Draw Media

تەیف سامی داوای داهاتی نەوت لە كوردستان دەكات

تەیف سامی داوای داهاتی نەوت لە كوردستان دەكات

2025-02-20 11:30:29


(درەو): 
وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیستی موچەی مانگی شوباتدا، داوا لە هەرێمی كوردستان دەكات داهاتی نەوت رادەستبكات، نەوت بە بۆریی هێشتا دەستی پێنەكردوەتەوە، وادیارە مەبەستی لە داهاتی تانكەرەكانە.
وەزارەتی دارایی عێراق رۆژی 17ی ئەم مانگە، هاوپێچ لەگەڵ لیستی موچەی مانگی شوباتدا، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات تۆماری تایبەت بە (تەوتین)ی موچەی فەرمانبەرانی ئاڕاستە بكات بەگوێرەی ئەو میكانیزمانەی كە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی دیاریكردووە. 
بەپێی ئەو نوسراوە كە پەرلەمانتار (سۆران عومەر) بڵاویكردوەتەوە، هاوكات تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق پشتبەست بە نوسراوێكی رۆژی 2ی ئەم مانگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران، داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات داهاتە نانەوتییەكانی مانگی شوبات حەواڵە ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی عێراق بكەن، بەڵام رازی نییە وەكو مانگی رابردوو هەرێم (51 ملیار) دینار بنێرێت.  
لە كۆتا خاڵی نوسراوەكەیدا، وەزیری دارایی عێراق داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات داهاتی نەوت بگەڕێننەوە بۆ ژمارە حسابی وەزارەتەكەی لە بانكی ناوەندیی بە ژمارە (300900).
دیار نییە تەیف سامی لەم نوسراوەدا مەبەستی كام داهاتەی نەوتە، داهاتی هەناردەی نەوتی كوردستان بە تانكەر یاخود داهاتی هەناردە لەرێگەی بۆرییەوە، كە هێشتا دەستی پێنەكردووەتەوە بڕیارە لە چەند رۆژی ئایندەدا دەستپێبكاتەوە، لەحاڵی دەستپێكردنەوەی هەناردەی بۆریشدا، بەگوێرەی یاسای بودجە راستەوخۆ داهاتەكەی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەگەرێتەوەو پێویستی بە نوسراو نییە. 
لە 25ی ئازاری 2023ەوە هەناردەی نەوتی كوردستان بەبۆریی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا راوەستا، ئەمەش بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس و لەسەر سكاڵای عێراق دژ بە توركیا بەهۆی بەكارهێنانی بۆری نەوتی (عێراق- توركیا) بۆ هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی بەغداد. 
لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتەوە بە بۆریی، سەرلەنوێ لە هەرێمی كوردستان هەناردە لەرێگەی تانكەرەوە دەستی پێكردەوە، لەئێستادا نزیكەی (320 هەزار) بەرمیلی رۆژانە بە تانكەر هەناردەی وڵاتانی دراوسێ دەكریت، بەشێكی داهاتی ئەم نەوتە بۆ كۆمپانیا بیانییەكانی بواری وەبەرهێنانەو پشكی داهاتی نەوتەكە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی تائێستا لەلایەن وەزارەتەوە هیچ زانیارییەكی لەبارەوە ئاشكرانەكراوە، ئەوەی وەزیری دارایی هەرێم ساڵی رابردوو رایگەیاندووە، ئەو نەوتەی بە تانكەر دەفرۆشرێت هەر بەرمیلێكی بە نرخی (31.3) دۆلار دەفرۆشرێت و رێژەی 55%ی داهاتەكەی بۆ حكومەت و 45%ی بۆ كۆمپانیاكان دەڕوات.
ئێستا رۆژانە بە تێكڕا لەسەرجەم كێڵگەكانەوە (310 – 320 هەزار) بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت، بە پێی لێكدانەوەكانی (درەو) لە ساڵی 2024دا بڕی (111 ملیۆن و 600 هەزار) بەرمیل نەوت فرۆشراوە، بەرمیلی بە (31.3) دۆلار، كۆی داهاتەكەی دەكاتە (3 ملیارو 493 ملیۆن) دۆلار بەرامبەر بە (4 ترلیۆن و 610 ملیار) دینار (ئەگەر 1 دۆلار بەرامبەر هەزار و 320 دینار بێت)، لەو پارەیە (55%)ی بۆ حكومەت بووە (ملیارێك و 921 ملیۆن) دۆلار واتا (2 ترلیۆن و 535 ملیار) دینار، رێژەی (45%)ی داهاتی نەوت بۆ كۆمپانیاكان بووە بە بڕی (1 ملیار و 571 ملیۆن) دۆلار بەرامبەر بە (2 ترلیۆن و 74 ملیار) دینار.

دەقی نوسراوەكەی تەیف سامی:


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand