەڕێزان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی هەوڵەکانیان  بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەستپێکردووە، بۆ ئەم مەبەستەش  هەردوو وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕاسپێردراون بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگ و گرفتی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم". دوێنێ له‌ وه‌ڵامی راگه‌یه‌ندراوی گروپی پیشه‌سازی نه‌وتی كوردستان "ئه‌پیكور"دا، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رایگه‌یاند، دان به‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمدا نانێت و داوای له‌ كۆمپانیا بیانییه‌كان كرد ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆیی عێراقدا نه‌كه‌ن.   


كاوه‌ عه‌لی- جێگری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ بەپێی ئەزموونی ڕابردوو لە هەرێمی كوردستان و عێراق زۆر زەحمەتە ، بە نموونە: تەنها لەساڵانی 2013 بودجەی 200 ملیۆن دۆلار لە کۆمپانیا نەوتییەکان دراوە بە حکومەتی هەرێم بۆ هەڵەبجە.  بڕێک بودجەی  پڕۆژەی پترۆدۆلار لە بانکە ئەهلییەکان دانراو دواتر بانکەکە بە بیانووی ئەوەی کە قەرزی لای حکومەتە و حکومەت بۆ موچە لە بانکەکەی وەرگرتووە دەستی بەسەردا گیراو نەتوانرا وەرگیرێتەوە.. هەروەها ساڵی 2015 بڕی 30 ملیۆن دۆلاری پرۆژەی هەڵەبجە کە لەلایەن کۆمپانیای گازپرۆم درابوو بە  وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەهەمان شێوە نەدرایەوە بە هەڵەبجەو دەست بەسەر کرا... کابینەی حەوت: لە ساڵی 2013 بڕی 3٫37 ملیار دۆلاری لە کۆمپانیا نەوتییەکان وەرگرتوە! و بڕی 200 ملیۆن دۆلار بۆ پرۆژەکانی هەڵەبجە بووە!، بەڵام هەڵەبجە بەچاوی خۆی ئەو بڕەی نەدی و لە پێشنیار مایەوە. (وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە 25/8/2013 بڵاویکردەوە، تا چەند مانگێک دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆ  لە سایتی فەرمی وەزارەت مابوو دواتر سایتی وەزارەت گۆڕا ئەو خشتەیەی خوارەوەش نەما) کابینەی هەشت: لە مانگی9ی 2015 بڕی سی ملیۆن دۆلاری لە گازپرۆم وەرگرت بۆ پرۆژەکانی هەڵەبجە،  دوای  ناردنی ژمارە حسابی بۆ پڕۆژەکان و ناردنی پڕۆژە پێشنیارکراوەکانی هەڵەبجە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بە ئامادەبوونی بەرپرسان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و گازپرۆم و بەندە، گازپرۆم لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێی ڕاگەیاندین کە ئەوان ئەو 30 ملیۆن دۆلارەیان داوەتە وەزارەت بۆ پرۆژەکانی هەڵەبجەو لە ئەستۆی کۆمپانیای گازپرۆم نەماوە.. بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ ئەو دووبڕەی سەرەوە زۆر کراو دواجار لە 16/3/2021 بە یاداشتێک لە کۆبونەوەی پەرلەمان   پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرجەم سەرۆکی فراکسیۆنەکان و وەزیرە بەشداربووەکان کرا بەڵام سودی نەبوو...  


درەو: 🔻 بەپێی ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم؛ 🔹 جیاوازی هەیە لە ژمارەی میلاکاتی فەرمانبەرانی هەرێم لەسەر ئاستی سەرجەم وەزارەتەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیرانی (2023) بەپێی ئەو داتایانەی هەردوو فەرمانگەی بودجە و فەرمانگەی ژمێژیاری حکومەتی هەرێم کە پێشکەش بە لیژنەکە کراوە، 🔹 دواین جار کە موسادەقە لە سەر میلاکاتی فەرمانبەران کراوە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لە ساڵی (2013)بووە، کە ئەمەش پێچەوانەیە ماددەی (8)ی یاسای میلاکاتی ژمارە (25)ی ساڵی (1960)ی بەرکارە. 🔹 ناهاوتایی لە ژمارەی فەرمانبەرانی (هەمیشەیی + گریبەست) هەیە بەگوێرەی داتاکانی فەرمانگەی بودجە و فەرمانگەی ژمێریاری هەرێم لەسەر ئاستی (33) وەزارەت و دامەزراوەکانی نەبەستراو بە وەزارەتەکان. 🔹 لەبارەی خانەنشینانەوە، سەرەڕای پێشکەشکردنی داواکاری لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینانی هەرێمەوە داتای پێویست نەخراوەتە بەردەست لیژنەکە. کار بەیاسای خانەنشینی ھەڵوەشاوەی ژمارە (27ی ساڵی 2006) دەکرێت و سەرەڕای ڕاگرتنی خانەنشینی سندوقی خانەنشینی لە هەرێم تا ئێستا چالاک نەکراوە، جیاوازی هەیە لە ژمارەو کۆی موچەی خانەنشینان. 🔹 سودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بەپێی بایۆمەتری (163 هەزار و 91) کەسە، بەپێی داتاکانی بەشی ژمێریاری (76 هەزار و 535) کەم ئەندامە، ئەوەی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی خستویەتیە ڕوو ( 76 هەزار و 788). 🔹 بەپێی بایۆمەتری ژمارەی شەھیدان و کەسوکاری ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی کیمیاوی (96 هەزار و 779)یە، بەپێی ئەو لیستەی خراوەتەڕوو (83 هەزار و 413) کەس موچەیان هەیە.     دەستپێک تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی ئیتحادی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (23520)ی 2023، بەپێی ڕێوشوێنە یاساییەکان و هەماهەنگی نێوان هەردوو دەزگاکە، پشت بەست بە حوکمەکانی یاسای دیوانی چاودێری دارایی ئیتحادی ژمارە (31)ی ساڵی (2011)ی بەرکار و یاسای دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان ژمارە (2)ی ساڵی (2008) هەستاون بە وردبینی کردن لە ژمارەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی چاودێری کۆمەڵاتی و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان مانگی (حوزەیرانی 2023) بە پێوەر وەرگیراوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیداڵ و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، کە ئەنجامی کاری چاودێری و وردبینی ژمارەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی چاودێری کۆمەڵاتی و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیرانی ساڵی 2023 خراوەتەڕوو. 1.    پشت بە ژمارەی میلاکات و موچەی مانگی حوزەیرانی (2023)ی وەزارەت و دەزگاکانی نەبەستراو بە وەزارەتەکانی هەرێم بەستراوە. 2.    لە ساڵی (2013)ەوە ڕاستاندن (مصادقە) لەسەر میلاکاتی هەرێمی کورستان نەکراوە، وەک ئەوەی لە یاداشتی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە و بەرواری (16/10/2023)ی لەسەرە. 3.    وردەکاری ملاکاتیان لەبەردەست نەبووە (تەنها ژمارە) نەبێت، کە لە (33) وەزارەت و دەزگا نەبەستراوەکانی بەوەزارەت، لەلایەن فەرمانگەی بودجەی هەرێم خراوەتە بەردەستیان، کۆی ژمارەکەش بریتی بووە لە (682 هەزار و 141) فەرمانبەر. 4.    تیمەکە بۆ مەبەستی وردبینی پشتیان بە داتاکانی هەردوو فەرمانگەی (بودجەو ژمێریای) وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کورستان بەستووە. 5.    فەرمانگەی بودجە تەنها ژمارە و میلاکاتی (سەرۆکایەتی هەرێم و دەزگا ئەمنییەکان)ی پێداوە بە تیمە هاوبەشەکە، داتاکانیش بەم جۆرە بوونە. بڕوانە خشتەی ژمارە (1).   تێبینییەکان یەکەم: میلاکاتی فەرمانبەران 1.    دواین جار کە موسادەقە لە سەر میلاکاتی فەرمانبەران کراوە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لە ساڵی (2013)بووە، کە ئەمەش پێچەوانەیە ماددەی (8)ی یاسای میلاکاتی ژمارە (25)ی ساڵی (1960)ی بەرکارە. 2.    ژمارەی میلاکاتی هەرێم هاوتا نیە لە نێوان ئەو داتایانەی فەرمانگەی بودجەی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم پێی داون لەگەڵ ئەوەی لە یاسای بودجەی عێراق ژمارە (13)ی ساڵی (2023) هاتووە. (23 هەزار و 952) فەرمانبەر جیاوازی ھەیە. بڕوانە خشتەی ژمارە (2).     3.    ناهاوتایی لە ژمارەی میلاکاتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی پلە وەزیفییەکان وەک ئەوەی فەرمانگەی بودجەی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم پێی داون لەگەڵ ئەوەی لە یاسای بودجەی عێراقداهاتووە. بڕوانە خشتەی ژمارە (3).   4.    جیاوازی هەیە لە ژمارەی میلاکاتی فەرمانبەرانی هەرێم لەسەر ئاستی سەرجەم وەزارەتەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیرانی (2023) بەپێی ئەو داتایانەی هەردوو فەرمانگەی بودجە و فەرمانگەی ژمێژیاری حکومەتی هەرێم کە پێشکەش بە لیژنەکە کراوە. وەک ئەوەی لە خشتەی ژمارە (4) خراوەتەڕوو .   بەپێی نوسراوی ژمارە (8189) وەزارەتی کارەبای هەرێم لە 17/10/2023 ئەو جیاوازییە ئەوەیە کە پۆلیسی کارەبای هەرێم سەر بە وەزارەتی ناوخۆیەو وەزارەتی کارەبا موچەیان بۆ خەرجدەکات. 5.    جیاوازی هەیە لە کۆی موچەی بەشێک لە دامەزراوە حکومییەکانی لە مانگی حوزەیرانی 2023دا و وەک ئەوەی لە لیستەکانی موچەدا هاتووە لەگەڵ ئەوە ئەو تەمویلەی کە فەرمانگەی ژمێری هەرێم خستوویەتییە بەردەست، وەک ئەوەی لە خشتەی ژمارە (5)دا هاتووە.   6.    ناهاوتایی لە ژمارەی فەرمانبەرانی (هەمیشەیی + گریبەست) هەیە بەگوێرەی داتاکانی فەرمانگەی بودجە و فەرمانگەی ژمێریاری هەرێم لەسەر ئاستی (33) وەزارەت و دامەزراوەکانی نەبەستراو بە وەزارەتەکان. 7.    ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە مانگی (حوزەیرانی 2023) بە پێی پسپۆڕی و بڕوانامە جیاوازەکان (26 هەزار و 889) فەرمانبەرن و کۆی موچەکەیان (12 ملیار و 394 ملیۆن و 596 هەزار) دینارە، بەپێی داتاکانی فەرمانگەی ژێریاری هەرێم. وەک ئەوەی لە خشتەی ژمارە (6)دا رونکراوەتەوە.   ئەمە لەکاتێکدایە جیاوازی هەیە لە ژمارەی گرێبەستەکان لە نێوان داتاکانی هەردوو فەرمانگەی و بودجە و فەمانگەی ژمێریاری وەک ئەوەی لە خشتەی ژمارە (7)دا هاتووە. دووەم: خانەنشینان کۆی ژمارەی خانەنشینان لە مانگی (حوزەیرانی 2023) بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەریەتی گشتی خانەنشینانی هەرێم لەسەر ئاستی (14) بەڕێوەبەرایەتی پارێزگاکانی هەرێم موچەکانیان وەردەگرن، ژمارەیان (245 هەزار و 104) خانەنشینەو کۆی موچەکەیان بریتییە لە (119 ملیار و 79 ملیۆن و 909 هەزار) دینار، موچەی خانەنشینی پێشمەرگە لە لقەکانی (هەولێر و سلێمانی) کە لە لایەن دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی کراوە بریتییە لە (55 ملیار و 352 ملیۆن  و 459 هەزار) دینار، وەک ئەوەی لە خشتەی ژمارە (8) دا هاتووە.   ئەوەی تێبنی دەکرێت؛ 1.    کار بەیاسای خانەنشینی ھەڵوەشاوەی ژمارە (٢٧ی ساڵی ٢٠٠٦) 2.    سەرەڕای پێشکەشکردنی داواکاری، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینانی هەرێمەوە داتای پێویست نەخراوەتە بەردەست لیژنەکە. 3.    سەرەڕای بوونی یاسا و ڕاگرتنەکانی خانەنشینی موچەخۆران، سندوقی خانەنشینی لە هەرێم تا ئێستا چالاک نەکراوە. 4.    جیاوازی هەیە لە ژمارەو کۆی موچەی خانەنشینان لە نێوان داتاکانی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینان وەک ئەوەی لە خشتەی ژمارە (9)دا هاتووە.   سێیەم: تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی سودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بەپێی بایۆمەتری (163 هەزار و 91) کەسە، (59 هەزار و 600) کەسی سودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتین، (64 هەزار و 605) ی کەم ئەندامن، (8 هەزار و 851)ی کەم ئەندامی سەنگەرن، ئەوەی خستویانەتە بەردەست بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی بەشی ژمێریاری (76 هەزار و 535) کەم ئەندامە، ئەوەی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی خستویەتیە ڕوو ( 76 هەزار و 788) واتە (253) کەم ئەندام جیاوازییە. لە خشتەکانی ژمارە (10 و 11) جیاوازییەکان رونکراوەتەوە.     سێیەم: شەهیدان و ئەنفال بەپێی بایۆمەتری ژمارەی شەھیدان و کەسوکاری ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی کیمیاوی (96 هەزار و 779) یە، بەپێی ئەو لیستەی خراوەتەڕوو (83 هەزار و 413) کەس موچەیان هەیە و کۆی موچەکەیان (36 ملیار و 377 ملیۆن و 465 هەزار) دینارە. وەک لە خشتەکانی ژمارە (12 و 13) رونکراوەتەوە.        


راپۆرت: درەو 🔻 لە (25/3/2023 – 24/3/2024) ساڵێک تێپەڕی بەسەر ڕاگرتنی نەوتی هەرێم. 🔹 پاڵپشت بە داتاکانی دیلۆیت لە پێش ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، تواندراوە بە تێکڕای مانگانە زیاتر لە (11 ملیۆن 839) بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت. 🔹 واتە لە ماوەی ساڵێکدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەگەیشتە سەرو (142 ملیۆن) بەرمیل نەوت. 🔹 تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە ماوەی (25/3/2023 – 24/3/2024) بریتی بووە لە (82.9 دۆلار). 🔹 ئەگەر هەرێم بە داشکانی (15 دۆلار) نەوتەکەی فرۆشتبایە، وەک ئەوەی لە چارەکی دووەم، سێیەم و چوارەمی ساڵی (2022) و چارەکی یەکەمی (2023) دا رویدابوو. ئەوا؛ 🔹 تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (67.9 دۆلار). 🔹 کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (9 ملیارو 651 ملیۆن و 735 هەزار) دۆلار. 🔹 بەشێکی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم ڕانەوەستاون لە بەرهەمهێنان و لە ساڵی (2024)دا بە تێکڕا رۆژانە (294 هەزار و 150) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن و داهاتەکەشی ناگەڕێتەوە بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان. 🔹 لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا موچەخۆرانی هەرێم تەنها (7) موچەیان وەرگرتووە، ئەمەش دەریدەخات تەنها خەڵکی هەرێمی کوردستان باجی سیاسەتی نەوت دەدەن. یەکەم؛ ڕاگرتنی نەوتی هەرێم و زیانە داراییەکانی دوای نۆ ساڵ لە سکاڵایەکی حکومەتی عێراق لەسەر حکومەتی تورکیا لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بەوەی "توركیا ر‌ێكەوتنی ترانزێتی بۆریی نەوتی ساڵی 1973ی  پێشێلكردووە، بەوەی توركیا رێگەیداوە نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانی عێراقەوە بەبێ ر‌ەزامەندیی بەغدا، لە رێگەی توركیاوە هەناردە بكرێت". دواجار ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیارێکی (277) لاپەڕەیی لە رۆژی (13ی شوباتی 2023) دەرکردووەو لە (25ی ئازاری 2023) بە فەرمی بووە هۆی كە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان. بە پێی بڕیارەكەی ژووری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتێكی دەستوری و یاساییە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵام ناتوانێت نەوت لە رێگەی بۆریەوە بگوازێتەوە بۆ دەرەوە، چی نەوتی باكور بێت، چی نەوتی هەرێم، چونكە هەرێمی كوردستان بەشێك نیە لە رێككەوتنی ( IPT) واتا ( بە بازاڕكردنی نەوتی جیهانی) كە لە نێوان توركیا و عێراق لە ساڵی 1973 تایبەت بە بۆری نەوت واژۆكراوە. ئێستا ساڵێک تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا نەیتواندراوە بگەن بە رێککەوتنێکی کۆنکرێتی و دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکرێتەوە. لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو زیانە داراییانەی لە ڕاگرتنی نەوتی هەرێم لە ماوەی (25/3/2023 – 24/3/2024) دەکەوێتەوە. بە جۆرێک؛ •    بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی نەوتی هەرێم لە چارەکی دووەم، سێیەم  و چوارەمی ساڵی (2022) و چارەکی سێیەمی (2023)، واتە هەمان ئەو ماوەیەی کە لە ساڵی (2023) و (2024) کە نەوتی هەرێمی تێدا ڕاگیراوە؛ -    حکومەتی هەرێم بە تێکڕای مانگانە (11 ملیۆن و 836 هەزار و 652) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکی کردووە. -    هەرێم هەر بەرمیلێک نەوتی لە ماوەی ناوبراودا بە (15 دۆلار) کەمتر لە نرخی نەوتی برێنت فرۆشتووە. -    هەر بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت (54%) داهاتی نەوت چووە بۆ خەرجی پرۆسەکەو (46%) گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم. کەواتە لەسەر بنەمای هەر چوار ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت لە ماوەی وەرزەکانی دووەم، سێیەم و چوارەمی ساڵی (2022) و وەرزی یەکەمی ساڵی (2023) ئەم گریمانەنانەی لای خوارە ڕوندەکەینەوە؛ •    لە (25/3/2023 – 24/3/2024) واتە ساڵێک بەسەر ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم تێپەڕدەبێت. •    هەرێم دەیتوانی بە تێکڕای مانگانە (11 ملیۆن و 836 هەزار و 652) بەرمیل نەوت هەناردە بکات. •    واتە لە ماوەی ساڵێکدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەگەیشتە (142 ملیۆن و 39 هەزار و 828) بەرمیل نەوت. •    تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە ماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە (82 دۆلار و 91 سەنت). •    ئەگەر هەرێم بە داشکانی (15 دۆلار) نەوتەکەی فرۆشتبایە، وەک ئەوەی لە چارەکی دووەم و سێیەم و چوارەمی (2022) و چارەکی یەکەمی ساڵی (2023)دا رویدابوو. ئەوا؛ •    تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی هەرێم فرۆشراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (67 دۆلار و 91 سەنت). •    کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (9 ملیارو 651 ملیۆن و 735 هەزار و 255) دۆلار. •    ئەگەر ئەو بڕەی داهات (54%) بۆ خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم رۆشتبا، ئەوا هاوتا دەبوو بە (5 ملیار و 211 ملیۆن و 937 هەزار و 22) دۆلار. •    بەم پێیەش بڕی (4 ملیار و 417 ملیۆن و 835 هەزار و 654) دۆلاری بە رێژەی (46%) دەگەڕایەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان. خشتەی ژمارە (1) پرۆسەکە رونتر دەکاتەوە.   دووەم؛ بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم دوای ڕاگرتنی هەناردە لە دوای بڕیارەکەی دادگای نێوبژیوانی پاریس لە مانگی ئازاری ساڵی (2023)دا، هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆری نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان راگیرا، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە نزیکەی سەرجەم کێڵگە نەوتییە بەرهەمهێنەکانی نەوتی هەرێم کە تا ئەو کات ژمارەیان گەیشتبووە (14) کێڵگە ڕاگیرا. بەپێی زانیارییەکان، هەندێک لەو کێڵگانەی گەیشتبوونە ئاستی بەهەمهێنان تا ئێستاش نەیانتوانیوە دەستبەکارکردن بکەن و بێ بەرهەم ماونەتەوە، ئەوانیش کێڵگە نەوتییەکانی (تەق تەق، سارتا و بەعشیقە)یە، بەڵام بەشێکی دیکەی کێڵگە نەوتییەکان کە ژمارەیان (7) کێڵگەی نەوتییە کەوتنەوە کارکردن و توانیان ئاستی بەرهەمی نەوتی رۆژانەیان بە ڕادەیەکی باش بەرز بکەنەوە، لە ئێستادا پێکەوە نزیکەی (300 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرهەمدەهێنن؛ کە ئەوانیش بریتین لە؛ 1.    کێڵگەی نەوتی خورمەڵە کە سەرجەم پشکەکانی دراوە بە کۆمپانیای کار گروپ لە ئێستادا رۆژانە زیاتر لە (110 هەزار) بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنێت. 2.    کێڵگەی نەوتی تاوکێ کە هەردوو کۆمپانیای (دی ئێن ئۆ و گنێڵ ئینێرجی) تێیدا پشکدارن، لە مانگی شوباتی ئەمساڵ ئاستی بەرهەمیان لە کێگەکەدا گەیشتووە بە (90 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە. 3.    کێڵگەی نەوتی شێخان کە هەردوو کۆمپانیای (گۆڵف کیستۆن و ئێم ئۆ ئێڵ) تێیدا پشکدارن، ئاستی بەرهەمیان لە کێگەکەدا گەیشتووە بە (21 هەزار 600) بەرمیل نەوتی رۆژانە. 4.    کێڵگەی نەوتی ئەتروش کە هەردوو کۆمپانیای (شاماران و تاقە) تێیدا پشکدارن لە سەرەتای ئەمساڵدا کۆمپانیای (تاقەی ئیماراتی) رایگەیان کە پشکەکانی خۆی فرۆشتووە بە کۆمپانیای (ئێچ کەی ئێن)، ئاستی بەرهەمیان لە کێگەکەدا گەیشتووە بە (20 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە. 5.    کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ کە هەردوو کۆمپانیای (ئێچ کەی ئێن و شاماران) تێیدا پشکدارن، ئاستی بەرهەمی ئاستی بەرهەمی کێڵگەکەیان گەیاندووە بە (36 هەزار 400) بەرمیل نەوتی رۆژانە. 6.    کێڵگەی نەوتی هەولێر کە کۆمپانیای (فۆرزا پیترۆلیۆم) تێیدا پشکدار، ئاستی بەرهەم لە کێگەکەدا گەیشتووە بە (6 هەزار 500) بەرمیل نەوتی رۆژانە. 7.    کێڵگەی نەوتی گەرمیان کە هەردوو کۆمپانیای (گازپرۆم و  وێسترن زاگرۆس) تێیدا پشکدارن، ئاستی بەرهەمی ئاستی بەرهەمی کێڵگەکەیان گەیاندووە بە (9 هەزار 650) بەرمیل نەوتی رۆژانە. بەڵام بەپێی زانیارییەکان هەریەک لە کێڵگە نەوتییەکانی تەق تەق کە کۆمپانیاکانی (گنێڵ ئینێرجی و ئەداکس) تێیدا پشکدارن، کێڵگەی نەوتی سارتا کە (گنێڵ ئینێرجی و شیڤرۆن) تێیدا پشکدارن هەروەهای کێڵگەی نەوتی بەعشیقە کە کۆمپانیاکانی (دی ئێن ئۆ و تی ئی سی) تێیدا پشکدارن لە ئێستادا هیچ بەرهەمێکیان نیە. هەندێک لە کێڵگانەشی کە پێش ڕاگرتنی نەوتی هەرێم گەیشتبوونە ئاستی بەرهەمهێنان لە ئێستادا هیچ زانیارییەک لەبەردەست نە لە بارەی کردن و بەهەمهێنان تێیاندا ئەوانیش کێڵگە نەوتییەکانی (کۆرمۆر، عەین سەفنی، بەیجیل و چیا سورخ). لەم بارەیەوە بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)).     سێیەم؛ دابەشکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە ساڵی ڕابردوودا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها (7) موچەی بەسەر موچەخۆرانی هەرێم دابەشکردووە، ئەمەش دەرخەی ئەو ڕاستییەیە کە خەڵک و موچەخۆرانی باجی سیاسەتی نەوتی هەرێم دەدەن، تایبەت بە شێوازی دابەشکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بڕوانە خشتەی ژمارە (3) چارتی تایبەت بە رۆژ ژمێری دابەشکردنی موچە لە هەرێم.     سەرچاوەکان؛ 1.    راپۆرتەکانی دیلۆیت لە سایتی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان •    بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی نیسانی 2022 تاکو ٣٠ی حوزەیرانی 2022. •    بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی تەمموزی 2022 تاکو٣٠ ئەیلوولی 2022. •    بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی ئابی 2022 تاکو31 کانونی یەکەمی 2022. •    بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی کانونی دووەمی  2023 تاکو31 ئازاری 2023. 2.    درەو میدیا، گرافیك: رۆژژمێری دابه‌شكردنی موچه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=14581 3.    درەو میدیا، بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی نەوتی هەرێمی كوردستان https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=14745 4.    Crude Oil Brent US Dollars per Barrell; https://countryeconomy.com/raw-materials/brent?year=2023    


راپۆرت: دره‌و دیوانی چاودێری دارایی عێراق له‌ راپۆرتی هاوبه‌شی خۆیدا له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم باس له‌ داهاتی نانه‌وتیی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێ هه‌رێم ئه‌م داهاتانه‌ی راده‌ستی حكومه‌تی فیدراڵ نه‌كردووه‌، تێبینی خۆی له‌باره‌ی داهاته‌كان خستوه‌ته‌ڕوو، له‌ ده‌روازه‌ی باشماخ تێبینی ئه‌وه‌ی كردووه‌ ئیمزای لیستی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌نێوان دوو مانگدا جیاوازه‌، گومانی كردووه‌و داوا ده‌كات فه‌رمانبه‌ران له‌بری هاوڕێكانیان ئیمزای وه‌رگرتنی موچه‌ نه‌كه‌ن، ورده‌كاری داهاتی گومرگ و فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم به‌مشێوه‌یه‌ ده‌خاته‌ڕوو.  داهاتی نانه‌وتیی له‌ شه‌ش مانگدا دیوانی چاودێری دارایی عێراق به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی كوردستان وردبینی له‌ داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانی هه‌رێم كردووه‌. به‌گوێره‌ی وردبینییه‌كه‌ كه‌ بۆ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2023 كراوه‌ (واتا له‌ 1/1 بۆ 31/6/2023)، داهاتی نانه‌وتیی هه‌رێم به‌مشێوه‌یه‌ بووه‌:  •    داهاتی نانه‌وتیی له‌ماوه‌ی ئه‌م شه‌ش مانگه‌دا بڕی زیاتر له‌ (2 ترلیۆن و 83 ملیار) دینار بووه‌، حكومه‌تی هه‌رێم به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌ یاسای بودجه‌ی فیدراڵدا هاتووه‌ داهاتی نانه‌وتی راده‌ستی حكومه‌تی فیدراڵ نه‌كردووه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا بووه‌ كه‌ رۆژی 26/6/2023 یاسای بودجه‌ كه‌وتوه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردن و بۆ هه‌موو ساڵه‌كه‌ كارپێكراو بووه‌.  •    له‌ناو داهاتی نانه‌وتیی شه‌ش مانگی یه‌كه‌می 2023دا، ئه‌م داهاتانه‌ تۆماركراوه‌: - بڕی زیاتر له‌ (159 ملیار) دیناری كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ت و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌ به‌  هه‌رێمی كوردستان دراوه‌.  - له‌ناو خانه‌ی داهاته‌كانی تردا، بڕی (368 ملیار) دینار تۆماركراوه‌، چاودێری دارایی نه‌یزانیوه‌ له‌چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، چونكه‌ هیچ شكارییه‌كی بۆ نه‌كراوه‌.  * به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ژمیریاری له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان به‌ لیژنه‌ی هاوبه‌شی چاودێری دارایی وتووه‌ كه‌ ته‌نیا (6) ده‌روازی سنوریی هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ن:  به‌ڵام ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی عێراق به‌ چاودێری چاودێری دارایی وتووه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان (12) ده‌روازه‌و (20) رێڕه‌وی سنوریی هه‌ن، كه‌ هه‌ندێكیان فه‌رمی و هه‌ندێكی تریان نافه‌رمین و بریتین له‌مانه‌:  ده‌روازه‌ فه‌رمییه‌ دانپێدانراوه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه‌ ئه‌و ده‌روازانه‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم دانی پێدا ناون و حكومه‌تی فیدراڵی دانی پێدا نه‌ناون، به‌ڵام ئاڵوگۆڕی بازرگانیان تێدا ده‌كرێت و باج وه‌رده‌گیرێت ئه‌و ده‌روازه‌و رێگا سنورییانه‌ی كه‌ نه‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێم و نه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه‌ دانیان پێدا نه‌نراوه‌ ژماره‌یان (20) ده‌روازه‌یه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ن:  (گمۆ- بروین- بیمارۆک- بیارە- ھاوار- دەرەی مەڕ- وشیاری- بادالان- دارۆخان- کونە مێرو- ئەحمەد ئاوا- کونە وشک- میشیاو - سیرین – بارێ- شایدین- چۆمان – موسک- قه‌ندۆڵ- زەڵێ). حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ رۆژی 1/3/2023دا نوسراوی بۆ حكومه‌تی فیدراڵی كردووه‌و رایگه‌یاندووه‌ هه‌رێم رێگر نییه‌ له‌وه‌ی ئه‌م ده‌روازه‌ سنورییانه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه‌ بكرێن به‌ ده‌روازه‌ی فه‌رمی، چاودێری دارایی پێشنیاری ئه‌وه‌ ده‌كات هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی فیدراڵی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌روازانه‌ بكرێن به‌ فه‌رمی و وه‌رگرتنی باج تێیاندا به‌شێوه‌ی یاسایی یه‌كبخرێت.  •    ده‌روازه‌ی (پشته‌) كه‌ نزیكه‌ی (100 كیلۆمه‌تر) له‌ ده‌روازه‌ی گه‌رمیانه‌وه‌ دوره‌، له‌ڕووی ئیداری و دارییه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ ده‌روازه‌ی گه‌رمیانه‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاته‌كانیشی له‌رێگه‌ی ژماره‌ بانكی ده‌روازه‌ی گه‌رمیانه‌وه‌یه‌.  داهاتی ده‌روازه‌كانی هه‌رێم وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم بۆ (6) مانگی یه‌كه‌می 2023، به‌تێكڕا داهاتی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی له‌ (6) ده‌روازه‌دا به‌بڕی (666 ملیارو 900 ملیۆن) دینار دیاریكردووه‌، كه‌ له‌م ده‌روازانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌:  -    ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل: داهاته‌كه‌ی له‌ شه‌ش مانگدا بریتی بووه‌ له‌ (358 ملیار) دینار -    ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران: داهاته‌كه‌ی (110 ملیار) دینار بووه‌ -    ده‌روازه‌ی باشماخ: داهاته‌كه‌ی (68 ملیار) دینار بووه‌ -    ده‌روازه‌ی په‌روێزخان: داهاته‌كه‌ی (111 ملیار) دینار بووه‌ -    گومرگی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر: داهاته‌كه‌ی (13 ملیار) دینار بووه‌ -    گومرگی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی: داهاته‌كه‌ی (4 ملیار) دینار بووه‌ داهاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی گومرگ له‌ هه‌رێمی كوردستان (7) به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گومرگ هه‌یه‌ كه‌ بریتین له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی (سلێمانی- زاخۆ- راپه‌ڕین- هه‌ولێر- دهۆك- مێرگه‌سور- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی گومرگ)، داهاتی شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2023ی ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه‌ بریتی بووه‌ له‌ (53 ملیارو 743 ملیۆن) دینار، به‌مشێوه‌یه‌: ئیمزاكانی باشماخ ! راپۆرتی هاوبه‌شی چاودێری دارایی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌رێگه‌ی به‌راوردكردنی ئیمزای فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ له‌ لیستی موچه‌ی مانگه‌كانی نیسان و ئایاری 2023دا له‌ ده‌روازه‌ی باشماخ، تێبینی ئه‌وه‌ی كردووه‌ سه‌رجه‌م ئیمزاكان له‌و دوو مانگه‌دا جیاوازن، بۆیه‌ نوسیویه‌تی" ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئیمزایانه‌ دروست نین"، پێشنیاری ئه‌وه‌ی كردووه‌ فه‌رمانبه‌ران له‌بری هاوڕێكانیان بۆ وه‌رگرتنی موچه‌ ئیمزا نه‌كه‌ن.  داهاتی نانه‌وتیی له‌ چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ ؟ به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌ لیژنه‌ی هاوبه‌شی چاودێری دارایی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمیان وه‌رگرتووه‌، داهاتی نانه‌وتیی هه‌رێم له‌ (6) سه‌رچاوه‌وه‌ كۆده‌كرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ن:  •    باجی داهات و سامان: رێژه‌ی 14%ی تێكڕای داهاتی نانه‌وتیی پێكده‌هێنێت •    باجی كاڵاو كرێی به‌رهه‌م: رێژه‌ی 27% پێكده‌هێنێت •    رسومات: رێژه‌ی 13% پێكده‌هێنێت  •    داهاتی سه‌رمایه‌: رێژه‌ی 2% پێكده‌هێنێت •    داهاتی گواستنه‌وه‌‌: رێژه‌ی 8% •    داهاته‌كانی تر: رێژه‌ی 36% پێكده‌هێنێت  


جیهانگیر سدیق گوڵپی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم له‌ 24/3/2024 نوسراوێكی به‌په‌له‌ی ئاراسته‌ی گشت وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌ نه‌به‌ستراو به‌ وه‌زاره‌ته‌كان كردوە، تێیدا داوای كردوه‌ هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ لیستی موچه‌ی مانگی 3 لیستێكی تر ئاماده‌ بكه‌ن كه‌ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی تێیدا ئه‌نجامدرابێت له‌ كاتی شایسته‌یان و له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه‌ ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی بكرێت. ئه‌م نوسراوه‌ به‌رچاوڕونیی پێویستی تیدا نیه‌ بۆ فه‌رمانگه‌كان بۆ چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌، ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ وه‌كو خۆی نائاساییه‌ و ناكرێت به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاماده‌كردنی ئه‌و لیسته‌ هاوكات له‌گه‌ڵ لیستی موچه‌ی مانگی سێ كارێكی مه‌حاڵه‌ و، پێش ئاماده‌كردنی لیستێكی له‌وجۆره‌ چه‌ندین ڕێكار و هه‌نگاوی تر هه‌ن ده‌بێ بگیرێنه‌به‌ر، لێره‌دا به‌پێویستی ئه‌زانم به‌خێرایی چه‌ند سه‌رنج و ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك بخه‌مه‌ڕوو: 1-    لیستی موچه‌ كه‌ پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی تێدا ئه‌نجام درابێت له كاتی شایسته‌وه‌، ته‌نها له‌پاش كۆمه‌ڵێك هه‌نگاو و پرۆسه‌و ڕیكاری تر ده‌توانرێ ئاماده‌ بكرێت، سه‌ره‌تا ده‌بێ فه‌رمانگه‌كان نوسراویان بۆ بچێت كه‌ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ ده‌ست پی بكه‌نه‌وه، پله‌به‌رزكردنه‌وه‌یش له‌هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌ك به‌ فۆرم و كۆنوسی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت ڕێكده‌خرێت به‌پشت به‌ستن به زانیاریه‌كانی ناو ‌دۆسیه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ و پاشان ‌فه‌رمانی كارگێڕی یان وه‌زاری تایبه‌تی پێ ده‌رده‌چێت، فه‌رمانگه‌كانیش بۆ هه‌مو ئاسته‌كان ده‌سه‌ڵاتی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌یان نیه‌ و ده‌بێ بۆ هه‌ندێكیان نوسراو به‌رزبكه‌نه‌وه‌ بۆ سه‌روی خۆیان یان بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و له‌وێ فه‌رمانه‌كه‌ ده‌رده‌چێت، به‌گشتی هه‌نگاوی یه‌كه‌م ده‌بێ به‌و ڕێکارانە ده‌ستپێبكرێت و ئه‌وه‌یش كاتی پێویسته‌ چونكه‌ پلە بەرزکردنەوەکە هه‌مو فه‌رمانبه‌ران ده‌گرێته‌وه‌. 2-     پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ر ده‌بێته‌ هۆی چه‌ندین گۆڕانكاری له‌ ناونیشانی فەرمانبەر و كۆی موچه‌ی بنه‌ڕه‌تی و سه‌موچه‌و ده‌رماڵه‌كان و كۆی گشتی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ر، له‌كاتی ئاساییدایه‌ ئه‌مه‌ كارێكی ڕۆتینیه‌ و له‌سه‌ر سكه‌ی خۆی ده‌ڕوات و ئاڵۆزی و زه‌حمه‌تیه‌كی ئه‌وتۆی تێدانیه‌. به‌ڵام ئه‌م دۆخه‌ی كه‌ چه‌ند ساڵه‌ فه‌رمانبه‌ران و فه‌رمانگه‌كانی هه‌رێمی تێدان دۆخێكی نائاساییه‌و پله‌به‌رزكردنه‌وه‌كان له‌كاتی خۆیان ئه‌نجام نه‌دراون، ئێستا زۆربەی فه‌رمانبه‌ران لانی كه‌م شایسته‌ی ئه‌وه‌ن دوو پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ وه‌ربگرن، بێگومان له‌گه‌ڵ هه‌ر پله‌به‌رزكردنه‌وه‌یه‌ك سه‌رموچه‌ی ساڵانه‌ی فه‌رمانبه‌ریش زیاد ده‌بێت، بڕی سه‌رموچه‌ كه‌ ده‌چیته‌ سه‌ر  موچه‌ی بنه‌ڕه‌تی به‌پێی پله‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌گۆڕێت، واته‌ له‌گه‌ڵ  پێدانی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران له‌كاتی شایسته‌یانه‌وه‌ پێویست به‌وه‌ ده‌كات هه‌مو ئه‌و سه‌رموچانه‌یش ڕاست بكرێنه‌وه‌ كه‌ له‌ساڵانی ڕابووردا له‌سه‌ر بنه‌مانی موچه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌ كۆنه‌كه‌ی پێش پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ بۆیان به‌ستراوه‌ و وه‌ریان گرتوه‌، به‌م جۆره‌ پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ له‌كاتی شایسته‌وه‌ ده‌بیته‌ هۆی گۆڕان و زیادبونی موچه‌ی بنه‌ڕه‌تیی هه‌مو فه‌رمانبه‌ران و سه‌رموچه‌كانیان و بڕی ده‌رماڵه‌كانیشیان له‌چه‌ند ساڵی ڕابوردوه‌وه‌ تاكو ئێستا، چونكه‌ زۆرینەی‌ ده‌رماڵه‌كانیش له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێژه‌یه‌ك له‌موچه‌ی بنه‌ڕه‌تی دیاری ده‌كرین. 3-    له‌ساڵانی ڕابووردو چه‌ندین فه‌رمانبه‌ر خه‌نانشین بوون كه‌ مافی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌یان تێ په‌ڕیبوو و پله‌یان به‌رز نه‌كرابویه‌وه‌ و به‌ ماف و موچه‌ی كه‌متر خانه‌نشین كراون و چه‌ند ساڵه‌ به‌و جۆره‌ موچه‌ی خانه‌نشینی وه‌رده‌گرن، ئه‌وان مافی خۆیان سود مه‌ند ببن له‌ بڕیاری پله‌ به‌رز كردنه‌وه‌ له‌ كاتی شایسته‌یان كه‌ كارگه‌ریی ده‌بێت له‌ سه‌ر موچه‌ی خانه‌نشینیان و گۆڕانكاریی له‌موچه‌كه‌یان ده‌كات له‌كاتی شایسته‌ی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ تاكو ئێستا. 4-    بۆیه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ وه‌زاره‌تی دارایی ڕێنمایی و به‌رچاوڕونیی تایبه‌ت بۆ پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ بداته‌ فه‌رمانگه‌كان سه‌باره‌ت به‌ فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان، پێویسته‌ ڕێنمایی تایبه‌تیش بدات بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی موچه‌ی هه‌مو فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان(ئه‌وانه‌ی له‌خاڵی 3 له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌یان بۆ كراوه‌) له‌هه‌مو فه‌رمانگه‌كان به‌لیژنه‌ی تایبه‌ت. له‌پاش جێبه‌جێكردنی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ ئینجا ئه‌توانرێ لیستێكی له‌وجۆره‌ ئاماده‌بكرێت . 5-    بابه‌تێكی تریش خەرجکردنی ئه‌و جیاوازیانه‌یه‌(فروقات) له‌ كۆی موچه‌و ده‌رماڵه‌كانی فه‌رمانبه‌ران كه‌ به‌هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی حكومه‌ت، ئایا بڕیار له‌سه‌ر خه‌رجكردنی ئه‌و جیاوازیانه‌ی ڕابووردویش ده‌درێته‌وه‌ كه‌ مافی بێچه‌ندوچۆنی فه‌رمانبه‌رانه؟‌ ئایا حكومه‌تی به‌غدا ده‌چێته‌ ژێر باری ئه‌وه‌؟ یان ده‌ڵێ ئه‌ركی ئێمه‌ له‌ مانگی شوباتی ئه‌مساڵ و پاش بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی ده‌ست پێ ده‌كات.  


درەو: راپۆرتی دیوانی چاودێری عێراق و هەرێم- سۆران عومەر پاش بەدواداچوون بۆ چۆنێتی جێبەجێکردن و ھۆکاری جێبەجێ نەکردنی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣-٢٠٢٤-٢٠٢٥ لەڕێگەی پرسیاری پەرلەمانیی بۆ دیوانی چاودێری دارایی ئیتحادی، لە ١٣/٣/٢٠٢٤ بەنوسراوی ژمارە (١/١/٣/٧٠٧٣) تەواوی وردەکاری بابەتەکەمان کرا لەڕێگەی سەرۆکی پەرلەمانەوە، ئەمە پوختەکەیەتی: ١-  تایبەت بە (بڕگەی یەکەم لە مادەی ١٢)ی یاسای بودجە، دیوانی چاودێری دارایی بە ٣ نوسراو داوای بەڵگەو تۆمارو موازینی مراجعەی ھەرێمی کردووە وەڵام نەدراونەتەوە. ٢-  تایبەت بە (بڕگەی دووەم/ڕ لەمادەی ١٢ ) وەزارەتی سامانە سروشتیەکان داتاو زانیاری پێ نەداون ھی نەوتی خامی بەرھەمھاتوو لەکێڵگە نەوتیەکان کە شەحن کراوە بۆ بەندەری جیھان بۆ عەمبارەکانی سۆمۆ. ٣-  تایبەت بە (بڕگەی دووەم /د لەمادەی ١٢) ئەو ھەژمار بانکیەی حکومەتی ھەرێم لە لقی ھەولێری بانکی ناوەندی کردویەتیەوە بۆ داھاتی غەیرە نەوتی تاکو وردبینی بکرێت، ھیچ داھاتێکی تەسلیم نەکردووە. ٤-  تایبەت بە (بڕگەی دووەم/ە لەمادەی ١٢) تیمێک دروست کراوە بۆ وردبینی موازینی مراجعەو خەرجی و داھاتی نەوتی و نانەوتی لە ١/١ تاکو ٣٠/٦/٢٠٢٣ ئەم کارە ئەنجام دراوەو وێنەیەکی ڕاپۆرتی وردبینیەکە دراوتە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ١٦/٨/٢٠٢٣. ٥-  لیژنەیەکی دیکە پێکھێنرا بۆ وردبینی خەرجی و داھاتی نەوتی و نانەوتی لە (١/٧/٢٠٢٣ تاکو ٣١/١٢/٢٠٢٣) بەڵام حکومەتی ھەرێم لە ١٥/٢/٢٠٢٤ داوای کردووە جارێ چاوەڕوان بن بۆ دەست بەکاربوونی لیژنەکە، لە ٢٥/٢/٢٠٢٤ دەستیان بەکارەکانیان کردووە. ٦-  بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق ( ژمارە ٢٣٥٢٠ لە٢٠٢٣) تایبەت بەوردبینی ژمارەی فەرمانبەران و سودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و خانەنشینان، لە ١٩/١٠/٢٠٢٣ ڕاپۆرتێکیان ئاراستەی سەرۆک وەزیران کردووە. وردەکاری و بەڵگەکانی ھەردوو ڕاپۆرتەکە دەخەمە ڕوو : لەبواری نەوت ١-  وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ھیچ گرێبەستێکی کۆمپانیا ناوخۆییەکانی نەداوە بە لیژنەکە، ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ کەرتی تایبەت کردویانە پەیوەست بە کەرتی نەوت و وزە. ٢-  بەپێی میزان مراجەعەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ داھاتی گشتی ھەرێم (٥ ترلیۆن و ١٩ ملیار دینار) بووە. ٣-  خەرجی لەو شەش مانگەدا (٨ ترلیۆن و ٥٥٥ ملیار دینار) بووە. ٤-  ئەوەی لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەستیان کەوتووە لە میزان مراجەعەی بەڕێوەبەرێتی گشتی ژمێریاری وەزارەتی دارایی دەستیان کەوتووە، لەوەشیدا میزان مراجەعەی مانگەکانی ٤ و ٥ و ٦ی نەناردووە. ٥-  وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دوو حسابی ھەیە بۆ تەشغیلی و حسابێکی تایبەت بۆ فرۆشی نەوت و غاو بەرھەمە نەوتیەکان کە ئەمەش بۆ پرۆسەی چاودێری و وربینی نابێت. ٦-  بەپێی سیستمی ژمێریاری چالاکیە داراییەکان تۆمارنەکراون بە سجل و مستندی دەفتەری بەڵکو لەسەر بەرنامەی ئێکسڵ داھات و خەرجی و قەرزیان تۆمارکردووە! ٧-  وەزارەتی سامانە سروشتیەکان حساباتی لە (٥) بانک ھەیە کە یەکێکیان مێرف ابوڤبی ئیسلامیە، ئامادە نەبوون حسابی ئەو پێنج بانکەی وەزارەتمان بدەنێ. ٨-  لە مانگەکانی (١،٢،٣ی ساڵی ٢٠٢٣) بەپێی ئەو داتای وەزارەتی سامانە سروشتیەکان پێشکەشی کردووە (٣٢ ملیۆن و ١٩٤ ھەزارو ٤٢٦ بەرمیل نەوتی خاو)ی ھەناردەی بەندەری جیھانی تورکی کردووە! بەڵام بەپێی بەڵگەکانی کۆمپانیای سۆمۆ (٣٢ ملیۆن و ٧٢٨ ھەزارو ٣٢٤ بەرمیل نەوت)ی ھەناردە کردووە واتە (٥٣٣ ھەزارو ٨٩٨ بەرمیل نەوت) کەمتری حساب کردووە ھەرێم! -  فرۆشی بەرمیلێک نەوت لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە بە بازاڕی ئەوروپا بۆ مانگی (١) بە (٦٦ دۆلارو ٥٥٩ سەنت) بووە، ھەمان مانگ سۆمۆ نەوتی لەھەمان بەندەری جیھانەوە بەبازاڕی ئەوروپا فرۆشتووە بە (٨٢ دۆلارو ٧٧٧ سەنت) واتە ھەرێم ھەر بەرمیلێک نەوتی بە (١٦ دۆلارو ٢١٨ سەنت) کەمتر فرۆشتووە! -  بۆ مانگی (٢) ھەرێم بەرمیلێک نەوتی بە (٧٠ دۆلار) فرۆشتووە بەڵام سۆمۆ بە (٨٢ دۆلارو ٤٨٦ سەنت) فرۆشتووە واتە ھەرێم بە (١٢ دۆلارو ٤٨ سەنت) کەمتر بەرمیلێک نەوتی فرۆشتووە. -  بۆ مانگی (٣) ھەرێم بەرمیلێک نەوتی بە (٦٥ دۆلارو ٧٤٨ سەنت) فرۆشتووە، سۆمۆ بەرمیلێکی بە (٧٨ دۆلارو ٥٦ سەنت) فرۆشتووە، واتە ھەرێم ھەر بەمیلێک نەوتی لە (١٢ دۆلارو ٨١٢ سەنت) کەمتر فرۆشتووە. -  بۆ مانگی (١) بە بڕی ١٨٧ ملیۆن دۆلار نەوتی بەکەمتر فرۆشتووە -  بۆ مانگی (٢) بە ١٥٠ ملیۆن دۆلار نەوتی بەکەمتر فرۆشتووە. -  بۆ مانگی (٣) بە ١٠٩ ملیۆن دۆلار نەوتی بەکەمتر فرۆشتووە بەراوردی نرھی سۆمۆ. ٩-   یەک حساب بانکی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە بانکی منارەو ئاڕتی بانک وردبینی کراوە لە تەحویلی دۆلار بۆ دینار لەبانک جیاوازی ھەیە لەیەکێککیان ٣٠ ھەزار دۆلار لەوی دیکەیان ٤٦ ھەزار دۆلار! ١٠-  ئەوەی پێیان داون تاکو ٣١/٣/٢٠٢٣ داھاتی فرۆشی نەوتی خاوو (٢ ترلیۆن و ٩٣٥ ملیار دینار) بووە، ئەوەی سەرف کراوە بەناوی خەرجی بەرھەمھێنانی نەوتی خاو (٢ ترلیۆن و ٩ ملیار دینار) بووە! بەڵام دوای وردبینی دەرکەوتووە ئەو خەرجیە بۆ بەرھەمھێنانی نەوتی خاو نەبووە بەتەنھا بەڵکو بەکۆی گشتی (٦١٩ ملیارو ٣٧٣ ملیۆن) دیناری خەرجی تێچووی بەرھەمھێنانی نەوت نەبووە بەڵکو بەم جۆرە سەرف کراوە: -  (١٢٩ ملیار و ٨١٥ ملیۆن دینار)ی دراوە بە ماس ئینێرجی و ماس کۆمپانی بۆ بەرھەمھێنانی کارەبای مانگەکانی ١ و ٢ و ٣ی ساڵی ٢٠٢٣. -   (٨ ملیارو ٨١٦ ملیۆن دینار)ی دراوە بەچەندین کۆمپانیا بۆ کرێی گواستنەوەی بەرھەمە نەوتیەکان بۆ وێستگەکانی کارەبا بۆ مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٣! -  (٥٦٨) ھەزار دۆلاری بۆ مانگی (١)ی ٢٠٢٣ دراوە بە پرۆفیشناڵ سێرڤس بەبێ دیاریکردنی ئەوەی ئەم خزمەتگوزاریە چییە! -  (١٨٦) ملیاری لەمانگی (٢)ی ٢٠٢٣ دراوە بە کۆمپانیای (ترافیگورا ئێڵ تی دی لیمیتد)ی ئیتاڵی لەبەرامبەر لێ وەرگرتنی پارەی پێشەکی بۆ فرۆشتنی نەوت لەئایندەدا، ئەم بڕە پارەش لەقەرزەکانی کەم نەکراوەتەوە. -  (١٨٧ ملیارو ٧٦٥ ملیۆن دینار) بۆ کڕینی مادەیەک تاکو تێکەڵی نەوتی خاوی بکەن کەبەبۆری ناردویانە! ھەروەھا بۆ کڕینی غازی وشک لەکۆمپانیای پێراڵ پترۆلیۆم بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی بەرھەمھێنانی کارەبا! -  (١١٤ ملیارو ٢٣٢ ملیۆن دینار) کرێی بەرھەمھێنانی نەوتی خاوی ساڵانی پێشوو دراوە بە کۆمپانیایەکی عێراق و کۆمپانیایەکی چینی! ١١-  لەناو داھاتە نەوتیەکان دا ئەو داھاتەی نەوتی خاوی تێدا نەبووە کە دراوە بەپاڵاوگەکان لە ماوەی ئەو شەش مانگەی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣، لەو ماوەدا (١٠٢٠٠٥٢٤) دە ملیۆن و دوو سەد ھەزارو پێنج سەدو بیست و چوار بەرمیل نەوتی خاو دراوە بە پاڵاوگەکانی (کارو لاناز) بەبڕی (٣٠٩ ملیارو ٩٦٧ ملیۆن دینار). ١٢-  قەرزەکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان تاکو ٣١/٣/٢٠٢٣ بە ( ٨ ملیارو ٧٣٣ ملیۆن دۆلار) دانراوە کە دەکاتە (١٢ ترلیۆن و ٦٤٨ ملیار دینار) گوایە (١٢ ترلیۆن و ٢٣٨ ملیار دینار)ی ھی ساڵانی پێشووە! ١٣-  ئەو (١٢ ترلیۆن و ٢٣٨ ملیار دینار)ەی قەرزی ساڵانی پێشوو بەم جۆرە ڕونکراوەتەوە: -  (١١١ ملیارو ٩٦٠ ملیۆن دینار)ی کرێی گواستنەوەی عەمبارکردنی بەرھەمە نەوتیەکان بووە بۆ کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی کارەبا!بۆ ساڵەکانی (٢٠١٥ -٢٠٢٢. -  (٥ ترلیۆن و ٣١٠ ملیار دینار)ی پارەی پێشەکی بووە وەریان گرتووە لەکڕیارانی نەوت. -  (٣٠٢ ملیار و ٥١٠ ملیۆن دینار)ی دراوە بە کۆمپانیای پیراڵ پترۆلیۆم لەبەبرامبەر بەرھەمھێنانی غاز بۆ کارەبا. -  (١ ملیار و ٤ ملیۆن دۆلار)یش دەربێتە بیدەنەوە بە کۆمپانیای (KNOC) کۆری بۆ ساڵەکانی (٢٠١٩ و ٢٠٢٠ ) لەبەرامبەر قەرەبوو کردنەوەی پاشەکشەی لە تەنازول کردن لەمافەکانی لەتێچووی دەرھێنانی نەوتی خاوو بەم جۆرەش پارەکەی دەدەنەوە: -  ساڵی ٢٠٢٣ بڕی ١٤٩ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆلار. -  ساڵی ٢٠٢٤ بڕی ١٤٢ ملیۆن دۆلار. -  ساڵی ٢٠٢٥ بڕی ١٤٢ ملیۆن دۆلار. -  ساڵی ٢٠٢٦ بڕی ١٤٢ ملیۆن دۆلار. -  ساڵی ٢٠٢٧ بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار. -  ساڵی ٢٠٢٨ بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار. -  ساڵی ٢٠٢٩ بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار. -  ساڵی ٢٠٣٠ بڕی ١٢٨ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆلار. ئەمە جگە لەوەی شریکاتی نەوت و کرێکارە بیانیەکان لەو بوارەدا لەباج بەخشراون کەبەپێی یاسای یاسای ژمارە (١٩)ی ساڵی ٢٠١٠ پێویستە %٣٥ ی داھاتی دەستکەوتوو لەعێراق باج بدەن.


راپۆرت: دره‌و "كۆمپانیا بیانییه‌كان نه‌وتی به‌رهه‌مهێنراو راده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناكه‌ن، ئه‌مه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمه، رۆژانه‌ 200 بۆ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ هه‌رێم به‌رهه‌مده‌هێنرێت، ئێمه‌ ئاگاداری نین، دان به‌ گرێبه‌سته‌كانی هه‌رێمدا نانێین" ئه‌مه‌ وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقه‌ بۆ كۆمپانیا بیانییه‌كانی كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێم، له‌ یه‌كه‌م ساڵڕۆژی راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا، به‌مشێوه‌یه‌ چاره‌نوسی نه‌وتی كوردستان له‌نێوان وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و كۆمپانیا بیانییه‌كاندا گیری خواردووه‌. ورده‌كاری زیاتر له‌م راپۆرته‌دا.  له‌ وه‌ڵامی كۆمپانیاكانی نه‌وتدا وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق وه‌ڵامی راگه‌یه‌ندراوی گروپی پیشه‌سازی نه‌وتی كوردستان "ئه‌پیكور"ی ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێ" گروپێك كه‌ ناوی (گروپی پیشه‌سازی نه‌وتی كوردستان)ی له‌ خۆی ناوه‌، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ رۆژی 23/3/2024 ده‌ریكردووه، راستییه‌كانی شێواندووه‌و ژماره‌یه‌ك هه‌ڵه‌ی كردووه‌، بۆیه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئه‌م رونكردنه‌وه‌یه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌.  له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌یدا، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق به‌ چه‌ند خاڵێك باس له‌ دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵی: •    راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌ رێگه‌ی بۆری عێراق- توركیاوه‌ له‌ ئازاری 2023دا به‌هۆی بڕیاری توركیاوه‌ بووه،‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ بڕیاری ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تیی ژوری بازرگانی پاریس له‌به‌رژه‌وه‌ندی عێراق ده‌رچووه‌. بۆیه‌ به‌بڕیاری عێراقی فیدراڵ ته‌نانه‌ت بۆ یه‌ك رۆژیش هه‌نارده‌ی نه‌وت‌ رانه‌وه‌ستاوه. دوای زیاتر له‌ شه‌ش مانگ و دانوستانی گرنگ له‌گه‌ڵ لایه‌نی توركی كه‌ ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ سه‌رپه‌ره‌شتی كرد، هه‌ردوولا گه‌یشته‌ رێككه‌وتن بۆ دووباره‌ كارپێكردنه‌وه‌ی بۆرییه‌كه‌ له‌ زوترین كاتدا هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌ ته‌كنیكییانه‌ی كه‌ بووه‌ هۆی داخستنی. بۆیه‌ حكومه‌تی فیدراڵی زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌مه‌ له‌ راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وت به‌هۆكاری په‌یوه‌ندیدار به‌ سیاسه‌تی سیادی نه‌وت و بابه‌تی تر‌.  •    یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ گرنگه‌كانی راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌ ئێستادا، ئه‌وه‌یه‌ كۆمپانیا بیانییه‌كان كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن، ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ فه‌رمی به‌رهه‌مه‌كانیان راده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی یاسای به‌ركاری بودجه‌ی گشتی فیدراڵی هه‌نارده‌ بكرێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ناو گروپی ناوبراودان (مه‌به‌ستی گروپی پیشه‌سازی نه‌وتی كوردستان ئه‌پیكور-ه‌)، ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆمپانیایانه‌ نه‌وتی وه‌به‌رهێنراوی كێڵگه‌كانی هه‌رێم به‌گوێره‌ی یاسا راده‌ست بكه‌ن، ده‌توانرێت له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا ده‌ست به‌ هه‌نارده‌ی نه‌وت بكرێته‌وه‌.  •    پێشتر حكومه‌تی فیدراڵی و ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ به‌ په‌رۆشییه‌وه‌ هه‌وڵیانداوه‌ بۆ لابردنی هه‌موو به‌ربه‌سته‌كان بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ ناوه‌ڕۆكی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ نوسراو نامه‌ی فه‌رمی و كۆبونه‌وه‌و بڕیاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كاندا له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ته‌واودا ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ دواین نوسراویان، نوسراوی ژماره‌ (480)یه‌ له‌ رۆژی 18/3/2024دا كه‌ پێویستیی راده‌ستكردنی نه‌وتی به‌رهه‌مهێنراوی هه‌رێم له‌خۆده‌گرێت به‌مه‌به‌ستی هه‌نارده‌كردنی. هێشتاش ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ (مه‌به‌ست وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقه‌) سوره‌ له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌رێگه‌ی بۆری عێراق- توركیاوه‌ له‌ زوترین كاتدا، هاوكات له‌گه‌ڵ پابه‌ندبوون به‌ حوكمه‌كانی ده‌ستورو یاسا‌.  •     نوسراوه‌ فه‌رمییه‌كان كه‌ له‌م وه‌زاره‌ته‌وه‌ ده‌رچوون، له‌وانه‌ ئه‌و نوسراوانه‌ی كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ناویان هێنراوه‌‌، ئاماژه‌یان به‌ راپۆرته‌كانی رێكخراوی ئۆپێك و سه‌رچاوه‌ لاوه‌كییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ پشت پێبه‌ستراوه‌كان كردووه‌، كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ به‌بڕی (200 بۆ 225 هه‌زار)  به‌رمیلی رۆژانه‌، به‌بێ ئاگاداری و ره‌زامه‌ندی ئه‌م وه‌زاره‌ته‌، پابه‌ندنه‌بوون به‌ سیاسه‌تی گشتی نه‌وت كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه‌ په‌سه‌ندكراوه‌، ناوبانگی عێراق و پابه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی روبه‌ڕووی مه‌ترسی ده‌كاته‌وه‌و لایه‌نی به‌رپرس له‌و پێشێلكارییانه‌ هه‌موو ده‌ره‌نجامه‌ یاساییه‌كانی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شان.      •    گرێبه‌سته‌ بانگه‌شه‌بۆكراوه‌كانی نێوان كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم، نه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵی و نه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵییه‌وه‌ به‌ هیچ جۆرێك په‌سه‌ند نه‌كراون، چونكه‌ بنه‌مای ده‌ستوریی و یاسایی دروستیان تێدا نییه‌. ماوه‌ی زیاتر له‌ یه‌ك ده‌یه‌یه‌ ئه‌مه‌ هه‌ڵوێستی حكومه‌ته‌ فیدراڵییه‌‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان و وه‌زاره‌تی نه‌وت بووه‌، ئه‌مه‌ش هاوتایه‌ له‌گه‌ڵ بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژماره‌ (59/ فیدراڵی/2022 له‌گه‌ڵ یه‌كخراوه‌كه‌ی 110/ فیدراڵی/ 2019) له‌ 15/2/2022دا. دوای بڕیاره‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كه‌ی دادگای فیدراڵی كه‌ ده‌بێت سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كان پێوه‌ی پابه‌ند بن، هیچ بوارێك بۆ مشتومڕ نه‌ماوه‌ته‌وه‌، جگه‌ له‌ پابه‌ندبوون به‌ بڕیاره‌كه‌وه‌.  •    پێشتر ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ داوای له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و كۆمپانیا نه‌وتییانه‌ كرد كه‌ له‌ هه‌رێم كارده‌كه‌ن، كۆپی ته‌واوه‌تی سه‌رجه‌م ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی راده‌ست بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی دراسه‌كردنیان و گه‌یشتن به‌ گرێبه‌ستێكی نوێ كه‌ گونجاو بێت له‌گه‌ڵ ده‌ستورو یاساو باشترین سیاسه‌تی په‌یڕه‌وكراو له‌لایه‌ن ئه‌م وه‌زاره‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیا جیهانییه‌ گه‌وره‌كان،  به‌ڵام گرێبه‌سته‌ داواكراوه‌كان تائێستا راده‌ست نه‌كراون، ئیتر چۆن ده‌كرێت داوا له‌م وه‌زاره‌ته‌ بكرێت پابه‌ند بێت به‌ گرێبه‌ستێكه‌وه‌ كه‌ نه بینیویه‌تی و نه‌ دانیشی پێدا ده‌نێت و له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌ماش پێچه‌وانه‌ی بڕیاره‌ دادوه‌رییه‌ پابه‌ندكه‌ره‌كانه‌ ؟ •    یاسای بودجه‌ی گشتی فیدراڵی ژماره‌ (13)ی ساڵی 2023 ده‌رچووه‌و له‌ رۆژی 1/1/2023وه‌ به‌ركار بووه‌، مادده‌ی (12/دووه‌م/ ج)ی یاساكه‌ ده‌قێك له‌خۆده‌گرێت كه‌ خه‌رجی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی به‌ هه‌مان ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ دیاریكردووه‌ كه‌ ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ له‌ گرێبه‌سته‌كانیدا ده‌یدات، تێكڕای خه‌رجی به‌رهه‌مهێنان (6.9 دۆلاره‌ بۆ هه‌ر به‌رمیلێك)، كه‌چی كۆمپانیا كاركه‌ره‌كان له‌ هه‌رێم داوای سێ هێنده‌ی ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ ده‌كه‌ن (ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ خه‌رجی گواستنه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش زیاده‌ڕۆیی تێدا كراوه‌) وه‌كو یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌كانیان بۆ راده‌ستكردنی نه‌وتی به‌رهه‌مهێنراو. ئه‌وه‌ی وای له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كرد پشت به‌ نرخه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وت ببه‌ستێت، ئه‌وه‌ بوو نه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و نه‌ هیچ لایه‌نێكی تری فیدراڵی ئاگاداری ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ نین، وه‌كو پێشتر باسكرا. هه‌روه‌ك ئه‌و پاره‌ی كه‌ كۆمپانیاكان داوای ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ش له‌خۆده‌گرێت كه‌ ناوی لێنراوه‌ پێدانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی پێشتر كه‌ ملیاران دۆلاره‌و بڕه‌ پاره‌یه‌كی نه‌زانراوه‌ له‌لای حكومه‌تی فیدراڵی و له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌كانی قه‌رزكردن به‌پێی ده‌ستورو یاسا به‌ركاره‌كان ناگونجێت. •    چه‌ندینجار روون كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ ناتوانێت سه‌رپێچی یاسای بودجه‌و یاسا به‌ركاره‌كانی تر بكات، ئه‌مه جگه‌ له‌وه‌ی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ زیاده‌ڕۆییه‌كی گه‌وره‌ له‌ خه‌رجی ناوبراودا هه‌یه‌ له‌ بڕگه‌ی پێشوودا. پێشتریش ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ به‌ فه‌رمی جه‌ختی كردووه‌ له‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێ هه‌نارده‌ی نه‌وت به‌گوێره‌ی یاسا له‌رێگای بۆری عێراق- توركیاوه‌ ده‌ست پێ بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌پاڵ دانوستانی هاوته‌ریب بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێكی گشتگیر كه‌ جێی ره‌زامه‌ندی هه‌موو لایه‌ك بێت و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی به‌دی بهێنێت. به‌ڵام كۆمپانیاكان به‌رده‌وامن له‌ خۆبه‌دورگرتن تا ئه‌وكاته‌ی پێشوه‌خته مل بۆ مه‌رجه نایاساییه‌كانیان بدرێت، ئه‌مه‌ش له‌ هیچ بارودۆخێكدا قبوڵ ناكرێت.  •    پێشتر حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر به‌رزترین ئاست پێشوازی له‌ نوێنه‌ری كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم كردووه‌، ئه‌مه‌ش وه‌كو ئاماژه‌ی نیازپاكی، به‌ئامانجی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری یاسایی قبوڵكراو، هه‌روه‌ك پێشتر ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی بانگهێشت كردووه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌ی دانوستان به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی دادپه‌روه‌رانه‌،  هه‌روه‌ها له‌ رێوشوێنه‌ به‌رده‌وامه‌ یاساییه‌كاندا دژی ئه‌و كۆمپانیایانه‌، مۆڵه‌تی پێداون به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تیان پێبدات بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێك كه‌ كۆده‌نگی له‌سه‌ر بێت، به‌ڵام هه‌ڵوێستی كۆمپانیاكان به‌بێ هیچ نه‌رمی و گۆڕانكارییه‌ك مایه‌وه‌.  •    به‌یاننامه‌ی گروپی ناوبراو (مه‌به‌ستی په‌یكوره‌) ده‌ستوه‌ردانی ئاشكرای له‌ كاروباری سه‌روه‌ری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی عێراق له‌خۆگرتووه‌و په‌یوه‌ندی به‌ كاری كۆمپانیاكانه‌وه‌ نییه‌، ئه‌مه‌ش وه‌كو سه‌رپێچییه‌كی تر له‌سه‌ر گروپی ناوبراو تۆمار ده‌كرێت و له‌گه‌ڵ بنه‌مای نیازپاكی و بنه‌ماكانی كاری وه‌به‌رهێنانی بیانیدا نایه‌ته‌وه‌.  •    وه‌زاره‌تی نه‌وت به‌ فه‌رمانی حكومه‌ت، پابه‌نده‌ به‌ گرتنه‌به‌ری هه‌موو هه‌وڵێك بۆ چاره‌سه‌ری ناكۆكییه‌كان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ له‌رێگای بۆری عێراق- توركیاوه‌، به‌جۆرێك له‌گه‌ڵ ده‌ستورو یاسادا بگونجێت، كۆمپانیا بیانییه‌كانیش كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ عێراق كاربكه‌ن، ده‌بێت رێز له‌ سه‌روه‌ری وڵات و یاساو بڕیاره‌ دادوه‌رییه‌كانی بگرن و له‌بری ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری سه‌روه‌ریی و سیاسه‌تی ده‌ره‌كی عێراق، بارودۆخی خۆیان به‌وپێیه‌ بگونجێنن.  ئه‌پیكور چی وتبوو ؟ ئه‌م وه‌ڵامه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بۆ ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌یه‌ كه‌ رۆژی 23ی ئه‌م مانگه‌ گروپی پیشه‌سازی نه‌وتی كوردستان "ئه‌پیكور" بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌و گروپه‌ نوێنه‌رایه‌تی (8) كۆمپانیای بیانی‌ ده‌كات كه‌ له‌ كه‌رتی نه‌وتی كوردستاندا كارده‌كه‌ن.  له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا، گروپی ئه‌یپكور رایگه‌یاندبوو" دوای ساڵێك لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان هیچ بەرەوپێشچوونێك بە ئاڕاستەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت نیە، عێراق نزیكەی (11) ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە لە راگرتنی نەوتی هەرێم، داهاتی كۆمپانیاكانی بواری نەوت (60%) كەمیكردووە". ئه‌پیكور ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو، دوای ساڵێك لە راگرتنی نەوت تائێستا هیچ پێشنیازێكی لەلایەن حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت پێنەگەیشتووه‌و ئه‌وان پابەندن به‌ گرێبەستەكانیانن لەگەڵ حكومەتی هەرێم.  حكومەتی عێراقیشی تۆمه‌تبار كردبوو به‌وه‌ی هەنگاوی پێویستی نەگرتووەتە بەر بۆ كردنەوەی بۆری نەوتی عێراق – توركیا، سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی توركیا له‌ ئۆكتۆبه‌ری 2023وه‌ ئاماده‌یی بۆ ده‌رستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت نیشانداوه‌. ئه‌پیكوریش هاوشێوه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق باسی له‌ هه‌نگاوه‌كانی خۆی كردبوو له‌پێناو ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، بۆ ئه‌مه‌ش باسی له‌ كۆبونه‌وه‌كانی كردبوو له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراق له‌ هه‌ولێرو به‌غدادو دوبه‌ی.  ئه‌پیكور، جارێكی تریش مه‌رجه‌كانی خۆی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان راگه‌یاند كه‌ ئه‌مانه‌ن: •    هەرزیادكردنێك، پێویستە لە نێوان هەرێم و بەغداد و كۆمپانیاكانی ئەپیكۆر رێككەوتنی لەسەر بكرێت. •    پێویستە دڵنیایی بدرێت لە پێدانی پارەی هەناردەی نەوت لە رابردوو بۆ داهاتووش. •    پێویستە راستەوخۆ پارەی نەوتی فرۆشی كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكۆر بدرێتە ئەو كۆمپانیایانە. •    پێویستە شێوازو رێككەوتنی بازرگانی و ئابوری ئێستای كۆمپانیاكان وەك خۆی بمێنێتەوە. ئه‌مریكا له‌نێوان به‌غدادو هه‌ولێردا ! كۆمپانیا بیانییه‌كانی كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ئێستا ده‌یانه‌وێت له‌رێگه‌ی ئه‌مریكاوه‌ فشار له‌ حكومه‌تی عێراق بكه‌ن بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، به‌ر له‌ سه‌ردانی ئه‌مدواییه‌ی مه‌سرور بارزانی بۆ واشنتۆن، گروپی ئه‌پیكور نامه‌یه‌كی بۆ كۆنگرێسی ئه‌مریكا نوسی، داوای لێكردن به‌ر له‌ سه‌ردانی سودانی بۆ ئه‌مریكا فشار بكه‌ن بۆ كردنه‌وه‌ی بۆری نه‌وتی نێوان توركیاو عێراق ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت. عێراق رۆژانه‌ (800 هه‌زار) دۆلار غه‌رامه‌ ده‌دات! گروپی كۆمپانیاكانی (ئه‌پیكور) له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا هه‌ندێك زانیاری له‌باره‌ی لێكه‌وته‌كانی داخستنی بۆری نه‌وتی عێراق- توركیاو راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵی رابردوودا خسته‌ڕوو، كه‌ ئه‌مانه‌ن: *   نزیكەی 11 ملیار دۆلار زیان بە داهاتی عێراق كەوتووەو كه‌ مانگانه‌ نزیكه‌ی (یه‌ك ملیار) دۆلار ده‌كات. * هەرچەندە بۆری نەوتی عێراق - توركیا بەكارناهێندرێت  بەڵام عێراق رۆژانە (800) هەزار دۆلار سزا دەدرێت بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە مەرجەكانی ناو رێككەوتنی بۆری نەوتی عێراق – توركیا جێبەجێ بكات. *    بڕی 1 ملیار دۆلار قەرزی كۆمپانیاكانی ئەپیكور لای حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە ئەیلولی 2022 تا ئازاری 2023. *  زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكور راوەستاوە . * داهاتی ساڵانەی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت نزیكەی لەسەدا 60 كەمیكردووە، بەهۆی ئەوەی فرۆشی ناوخۆیی، جێگەی فرۆشی لە بازارە نێودەوڵەتییەكان گرتووەتەوە . * خنكاندنی ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوت و نەناردنی بودجە . كاریگه‌ری راوه‌ستانی نه‌وتی هه‌رێم له‌ بازاڕی جیهانیدا (ئه‌پیكور) به‌ چه‌ند خاڵێك كاریگه‌رییه‌كانی راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی خسته‌ڕوو، كه‌ ئه‌مانه‌ن:   * راگرتنی هەناردەی نەوت لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق- توركیا، فشاری زیاتری خستووەتەسەر بازاڕی ناهاوسەنگی وزە، كە بەهۆی سزاكانی سەر روسیاو هەڕەشەكان لەسەر گواستنەوەی جیهانی لەڕێگەی دەریای سورەوە، هاوسەنگی لەدەستداوە . * عێراق بەردەوام لە سزاكان دەبەخشرێت بۆئەوەی كارەبا لە ئێرانەوە هاوردە بكات، لەكاتێكدا دەبوو لەرێگەی هەناردەی زیاتری  نەوتەوە ژێرخانی وزەی بەهێز بكات. * لەو كاته‌وه‌ كه‌ بۆری نەوتی عێراق - توركیا داخراوە، ئەمریكا رۆژانە زیاتر لە (250 هه‌زار) بەرمیل نەوت و پێكهاتەكانی لە باشوری عێراقەوە هاوردە كردووە، لەكاتێكدا حكومەتی عێراق رێگەنادات ئەو نەوتەی كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە هەرێمی كوردستان بەرهەمیدەهێنن، هەناردەی دەرەوە بكرێت . كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هێزی كار په‌پیكور كاریگه‌رییه‌كانی راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌سه‌ر هێزی كار، به‌مشێوه‌یه‌ دیاری ده‌كات: * كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكور سەدان كارمەندو ستافی خۆیان ناردونەتەوە ماڵەوە، لەناویاندا ستافی بیانی و خۆجێی هەن . * بەهۆی نەمانی وەبەرهێنانی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت، ژمارەیەكی زیاتر لە كارمەندو ستاف كەمكراونەتەوە، لەو كۆمپانیانەی لەبواری خزمەتگوزاریی لە كێڵگە نەوتییەكان و پیشەسازی بەرهەمهێنان كاریان كردووە، وەك كۆمپانیاكانی دابینكردنی شوێنی نیشتەجێكردن و خواردن و چاككردنەوەو ئاسایش و گواستنەوەو بنیادنان. * بەهۆی نەناردنی بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكومەتی عێراقەوە، موچەی فەرمانبەران دواكەوتووە، لەناویشیاندا، موچەی مامۆستایان و كارمەندانی تەندروستی . كاریگەرییەكانی لەسەر ناوبانگ ! ئه‌پیكور به‌ دوو خاڵێك لێكه‌وته‌كانی راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستانی له‌سه‌ر ناوبانگی عێراق دیاریكردووه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ن: *  رێزنەگرتن لە گرێبەستەكان، خواستی بازرگان و وەبەرهێنەرانی جیهان بۆ كاركردن و وەبەرهێنان لە عێراق بەشێوەیەكی بەرچاو كەمدەكاتەوە. * چەقبەستوویی لە بابەتی یاسا بودجەو هەناردەی نەوت، عێراقی خستووەتە بەردەم مەترسی دابەشبوونی سیاسی.  


راپۆرت: دره‌و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم له‌ناو به‌رنامه‌یه‌كی (ئێكسڵ)دا پرۆسه‌ داراییه‌كانی نه‌وتی هه‌ڵگرتووه‌و به‌شێوه‌ی ده‌فته‌ریی تۆماری نه‌كردووه‌، خه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای تێكه‌ڵ به‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت كردووه‌، پاره‌ی بۆ خزمه‌تگوزاری پرۆفیشناڵ ته‌رخانكردووه‌و ناڵێ چ جۆره‌ خزمه‌تگوزارییه‌كه‌، زیاتر  له‌ 10 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی به‌ كۆمپانیاكانی (كار)و (لاناز) داوه‌و وه‌كو داهات تۆماری نه‌كردووه‌، راپۆرتی هاوبه‌شی وردبینی هه‌ردوو دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هه‌رێم وا ده‌ڵێن. زانیاری زیاتر له‌م راپۆرته‌دا. وردبینی نه‌وتی هه‌رێم ئه‌نجامی وردبینی هاوبه‌شی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هه‌رێم بۆ (داهات و خه‌رجی)یه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی 1/1 بۆ 30/6/2023 هه‌ندێك ورده‌كاری نوێ له‌باره‌ی دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم ده‌رده‌خات. دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ رۆژی 13ی شوباتی ئه‌مساڵ، له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی (سۆران عومه‌ر) ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق، ورده‌كاری كاری هاوبه‌شی خۆی بۆ وردبینیكردن له‌ داهاتی نه‌وتی و نانه‌وتیی هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی 1/1 بۆ 30/6/2023 خستوه‌ته‌ڕوو. وردبینی له‌ داهاتی نه‌وت به‌گوێره‌ی وردبینییه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی هه‌ردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و چاودێری دارایی هه‌رێم، لە بواری نەوتدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هه‌رێم ھیچ گرێبەستێکی کۆمپانیا ناوخۆییەکانی نەداوە بە لیژنە هاوبه‌شه‌كه‌، واتا ئەو گرێبەستانەی كه‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان لەگەڵ کەرتی تایبەت کردویەتی پەیوەست بە کەرتی نەوت و وزە. بۆ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2023، لیژنه‌ی هاوبه‌شی وردبینی، ته‌رازووی پێداچوونه‌وه‌ (میزان المراجعه‌) مانگه‌كانی (4و 5و 6)ی هه‌رێمی كوردستانی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمه‌وه‌ پێنه‌دراوه‌. راپۆرتی هاوبه‌شی چاودێری دارایی ده‌ریده‌خات، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هه‌رێم دوو حسابی تێكه‌ڵ كردووه‌‌، حسابی به‌كارخستن و حسابی چالاكی نه‌وتی خاو و به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان و غاز، چاودێری دارایی تێبینی له‌سه‌ر ئه‌مه‌ هه‌یه‌و ده‌ڵێ ده‌بێت حسابی به‌كارخستنی وه‌زاره‌ت له‌گه‌ڵ حسابی تایبه‌ت به‌ چالاكی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و به‌بازاڕخستنی نه‌وتی خاو و به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان و غاز له‌ یه‌كتر جیابكرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت چاودێری و كۆنترۆڵ بكرێت. نه‌وتی هه‌رێم له‌ناو Excelدا راپۆرته‌كه‌ ده‌ریده‌خات، له‌ تۆماركردنی پرۆسه‌ داراییه‌كانی تایبه‌ت به‌ نه‌وت و به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان و غازدا، له‌ هه‌رێمی كوردستاندا پشت به‌ سیسته‌می ژمێریاری نه‌به‌ستراوه‌و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیییه‌كان خه‌رجی و داهات و قه‌رزه‌كانی له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی (Excel) تۆماركردووه‌و نه‌ك به‌شێوه‌ی ده‌فته‌ریی.   ژماره‌ حسابییه‌كانی نه‌وتی هه‌رێم راپۆرتی هاوبه‌شی دیوانی چاودێریی ده‌ریخستووه‌ له‌ مانگی یه‌كی 2023دا، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم حسابی له‌ (5) بانك هه‌بووه‌، یه‌كێك له‌ حسابه‌كان له‌ (بانكی ئه‌بوزه‌بی ئیسلامی) بووه‌، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان ئاماده‌ نه‌بووه‌ باڵانسی ناو ئه‌و ژماره‌ حسابییانه‌ به‌ چاودێری دارایی بدات. دوای به‌ركاربوونی یاسای بودجه‌ی عێراق له‌ كۆتاییه‌كانی حوزه‌یرانی 2023دا، ئیتر داهاتی نه‌وتی هه‌رێم (ئه‌گه‌ر هه‌نارده‌ ده‌ستیپێكرده‌وه‌) ده‌بێت راسته‌وخۆ بگه‌ڕیته‌وه‌ بۆ ژماره‌ حسابی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له‌ بانكی فیدراڵ، واتا له‌ یاسای بودجه‌دا داهاتی نه‌وت له‌ حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ندرایه‌وه‌، له‌پاڵ ئه‌مه‌دا بۆ حساباته‌ نه‌وتییه‌كانی تریش، به‌هۆی ئه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ بۆ ته‌واوه‌ی ساڵی دارایی 2023 ده‌بێت، بۆیه‌ ئه‌بێت له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2023وه‌‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌ پێوه‌ره‌كانی یاسای بودجه‌ی فیدراڵ مامه‌ڵه‌ بكات.   تێكه‌ڵكردنی خه‌رجی نه‌وت و كاره‌با راپۆرتی چاودێری دارایی باسله‌وه‌ ده‌كات، له‌سه‌ره‌تای ساڵه‌وه‌ تاوه‌كو 31ی ئازاری 2023، باڵانسی حسابی به‌شداریكردن له‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو له‌ هه‌رێم گه‌یشتوه‌ته‌ زیاتر له‌ (ملیارێك و 487 ملیۆن) دۆلار، چاودێری دارایی تێبینی كردووه‌ له‌ناو ئه‌م حسابه‌دا هه‌ندێك بڕی پاره‌ هه‌ن كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ خه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌ نییه‌، له‌وانه‌: •    زیاتر له‌ 92 ملیۆن دۆلاری خه‌رجی كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ت (كۆمپانیای ماس و كۆمپانیای كار) بۆ به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌م خشته‌یه‌دا هاتووه‌:   •    نزیكه‌ی (7 ملیۆن) دۆلار بۆ كۆمپانیاكان تایبه‌ت به‌ خه‌رجی گواستنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان بۆ وێستگه‌كانی كاره‌با له‌ مانگی ئازاری 2023دا. •    بڕی (568 و 980) دۆلار له‌ مانگی كانونی یه‌كه‌می 2023دا بۆ خه‌رجی (خزمه‌تگوزاری پرۆفیشناڵ) به‌بێ روونكردنه‌وه‌ی جۆری خزمه‌تگوزارییه‌كه‌. •    بڕی زیاتر له‌ (143 ملیۆن) دۆلار له‌ مانگی شوباتی 2023دا بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پاره‌ی نه‌ختینه‌ بۆ كۆمپانیای (Trafigura LTD Limited)ی ئیتاڵی له‌به‌رامبه‌ر گرێبه‌ستی فرۆشتن له‌ داهاتوودا، گرێبه‌ستێك كه‌ له‌ ساڵانی پێشوودا كراوه‌. •    بڕی زیاتر له‌ (131 ملیۆن) دۆلار بۆ كڕینی مادده‌یه‌ك به‌مه‌به‌ستی تێكه‌ڵكردنی له‌گه‌ڵ نه‌وتی خاوی هه‌نارده‌كراوی هه‌رێم و هه‌روه‌ها كڕینی غازی وشك له‌ كۆمپانیای پێرل پترلیۆم بۆ كۆمپانیاكانی وه‌به‌رهێنانی كاره‌با (كه‌رتی تایبه‌ت). •    بڕی زیاتر له‌ (84 ملیۆن) دۆلار بۆ خه‌رجی تێچووی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاوی هه‌رێم له‌ ساڵانی رابردوودا بۆ هه‌ردوو كۆمپانیا كه‌ له‌ خشته‌كه‌دا دیاریكراوه‌:     داهاتێكی نادیار!! راپۆرتی چاودێری دارایی ده‌ڵێ: لەناو داھاتە نەوتییەکانی هه‌رێمی كوردستاندا ئەو داھاتەی نەوتی خاوی تێدا نەبوو كه‌ له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می 2023دا بە پاڵاوگەکان دراوه‌. راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، له‌و شه‌ش مانگه‌دا بڕی (10 ملیۆن و 200 هه‌زارو 524) به‌رمیل نه‌وتی خاو به‌ پاڵاوگه‌كانی كۆمپانیای (كار)و (لاناز) دراوه كه‌ به‌هاكه‌ی زیاتر له‌ (309 ملیار) دیناره‌.   ‌ 500 هه‌زار به‌رمیل كه‌متری لێداوه‌ ! راپۆرتی چاودیری دارایی باس له‌ بڕی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا، له‌ سه‌ره‌تای 2023وه‌ تاوه‌كو راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌ 25ی ئازاری 2023دا. بەگوێره‌ی ئەو داتایه‌ی كه‌ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هه‌رێم پێشكه‌شیكردووه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌رێم بڕی (23 ملیۆن و 194 هه‌زارو 426) به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده‌ كردووه‌، به‌ڵام به‌ڵگه‌ی كۆمپانیای به‌بازاڕخستنی نه‌وتی عێراق "سۆمۆ" ده‌ریده‌خات بڕی هه‌نارده‌كراوی نه‌وتی هه‌رێم له‌و ماوه‌یه‌دا (32  ملیۆن و 728 هه‌زارو 324) به‌رمیل بووه‌، واتا هه‌رێم بڕی (533 هه‌زارو 898) به‌رمیل كه‌متری حساب كردووه‌ كاتێك داتای خۆی پێشكه‌ش به‌ چاودێری دارایی كردووه‌‌.   هه‌رێم به‌ كه‌متر فرۆشتویه‌تی ! به‌گوێره‌ی راپۆرتی هاوبه‌شی چاودێری دارایی، به‌ر له‌ راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ 25ی ئازاری 2023دا، له‌ مانگی یه‌كی 2023دا وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی بۆ بازاڕی ئه‌وروپا به‌ بڕی (66 دۆلارو 559 سه‌نت) فرۆشتووه‌، هه‌مان مانگ، كۆمپانیای سۆمۆ نه‌وتی عێراقی له‌ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیاوه‌ بۆ بازاڕی ئه‌وروپا به‌ بڕی (82 دۆلارو 777 سه‌نت) بۆ هه‌ر به‌رمیلێك فرۆشتووه‌، واتا هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌مان به‌نده‌رو بۆ هه‌مان بازاڕ (ئه‌وروپا) هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی به‌ بڕی (16 دۆلارو 218 سه‌نت) كه‌متر له‌ عێراق فرۆشتووه‌. له‌ مانگی دووی 2023دا، حكومه‌تی هه‌رێم به‌رمیلێك نه‌وتی به‌ (70 دۆلار) فرۆشتووه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا بووه‌ سۆمۆ به‌ (82 دۆلارو 486 سه‌نت) فرۆشتویه‌تی، واتا هه‌رێم به‌ به‌راورد به‌ عێراق به‌ كه‌متر له‌ (12 دۆلارو 48 سه‌نت) نه‌وتی خۆی فرۆشتووه‌. له‌ مانگی سێی 2023دا واتا تا 25ی ئازار كه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وت به‌رده‌وام بووه‌، هه‌رێم  هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی خۆی به‌ بڕی (65 دۆلارو 748 سه‌نت) فرۆشتووه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا بووه‌ كه‌ سۆمۆ به‌رمیلێكی به‌ (78 دۆلارو 56 سه‌نت) فرۆشتووه‌، واتا له‌م مانگه‌شدا هه‌رێم به‌ به‌راورد به‌ عێراق هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی خۆی به‌ (12 دۆلارو 812 سه‌نت) كه‌متر فرۆشتووه‌. به‌گشتی بۆ سێ مانگی یه‌كه‌می سه‌ره‌تای 2023، به‌به‌راورد به‌ عێراق، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌رێمی كوردستان نه‌وتی خۆی به‌مجۆره‌ فرۆشتووه‌: *   له‌ مانگی یه‌كی 2023دا هه‌رێم به‌ بڕی (187 ملیۆن) دۆلار نه‌وتی خۆی به‌ كه‌متر له‌ نه‌وتی عێراق فرۆشتوه‌. *   له‌ مانگی دووی 2023دا هه‌رێم به‌ بڕی (150 ملیۆن) دۆلار نه‌وتی خۆی به‌ كه‌متر له‌ نه‌وتی عێراق فرۆشتوه‌. *   له‌ مانگی سێی 2023دا هه‌رێم به‌ بڕی (109 ملیۆن) دۆلار نه‌وتی خۆی به‌ كه‌متر له‌ نه‌وتی عێراق فرۆشتوه‌. سامانه‌ سروشتییه‌كان چه‌ند قه‌رزاره‌ ؟ راپۆرتی هاوبه‌شی چاودێری دارایی عێراق ده‌ریده‌خات ئه‌و قه‌رزانه‌ی كه‌ كه‌وتونه‌ته‌ سه‌ر شانی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كورستان تاوه‌ك  رۆژی 31ی ئازاری 2023 بڕی (8 ملیارو 733 ملیۆن) دۆلار بووه‌، كه‌ به‌ دیناری عێراقی ده‌كاته‌ (12 ترلیۆن و 648 ملیار)، وا باسكراوه‌ كه‌ بڕی (12 ترلیۆن و 238 ملیار) دیناری ئه‌م قه‌رزه‌ بۆ ساڵانی پێشتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و به‌مشێوه‌یه‌: •    بڕی (111 ملیارو 960 ملیۆن) دیناری كرێی گواستنه‌وه‌و عه‌مباركردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان بۆ كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌ماوه‌ی ساڵانی 2015 بۆ 2022. •    بڕی (5 ترلیۆن و 310 ملیۆن) دینار پاره‌ی وه‌رگیراوی پێشه‌كی له‌ كڕیارانی نه‌وت. •    بڕی (302 ملیارو 510 ملیۆن) دینار بۆ كۆمپانیای پێرڵ پترلیۆم به‌مه‌به‌ستی به‌رهه‌مهێنانی غاز بۆ كاره‌با. •    بڕی (ملیارێك و 4 ملیۆن) دۆلار بۆ كۆمپانیای (KNOC)ی كۆری وه‌كو قه‌ره‌بووی كشانه‌وه‌ له‌ سازشكردن له‌ مافه‌كانی تێچوونی ده‌رهێنانی نه‌وت. راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێ حكومه‌تی هه‌رێم به‌مجۆره‌ قه‌رزه‌كانی خۆی له‌ كه‌رتی نه‌وتدا ده‌داته‌وه‌:    


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) گومان لەوەدا نییە لە رۆژگارێکی سەختدا دەژین، سەردەمێک پڕ لە هەڵبەز و دابەزیی مێژوویی و پشێوی سیاسیی هەمەجۆر و لەدەستدانی دڵنیایی و ئارامیی. رۆژانەش دەبینین هێزی سیاسیی ناشیرین و نائومێدکەر لە دایکدەبن و ڕۆشنبیر و خوێندەواری فرەمەشرەبیش، زیاتر و زیاتر دەکەون. ئینجا بڵاوبوونەوەی بیماریی سەلەفیی دینیی و تۆقاندنی مرۆڤ بە خودایەک جگە لە چەند گروپێکی سەلەفیی کەم، ھەموو مرۆڤایەتی لەناو ئاگر و ”سعیر“ی جەھەنەمدا دەسوتێنێت. مرۆڤی ئەم کۆمەڵگایە لەناو دەنگی چەک و گرمەی میلیشیای تایبەتدا، لەناو حوکمڕانیی و دەوڵەتی فاشیل و بڕێکی گەورە لە پیلانی ناوەکیی و دەرەکییدا، لە سایەی دڵرەقیی و بێڕیزیکردنێکی کەموێنە بە مرۆڤدا، چاودەکاتەوە و دەژیی. ئەم ژیانە یان لە بەردەمی مەترسی کوشتندایە لە ڕێگای درۆنەوە، یان بەھۆی دەستگرتن بەسەر ئەو لانیکەمەی بژێویدا کە بۆ مانەوەی خۆی و ماڵ و منداڵی، پێویستن. زەلیلکردنی حوکمڕانەکان بۆ کۆمەڵگا و زەلیلکردنی بەھێز بۆ کەمتربەھێز، زەلیلکردنی ئەم دەزگا بۆ ئەویتر و ئەم شار بۆ ئەویتریان، ئاکاری ئەو سیستمانەیە کە دروستکراون. قۆرخکردنی ھەمووشتێک کە بکرێت قۆرخبکرێت ژێرخانی ئەو تەماحە سیاسیی و کۆمەڵایەتییانەیە کە دروستبوون و کۆی دەرکەوتە جیاوازەکانی ژیان ئاراستەدەکەن.  ئینجا سەروەرکردنی زمانی تۆمەتبەخشین و شکاندنی ھەموو شتێک لە ھەموو شوێنێکدا، لە سۆشیال میدیاوە بۆ زمانی وتەبێژی حکومەت. گاڵتەکردنێکی ھەمەلایەنە و بەرفراوانیش بە کاری فیکریی و شیکردنەوەی زانستییانەی کۆمەڵگا و دیاردەکان، بە تایبەتی لەلایەن ئەوانەوە کە بڕیاریان بەدەستە. پڕکردنەوەی ئەم نووقسانییە گەورەیەش بە سایکۆلۆژیایەکی نارسیستیانەی بیمار کە خودی وڵاتەکە و دانیشتوانەکەشی وەک موڵک و ماڵی شەخسی دەبینێت و مامەڵەدەکات. ھەموو ئەم ستەمگەرییە ناوەکییە فرەشێوەیە، تێکەل بە خەونی ئیمپراتۆریەتییانەی دراوسێکان و سەرلێشێوان و پێکدادانی گەمەکەرە جیاوازەکانی ناو نەزمێکی جیهانی نوێ کە لە قۆناغی لەدایکبووندایە.  هاوشان بەمانە ئامادەگی فەوزایەکی فیکریی و تیوریی گەورە، غیابی مەنهەج و چەمک و مەرجەعیەتی فیکریی گونجاو بۆ بینینی ئەم کێشانە و کارکردن بۆ بەرھەمھێنانی فیکرێک بتوانێت دەرەقەتی تەحەداکانی ئەو کێشە گەورانە بێت. بە کورتییەکەی ئەوەی دەیبینین ژینگە و دونیایەکی پڕ لە تاوان و ئیھانەکردن بە مرۆڤ و زەلیلکردنێکی بەردەوامی یەکترییە، تێکەڵ بە نەوەیەک لە سیاسیی دز و جەردە و بێپرنسیپ، ئینجا نەوەیەک لە دینداری جنێوفرۆشی بەناوی خوداوە قسەکەر و حوکمدەر، لە کۆتاییشدا ژمارەیەک لە ڕۆشنبیریی بێپرنسیپ و یاریکەر. خاڵی ھاوبەش لە نێوان ھەموو ئەم لایەنانەدا بریتییە لە نارسیزم، نارسیزمێکی بیمار وادەکات ھەر یەکێکیان خولیای دروستکردنی لەشکرێک لە سەدا و کۆپی و شێوازی بیکردنەوە خۆی لە ھەمووشوێنێکدا، بێت. نارسیزمێک جگە لە گەڕان بەدوای ئیعجابدا ھەڵگری ھیچ خەون و خواست و داخوازییەکی دیکە نەبێت. لەمەشدا ئامادەبێت پێ بە ھەموو پرنسیپ و ئەخلاقیەتێکدا بنێت کە ژیانی کۆمەڵایەتیی و پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیی پێویستیی پێیەتی. دیوی دووھەمی ئەم نارسیزمە بیمارە. بریتییە لە خودنەفرەتیەکی ھەمەلایەن، رقبوونەوەیەکی تایبەت کە تیایدا ئەو خودە نارسیستییە، نەفرەت لە ھەمووشتێک دەکات، لە وێنە گریمانکراوەکەی خۆی نەچێت و وەک خۆی نەبێت. بە تایبەت نەفرەت لەو کۆمەڵگا و ژینگەیەی لەناویدا دەژیی و کەسایەتییە نارسیستیەکە ناتوانێت بیگڕێت بۆ سەدایەک لە سەداکان و کۆیپییەک لە کۆییەکانی خۆی. ئەوەی لەم ناوەندەدا غائیبە ئەو پەیوەندییە تەندروستەیە کە پێویستە لەنێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا و حوکمڕانان و خەڵک و بەشە جیاوازەکانی ناو یەک کۆمەڵگادا، دروستببێت. پەیوەندییەک مرۆڤ تیایدا ببێت بە ھاوڵاتییەکی خاوەن ماف، وردتر بدوێین مرۆڤبوونی تەرجەمەبکرێت بۆ ھاوڵاتیبوون، ھاوڵاتیبوونیش وەک یەکەیەکی خاوەن ماف و خاوەن بەرپرسیاریەت و خاوەن سەربەخۆیی رێژەیی خۆی. ئاخر ئەوەی هاولاتی بە حوکمرانانەوە و بەو ژینگە کۆمەڵایەتییە گریئەدات کە لەناویدا دەژیی، کۆمەڵیک ماف و کۆمەڵیک ئەرکە، مافی یەکسان بۆ ھەرکەسێک و بەرپرسیاریەتی یەکسان لەسەر شانی ھەر کەسێک. ئەوەی ھاوڵاتی بە حوکمڕانەکانەوە گرێئەدات نە ترسە، نە خێرپێکردنە، نە منەتە، نە پەیوەندی ئاغا و مسکێنە، نە راعی و رەعیەتە،  نە گەورە و بچووکە، نە موقەدەس و ناموقەدەسە، بەڵکو کۆمەڵێک ماف و کۆمەڵێک بەرپرسیاریەتی ھاوبەشە.   ئەوەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا پێویستە دەستەبەرکردنی کۆمەڵێک مافە کە بەبێ ئەوان ناتوانین نەک تەنها پێشبکەوین و لەو پێگە مێژووییە خراپەی خۆماندا نەچەقین، بەڵکو دەشێت لەناوبچین و نەمێنین. دەشێت ئەو مافانە بەم شێوەیە ریزبەندبکەین. یەکەم، مافە ئابورییەکان. ئەمەش دەبێت ناونیشانێکی گشتیی بێت بۆ سەرلەنوێ  دابەشکردنەوەی سامانی نیشتیمانیی و نەتەوە، دابەشکردنەوەیەکی دادەپەروەرانە و بەویژدانانە ئاراستەی بکات. کە باس لە دادپەروەریی دەکەم باس لە ڕێزگرتنی ئەو نەوانەش دەکەم کە لەدایکنەبوون و پاراستنی ئەو ژینگەیەش کە لانکی سروشتیی مرۆڤە. ئەو ئابورییەی لە ئێستادا لە دونیای ئێمەدا سەروەرکراوە بەردەوام دووجۆر بێئیش دروستدەکات. یەکەمیان بێئیشێکە کە دەبێت بە ملیۆنێر و ملیاردلێر، ئەمانە ئەو بێئیشانەن کە سەر بە خێزان و بنەماڵە و نوخبە حوکمڕانەکانن. دووھەمیان بێئیشێکە کە توانای دابینکردنی پێداویستییە ھەرە سەرەتاییەکانی ژیانی خۆی نایەت، ئەمەش بەشێکی گەورەی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگای ئێمەیە، بە تایبەتی نەوە گەنجەکان.   دووھەم؛ مافە سیاسییەکان. خاڵی ھەرەسەرکی لێرەدا گەورەکردنی بازنەی ئازادییەکان و رەخساندنی ھەل و دۆخی بەشداریکردنی سیاسییە. ئەمەش لەمڕۆکەی کۆمەڵگای ئێمەدا، بەر لە ھەمووشتێک، مانای رزگاکردنی سیاسەتە لەو ھەموو ئاکار و تۆمەتە ناشیرینانەی ئەمڕۆکە دەدرێتە پاڵی و یەکسانکردنی بە دەسەڵاتپەرستیی و دزیی و جەردەیی و خراپەکاریی و گەمژەیی. خاڵی سەرەکیش لە گەڕاندنەوەی نرخ و بەھا بۆ سیاسەت وەک یەکێک لە چالاکییە سەرەکییەکانی مرۆڤ لە جیھاندا، دیسانەوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا، بریتییە لە دروستکردنی ھەل و ئەگەری ڕاستەقینەی دەستگۆرکێی دەسەڵاتی سیاسیی. ئینجا ڕزگارکردنی سیاسەت لەو قۆرخکردنە خێزانیی و بنەماڵەییەی وەک لەعنەتێکی گەورە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەیە. سێھەم، مافە کۆمەڵایەتییەکان. ئەمەشیان کۆی ئەو مافانە دەگرێتەوە کە پابەستن بە پیادەکردن و دابینکردنی ”دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی“ و ”فەرهەنگیی“ەوە لەناو کۆمەڵگا خۆیدا. خاڵی سەرەکیش لەمەدا بریتییە لە داننان بە جیاوازییەکان و پاراستن و ریزگرتنیان لەناو کۆمەڵگادا. ئەمەش لە ئاستە کردەییەکەیدا مانای لابردنی زوڵمە کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی و ئەتنیی و دینییەکان لەسەر ھەموو ئەوانەی کە جیاواز بیردەکەنەوە و جیاواز دەژین، لەسەر ژنان و ئەوانەیتر کە لە پێگەی کەمینەی دینیی و نادینیی و کۆمەڵایتی جیاوازدان. دابینکردنی ئازادیی بیرکردندنەوە و نووسین و ڕادەربڕین، ئازادیی ویژدان و رەخنەگرتن و لێپرسینەوە لەوانەی ئەم مافانە پێشێلدەکەن.   پرۆژەی دابینکردنی ئەو مافە سەرەکییانە کە باسمکردن، سەرچاوەکانیان، رەگوڕیشە فەرھەنگییەکانیان، گرنگ نییە چین و لە کوێوە دێن. چۆن پێناسەدەکرێن و دەدرێنە پاڵ کام ئایدیۆلۆژیا و جیھانبینیی تایبەت، گرنگ ھەستپێکردن و بوونی ئیرادە و خواستی پیادەکردن و سەروەرکردنی ئەو مافانەیە. کەسانێک ھەن ئەم پرۆژەیە دەدەنە پاڵ خۆرئاوا، کەسانێکی تر دەیبەستنەوە بە ئیسلامەوە، کەسێکی دیکە وەک پرۆژەیەکی لیبرال سەیریدەکات، یەکێکی تر پێیوایە مۆدێرنەیەکەی ناکاپیتالیستییە، ھتد.. ھەموو ئەم ناونانە کاتێک مانایەکیان دەبێت کە کار و پرۆژەی مێژوویی ڕاستەقینە لە ئارادابن بۆ پیادەکردنیان. ئەوەی ئەمڕۆکە لە دونیای ئێمەدا دەیبینین غیابی تەواوەتی ئەو بکەرانەیە کە ھەڵگری پرۆژەیەکی لەو شێوەیە بن. ئەوەی ھەیە ململانێیەکی ناشیرینە لەسەر دەسەڵات، لە کۆمەڵگایەکەدا، باوەڕی بە ھیچ یەکێک لە بکەرە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان نەماوە. کۆمەڵگایەک گیری بە دەست چەند نوخبەیەکی نارسیستیی بیمارەوە خواردوە.  


د. هێمن هەورامی * دادگای دەستوری، بەگشتی، لە هەموو دەوڵەتێکدا، باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە و بڕیارەکانی كۆتایی و بنبڕن و تانەیان لێنادرێت، بەڵام لە وڵاتە فیدڕاڵییەكاندا، ئەم دادگایە لەلایەك پارێزەری سەرەكی سیستەمی فیدڕاڵییە، لەلایەكی دیكەشەوە گەرەنتی كارایی، بەردەوامی و سەركەوتنی سیستەمە فیدڕاڵییەكەیە دەكات. بە مانایەكی دیكە، ئەم دادگایە بۆ هەر سیستەمێكی فیدڕاڵی ، ئەگەر لە ڕێچكە و چوارچێوەی كارەكانی لانەدات، دەبێتە كۆڵەكەیەكی پتەوی سەركەوتنی سیستەمەكە، بە پێچەوانەشەوە، كاتێك دەبێتە ئامرازێكی سیاسی و تێكەڵ بە ململانێ سیاسییەكان دەبێت، یان دەكرێت، ئیتر دەبێتە ئامرازێكی مەترسیدار و بنكۆڵی كۆی پرۆسەكە دەكات و دووریش نییە سەرەنجام، سیستەمەكە داتەپێنێت، چونكە خودی سیستەمی فیدراڵی لەسەر هاوسەنگیەكی وورد و هەستیار بونیاد نراوە كە لایەنە بەشداربووەكانی بەدانوستان و ڕێكەوتن پێی گەیشتوون و لەنێو دەستوردا جێگیركراوە. نموونەی بەرچاوی ئەزموونە سەركەوتووەكانی دادگا دەستورییەكان لە وڵاتە فیدڕاڵییەكان زۆرن، بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستە مەترسییەكانی نموونە پێچەوانەكەیە، كە دەكرێت ئەزموونی ئێستای عێراق دیارترینیان بێت، چونكە ئەم دادگایە، وێڕای ئەوەی خۆی دەستوری نییە و بەپێی بنەما بەركارە دەستورییەكان دروست نەبووە، لە ئێستادا وەك ئامرازێكی سیاسیی لە ڕێچكە و ڕێڕەوە دیاریكراوەكەی خۆی لایداوە و وەك ئامرازێكی شكاندنی ڕكابەرەكان لە ململانێ سیاسییەكان كار دەكات. پاشخانی دادگای دەستوریی و فیدڕاڵی لە عێراقدا لە عێراق، یەکەم دادگای دەستوری لە ماددەكانی (81-87) ـی دەستوری ساڵی ١٩٢٥ــدا دەقنوسکراوە و پێكهێنرا. دادگاكە، وەك دامەزراوەیەکی سەربەخۆ لە عێراقدا کاری کردووە تا ئەوکاتەی سەربەخۆیی خۆی لەدەستدا کاتێک لەساڵی ١٩٧٩ ئەنجوومەنی دادوەری عێراق بە وەزارەتی دادەوە لکێنرا و لە سەردەمی دیكتاتۆرییەتیشدا هیچ پێگە و بەهایەكی نەما. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ـیشەوە دەسەڵاتی کاتیی هاوپەیمانان لێژنەیەکی باڵایان پێک هێنا بۆ پێداچونەوە بە کاروباری دادگاکان و دادوەرەکان و کردنەوەی دەرگای نوێی دامەزراندنی دادوەران و دورخستنەوەی ئەو دادوەرانەی کە  ئینتیمایان بۆ بەعس هەبوو.  بەمەش (20%)ـی دادوەرانی عێراقیان دوورخستەوە و سەرلەنوێ دەرگای  دامەزراندنی دادوەران کرایەوە،  هەروەها پێکهاتەی دادگاکانیش گۆڕان و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی سەربەخۆیی خۆی وەرگرتەوە و لە وەزارەتی داد جیا کرایەوە.  دواتر  ئەنجومەنی باڵای دادوەری بە فەرمانی ژمارە(٣٥) لە ساڵی ٢٠٠٣ ـی دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان دروستکرا و بۆ ماوەیەکی زۆر دادوەر (مەدحت مەحموود) سەرۆکایەتی دەکرد . پاش دروستبوونی ئەنجوومەنی حوکم و دەرچوونی یاسای كاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی (  Transitional Administrative Law – TAL ) و چەسپاندنی سیستەمی فیدڕاڵی، بەپێی بڕگەكانی ماددەی (44)ـی یاساكە دەبوا دادگایەكی دەستوری، وەك بنەمایەكی سیستەمی فیدڕاڵی، دروست بكرێت. بە فەرمانی دەسەڵاتی هاوپەیمانان، حکوومەتی  عێراق بە سەرۆکایەتی (ئەیاد عەللاوی) فەرمانی تەشریعی ژمارە (٣٠) ساڵی٢٠٠٥ بۆ پيکهینانی دادگای باڵای فیدراڵی دەرکرد. پاشان دادگاكە بە سەرۆكایەتی دادوەر (مەدحەت مەحموود) پێكهێنرا. كاتێك ئەم دادگایە پێكهێنرا، گفتوگۆكانی نووسینەوەی دەستوری هەمیشەیی دەستیان پێكردبوو. پاش 10 مانگ لە دروستبوونی دادگاكە ، دەستوری هەمیشەیی عێراق ڕاپرسی لەسەر كرا و پەسەند كرا. لەم دەستورەدا، دیسانەوە بەگوێرەی ماددەی (92) داوا كرابوو كە دەبێت دادگایەكی فیدڕاڵی بە یاسایەكی تایبەت دروست بكرێت و دەرچوواندنی یاساكەش پێویستی بە 2 لەسەر 3 ـی دەنگی پەرلەمان هەیە. بە مانایەكی دیكە، دەستوری هەمیشەیی بواری بە بەردەوامبوونی كاری دادگا فیدڕاڵییەكەی كە بەگوێرەی فەرمانی ژمارە (30) پێكهێنرابوو، نەداوە، چونكە ئەگەر وا بوایە و نیازی دەستوردانەرانی هەمیشەیی عێراق ئەوەبوایە كە ئەو دادگایە لە كارەكانی بەردەوام بێت، ئەوا بۆ نموونە، هاوشێوەی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق كە پێش پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی دروست كرابوو، بەگوێرەی ماددەی (134) دەستورەكە ڕاشكاوانە هاتووە كە دادگاكە لە كارەكانی بەردەوام دەبێت، ئاوهاش دەگوترا كە دادگای فیدڕاڵی لە كارەكانی بەردەوام دەبێت. كەواتە بەپێی ماددەی 92 دەبوا سەرلەنوێ و بەپێی یاسایەك  ( كە تا ئێستاش دەرنەكراوە) دادگای باڵای فیدڕاڵی بۆ قۆناغی دەستوری هەمیشەیی پێك بهێنرایە. كە ئەوەش نەكرا، ئیدی بنەمای دەستوریبوون بۆ درێژەدان و بەردەوامیدان بە دادگا فیدڕاڵییە كۆنەكە، بوونی نەما و بەمەش ناسنامەی دەستورییبوونی دادگاكە لەدەست درا. پاش قەیرانە سیاسییەكانی تشرینی 2019 و كەوتنی كابینەكەی (عادل عەبدولمهەدی)، دادگای فیدڕاڵی بەهۆی خانەنشینبوونی دادوەر (فارووق سامی) و پاشانیش كۆچی دوایی دادوەر (عەبوود تەمیمی ) تووشی پەككەوتن و سڕبوون هات، چونكە بەپێی فەرمانی ژمارە (30) دەبوا دادگا بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامەكانی كۆ ببێتەوە. بەهۆی مشتومڕیش لەبارەی میكانیزمی پڕكردنەوەی شوێنە بەتاڵەكان نەدەتوانرا شوێنی ئەو دوو دادوەرە پڕ بكرێتەوە.     وەك میكانیزمێك بۆ كۆتاییهێنان بە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەكان بەڵێنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە خەڵك درا، بەڵام بەهۆی پەككەوتنی دادگای فیدڕاڵییەوە نەدەتوانرا ئەنجام بدرێت، چونكە بەپێی بڕگەی حەوتەمی ماددەی (93)ـی دەستور، دەبێت ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە پەسەند بكرێت. هەوڵەكان بۆ دەركردنی یاسایەكی تایبەت بە دادگای فیدڕاڵی بەپێی ڕێككەوتنی سازانی لایەنەكان سەریان نەگرت. سەرەنجام لە 18/3/2021ـدا و بە زۆرینەی سادە و بە دەنگدانی 204 ئەندامی پەرلەمان و بەپێی یاسای ژمارە (25)، هەمواری فەرمانە تەشریعییەكی ژمارە (30) ساڵی 2005 كرا. بەمەش هێندەی دیكە نادەستوریبوونی دادگاكە تۆختر كرایەوە. ئەمەش لەبەر ئەو هۆكارانەی كە دەیخەینە ڕوو. ئارگیۆمێنتە حاشاهەڵنەگرەكانی نادەستوریبوونی پێكهاتەی ئێستای دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بە پشتبەستن بە خستنەڕووی ئەو پاشخانەی سەرەوە، بەشێوەیەكی حاشاهەڵنەگر، دەردەكەوێت كە ئەم پێكهاتەیەی ئێستای دادگای فیدڕاڵی بنەمای دەستوری نییە و نادەستورییە، لەبەر ئەوەی: 1.    ئەم دادگایە بەپێی فەرمانێكی تەشریعی ژمارە (30) ساڵی 2005 دامەزرێنراوە و بۆ قۆناغی پێش دەستوری هەمیشەیی عێراق بووە، چونكە دەستوری هەمیشەیی بەردەوامبوونی دادگاكەی جێگیر نەكردووە، بەڵكو بەپێچەوانەوە بەپێی ماددەی (92) داوای دەرچواندنی یاسایەكی تایبەتمەندی كردووە بۆ دامەزراندنی دادگای فیدڕاڵی بۆ قۆناغی هەمیشەیی. هاوكات، ئەو ماددەیەشی (ماددەی 44)ـی یاسای ئیدارەی دەولەت ی هەڵوەشاوە، بەپێی حوكمی ماددەی 143 ـی دەستوری هەمیشەیی هەڵوەشێنراوەتەوە، چونكە دەستوری هەمیشەیی تەنها حوكمی ماددەكانی (53  و 58)ـی لە یاسای كاتیی هێشتووەتەوە. وەك باسیش كرا بۆ بەردەوامی دامەزراوەكانی پێش دەستوری هەمیشەیی، جگە لە ناساندنی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان، تەنها بەگوێرەی ماددەی (134) بڕیاری بەردەوامبوونی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی داوە.   2.    یاسایەكی تایبەت بەگوێرەی ماددەی 92 ـی دەستور بۆ دادگای فیدڕاڵی دەرنەچوێنراوە، هەمواركردنەوەی فەرمانی ژمارە (30)ـیش لەساڵی 2021دا تەواو پێچەوانەی دەستور و تەنانەت پێچەوانەی بڕیاری خودی دادگاكەشە، چونكە وەك ئاماژەی پێكراوە، دەستور داوای دەرچواندنی یاساكەی بە زۆرینەی 2 لەسەر 3 ـی پەرلەمان كردووە. یاسایەكیش كە ئەو ڕێژەیەی بۆ دیاریكرابێت، هەمان ڕێژە بۆ هەمواركردنەشی پێویستە. بەڵام وەك باسكرا، بە زۆرینەی سادە فەرمانە تەشریعییەكە هەموار كرایەوە. لەلایەكی دیكەشەوە، خودی دادگاكە خۆی بەگوێرەی بڕیاری (107) لە 18/11/2012 جەخت دەكاتەوە كە پێویستە بۆ دەرچوواندن یان هەمواركردنەوەی یاسای دادگای ئیتیحادی ڕەچاوی حوكمی بڕگەی دووەمی ماددەی 92 ـی دەستور بكرێت، كە پێویستە 2 لەسەر 3 ـی پەرلەمان دەنگی پێ بدەن، كەچی پێكهاتەكەی ئێستای بە زۆرینەی ڕەها دروست كراوە. 3.    هەمواری فەرمانی ژمارە (٣٠) بە یاسای ژمارە ٢٥ی ساڵی  ٢٠٢١ بە پاساوی  پاڵپشت  بە ماددەی (١٣٠)ی دەستور بووە، بەڵام لەڕاستیدا ئەم هەموارە ڕێک پێچەوانەی ماددەی ناوبراوە چونکە ماددەی (١٣٠) جەخت لەمانەوەی ئەویاسایانە دەکاتەوە و کاری پێدەکرێت مادام هەڵنەوەشاوەتەوە یاخود هەموارنەکراوەتەوە بە پێی حوکمەکانی دەستور، بەڵام هەمواری فەرمانی ژمارە (٣٠)ی ساڵی ٢٠٠٥ بەپێی حوکمەکانی دەستور هەموار نەکراوەتەوە بۆیە ئەو هەموارەش هەر نادەستوریە، چونکە دەستور بۆ دەرکردنی یاسای دادگای فیدراڵی یان هەموارکردنەوەی، دیاریکردوە کە ئەبێت بەزۆرینەی دوو لەسەر سێ دەربچێت، بەڵام ئەو هەموارە بە زۆرینەی ڕەها هەموارکراوەتەوە. 4.    بەڵگەیەكی دیكەی نادەستوریبوونی پێكهاتەی ئێستای دادگاكە و هەمواری یاسایەكەی ئەوەیە كە وێڕای ئەوەی یاسای هەمواری بڕیاری ژمارە (30) بە زۆرینەی ڕەها (نەك 2 لەسەر 3 وەك دەستور داوای كردووە) پەسەند كرا، بۆ دەرچواندنەكەی پێویستی بە مەرسومی سەرۆكایەتی كۆمار هەیە و ئەمەش بەپێی دەستور لە دەسەڵاتە حەسریەکانی سەرۆک کۆمارە، بەڵام بۆ ئەم یاسا نادەستورییە، مەرسومەكەی لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە دەرچوێنرا، كە سەرۆكی پەرلەمان بەهیچ شێوەیەك دەسەڵاتی دەركردنی مەرسومی دەرچواندنی یاساكانی نییە.   5.    پێکهاتەی دادگاکە پێچەوانەی ئەو پێکهاتەیە کە لەدەستوردا دەقنوسکراوە ئەمەش بۆخۆی سەرپێچیەکی دەستورییە، و بەڵگەیە لە سەر نادەستوری بوونی دادگاکە، چونکە پێکهاتەی ئێستای دادگاکە هەموویان دادوەرن، لە کاتێکدا بڕگەی دووەمی ماددەی (92)ـی دەستور جەخت لەسەر بوونی پسپۆرانی یاسا و شەرعزانانی ئیسلامی دەکاتەوە لە پێکهاتەکەیدا. 6.    خاڵێکی دیكەی نادەستوریبوونی دادگای فیدراڵی بریتیە لە هەموارکردنەوەی ماددەی(٣)ـی فەرمانی ژمارە (٣٠) ساڵی ٢٠٠٥، کە ڕێوشوێنی نوێی داناوە بۆ دياريكردنى ئەندامانی دادگاکە، و مافێکی لە هەرێمی کوردستان سەندۆتەوە کە بریتیە لە دیاریکردنی ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، بەڵام لە هەموارەکەدا ئەمە هەڵگیراوە. بەمەش پارسەنگ و هاوسەنگی نەتەوەیی و تەنانەت پێكهاتەیی و مەزهەبیش لە عێراقدا تێك دراوە، چونکە ژمارەی دادوەرەکان (٩) دادوەرن، لەوانە (٥) یان شیعەیە و کورد و سوننەش یەکی (٢) دادوەریان هەیە.  بەپێی یاساکەی خۆیان، بڕیارەکانی دادگاكەش بە زۆرینەیە، كەواتە پێكهاتەی زۆرینە چ بڕیارێكیان بوێت ئەتوانن بە زۆرینە تێیپەڕێنن. بەزاندنی سنوور و پرەنسیپە دەستوری و یاساییەكان لەلایەن پێكهاتەی ئێستای نادەستوری دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە سەرباری حاشاهەڵنەگرێتی نادەستوریبوونی پێكهاتەی ئێستای دادگای فیدڕاڵی عێراق، ئەم پێكهاتەیەی ئێستای دادگاكە سنوور و پرەنسیپە دەستوری و یاساییەكانیشی بەزاندووە و خۆی خستووەتە سەرووی دەستور و یاساكان و دەسەڵاتەكانی دیكەشەوە. بۆ نموونە: 1.    بنەمایەكی جێگیر و چەسپاوی پرۆسەی دادبینی و كاری دادگاكان، بریتییە لە پایەندبوونی دادگا بە چوارچێوەی پەڕوای داوا و سكاڵا (العريضة الدعوى)، بەڵام ئەم پێكهاتەیەی ئێستای دادگای فیدڕاڵی پێشێلی ئەم پرەنسیپە جێگیرەی ياسای دابینی عێراقی ژمارە (83)ـی ساڵی 1969 كردووە، چونكە ئەم دادگایە هەندێك داوای بە هەل زانیوە بۆ ئەوەی زیادەرۆیی لە چوارچێوەی داوای داواكار بكات و وەك دەرفەتێك بۆ دەستكاریكردن و جێبەجێكردنی ئەجێندای سیاسیی بیقۆزێتەوە. بۆ نموونە لە تانەكەی یەكێتیدا لەهەمبەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، داوای هەڵوەشاندنەوەی كورسی كۆتاكانی پەرلەمانی كوردستان نەكراوە، بەڵكو داوای دووبارە دابەشكردنی كراوە بەپێی بازنەكان، بەڵام دادگا ئەم دەرفەتە دەقۆزێتەوە و بەبێ بوونی هیچ پاساوێكی یاسایی و دەستوری بڕیاری نادەستوریبوونی كورسی كۆتاكانی داوە. هەروەك یەكێتی داوای لێسەندنەوەی دەسەڵاتی باڵای دیاریكردنی شێوازی پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی عێراق بەپێی بڕگەی (2) لە ماددەی 56 ـی یاسای هەڵبژاردن، نەكردبوو، بەڵام دادگاكە دێت و ئەو بڕگەیەش بە نادەستوری دەناسێنێت.  ئەمەش بێگومان  دەبێتە پێشێلكردنێكى ڕوونى ئەو بنەمایەى لە یاسا و لە دادگەرییدا چەسپاوە كە دەڵێت: دەعوا لە چوارچێوەى عەریزەكەیدا سنووردارە، و نابێت حوكم بكرێت بە زیاتر لەوەى داواكار داواى دەكات. 2.    هەر لەو میانەیەدا، ئەم دادگایە پەیڕەوێکی ناوخۆی بۆخۆی داناوە، کە کارەساتی گەورەی یاسایی و سەقامگیری سیاسی لێکەوتۆتەوەو دەکەویتەوە، چونکە پەیڕەوە ناوخۆییەکەی سەرپێچی دەستور و تەنانەت خودی یاساکەیانە و هەروەها سەرپێچی یاسای دادبینی شارستانی عێراقیشە،  چونکە دوو مافی بەخۆی داوە لە پەیڕەوەکەدا کە ئەوانیش مافی ڕوبەڕوبونەوە (التصدي) و مافی پاشگەزبوونەوە (العدول)ن، هەردووكیانی بەبێ بنەمای یاسایی و دەستوریی بەخۆی بەخشیوە. 3.    ئەم دادگایە كە لە بنەڕەتدا یەكێك لە دەسەڵاتەكانی بەگوێرەی ماددەی 93 ـی دەستور، بریتییە لە چاودێریكردنی دەستوریبوونی یاساكان، بەڵام بازی بەسەر ئەم دەسەڵاتەدا داوە و مافی بە خۆی داوە كە بڕیار لە بارەی پرۆژەی بەرایی یاساكانیشەوە بدات، لە كاتێكدا هێشتا تەنها پرۆژەن و نەبوون بە یاسا. بۆ نموونە، لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا پرۆژەیاسایەك بۆ دامەزراندنی دادگایەكی تایبەتمەند بە دادگاییكردنی سەرانی داعش پێشكەش كرابوو، لە كاتێكدا پرۆژەكە تەنها لە قۆناغی یاساسازیدا بوو و لێژنەكانی پەرلەمان گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرد، دادگای فیدڕاڵی بە بڕیاری ژمارە (71) ـی ساڵی 2021، بڕیاری نادەستوریبوونی ئەو پرۆژەیاسایەی دا. هەڵبەت، لە نموونەیەكی پێچەوانەدا، کاتی خۆی کە یاسای بەڕیوەبردنی دارایی دەوڵەت لە ساڵی٢٠١٩  لە ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق دەرچوو، وێڕای ئەوەی كۆمەڵێك ماددە و بڕگەی نادەستوری لە خۆی گرتبوو. یاساكە پەسەند كرابوو، مەرسومی کۆماریشی پێدەرچوو بوو،  بەڵام دادگا هیچ داوایەکی كە دژی نادەستوریبوونی یاساكە پێشكەش كرابوو، بە پاساوی ئەوەی كە یاسا تا نەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە نابێ تانەی نادەستوریبوونی لێ بدرێت، وەرنەگرت، ئەمەش بەڵگەیەكی زەقی دووفاقیبوون و پیادەكردنی سیاسەتی "بانێكە و دوو هەوا"یە لەلایەن ئەم دادگایەوە. 4.    ئەم دادگایە لە ئێستادا ڕۆڵی هەمواركاری دەستوریشی بەخۆی داوە. لە كاتێكدا كۆت و بەندی توند بۆ هەمواركردنی دەستوری عێراقی بەگوێرەی ماددەكانی (126 و 142)، لە پێناوی پاراستنی ماف و دەسەڵاتەكان، دانراون، بەڵام ئەم پێكهاتەیەی ئێستای دادگای فیدڕاڵی، وێڕای نادەستوریبوونیەكەی، كەچی دەسەڵاتی بەخۆی داوە كە هەمواری دەقەكانی دەستور بكات، بۆ نموونە ده‌ستوری عێراق له‌ مادده‌ی (110)ـدا به‌ هیچ شێوه‌‌یه‌ك به‌رێوه‌بردنی سامانه‌ سروشیتیه‌كان، له‌ نێویاندا نه‌وت و گازی، به‌ ده‌سه‌ڵاتی حه‌صری حكومه‌تی فیدراڵی دانه‌ناوه‌. بەڵكو مادده‌ی (112/ برگه‌ی یه‌كه‌م)ـی ده‌ستوور جه‌خت له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌رێوه‌بردنی نه‌وت و گاز له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ هاوبه‌شه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی و هه‌رێمه‌كانن كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ به‌رێوه‌بردنی ئه‌و كێڵگانه‌ی پێش نوسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق له‌ ساڵی 2005 له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ به‌رێوه‌‌براون، بەڵام لە 15/2/2022ـدا دادگای فیدڕاڵی بڕیارێكی دەركرد و سەرجەم یاسای نەوت و گازی كوردستان ژمارە (22)ـی ساڵی 2007  لەقەڵەم دا، بە بیانوو و پاساوی ئەوەی كە نەوت و گاز لە دەسەڵاتە حەسرییەكانی حكوومەتی فیدڕاڵە.  هەر بۆیە لەكاتی خۆیدا بڕیارەكە بە تێكڕایی لەلایەن هەر چوار دەسەڵاتەكەی هەرێمی كوردستان (پەرلەمان، حكوومەت، سەرۆكایەتی هەرێم، ئەنجوومەنی دادوەری)ـەوە ڕەت كرایەوە. 5.    هەروەك ئەم دادگایە ڕۆڵی پەرلەمان و هەمواركاری یاساكانیشی بەخۆی داوە. نوێترین نموونەش ئەو هەموو پێشێلكارییە یاسایی و دەستورییانەیەتی كە لە حوكمى داواى ژمارە (83) و هەردوو یەكخراوەكەى (131) و(185)/ ئیتیحادى/ 2023 لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، چەندین دەقى یاسایی تەشریع كردووە لە بەندەكانى (دووەم) و(سێیەم) و(چوارەم) و(پێنجەم)ى حوكمى ئاماژەپێكراودا هاتوون. * وردەكارییە نادەستورییەكان و پێشێلكارییە دەستورییەكانی ئەم بڕیارە لەلایەن ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی كوردستانەوە، بەڕوونی و وردی خراونەتەڕوو. هەموو ئەمانەش بێگومان پێچەوانەی پرەنسیپی چەسپاو و باوی دیموكراسی "جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانە" كە كرۆكی سیستەمی حوكمڕانی دیموكراسی جیهانی لەسەر بنیاتنراوە و دەستوری عێراقیش لە ماددەی (47) وەك بنەمای سەرەكی و دەستوریی پیادەكردنی دەسەڵاتەكان لە عێراقدا، چەسپاندوویەتی. بەكارهێنانی دادگای فیدڕاڵی وەك چەكێكی كاریگەر لە ململانێ سیاسییەكانی ئێستای عێراقدا وێڕای گرنگی و كاریگەریی دادگای فیدڕاڵی لە پیادەكردنی سیستەمی فیدڕاڵیدا، بەڵام هەمیشە ئەم دادگایە ئەگەر بە وریاییەوە سنووربەند نەكرێت و كارەكانی ڕێك نەخرێت، سەربۆ سەرهەڵدانی جۆرێكی مەترسیداری دیكتاتۆرییەت دەكشێت كە پێی دەگوترێت "دیكتاتۆرییەتی دادوەریی Judicial Dictatorship "  كە هەردوو بیرمەند و سیاسەتزان (ویلیام كوێرك و ڕانداڵ برادوێڵ) لە كتێبە ناودارەكەیان  لە ساڵی 1995ـدا ڕوونیان كردووەتەوە.  لە ئەزموونی فیدڕاڵیزمی ئەمەریكیدا، كە لە زۆر بواردا، بە تایبەتیش لە پرسی دادگای فیدڕاڵیدا، ئەزموونی عێراق چاوی لەو كردووە، مەترسییەكانی دادگای فیدڕاڵی لەسەر فیدڕاڵیزمی ئەمەریكی قۆناغ بە قۆناغ چارەسەر كراوە تاوەكو خراوەتە سەر ڕێچكە دروستەكەی خۆی. بۆ نموونە دەستوری فیدڕاڵی ئەمەریكی كە لە ساڵی 1788 ـەوە پەسەند كراوە، تا ئێستا تەنها 27 جار هەموار كراوەتەوە. لەو ژمارەیە 8 هەمواریان بۆ ئەوە بووە كە دادگای فیدڕاڵی ئەمەریكی سنووری خۆی نەبەزێنێت و نەبێتە هەمواركاری دەستور. بە تایبەتیش هەمواری ( 8) ـیان بۆ ئەوە بووە كە دادگای فیدڕاڵی نەبێتە هەمواركاری دەستور و سنووری دەسەڵاتی ویلایەتەكان نەبەزێنێت و دەستكارییان نەكات، وەك ئەوەی لە هەمواری ژمارە (11)ـدا جێگیر كراوە. بەڵام ئەوەی ئێستا لە عێراقدا دەگوزەرێت، سەرباری بەرجەستەبوونی تەواوەتی تیۆری "دیكتاتۆرییەتی دادوەریی" كە لە میانەی ڕەهاكردنی تەواوەتی دەست و دەسەڵاتەكانی دادگای فیدڕاڵییەوە، ئەو دیاردە مەترسیدارەش دروست بووە كە لە زانستی سیاسی و تویژینەوە ئاسایشییەکاندا، بە (شەڕی یاسایی  LAWFARE ) ناوزەد دەكرێت. لە نويترین کتيبیاندا ، دەیڤید پیترایۆس و ئەندرو رۆبيرتس بە ناو نیشانی Conflict: The Evolution of Warfare from 1945 to Ukraine ، بە روونی باس لە شيوەو شيوازی نویی جەنگ لە  ئاستی جیهان و کەرەسەتەکانی رووبەروو بوونەوە دەکەن. یەک لەو بابەتانەی کە جەختی لیدەکەنەوەو وەک جەمکیکی نوی لە دنیای ململانيکاندا زیاتر بایەخی پيدەدرێت، بابەتی ( بە چەکبوونی هەموو شتیک  Weopanization of Everthing  )ە. لەم رووەوە باس لەوە دەکەن کە لە شەرو پەلامارەکاندا ، مەرج نیە چەکی کلاسیک بەکار بیت، بەلک هەر لە زیرەکی دەستکردەوە بیگرە تا تۆرە کۆمەلایەتییەکان ونرخی گەنم و پیتێنەرە کشتوکالییەکان، هەلبژاردنەکان، کاریگەریی دانان لە سەر رای گشتی، فەیک نیوز، پەنابەران و درۆن و جەنگی یاسایی، بە بەشیک لە کەرەستەکانی هیرش و پەلامار و رووبەروو بوونەوەکان دادەنرین. ئەگەر بە وردی لە جوڵەی دادگای فیدراڵی بڕوانین و بریارەکانیان لە کات و بەستينەکانی خۆیان ببینرێن، بە روونی ئە چەمکەی بە چەک بوونی دادگای فیدراڵی بۆ پەلاماری سەر هەریمی کوردستان دەبینرێت. لە ماوەی ٣ ساڵی رابردوودا، ئەم دادگایە چەندین بڕیاری قورس و چارەنووسسازی لەبارەی پرۆسەی سیاسیی عێراقەوە داون، بە تایبەتیش لە پرسی دەستكاریكردنی میكانیزمە دەستورییەكانی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و خوڵقاندنی بیدعەی سیاسی "سێیەكی پەكخەر الثلث المعطل" كە ئەم هەنگاوە وێڕای ئەوەی وایكرد كە لە ئێستادا وەك ئەوەی لە میدیای عێراقدا بە دیاردەی "حوكمكردنی دۆڕاوەكان – حكم المهزومین" ناوی دەبرێت و براوەی یەكەمی هەڵبژاردن ئاوت بكرێت و ڕكابەرە دۆڕاوەكانی جڵەوی حوكمڕانی بگرنە دەست، لە ئایندەدا ئەم ڕێچكەیە مەترسی گەورەتر لەسەر دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات لە عێراقدا دەخوڵقێنێت. ئەم مەترسییانەش لە هەڵسەنگاندنێكی وردی پەیمانگای " واشنتۆن بۆ سیاساتی رۆژهەلاتی نزیک  Washington Institute For Near East Policy  " خراونەتە ڕوو. تایبەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقیش، ئەم دادگایە بەردەوام لە هەوڵی زاڵكردنی باڵادەستی و دەسەڵاتی حكوومەتی فیدڕاڵی لەسەر حیسابی دەسەڵاتە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان بووە.  لەهەر كات و بوارێكیشدا بۆی ڕەخسا بێت لە میانەی بڕیارەكانیەوە گورزی لە پێگەی دەستوریی هەرێمی كوردستان داوە. بە جۆرێك لە 3 ساڵی ڕابردوودا 11 بڕیاری دژی هەرێمی كوردستان دەركردووە.  كە دواهەمینیان بڕیارە نایاسایی و نادەستوریی و تەواو سیاسییەكەیەتی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ـی ساڵی 1992 ـی هەمواركراوەوە. كە ئامانج لێی "لوبنانكردن"ـی هەرێمی كوردستان و سەپاندنی سیستەم و پرۆسەیەكی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیزاینكراوە لە هەرێمی كوردستاندا. هەربۆیە بە وریاییەوە، هەروەك لە بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕێكەوتی 18/3/2024ـدا ڕوون كراوەتەوە، بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەخوازێت كە ڕێگە لەم دامەزاروە دادوەرییە بە سیاسییكراوە بگیرێت. بەڕێز دادوەر (عەبدولڕەحمان زێباری)ـیش لە یاداشتی كشانەوەی خۆی لە دادگاكە بەڕوونی ڕایگەیاند كە ئەم دامەزراوەیە لە ڕێچكەی دەستوری خۆی دەرچووە و ئامرازێكە بۆ جێبەجێكردن و سەپاندنی ئەجێندای سیاسیی. بۆیە لەگەڵ ئەو ١٤٣ هێرش و پەلامارە درۆنی و مووشەکییانەی کە لە ماوەی ٣ ساڵی رابردوودا بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کراون و هاوشانی ئەو گوشارە ئابووریی و سیاسەتی برسیكردنەی كە دەرهەق بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان پەیڕەو دەكرێت، دادگای فیدڕاڵییش كراوەتە چەكێكی كاریگەر لە ململانێ سیاسییەكاندا كە ئامانجە گەورەكەی بچووككردنەوە، یان جێبەجێ كردنی خەونی نەهێشتنی قەوارەی دەستوریی هەرێمی كوردستانە.   خۆ ئەوە بەكارهێنانیشی دژی ڕكابەرە سیاسییەكان لەسەر ئاستی عێراقیش، ڕوون و بەرچاوە. هەر لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی و سەرۆكایەتیكردنی پەرلەمانی عێراق (محەممەد حەلبووسی)، تا هەڕەشەكانی سەر (مەشعان جبووری) بە لێسەندنەوەی مافی ئەندامێتیەكەی لەلایەن سەرۆكی دادگاكەوە، ئەگەر مل بە ئەجێندایەكی دیاریكراو نەدات. نموونەی بەرچاون. لەبەرامبەر ئەمانەشدا، پادداشتكردنی سەرۆكی دادگاكەش بە كاندیدكردنی كوڕە تەمەن 28 ساڵانەكەی بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگاری دیالە، موویەكی دیكەی نێو ماستە شڵەقاوەكەی عێراقە. هاوپێچ: ئەو 11 بڕیارەی كە ئەم پێكهاتەیەی دادگای نادەستوری فیدڕاڵی عێراق لە ماوەی ئەم 3 ساڵەدا دژ بە هەرێمی كوردستان و پێگە و دەسەڵات و بەرژەوەندییەكانی داونی: 1- الدعوى المرقمة ١٧ /اتحادية/ ٢٠٢٢ في ٢٥-١-٢٠٢٣ (عدم دستورية قرار مجلس الوزراء الاتحادي بخصوص تمويل اقليم كوردستان ). ٢- الدعوى المرقمة ٢٣٣ وموحداتها ٢٣٩ و٢٤٨ و٢٥٣ /اتحادية/ ٢٠٢٢ في ٣٠-٥-٢٠٢٣ (عدم دستورية قانون استمرار الدورة الخامسة لبرلمان الاقليم ). ٣- الدعوى المرقمة ٢٣٠ /اتحادية/ ٢٠٢٢ في ٣٠-١١-٢٠٢٢(عدم دستورية المادة ١٨ من قانون تعديل تطبيق الاحوال الشخصية في اقليم كوردستان رقم ١٥ لسنة ٢٠٠٨ ). ٤- الدعوى المرقمة ١٥٦ وموحدتها ١٦٠ /اتحادية/ ٢٠٢٢ في ٢٦-٩-٢٠٢٢ (عدم دستورية المادة ثانيا-اولا من قانون المفوضية العليا النستقلة للانتخابات والاستفتاءات في اقليم كوردستان- العراق رقم ٤ لسنة ٢٠١٤). ٥- الدعوى المرقمة ١٤٣ /اتحادية/ ٢٠٢٢ في ١-٣-٢٠٢٣ (عدم دستورية المادة ٤٦ من قانون وزارة التعليم العالي والبحث العلمي في اقليم كوردستان رقم ١٠ لسنة  ٢٠٠٨ ). ٦- الدعوى المرقمة ٥٩ / اتحادية/ ٢٠١٢ وموحدتها ١١٠  /اتحادية/ ٢٠١٩ في ١٥-٢-٢٠٢٢(عدم دستورية قانون النفط والغاز لاقليم كوردستان رقم ٢٢ لسنة  ٢٠٠٧ ).    ٧- الدعوى المرقمة ٨٣ وموحدتيها ١٣١ و١٨٥ /اتحادية/ ٢٠٢٢ في ٢١-٢-٢٠٢٤(عدم دستورية نصوص من قانون انتخاب برلمان كوردستان -العراق رقم ١ لسنة ١٩٩٢ المعدل ). ٨- الدعوى المرقمة ١٧٨ / اتحادية/ ٢٠٢٣ في ١٥-١٠-٢٠٢٣( عدم دستورية القانون رقم ٤٢ لسنة ٢٠٠٤ والخاص بتعديل تطبيق المادة ٤٠٨ من قانون العقوبات العراقي رقم ١١١ لسنة ١٩٦٩ في اقليم كوردستان ).  ٩- الدعوى المرقمة ١٢٤ / اتحادية/ ٢٠٢٣ في ٢٤-٩-٢٠٢٣ (عدم دستورية المادة ٢ من القانون رقم ٢ لسنة ٢٠١٩ قانون التعديل الاول لقانون محافظات اقليم كوردستان رقم ٣ لسنة  ٢٠٠٩ ). ١٠ - الدعوى المرقمة ١٧ / اتحادية/ ٢٠٢٢ في ٣١-١-٢٠٢٢ ( الغاء قرار مجلس النواب بخصوص قبول ترشيح السيد هوشيار الزيباري لمنصب رئيس الجمهوري ). ١١- الدعوى المرقمة ٢٢٤ وموحدتها ٢٦٩ / اتحادية/ ٢٠٢٣ في ٢١-٢-٢٠٢٤ ( الزام حكومة الاقليم بتسليم الواردات النفطية وغير النفطية الى الحكومة الاتحادية). •    ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان  


درەو: ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز: 🔹 دوای تێپەڕبونی ساڵێك بەسەر راگرتنی هێڵی بۆرییەكان لەنێوان عێراق و توركیا, هیچ بەرەوپێشچونێك روینەداوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت. 🔹ئەو هێڵەی لە رابردودا نزیكەی (0.5%) نەوتی جیهانی دەگواستەوە, هێشتا لە چوارچێوەی لەبیرچونەوەداو بە هەڵواسراوی ماوەتەوە, كە ئاستەنگی یاسایی و دارایی رێگە لە دەستپێكردنەوەی دەگرن. 🔹نزیكەی (450) هەزار بەرمیل نەوتی خاوی رۆژانە, لەڕێی باكوری عێراقەوە رەوانەی توركیا دەكرا, داخرانی بووەتە هۆی زیانی نزیكەی (11بۆ 12) ملیار دۆلار لە عێراق, بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی یەكێتی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (APIKUR). 🔹سەرچاوەیەكی ئاگادار بە "رۆیتەرز"ی راگەیاندووە : لەئێستادا گفتوگۆ لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت ناكرێت.   🔹هاوكات دوو سەرچاوەی تر ئاماژەیان بەوەكردووە, لەگەڵ هەوڵەكانی عێراق بۆ كەمكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت, لەچوارچێوەی پابەندبونی بەو رێژەیەی ئۆپێك پڵەس بۆی دیاریكردووە, بۆ پارێزگاریكردن لە نرخی نەوت, ئەوا دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێی باكوری عێراقەوە لە خشتەی كارەكاندا نیە. 🔹مایكل نایتس, شارەزای كاروباری عێراق لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ لێكۆڵینەوە دەڵێت:ویلایەتە یەكگرتووەكان, كە سودمەندە لە دووبارە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و دەبێتە هۆی دابەزینی نرخەكەی, كۆمەڵێك هەوڵی داوە بۆ ناوبژیوانیكردن بۆ گەیشتن بەرێككەوتن. 🔹لەگەڵ توندبونەوەی جەنگ لە ئۆكرانیاو غەززە, حكومەتی ئەمریكا رۆڵێكی لاوازتری هەیە, نزیكەی پێنج بۆ شەش جار هەوڵی چارەسەكردنی ئەو كێشەیەی دا, بەڵام ئیتر وەڕس بووە.


درەو: كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوت لە كوردستان, ئەپیكۆر ( APIKUR) رایدەگەیەنێت دوای ساڵێك لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان هیچ بەرەوپێشچوونێك بە ئاراستەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم نیە، عێراق نزیكەی (11) ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە لە راگرتنی نەوتی هەرێم، داهاتی كۆمپانیاكانی بواری نەوت (60%) كەمیكردووە. كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوت لە كوردستان, ئەپیكۆر ( APIKUR),راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە سەبارەت بە ساڵێك تێپەڕبوون بەسەر راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیاوە. ساڵێك تێپەر دەبێت بەسەر راگرتنی بۆری نەوتی عێراق - توركیا، كاریگەری كردووەتە سەر كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان و راگرتنی (450) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە بازاڕەكانی جێهان. بەردەوامی راگرتنی هەناردەی نەوت بە ملیارەها دۆلار زیانی بە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت گەیاندووە. دوای ساڵێك لە راگرتنی نەوت لە 25ی ئازاری 2023 ەوە تا ئێستا نە ئەپیكۆر و نە كۆمپانیا ئەندامەكانی هیچ پێشنیازێكیان لەلایەن حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت پێنەگەیشتووە. هەر هەشت ئەندامەكەی ئەپیكۆر پابەندی گرێبەستەكانیانن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان. حكومەتی عێراق هەنگاوی پێویستی نەگرتووەتە بەر بۆ كردنەوەی بۆری نەوتی عێراق – توركیا و هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان توركیا رایگەیاندووە بۆرییەكە ئامادەیە بۆ هەناردەی نەوت. سەرەرای كۆبوونەوەو گفتوگۆكان بەڵام هیچ بەرەوپێشچوونێك بە ئاراستەی كردنەوەی بۆری نەوتی عێراق - توركیا بەدینەكراوە. هەوڵەكانی ئەپیكۆر: -    ئەنجامدانی چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێم و عێراق لە هەولێر و بەغداد و دوبەی -    مەرجەكانی ئەپیكۆر بۆ دەستپێكردنەوەی نەوت: •    هەرزیادكردنێك، پێویستە لە نێوان هەرێم و بەغداد و كۆمپانیاكانی ئەپیكۆر رێككەوتنی لەسەر بكرێت. •    پێویستە دڵنیایی بدرێت لە پێدانی پارەی هەناردەی نەوت لە رابردوو بۆ داهاتووش. •    پێویستە راستەوخۆ پارەی نەوتی فرۆشی كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكۆر بدرێتە ئەو كۆمپانیایانە. •    پێویستە شێوازو رێككەوتنی بازرگانی و ئابوری ئێستای كۆمپانیاكان وەك خۆی بمێنێتەوە. ئەپیكۆر بە راشكاوی پەیامی بە ئیدارەی جۆ بایدن و ئەندامانی كۆنگرێس داوە، كۆشكی سپی نابێت دەست بە پلانی پێشوازیكردن لە محەمەد شیاع سودانی بكات كە بڕیارە لە 15ی نیشان سەردانی واشنتۆن بكات هەتاكو: -    بۆری نەوتی عێراق - توركیا دەكرێتەوەو رێگە بە هەناردەی نەوتی بەرهەمهێندراو لە هەرێمی كوردستان دەدرێت بۆ بازاڕەكانی جیهان. -    كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت دانیان پێدا بنرێت لە وەرگرتنی پارەی هەناردەكردنی نەوت لە رابردوو و داهاتوودا. -    حكومەتی فیدراڵی عێراق بەتەواوی بودجەی فیدراڵی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكات. زانیارییەكانی ئەپیكۆر لەبارەی كاریگەرییەكانی داخستنی بۆری نەوتی عێراق- توركیا: -    نزیكەی 11 ملیار دۆلار زیان بە داهاتی عێراق كەوتووەو بە نزیكەی مانگانە یەك ملیار دۆلار -    ئەپیكۆر ئاگادارە هەرچەندە بۆری نەوتی عێراق - توركیا بەكارناهێندرێت  بەڵام عێراق رۆژانە (800) هەزار دۆلار سزا دەدرێت بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە مەرجەكانی ناو رێككەوتنی بۆری نەوتی عێراق – توركیا جێبەجێ بكات. -    بڕی 1 ملیار دۆلار قەرزی كۆمپانیاكانی ئەپیكور لای حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە ئەیلوولی 2022 تا ئاداری 2023 -    - زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلا وەبەرهێنانی كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكور راوەستاوە . -    -داهاتی ساڵانەی كۆمپانیا نێودەوڵەتیەكانی بواری نەوت نزیكەی لەسەدا 60 كەمیكردووە، بەهۆی ئەوەی فرۆشی ناوخۆیی، جێگەی فرۆشی لە بازارە نێودەوڵەتیەكان گرتووەتەوە . -    - خنكاندنی ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوت و نەناردنی بودجە . كاریگەرییەكان لەسەر نەوتی جیهان و بازاری نەوت : -    - راگرتنی هەناردەی نەوت لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق - توركیا، گوشاری زیاتری خستووەتەسەر بازاری ناهاوسەنگی وزە، كە بەهۆی سزاكانی سەر رووسیا و هەڕەشەكان لەسەر گواستنەوەی جیهانی لەڕێگەی دەریای سوورەوە هاوسەنگی لەدەستداوە . -    - عێراق بەردەوام لە سزاكان دەبەخشرێت بۆئەوەی كارەبا لە ئێرانەوە هاوردەی واڵتەكەی بكات، لەكاتێكدا دەبوو لەرێگەی هەناردەی زیاتری  نەوتەوە ژێرخانی وزەی بەهێز بكات . -    - لەوەتەی بۆری نەوتی عێراق - توركیا داخراوە، ئەمریكا رۆژانە زیاتر لە 250000 دوو سەد و پەنجا هەزار بەرمیل نەوت و پێكهاتەكانی لە باشووری عێراقەوە هاوردە كردووە، لەكاتێكدا حكومەتی عێراق رێگەنادات ئەو نەوتەی كۆمپانیا ئەمریكیەكان لە هەرێمی كوردستان بەرهەمیدەهێنن هەناردەی دەرەوە بكرێت . -     كاریگەرییەكانی لەسەر هێزی كار لە هەرێمی كوردستان : - كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكور سەدان كارمەند و ستافی خۆیان ناردونەتەوە ماڵەوە، لەناویشیاندا ستافی بیانی و خۆجێی هەن . - بەهۆی نەمانی وەبەرهێنانی كۆمپانیا نێودەوڵەتیەكانی بواری نەوت، ژمارەیەكی زیاتر لە كارمەند و ستاف كەمكراونەتەوە، لەو كۆمپانیانەی لە بواری خزمەتگوزارییەكان لە كێڵگە نەوتیەكان و پیشەسازی بەرهەمهێنان كاریان كردووە، وەك كۆمپانیاكانی دابینكردنی شوێنی نیشتەجێكردن و خواردن و چاككردنەوە و ئاسایش و گواستنەوە و بنیادنان. - بەهۆی نەناردنی بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەالیەن حكومەتی عێراقەوە، مووچەی فەرمانبەران دواكەوتووە، لەناویشیاندا، مووچەی مامۆستایان و كارمەندانی تەندروستی . كاریگەرییەكانی لەسەر ناوبانگ : - رێزنەگرتن لە گرێبەستەكان، خواستی بازرگان و وەبەرهێنەرانی جیهان بۆ كاركردن و وەبەرهێنان لە عێراق بەشێوەیەكی بەرچاو كەمدەكاتەوە. - چەقبەستوویی لە بابەتی یاسا بودجە و هەناردەی نەوت، عێراقی خستووەتە بەردەم مەترسی دابەشبوونی سیاسی.  


درەو: پێگەی (Middle East Eye) بەریتانی, راپۆرتێكی بە ناونیشانی (ئایا پارتی كرێكاران فرۆكەی بێفرۆكەوانی خۆكوژی بەدەستهێناوە بۆ كردنە ئامانجی فرۆكە توركیەكان؟) بڵاوكردووەتەوە, كە لەلایەن هەردوو نوسەر (Ragip Soylu and Levent Kemal ) نوسراوە. 🔹پارتی كرێكارانی كوردستان دەڵێت, توانای خستنەخوارەوەی فرۆكە جەنگیە بێفرۆكەوانەكانی توركیای بەدەستهێناوە, كە لە توركیاو عێراق و سوریا چالاكییەكانیان ئەنجامدەدەن. 🔹ئەو گروپە كوردیە چەكدارە, لەبەیاننامەیەكدا, كە هاوپێچ بووە لەگەڵ گرتەیەكی ڤیدیۆیی كەوتنە خوارەوەی لاشەی فڕیوو لە ئاسمان, رایگەیاندووە: لە (13) شوباتی (2023)وە, (13) فرۆكەی بێفرۆكەوانی توركیای لە باكوری عێراق خستووەتە خوارەوە. 🔹یەحیا بوستان, كە ستون نوسێكی نزیك لە حكومەتی توركیایە, نوسیویەتی: پارتی كرێكاران تەكنەلۆژیای فرۆكەی بێفرۆكەوانەی خۆكوژی بەدەستهێناوە, بۆ كردنە ئامانجی فرۆكە بێفرۆكەوانە توركیەكان. 🔹بوستان لە وتارێكدا, لە رۆژنامەی یەنی شەفەقی توركی رۆژانە, كە هاوپەیمانی حكومەتە وتویەتی: "ئەو گروپە تیرۆرستیە لەڕێی بافڵ تاڵەبانیەوە گەیشتووەتە ئەو تەكنەلۆژیایە". 🔹ئەنكەرە پێیوایە تاڵەبانی, سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان, بەشێوەیەكی توندوتۆڵ كاردەكات, لەگەڵ لقی سوریای پارتی كرێكارانی كوردستان و هاوكاریان پێشكەش دەكات و كارئاسانیان بۆ دەكات, بۆ گەیشتن بە فرۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان. 🔹بەوهۆیەوە, ئەنكەرە لە ساڵی (2023)دا بواری ئاسمانی خۆی بەڕووی شاری سلێمانیدا داخستووە, كە پێگەی سەرەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە. 🔹ئەگەر پارتی كرێكارانی كوردستان بەكرداری ئەو تەكنەلۆژیایەی دەستكەوتبێت, ئەوا هاوسەنگی لە گۆڕەپانی جەنگ دەگۆڕێت. 🔹بەرپرسێكی توركی ئاگادار بە "میدل ئیست ئای" راگەیاندووە: پارتی كرێكارانی كوردستان هەوڵی بەدەستهێنانی سیستمی فرۆكەی بێفرۆكەوانی خۆكوژ دەدات, بەڵام روون نیە كێ‌ ئەو سیستمەیان دەداتێ‌. 🔹هاوكات سەرچاوەی جیاوازیش دەڵێت, پارتی كرێكاران سیستمی "میراج"ی ئێرانی دژە فرۆكەی بەدەستهێناوە, ئەو سیستمەش لەڕێی دوو كەناڵی پەیوەست بە ئێرانەوە رەوانەی ئەو گروپە كراوە. 🔹بەگوێرەی سەرچاوەكان, رەنگە تاڵەبانی رۆڵی هەبوبێت لەوەی پارتی كرێكاران ئەو چەكەی دەستبكەوێت. 🔹هاوكات سەرچاوە كوردیە ئاگادارەكان ئاماژەیان بەوەكردووە, هاوشانی ئەگەری ئەوەی پارتی كرێكاران ئەو چەكەی لە ئێرانەوە بەدەستهێنابێت, ئەو حزبە كۆمپاینای لە وڵاتە جیاوازەكان كردووەتەوە, بۆ گواستنەوەی تەكنەلۆژیا لە چین, بۆ بەكارهێنانی لە روبەڕوبونەوەی فرۆكە بێفرۆكەوانەكانی توركیا.


د. یوسف محەمەد ماوەیەکە دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەتایبەت لوتکەی هەڕەمی دەسەڵاتی ناو پارتی، هەڵمەتێکی بەرفراوانیان دژ بە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەستپێکردوە و، ئەیانەوت سەرجەم تەنگژە و کێشەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان ببەستنەوە بە بڕیارەکانی ئەو دادگایە و، بە هۆکاری لاواز کردنی هەرێمی لەقەڵەم ئەدەن! بەڵام پرسیاری سەرەکی لە دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەوەیە کە ئایا هەر بە ڕاست کێشە سیاسی و داراییەکانی هەرێم لە بڕیارەکانی ئەم دادگایەوە دەستیان پێکرد یان بە هۆی ناکارامەیی و نەشارەزایی و گەندەڵیی ئێوەوە ئەم کێشانە دروست بون!؟ ئێوە بە سەربەخۆ نەوتتان فرۆشت لە بری خۆشگوزەرانی پاشەکەوتی موچە و لێبڕینی موچەی نزیکەی شەست مانگی ساڵانی ڕابردوتان کردە خەڵاتی خەڵکی کوردستان! نەوتتان فرۆشت و لە بری ئەوەی لە داهاتەکەی سندوقی پاشەکەوتی ستراتیژی دروست بکەن، خۆتان باس لە (٢٧) ملیار دۆلاری قەرز ئەکەن کە بەسەر خەڵکی کوردستانتان هێناوە! ئەوەندە بە نەشارەزایی ئیدارەی مەلەفی نەوتتان دا لە هەر شوێنێک سکاڵاتان لە دژ جوڵا، دۆڕانتان، لە دادگاکانی ئەمریکا، لەندەن، پاریس، لە هەموی دۆڕانتان و هەر بە هۆی ئەم دادگاییانەشەوە جارێکی تر چەند ملیار دۆلارێک زیانتان لە هەرێمی کوردستان دا! ئێستاش کە دوای گرتنەوەی قوفڵی بۆریی نەوتی هەرێم بە هۆی بڕیارەکەی دەستەی ناوبژیوانیی پاریسەوە بە رەسمی ناتوانن نەوت بفرۆشن، ئەمەتان قۆستۆتەوە بۆ ئەوەی خۆتان بدزنەوە لە ئاشکرا کردنی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم کە باس لە فرۆشتنی زیاتر لە (٢٥٠,٠٠٠) بەرمیلی رۆژانە ئەکرێت، ئەمە جگە لە داهاتە نانەوتییەکانی تر کە بە دانپیانانی خۆتان مانگانە زیاترە لە (٣٠٠ ملیار دینار)ە. لە ڕاستیدا بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدڕاڵی نەک هەر سەرچاوەی کێشە نین، بەڵکو چارەسەری گونجاون بۆ قەیرانە ئاڵۆز و قوڵەکانی ئێستای هەرێم. بۆ نمونە لە دوا بڕیاری ئەم دادگایە سەبارەت بە موچە بە ژمارە (٢٢٤، ٢٦٩/ ٢٠٢٣)، بۆ یەکەم جار لە دوای ساڵی ٢٠١٥ەوە پرسی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی جیاکراوەتەوە لە سەرجەم کێشە کەڵەکەبوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە تایبەت لە بواری نەوت و گاز. ئەمە ئەو داوایە بو کە بە درێژایی ساڵانی رابردو هەموان داوامان ئەکرد، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم هەر لە بیری بەرژەوەندییەکانی خۆیانن، ئەوەتا بەغدا ماوەی زیاتر لە دە رۆژە موچەی مانگی دوی بەشی هەرە زۆری موچەخۆرانی هەرێمی ناردوە (نزیکەی ٦٠٠ ملیار دینار)، ئەمان بە بارمتەیان گرتوە و دابەشی ناکەن. پرسیار ئەوەیە کە بۆچی کاتێک لە ١٤- ١- ٢٠٢٤ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا (٦١٥ ملیار دینار) بۆ هەرێم بنێرێت توانرا لەگەڵ داهاتی ناوخۆ و هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە موچەی مانگی (١) بدرێت، ئێستا بۆ بەش ناکات!؟ کەواتە دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆیان سەرچاوەی کێشەن نەک بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی، وەگەرنا با پڕۆسەی بنەجێ کردنی موچەی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم جێبەجێ بکەن و، بەپێی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی داوای سەرجەم موچەی شایستەی موچەخۆران بکەن بە گەڕاندنەوەی پلەبەرز کردنەوەی فەرمانبەران و، هاوتاکردنی موچەی خانەنشینانیشەوە لەگەڵ هاوتاکانیان لە ناوەڕاست و خواروی عێراق. ئەو دەرەنجامەی سەرەوە سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش هەر راستە. ئەگەر پارتی زۆرینەی نوێنەرایەتیی کۆتای پێکهاتەکانی بە بارمتەی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی خۆی نەگرتایە و، رێگای بدایە لەڕێیی نوێنەرایەتیی راستەقینە و رەسەنی خۆیانەوە بونیان لە پەرلەمانی کوردستان بکرێتە سەرچاوەی قوڵکردنەوەی پێکەوەژیان، ئەگەر بە هاوکاریی نوێنەرایەتیی ناراستەقینەی پێکهاتەکان رێی لە پڕۆژەی زۆرینەی فراکسیۆنەکانی تر بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن نەگرتایە، ئەم لایەنانە ناچار نەدەبون لەسەر ئەم بابەتە داوا لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمار بکەن. دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەیانەوێت وا وێنای بکەن کە لەم چەند ساڵە دا هەر داوایەک دژیان چوبێتە بەردەم دادگای فیدڕاڵی، ئەوا یەکسەر لە لایەن ئەم دادگایەوە (گوایا بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم) بڕیاری لەسەر دراوە! رێک پێجەوانەی ئەو بۆچونە لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردودا ئەم دادگایە لانی کەم (٢٠) داوای رەد کردۆتەوە لەسەر نادەستوری بونی دەسەڵاتەکانی هەرێم، نادەستوری بونی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، نادەستوری و نادروست بونی قانون و بڕیارەکانی دەسەڵاتەکانی هەرێم کە ئەمە ژمارەی هەندێکیانن: (٦٩/ ٢٠١٩)، (٧٩/ ٢٠١٩)، (٨١/ ٢٠٢١)، (٤٧/ ٢٠٢٢)، (٢٧/ ٢٠٢٢)، (٨١/ ٢٠٢٢)، (١٥٦/ ٢٠٢٢)، (٢٠٧/ ٢٠٢٢)، (٢١٦/ ٢٠٢٢)، (٨٧/ ٢٠٢٣)، (١٣٤/ ٢٠٢٣)، (١٤٠/ ٢٠٢٣)، (٢٠٢/ ٢٠٢٣)، (٢٧٠/ ٢٠٢٣)، (٢٤٧/ ٢٠٢٣). ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆربەی ئەو بڕیارانەشی کە ئەم دادگایە سەبارەت بە هەرێم داونی لەسەر داوای هاوڵاتییانی هەرێم بون، وەک ئەم بڕیارانە: (١٤٣/ ٢٠١٨)، (٢١٢/ ٢٠٢٢)، (٢٣٠/ ٢٠٢٢)، (٢٣٣، ٢٣٩، ٢٤٨، ٢٥٣/ ٢٠٢٢)، (١٢٤/ ٢٠٢٣)، (١٧٨/ ٢٠٢٣)، (٢٢٤ و ٢٦٩/ ٢٠٢٣)، (٨٣، ١٣١، ١٨٥/ ٢٠٢٣). ئەگەر دادگاکانی هەرێم لاواز نەکرانایە و سەربەخۆییان نەخرایەتە ژێر پرسیارەوە، ئەوا رەنگە زۆربەی ئەم داوایانە لە هەرێم یەکلا بکرانایەتەوە نەک دادگای باڵای فیدڕاڵی. بەڵام لە هەمان کاتدا دادگای باڵای فیدڕاڵی بەپێی دەستوری عێراق (کە زۆرینەی خەڵکی کوردستانیش لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی هەرێم دەنگیان پێدا)، هەندێک دەسەڵاتی پێدراوە کە لە دەسەڵاتی دادگاکانی تردا نییە، هەر بۆیەش هاوڵاتییانی هەرێم وەک هەر هاوڵاتییەکی تری عێراق مافیان هەیە بچنە بەردەم ئەم دادگایە و بەپێی تایبەتمەندییەکانی، بەرگری لە مافەکانیان بکەن. هەرچەندە حەزمان بەوە نییە هەمو جارێ بڵێین (وامان وت) و (وا پێشبینیمان کرد) و ئەمەش زۆر ناشرین کراوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەمانزانی ئەم شێوازە حوکمڕانییە نا دروستە بەم ڕۆژەمان ئەگەیەنێت. بۆ نمونە لە مانگی ئازاری ٢٠٢١ هۆشداریمان پێدان پێش دەستبەکار بونەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی و بڕیاردانی لەسەر مەلەفەی نەوتی هەرێم، لەگەڵ بەغدا رێکەوتنی هاوسەنگ بکەن، وەگەرنا بڕیاری دادگا بەدڵتان نابێت(١). دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەسەر یاسای نەوت و گازی هەرێمیش وتمان لەژێر رۆشنایی بڕیارەکە لەگەڵ بەغدا رێکبکەون پێش ئەوەی بڕیار لە سەر سکاڵاکەی ژوری بازرگانیی پاریس دەربچێت(٢)، هەر نەتان بیست تا قوفڵی نەتەکەتان لێگیرایەوە و، دواجار ناچار بون هاوشێوەی (خەیمەی سەفوان) بڕۆن رێکەوتنی تەسلیم بون واژۆ بکەن! ئێستاش ئەبێ بڵێین تکایە عینادی مەکەن وەگەرنا رەنگە باجی عینادیی ئەمجارە، دو کەرت بونی تەواوەتیی هەرێم بێت. باشترین بژاردە بۆ هەرێمی کوردستان و تەنانەت دەسەڵاتدارانیشی، جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵییە بە تایبەت لە بواری بنەجێ کردنی موچەی شایستەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و، لەو رێگایەشەوە هەم کەمێک ژیانی هاونیشتیمانییان ئەبوژێتەوە و لە هەمان کاتیشدا رەورەوەی ئابوریی هەرێم بەگەڕ ئەکەوێتەوە. هەر ئەمەشە وای کردوە زۆرینەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ جێبەجێ کردنی ئەم بڕیارانەی دادگای باڵای فیدڕاڵی بن. پەراوێز: 1. بڕوانە بەشێکی چاوپێکەوتنمان لەگەڵ کەناڵی روداو لە ١٦- ٣- ٢٠٢١ لەم لینکە: https://www.facebook.com/share/v/duG7gJx26F917bMh/?mibextid=KsPBc6 کۆی چاوپێکەوتنەکەش لە لینکەدایە: https://www.facebook.com/share/v/nBSzcZn4RHfUvNXy/?mibextid=KsPBc6 2. بڕوانە ئەم بەشەی بەرنامەی تاوتوێی کەناڵی NRT لە ١- ٦- ٢٠٢٢ لەم لینکە: https://www.facebook.com/share/v/ijztgB4xGDg978EC/?mibextid=KsPBc6 کۆی چاوپێکەوتنەکەش لەم لینکەدایە: https://www.facebook.com/share/v/BQUFX9c4YryVKaNP/?mibextid=WC7FNe      



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand