Draw Media

لەبارەی نەوتی كوردستان ئەمریكا بە تەلەفۆن پەیامێك بە سودانی دەدات

لەبارەی نەوتی كوردستان ئەمریكا بە تەلەفۆن پەیامێك بە سودانی دەدات

2025-02-26 06:17:34


(درەو):
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد، باسی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستانی كردووە، داوای كردووە عێراق پابەند بێت بە گرێبەستی كۆمپانیا ئەمریكییەكانەوە.
بۆ یەكەمجار لەدوای دەستبەكاربوونی ئیدارەی نوێی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەلایەن (مارکۆ رۆبیۆ) وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێگەیشت. 
نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەواڵی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی راگەیاند، بەڵام هیچ وردەكارییەكی لەبارەی ناوەڕۆكی گفتوگۆكە ئاشكرا نەكرد. 
تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشكرایكرد، رۆبیۆ لەگەڵ سودانی کۆمەڵێک بابەتی تاوتوێ کردووە، لەوانە:
•    کاریگەری ئێران لە ناوچەکە 
•    پێویستیی سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزە
•    وەبەرهێنانە بازرگانییەکانی ئەمریکا
بەگوێرەی قسەی تامی بروس، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر پێویستی سەربەخۆیی عێراق لەبواری وزەو دەستپێکردنەوەی کارپێکردنی هێڵی بۆری عێراق-تورکیا بەخێرایی (مەبەستی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا كە لە 25ی ئازاری 2023وە راوەستاوە)، هەروەها پابەندبون بە مەرجەکانی گرێبەستی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە عێراق کاردەکەن بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر (لەمەشدا مەبەستی لە گرێبەستی كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستانە كە بەمدواییەو هاوكات لەگەڵ رێككەوتنی هەولێرو بەغداد لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت نیگەرانی خۆیان نیشاندا لەبارەی پابەندبوون بە گرێبەستەكانیان و پێدانی پارەی بەرهەمهێنان و مەرجە بازرگانییەكانی ترەوە).
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand