Draw Media

درەو: ئاژانسی بلۆمبێرگی ئەمریكی: 🔹تائێستا حكومەتی عێراق سەرقاڵی دیراسەی پێشنیازی هەمواری بودجەی فیدراڵیە, تا لەرێیەوە بتوانێت شایستەی كۆمپانیا نەوتیە جیهانیەكان بدات, كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن, ئەوەش بەوتەی حەیان عەبدولغەنی, وەزیری نەوتی عێراق. 🔹رەنگە ئەم گۆڕانە, رێگە خۆشبكات بۆ بەرهەمهێنەرانی نەوت لە هەرێمی كوردستان, بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و رەوانەكردنی لەڕێی بەندەری جەیهانی توركیەوە. 🔹توركیا لەمانگی ئازاری ساڵی رابردووەوە, هێڵی بۆریەكانی گوستنەوەی نەوتی خاوی لە كوردستانەوە راگرتووە, ئەوەش بووەتە هۆی گەیاندنی زیانی ملیارەها دۆلار بەهەرێم و بەغدادو كۆمپانیا پەیوەندیدارەكان. 🔹ئاستەنگی سەرەكی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت, تێچوی بەرهەمهێنانی نەوتی كوردیەوە. 🔹سەرۆك وەزیرانی عێراق, لەمانگی كانونی یەكەمی رابردوو, تێچوی بەرمیلێك نەوتی كوردستانی بە (21) دۆلار خەمڵاند, لەكاتێكدا لەناوچەكانی تری عێراق تەنها (8) دۆلارە. 🔹عەبدولغەنی, لەوەڵامی پرسیارێكی بلۆمبێرگدا وتویەتی: هەوڵی پەلەكردن لە چارەسەرەكردنی پرسی تێچو و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت دەدەن, بەزوترین كات. ئاماژەی بەوەشداوە, وەزارەتی نەوت دەیەوێت پێداچونەوەو هەمواری گرێبەستە واژوكراوەكان بكات لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا جیهانیەكان. 🔹بڕیارە مانگی داهاتوو رەجەب تەیب ئەردۆغان, سەرۆك كۆماری توركیا, مانگی داهاتوو سەردانی عێراق بكات, رەنگە ئەوە یارمەتیدەربێت لەچارەسەركردنی خاڵە ناكۆكەكانی تریش, بەرپرسی قەرەبوەكەشەوە. 🔹وەزیری نەوتی عێراق جەختیكردووە لەوەی, عێراق پەرۆشە بۆ دەسپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێی بەندەری جەیهانەوەو, پارێزگاریكردن لە پەیوەندیەكی بەهێزی ئابوری لەگەڵ توركیا.


درەو: وەزارەتی نەوتی عێراق بۆری نەوتی (كەركوك - موسڵ- توركیا) نۆژەن دەكاتەوەو كەمتر لە دوو مانگی داهاتوودا دەیخاتەكار، وەك جێگرەوەیەك بۆ بۆری نەوتی هەرێم كە توانای رەوانەكردنی زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیەو چاوەڕوان دەكرێت نەوتی هەرێمیش لەو بۆریەوە رەوانە بكات. لە ئێستادا وەزارەتی نەوتی عێراق بەشێوەی چڕ كار لە بۆری نەوتی (كەركوك - موسڵ- توركیا) دەكات و بڕیارە لە ماوەی دوومانگی داهاتوودا تەواو بێت. بۆری نەوتی (كەركوك - موسڵ - توركیا ) دوو بۆریە بۆری یەكەم (40) ئینجەو بۆری دووەم (46) ئینجە كە بەرهەدووكیان توانای رەوانەكردنی (ملیۆنێك و 600) هەزار بەرمیل نەوتیان هەیە. ئەو بۆریە لەناو كێلگەی نەوتی كەركوكەوە (k1)ەوە دەردەچێت و لە تەلوەردەوە بۆ ناحیەی ریازی سەربە حەویجەو لەوێشەوە بۆ بێجی لەوێوە بۆ فەتجە بۆ موسڵ تا وێستگەی (MS)  لە رۆژئاوای زاخۆ، لەوێ فەرمانبەری كۆمپانیای نەوتی باكۆری لێیەو پێوانەی نەوتی رەوانەكراو دەكەن رۆژانە دووجار. لەبارەی مێژووی درووستكردنی ئەو بۆری نەوتی (كەركوك – موسڵ – توركیا)ەوە ئەندازیار فەرهاد هەمزە لە كۆمپانیای نەوتی باكور نوسیویەتی: لە سەردەمی حوكمی پاشایەتیەوە كاربەدەستانی حكومەتی عێراق هەوڵدەدەن جگە لە هێڵی سوریا ڕێڕەوێكی تر بۆ فرۆشتنی نەوتی كەركوك بدۆزنەوە بەڵام هۆكارە سیاسیەكان ڕێگر بوون لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجە, تا ئەو كاتەی بەعسیەكان دەسەڵاتیان گرتە دەست و رێگایان لە بەردەم تەخت بوو. سەرەتا لە ساڵی 1972 نەوتی كەركوكیان لە دەست ئینگلیزەكان دەرهێناو خۆماڵیان كرد, پاشان لە 26/12/1974 رێكەوتنامەی دامەزراندنی هێڵی عێراق – توركیا لەنێوان هەردوو حكومەت دا ئیمزاكرا، لە 7ی نیسانی 1975 دەستكرا بە كاركردن لەو هێڵە لەلایەن كۆمپانیای (مانسمان)ی ئەڵمانیەوە، پرۆژەكەش بریتی بوو لەراكێشانی لوولەیەكی 40 ئینجی بەتوانای 750هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا، ئەمە جگە لەدانانی چەند ویستگەیەكی پاڵنان (محطات ضخ) لەهەردوو بەری عێراق و توركیادا، لەگەڵ دانانی ویستگەیەكی ژماردن (محطە القیاسات Measurmg station) لە نزیك زاخۆ، درێژی هێڵەكە 985.3 كم لە ویستگەی IT1 كە دەكەوێتە دووری 26كم لە رۆژئاوای كەركوكەوە دەست پێ دەكات، ماوەی  345كم ی پرۆژەكە دەكەوێتە ناو خاكی عێراقەوە واتە لە كەركوكەوە تا زاخۆ،  640.3 كیلۆمەتریشی دەكەوێتە خاكی توركیاوە، هێڵەكە بە تەریبی لەگەڵ هێڵی عێراقی سوری دەروات لە رووباری دجلە و زێی خاپوور دەپەڕێتەوە دەچێتە خاكی توركیاوە. لە كانونی دووەمی 1977 طه محی الدین معروف جێگری سەرەك كۆماری ئەوسای عێراق پرۆژەی بۆری نەوتی عێراق توركیای كردەوە، لەكاتی كردنەوەكە دا ئاهەنگێكی گەورە سازكرا كە سلێمان دیمریل  سەرەك وەزیرانی ئەوسای توركیا و ژمارەیەك وەزیری تری لەگەڵدا بوو ، لەسەرەتای ئاهەنگەكە (تایە عبدالكریم) وەزیری نەوتی عێراقی ووتی: ئەمڕۆ لەگەڵ میوانە ئازیزەكانمان لە دراوسێی دۆستمانەوە توركیا كۆئەبینەوە. لەم بارەیەوە رۆژنامەی (وطن) كە لەتوركیا دەردەچێ ستایشی پرۆژەكەی كرد و نووسیبوی عێراق پاش خەباتێكی دژوار دژی كۆمپانیا مۆنۆپۆڵەكان نەوتی خۆی خۆماڵی كردووە و ئەو ئاواتەی بەدی هێناوە كە گەلی عەرەب لە ماوەی 50 ساڵ خەبات دژی مۆنۆپۆڵە بێگانەكاندا خەونی پێوە دەبینی. لە ساڵی 1986 هێڵەكە فراوانییەكی تری بەخۆوە دی و لوولەیەكی تری 46 ئینجی بۆ راكێشرا, كە توانای هەناردنی هەردوو لوولەكە گەیشتە 1.600.000 بەرمیل لە رۆژێكدا. لە بەری عێراقی هێڵەكە سێ ویستگەی پاڵنان هەیە لەبەری توركیاش سێ ویستگەی پاڵنانی سەرەكی هەیە ps3 (جەزیرە) ps4 (ماردین)، ps-5 (غازی عەنتەب) دواجار دەگاتە بەندەری (جەیهان)ی توركی لە ناوچەی (ئەدەنە). ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو سەردەمی زێرینی ئەم هێڵەبوو لە توانایدا بوو ١،٦٠٠،٠٠٠ بەرمیل لە رۆژێكدا هەناردە بكات. بێگومان عێراق بەرانبەر هەر بەرمیلێك نەوتی هەناردەكراو بڕێك پارە باجی بە توركیا دەدا, لە سەرەتادا ڕێك كەوتن بە (42) سەنت بەرانبەر هەر بەرمیلێك ئەگەر بڕی هەناردەكردن لە سەرووی ( 1,5 ) ملیۆن بەرمیل بێت, (75) سەنت ئەگەر بڕی هەناردەكردن لە خوار ( 750 ) هەزار بەرمیلەوە بێت. لە دوای ساڵی 2003 ئەم رێكەوتنە دەستكاری كراو بەم چەشنەی لێهات:- (70) سەنت ئەگەر بڕی هەناردەكراو لە 400 هەزار بەرمیل زیاتر بێت, (112) سەنت ئەگەر بڕەكە لە 200 هەزار كەمتر بێت.  


درەو: ئەحمەد سیروانی- توركیا ناسی/ سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئاییندەیی   پوختە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیاو باکووری کوردستان لە کاتێکدا دەکرێت کە دۆخی ناوخۆیی‌و دەرەوەی تورکیا لە قۆناغێکی پڕ لە کێشمەکێشمدایە. ئەردۆغان‌و پارتەکەی لە کۆتاییەکانی تەمەنیدایە، لە کاتێکدا هاوپەیمانیی کۆمار بە هەموو هێزی خۆی هەوڵی دووبارەکردنەوەی سەرکەوتنەکەی ساڵی ١٩٩٤ دەدات، هاوپەیمانیی میللەت هەڵوەشاوەتەوەو پارتەکانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن هەریەکە کاندیدی خۆی بۆ شارە گەورەکان هەیە. کوڕەکەی ئەربەکان دەیەوێت خەونی باوکی زیندووبکاتەوەو درێژە بە هێڵی “بیری نەتەوەیی/پارێزکار” بدات. دوای شکستە گەورەکەی کە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمارو پەرلەماندا بەسەریداهات، جەهەپە کۆنگرەی سازداوەو سەرۆکێکی نوێی گەنجی هەڵبژاردووە. هەدەپە/دەمپارتی[i] دەیەوێت بە دیاریکردنی پێگەی خۆی‌و سەندنەوەی شارەوانیی شارەکانی باکووری کوردستان لە دەستی قەییومەکان شکستی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوو بسڕێتەوەو دڵی دەنگدەرانی بەدەستبهێنێتەوە. لە بەرانبەردا ئاکپارتی هەم لە ڕێگەی گواستنەوەی شوێنی دەنگدانی هێزە ئەمنییەکانەوەو هەم بە پشتیوانیی هوداپار لە هەوڵی کەمکردنەوەی سەرۆکشارەوانییەکانی دەمپارتیدایە. هۆکاری ئایدۆلۆژی، نەتەوەیی‌و سیاسی لە بریی هۆکاری خزمەتگوزاری، ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان ڕۆڵی یەکلاییکەرەوە دەبینن لەم هەڵبژاردنەدا، هەر بۆیە پارتە سیاسییەکانیش بەبێ لەبەرچاوگرتنی تواناو لێهاتووی کاندیدی پارتەکانی دیکە، لە سەر بنەمای دیدی ئایدۆلۆژی‌و بەرژەوەندیی سیاسی‌و نەتەوەیی‌و تەنانەت فاشیزمی بڕیار لە سەر هاوپەیمانی‌و پشتیوانیی کاندیدێک دەدەن. ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، کە وا بڕیارە لە ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤ بکرێت، کاریگەریی گەورەی دەبێت لە سەر نەخشەی سیاسی‌و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان‌و ئایندەی پرسی کورد لەو وڵاتە. لەم توێژینەوەیەدا تیشکخراوەتەسەر ئەو سەرباسە گرنگانەی ئاماژەی پێ دراوەو کاریگەریی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە سەر دۆخی ناوخۆیی تورکیا بە گشتی‌و پرسی کورد بە تایبەتی ڕاڤەکراوە. بەشداریکردنی زۆربەی هێزە سیاسییەکان لەم هەڵبژاردنەدا دەرفەتی هەڵسەنگاندنی ئەو هێزە سیاسییانەو دیاریکردنی قورساییان لە شەقامی تورکیادا دەهێنێتەکایەوە. هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا یەکێکە لە هەڵبژاردنە گرنگەکان لە پڕۆسەی دیموکراسیدا، بە تایبەت لە تورکیادا ڕۆڵی گرنگی هەیە لە سەر نەخشەی سیاسیی ئەو وڵاتەو دەرفەتی چەسپاندنی دیموکراسی دەهێنێتەکایەوە. لە بەشی چەمکناسیی ئەم ژمارەیەدا هەڵبژاردنی شارەوانییەکان (Yerel Seçim) بە پوختی خراوەتەڕوو. هەڵبژاردن بە گشتی‌و بە تایبەتییش هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی سیاسی‌و کارگێڕیی تورکیا دادەنرێت، بە جۆرێک ڕێژەی بەشداریکردن نزیکدەبێتەوە لە (٩٠٪). لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ی سەرۆکایەتیی کۆمارو پەرلەمان ڕێژەی (٨٧.٤٠٪)ی دەنگدەران بەشدارییانکردووە.[ii] ئەم ڕێژەیەش ئاستێکی بەرزەو ناتوانرێت بەراوردی هیچ وڵاتێکی ئەوروپی یاخود خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣١ی ئازاری (٢٠١٩)یشدا (٨٤.٦٧٪)ی دەنگدەران بەشدارییانکردووە.[iii] بەشێک لە سەرکردە سیاسییە کاریزمییەکانی تورکیا لە ڕێگەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانەوە دەرکەوتوون، لەوانەش: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری ئێستای تورکیاو ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو؛ سەرۆکی ئێستای شارەوانیی ئەستەنبوڵ. پارتە بەشداربووەکان کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ڕێگەی بە ٣٦ پارتی سیاسی داوە بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن. پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان‌و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) بە سەرۆکایەتیی دەوڵەت باخچەلی، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزێل، پارتی باش بە سەرۆکایەتیی مێراڵ ئاکشەنەر، پارتی خۆشگوزەرای نوێ (یەرەپە) بە سەرۆکایەتیی فاتیح ئەربەکانی کوڕی نەجمەدین ئەربەکان، پارتی یەکسانی‌و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) بە سەرۆکایەتیی تونجار باکرهان‌و تولای هاتیم ئۆغوڵاری، پارتی داوای ئازاد (هوداپار) بە سەرۆکایەتیی زەکەریا یاپیجی ئۆغڵو بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن. جگە لە ئاکپارتی‌و مەهەپە کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی کۆماردا بەشداردەبن، هیچ هاوپەیمانیەتییەکی فراوان لە نێوان پارتەکانی دیکەدا نییە.[iv] دەمپارتی‌و هوداپار وەک دوو پارتی کوردی بەشداریدەکەن‌و چەقی ڕکابەرییان هەم لە نێوان خۆیان‌و هەم لەگەڵ پارتەکانی دیکەدا باکووری کوردستانە. ژمارەی دەنگدەر و کاندیدان ٦١ ملیۆن و ٤٤ هەزار دەنگدەر هەیە. لەم ژمارەیە یەک ملیۆن و ٣٢ هەزارو ٦١٠ کەس بۆ یەکەمجارە دەنگ دەدەن. درێژترین پسوڵەی دەنگدان ٩٧ سانتیمە و کورتترینی ٤.٥ سانتیمە. لە ئسیتەنبوڵ ٢٢ کاندیدی سەربەخۆ و ٢٧ کاندیدی پارتە سیاسییەکان بۆ سەرۆکی شارەوانی هەیە. لە ئەنقەرە ٥ کاندیدی سەربەخۆ و ١٩ کاندیدی پارتە سیاسیەکان هەیە. غازی عەنتاب ٢٩ کاندید و لە مەلاتیا ٢٨ کاندید هەیە. لە ٣٢ پارێزگای خۆرهەڵاتی تورکیا کە تەواوی باکووری کوردستانیشی تێدایە پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر ٧ی بەیانی تا ٤ی ئێوارە بەردەوام دەبێت. بەڵام لە ناوەڕاست و خۆرئاوای تورکیا پرۆسەکە لە ٨ی بەیانی تاوەکو ٥ی ئێوارە بەردەوام دەبێت. کەمیی ڕێژەی بەشداریی ئافرەتان سەرەڕای ئەوەی ئافرەتان نیوەی کۆمەڵگەی تورکیا پێکدەهێنێت، بەڵام بەشدارییان لە کایەی سیاسی‌و بە تایبەت لە هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و شارەوانییەکاندا هێشتا نەگەیشتووەتە یەک لە سەر پێنج. بە گوێرەی نوێترین داتای دەزگای ئاماری تورکیا ٤٢ ملیۆن‌و ٧٣٤ هەزارو ٧١ کەس لە دانیشتوانی دانیشتوانی تورکیا لە ڕەگەزی نێرە، کە دەکاتە ڕێژەی (٥٠.١٪)و ٤٢ ملیۆن‌و ٦٣٨ هەزارو ٣٠٦ کەس لە ڕەگەزی مێیە، کە دەکاتە ڕێژەی (٤٩.٩٪)ی دانیشتوان،[v] بەڵام لە کۆی ٦٠٠ پەرلەمانتاری تورکیا تەنها (١١٩)یان ئافرەتن، ئەمەش دەکاتە ڕێژەی (١٩.٨٣٪)ی پەرلەمان.[vi] هەروەها لە کابینەی حکومەتەکەی ئەردۆغانیشدا لە کۆی سەرۆککۆمارو جێگرێک‌و ١٧ وەزیر، تەنها یەک ئافرەت هەیە، ئەمەش ڕێژەی (٥.٢٦٪)ی کابینەکە پێکدەهێنێت.[vii] لەبەرئەوەی سیستەمی کۆتا[viii] لە هەڵبژاردندا پەیڕەوناکرێت‌و زۆرێک لە پارتەکانی ئەو وڵاتەیش لە ناو خۆیاندا ئەو سیستەمە جێبەجێناکەن، بۆیە ڕێژەی بەشداریکردنی ئافرەتان لە کایەی سیاسی‌و بە تایبەت لە پەرلەمان‌و پۆستە باڵاکانی وڵاتدا کەمە. ئەم دۆخە ڕەنگدانەوەی بە سەر کابینەی نوێی حکومەتیشەوە هەبووە، بە جۆرێک لە کۆی ١٧ وەزیری کابینەکەی ئەردۆغان؛ تەنها یەکێکیان ئافرەتە.[ix] لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣ی ئازاری (٢٠١٩)یشدا لە کۆی ٨ هەزارو ٢٥٧ کاندیدی شارەوانییەکان، تەنها ٦٥٢ ئافرەت هەبووە، کە ڕێژەی (١.٢٦٪) بووە، لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەیشدا لە هەزارو ٣٨٩ شارەوانیدا تەنها ٤٥ کاندید سەرکەوتوون، کە دەکاتە ڕێژەی (١.٤٤٪)ی کاندیدی ئافرەت.[x] لەم هەڵبژاردنەیشدا پێشبینیناکرێت ڕێژەیەکی زۆر زیاتر لەوەی ٢٠١٩ سەرکەوتن بەدەستبهێنن. ئەوەی تێبینیدەکرێت، هەروەک چۆن لە پەرلەمان دەمپارتی بە ڕێژەی (٥٠٪) زۆرترین پەرلەمانتاری ئافرەتی هەیە، بە هەمان جۆر لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیشدا زۆرترین کاندیدی ئافرەتی دەبێت‌و زۆربەشیان سەرکەوتن بەدەستدەهێنن، دیارترین نموونەی ئەمانەش مێرال بێش دانش؛ کاندیدی پارتەکەیە بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ، کە ناوبراو سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو حیزبەیشە لە پەرلەمانی تورکیا. سەرەڕای هەموو ئەوانەش، بە هۆی لابردنی سەرۆکشارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی هەدەپە/دەمپارتییەوە لە ماوەی ڕابردوودا، ڕێژەی بەشداریی ئافرەتان لە کایەی شارەوانی‌و بەڕێوەبردنی خۆجێییدا زۆر کەمبووەتەوە. ئایندەی ئەستەنبوڵ لە نێوان بەرەی ئۆپۆزسیۆن‌و دەسەڵاتدا لە کاتێکدا پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە سەر ئاستی تورکیا وەک ڕابەری بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەردەکەوێت، بەڵام لە ساڵی (٢٠١٩)وە سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵی لە دەستدایە. لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٩دا ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوی کاندیدی جەهەپە بە پشتیوانیی پارتی باش‌و هەدەپە توانیی سەرکەوتنی گەورە بە سەر بینالی یەڵدرم؛ کاندیدی ئاکەپەو مەهەپەدا بەدەستبهێنێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا هاوکێشەکان تەواو گۆڕاون، پارتی باش‌و دەمپارتی‌و سەرجەم پارتەکانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن کاندیدی خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانی هەیە. هەرچەندە پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری‌و ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا، بەڵام ئەو دابەشبوونە ئایدۆلۆژی، نەتەوەیی‌و سیاسییەی تەواوی تورکیاو ئەستەنبوڵی گرتووەتەوە، ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە یەکلاییکردنەوەی ئاڕاستەی دەنگدەران بۆ پشتیوانی لە کاندیدەکان. لە کاتێکدا کاندیدەکەی هاوپەیمانیی کۆمار؛ موردا کوروم، پشتیوانیی تەواوی ئاکپارتی‌و مەهەپەی مسۆگەرکردووەو بە گوێرەی نوێترین ڕاپرسی کە لە ٢١-٢٤ی شوبات بە بەشداریی ٣ هەزار دەنگدەری ئەستەنبوڵ کراوە، (٤١.٧٪)ی دەنگەکانی ئەستەنبوڵ بەدەستدەهێنێت، لە بەرانبەردا بە گوێرەی ئەنجامی ڕاپرسییەکەی ناوەندی توێژینەوەی ئۆپتیمار (OPTİMAR)، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوی کاندیدی جەهەپە ڕێژەی (٤١٪)ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.[xi] ئەوەی ڕوونە، ئەستەنبوڵ بۆ کاندیدی ئاکپارتی‌و جەهەپە یەکلاییبووەتەوە، بەڵام پێشبینیی بردنەوەی کاندیدی ئەو دوو پارتە سەختەو مەحاڵە هیچ کەسێک بتوانێت بڕیاری لە سەر بدات. لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت مورات کوروم بتوانێت هەڵبژاردنەکە بباتەوە. هەڵگەڕانەوەی هاوکێشەی “بردنەوەی ئەستەنبوڵ یەکسانە بە بردنەوەی تورکیا” تاوەکو هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوو بۆچوونێک لە تورکیادا بڵاوبووبووەوە، کە پێی وا بوو “ئەوەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ بکات، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایش دەکات”. ئەم بۆچوونە لە دوای هەڵبژاردنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەرۆکی شارەوانیی ئەستەنبوڵ لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٩٤و پاشان بردنەوەی هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیا لە ساڵی ٢٠٠١ بە دواوە بۆ چەند جارێک تۆختربووەوە، بەڵام هەڵبژاردنەکانی ١٤/٢٨ی ئایاری ٢٠٢٣ کەلێنی لەو بۆچوونەدا دروستکردووە، ئەمەش بە هۆی شکستی کەمال کلیچدار ئۆغڵو؛ کاندیدی جەهەپەو هاوپەیمانیی میللەتەوە بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار لە بەرانبەر ئەردۆغاندا وەک کاندیدی ئاکپارتی‌و هاوپەیمانیی کۆمار. هەرچەندە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩ ئیمام ئۆغڵو سەرکەوتنێکی گەورەی بە سەر بینالی یەڵدرم بەدەستهێنا. ئەوەی جێگەی سەرنجە، جیاوازیی کاندیدەکانە، ئیمام ئۆغڵو بەرانبەر بە یەڵدرم‌و کلیچدار ئۆغڵو بەرانبەر بە ئەردۆغان، بۆیە دەگوترێت جیاوازیی کەسایەتییەکان ڕۆڵی لە سەرکەوتنیاندا هەبێت، هەر بۆیە هەڵبژاردنی ئەم جارەی شارەوانییەکان بۆ ئەستەنبوڵ ئەو بۆچوونە یەکلاییدەکاتەوە کە ئایا براوەی شارەوانیی ئەستەنبوڵ؛ براوەی سەرۆکایەتیی کۆمار دەبێت یاخود بە پێچەوانەوە. بە دڵنیاییەوە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە بە تایبەت لە ئەستەنبوڵ کاریگەریی لە سەر هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٨ی سەرۆکایەتیی کۆماریش دەبێت. لەبەرئەوەی بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ کەمال کلیچدارئۆغڵو ڕێگر بوو لە بەردەم کاندیدکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار، بەڵام بۆ ساڵی ٢٠٢٨ تاکە ڕێگر لە بەردەم ئیمام ئۆغڵو دەرنەچوونیەتی لەم هەڵبژاردنەدا، لەبەرئەوەی ئەگەر ئیمام ئۆغڵو لەم هەڵبژاردنەدا سەربکەوێت بە سەر ڕکابەرەکەیداو بۆ ٤ ساڵی دیکە سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ بکات، بە دڵنیاییەوە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٨ کاندیددەکرێت بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمارو ئەگەری بردنەوەیشی بەهێزە. بە پێچەوانەوە، شکستی لەم هەڵبژاردنەدا دڵنیایی تەواو دەدات بە هاوڵاتیان، کە سەرکەوتنەکەی ٢٠١٩ی جگە لە دەنگی ئەندام‌و لایەنگرانی جەهەپە بە تەواوی ئەنجامی دەنگدانی ئەندام‌و لایەنگرانی پارتی باش‌و دەمپارتی/هەدەپەو پارتەکانی دیکەی هاوپەیمانی میللەت بووە. ئەم هەڵبژاردنە یەکلاییدەکاتەوە کە ئەوەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ بکات، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایش دەکات یاخود بە پێچەوانەوە. هەڵوەرینی هاوپەیمانی میللەت/بەرەی ئۆپۆزسیۆن بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە چوارچێوەی مێزی شەشقۆڵی (Altılı Masa) بەشداریی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٠٢٣دا کرد. هەدەپە/دەمپارتییش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار پشتیوانیی لە کاندیدەکەی بەرەی ئۆپۆزسیۆن کەمال کلیچدار ئۆغڵو کرد. شکستی کلیچدارئۆغڵو، لەدەستدانی ٣٠ کورسیی پەرلەمانی جەهەپە بۆ پارتەکانی دەڤا، سەعادەت‌و ئایندە، بێباکیی جەهەپە لە پشتیوانیی هەدەپە بۆ کلیچدار ئۆغڵو، ململانێ ناوخۆییەکانی هەریەک لە جەهەپە، پارتی باش‌و دەمپارتی بووە هۆی هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیی میللەت‌و مێزی شەشقۆڵی‌و نەمانی پشتیوانیی دەمپارتی بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆن. لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٩دا دەنگدەرانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە هەموویان ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوی کاندیدی جەهەپە بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵیان بە ڕێژەی (٥٤.٢١٪) بەرانبەر بە بینالی یەڵدرم کاندیدی ئاکەپە بە ڕێژەی (٤٤.٧٩٪) سەرخست.[xii] لەم هەڵبژاردنەدا پارتە بەشداربووەکانی مێزی شەشقۆڵی‌و دەمپارتی کاندیدی خۆیان بۆ شارەوانیی ئەستەنبوڵ‌و زۆربەی شارەوانییەکانی دیکە بەربژێرکردووە، ئەمەش مۆتەکەیەکی گەورەی بە سەر ئیمام ئۆغڵووەوە دروستکردووەو پێناچێت بە ئاسانی بتوانێت بەرانبەر بە مورات کوروم سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. هەرچەندە لە هەندێک پارێزگاو شارۆچکەکاندا ڕێککەوتنی ئاشکراو نهێنی لە نێوان جەهەپەو پارتی باش‌و دەمپارتی کراوە بۆ پشتیوانیکردن لە بەربژێری یەکدی، بەڵام لە شارە گەورەو ستراتیژییەکان هیچ ڕێککەوتنێک نییە، لەبەرئەوە ئەم هەڵبژاردنە تا ڕادەیەکی زۆر هێزی زۆربەی پارتە سیاسییەکان بە تایبەت پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان ئاشکرادەکات. پارتی باش، یەرەپەو دەمپارتی؛ گرێکوێرەی ئاکپارتی‌و جەهەپە لەم هەڵبژاردنەدا ئاکپارتی‌و جەهەپە وەک بەهێزترین پارتی دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ململانێیەکی ئێسقانشکێن دەکەن، بە تایبەتی لە شارە گەورەکانی ئەستەنبوڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، بوڕسا، ئەنتالیا، ئەدەنەو مێرسین هەموو هەوڵەکانی خۆیانیان چڕکردووەتەوە بۆ بردنەوەی کورسیی سەرۆکی شارەوانی. ئاکپارتی بە پشتیوانیی مەهەپەی هاوپەیمانی دەیەوێت تۆڵەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩ لە جەهەپەو تەواوی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بکاتەوە، بۆ ئەمەش پەرتەوازەیی ئۆپۆزسیۆن‌و کاندیدکردنی چەندین کەس لەلایەن پارتەکانی دیکەی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بەختی کاندیدەکانی ئاکپارتی‌و مەهەپە-ی لەو شارانە بەهێزکردووە، بەڵام کشانەوەی یەرەپە لە هاوپەیمانیی کۆمارو بەشداریکردنی وەک پارتێکی سەربەخۆ ئاڵنگارییەکی گەورەیە لە بەردەم ئاکپارتی‌و بە تایبەت ئەرکی مورات کوروم؛ کاندیدی ئاکپارتی بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ، قورسکردووە. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩ جەهەپە، پارتی باش‌و دەمپارتی/هەدەپە لە بەرانبەر ئاکپارتی‌و مەهەپەدا یەکیانگرت‌و ئەکرەم ئیمام ئۆغڵویان سەرخست، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە هاوکێشەکە تەواو گۆڕاوە، ئاکپارتی‌و مەهەپە مورات کورومیان کاندیدکردووە، لە بەرانبەردا جەهەپە، پارتی باش‌و دەمپارتی هەریەکە کاندیدی خۆی هەیە، بۆیە ئەگەری سەرکەوتنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو بۆ جاری دووەم نزیکە لە مەحاڵەوە. لەگەڵ ئەوەيشدا کشانەوەی یەرەپە لە هاوپەیمانیی کۆمار مورات کورومی توشی دڵەڕاوکێ کردووەو دەترسێت شکستبهێنێت لە هەڵبژاردنەکەدا. ئەم هاوکێشەیە بۆ زۆرێک لە شارە گەورەکانی دیکەیش ڕاستە. پارتی ڕەفاهی نوێ (یەرەپە)، قۆناغێکی نوێی سیاسی لە تورکیا یەرەپە لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ لەلایەن فاتیح ئەربەکانی کوڕی نەجمەدین ئەربەکانی دامەزرێنەری پارتی ڕەفاهیی تورکیاوە دامەزراوە. یەرەپەو فاتیح ئەربەکان خۆیان بە میراتگری نەجمەدین ئەربەکان‌و پارتەکەی دەزانن، لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ وەک یەکەم ئەزموون لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی کۆمار پشتیوانی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ کاندیدی هاوپەمانیەتییەکە بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار، کرد، بەڵام بە لیستی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمان کردو توانیی ٥ کورسی بەدەستبهێنێت.[xiii] ئەمەش بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئەو پارتە هەژماردەکرێت‌و لە دوای ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، دەمپارتی‌و پارتی باش، ڕیزبەندیی شەشەم پارتی سیاسی لە تورکیادا مسۆگەرکردووە. هاوپەیمانیی ئاکپارتی‌و یەرەپە ساڵێکی پڕنەکردەوە، ئەردۆغان وەک هاوپەیمانەکانی دیکەی دەیەوێت فاتیح ئەربەکانیش لە پشتیەوە دەربکەوێت، بەڵام ئەربەکان ئامادە نییە لە سێبەری خوێندکارەکەی باوکیدا درێژە بە سیاسەت بدات‌و خەون بە زیندووکردنەوەی دەسەڵاتەکەی باوکیەوە (نەجمەدین ئەربەکان) دەبینێت، هەر بۆیە لە هەندێک بارودۆخدا فاتیح ئەربەکان نەک وەک هاوپەیمانەکانی ئەردۆغان ملکەچنابێت، بەڵکو لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن توندتر ڕەخنە لە حکومەتەکەی ئەردۆغان دەگرێت. سەرکەوتنەکەی ٢٠٢٣ی ئەربەکان‌و حیزبەکەی شانازییەکی لە لا دروستکردوون کە خۆیان بە جێگرەوەی ئاکپارتی بزانن، هەر بۆیە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان وەک بنەماو پلەی یەکەمی پەیژەی گرتنەدەستی دەسەڵات لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٠٢٨ی تورکیا دادەنێن. بە هۆی ڕێکنەکەوتنی ئاکپارتی‌و یەرەپەوە بە دوو شێوە مەترسی لە سەر کەمبوونەوەی دەنگ‌و لەدەستدانی چەند شارەوانییەک بۆ ئاکپارتی دروستبووە. لە شارە گەورەکانی وەک ئەستەنبوڵ، ئەنقەرەو ئەنتالیا؛ یەرەپە کاندیدی هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دەنگی کاندیدی ئاکپارتی‌و پێدەچێت بەرانبەر بە کاندیدی جەهەپە گورزێکی کوشندەی بەربکەوێت. هەروەها یەرەپە لە ئورفا، کە بە قەڵای ئاکپارتی لە باکووری کوردستان دادەنرێت، قاسم گولپناری کاندیدکردووە بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانی، ناوبراو لە سەر لیستی ئاکپارتی لە هەڵبژادنەکانی ٢٠٢٣ وەک ئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردراوە، لە هەمان کاتدا ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حیزبەو ڕاوێژکاری خودی ئەردۆغان بووە، بەڵام لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ دەستیلەکارکێشاوەتەوەو لەلایەن یەرەپەوە کاندیدکراوە بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئورفا.[xiv] هەروەها لە بوڕسا، کە بە یەکێک لە شارە گەورەکانی تورکیا دەدانرێت، سەدات یاڵچن؛ بەرپرسی پێشووی لقی بوڕسای ئاکەپە، لەلایەن یەرەپەوە کاندیدکراوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانی، بە گوێرەی زانیارییە بەدەستهاتووەکان‌و ڕاپرسییەکان سەرکەوتنی کاندیدەکەی ئاکپارتی لە بوڕسا زۆر قورسە.[xv] دەستلەکارکێشانەوە لە ئاکپارتی‌و پەیوەندیکردن بە یەرەپە تەنها لە ئاستی بەرپرساندا نییە، بەڵکو باس لە دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی چەندین لق‌و ناوچەی ئاکپارتی‌و پەیوەندیکردن بە یەرەپەوە دەکرێت. هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ سەرەتای قۆناغێکی نوێی سیاسی لە تورکیادا، بە جۆرێک ڕەوتی هزری نەتەوەیی (Milli Görüş) بە هێزەوە دێتەوەمەیدان‌و ئاڵای پێشڕەویی ئیسلامی سیاسی لە تورکیادا لە دەستی خوێندکارەکەی نەجمەدین ئەربەکان (ئەردۆغان)ەوە دەکەوێتەدەستی فاتیح ئەربەکانی کوڕی. ڕکابەری دەمپارتی‌و ئاکپارتی لە باکووری کوردستان باکووری کوردستان وەک بەشێک لە خاک‌و دەوڵەتی تورکیا بووەتە مەیدانی ململانێیەکی توندی پارتە دەسەڵاتدارەکان‌و دەمپارتی، کە پشتیوانیی زۆرینەی کوردەکانی هەیە. ئێستا ڕکابەرییەکانی ئاکپارتی، کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە فەرمانڕەوایی تورکیا دەکات، لەگەڵ دەمپارتیدا، کە درێژکراوەی سەرجەم ئەو پارتە کوردییانەیە کە زۆرینەی کوردەکانی باکوور پشتیوانیدەکەن‌و هەر ماوەیەک‌و بە هۆکارێک دادەخرێت، لە شارەکانی ئامەد، ئورفا، وان، ماردین‌و باتمان ڕکابەرییەکی سەخت لە نێوان هەردوو پارتەکەدا هەیە. دەمپارتی بە پشتبەستن بە بڵاوکردنەوەی ستەمەکانی دەوڵەت‌و سوپاو هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ناوەوەو دەرەوەی تورکیا هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی کوردەکان دەدات، ئاکپارتییش بە پشتیوانیی گرووپە ئاینییە کوردەکان‌و ڕەوتی پارێزکارو دژەچەپ هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین سەرۆکی شارەوانی دەدات. هەرچەندە بەدەستهێنانی کورسیی سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارە گەورەکانی باکووری کوردستان لەلایەن ئاکپارتییەوە جگە لە ئورفا، بە کارێکی سەخت دادەنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دانانی قەییوم لە جێگەی سەرۆکشارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی دەمپارتی/هەدەپە لە ساڵانی ڕابردوودا لە لایەک‌و گواستنەوەی ژمارەیەکی زۆری شوێنی دەنگدانی هێزە ئەمنییەکان‌و فەرمانبەر بۆ باکووری کوردستان، ئومێدێکی بە ئاکپارتی بەخشیوە کە دەنگدەرانی دەمپارتی بێزاربووبن لەو دۆخەو بەشداریی هەڵبژاردنەکان نەکەن، بەم جۆرە ئاکپارتی دەیباتەوە. لە بەرانبەردا بەشداریکردنی کاندیدانی هوداپار جیاواز لە ئاکپارتی بەشێکی باش لە دەنگی ئیسلامییە کوردەکان، بە تایبەت ئەوانەی لە سیاسەتی ئاکپارتی دڵڕەنجاون، دەبات بۆ خۆی، بەم جۆرە کەلێنێکی دیکە لە ڕێژەی دەنگی ئاکپارتی لە باکووری کوردستاندا دروستدەبێت. هەڵبەت کاندیدانی هوداپار تەنها مەترسی نین بۆ ئاکپارتی، بەڵکو دەنگی بەشێک لە کوردە نەتەوەپەرستە پارێزکارو ڕاستڕەوەکانیش بۆ خۆی مسۆگەردەکات، ئەمە لە کاتێکدایە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا بەشێک لەو کەسانە دەنگیان بە دەمپارتی/هەدەپە داوە. لەگەڵ ئەمانەشدا جگە لە ئورفاو شرناخ، هیچ شارێکی دیکەی گەورەی باکووری کوردستان ناکەوێتە چوارچێوەی ئەو پێشبینیانەی بۆ بردنەوەی ئاکپارتی دەکرێن. گواستنەوەی شوێنی دەنگدانی هێزە ئەمنییەکان بۆ شارە کوردییەکان لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکان، گواستنەوەی شوێنی دەنگدەران بە تایبەت هێزە ئەمنییەکان، دەبێتە یەکێک لە ڕۆژەڤە گەرمەکانی میدیای ئۆپۆزسیۆن‌و بە تایبەت ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە دەمپارتی. بە گوێرەی ڕاپۆرتی لقەکانی دەمپارتی، تاوەکو ٢٨ی شوبات ٥٤ هەزارو ٦٠ دەنگدەر لە هێزە ئەمنییەکان‌و کارمەندی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، کە دەنگ بە ئاکپارتی دەدەن، شوینی دەنگدانیان گوێزراوەتەوە، زۆرینەشیان بۆ پارێزگاکانی باکووری کوردستان بووە.[xvi] بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، ژمارەیەکی زۆری دەنگدەر بۆ ٢٤ پارێزگاو قەزا، کە زۆرینەیان دەکەونە باکووری کوردستانەوە، گوازراونەتەوە، بە گشتی لە مانگی ئایارەوە تاوەکو تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بەرزبوونەوەو نزمبوونەوەی ڕیژەی دەنگدەر لە نێوان (٢٪) بۆ (٥٪) بووە، بەڵام لە ئامەد، شرناخ، هەکاری، ئێلیه، ئاگری، موش، ئیغدر، قارس، ئورفا، سیرت، ماردین‌و دەرسیم لە ماوەی تەنها ٦ مانگدا ڕێژەی دەنگدەر لە (٧٪)ەوە بۆ (٢٢٪)  بەرزبووەتەوە. لە ١١ شوێن لەو ناوچانەی کە بە ڕێژەیەکی زۆر دەنگدەری بۆ گوێزراوەتەوە، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩ هەدەپە/دەمپارتی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە ٧ ناوچەی دیکەش ئاکپارتی بە پشتیوانیی دەنگی گوازراوەو دەنگدەری پارتەکانی دیکە بردوویەتیەوە.[xvii] بە گوێرەی هەواڵێکی (DW/Türkçe)، لە پارێزگای سیرتی باکووری کوردستان تەنها لە دوو بینای سەربازیدا ٤ هەزارو ٨٨ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان جێگیرکراون.[xviii] ئەمە لە کاتێکدایە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩دا، کاندیدەکەی هەدەپە تەنها بە جیاوازیی هەزارو ٦١٦ دەنگ سەرکەوت بە سەر کاندیدی ئاکپارتیدا.[xix] حکومەت ١٠ هەزارو ٨٣٢ دەنگدەری گواستووەتەوە بۆ ناوەندی پارێزگای هەکاری‌و چەند قەزایەکی دەوروبەری، زۆرینەیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانن، هەروەها باس لە گواستنەوەی شوێنی دەنگدەر بۆ پارێزگای مێرسینیش دەکرێت. گواستنەوەی بەشێک لەم دەنگدەرانە تەنها بۆ ڕۆژی دەنگدانە، بە جۆرێک بە گوێرەی ڕاپۆرتی لیژنەی هەڵبژاردن لە لقەکانی دەمپارتی “لە خانوویەکدا (شوقەیەکدا) زیاد لە ١٠٠ کەس جێگیرکراوە”.[xx] لەم پارێزگایەشدا لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا، کاندیدی هەدەپە بە جیاوازیی ٨ هەزارو ٥٥٥ دەنگ سەرکەوتووە بە سەر کاندیدی ئاکپارتیدا.[xxi]         پەرلەمانتاری مێرسینی جەهەپە ڕایگەیاندووە: “بەشێک لە دەنگدەرە گوازراوەکان لە فەرمانگەی نیشتەجێبوون بەبێ ڕەزامەندیی خاوەن ماڵەکان، لەو ماڵانەی کە چۆڵن، جێگیرکراون.”[xxiii] ناجێگیریی دۆخی ئەمنی بە هۆی پێکدادانەکانی سوپاو گەریلاکانی پەکەکەوە وەک بەهانە لەلایەن دەسەڵاتەوە بەکاردەهێنرێت بۆ بەسەربازیکردنی ئەو ناوچانە، بە تایبەت لە هەڵبژاردنەکانداو بۆ پاراستنی ئارامیی ڕۆژی هەڵبژاردن ژمارەیەکی زۆر کارمەندی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی تورکیاوە، کە لە بنەڕەتدا دەنگدەری پارتی دەسەڵاتدارن، دەگوێزرێنەوە بۆ ئەو شارانە. بەم جۆرە لە لایەکەوە ئارامیی ناوچەکە مسۆگەردەکرێت، لە لایەکی دیکەوە جۆرێک لە ترس‌و دڵەڕاوکێ لە لای هاوڵاتیانی ئەو ناوچانەو بە تایبەت دەنگدەرانی دەمپارتی دروستدەکرێت، لە سەرووی ئەمانەشەوە ئەو ژمارە زۆرەی دەنگدەر کاریگەریی لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە سوودی ئاکەپەو زیانی دەمپارتی دەبێت. لەگەڵ ئەمانەشدا هەندێک پەرلەمانتاری ئاکپارتی باس لەوە دەکەن کە “لەو شارانەی کە دەمپارتی کاندیدی بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانی نییە، لیستی ناوی بەشێک لە دەنگدەران گوازراونەتەوە بۆ شارەکانی دیکە”. سەرەڕای سکاڵای بەرپرسانی دەمپارتی‌و بەرەی ئۆپۆزسیۆن، لایەنە پەیوەندیدارەکان‌و دادگا بێدەنگن لە ئاست ئەو هەنگاوانەی دەسەڵات‌و تەنها گواستنەوەی شوێنی ٢٢٢ کەس بە نایاسایی لەقەڵەمدراوە. لەبەرئەوەی گواستنەوەی شوێنی دەنگدەران تاوەکو ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بووەو سکاڵاکان لە سەرەتای ٢٠٢٤ تۆمارکراون، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش ئەو سکاڵایانەی ڕەتکردووەتەوە.[xxiv] بە گوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩ ئاکپارتی شارەوانییەکانی شرناخ‌و ئورفا دەباتەوە، لە ڕێگەی گواستنەوەی دەنگدەرانیشەوە تا ڕادەیەک بردنەوەی شارەوانییەکانی سیرت‌و هەکاریی مسۆگەرکردووە، بەڵام بە هۆی جیاوازیی زۆری دەنگی دەمپارتییەوە، مەحاڵە ئاکپارتی شارەوانییەکانی ئامەد، ماردین، باتمان‌و وان بباتەوەو هەریەک لە شارەوانییەکانی ئیغدرو قارسیش هێشتا ڕوون نییە کامیان دەیباتەوە. قەییوم؛ هۆکارێک بۆ ساردکردنەوەی کوردەکان لە دەنگدان تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئاکپارتی‌و هەدەپە، بە دوایدا لەبارچوونی پڕۆسەی ئاشتی، ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسی‌و ئەمنیی باکووری کوردستان‌و دواجار هەڵگەڕانەوە سەربازییە شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦ بوونە هۆی دەستپێکردنەوەی فشار لەلایەن دەسەڵات‌و حکومەتەوە بۆ سەر پەرلەمانتار، سەرۆکشارەوانی، بەرپرس‌و ئەندامانی هەدەپە/دەمپارتی. لەگەڵ هەڵگرتنی پارێزبەندی‌و دواتریش زیندانیکردنی چەندین پەرلەمانتارو هاوسەرۆکانی هەدەپەو چەند ئەندامی مەکتەبی سیاسی‌و سەرکردایەتی‌و ئەندام‌و لایەنگری، چەندین سەرۆکشارەوانیی هەڵبژێردراوی هەدەپە لە باکووری کوردستان بە تۆمەتی “پشتیوانی‌و پەیوەندی‌و ئەندام لە ڕێکخراوی تیرۆریستی‌و بەکارهینانی پۆست‌و ئامرازەکانی شارەوانی بۆ گرووپی تیرۆریستی” بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی تورکیا لابراون‌و لە جێگەیان کەسێک دانراوە، کە بە قەییوم (Kayyum) ناسراوە.[xxv] دوای هەڵگەڕانەوە شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦ لە ڕێگەی دەرکرنی بڕیارنامە لە بریی یاسا (Kanun Hükmünde Kararname)وە، چەندین سەرۆکشارەوانیی هەدەپە لە سەر داوای سەرۆککۆمارو بە فەرمانی سولەیمان سۆیڵو؛ وەزیری ناوخۆی ئەو کاتەی تورکیا، لابراون.[xxvi] ئەم بڕیارانە جۆرێک لە دوودڵی‌و ساردکردنەوەی لە لای هاوڵاتیانی کورد دروستکردووە، بە جۆرێک کوردەکان پێیان وایە دوای سێ مانگ لە هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانی لەلایەن دەوڵەتەوە، بە تۆمەتی “پشتیوانیی ئەندامیەتی لە ڕێکخراوی تیرۆریستی”، سەرۆکشارەوانیی هەڵبژێردراو لادەبرێت‌و لە جێگەی قەییوم دادەنرێت. بە گوێرەی توێژینەوەیەکی ناوەندی سپێکتڕووم هاوس بۆ بیرو توێژینەوە (SpectrumHouse Düşünce ve Araştırma Merkezi)، دانانی قەییوم جۆرێک لە شڵەژانی لە خزمەتگوزاریی گشتی دروستکردووە، هەر ئەمەش هۆکارە بۆ دوودڵیی هاوڵاتیان لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان‌و دەنگدان بە کاندیدانی دەمپارتی/هەدەپە.[xxvii] ململانێ ناوخۆییەکانی دەمپارتی‌و کاندیدنەکردنی باشاک دەمیرتاش دەمپارتی وەک هەر پارتێکی دیکە خاڵی نییە لە ململانێ ناوخۆییەکان. هەر لە زیندانیکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش؛ هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەوە، ململانێکانی باڵی دەمیرتاش (کاریزما)و باڵی ناوەندی (دامەزراوەیی)و باڵی قەندیل سەریهەڵداوە. بەو مانایەی سەڵاحەدین دەمیرتاش وەک سەرکردەیەکی دیاری گەنج لە باکووری کوردستان ئەستێرەی بەختی دەرکەوتبوو، تەنانەت لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش وەک سەرکردەیەکی مەزن لێی دەڕوانرا. بەرپرسانی دیکەی هەدەپەو باڵی قەندیلیش لە ناو پارتەکەدا هەستیان بە مەترسییەکانی بەهێزبوونی دەمیرتاش‌و پشتیوانانی دەکرد. بە جۆرێک باڵی دامەزراوەیی دەترسان تەواوی جومگە هەستیارەکانی پارتەکە بکەوێتە دەستی دەمیرتاش‌و کەسایەتیی کاریزمایی ئەو پیاوە ڕێگە لە دامەزراوەییبوونی پارتەکە بگرێت. بەو واتایەی لە بریی دامەزراوە فەرمییەکانی پارتەکە، خەڵکی زیاتر گوێ بۆ دەمیرتاش بگرن. لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی پەکەکە لە قەندیل پێیان وایە دەرکەوتنی دەمیرتاش بەو جۆرە لە کەسایەتیی کاریزمایی عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛ ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، کەمدەکاتەوەو پێدەچێت لە ساڵانی ئایندەدا دەمیرتاش جێگەی ئۆجەلان بگرێتەوە وەک سەرکردەیەکی سیاسیی کورد. ئەم ململانێیانەی دەمیرتاش‌و ڕکابەرەکانی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٠٢٣ گەیشتە لوتکەو بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ڕێگەی باشاک دەمیرتاشی خێزانی سەڵاحەدین دەمیرتاشەوە بۆمبەکە تەقێنرایەوە. دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣، دەمیرتاش لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕەخنەی توندی لە بەرپرسانی هەدەپە گرت‌و تۆمەتباریکردن بەوەی ڕێگر بوون لە بەردەم خۆکاندیدیکردنی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار وەک کاندیدی هەدەپە، هەر لەبەرئەوەش بوو بڕیاریدا واز لە “سیاسەتی ئەکتیڤ” بهێنێت.[xxviii] لەو کاتەوە زۆر بە کەمی تەنها لە تویتەر بۆچوونی خۆی لە سەر پێشهاتەکان بڵاودەکاتەوە. بەدەر لەوە، تەنها یەک چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانیی کردووە. بۆ ئەم هەڵبژاردنەش سەڵاحەدین دەمیرتاش هەوڵیدا لە ڕێگەی باشاک خانمی خێزانیەوە کەسایەتیی کاریزمی خۆی بە سەر دەمپارتی/هەدەپەوە ڕابگرێت‌و نەهێڵێت شکۆی بەشداریی کارای سیاسیی خێزانەکەی بە تایبەت لە ناو بزوتنەوەی نەتەوایەتیی کورد لە تورکیاو باکووری کوردستان بڕوخێت، هەر بۆیە دوای گفتوگۆی باشاک خانم‌و سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانی ئەدیرنە، خێزانەکەی دەمیرتاش ڕایگەیاند، ئەگەر دەمپارتی بەربژێریبکات، ئامادەیە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ خۆی کاندیدبکات. لێدوانەکەی باشاک خانم لە ڕێگەی ڕۆژنامەنوسێکی نزیک لە بنەماڵەکەوە بووە، هەر بۆیە بەرپرسانی دەمپارتی شکۆدار بەو هەواڵە. جگە لەوەش، بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە هاوکات بوو لەگەڵ گفتوگۆکانی دەمپارتی‌و جەهەپەدا بۆ ڕێککەوتن لە سەر کاندیدی ژمارەیەک شارەوانی، کە ئەستەنبوڵ لە سەرووی هەموویانەوە بووە، بەڵام لێدوانی خێزانەکەی دەمیرتاش گفتوگۆکانی دەمپارتی‌و جەهەپەی لەباربرد. لەگەڵ ئەوەی ئەندام‌و لایەنگرانی دەمپارتی‌و تەنانەت پارتەکانی دیکەیش چاوەڕێبوون باشاک دەمیرتاش وەک کاندیدی دەمپارتی بۆ شارەوانیی ئەستەنبوڵ ڕابگەیەنرێت، پێچەوانەی هەموو بۆچوونەکان، باشاک خانم لە ڕێگەی تویتەرەوە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەدا کە “ئەو دۆخەی تێیکەوتووین، وا دەخوازێت کە بکشێمەوە لە کاندیدی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ”.[xxix] بە دوای ئەمەشدا سەڵاحەدین دەمیرتاش‌و مەکتەبی سیاسیی دەمپارتی ڕوونکردنەوەیان بڵاوکردەوە. گوزارشتی هاوبەشی هەرسێ ڕاگەیەنراوەکە بریتی بوو لە جەختکردنەوە لە سەر کشانەوەی باشاک خانم لە کاندیدی، بە ڕەزامەندیی خۆی‌و ئامادەیی هەموان بۆ خزمەتکردن لە ناو دەمپارتیدا. دواجاریش لەلایەن دەمپارتییەوە مێرال دانش بێش، کە ئێستا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکەیە، لە پەرلەمانی تورکیا کاندیدکرا بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ. پێناچێت ناکۆکییە ناوخۆییەکانی دەمپارتی بە ئاسانی لەم هەڵبژاردنە دەربازیبکەن، هەر بۆیە چاوەڕواندەکرێت کشانەوەی باشاک دەمیرتاش کاریگەریی لە سەر کەمبوونەوەی دەنگەکانی دەمپارتی لە ئەستەنبوڵ‌و شارەکانی دیکەیش دروستبکات. ئەمەش بە هۆی ئەوەوە کە بەشێک لە ئەندام‌و لایەنگرانی دەمپارتی‌و خودی دەمیرتاش وەک سیمبولێک لە باشاک خانم دەڕوانن‌و پێیان وایە کاندیدنەکردنی ئەو خانمە بەشێکە لە هەوڵەکانی ڕێگری لە سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ گەڕانەوە بۆ مەیدانی سیاسەت‌و بەردەوامیی درەوشانەوەی ئەستێرەی بەختی. هەروەها ناکرێت ڕۆڵ‌و کاریگەریی قەندیل بۆ ڕێگری لە کاندیدکردنی دەمیرتاش نادیدەبگرین، ئەمەش بە هۆی ئەوەوە کە قەندیل پێی وایە بەهێزتربوونی کەسایەتیی دەمیرتاش کاریگەریی دەبێت لە سەر کەمکردنەوەی سۆزو مەیلی کوردەکان بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان. هوداپار وەک جێگرەوەی ئاکپارتی‌و دەمپارتی پارتی داوای ئازاد (هوداپار) Hür Dava Partisi (HÜDAPAR) وەک پارتێکی ئیسلامیی سیاسیی کوردی لە باکووری کوردستان‌و تورکیا هاتووەتە مەیدان‌و دەیەوێت لە ڕێگەی گوتاری ئیسلامییەوە ببێتە جیگرەوەی ئاکپارتی‌و دەمپارتی بۆ کوردەکانی تورکیا. ئەم پارتە لە دامەزراندنیەوە لە ساڵی ٢٠١٢ تاوەکو ئێستا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار بێبەرانبەر پشتیوانیی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کردووە، بەڵام لە هەڵبژارنەکانی پێشووی پەرلەمان‌و شارەوانییەکاندا کاندیدی خۆی هەبووە، لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ی پەرلەمان ٤ کاندیدی هوداپار لە لیستی ئاکپارتی بەربژێرکران‌و هەر چواریان سەرکەوتن. بۆ ئەم هەڵبژاردنەش هوداپار نەگەیشتە ڕێککەوتنی گشتی لەگەڵ ئاکپارتیدا، هەر بۆیە لە شارە گەورەکانی وەک ئەستەنبوڵ‌و ئەنقەرە پشتیوانی لە کاندیدانی ئاکپارتی دەکات، بەڵام لە شارەکانی باکووری کوردستان کاندیدی خۆی بەربژێرکردووە. هوداپار چاویبڕیوەتە شارەوانییەکانی باتمان‌و ئورفا، ئەمەش بە هۆی لاوازیی دەمپارتییەوە لە ئورفاو کاندیدکردنی سەرکان ڕامانڵی (Serkan Ramanlı) بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی باتمان، کە پێشتر وتەبێژی هوداپار بووەو ئێستاش ئەندام پەرلەمانی باتمانی هوداپارە. ڕامانڵی یەکێکە لە پەرلەمانتارو سەرکردە دیارەکانی هوداپارو لە ناو ڕێکخستنەکانی ئەو حیزبەو خەڵکی باتماندا کاریگەریی بەرچاوی هەیە. هەرچەندە سەرکەوتنی کاندیدەکانی باتمان‌و ئورفاو زۆربەی پارێزگاو قەزاکانی دیکەی هوداپار مەحاڵە، لەگەڵ ئەوەیشدا بەرپرسانی ئەو حیزبە چاوەڕێی بەدەستهێنانی نزیکەی یەک ملیۆن دەنگ دەکەن لەم هەڵبژاردنەدا، ئەمەش بەراورد بە ڕێژەی دەنگەکانیان لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٠٢٣ ڕێژەیەکی زۆر بەرزە. بەرپرسانی هوداپار، ڕەنجانی ژمارەیەکی زۆر کوردی ئیسلامی لە سیاسەتەکانی ئاکپارتی‌و لە هەمان کاتدا بە هۆی پشتیوانیی هەدەپە/دەمپارتییەوە لە کەمال کلیچدارئۆغڵو لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری ٢٠٢٣، کشانەوەی بەشێک لە کوردە نەتەوەپەرستە پارێزکارەکان لە پشتیوانی لە هەدەپە/دەمپارتی بەدەرفەتدەزانن لە ڕێگەی گوتاری نەتەوەیی/ئیسلامییەوە ختوکەی هەستی ئیسلامپەروەری‌و کوردپەروەری لە باکووری کوردستان بدەن‌و بەمەش ڕێژەی دەنگەکانیان بەرزبکەنەوە. جگە لەمانەش، ئاکپارتی هەوڵی ئاسانکاری بۆ هوداپار دەدات بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتی شارەوانییەکان لەو ناوچانەی کە ناتوانێت ڕکابەریی دەمپارتی بکات. ئەنجام هەڵبژاردنەکەی ٣١ی ئەم مانگەی تورکیا زیاد لەوەی پڕۆسەیەک بێت بۆ دیاریکردنی کەسانێک بۆ بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان بۆ ماوەی ٥ ساڵی دیکە، لە هەمان کاتدا پێوەرێکی یەکلاییکەرەوەیە بۆ پێوانەکردنی هێزی پارتە سیاسییەکان، ئەمەش بە هۆی نەبوونی هیچ هاوپەیمانیەتییەکی فراوانەوە لە نێوان ئەو هێزانەدا. لە لایەکەوە ئاکپارتی هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە جەهەپەو بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەکات لە شارە گەورەکان‌و دەیەوێت بۆ هەموان بسەلمێنێت دەنگەکانی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو جەهەپە لە ٢٠١٩ دەنگی خۆیان نەبووە، بۆ ئەمەش سوود لە ناتەبایی بەرەی ئۆپۆزسیۆن وەردەگرێت. لە بەرانبەردا دەمپارتی دەیەوێت تۆڵەی دانانی قەییوم لە ئاکپارتی بە دەنگی هاوڵاتیان بکاتەوەو بۆ ئەردۆغانی بسەلمێنێت سەرۆکشارەوانی وەک فەرمانبەر دانانرێت، لە باکووری کوردستانیش خەڵک لەگەڵ ئۆجەلان‌و دەمیرتاش‌و دەمپارتیدایە نەک ئەردۆغان‌و پارتەکەی. ئەمە جگە لەوەی دەمپارتی لە ڕێگەی بەربژێرکردنی کاندیدەوە بۆ شارەوانییەکانی ئەستەنبوڵ‌و ئەنقەرە جارێکی دیکە دەیەوێت “ڕۆڵی شا لە شەتڕەنجی سیاسی‌و هەڵبژاردنەکاندا” بەدەستبهێنێتەوە، کە لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری ساڵی ڕابردووەوە لەدەستیداوە. لەگەڵ ئەمانەشدا فاتیح ئەربەکان دەیەوێت تۆڵەی باوکی لە ئەردۆغان بکاتەوەو لە ڕێگەی بەربژێرکردنی کاندیدی شارەوانییە گەورەکانەوە ئومێدی بردنەوەی ئەو شارانەی لە لای ئەردۆغان‌و ئاکپارتی کەمکردووەتەوە. لەولایشەوە هوداپار هەرچەندە پشتیوانی لە ئاکپارتی دەکات لە شارە گەورەکاندا، بەڵام لە باکووری کوردستاندا کەوتووەتە بانگەشەيەکی چڕوپڕو هەوڵی دووبارە ناساندنەوەی خۆی‌و سەرکردەکانی بە خەڵک‌و بەدەستهێنانی مەیلی دەنگدەرە دڵڕەنجاوەکانی ئاکپارتی‌و هەدەپە/دەمپارتی دەدات. لەبەرئەوە هەروەک چۆن ناتوانرێت لەمەودوا باس لە گرەوی ئاکپارتی‌و جەهەپە لە سەر ئەستەنبوڵ‌و ئەنقەرەو شارە گەورەکان بکرێت، بە هەمان جۆر ئیدی تەنها ئاکپارتی‌و هەدەپە دووقۆڵی گرەو لە سەر دەنگی کوردەکانی باکوور ناکەن، بەڵکو هوداپاریش وەک هێزێکی ئیسلامی/کوردی گرەوەکەی کردووە بە سێقۆڵی. وەک چۆن ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر دیاریکردنی کاندیدی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٨ی سەرۆکایەتیی کۆمار دەبێت، بە هەمان جۆر ڕەنگڕێژی شەقامی باکووری کوردستان دەکاتەوەو پێمان دەڵێت کە کێ دەتوانێت نوێنەرایەتیی کوردی باکوور بکات لە ئەنقەرە. [i]  شکستی هەدەپە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بەرپرسانی پارتەکەی ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی دەنگدەرو ئەندامانی کردەوە، هەر بۆیە کۆنگرەی هەدەپەو پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) بەستراو جگە لە هەڵبژاردنی دوو هاوسەرۆکی نوێ بۆ هەردوو پارتەکە، بەرپرس‌و ئەندامانی هەدەپە چوونە ڕیزەکانی یەسەپەوەو ئەم پارتەش ناوەکەی گۆڕدرا بۆ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی). [ii] https://www.yenisafak.com/secim-katilim-orani-2023-toplam-secmen-sayisi-orani-gecerli-ve-gecersiz-oy-sayisi-kac-h-4531048 [iii] TRT HABER, 31 Mart 201 Yerel Seçim Sonuçları, 01.04.2019, Yerel Seçim Sonuçları 2019 – 31 Mart Seçim Sonuçları ve Son Dakika Gelişmeleri (trthaber.com), 05.03.2024 [iv] YSK, 10.01.2024, Siyasi Partilerin Birleşik Oy Pusulasındaki Yerleri, https://www.ysk.gov.tr/tr/31-mart-2024-secimi/46637316, 12.02.2024. [v]   TÜİK, Adrese Dayalı Nüfus Kayıt Sistemi Sonuçları 2023, data.tuik.gv.tr, 06.02.2024, https://data.tuik.gov.tr/Bulten/Index?p=Adrese-Dayali-Nufus-Kayit-Sistemi-Sonuclari-2023-49684, 25.02.2024 [vi] TBMM, 28. Dönem Milletvekili Sandaliye Dağılımı, tbmm.gov.tr, 29.05.2023, https://www.tbmm.gov.tr/sandalyedagilimi, 25.02.2024 [vii] TCCB, Cumhurbaşkanlığı Kabinesi, tccb.gov.tr, 05.06.2023, https://www.tccb.gov.tr/kabine/, 25.02.2024 [viii] سیستەمێکی تایبەتە بۆ دیاریکردنی ڕێژەی کەمینەکان لە هەڵبژاردنەکاندا، بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٦١ لە سەردەمی فەرمانڕەوایی جۆن کەنەدی لە ئەمریکا بۆ بەشداریی ڕەشپێستەکان لە هەڵبژاردنەکان‌و نوێنەرایەتییان لە کۆنگرێس پەیڕەوکرا، دواتر ئافرەتان داوایانکرد ئەو سیستەمە بۆ بەشداریی ئەوانیش جێبەجێبکرێت، لە ساڵی ١٩٩٥ لە کۆنگرەی چوارەمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەکینی پایتەختی چین بە فەرمی بڕیاردرا بە جێبەجێکردنی سیستەمی کۆتا بۆ بەشداریی ئافرەتان لە کایە جیاوازەکانی ژیان‌و بە تایبەت لە سیستەمی سیاسی‌و فەرمانڕەوایی‌و بەڕێوەبردنی دەوڵەت‌و پارتە سیاسییەکان‌و ڕێکخراوەکاندا، ئەمەش زیاتر لە ڕێگەی جیاکردنەوەی ڕێژەیەکی دیاریکراوەوە بۆ بەشداری‌و نوێنەرایەتیکردنی ئافرەتان لە هەڵبژاردنەکان‌و بە تایبەت هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا جێبەجێدەکرێت، ئەو ڕێژەیەی دیاریکراوە، بە پێی وڵات‌و پارتە سیاسییەکان دەگۆڕێت‌و بە گشتی لە نێوان (٢٠٪) بۆ (٣٠٪)دایە. [ix] BBC News Türkçe, Erdoğan yeni kabineyi açıkladı: Mehmet Şimşek Hazine ve Maliye, Hakan Fidan Dışişleri, Ali Yerlikaya İçişleri Bakanı oldu, 03.06.2023, https://www.bbc.com/turkce/articles/ck7dr8x17p2o, 27.02.2024 [x] Gülsen Solaker, Kadınlar yerel siyasette neden daha az temsil ediliyor?, dw.com, 23.02.2024, https://www.dw.com/tr/kad%C4%B1nlar-yerel-siyasette-neden-daha-az-temsil-ediliyor/a-68355308, 25.02.2024 [xi] Hürriyet, https://www.hurriyet.com.tr/bilgi/galeri-istanbul-secimleri-anketi-sonuclari-2024-iste-murat-kurum-ve-ekrem-imamoglu-yarisinda-son-durum-42413500/5, 03.03.2024,  https://www.hurriyet.com.tr/bilgi/galeri-istanbul-secimleri-anketi-sonuclari-2024-iste-murat-kurum-ve-ekrem-imamoglu-yarisinda-son-durum-42413500/5, 05.03.2024 [xii] Sabah, 23 Haziran İstanbul Seçimi, 24.06.2019, https://www.sabah.com.tr/secim/23-haziran-2019-istanbul-secim-sonuclari/, 05.03.2024 [xiii] Haber Türk, 2023 Milletvekili Seçimi, 29.05.2023, https://www.haberturk.com/secim/secim2023/genel-secim, 05.03.2024 [xiv]  Cuumhuriyet, AKP yönetiminde deprem: Kasım Gülpınar istifa etti, Yeniden Refah’ın adayı oldu, 23.01.2024, https://www.cumhuriyet.com.tr/siyaset/akp-yonetiminde-deprem-kasim-gulpinar-istifa-etti-yeniden-refahin-2166775#:~:text=G%C3%BClp%C4%B1nar%27%C4%B1n%20istifas%C4%B1%20ve%20Yeniden%20Refah%27a%20kat%C4%B1l%C4%B1m%C4%B1%20bizzat%20Yeniden,partisinin%20%C5%9Eanl%C4%B1urfa%20B%C3%BCy%C3%BCk%C5%9Fehir%20Belediye%20Ba%C5%9Fkan%20Aday%C4%B1%20oldu%C4%9Funu%20a%C3%A7%C4%B1klad%C4%B1., 05.03.2024 [xv] Serbestgorus, AKP’nin ‘Bursa’ çıkmazı: ‘YRP oyları bölüyor’ endişesi büyüyor, 17.02.2024, https://serbestgorus.com/2024/02/akpnin-bursa-cikmazi-yrp-oylari-boluyor-endisesi-buyuyor/, 05.03.2024 [xvi] Mezopotamya Ajansı, DEM Parti usulsüz seçmenler için suç duyurusunda bulundu, 28.02.2024, DEM Parti usulsüz seçmenler için suç duyurusunda bulundu – Mezopotamya Ajansı (mezopotamyaajansi35.com), 04.03.2024 [xvii] Azad Altay, AKP hangi il ve ilçelere ‘seçmen’ taşıyor?, 21.12.2023, AKP hangi il ve ilçelere ‘seçmen’ taşıyor? Mezopotamya Ajansı (mezopotamyaajansi35.com), 05.03.2024 [xviii] DW Türkçe, Siirt’te inşaat halindeki askeri lojmana 2099 kişi, bir diğer askeri lojmana ise 1989 seçmenin kaydedildiği ortaya çıktı, 30.01.2024, https://x.com/NEWSSHORTT/status/1752423995599950194?s=20, 04.03.2024 [xix] SÖZCÜ, 2019 Yerel Seçim Sonuçları, Siirt Seçim Sonuçları: 31 Mart 2019 Siirt Yerel Seçim Sonuçları (sozcu.com.tr), 04.03.2024 [xx] Artı Tv, DEM Parti, Hakkari’de 10 bin 832 seçmenin taşındığını tespit etti, 01.02.2024, (508) DEM Parti, Hakkari’de 10 bin 832 seçmenin taşındığını tespit etti – YouTube, 04.03.2024 [xxi] SÖZCÜ, 2019 Yerel Seçim Sonuöları, Hakkari Seçim Sonuçları: 31 Mart 2019 Hakkari Yerel Seçim Sonuçları (sozcu.com.tr), 04.03.2024 [xxii] SÖZCÜ, 2019 Yerel Seçim Sonuçları, Diyarbakır Kulp Seçim Sonuçları: 31 Mart 2019 Diyarbakır Kulp Yerel Seçim Sonuçları (sozcu.com.tr), Diyarbakır Eği̇l Seçim Sonuçları: 31 Mart 2019 Diyarbakır Eği̇l Yerel Seçim Sonuçları (sozcu.com.tr), Diyarbakır Hazro Seçim Sonuçları: 31 Mart 2019 Diyarbakır Hazro Yerel Seçim Sonuçları (sozcu.com.tr), 05.03.2024 Mahmut Bozarsılan, Diyarbakır Barosu’ndan Yüksek Seçim Kurulu’na “seçmen kaydırma” başvurusu, 24.01.224, Diyarbakır Barosu’ndan Yüksek Seçim Kurulu’na “seçmen kaydırma” başvurusu (voaturkce.com), 05.03.2024 [xxiii] Referans Türk, CHP Milletvekili Kış, usulsüz seçmen taşıma iddiaları için meclis araştırma önergesi Verdi, 01.02.2024, CHP Milletvekili Kış, usulsüz seçmen taşıma iddiaları için meclis araştırma önergesi verdi – ReferansTürk (referansturk.com), 04.03.2024 [xxiv] Mezopotamya Ajansı, DEM Parti usulsüz seçmenler için suç duyurusunda bulundu, 28.02.2024, DEM Parti usulsüz seçmenler için suç duyurusunda bulundu – Mezopotamya Ajansı (mezopotamyaajansi35.com), 04.03.2024 [xxv] T.C. İçişleri Bakanlığı, Diyarbakır, Mardin, Van Büyükşehir Belediye Başkanlarının Görevden Uzaklaştırılmasına Dair Basın Açıklaması 19.08.2019, https://www.icisleri.gov.tr/diyarbakir-mardin-van-buyuksehir-belediye-baskanlarinin-gorevden-uzaklastirilmasina-dair-basin-aciklamasi. [xxvi] Halk TV, Soylu’dan Skandal HDP’li Belediyeler Açıklaması: Hepsini İki Günde Görevden Aldık, 11.05.2023, https://halktv.com.tr/siyaset/soyludan-skandal-hdpli-belediyeler-aciklamasi-hepsini-iki-gunde-gorevden-aldik-738278h, 05.03.2024 [xxvii] Deniz Gedik, Türkiye Yerel Yönetim Sisteminde Bir Kara Delik: Kayyum Uygulamaları, http://spectrumhouse.com.tr/turkiye-yerel-yonetim-sisteminde-bir-kara-delik-kayyum-uygulamalari/, 05.03.2024 [xxviii] Medyascope, Demirtaş Aktif Siyaseti Bıraktı, 31.05.2023, https://medyascope.tv/2023/05/31/demirtas-aktif-siyaseti-birakti/, 06.03.2024 [xxix] Sondakika, Başak Demirtaş Adaylıktan Neden Çekildi, 07.02.2024,  https://www.sondakika.com/politika/haber-basak-demirtas-in-adayliktan-neden-cekildi-ak-16825642/, 06.03.2024  


(دره‌و): ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاریدا وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ ئه‌و قه‌رزانه‌ بداته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ بانكی بازرگانی عێراق (TBI) وه‌ریگرتووه‌، به‌ڵام دواتر پاره‌كه‌ له‌ پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌دا ببڕدرێت. بڕی ئه‌م قه‌رزه‌ له‌سه‌ر شانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌، مانگانه‌ (53 ملیار) دیناره‌، بۆ هه‌ر ساڵێك بڕه‌كه‌ی ده‌بێت به‌ (636 ملیار) دینار‌. یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق كه‌ كۆتاییه‌كانی حوزه‌یرانی 2023 كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردن، له مادده‌ی (12/و)دا، چۆنیه‌تی پاكتاوكردنی ئه‌م قه‌رزه‌ی له‌سه‌رحكومه‌تی هه‌رێم دیاریكردووه‌و ده‌ڵێ:" ئه‌و پارانه‌ی بانكی بازرگانی عێراق TBI كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ بانكه‌ حكومی و ئه‌هلییه‌كان پاكتاو ده‌كرێت، وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ هه‌ڵده‌سێت به‌ خشته‌به‌ندكردنی قیسته‌كان به‌شێوه‌ی مانگانه‌و له‌ پشكی هه‌رێم ده‌بڕدرێت، له‌ ساڵی دارایی 2023وه‌ ده‌ستپێده‌كات و بۆ ماوه‌ی حه‌وت ساڵ). ناكۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ له‌باره‌ی مادده‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ یاسای بودجه‌دا، وایكرد مادده‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌رێم هێشتا نه‌كه‌وتونه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردن، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق دیاری نه‌كراو تائێستا قه‌رزه‌كانی بانكی بازرگانی له‌سه‌ر شانی حكومه‌تی هه‌رێم نه‌دراونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ هۆكاره‌كه‌ بوو كه‌ دوێنێ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵی پابه‌ند كرد به‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی ئه‌و بانكه‌ بداته‌وه‌و دواتر له‌ پشكی هه‌رێم بیبڕێت. ئه‌م قه‌رزه‌ چییه‌ ؟ ئەم قەرزە كە ئێستا كەوتوەتە سەر شانی حكومەتی هەرێم، هاوشێوەی زۆربەی قەرزە كەڵەكەبووەكانی تر، مێژووەكەی بۆسەردەمی كابینەی پێشوو (كابینه‌ی هه‌شته‌م به‌ سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی) دەگەڕێتەوە، كە بەكۆی گشتی (27 ملیار) دۆلارەو بە میراتیی بۆ كابینه‌ی نۆیه‌‌م (كابینه‌ی مه‌سرور بارزانی) بەجێماوە. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، قەرزەكەی بانكی TBI بریتییە لە ژمارەیەكی زۆر چەكی بانكیی بێ رەسیدی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە كابینەی پێشوو داویەتی بە بەڵێندەران‌و بەڵێندەرانیش لە بازاڕدا چەكەكانیان فرۆشتوەتەوە. بانكی TBI دواتر لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا ئەو چەكە بێ رەسیدانەی وەرگرتووە‌و پارەكەی بەڵێندەرانی خەرجكردووە، كۆی پارەی ئەو چەكە بێ رەسیدانە كە بانكە عێراقییەكە بە قەرز لەسەر حكومەتی هەرێم بۆ بەڵێندەرانەی خەرجكردووە لەگەڵ قەرزی بانكی كوردستاندا، بڕەكەی زیاتر له‌ (3 ملیارو 914 ملیۆن) دۆلاره‌، واتا زیاتر له‌ (5 ترلیۆن) دیناره‌. مه‌سرور بارزانی دوای ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، له‌ مانگی حوزه‌یرانی 2020دا دوای له‌ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم كرد، بۆچونی خۆیان له‌باره‌ی قه‌رزه‌كانی سه‌ر شانی حكومه‌ت بخه‌نه‌ڕوو، دیوانی چاودێری دارایی لیژنه‌ی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ پێكهێناو له‌ مانگی ته‌موزی 2020 راپۆرتی خۆی ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كرد. سه‌باره‌ت به‌ قه‌رزه‌كانی بانكی بازرگانی عێراق (TBI)و بانكی كوردستان (KI B)، دیوانی چاودێری ده‌ڵێ:" هۆكاری ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كڕینه‌وه‌و مامه‌ڵه‌كردنی هه‌ردوو بانكی بازرگانی عێراق و بانكی كوردستان به‌ چه‌كی كۆمپانیاو به‌ڵێنده‌ران كه‌ به‌ چه‌كی به‌ڵێندان (صك التعهد) ناسراوه‌، كه‌ خاوه‌نی چه‌كه‌كه‌ به‌ڵێنی داوه‌ تا باشبوونی بارودۆخی دارایی هه‌رێم داوای نرخی چه‌كه‌كه‌ نه‌كات". رێككەوتنی حكومەتی هەرێم‌و بانكی TBI لەیاسای بودجەی 2021دا بەوشێوەیە كراوە، لە ساڵی 2021وه‌ دەستبكرێت بە بڕینی قەرزەكانی بانكی TBI لە پشكی هەرێم‌و لەماوەی (7) ساڵدا كۆی قەرزەكە پاكتاو بكرێت. ئەمە یەكێكی تری لەو مەرجانەی كە لە بودجەی عێراقدا كەوتووەتە سەر شانی حكومەتی هەرێم‌و بەغداد بەشێوەی "مقاصە" واتە لێبڕین لە بەشە بودجەی مانگانەی هەرێمی دەبڕێت. وەرگرتنەوەی قەرزەكانی TBIی لە هەرێمی كوردستان نوێ نییە، لەبودجەی 2019دا، حكومەتی عێراق مانگانە بڕی نزیكەی (12 ملیار) دیناری لە پشكی هەرێم دەبڕی بۆ گەڕاندنەوەی ئەم قەرزانە، دواتریش كە عادل عەبدولمەهدی دەستی لە پۆستی سەرۆك وەزیران كێشایەوە‌و مستەفا كازمی بوو بە سەرۆكی حكومەت، كازمی لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا بۆ ماوەی سێ مانگ موچەی فەرمانبەرانی بۆ هەرێمی كوردستان نارد، لەم ماوەیەشدا بەهەمان شێوە بڕی (12 ملیار) دیناری مانگانە لە موچەی فەرمانبەران دەبڕدرا بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەكانی TBI. به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی ئامانج ره‌حیم سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم، بانكی (TBI) له‌ نوسراوێكدا كه‌ رۆژی 8ی شوباتی 2021 كردویه‌تی، قه‌رزه‌كانی خۆی له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم به‌مشێوه‌یه‌ دیاریكردووه‌: •    بڕی شایسته‌ی بنه‌ڕه‌تی: 4 ترلیۆن و 512 ملیار دینار ÷ 7 ساڵ = 645 ملیار دیناری ساڵانه‌ ÷  12 = 7 ملیارو 53 ملیۆن دیناری مانگانه‌. •    بڕی سود: 1 ترلیۆن و 231 ملیار دینار. •    كۆی گشتی شایسته‌ی بنه‌ڕه‌تی و سود: 5 ترلیۆن و 744 ملیار دینار÷ 7 ساڵ = 820 ملیار دیناری ساڵانه‌ ÷ 12= 68 ملیاری دیناری مانگانه‌. قه‌رزه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌ ته‌نیا پاره‌كانی بانكی بازرگانی عێراق نییه‌ كه‌ وه‌كو قه‌رز له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌، به‌گشتی لەماوەی ساڵی (2012) بۆ کۆتایی ساڵی (2023) قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر حکومەتی هەرێم گەیشتووەته‌ نزیکەی (34 ملیار و 500 ملیۆن) دۆلاری ئەمریکی، کە نزیکەی (28 ملیار) دۆلاری ئه‌م قه‌رزانه‌ بۆسه‌رده‌می حوكمڕانییه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی و پرۆسه‌ی "ئابوری سه‌ربه‌خۆ" ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ قەرزی (موچەی موچەخۆران، پابەندییە داراییەکانی، قەرزی دەرەکی، قەرزی بانکی تی بی ئای و قەرزی ناوخۆیی)، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ له‌سه‌رده‌می مه‌سرور بارزانیدا كه‌ڵه‌كه‌بووه‌ كه‌ به‌شێكی خۆی ده‌بینێته‌وه‌ ئه‌و پارانه‌ی كه‌ حكومه‌تی ناوه‌ند لە ساڵی (2023)دا وه‌كو قه‌رز به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی داوه‌و بڕه‌كه‌ی (3 ترلیۆن و 700 ملیار) دیناره‌و له‌ پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی 2024 ده‌بڕدرێت.


درەو: وەزیرەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان مینحەی بەردەستیان وەرگرت كە هەر وەزیرێك لە (10 بۆ 25) ملیۆن دینار وەردەگرێت، كە بۆ بەخشین و كاروباری خۆی بەكاری دەهێنێت. سەرچاوەیەك بە (درەو)ی راگەیاند  ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیر و بریكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان مینحەی بەردەستیان چووە سەر ئەژماری بانكیان و هەموو مانگێكیش لەكاتی خۆیدا وەری دەگرن بەبێ دواكەوتن، تەنیانەت مانگانەكانی (10-11-12/2023)یش ئەو مینحەیەیەان وەرگرتووە، كە لە ئێستادا وەك موچە وایە بۆیان جگە لەوەی سولفەیەكیش وەردەگرن بۆ دیوانی وەزارەت. ئەوەی مانگانە بۆ هەر وەزیر و بریكاری وەزارەتێك خەرج دەكرێت سەرەڕای موچەكەی مینحەی بەردەست و سولفەی دیوانی وەزارەتیشیان بۆ خەرج دەكرێت. موچەی وەزیر موچەی هەر وەزیرێكی حكومەتی هەرێم مانگانە دەگاتە  (7 ملیۆن‌و 850 هەزار) دینار، ئەویش لە دەرماڵەو موچەی بنەڕەتی پێكهاتووە بە لێدەركردن خانەنشینی نزیك دەبێتەوە لە (7 ملیۆن و 250 هەزار) دینار. مینحەی وەزیر هەموو وەزیرێكی حكومەتی هەرێم مانگانە مینحەیەكی وەردەگرێت بۆ خەرجی كاروباری بەردەست‌و بەخشین، ئەو بڕە پارەیە لە وەزیرێكەوە بۆ وەزیرێكی تر جیاوازە. بۆ نموونە: •    هەریەك لە وەزارەتەكانی (ئاوەدانكردنەوە، سامانە سروشتییەكان، پەروەردە) مانگانە (15 ملیۆن) دینار مینحە وەردەگرن. •    وەزارەتەكانی (بازرگانی، ئەوقاف، گواستنەوە، رۆشنبیری) مانگانە (10 ملیۆن) دینار مینحە وەردەگرن. •    وەزارەتی دارایی مانگانە (25 ملیۆن) دینار مینحە وەردەگرێت. •    وەزارەتەكانی (ناوخۆ، پێشمەرگە) مانگانە (20 ملیۆن) دینار مینحە وەردەگرن. •    ئەوانەی لە پلەی وەزیردان مانگانە (7 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینار مینحە وەردەگرن. ئەم مینحەیە بۆ كاروباری بەردەست‌و بەخششە، بەڵام ئێستا وەكو موچەی لێهاتووەو راستەوخۆ وەزیر هەڵیدەگرێت بۆخۆی‌و تەسویە ناكرێت‌و لەلایەن چاودێری دارایی، چاودێری چۆنیەتی خەرجكردنی ناكرێت.   سولفەی وەزارەت سەرەڕای موچەو مینحەی كە لەبەر دەستی وەزیردایە، مانگانە هەر وەزارەتی سولفەیەك وەردەگرێت بۆ خەرجیەكانی دیوانی وەزارەت‌و پێداویستیەكانی رۆژانە لە (قرتاسیە، بەنزین، گاز، پرنتەر، چا، قاوەو خەرجیەكانی تری ناو دیوانی وەزارەت). خەرجی سولفە لەژێر چاودێری دیوانی وەزارەتدایەو دەبێت تەسویە بكرێت، ئەم سولفەیە لەلایەن دیوانی وەزارەتەكانەوە خەرج دەكرێت. بۆ نمونە: •    وەزارەتەكانی (ناوخۆ، دارایی، پێشمەرگە) مانگانە بڕی (30 ملیۆن) دینار سولفە وەردەگرن. •    وەزارەتەكانی (ئاوەدانكردنەوە، بازرگانی، كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، ئەوقاف، رۆشنبیری) مانگانە بڕی (15 ملیۆن) دینار سولفە وەردەگرن. ئەو سولفەیە كە (بودجەی تەشغیلی)یە، مانگانە لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا دەدرێت‌و  هیچ رۆژێك دواناكەوێت، كێشەی ئەو سولفەیە لەوەدایە، بۆ خەرجی دیوانی وەزارەت‌و  ناو وەزارەتە، بەڵام وەزیرو بریكاری وەزیرەكان سەرەڕای موچەو مینحەكەی بەردەستیان، خەرجی خۆیان‌و نوسینگەكانیان لە نمونەی خەرجی بەنزین‌و چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل‌و كارتی مۆبایل دەخەنە سەر ئەو سولفەیە، كە ئەمەش نایاساییە.    بریكاری وەزیر هەر وەزیرێك، بریكارێكی هەیە، وەزیری ناوخۆ (2) بریكاری هەیە، بەگشتی كابینەی نۆیەم زیاتر لە (20) بریكاری وەزیر هەیە. موچەی ئەوانەی بریكاری وەزیرن مانگانە (5 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینارە، موچەی بنەڕەتیان (2 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینارە، (3 ملیۆن) دیناریش وەكو دەرماڵە وەردەگرن، جگە لە بڕوانامە ئەگەر بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرایان هەبێت، ئەوە لانیكەم ( ملیۆنێك) دیناری تر دەچێتە سەر موچەكەیان. ئەوانەی بریكاری وەزیرن، سەرەرای موچەكەیان، مانگانە بڕی (3 ملیۆن) دینار مینحە دەخرێتە بەردەستیان بۆ (خەرجی‌و پێداویستی نوسینگەكەیان‌و بەخشین)، بەڵام بریكارەكان ئەم پارەیە بۆخیان هەڵدەگرن‌و خەرجی مانگانەی كە (ملیۆن‌و 500 هەزار دینار بۆ 2 ملیۆن) دینارە، دەیخەنە سەر سولفەو خەرجیەكانی وەزارەت.    واتا بریكارێكی وەزیر مانگانە بەتێكڕا بڕی (10 ملیۆن) دینار وەردەگرێت، كە بەشێكی نایاساییە، چونكە پێویستە خەرجیەكانی لە پارەی مینحەكەی بەردەستی خەرجبكات. لەپاڵ ئەمانەدا، بریكاری وەزیر (3) پاسەوان‌و ئۆتۆمبێلێكی مۆدێل بەرزو ڤێلایەك یان (شوقە)ی بۆ دابینكراوە .     راپۆرتی پەیوەندیدار كابینەی نۆیەم.. بەهەشتی وەزیرەكان  


(دره‌و): وه‌زاره‌تی دادی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ (317)ی رۆژنامه‌ی وه‌قایعی كوردستانی بڵاوكرده‌وه‌، هه‌موو ئه‌و یاساو بڕیارو رێنماییانه‌ی كه‌ له‌م رۆژنامه‌یه‌دا بڵاوده‌بنه‌وه‌، راسته‌وخۆ ده‌چنه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.  له‌ ژماره‌ی ئه‌مجاره‌ی رۆژنامه‌ی وه‌قایعدا، فه‌رمانی هه‌رێمی ژماره‌ (50)ی ساڵی 2024 دانراوه‌، كه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ریكردووه‌و تێیدا رۆژی 10ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵی وه‌كو واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی خولی شه‌شه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریكردووه‌.  بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌م فه‌رمانه‌ له‌ رۆژنامه‌ی وه‌قایعدا له‌كاتێكدایه‌ دوێنێ پارتی كشانه‌وه‌ی خۆی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ راگه‌یاندو ئه‌مڕۆش یه‌كێتیی نیشتمانی جه‌خت له‌وه‌ ده‌كات ده‌بێت هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی خۆیدا بكرێت.  نێچیرڤان بارزانی وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێم چوار جار مه‌رسومی بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان ده‌ركردووه‌و، سێ مه‌رسومیان هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌و هه‌ڵبژاردن نه‌كراوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ش هه‌ڵبژاردن دوابكه‌وێت، مه‌رسومی چواره‌میش هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌:  مه‌رسومه‌كانی نێچیرڤان بارزانی بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌م:  •    مه‌رسومی رۆژی 24ی شوباتی 2022 بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022. •    مه‌رسومی رۆژی 26ی مانگی ئازاری 2023، بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی 18ی تشرینی دووەمی 2023.  •    مه‌رسومی رۆژی 3ی مانگی ئابی 2023 بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی 25ی شوباتی 2024. •    مه‌رسومی رۆژی 3ی ئازاری 2024 بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی 10ی حوزه‌یرانی 2024.  


راپۆرتی: درەو 🔹 هەندێ وڵات بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بە ئەرک دادەنێن، دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا کراوە بە ناچاری و لە دەستوور و یاساکانی هەڵبژاردندا ڕێکیانخستووە، تەنانەت هەندێک وڵات سزا بەسەر ئەو کەسانە دەسەپێنن یان سەپاندویانە بەسەر هاوڵاتییەک کە بەشداری پرۆسەکە ناکات. 🔹 داکۆکیکارانی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان بە شێوەی ناچاری، پێیان وایە ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن حکومەتە هەڵبژێردراو و دیموکراسییەکانەوە دەدرێن، کاتێک کە ڕێژەیەکی زیاتری دانیشتووان بەشداری دەکەن، ڕەوایەتی زیاتریان هەیە. 🔻 بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردن ئارەزومەندانەیە؛ 🔹 لە هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی (1992) لە کۆی (ملیۆنێک و 112 هەزار) دەنگدەر (971 هەزارو 953) کەس چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بە ڕێژەی (87.4%) بەشداری هەڵبژاردنیان کرد. 🔹 لە داواین خولی هەرڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (10/10/2021) لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (3 ملیۆن و 450 هەزار و 773) کەس مافی بەشدارییان هەربوو، بەڵام تەنها (ملیۆنێک و 233 هەزار و 451) دەنگیان داوە بە ڕێژەی (35.7%). 🔹 بەم پێیە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی (30) ساڵ ڕێژەی ئەوانەی مافی بەشدارییان بەدەستهێناوە (2 ملیۆن و 338 هەزار و 773) کەس ڕێژەی (210%) کەس زیادیان کردووە. بەڵام ژمارەی بەشداری تەنها (261 هەزار و 498) کەس زیادی کردووە بە ڕێژەی (27%). تەوەری یەکەم؛ بەشداری هەڵبژاردن لە نێوان ئەرک و مافدا زۆربەی وڵاتە دیموکراتەکان بەشداریکردن لە هەڵبژاردنە نیشتمانی و گشتییەکان بە مافی هاووڵاتییان دەزانن. هەندێکیان بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا وەک بەرپرسیارێتییەکی مەدەنییانەی هاوڵاتییان تەماشا دەکەن. هەندێ وڵاتیش زۆر لەوە زیاتر ڕۆشتوون و بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بە ئەرک دادەنێن، دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا تێیاندا کراوە بە ناچاری و لە دەستوور و یاساکانی هەڵبژاردندا ڕێکیانخستووە، تەنانەت هەندێک وڵات سزا بەسەر ئەو کەسانە دەسەپێنن یان سەپاندویانە بەسەر هاوڵاتییەک کە بەشداری پرۆسەکە ناکات و نەیکردووە. بەناچارکردنی بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان پرسێکی نوێ نییە. بۆ یەکەم جاریش ئەو وڵاتانەی کە یاسای دەنگدانی ناچارییان خستەڕوو بریتی بوون لە؛ بەلجیکا لە ساڵی (1892)، ئەرجەنتین لە ساڵی (194) و ئوسترالیا لە ساڵی (1924). داکۆکیکارانی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان بە شێوەی ناچاری، پێیان وایە ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن حکومەتە هەڵبژێردراو و دیموکراسییەکانەوە دەدرێن، کاتێک کە ڕێژەیەکی زیاتری دانیشتووان بەشداری دەکەن، ڕەوایەتی زیاتریان هەیە. لایەنگرانی ئەم ڕەوتە فکرییە وای بۆ دەچن ناچارکردن بە بەشداری لە دەنگدان، پارتە سیاسییەکان دەتوانن سوودی دارایی لێ وەربگرن، بەو پێیەی پێویست ناکات هێچ داهاتێک بە خەرج بدەن بۆ ئەوەی دەنگدەران قەناعەت پێبکەن بەگشتی دەبێ دەنگ بدەن. زیاتر لەوانەش جگە لەوەی حکومەتێکی دیموکراتی تر هەڵدەبژێردرێت، بە بەشداری هەموو هاوڵاتیان لە پرۆسەکەدا، بۆیە ئەرکی هەمووانە کە نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن. لەپاڵ ئەو بۆچوونەی کە بەرگری لە بەشداری ناچاری هەڵبژاردن دەکەن، هەندێکی تر پێیان وایە ئارگومێنتی سەرەکی دژی ناچارکردن بە بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان، ئەوەیە کە ئازادی تاکەکان پەیوەست نییە بە دیموکراسیەوە. دەنگدان ئەرکێکی ناوەکی نییە و جێبەجێکردنی یاساکان دەبێتە پێشێلکردنی ئازادی هاوڵاتیان کە پەیوەندی بە هەڵبژاردنە دیموکراسیەکانەوە هەیە. لەوانەیە پەروەردەی سیاسی دەنگدەران بێهیوا بکات، چونکە ئەو کەسانەی ناچار دەکرێن بەشداری بکەن، کاردانەوەیان دەبێت بەرامبەر بەو سەرچاوە هەستپێکراوەی ستەمکاری. ئایا بەڕاستی حکومەتێک شەرعیترە ئەگەر ڕێژەی زۆری دەنگدەران دژی ئیرادەی دەنگدەران بێت؟ ڕەنگە زۆرێک لەو وڵاتانەی کە توانای دارایی سنوورداریان هەیە نەتوانن پاساو بۆ خەرجییەکانی پاراستن و جێبەجێکردنی یاساکانی دەنگدانی ناچاری بهێننەوە. سەرەڕای ئەوانە سەلمێنراوە کە ناچارکردنی دانیشتووان بۆ دەنگدان دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی دەنگە نادروست و سپییەکان بە بەراورد بەو وڵاتانەی کە هیچ یاسایەکی ناچاری دەنگدانیان نییە. دەرئەنجامێکی دیکەی دەنگدانی ئیجباری ئەگەری ژمارەی بەرزی "دەنگی هەڕەمەکی"یە. ئەو دەنگدەرانەی کە بە پێچەوانەی ویستی ئازادی خۆیان دەنگ دەدەن، دەتوانن بە شێوەیەکی هەڕەمەکی کاندیدێک هەڵبژێرن. دەنگدەر گرنگ نییە دەنگ بە کێ دەدات تا ئەو کاتەی حکومەت ڕازی بێت کە ئەرکی مەدەنی خۆیان جێبەجێ کردووە. ئەم دەنگە هەڕەمەکییە چ کاریگەرییەکی لەسەر شەرعیەتی حکومەتی هەڵبژێردراوی دیموکراتیک هەیە؟ لە خشتە و نەخشەی ژمارە (1)دا ئەوە رونکراوەتەوە کام لە وڵاتان دەنگدانی ناچاری پراکتیزە دەکەن؟ لە ستوونی یەکەمدا ناوی وڵات و ستوونی دووەم جۆری ئەو سزایانە خراوەتەڕوو کە وڵاتی پەیوەندیدار بەسەر ئەو کەسانەدا دەیسەپێنێت کە بەشداری دەنگدان ناکەن و ستوونی سێیەمیش ئەو زانیارییەی تێدایە کە تا چەند یاساکانی دەنگدانی ناچاری بە کردەوە جێبەجێ دەکرێن.         (*) ئەو ژمارانەی لە ستوونی جۆری سزادا هاتووە، بریتین لە جۆرە جیاوازەکانی سزا، بەم شێوەیە؛ 1.    ئەو کەسەی کە بەشداری ناکات، دەبێت هۆکارێکی ڕەوا بۆ ئامادەنەبوونی خۆی بخاتەڕوو بۆ ئەوەی سزا نەدرێت، ئەگەر هەبێت. 2.    سزای مادی (غرامە) ئەو کەسەی کە دەنگنادات، ڕووبەڕووی سزای ماددی دەبێتەوە. بڕە پارەکە لە نێوان وڵاتەکاندا جیاوازە، بۆ نموونە لە ئوسترالیا 20 - 50 دۆلاری ئوسترالی، لە ئەرجەنتین لە 50 - 500 پێسۆیە. 3.    ئەگەری زیندانیکردن؛ لەوانەیە ئەو کەسەی کە بەشداری دەنگدان ناکات، ڕووبەڕووی زیندانیکردن ببێتەوە، بەڵام هیچ حاڵەتێکی بەڵگەدار لە بەردەستدا نیە. لەو حاڵەتانەی کە هاوڵاتی دوای ئاگادارکردنەوە یان دوای ڕەتکردنەوەی چەند جارێک غەرامە نەدان، دادگاکان دەتوانن سزای زیندانیکردنی بەسەردا بسەپێنن. ئەمەش بەزۆری بە زیندانیکردن بەهۆی نەدانی غەرامە پۆلێن دەکرێت نەک زیندانیکردن بەهۆی دەنگنەدان. 4.    بێبەشکردن لە مافە مەدەنییەکان، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک لە ماوەی 15 ساڵدا لانیکەم لە چوار هەڵبژاردندا دەنگ نەدا، لە بەلجیکا لەو مافەی خۆی بێبەش دەکرێت. لە پیرۆ دەنگدەر دەبێت بۆ چەند مانگێک دوای هەڵبژاردن کارتێکی دەنگدانی مۆرکراوی پێبت وەک بەڵگەیەک بۆ ئەوەی بەشداری پرۆسەی دەنگدانی کردووە. ئەمەش وەک بەڵگەیەک پێویستە بۆ بەدەستهێنانی هەندێک خزمەتگوزاری و کاڵا لە هەندێک فەرمانگەی گشتی. لە سەنگافورە دەنگدەر لە تۆماری دەنگدەران دەسڕێتەوە تاوەکو دووبارە داوای بەشداریکردن دەکاتەوە و هۆکارێکی ڕەوا بۆ بەشدارینەکردنەکەی پێشکەش دەکات. لە بۆلیڤیا دەنگدەر کاتێک دەنگی داوە کارتێکی پێدەدرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەشداریکردنەکەی بسەلمێنێت. 5.    سزای دیکە، بۆ نمونە لە بەلجیکا ڕەنگە بەدەستهێنانی کارێک لەناو کەرتی گشتیدا ئاسان نەبێت ئەگەر بەشداری دەنگدانت نەکردبێت. لە مەکسیک یان ئیتاڵیا هیچ سزایەکی فەرمی نییە بەڵام ئەگەری سزای ئارەزوومەندانە یان کۆمەڵایەتی هەیە. لە ئیتاڵیا پێی دەوترێت "گەمارۆیەکی بێ زیان"، بۆ نمونە ڕەنگە دەستەبەرکردنی شوێنی چاودێری ڕۆژانە بۆ منداڵەکەت یان خزمەتگوزارییەکی هاوشێوە قورس بێت، بەڵام ئەمە فەرمی نییە. تەوەری دووەم؛ ژمارەو رێژەی بایکۆت لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا لەماوەی نزیکەی (30) ساڵی نێوان هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی (1992)ەوە بۆ دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (10/10/2021) دوانزە هەڵبژاردنی گشتی بۆ (پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی نوێنەران) لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چووە. لە هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی (1992) لە کۆی (ملیۆنێک و 112 هەزار) دەنگدەر (971 هەزارو 953) کەس چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بە ڕێژەی (87.4%) بەشداری هەڵبژاردنیان کرد. لە داواین خولی هەرڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (10/10/2021) لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (3 ملیۆن و 450 هەزار و 773) کەس مافی بەشدارییان هەربوو، بەڵام تەنها (ملیۆنێک و 233 هەزار و 451) دەنگیان داوە بە ڕێژەی (35.7%). بەم پێیە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی (30) ساڵ ڕێژەی ئەوانی مافی بەشدارییان بەدەستهێناوە (2 ملیۆن و 338 هەزار و 773) کەس ڕێژەی (210%) کەس زیادیان کردووە. بەڵام ژمارەی بەشداری تەنها (261 هەزار و 498) کەس زیادی کردووە بە ڕێژەی (27%). بە مانایەکی دیکە ڕێژەی ئەوانەی لە هەڵبژاردنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستانەوە لە ساڵی (1992) بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنە گشتییەکانیان نەکردووە ڕێژەکەیان لە (12.6%)ەوە بەرزبووەتەوە بۆ (64.3%).     یەکەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان 1.    خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان، لە 19/5/1992 بەرێوەچوو. 2.    لە هەرچوار ناوچەكەی دەنگدان (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركوك) لەسەرجەم بنكەكانی هەڵبژاردن (176) بنكە، ژمارەی دەنگدەران (971 هەزار و 953) بووە، واتا لە كۆی (1ملیۆن و 112هەزار) دەنگدەری چاوەڕوانكراوی كوردستان، كە دەكاتە رێژەی (87.4%)، هاوكات ژمارەی دەنگە بەتاڵەكان (4 هەزار و 724) دەنگ بووە، بەو پێەیەش (971953 - 4724 = 967229) واتا دەنگی راستەقینە دەكاتە (967 هەزار و 229). بەجۆرێک؛ -    لە پارێزگای هەولێر (335 هەزارو 827) کەس بەشداری کردبوو، (2 هەزار و 25) دەنگیش پوچەڵ و کراوەتەوە و کۆی دەنگە دروستەکان بریتی بووە لە (333 هەزار و 802) دەنگ. -    لە پارێزگای سلێمانی (349 هەزارو 164) کەس بەشداری کردبوو، (هەزار و 112) دەنگیش پوچەڵ و کراوەتەوە و کۆی دەنگە دروستەکان بریتی بووە لە (347 هەزار و 952) دەنگ. -    لە پارێزگای دهۆك (198 هەزارو 352) کەس بەشداری کردبوو، (982) دەنگیش پوچەڵ و کراوەتەوە و کۆی دەنگە دروستەکان بریتی بووە لە (197 هەزار و 370) دەنگ. -    لە سنوری پارێزگای کەرکوک (88 هەزارو 610) کەس بەشداری کردبوو، (506) دەنگیش پوچەڵ و کراوەتەوە و کۆی دەنگە دروستەکان بریتی بووە لە (88 هەزار و 114) دەنگ. دووەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان 1.    خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان لە 30/1/2005 بەرێوەچوو. 2.    هەڵبژاردن بە یەک بازنە بەڕێوەچووە. 3.    ( 2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 4.    (ملیۆنێك و 753  هەزارو 919) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (76.6%). 5.    (536  هەزارو 817) كەس بەشداری هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانیان نەکردووە بەرێژەی (23.4%). سێیەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی کوردستان 1.    هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 30/1/2005 بەڕێوەچوو. 2.    (2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (ملیۆنێك و 767 هەزارو 993) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (77.2%). بەجۆرێک؛ -    لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر (647 هەزار و 994) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد. -    لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی (736 هەزار و 734) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد. -    لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک (383 هەزار و 265)کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد. 4.    (522  هەزارو 743) كەس بەشداری هەڵبژاردنی ئەم خولەی ئەنجومەنی پارێزگاکانیان نەکردووە بەرێژەی (22.8%). چوارەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1.    هەڵبژاردنی خولی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 30/1/2005 بەرێوەچوو. 2.    (2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    سەرجەم حزبەكان جگە لە (كۆمەڵی ئیسلامی) لەچوارچێوەی لیستی (هاوپەیمانی كوردستان) بەشدار بوون كە (2 ملیۆن  و 175 هەزارو 551) دەنگیان بەدەستهێنا و (75) كورسی پەرلەمانیان مسۆگەر كرد. 4.    واتە نزیکەی (2 ملیۆن و 176 هەزار) کەس بە ڕێژەی (95%) بەشداری ئەم هەڵبژاردنەیان کردووە، بەرزترین ڕێژەی بەشدارییە کە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێش و دوای خۆی تۆمار کرابێت. پێنجەم؛ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان 1.    هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان لە 25/7/2009 بەرێوەچوو. 2.    بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە یەک بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتبوو. 3.    ( 2 ملیۆن و 518 هەزارو 773) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 4.    (ملیۆنێك و 876  هەزارو 196) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74.5%). 5.    (642  هەزارو 577) كەس بەشداری ئەم خولەی هەرڵبژاردنی پەرلەمانی کورستانی نەکرد بە رێژەی (25.5%). شەشەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1.    هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 7/3/2010 بەڕێوەچوو. 2.    (2 ملیۆن و 590 هەزارو 274) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.     (ملیۆنێك و 938 هەزارو 754) كەس دەنگیاندا بە رێژەی (74.8%). بە جۆریك؛ -    لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لە کۆی (917 هەزار و 685) کەس (680 هەزار و 408) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (74%). -    لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لە کۆی (ملیۆنێک و 98 هەزار و 451) کەس (833 هەزار و 631) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (76%). -    لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لە کۆی (574 هەزار و 138) کەس (424 هەزار و 715) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (74%). 4.    (651 هەزارو 520) كەس بەشداری ئەم خولەی هەڵبژاردنیان نەکرد بە رێژەی (25.2%). حەوتەم؛ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان 1.    هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان لە 21/9/2013 بەرێوەچوو. 2.    هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەیەك بازنە بەرێوە چوو. 3.    (2 ملیۆن و 653 هەزارو 743) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 4.    (ملیۆنێك و 978  هەزارو 382) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74.6%). 5.    (675 هەزارو 361) كەس بەشداری ئەم خولەی هەڵبژاردنیان نەکرد بە رێژەی (25.4%). هەشتەم؛ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1.    هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 30/4/2014 بەڕێوەچوو. 2.    (2 ملیۆن و 717 هەزارو 82) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (2 ملیۆن و 128 هەزارو 167 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (78.3%). بە جۆرێک؛ -    لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لە کۆی (936 هەزار و 557) کەس (744 هەزار و 489) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (79%). -    لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لە کۆی (ملیۆنێک و 168 هەزار و 859) کەس (893 هەزار و 226) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (76%). -    لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لە کۆی (612 هەزار و 66) کەس (490 هەزار و 452) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (80%). 4.     (588 هەزارو 915) كەس بەشداری ئەم خولەی هەڵبژاردنیان نەکرد بە رێژەی (21.7%). نۆیەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان 1.    هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 30/4/2014 بەڕێوەچوو. 2.    (2 ملیۆن و 717 هەزارو 82) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (2 ملیۆن و 161 هەزارو 38) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (79.5%). بە جۆرێک؛ -    لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لە کۆی (936 هەزار و 557) کەس (754 هەزار و 234) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (81%). -    لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لە کۆی (ملیۆنێک و 168 هەزار و 859) کەس (906 هەزار و 643) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (78%). -    لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لە کۆی (612 هەزار و 66) کەس (500 هەزار و 161) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (82%). 4.    (556 هەزارو 44) كەس بەشداری ئەم خولەی هەڵبژاردنیان نەکرد بە رێژەی (20.5%). دەیەم؛ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1.    هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو. 2.    (3 ملیۆن و 758 هەزارو 896) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (ملیۆنێك و 799 هەزارو 686) كەس دەنگیاندا بە ڕێژەی (47.9%). بە جۆرێک؛ -    لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لە کۆی (ملیۆنێک و 314 هەزار و 46) کەس (642 هەزار و 232) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (48.9%). -    لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لە کۆی (ملیۆنێک و 395 هەزار و 961) کەس (668 هەزار و 146) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (47.9%). -    لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لە کۆی (ملیۆنێک و 75 هەزار و 889) کەس (489 هەزار و 308) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (47.5%). 4.    (ملیۆنێک و 959 هەزارو 210) كەس بەشداری ئەم خولەی هەڵبژاردنیان نەکرد بە رێژەی (52.1%). یانزە؛ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان 1.    هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە 30/9/2018 بەڕێوەچوو. 2.    (3 ملیۆن و 85 هەزارو 461) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (ملیۆنێک و 845 هەزارو 979 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (59.8%). 4.    هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەیەك بازنە بەرێوە چوو. 5.    (ملیۆنێک و 239 هەزارو 482) كەس بەشداری ئەم خولەی هەڵبژاردنیان نەکرد بە رێژەی (40.2%). دوانزە؛ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران (خولی پێنجەم) 1.    هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران (خولی پێنجەم) لە 10/10/2021 بەڕێوەچوو. 2.    (3 ملیۆن و 450 هەزارو 773) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (ملیۆنێک و 233 هەزارو 451) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (35.7%). بەجۆرێک؛ -    لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لە کۆی (ملیۆنێک و 238 هەزار و 379) کەس (444 هەزار و 253) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (35.7%). -    لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لە کۆی (ملیۆنێک و 389 هەزار و 691) کەس (393 هەزار و 194) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (28.3%). -    لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لە کۆی (822 هەزار و 703) کەس (396 هەزار و 4) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (48.1%). 4.    (2 ملیۆن و 217 هەزارو 322) كەس بەشداری ئەم خولەی هەڵبژاردنیان نەکرد بە رێژەی (64.3%). سەرچاوەکان دامەزراوەی میدیایی درەو، کلیکی هەڵبژاردن، پێگەی پارتە سیاسییەکانی کوردستان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا ١٩٩٢ – ٢٠٢١، چاپی یەکەم، سلێمانی، 2023، لاپەڕە 99-111. International IDEA, SUPORTING DEMOCRACY WORLDWIDE, Compulsory Voting; https://bitly.ws/3fZA3 WIKIPEDIA, Compulsory voting, (Article) at; https://bitly.ws/3fZA7    


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) دوێنێ، ١٦ ی مارت، یادی تاوانە گەورەکەی ھەڵەبجە بوو، تاوانی ھێرشە ژەھراوییە کارەساتبارەکەی ساڵی ١٩٨٨.  ڕۆژانی ئایندەش یادی پەلامارەکانی ئەنفالە. مێژووی نیوەی دووھەمی سەدەی بیستەم مێژوویەکی پڕ تاوان و کارەساتی گەورەیە. ئەو تاوانانە لە پەلامارەکانی ئەنفالدا گۆڕان بۆ تاوانی لەناوبردنی دەستەجەمعیی چنراو و پلانبۆدانراو و رێکخراو. ئەو پرسیارەی دوای تێپەڕینی ئەو ھەموو ساڵە بەسەر ئەم پەلاماردانە بەربەریی و کوشندانەدا دەشێت و پێویستە لە خۆمانی بکەین ئەوەیە: ئایا بە ڕاستیی جینۆساید بووە بە بەشێک لە شوناسی نەتەوەیی و نیشتیمانی ئێمە؟ ئایا تاوانی ھەڵەبجە و پەلامارەکانی ئەنفال، وێرانکردنی ھەزاران گوند و شارۆچکەی کوردستان، کوشتن و ڕاگواستنی ملیۆنان مرۆڤ لە ژینگەی رەسەنی خۆیان و وێرانکردنی ئەو ژینگەیە، بوون بە بەشێک لە شوناسی نەتەوەیی ئێمە؟ وردتر بپرسم: ئایا ”یاداوەریی گشتیی“ ئێمە بووە بە یاداوەرییەکی نەتەوەیی، یان ئەویش یاداوەریەکی پارچەپارچە و بەشبەش و ناکۆکە و لە دەرەوەی لانی ھەرەکەمی کۆگیریەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیدایە؟ بەر لە ھەمووشتێک پێویستە لەو ڕاستییە سادەیەوە دەستپێبکەین کە”یاداوەریی گشتیی“، لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمەوە، بوە بە کایەیەکی ئەکادیمی گرنگ و زیاد لە زانستێک لە زانستە ئینسانیی و کۆمەڵایەتییەکان لەناویدا کاردەکەن. چەندان لێکۆڵینەوەی نوێ، لە چەندان بواری جیاوازدا سەبارەت بە فۆرمە جیاوازەکانی یاداوەریی گشتیی ئەنجامدراوە و ئەنجامئەدرێن. بە داخەوە بە دەگمەن نەبێت شتێکی ئەوتۆ لەم بوارە تازەیە بۆناو دونیای ڕۆشنبیریی و ئەکادیمی ئێمە نەگواستراوەتەوە. لە ڕووی مێژووییەوە رەنگە، کۆمەڵناسی فەرەنسی، ئێمیل دورکھایم. یەکەمین زانای کۆمەڵایەتی بێت کە گرنگی بە یاداوەریی دابێت و وەک شێوازێکی تایبەت لە پەیوەندیکردن بە ڕابردووەوە باسیکردبێت خاڵی گرنگ لای دۆرکھایم پێداگرتنە لەسەر ئاکاری کۆمەڵایەتییانەی یاداوەریی. لای ئەم کۆمەڵناسە یادکردنەوە ھەم مانای پەیوەندیکردن بە ڕابردووەو و ھەم مانای چۆنیەتی تێگەیشتن لەو ڕابردووە و چۆنیەتی راڤەکردنیشی. ھەردوکیشیان رۆڵی گەورە لە سازدان و دروستکردنی شوناسی کۆیی و دەستەجەمعیی کۆمەڵگادا، دەبینن. دورکاھیم خۆی چەمکی ”یاداوەریی گشتیی“ بەکارناھێنێت، بەڵام قوتابیەکەی، ماوریس ھابلواج، ئەم چەمکە دادەھێنێت و دەیخاتە بواری کارکردنی تیورییەوە. ئەم کۆمەڵناسە پێماندەڵێت لەپاڵ ”یاداوەریی تاکەکەسیی“دا یاداوەرییەکی دیکەش ھەیە کە ناوی” یاداوەریی گشتیی“ لێدەنێت. یاداوەریی گشتیی دروستکراوێکی کۆمەڵایەتییە، ھەمیشە گروپێکی کۆمەڵایەتیی یان چەند گروپێک، دروستیدەکەن، لەوانە بۆ نموونە، سیاسەتمەداران، ڕۆشنبیران، میدیاکاران، ھونەرمەندان، مێژوونووسان، ھتد... ئەم کردەی دروستکردنەش بەناو باسکردن و  پێداگرتن لەسەر ھەندێک رووداو و پەراوێزخستن و لەبیرکردنی ھەندێک ڕووداوی تردا تێدەپەڕێت. ئەمەش مانای ئەوەی ھەمیشە لە پشتی کردەی دروستکردنی یاداوەریی گشتییەوە، سیاسەتێکی دیاریکراوی یاداوەریی کاردەکات. یاداوەریی گشتیی تەنھا ھێما بۆ پەیوەندیکردن بە ڕابردووەوە ناکات، بەڵکو شێوازی ئەو پەیوەندییانەش نیشانئەدات کە کەسەکان بە ئێستاوە و بەوەی لە ئێستادا ھەیە و ڕووئەدات، گرێئەدات. ھەموو پەیوەندییەک بە ڕابردووەوە بەشێکە لە پەیوەندیی بە ئێستاوە. زۆرجار ناشیرینییەکانی ئێستا ڕابردوویەکی ناشیرن و شکۆکانی ئێستاش ڕابردوویەکی شکۆدار دروستدەکات. بەم مانایە یاداوەری گشتیی یاداوەریەکە سایکۆلۆژیای باڵادەستی ئێستا و وێنە و ھێما و رەمزە باڵاەستەکانی ئێستا، ھێڵە گشتییەکانی دادەڕێژن. یاداوەری گشتیی ھاوکات لەناو ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی دیاریکراودا رووئەدات و ئەو ژینگەیە رۆڵ دەبینێت لەوەدا چۆن لەو ڕابردووە و ڕووداوەکانی تێبگەین و چۆن بیانبینین و یادیانبکەینەوە. بە کورتییەکەی ئەو ھێزە سەرەکییەی کە رۆڵ لە چیەتیی یاداوەری گشتییدا دەبینێت، ئێستایە، ئەوەیە لە ئێستادا ڕووئەدات. ئەوە ”ئێستا“یە کەسەکان بەرەو ئەوە دەبات چۆن بیر لە ڕابردوو بکەنەوە و چۆن ڕاڤەی بکەن و چ مانا و نرخ و بەھایەکی پێببەخشن. ئەمەیە وادەکات لە سەردەمی جیاواز و لای گروپی کۆمەڵایەتیی جیاواز، ڕابردووی جیاواز دروستبکرێت. یادکردنەوەی ئەو ڕابردووەش بەپێی دۆخی ئێستا گۆڕانی بەسەردادێت و ڕووداوەکان لەو ئێستایەدا سەرلەنوێ ڕاڤەدەکرێنەوە و مانا و بێمانایی تایبەتیان پێدەبەخشرێت. بەم شێوەیە، دەکرێت یاداوەریی گشتیی، لە ڕێگای یادکردنەوەی ڕووداوەکانەوە،  بۆ دروستکردن و بەھێزکردنی ھەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی، بۆ پاڵپشتیکردنی ھەستی ئینتیماکردن بۆ سەرزەمین و مێژوویەکی ھاوبەش، بەکاربھێنرێت. دەشێت لە قازانجی ھەستکردن بە شکۆ و بەھێزکردنی ھاریکاریی لە نێوان بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و بەدەمەوەچونی ھێزە جیاوازەکان بۆ یەکتری کاربکات. لەم ڕووەوە ئارنست رێنان، زمانناسی فەرەنسیی، بەر لە دوو سەدە لەمەوپێش، پێی لەسەر ئەوە دادەگرێت کە یادکردنەوەی ھەندێک بەشی ڕابردو و لەبیرچونەوە و لەبیرکردنی ھەندێک بەشی تری، دەتوانێت ڕۆحیەتی ھاودەردیی و ھاریکاریی نەتەوەیی و نیشتیمانی بەھێزبکاتت. یاداوەریی گشتیی دەشتوانێت شەرعیەت بەم ھێز یان بە ئەویتر، بەم یان ئەو دەسەڵات ببەخشێت. بەڵام یاداوەریی گشتیی دەتوانێت رێک پێچەوانەی ئەو کارانە ئەنجامبدات و  وەک ئامرازێک کاربکات بۆ قووڵکردنەوە و گەورەکردنی دابەشبوون و لێکترازان و پارچەپارچەبوونی کۆمەڵایەتیی. دەتوانێت وەک ھێزێک کاربکات بۆ نەھێشتنی لانی ھەرەکەمی کۆگیریی ناوەکیی، ھەڵوەشاندنەوەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی. ئەوەی من لەم نووسینە و لە چەند نووسینێکی دیکەدا بەرگریم لێکردوە و بەرگریی لێدەکەم سیاسەتە جیاوازەکانی یاداوەری گشتیی لە دونیای ئێمە ھێزێکە نەک تەنھا بۆ دابەشبوون و لەناوبردنی ھەر کۆگیریی و ھاودەردییەک، بەڵکو بۆ ئاستی ڕقبوونەوە لە یەکتریی و تەنانەت ڕقبوونەوە لە خود خۆیشی بەرزبۆتەوە. یاداوەریی گشتیی لە دونیای ئێمەدا گۆڕاوە بۆ ژێرخان و ماتۆری پشتی دیاردەی خودنەفرەتیی، کە یەکێکە لە دیاردە سەرەکییەکانی ناو ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیریی و ئەدەبیی و ھونەریی و میدیایی ئێمە. بە بۆچوونی من یاداوەریی گشتیی لەمرۆکەی دونیای ئێمەدا یاداوەریکی بەشبەش و پارچەپارچەیە. ھەر گروپێکی کۆمەڵایەتیی یاداوەرییەکی تایبەت بەخۆی بەرامبەر بە ڕووداوەکانی ڕابردوو دروستکردوە. ئەو پەیوەندییەش ئەو فۆرمە جیاوازانەی یاداوەریی بەیەکترییەوە گرێئەدات رق و پەلامار و تاوانبارکردن و بێنرخکردنی یەکترییە.  یاداوەری گشتیی لە دونیای ئێمەدا بە ڕادەیەک بەش بەش و پارچەپارچەیە، بە رادەیەک لە ئێستایەکی پڕ لە ناشیرینیی و بێدادیی و ڕقەوە، دروستدەبێت، کە خودنەفرەتی گۆڕیوە بۆ گوتاری باڵادەست. ناشیرینییەکانی ئەمرۆکەی درێژکردۆتەوە بۆ ڕابردوو، تاوانەکانی ئەمڕۆکەی گۆڕیوە بۆ لۆژیکی ناوەکیی کارکردنی مێژووی ئێمە. ھەرکەسێک حەوسەڵەی ھەبێت لەم دیدگا تایبەتەوە سەیری بەشی ھەرەزۆری ئەوەی ڕۆژانە لەسەر ڕووداوەکانی ڕابردوو دەنووسرێت و دەگوترێت، بە ئاسانی ئەم دیاردەی خودنەفرەتییە دەبینێت و ئەزموونی دەکات. ئیشکردنێکی تةندروستانەی یاداوەری گشتیی پێویستی بە کۆمەڵێک بکەرە خەریکی پاراستنی ئەو یاداوەرییە بێت، پاراستن لە رێگای بەیاننامەدەکردن و خوتبەی سیاسیی بێمانا و درۆی ھەزاربارە و رێکخستنی بۆنەی حیزبیی تایبەتەوە نا، کە زۆرینەی کۆمەڵایەتیی وەک ناشیرنیکردنی زیاتری ئێستا دەیبینێت و مامەڵەیدەکات، بەڵکو لە ڕێگای بینینی قووڵایی تاوان و کارەساتەکان و تەرجەمەکردنی ئەو قووڵاییە و گەورەیی ئەو پەژارە و برینانەوە کە دروستیدەکەن، بۆ کردەی مێژوویی ڕاستەقینە ناکۆک و دژ بە لۆژیک و سیاسەتی دروستکردن و بەردەوامیدان بەو تاوان و کارەساتانە. بۆ نموونە پەلاماردانی چەکدارانەی کورد لە تاوانی ھەڵەبجە و ئەنفالدا، کە مەبەست لێیان لەناوبردنی سەرتاسەریی بوو،  دەبوایە رێگربێت لەوەی کورد جارێکی دیکە لەناوخۆیدا رێگە  لە دابەشبوون و پارچەپارچەبوون و پەلاماردانی چەکدارانەی یەکتری، بگرێت. لە دوای ھەڵەبجە و ئەنفالەوە ئەمە نەک رووینەدا، بەڵکو ڕێک پێچەوانەکەی ئەنجامدرا. شەش ساڵ دوای ھەڵەبجە و ئەنفال ھێزەکانی پارتی و یەکێتی پەلاماری یەکتریاندا و ساڵانێکی درێژی شەڕێکی ناوخۆیی خوێناویان دەستپێکرد، کە تیایدا ھەزاران کەس کوژران و ھەرێمەکەشی بە کردەوە گۆری بۆ دوو ئیمارەتی سیاسیی ناکۆک و دژبەیەک. تاڵانکردنی سەروەت و سامانی مادیی کوردستان لە سەردەمی ئەنفالدا بیرۆکەی تاڵانکردنی لەدوای ئەنفالەوە لە مێژووی ئێمەدا نەک بنبڕنەکرد، بەڵکو لۆژیکی حوکمڕانیی ھێزە کوردییەکانی دوای ڕاپەڕین، درێژکراوەی ھەمان لۆژیکی تاڵاکردنی سەردەمی ئەنفالە. بەمجۆرە رق لە حوکمڕانیی کوردیی، بە تایبەتی ڕق لە پارتی و یەکێتی، گۆڕاوە بۆ ڕق لە مێژووی کوردستان و لە ڕابردووی بەرگریکردنی ئەو کۆمەڵگایە لە خودی خۆیشی. خودنەفرەتیی گۆڕینی ئەم ڕقە سیاسییە ئێستاییەیە بۆ ڕقێکی وجودی لە کوردبوون خۆی وەک فۆرمێکی تایبەتی مرۆڤبوون لە جیھاندا. ئەو یادوەرییە گشتییەی لە ئێستادا دروستدەکرێت لەزیاد لە ئاستێکیدا یاداوەریی نەفرەتکردنە لە کوردبوون خۆی.  


(دره‌و): له‌ مانگی سێدا، له‌ سلێمانی مانگرتن بۆ موچه‌ی مانگی دوو ده‌ستیپێكرد، حكومه‌ت بڕیاریداوه‌ تا به‌غداد هه‌موو پاره‌ی موچه‌ نه‌نێرێت، ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ نه‌كات، یه‌كێتیی دژی ئه‌م بڕیاره‌یه‌، حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێ بڕی (374 ملیار) دینار كورتهێنانی هه‌یه‌ بۆ خه‌رجی موچه‌. به‌هۆی دواكه‌وتنی دابه‌شكردنی موچه‌وه‌، له‌به‌یانی ئه‌مڕۆوه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ فه‌رمانگه‌كانی سلێمانی ده‌وامیان راگرتووه‌. له‌دواین كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمدا كه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو به‌ڕێوه‌چوو، حكومه‌ت بڕیاریدا ده‌ست بۆ ئه‌و پاره‌یه‌ نه‌بات كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق خستویه‌تیه‌ سه‌ر ژماره‌ حسابی حكومه‌تی هه‌رێم، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت بڕیاریداوه‌ خۆی په‌یوه‌ندی به‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ بكات بۆئه‌وه‌ی بڕی ته‌واوه‌تی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بنێرێت.  بڕیاری حكومه‌ت بۆ راگرتنی پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ به‌و بڕه‌ پاره‌ی كه‌ به‌غداد ناردویه‌تی، ناكۆكی له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیی دروستكردووه‌، یه‌كێتیی ده‌ڵێ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی موچه‌داین، وه‌زیری داراییش كه‌ سه‌ربه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ ره‌تیده‌كاته‌وه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌ی حكومه‌تدا وه‌زیره‌كانی یه‌كێتیی دژی دواخستنی دابه‌شكردنی موچه‌ بووبن.  دوێنێ وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم وتی: بە هەر رێگەیەک بێت بەمنزیکانە موچە دابەشده‌كرێت". وه‌زیری دارایی عێراق چه‌ندجارێك هۆشداری به‌ حكومه‌تی هه‌رێم داوه‌ بۆ موچه‌ی مانگی سێ، به‌بێ كردنه‌وه‌ی ژماره‌ حسابی بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ بانكه‌ فیدراڵییه‌كان چیتر پاره‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم نانێرێت.  دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كه‌ رۆژی 21ی شوبات به‌ بڕیارێك وه‌زاره‌تی دارایی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی پابه‌ندكردووه‌ به‌وه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بدات له‌رێگه‌ی بانكه‌ فیدراڵییه‌كانه‌وه‌، چه‌ندرۆژی رابردوو بڕیارێكی تری ده‌ركردووه‌و وه‌زاره‌تی دارایی عێراقی پابه‌ندكردووه‌، تا ئه‌وكاته‌ی پرۆسه‌ی كردنه‌وه‌ی ژماره‌ حسابییه‌كان ته‌واو ده‌بێت، ده‌بێت به‌شێوه‌ی كاش پاره‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران بنێریت.  چەند رۆژێکە وەزارەتی دارایی عێراق بڕی (560 ملیار) دیناری موچەخۆرانی هەرێمی ناردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم دابەشی ناکات دەڵێت کورتهێنانی (374) ملیار دینارمان هەیەو دەبێت بەغداد بینێرێت، ئەوکات دەستبەدابەشکردنی موچە دەکەین.  زیاتر لە 40 رۆژ بەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی رابردوودا تێپه‌ڕده‌بێت،  هێشتا دەستنەکراوە بە دابەشکردنی موچەی مانگی شوبات.  


(دره‌و):  به‌پێی قسه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، لیژنه‌ هونه‌رییه‌كان كارده‌كه‌ن بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غداد به‌مه‌به‌ستی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان. عاسم جیهاد وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رایگه‌یاند، لیژنه‌ هونه‌رییه‌كان له‌نێوان به‌غدادو هه‌ولێر كارده‌كه‌ن بۆ ته‌واوكردنی رێككه‌وتنی كۆتایی و شه‌فاف له‌نێوان هه‌ردوولا، بۆ كۆتایهێنان به‌و ناكۆكییانه‌ی كه‌ له‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌.  له‌ 25ی ئازاری 2023وه‌ به‌هۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسه‌وه‌، توركیا هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان راگرت، به‌ڵام دواترو له‌ ئۆكتۆبه‌ری رابردووه‌وه‌ توركیا ئاماده‌یی خۆی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت نیشانداوه‌و تائێستا هه‌ولێرو به‌غداد له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ رێككه‌وتن.  به‌پێی قسه‌ی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق" لیژنه‌ هونه‌رییه‌كان له‌باره‌ی میكانیزمه‌كانی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم گفتوگۆ ده‌كه‌ن و هه‌ندێك بابه‌ت هه‌ن په‌یوه‌ندییان به‌ شایسته‌ داراییه‌كانی فرۆشی نه‌وت و پاره‌ی كۆمپانیاكانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ گرێبه‌ستی شه‌راكه‌تیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم ئیمزا كردووه‌، به‌چاره‌سه‌ربوونی ئه‌م كێشانه‌و گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنی ته‌واوه‌تی، پرۆسه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌".  عاسم جیهاد ده‌ڵێ: رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ لایه‌نی توركی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت قورس نییه‌و له‌گه‌ڵ توركیا قسه‌مان كردووه‌و وه‌ڵامه‌كه‌یان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆرییه‌كان ئاماده‌ن.  به‌هۆی راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وته‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێم رێژه‌ی نزیكه‌ی 80%ی داهاته‌كانی خۆی له‌ده‌ستدا، به‌وهۆیه‌وه‌ به‌ناچاری له‌ یاسای بودجه‌ی گشتی عێراقدا قایل بوو به‌وه‌ی نه‌وت وداهاته‌كه‌شی راده‌ستی به‌غداد بكات له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی پشكی خۆی له‌ بودجه‌ی فیدراڵ. مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ ده‌ستپیكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت، به‌مدواییه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌ردانه‌كه‌ی بوو بۆ ئه‌مریكا، به‌هۆی راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وته‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێم كه‌وتوه‌ته‌ ژێر فشار كۆمپانیا بیانییه‌كانییه‌كانه‌وه‌، كۆمپانیاكان ئه‌و نرخه‌یان به‌دڵ نییه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بۆ به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌ی نه‌وت دیاریكردووه‌، ئه‌مان به‌ نرخێكی زۆر زیاتر گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم كردووه‌، ئه‌مه‌ خاڵی سه‌ره‌كی ناكۆكییه‌كانه‌ له‌به‌رده‌م ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم. به‌پێی قسه‌ی ئاریان تاوگوزی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق، رۆژی 9ی ئه‌م مانگه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا حه‌یان عه‌بدولغه‌نی وه‌زیری نه‌وتی عێراق وتویه‌تی:" هیچ زانیاریەکمان سەبارەت بە بەهەرمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم نیەو تائێستا سۆمۆ یەک بەرمیل نەوتی لە هەرێم وەرنەگرتوە.. هەندێک لەو کۆمپانیا نەوتیانەی لە هەرێم کاردەکەن، دەیانەوێت بەرەو تەحکیمی نێودەوڵەتی بڕۆن و ئەوەش کێشەی هەرێمە".  له‌ هه‌مان كۆبونه‌وه‌دا جێگری وەزیری نەوتی عێراقیش قسه‌ی كردووه‌و باسی له‌وه‌كردووه‌" هەرێم ڕێگا بە تیمەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق نادەن سەردانی دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێم بکەن". نرخی به‌رهه‌مهێنانی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت له‌ عێراق بری 8 بۆ 9 هه‌زار دیناری عێراقی بۆ دانراوه‌، به‌ڵام له‌ هه‌رێم كۆمپانیاكان بۆ به‌رهه‌مهێنانی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت به‌ زیاتر له‌ (20) دۆلار گرێبه‌ستیان كردووه‌.   


(دره‌و): نێچیرڤان بارزانی هۆشداری به‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌دات له‌وه‌ی 20%ی ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستان په‌نجه‌مۆره‌كه‌یان نایخوێنێته‌وه‌، داوا ده‌كات كورسییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ زیاد بكرێت و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ ده‌سته‌ی كۆمسیۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت و نوێنه‌ری هه‌رێم له‌ بواری ته‌كنه‌لۆژیادا له‌ سه‌نته‌ری ته‌كنیكی كۆمسیۆندا ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت، سه‌رۆكی هه‌رێم داوا ده‌كات هاوكات له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی ئه‌نجامی به‌رایی هه‌ڵبژاردندا، ئه‌نجامه‌كان له‌ سایتی كۆمسیۆن بڵاوبكرێنه‌وه‌. نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كه‌ هاوكات جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیشه‌، رۆژی 13ی ئه‌م مانگه‌ نامه‌یه‌كی بۆ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ناردووه‌. (دره‌و) كۆپییه‌كی نامه‌كه‌ی ده‌ستكه‌وتووه‌، تێیدا نێچیرڤان بارزانی، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ هه‌ندێك تێبینی سه‌باره‌ت به‌ رێوشوێنه‌كانی كۆمسیۆن بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 10ی حوزه‌یران، ئاگادار ده‌كاته‌وه‌. نێچیرڤان بارزانی له‌ نامه‌كه‌یدا ده‌ڵێ: •    هه‌ڵه‌ی ته‌كنیكی هه‌یه‌و په‌نجه‌مۆری هه‌زاران ده‌نگده‌ر ناخوێندرێته‌وه‌، كه‌ به‌گوێره‌ی داتای كۆمسیۆن خۆی رێژه‌ی 20%ه‌،  ئه‌م كێشه‌یه‌ش به‌رده‌وامه‌و نیگه‌رانی جددی بۆ زۆرێك له‌و ده‌نگده‌رانه‌ دروستكردووه‌ كه‌ به‌شدارییان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوودا كردووه‌، به‌وه‌ی بێبه‌ش بن له‌ مافی ده‌ستوری خۆیان بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن. •    پێویستی پێداچوونه‌وه‌ به‌ بڕیاری كۆمسیۆن سه‌باره‌ت به‌ دیاریكردنی كورسییه‌كانی ناوچه‌ی چواره‌می هه‌ڵبژاردن (هه‌ڵه‌بجه‌)و زیادكردنی، به‌جۆرێك كورسییه‌كانی ئه‌م بازنه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌ی ده‌نگده‌ره‌كانی بگونجێت، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا له‌ 2021دا هه‌بووه‌. •    پێشنیاز ده‌كه‌ن به‌ته‌واوه‌تی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌باره‌گای ده‌سته‌ی كۆمسیۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكرێت و به‌ش به‌ش نه‌كرێت، به‌وپێیه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ ته‌نیا تایبه‌ته‌ به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆ ئاسانكاری ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری قه‌واره‌ سیاسییه‌كان له‌باره‌گای ده‌سته‌كه‌، هه‌روه‌ها پێویستی ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری پسپۆڕی هه‌رێمی كوردستان له‌بواری ته‌كنه‌لۆژیای هه‌ڵبژاردن له‌ سه‌نته‌ری ته‌كنیكی كۆمسیۆن و ده‌سه‌ڵاتی پێویستی هه‌بێت بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كانی له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی هه‌ڵبژاردندا. •    داواكاری له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ قه‌واره‌ سیاسییه‌ به‌شداره‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌رجه‌م وێستگه‌كانی ده‌نگدان هاوكات له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی ئه‌نجامی به‌رایی هه‌ڵبژاردندا له‌سه‌ر سایتی كۆمسیۆن بڵاوبكرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆئه‌وه‌ی قه‌واره‌ سیاسییه‌كان بتوانن به‌راوردكاری بكه‌ن له‌نێوان ئه‌نجامی راگه‌یه‌ندراوی وێستگه‌كانی ده‌نگدان و ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی كه‌ له‌سه‌نته‌ری داخڵكردنی داتاكان له‌ باره‌گای كۆمسیۆن.  


درەو: سبەینێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆدەبێتەوە، كاندیدەكان یەكلا دەكاتەوە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی لیستی یەكێتی دەبێت لە سلێمانی، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی لیستی یەكێتی دەبێت لە هەولێر. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) بڕیارە سبەینێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆببێتەوە سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی دەبێتە سەرۆكی لیستی یەكێتی لە سلێمانی و شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ دەبێتە سەرۆكی لیستی یەكێتی لە پارێزگای هەولێر. سبەینێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەو سیڤیانە یەكلا دەكاتەوە كە لەلایەن مەڵەند و رێكخستنەكانی یەكێتیەوە وەرگیراون، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بەشێك لە كاندیدەكانی یەكێتی یەكلا كراونەتەوە لەوانە: •    محەمەد فەیسەڵ •    زانا حەسەن زانای كوردستان •    قادر رەزگەیی •    شیرین یونس •    رۆژان حەمەرەش •   بەرزان عوسمان •    د. ئومێد عەلی •    د. یاد نەقشبەندی •    شەماڵ وەرتێ •    خەڵەف ئەحمەد •    لۆزان مینا


درەو: ژمارەیەك پەرلەمانتاری پێشوو، كەسایەتی سیاسی و خەڵكانی ناڕازی لە بەغداد حزبێكی نوێیان تۆماركرد بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەناوی (هەڵوێستی نیشتمانی) تا ئێستا ژمارەیەك حزبی سیاسی و دوو هاوپەیمانێتی ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركردووە: •    پارتی دیموكراتی كوردستان •    یەكێتی نیشتمانی كوردستان •    جوڵانەوەی نەوەی نوێ •    بزووتنەوەی گۆڕان •    یەكگرتووی ئیسلامی •    كۆمەڵی دادگەری •    بزووتنەوەی ئیسلامی •    هاوپەیمانی نیشتمانی •    حزبی بەرەی گەل •    حزبی هەڵوێستی نیشتمانی    تا ئێستا دوو هاوپەیمانی تۆماركراوە: هاوپەیمانی كوردستانی ( پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، حزبی شیوعی كوردستان، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان) هاوپەیمانی سەردەم ( پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان، یەكێتی نەتەوەیی، پارتی پارێزگارانی كوردستان) ئەمڕۆ لە شاری بەغداد ژمارەیەك پەرلەمانتاری پێشوو حزبێكی نۆێیان تۆماركرد بەناوی (هەڵوێستی نیشتمانی) تۆماركردنی ئەم حزبە بەمەبەستی بەشداریكردنە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە بڕیارە لە 10ی حوزەیرانی داهاتوو بەرێوەبچێت. حزبە نوێیەكە ژمارەیەك پەرلەمانتارو كارەكتەری سیاسی بەشدارن تیایدا لەوانە: •    مەسعود عەبدولخالق •    سەلیم كۆیی •    عەلی حەمەساڵح •    د. غالب محەمە •    د. كاروان حەمەساڵح •    د. رێبوار كەریم •    مامۆستا بەدەل بەرواری  


راپۆرتی: درەو 🔻 کاتێک لە ئامارو داتاکانی داهاتی گشتی عێراق لە دەیەی ڕابردوو ورد دەبیتەوە، پرسیاری ئەوەت لادروست دەبێت؛ ئەگەر نەوت نەبێت، عێراق چی بکات و چی ڕوو دەدات؟! 🔹 داهاتی نەوت (93%)ی كۆی گشتی داهاتی عێراقی پێكهێناوە 🔹 داهاتی نانەوتی گەورەترین خاڵی لاوازی ئابوری عێراقەو لەدوای ساڵی (2014)ەوە تا ئێستا بەتێکرا (12%)ی داهاتی گشتی عێراقی پێکهێناوە. 🔹 لە ماوەی (10) ساڵی ڕابردوودا، لە ساڵانی ((2015) بەڕێژەی (6%)، (2016) بەڕێژەی (23%)، (2019) بەڕێژەی (4%) و (2020) بەڕێژەی (20%) و (2023) بەڕێژەی (6%)) کورتهێنان ڕوویداوە. 🔹 (5) ساڵ داهاتی گشتی عێراق سەرڕێژەی کردووە (داهات زۆرتر بووە لە خەرجی) ، لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوو سەرجەم سەرڕێژی داهات نزیکەی (60 ترلیۆن) دینار بووە. یەکەم؛ داهاتی گشتی عێراق لە ساڵانی (2014 – 2023) لەدوای ساڵی (2014)ەوە، داهاتی گشتی عێراق بە سەرچاوەکانی داهاتی (نەوتی و نانەوتی)یەوە، بەشێوەیەکی گشتی تاڕادەیەک ڕووی لە گەشەسەندن بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەشی هەرە گەورەی داهاتی گشتی عێراق لە فرۆشتنی نەوتەوە بەدەست دێت، بۆیە زۆرجاریش بووە داهاتی گشتی بەڕادەیەکی زۆر ڕووی لە پاشەکشە کردووە، بۆ نمونە لە ساڵەكانی  2015 بەڕێژەی (37%)، 2016 بەڕێژەی (18%)، 2020 بەڕێژەی (41%) ڕوویان لە پاشەکشە کردووە بەراورد بە ساڵەکانی پێش خۆیان. بۆ نمونە ئەوەی جێگەی ئاماژەیە ساڵی (2016) عێراق کەمترین بڕی داهاتی هەبووەو لە ماوەی (10) ساڵدا و کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (54 ترلیۆن و 409 ملیار و 270 ملیۆن) دینار. لە کاتێکدا لە ساڵی (2022)دا بەرترین ڕێژەی داهات تۆمار کراوە لە یەک دەیەی ڕابردوودا، کە کۆی داهاتەکەی گەیشتووە بە زیاتر لە (161 ترلیۆن و 697 ملیار) دینار، بە دوو هۆکاری وەک بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دابەزینی بەهای دیناردی عێراقی. بۆ بەرچاو ڕوونی داهاتی گشتی عێراق و بڕو ڕێژەی گەشەی لە ساڵانی (2014 – 2023) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (1))   دووەم؛ داهاتی نەوت و پشکی لە داهاتی گشتی عێراق (2014 – 2023) کاتێک لە ئامارو داتاکانی داهاتی گشتی عێراق لە دەیەی ڕابردوو ورد دەبیتەوە، پرسیاری ئەوەت لادروست دەبێت؛ ئەگەر نەوت نەبێت عێراق چی دەکات؟ چونکە؛ بەشی هەرە زۆری داهاتی گشتی عێراق، لە فرۆشی نەوتەوە بەدەست دێت. بە جۆرێک ساڵی (2014) داهاتی نەوت پشکی گەورەی هەبووە لە پێکهێنانی داهاتی گشتی و (92.1%)ی داهاتی گشتی عێراقی پێکهێناوە. هاوکات ساڵی (2015) توانراوە ئەو ڕێژەیە دابەزێنرێت بۆ (77.2%)، بەڵام هۆکارەکەی لەبری ئەوەی تەنها زیادکردنی داهاتی ناوخۆ بێت، زۆرتر کەمبوونەوەی داهاتی نەوت بووە. لە ماوەی (10) ساڵی ڕابردوودا، ڕێژەی بەشداری داهاتی نەوت لە داهاتی گشتی ڕادەیەکی ئێجگار بەرزبووەو لە ساڵی (2022) بریتی بووە لە (95.3%) لە ساڵی (2023) جارێکی دیکە (92.8%) داهاتی گشتی عێراقی پێکهێناوەتەوە. بۆ بەرچاو ڕوونی داهاتی نەوت و پشکی لە داهاتی گشتی عێراق لە ساڵانی (2014 – 2023) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (2))   سێیەم؛ داهاتی نانەوتی و پشکی لە داهاتی گشتی عێراق (2014 – 2023) داهاتی نانەوتی گەورەترین خاڵی لاوازی ئابوری عێراقەو لەدوای ساڵی (2014)ەوە تا ئێستا نەتوانراوە وەک پێویست پشتی پێ ببەسرێت و بەتێکرا (12%)ی داهاتی گشتی عێراق پێکهێناوە.. لە ساڵی (2014) تەنها (7.9%)ی داهاتی گشتی لەداهاتی نانەوتییەوە سەرچاوەی گرتووە، لە سالی (2015)شدا بەهۆی پاشەکشەی نرخی نەوت و سەرهەڵدانی شەڕی داعشەوە تونراوە بەرزترین ئاستی پێوانەیی خۆی تۆمار بکات و گەیشتووە بە (22.8%). لە ساڵی (2023)شدا بەڕێژەی (7.2%) بەشداری کردووە لە پێکهێنانی داهاتی گشتیدا، ئەمەش پاشەکشەیەکی گەورەیە بەراورد بەساڵێک پێشتر ئاستەکەی دابەزیوە. بۆ بەرچاو ڕوونی ئاستی داهاتی نانەوتی و پشکی لە داهاتی گشتی عێراق لە ساڵانی (2014 – 2023) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (3)).   چوارەم؛ خەرجی گشتی عێراق و ڕێژەی گەشەکردنی (2014 – 2023) هاوتا لەگەڵ زیادبوونی داهاتی گشتی عێراق، خەرجییەکانیش تا ڕادەیەک گەشەکردنیان بەخۆ بینیووە، (وەک لە خشتەو چارتی ژمارە (4))دا نیشان دراوە، بەردەوام خەرجی گشتی عێراق ڕووی لە هەڵبەزو دابەز بووە. بەرزترین ڕێژەی خەرجیش لە ساڵی (2023)ەدا تۆمار کراوەو گەیشتووە بە زیاتر لە (142 ترلیۆن) دینار، کەمترین خەرجیش لە ساڵی (2016)دایە کە بڕەکەی زۆرتر لە (67 ترلیۆن) دینارە.   پێنجەم؛ بەراوردی داهات و خەرجی گشتی عێراق و ڕێژەی سەرڕێژو کورتهێنانی داهات لە ماوەی (2014 – 2023) لە ماوەی (10) ساڵی ڕابردوودا، لە ساڵانی ((2015) بەڕێژەی (6%)، (2016) بەڕێژەی (23%)، (2019) بەڕێژەی (4%)، (2020) بەڕێژەی (20%) و (2023) بەڕێژەی (6%)) کورتهێنان ڕوویداوە. (5) ساڵیش داهاتی گشتی عێراق سەرڕێژەی کردووە (داهات زۆرتر بووە لە خەرجی)، بۆ نمونە؛ لە ساڵانی ((2014) بەڕێژەی (21%)، (2017) بەڕێژەی (2%)، (2018) بەڕێژەی (24%)، (2021) بەڕێژەی (6%) و (2022) بەڕێژەی (28%)) سەررێژی داهات هەبووە. جێگەی ئاماژەیە ساڵی (2022) گەورەترین سەرڕێژەی داهات تێدا ڕوویداو نزیکەی (45 ترلیۆن) دینار سەرڕێژی داهات هەبووە. بە تێکڕا لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا نزیکەی (60 ترلیۆن) دینار بە ڕێژەی (6%) داهات زۆرتر بووە لە خەرجی (بۆ وردەکاری بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (5))   سەرچاوەکان -    ابتسام عبد اللطيف محمد،  نسبة الايراد النفطي من اجمالي الايرادات ومقدارالفائض والعجز المتحقق للدولة للمدة 2004 – 2020، مجلس النواب العراقي، دائرة البحوث والدراسات النیابیة، قسم بحوث الموازنة، شباط 2022. -    هيمن احمد مخلص  و هدايت حمد حمدامین  و هيلین مقصود حسین، دراسة وتحلیل هیکل الموازنة العامة لدولة العراق من2010 – 2020، جامعة صلاح الدين - كلية الإدارة و الاقتصاد - قسم الاقتصاد. -    وزارة المالیةٌ دائرة المحاسبة قسم التوحید/  نظام توحیدٌ حسابات الدولة على الموازنة الجاریةٌ والاستثماریةٌ لغایةٌ كانون الاول لسنة 2021. -    وزارة المالية دائرة المحاسبة قسم التوحيد/ نظام توحيد حسابات الدولة على الموازنة الاتحادية لغاية كانون الاول لسنة 2022. -    وزارة المالية دائرة المحاسبة قسم التوحيد/ نظام توحيد حسابات الدولة على الموازنة الاتحادية لغاية كانون الاول لسنة 2023  


درەو: هاوپەیمانی "سەردەم" بەسەرۆكایەتی عەبدوڵا حاجی مەحمود پێكهێندرا، "هاوپەیمانی كوردستانی" بەسەرۆكایەتی محەمەد حاجی مەحمود پێكدەهێندرێت. لە ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان هاوپەیمانی "سەردەم" پێكهێندرا لە نێوان ( پارتی پارێزگارانی كوردستان بە سەرۆكایەتی نەجات عومەر سورچی، پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان بەسەرۆكایەتی باپیر كامەلا، یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی غەفور مەخموری) پێكهێندراو بڕیارە عەبدوڵا حاجی مەحمود سەرۆكی هاوپەیمانێتیەكە بێت. لە ئێستاشدا لە شاری هەولێر (حزبی شیوعی كوردستان و حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان) هاوپەیمانی كوردستانی پێكدەهێنن و بڕیارە محەمەد حاجی مەحمود سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتیەكە بكات، ئەو سێ حزبە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەیان بۆ سۆسیال دیموكرات داناوەو پارێزگای هەولێر بۆ حزبی شیوعی و پارێزگای دهۆك بۆ زەحمەتكێشان دانراوە. ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ تۆماركردنی هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.    



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand