عێراق و ئیدارەی ترەمپ: مەترسی و ئامادەكاریی هێزە شیعەكان

2025-02-25 15:59:13
د. یاسین تەها- پسپۆڕ لە مێژووی ئاینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق
لەگەڵ دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپدا لە كۆشكی سپی لەسەرەتای 2025، سیاسەتی ئیدارەی نوێی ئەمریكا بەرامبەر عێراق، بوو بە یەكێك لە تەوەرەكانی پێشبینی و بابەتی خوێندنەوەی پەیام و ئاماژە بەردەستەكان. ئەم شرۆڤەی بەردەست، بەدواداچوونێكە لەسەر گرنگترین ئەو ئاماژەو مەترسییانەی لە سایەی ئیدارەی نوێی ئەمریکا لەسەر حكومەتی عێراق هەن و تێڕوانین و ئامادەكارییە راگەیەنراوەكانی چوارچێوەی شیعیی حوكمڕان لە بەغدا بۆ قۆناغی نوێی پەیوەندییەكانی هەردوولا دەخاتەڕوو.
پەیام و مەترسییەكان
– بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەغداد دەستاودەستییان پێ دەكرێت، تیمی نوێی ترەمپ پەیامی ئەوەیان گەیاندووەتە حكومەتی سودانی، كە دەبێت پەیكەری هێزەكانی حەشدی شەعبی رێكبخاتەوە. هەندێكیش زیاتر دەڕۆن و باس لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزە هاوئاستەی سوپا دەكەن[1]، لەكاتێكدا ئەو هێزە یاسای تایبەتی بۆ دەركراوە (40ی 2016)؛ بەڕواڵەتیش بەشێكە لە هێزە چەكدارەكانی سەر بە فەرماندەی گشتی كە دەكاتە سەرۆك وەزیران. لە سایەی ئەم دۆخەشدا مەترسیی ئەوە لەئارادا دەبێت كە ترەمپ بیخاتە لیستی تیرۆرەوە یان سزای سەركردەكانی حەشدو ئەوانەی چوارچێوەی شیعییش بدات، كە پەیوەندییان بە حەشدەوە هەیە.
– بە گوێرەی ئاماژەو زانیارییە دزەپێكراوەكان، عێراقییەكان چاوەڕێی ئەوە دەكەن ئیدارەی نوێی ئەمریكا داوای هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكان (میلشیاكان)یان لێ بكات. ئەو گروپانەش لە دەرەوەی بازنەی “حەشدی شەعبی”ن؛ هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا داماڵینیان لە درۆن (فڕۆكەی بێفڕۆكەوان)و ئەو موشەكانەی مەودایان مامناوەندە (80_200 كم)، بەتایبەت ئەوانەی لە هێرشكردنە سەر ئیسرائیلدا بەكارهاتوون لە جۆلان و سوریا لەلایەن ئەو گروپانەی لەژێر چەتری “موقاوەكەی ئیسلامی”دا كۆبوونەتەوە (كەتیبەكانی حزبوڵڵا، بزووتنەوەی عەسائیب، بزوتنەوەی نوجەبا، ئەنساروڵڵای ئەوفیا، سەیدولشوهەدا، ئیمام عەلی، تفوف)[2].
"عەممار حەكیم"ی سەركردەی دیاری شیعە بەئاشكرا رایگەیاند، لەبارەی گروپە شیعەكان پەیام لە تیمی ترەمپەوە گەیشتووە بە بەغداد؛ بەئامانجگرتنی ئەوانەش لەبەر ئەوە نییە كە شیعەن، بەڵكو لەبەر ئەوەیە بەشێكن لە پرۆژەی ئێران[3].
– لە دۆسیەی سوپای ئەمریكادا زانیاریی دژیەك هەن؛ لەلایەك هەواڵەكان باس لەوە دەكەن عێراقییەكان و هێزە شیعەكان پاش روخانی رژێمی ئەسەد لەگەڵ مانەوەی هێزەكانی ئەمریكادان لە عێراق بۆ شەڕی داعش، ئەمەشیان بە شێوازی جۆراوجۆر گەیاندووە بە واشنتۆن، بەڵام هێشتا ئەوە یەكلایی نەبووەتەوە ئاخۆ لەسەر رەزامەندیی تاران ئەوەیان كردووە یان نا[4]؛ پێشناچێت حكومەتی عێراق بڕیاری هاوشێوە بەبێ ئێران بدات، چونكە لە سەرجەم دیداری بەرپرسانی عێراق لەگەڵ رێبەری باڵای شۆڕشی ئێرانی، هانی داون هێزەكانی ئەمریكا بكەنە دەرەوە. هاوتای ئەمەش سەرچاوەی دیكە هەن باس لەوە دەكەن ئەمریكییەكان بە عێراقییەكانیان راگەیاندووە، مانەوەیان تا 2028 پێویستییە؛ بەهۆی ڕووداوەكانی سوریاوەو كشانەوەی ئەمساڵیش (2025)، رەنگە لە وادەی خۆیدا روو نەدات[5]. ئەگەر ئەمریكاش بەتۆپزی بمێنێتەوە، ئەوە كێشەیەكی گەورە بۆ گوتاری سیاسیی هێزەكانی شیعە دروستدەبێت، كە لە 2020 لە پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەركردنیان بۆ هێزەكانی ئەمریكا داو لەو كاتەشەوە داواكاری و پێداگریی یەكەمیان، كردنەدەرەوەی سوپای ئەمریكایە؛ ئەمەش لە كاتێكدا كە عێراق چووەتە ساڵی هەڵبژاردنەوە.
– لە تیمی ترەمپەوە هۆشداریی ئەوە دراوە، “میلیشیاكانی عێراق” مەترسین لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا؛ هەروەها باس لەوە دەكەن ئیدارەكە پلانی هەیە بەرەنگاریان ببێتەوەو یەكێك لەوانەش وتوویەتی: “ئەگەر سودانی توانای نییە كارە دوژمنكارییەكانی ئەو گروپانە راگرێت، ئەوە ترەمپ خۆی دەستوەردانی بەپەلە دەكات[6].”
– مەترسییەكی تری گەورەی شیعە، ئەگەری پشتیوانیكردنی ئەمریكایە لە گۆڕانكارییەكی هاوشێوەی سوریا لە عێراق؛ ئیتر ئەمە چ لەڕێگەی هاندانی خۆپیشاندانەوە بێت، یان جموجۆڵی تری هەرێمایەتی[7] بە بەشداریی توركیاو وڵاتانی كەنداو. ئەم دڵەخورتێیەش لە پاش كەوتنی ئەسەدەوە لە سوریا لە كۆتایی 2004دا بەڕوونی هەیە؛ لە هەموو بۆنەكاندا سەركردە شیعەكان جەخت لەوە دەكەنەوە چیرۆكی سوریا لە عێراق دووبارە نابێتەوەو لە جموجۆڵەكانی دەوروبەر بەگومانن. بەهۆی ئەوەشی ئێران و روسیا دەرفەتی جموجوڵیان لە سوریادا نەما، عێراق و گروپەكانی، هیچیان پێناكرێت دەربارەی سوریا؛ بەتایبەت زانیاریی ئەوەش هەیە كە ئەمریكا هۆشداریی بە حكومەتی عێراق دابێت كە خۆی لە رەوشی سوریا بەدوور بگرێت[8].
– هێزە شیعەكانی عێراق ترسی ئەوەیان هەیە، پەیوەندیی ئەمریكاو ئێران بگاتە پێكدادان؛ ئەمەش عێراق دەخاتە بەرداشێكی سەختەوە. ئەمە هانی بەرپرسانی عێراقیشی داوە، كە لە دیدارە دووقۆڵییەكانی ئەمدواییەدا خوازیاری رێككەوتنی تاران و واشنتۆن بن لەسەر دۆسیەی ئەتۆم[9]. هەر جەنگێكی ئەمریكاو ئێران بە واتای تێوەگلانی عێراقش دێت، بەتایبەت كە باڵە ئێرانییەكان هەروا دەستەوەستان دانانیشن. لە نوێترین پێشهاتیشدا “بزوتنەوەی نوجەبا” كە هێزێكی پڕۆ- ئێرانییە، هێزێكی نوێی بە ناوی “هێزی بورهان” راگەیاندووە؛ ئەركە سەرەكییەكەشی بە “بەرەنگاربوونەوەی ئەمریكا لە عێراق دیاری كردووە [10]. ئەمەش ئاماژەیەكی روونە كە عێراق لەو پێكدادانە گریمانكراوەدا ناتوانێت باڵانس راگرێت.
– خۆلادانی ترەمپ لە باسكردنی عێراق بە باش و خراپ لەپاش دەستبەكاربوونی، دەرگای بۆ لێكدانەوەی جۆراوجۆر كردوەتەوە. هەندێك پێیانوایە ئەمە ئامادەكارییە بۆ چەند هەنگاوێكی گەورەتر لەماوەی داهاتوودا، بەتایبەت كە سەرچاوە عێراقییەكان باسلەوەدەكەن حكومەتی عێراق لەڕێگەی جۆراوجۆرەوە هەرچی هەوڵیداوە هێڵێك لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ بكاتەوە، بەڵام تائێستا سەركەوتوو نەبووە؛ ئەمە لە كاتێكدا دەگوترێت ئیدارەی ترەمپ، توڕەیە لە دەستیدەستیكردنی عێراقییەكان لە پرسەكانی چەكی گروپەكان و هەژموون و دەستڕۆیشتوویی ئێرانی و دۆسیەی دۆلار[11]. ئەوەشی نیگەرانییەكانی شیعەی عێراق زیاتر دەكات، گەڕانەوەی سودانییە لە “كۆنگرەی میونشن”ی ئەڵمانیا بەبێ دیداری گەورەی ئەوتۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا.
– بەپێی میدیاكانی ئەمریكا، ژمارەیەك كۆنگرێسمان لە واشنتۆن هەڵمەتێك بەڕێوە دەبەن بۆ ناچاركردنی كۆشكی سپی “بە پێداچوونەوەی پەیوەندی” لەگەڵ حكومەتی عێراق، لەوانەش هاریكاریی ئەمنی و ئابوریی واشنتۆن لەگەڵ بەغداد. ئەم هەڵمەتەش لە تویتەكانی “جۆ ویلسۆن”دا دیارە كە هاندانە بۆ راگرتنی هاوكاریی سەربازیی، هەروەها سەپاندنی سزا. بەشدارانی ئەم هەڵمەتە داوای ئەوەش دەكەن گروپە چەكدارەكان و هەندێك لە حزبە عێراقییەكان بخرێنە لیستی تیرۆرەوەو، حكومەتی عێراق كاری سیاسی و سەربازییان لێ قەدەغە بكات[12]. لە یەكێك لەو بڵاوكراوانەدا “جۆ ویلسۆن”، ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكاو كەسایەتیی نزیك لە دۆناڵد ترەمپ، وێنەیەكی داناوە، كە ژمارەیەك هاوڵاتیی عێراق لە یەكێك لە شەقامەكان وێنەی ترەمپ و بنیامین نەتانیاهۆ و ئاڵای وڵاتەكانیان دەخەنە ژێر پێیان و، لەسەر وێنەكە نوسیویەتی: میلیشیاکانی سەر بە ئێران، عێراق بەڕێوەدەبەن و دەسەڵاتی دادوەریی و سوپاو حکومەتیان کۆنترۆڵكردووەو لە دەوڵەت بەهێزترن. ئەمریکا ملیۆنان دۆلار دەداتە عێراق؛ ئەمڕۆ ڕێپێوانێکیان رێکخستووە بۆ رۆیشتن بەسەر ئاڵاکەمان و وێنەی سەرۆک ترەمپدا. سەرۆك ترەمپ، هەرگیز لەبیری ناکات[13].
– لە دۆسیەی بارمتەی ئیسرائیلی- روسی “ئیلیزابێس تسورکۆڤ” لای گروپە چەكدارەكانی عێراق، حكومەتی سودانی توشی گوشارو رووگیریی (ئیحراجی)یەكی زۆر بووەتەوە. لەم نێوەندەشدا نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری بارمتەکان رایگەیاندووە، “ئێستا دەرفەتێك لە بەردەم محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقدایە بۆ ئەوەی بە جیهانی نیشان بدات كە سەرۆك وەزیرانە یان نا؟” ئەوە یەكەم جاریش نییە كە نێردەكەی ترەمپ لەبارەی سودانییەوە قسە بكات؛ پێشتریش رایگەیاندبوو، “ئیلیزابێس تسورکۆڤ، خوێندکارێکی زانكۆی پرینستۆنەو لە عێراق بەبارمتە گیراوە. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی درۆی داوە لەبارەی ئازادكردنی و، ئەمەش بۆ سەرۆك ترەمپ دەركەوتووە.”
ئەم بارمتەیە لە سەرەتای 2022دا بە پاسپۆرتی روسی گەشتی بۆ عێراق كردووەو بەمەبەستی ئامادەکردنی دکتۆرانامەیەك و توێژینەوەی ئەکادیمی بە ناوی زانکۆی پرینستۆن لە ئەمریكا، بەڵام لە عێراق لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە دەستگیركرا.[14]
– لە دۆسیەی وزەو داراییدا عێراق لەبەردەم مەترسی و گوشارو سیناریۆی جۆراوجۆردایە لە سایەی ئیدارەی ترەمپ، لەوانەش:
1- ئیدارەی ئەمریكا داوا لە عێراق دەكات بە زووترین کات کۆتایی بە پشتبەستن بە وزەی ئێرانی بهێنێت؛ ئەوەشی راگەیاندووە كە پێداچوونەوە بە هەموو ئەو چاوپۆشییانە دەکات کە یارمەتیی ئابوریی ئێران دەدەن. مەبەست لەمەش پشتبەستنی عێراقە بە وزەی ئێرانی بۆ وەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا كە ساڵانە بایی نزیکەی شەش ملیار دۆلارەو لەشێوەی شمەكی پزیشكیدا پارەی هەندێكی دەدرێتەوە بە ئێران[15]. كۆتایهێنان بەم مۆڵەتدانەی عێراق لەلایەن ترەمپەوە لە چوارچێوەی چەند سزایەكدا دژی ئێران، كراوە بە فەرمان[16]. ئەم بڕیارەش دەرگا بۆ هاوینێكی گەرم و سەخت لە عێراق دەكاتەوەو، ناچاری دەكات روو بكاتە توركیاو وڵاتانی كەنداو و ئوردن بۆ چارەسەری وزە و تۆڕی كارەبا. ئەوانەش چارەسەری بەردەستی خێرا نین و كاتیان پێویستە. بەپێی راپۆرتەكان بە وەستاندنی غازی ئێرانی، بڕی 6100 مێگا كارەبا توشی مەترسیی پەككەوتن دەبێتەوە؛ ئەمەش بە واتای پەكخستن (ئیفلیجكردن)ی توانایەكی زۆری عێراقە لە بەرهەمهێنانی كارەبا، كە بڕی پێداویستییەكەی دەگاتە 32_40 هەزار مێگاوات لە هاویندا[17]. هەر لەم بارەشەوە ئەندامێكی تیمی ترەمپ “گابرێك سۆما” رایگەیاندووە، “ئەمریكا توندە لەبارەی پەیوەستبوونی كارەبای عێراق بە گازی ئێرانەوە. بڕیاری ترەمپیش بۆ ڕاگرتنی ئەمە، گۆڕانێكی گەورەیە لە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر هەردوو وڵاتی دراوسێ. مەبەست لەمەش ئێرانە كە تا ساڵی 2029 گرێبەستی لەگەڵ عێراقدا هەیە بۆ فرۆشتنی غاز بە بڕی 50 ملیۆن مەتری سێجای رۆژانە[18].
– لە بازاڕی عێراقدا مەترسیی ئەوە هەیە هەر سزایەكی دارایی و ئابوریی ئەمریكی، نرخی دۆلار بە ڕادەی زۆر بباتە سەرەوە، بەتایبەت كە لیژنەی دارایی پەرلەمان دەڵێن: حكومەت تائێستا نەیتوانیوە سیاسەتێكی نەختینەیی روونی هەبێت؛ بێتواناشە لە كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار[19]. هەر لەم نێوەندەشدا ئەو شاندە عێراقییانەی لە واشنتۆن گەڕاونەتەوە، باس لەوە دەكەن عێراق لە بەردەم هەندێك بڕیاری ئەمریكیدایە؛ چ سیاسی یان دارایی. ئەمەش بە قەدەغەكردنی دۆلار لە بانكی زیاتری عێراقی لێكدەدرێتەوە[20].
2- هەشت سەرچاوەی ئاگادار بە ئاژانسێكی نێودەوڵەتییان راگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ گوشار لە بەغدا دەكات بۆ ئەوەی رێگە بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە بدات. ئەم سەرچاوانە باس لەوە دەكەن، ئیدارەی ئەمریكا هەڕەشەی ئەوەی لە حكومەتی بەغدا كردووە ئەگەر رێگە بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان نەدات، ئەوا دەبێت لە پاڵ ئێراندا ئەویش رووبەڕووی سزاكان ببێتەوە. ئاژانسەكە باسی لەوە كردووە، دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەگەری دابەزینی هەناردەی نەوتی ئێران، كە واشنتۆن بەڵێنی داوە بۆ ئاستی سفر كەمی بكاتەوە. ئەمەش لەچوارچێوەی سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشار”دایە بەرامبەر تاران كە ئەمریكا پەیڕەوی دەكات[21].
سەرچاوەیەكی نێو سەرۆكایەتیی وەزیرانی عێراق ئەم زانیارییەی رەتكردەوە[22]، بەڵام دەستوبردكردنی بەغداد لەبارەی هەناردەی نەوتی كوردستانەوە، نیشانەی ئەوەیە كە گوشار هەیە. زیاتر لە پەرلەمانتارێكی شیعەش باسیان لەوە كرد لەژێر گوشارو هەڕەشەو لۆبیی ئەمریكیدا هەمواری بودجەی عێراق لە پەرلەماندا تێپەڕیوە، بەتایبەت بڕگەی هەمواركردنی هەقدەست و كرێی كۆمپانیا بیانییەكان و زیادكردنی لە 6 دۆلاری هەر بەرمیلێكەوە بۆ 16 دۆلار[23]؛ زۆر لەو كۆمپانیایانەش ئەمریكین.
تێڕوانین و كاردانەوەی هێزە شیعەكان
لە ئاست ئەو دۆخانەی چاوەڕێی عێراق دەكەن، عێراقی فەرمی كە حكومەتی چوارچێوەی شیعییە، بژاردەكانی زۆرو كراوە نین، چونكە لەلایەك سروشتی ترەمپ وایە دەرفەتی زۆر لەگەڵیدا بەردەست نییە، لە لاكەی تر لە ساڵی هەڵبژاردندا ململانێ و كێبركێی سیاسی بەسەر كەشی سیاسیدا زاڵترەو هەر هێزێكی شیعی لە هەڵمەتەكاندا دەستپێشخەری بكات باجی دەبێت. تائێستاش گرنگترین ئەو كاردانەوانەی لە هێزە شیعەكانەوە دەرچوون بۆ چۆنێتیی مامەڵە لەگەڵ ترەمپ، دەشێت ئەمەی خوارەوە بن:
– لە سەردانەكەی سودانیدا بۆ تاران لە سەرەتای 2025و لەپاش دیداری ڕێبەری شۆڕش “عەلی خامنەیی”، پێداگری لەسەر مانەوە و پەرەپێدانی “حەشدی شەعبی” دووپاتكرایەوە[24]؛ ئەمەش وەڵامێكی بەرایی بوو بۆ واشنتۆن. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا كۆدەنگییەكی شیعی هەیە لەسەر دەستگرتن بە حەشدی شەعبییەوە، چونكە ئەركی ئەم هێزە تەنیا ئەمنی نییەو هێزێكە بۆ پاراستنی سیستەمی حوكمڕانیی شیعی، هاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئێران.
– محەمەد شیاع سودانی لە سەردانی لەندەن و لە سەروبەندی كۆبوونەوەیەكی تایبەتدا لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی عێراقی لە شاری لەندەن (ناوەڕاستی یەنایەری 2025) باسی لەوە كردبوو كە ترەمپ سەرقاڵی كێشەكانی خۆیەتی؛ وڵاتانیش پێگەی سەربەخۆی خۆیان هەیە[25]. لێكدانەوەكەی سودانی لەچوارچێوەی كەمكردنەوەی ئەو مەترسییانەدایە كە لەگەڵ گەڕانەوەی ترەمپدا بۆ كۆشكی سپی لەسەر دۆخی عێراق باسدەكرێن و دەخرێنەڕوو.
– گروپە چەكدارە شیعەكان لەبارەی چارەنوسی خۆیانەوە بێدەنگن و لە حاڵەتی چاودێریی دۆخەكەدان، بەڵام هەندێك لە سەركردەكانیان باس لەوە دەكەن تاكە شت كە بە لای ئەوانەوە گرنگە، مانەوەی “حەشدی شەعبی”یەو، شتەكانی دیكە قابیلی گفتوگۆن[26]؛ بەتایبەت كە سیستانی دووجار لەسەریەك لەماوەیەكی كورتدا لە كۆتاییەكانی 2024 جەختی لەوە كردەوە “دەبێت چەك تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت[27].”
لەسەر ئاستی فەرمیش عێراق رایگەیاندووە كە لەگەڵ گروپە چەكدارەكاندا لە هەوڵدایە بۆ دەستبەرداربوون لە چەك و، چوونە نێو دەزگا فەرمی و ئەمنییەكانی دەوڵەت[28]؛ بەڵام هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا سەرچاوە سیاسییە عێراقییەكان باس لەوە دەكەن گروپە چەكدارەكان بۆ هەڵوەشانەوەی خۆیان، داوای كۆمەڵێك پۆست و گەرەنتی لە حكومەتی عێراق دەكەن كە كێشەی گەورەتری بۆ دروستدەكات، لەوانەش: راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، دەزگای هەواڵگریی، سەرۆك ئەركانی سوپاو هەندێك جومگەی تری حەشد لەگەڵ پۆستی دیكەی دیپلۆماسی[29]. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت، گەیشتن بە چارەسەر ئاسان نییە.
– لە سەردانی لەندەنی سودانیدا حكومەتی عێراق ژمارەیەك گرێبەست و یاداشتنامەی لێكگەیشتنی واژۆ كرد؛ دەشێت ئەمەش وا لێكبدرێتەوە گەڕانی عێراقە بۆ پاڵپشتی لە ئەوروپاو وڵاتانی تر بۆ كەمكردنەوەی گوشاری چاوەڕوانكراوی ئەمریكا.
– ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی عەسائیب كە یەكێكە لە راگرە شیعەكانی حكومەتی سودانی، باسی لەوە كردووە كە ئەوەی دەربارەی ترەمپ و عێراق دەوترێت، “زیادەڕۆییەكی گەورەیە”و زۆر لە سیاسییە عێراقییەكانیش “فۆبیای ترەمپ”یان هەیە؛ گوایە حەشد هەڵدەوەشێنێتەوەو “كۆتایی بە موقاوەمە دەهێنێت.” هەروەها “سێ ترلیۆن دۆلاری لە عێراق دەوێت وەك قەرەبوو”؛ بەڵام بە بۆچوونی ئەو “ترەمپ تەنیا لای ئەوانە كاریگەرە كە بڕوایان پێی هەیەو لێی دەترسن.” جەختی لەوەشكردەوە ” ترەمپ ئەزمونێكی سواوی تاقیكراوەیە”[30]؛ ئەمەش بە مانای گوێپێنەدان دێت. هاوشێوەی ئەمە هادی عامری، سەرۆكی رێكخراوی بەدر، كە یەكێكی دیكەیە لە كۆڵەكەكانی حكومەتی سودانی، باسی لەوە كردووە خەڵكێك هەن “وەك خوداوەند” وێنای ترەمپ دەكەن. لە وەڵامی ئەمەشدا ئاماژەی بە وەڵامێكی رابەری شۆڕشی ئێرانی “عەلی خامنەیی” كردووە كە وتویەتی، پلانەكانی ترەمپ “تەنیا مەرەكەبی سەر كاغەزن”. ئەم وەڵامەشی بە هی “رێبەری ئازا” لە قەڵەمداوە[31]. ئەمە بە واتای ئەوە دێت عێراق و ئێران لە یەك سەنگەردان سەبارەت بە سیاسەتی نوێی ئەمریكاو چۆنێتیی بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتە نوێیەكانی ترەمپ.
– عێراق لە كەناڵە دیپلۆماسییەكانەوە رایگەیاندووە خوازیاری پەیوەندیی باشە لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ؛ ئەمەش لە پیرۆزبایی سودانی و لێدوانەكانی وەزارەتی دەرەوەدا ڕوونە[32]. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا عێراق گرەو لەسەر رێككەوتننامەی دووقۆڵیی ستراتیژیی (2008) دەكات كە چوارچێوەیەكی یاساییە بۆ رێكخستنی پەیوەندیی هەردوو وڵات لەبوارە جیاجیاكانی ئابوریی و كۆمەڵایەتیی و كەلتوریی؛ بەڵام روون نییە تا چەند ترەمپ بەو كڵێشە دیپلۆماسییانەوە پەیوەست دەبێت كە پێشتر هەبوون.
– بۆ خۆڕزگاركردن لە وزەی ئێرانی، عێراق هەوڵی پەیوەستنی كارەبایی لەگەڵ وڵاتانی كەنداو دەدات؛ هەروەها پلانی هەیە گازی سروشتی لە توركمانستان هاوردە بكات[33]. ئەمەش دەشێت بەشێك لە داواكارییەكانی ئەمریكا جێبەجێ بكات.
– بەشێك لە ماشێنی میدیایی هێزە شیعەكان باس لەوە دەكەن ئەو گوشارانەی لە ئەمریكاوە لەسەر عێراقن، زیاتر كەمپینی كۆنگرێسمانن و هی ژوورەكانی بڕیاردان نین؛ هەروەها لۆبیی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن و هەندێک کارەکتەری سیاسیی بەرهەڵستکاری شیعە لە تاراوگە.
كۆبەند
لە سایەی ئیدارەی نوێی ترەمپدا دۆخی عێراق بەڕووی چەند ئەگەرو بژاردەو سیناریۆیەكی جۆراوجۆردا كراوەیە، بەتایبەت پەیوەست بە دۆسیەكانی ئاسایش و دارایی و جۆری پەیوەندیی لەگەڵ ئێران و گۆڕانكارییەكانی سوریا. بەهۆی ئەوەشی بنكەی سیاسیی حكومەتی عێراق چوارچێوەی شیعییە و پەیوەندییەكانی ئێران و سوریاش لێكەوتەی سەرەكیی لەسەر ئەوانە، هێزە شیعەكان پەیوەندیداری یەكەمن بەو دۆخە نوێیەی كە چاوەڕوان دەكرێت بێتە پێشەوەو پاشان لێكەوتەی لەسەر پێكهاتەكانی دیكەی حوكمڕانی لە عێراق، كە كوردو سوننەن، دەبێت. بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسی و گۆڕانكارییە گریمانكراوەكانی ئیدارەی نوێی ئەمریكاش، بژاردەكانی دەستی حكومەتی بەغداد زۆر نین و كاردانەوەو ئامادەكارییەكانی حكومەت و هێزە سیاسییە شیعەكانیش زیاتر بریتین لە: گوێپێنەدان، كەمكردنەوەی بایەخ و هەنگاوی سنورداری دیپلۆماسی.
سەرچاوەكان:
ئەم بابەتە بۆ (خانەی هزریی كوردستان) نوسراوە
