Draw Media

  مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) جارێکی تریش بە دڵخۆشییەکی گەورەوە کەوتنی یەکێک لە رژێمە بنەماڵەییە، ئەمنییە، میلیشیاییە، خوێناوییە، داخراوەکانی ناوچەکە دەبینین. شارەکان دەبینین ئازاد دەبن، دەرگای زیندانەکان دەشکێن و بەناھەق زیندانکراوەکان بە پێکەنینەوە دێنەدەرەوە. ئەمڕۆ ئیتر ھەموومان شایەتی کۆتاییھاتنین بە دەسەڵاتی ترسناکی خێزان و بنەماڵەی ئەسەد لە سوریادا. ئەوەی بڵاودەبێتەوە وێنەی ئەو مرۆڤە دڵخۆشانەیە کە پەیکەرەکانی ئەسەدی باوک و ئەسەدی کوڕ دەڕوخێنن و بە تێڵا بە پێڵاو لە سەری بڕاوی پەیکەرەکان ئەدەن، منداڵان دەبینین بە پێکەنینەوە میز بەسەری پەیکەرەکانیاندا دەکەن. ئەوەی دەردەکەوێت دووبارەبوونەوەی ئەو وێنانەیە کە دوای کەوتنی رژێمەکەی سەدام حوسەین لە ساڵی ٢٠٠٣دا لەزیاد لە شوێنێکی عێراقدا، بینیمان. ئەوەی لە پشتی ئەم دڵخۆشییەوە ئامادەیە، ئەو رێگا نادیار و رۆژگارە نەناسراوەیە کە لە رۆژ و مانگ و ساڵەکانی داھاتوودا دێتەکایەوە. رۆژگارێک دەشێت دووبارەکردنەوەیەکی ترسناکی دۆخی عێراقی دوای کەوتنی رژێمەکەی سەدام حوسەین بێت، سەرلەنوێ بیناکردنەوەی ھەمان ئەو کابوسە بەعسییە تۆقێنەرەبێت کە بنەماڵەی ئەسەد و حیزبی بەعس لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا دروستیانکردبوو، بەڵام بەناوی تر و لە لایەن بکەری سیاسیی و بەتایبەتی دینیی، ترەوە. شتێک لە ئێستادا لێی دڵنیاین ئەوەیە سوریای بنەمالەی ئەسەد و مۆتەکەی بەعس کۆتاییهات و سوریایەکی تازە بەریوەیە بۆ دروستبوون. قۆناغێکی گواستنەوە و بڕێکی بەرچاو لە فەوزا ئامادەیە. پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا بەڕاستیی سوریا بەڕێوەیە بۆ چوونە ناو سەردەمی ئازادییەوە؟ ئەو سوریایەی دروستدەبێت سوریای سیستم و کۆمەڵگایەکی سیاسیی کراوە و دیموکراسیی و ئازادییخواز دەبێت، یان سوریایەکی بەعسیانە لەژێر ناو و ناونیشانی دیکەدا؟   گومانی تێدا نییە ئایندەی سوریا ئایندەیەکی بێ کێشەی سیاسی ھەمەجۆر نابێت. بوونی کێشەی سیاسیی بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانی سیاسیی، ھیچ کایەیەکی سیاسیی لە جیھاندا بوونی نییە بەبێ کێشەی سیاسیی، ھەمیشە کۆمەڵێک ململانێ و دۆخی نەخواستراو دێنەپێشەوە، کە سەرچاوەی دروستبوونی کێشەی ھەمەجۆرن لەنێوان بکەرە سیاسییەکاندا. بەڵام ئەوەی کە کێشە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیەی ئێمە لەزۆرر ڕووەوە لە کێشەی شوێنەکانی تر جیادەکاتەوە، نەبوونی ئاسۆیە بۆ چارەسەرکردنیان. نەبوونی بکەری سیاسیی چارەسەرخواز و ھەڵگری پرۆژەی بەیەکەوەژیانی نیشتیمانیی ھێزە جیاوازەکانە بەیەکەوە. ئەوەی لەم ناوچەیەدا باڵادەستە کۆمەڵێک دەوڵەت و ھێز و گروپی سیاسیی و میلیشیای چەکدارین، کە لۆژیکی نەفیکردنی ھەمووشتێک لە دەرەوەی خۆیاندا، ئاراستەیان دەکات.   سوریا نموونەیەکی بەرچاوی دۆخێکی  لەو بابەتەیە، وڵاتەکە پڕە لە ھێزی یەکدی نەفیکەر. بڕێکی گەورە لە ترس و بێمتمانەیی لەنێوان ھێزە سیاسیی و گروپە دینیی و ئەتنییەکانی وەڵاتەکەدا ھەیە. وڵاتەکە پڕ لە سوپا و میلیشیای جیاواز، ھەندێکیان خۆیان بە سوپا و میلیشیای خودا دەزانن و بەناوی دین و خوداوە دەجەنگن، ھەندێکی تریان سوپای ئەم یان ئەو گروپی ئەتنیی و ئەم یان ئەو ھێزی ناوچەیی و ئیقلیمین. لاوازیی یان غیابی بەرفراوانی کولتوریی لێبوردن، نەبوونی سیاسەتێکی عەقڵانیانەی لەبیرکردن، ھەموو ئەمانە تێکەڵ بە چەندان شێوازی جیاوازی ڕقیی ھەمەجۆر، ڕقی دینیی و ئایدیۆلۆژیی و ئەتنیی و بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتیی. ئەوەی ئەم دۆخە لەو سوریادا ئاڵۆزتر و ترسناکتر دەکات ئەو راستییە تاڵەیە کە بڕیاری سیاسیی لەو وڵاتەدا، نە لە دەستی حکومەتی سوریادایە، نە لە دەستی ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆندا و نە لە دەستی خەڵک و کۆمەڵگاکەشدایە. ئەوانەی بڕیارە سەرەکییەکان لەو وڵاتەدا ئەدەن ھێزە ئیقلیمیی و ھێزە جیھانییە جیاوازەکانن. ئەم ھێزانەش جەنگی مان و نەمان لەگەڵیەکتریدا دەکەن. پێدەچێت تا ئەم ساتە براوەی ژمارەیەکی ململانێکانی ناو سوریا، تورکیا و دۆڕاوی ژمارەیەکیش، ئێران بێت. لەسەرێکی دیکەوە ھەر ھێزێکی سەربازیی و میلیشیاییش گەر دەسەڵاتی ھەبێت و بتوانێت، حکومەتێکی تایبەت بۆ خۆی دروستدەکات. ئێستا لە سوریادا چەندان حکومەتی جیاواز ھەیە، لەوانەش بۆ نموونە، ”حکومەتی موەقەت“، ”حکومەتی ئینقاز“، پاشماوەکانی”حکومەتەکەی بەشار ئەسەد“. ناوچەکەش دابەشبووە بەسەر ئیقلیمێکی سونی و ئیقلیمێکی عەلەوی و ئیقلیمێکی کوردیدا، کە شتێک ئەوتۆ بەیەکەوە کۆیان ناکاتەوە. ئەوەی لەناو ئەم ململانێیانەدا وێرانە  خودی ”دەوڵەت“ خۆیەتی وەک دەوڵەت،  وەک فیکرە، وەک دەزگا و میکانیزمی ھاوبەش، وەک دەرەنجامی ”گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی“ لەسەرڕێککەوتو، وەک ”چوارچێوەیەکی ھاوبەش“ لەنێوان پێکھاتە جیاوازەکانی وڵاتەکەدا، وەک داوەرێکی بێلایەن لەنێوان دینەکان و ئەتنیەکان و گروپە جیاوازەکاندا. ئەو ھێزانەی خۆیان بە ئەلتەرناتیڤی رژێمە خوێنڕێژ و بەربەرییەکەی بەشار ئەسەد دەزانن، ھەڵگری بەرنامە و دونیابینییەک نین بتوانێت دەوڵەت بەو مانایانەی سەرەوە بەرجەستەبکات. ئەو ھێزە ئیقلیمیی و جیھانیانەش کە لەو وڵاتەدان  بە دوای قازانج و خواستی تایبەتی خۆیان و چنینەوەی دەسکەوتی تایبەتەوەن. دوای ئەو ھەموو جەنگ و پێکدادان و کوشتارەش، کە لە دەیەی ڕابردوودا لەو وڵاتەدا ڕوویداوە، تا ئێستاش نەخشەیەکی سیاسیی بوونی نییە ھێما بۆ چوونەدەرەوە لەو دۆخە ناھەموارەی ئەمڕۆ و دووبارەنەبوونەوی کابوسەکانی، بکات. دیدگایەک بۆ دەوڵەت بوونی نییە بتوانێت وەک چوارچێوەیەکی سیاسیی ھاوبەش بۆ کۆکردنەوەی ھێز و گروپ و پێکھاتە جیاوازەکانی ناو وڵاتەکە بەیەکەوە، بیبینێت. لەڕاستیدا دەوڵەت وک دەوڵەت، چوارچێوەیەکی بیرلێکراوە نییە و بەشێکی گەورەی ئامرازەکانی دروستکردنی وەک ھاوبەشێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دەزگایی و یاسایی ھاوبەش، لەئارادا نییە.   لە ڕاستیدا ھیچ شتێک لەم ناوچەیەدا ھێندەی ”دەوڵەت“ بیرلێنەکراوە و رێزلێنەگیراو و نائامادەکراو نەکراوە. زۆرینەی ئەو چوارچێوە سیاسییانەی لەم ناوچەیەدا دروستکراون و سەپێنراون، بە لۆژیکی بەر لە دروستبوونی دەوڵەت وەک دەوڵەت، کاریانکردوە و کاریانپێکراوە. ئەم بەگژاچوونەوەی کارکردنی دەوڵەت وەک دەوڵەت، ھاوشان بووە و، تا ئەم ساتەش ھاوشانە، بە بەگژاچوونەوەی مافەکانی مرۆڤدا، لە مافە سیاسییەکانەوە بیگرە بۆ مافە کۆمەڵایەتیی و دینیی و فەرھەنگییەکان و لە مافە تاکەکەسەییەکانەوە بیگرە بۆ مافە کۆیی و دەستەجەمعییەکان. ھەموو ئەمانەش لەژێر ناونیشانی بەگژاچوونەوەی ھێرشی ”ئیمپریالیزمی کولتوریی خۆرئاوا“ و ”گەڕانەوە بۆ رەسەنایەتیی و موقەدەساتی خەڵک“. وەک ئەوەی مرۆڤەکانی ئەم بەشەی دونیا مافی ھەبوونی ئەو مافانەیان نەبێت. ھاوکات نمایشکردنی بەرگریکردن لە مافی کەمینەکان و مافی ژنان و مافی پێکھاتە جیاوازەکان، وەک بەرگیکردن لە کولتوری ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزم و کوفر و خۆرئاوای موناقیق. ئیدانەکردنی چەمکەکانی وەک دیموکراسیەت، ئازادیی، مافی مرۆڤ، یەکسانیی، بەناوی ئەوروپایی و خۆرئاواییبوونی ئەو چەمکانەوە، تەنھا بەتاڵکردنەوەی مێژووی ئەم ناوچەیە نییە لە ھەر مانایەکی پۆزەتیڤ و ئینسانیی، بەڵکو ھەوڵدانی بە ئەبەدیکردنی ئەو کولتورە ناشیرینەشە کە ھیچ رێزێک بۆ مرۆڤ و بۆ ماف و بۆ ژیان، دانانێت. ئەم ھێزانە رێک لەو کاتانەدا کە رەخنەی رووەکارە ئینسنایی و ڕۆشنگەر و مافپەروەرەکەی فەرھەنگی سیاسیی ئەوروپایان کردوە و دەکەن، بەناوی گەڕانەوە بۆ کەلەپوری رەسەن و خۆماڵییەوە، یان بەناوی بەرگریکردن لە دین و موقەدەساتی کۆمەڵایەتییەوە، رێک لەوکاتەدا رووکارە ھەرە ناشیرین و کابوسییەکانی کەلەپوری بەشە ھەرە ترسناکەکانی جیھانیان زیندوکردۆتەوە و خستۆتەگەڕ. دەوڵەتی دەزگا و یاسا و ماف رەفزکراوە و دەوڵەتی تاکەکەسیی و خێزانیی و بنەماڵەیی پەیڕەوکراوە. دەستوری دیموکراسیی و لێکجاکردنەوەی دەسەڵاتەکان پشتگوێ خراوە و دەستوری کۆکردنەوەی ھەموو دەسەڵاتەکان و بە ئەبەدیکردنی لە دەستی ئەم یان ئەو ستەمگەر و ھێز و بزاوت و بنەماڵەی سیاسییدا، پیادەکراوە. زیندان دروستکراوە بەڵام ڕای ئازاد حەرام کراوە، ڕاونان و دەربەدرکردن بە شێوەیەکی سیستماتیکی ڕوویداوە، بەڵا مافی ھەبوونی ماڵ و ھەبوونی ژیان سڕاوەتەوە. باس لە نیشتیمان کراوە، بەڵام شتە ھەرە گشتییەکانی نیشتیمانەکە خەسخەسە و بەتایبەت کراوە، چەمکەکانی گەل و میلەت و نەتەوە بەکارھاتوە، بەڵام بنەماڵە و مەزھەب و تائیفە سەرەوەر و باڵادەستکراوە. بە درێژایی مێژووی دروستبوونیان، بەشی ھەرەزۆری ھێزە دینیی و ھێزە نادینییەکان لەسەرجەمی ناوچەکەدا، خەڵکی ناوچەکەیان لە شۆکێکی ئەخلاقییەوە بۆ شۆکێکی ئەخلاقیی تر بردوە. جارێک خەڵکیان بەناوی بێدینیی و لادان لە دینەوە ، کوشتوە، جارێک بەناوی سەروەری و یەکێتی نەتەوەییەوە. ھێزێک بەناو سۆسیالیزمەوە خەڵکی گرتوە و کوشتوە، ھێزێکی تر بەناوی گەڕانەوە بۆ ئیسلام و بونیادنانەوەی خەلافەتەوە، جارێک ئەو ژنانەیان کوشتوە کە بە ویستی ئەوان جلیان لەبەرنەکردوە، جارێکی تر کێیان ویستبێت کوشتوە بەناوی بریندارکردنی ئەم یان ئەو موقەدەسی دینیی و نادینییەوە. لە راستیدا ناکرێت مێژووی ئەم جۆرە ھێزانە لەم ناوچەیەدا بخوێنینەوە و تۆشی شۆکی ئەخلاقیی و ئینسانی گەورە نەبین، تا ئەو شوێنەی شۆکبوون لەوەبخەن شۆکبوون دروستبکات و ئەنجامدانی تاوان بکەنە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگاکانی ناوچەکە. تراژیدیای ڕاستەقینەی کۆمەڵگای سوریی ئەوەیە دەسەڵاتی ”حیزبی بەعس“ بڕوات و دەسەڵاتی ھێزێکی سەلەفیی وەک ”ھەیئەی تەحریری شام“ بێتە کایەوە، بەشار ئەسەد بڕوات و جولانی بێتەکایەوە، ئێران لە سوریادا نەمێێت و تورکیا شوێنەکەی بگرێتەوە، حیزبوڵای لوبنانی بڕوات و سوپای ئازادی سەر بە تورکیا بێتەجێی.   دۆخی سوریا تەنھا دۆخێکی ناوەکیی سوریا و تایبەت بە سوریا نییە، لەناو ھەموو وڵاتەکانی ئەم ناوچەیەدا سوریایەکی تایبەت ئامادەیە، مەسەلەی تەقینەوەی ئەو سوریایە، لە غیابی ھەموو ئەو شتانەدا کە باسمکرد، تەنھا مەسەلەی کاتە. ئەو فۆرمە لە حوکمڕانیی و ئەو شێوازانە لە ھێزی ئۆپۆزیسۆن و ئەو تێگەیشتنە خێزانیی و بنەماڵەیی و دینیانەی بۆ دەوڵەت و ماف و دیموکراسیەت و جیاوازیی لە سوریادا ھەیە، لە سەرجەمی وڵاتەکانی ناوچەکە و مۆدێلی باڵادەستی حوکمڕانیکردنیاندا ھەیە.  لە پێش ھەمووانیشەوە لە ھەرێمە شێواو و قەیراناوییەکەی، ئێمەدا.    


(درەو): هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ توركیا بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی پاریسەوە راوەستا، ئێستا فەرەنسا ژمارەیەك كۆمپانیای نەوتی رەوانەی كوردستان كردووەو پشتیوانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت دەكات.  کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان ئەمڕۆ لەگەڵ د. یان بڕیم کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان كۆبووەتەوە. راگەیەندراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان باسلەوە دەكات، كەمال محەمەد لەم دیدارەدا سوپاسی پاڵپشتی و هەوڵەکانی حکومەتی فەرەنسا كردووە بۆ خێرا دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، كە بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە، لە 25ی ئازاری 2023وە راوەستاوە. "لە ساڵی نوێ ئاماژەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سۆمۆ زۆرن و لەئێستادا لە قۆناغی هەموارکردنەوەی بڕگەیەکی ماددەی یاسای بودجە دایە" وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم وا دەڵێ. كونسوڵی فەرەنسا باسی لە هاتنی ژمارەیەک لە گەورە کۆمپانیاکانی وڵاتەكەی كردووە بۆ هەرێمی كوردستان بەتایبەتی کۆمپانیاکانی نەوت، وتویەتی: هیوادارم هەماهەنگی و هاوکاری پێویستی ئەو كۆمپانیایانە بکرێت بۆ وەبەرهێنانی گەورە لە كوردستان.  لەبەرامبەردا وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم ئاماژەی بەوەكردووە، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ ئابوریی عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری هەیەو بەشێکی زۆری کورتهێنانی بودجە چارەسەر دەکات.


درەو 🔻 سوپای عێراق لە ساڵی 2023دا لە پلەی (45)ی جیهاندا بووەو خەرجی بەرگرییەکەی بە نزیکەی (5.7 ملیار) دۆلار مەزەندە دەکرێت. 🔻 ژمارەی ئەو هێزە مرۆییەی لە ئەرکدان بە (200 هەزار) سەربازی مەزەندە دەکرێت، جگە لە بوونی (130 هەزار) کەس لە هێزی نیمچە سەربازی، بەڵام عێراق هیچ هێزێکی یەدەگی نییە. 🔻 هێزی زەمینی عێراق خاوەنی (923) تانکی جۆر و بەرهەمی جیاوازە، هەندێکیان ڕووسین، هەندێکی دیکەیان ئەمریکین و بەشێکیشیان تانکی دروستکراوی عێراقن، هەروەها جبەخانەی هێزی زەمینی (39 هەزار) ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی جۆراوجۆر و بەرهەمهێنان و وەشانی جیاواز لەخۆدەگرێت، جگە لە بوونی (281) تۆپهاوێژ "مدفع"ی خودکار، (هەزار و 426) تۆپهاوێژ هەڵگر و (424) ڕاجیمەی موشەکی و (24) سیستەمی مووشەکی. 🔻 جبەخانەی هێزی ئاسمانی عێراق پێکهاتووە لە (33) فڕۆکەی شەڕکەر، (16) فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازی، (112) فڕۆکەی مەشق و ڕاهێنان، (203) هەلیکۆپتەر، هەروەها (7) ڕادار و (14) فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەر. 🔻 هێزی کەشتیوانی عێراق لە ڕیزبەندی ژمارە (41)ی گەورەترین کەشیوانی سەربازیی جیهاندایە و لە (63) یەکەی دەریایی پێکدێت، کە هیچیان یەکەیەکی گەورەی دەریایی نین جگە لە دوو یەکەی کۆرڤێت. سەرەتا لە ژێر ڕۆشنایی بارگرژییەکانی ناوچەکە، سوپای عێراق جەخت لەسەر تواناکانی خۆی دەکاتەوە بۆ بەرگریکردن لە سەروەری وڵات لە بەرامبەر هەر مەترسییەکی نزیکدا، هەروەها چەندین جار ڕایگەیاندووە کە گفتوگۆ ئەنجام دەدات بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی بەرگری لە ڕێگەی ڕێککەوتنی لەگەڵ وڵاتانی جۆراوجۆرەوە. لەم بارەیەوە شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە سوپای عێراق خاوەنی توانایەکی بەرزە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی وڵات، هاوکات ئاماژەیان بۆ بوونی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەت و تەرخانکردنی بودجەیەکی زۆر بۆ پەرەپێدانی هێزی ئاسمانی لە ڕێگەی کڕینی سیستەمی مۆدێرن و پێشکەوتووەوە. سەرۆکی شانەکە، لیوا تەحسین ئەلخەفاجی، ڕۆژی (29/9/2024) بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی ڕاگەیاندووە: "گرنگییەکی زۆر لەلایەن سەرکردایەتی سیاسی و سەربازییەوە هەیە، لەسەرو هەموشیانەوە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان "محەمەد شیاع سودانی"ەوە، لە زیادکردنی تواناکانی بەرگری ئاسمانی". ئاماژەی بەوەشکردووە "خەرجییەکی زۆر لەلایەن دەوڵەتەوە تەرخانکراوە بۆ پەرەپێدانی هێزی ئاسمانی عێراق و کڕینی ڕاداری پێشکەوتوو و سیستەمی مووشەکی پێشکەوتوو، ئەمە جگە لە باشترکردنی تواناکانی ئێستا لەڕێگەی ڕاهێنانی بەردەوام و کڕینی چەکی نوێ". زیاتر لەوەش، "بونیادنانی بەرگری ئاسمانی پێویستی بە کات و هەوڵی ماددی بەرچاو هەیە، بەڵام ئەوە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی حکومەتە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی وڵات". ئاماژەی بەوەشکردووە؛ بایەخێکی زۆر لەلایەن فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە هەیە بۆ تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەکانی پەرەپێدانی بەرگری ئاسمانی"، وتووشییەتی کە "هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا پێشکەوتووەکان لەم ڕووەوە کراوە، وەک کۆمپانیاکانی کۆریای باشوور، کە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دابین دەکەن کە کێبڕکێ لەگەڵ سیستمەکانی جیهانیدا دەکەن." خەفاجی جەختی لەوەش کردووەتەوە، "سوپای عێراق توانا و لێهاتوویی بەرزی هەیە، هەروەها خاوەن جۆرەها چەک و سیستمی بەرگرییە، لەوانە؛ سیستمی ڕووسیا، کۆری، و ئەمریکی و ڕاداری فەرەنسی، کە توانای پاراستنی ئاسمان هەیەو ئامانجە گرنگەکان بەرز دەکاتەوە، جگە لە گرنگی ڕاهێنانی سەربازی بەردەوام". جبەخانە و توانا سەربازییەکانی سوپای عێراق لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، سوپای عێراق بە چەندین ئەزموندا تێپەڕیوە و چەندین شەڕی کردووە، بەڵام چەک خاڵی جیاکەرەوەی نێوان ئەو سەرکەوتن و شکستانە بووە لە زۆربەی ئەو شەڕانەی کە کردوویەتی، چ ناوخۆیی بێت یان دەرەکی، ماوەیەکی درێژیشە بەدەست سزا نێودەوڵەتییەکانەوە ناڵاندی و دەناڵێنێت لە سنوردارکردنی کە لەژێر ئەو شەڕانەدا ساڵانێکی زۆر ڕێگری لێکرا لە کڕینی چەک. ئەم سوپایەی ئێستا هەیەتی کە لە ساڵی 2024ەوە پێکهێنرایەوە، مەترسی هەیە ڕووبەڕووی یەکەم ئاڵنگاری و شەڕی دەرەکی ببێتەوە، لە ڕێگەی هێزی وشکانی، دەریایی و هێزی ئاسمانی، جا پێکەوەبن یان هەریەک لەو هێزانە بەجیا بێت، بۆ بەرگریش لە هەر ڕوویەکەوە توانا سەربەزییەکانی عێراق بەم شێوەیەیە؛ •    هێزی زەمینی سوپای عێراق لە ساڵی 2023 لە پلەی (45)ی جیهاندا بوو؛ ژمارەی ئەو هێزەکانە لە ئەرکدان بە (200 هەزار) سەربازی مەزەندە دەکرێت، جگە لە بوونی (130 هەزار) کەس لە هێزی نیمچە سەربازی، بەڵام عێراق هیچ هێزێکی یەدەگی نییە. خەرجی بەرگرییەکەی بە نزیکەی (5 ملیار و 700 ملیۆن) دۆلار خەمڵێندراوە، هاوکات لەڕووی بوونی توانای کەشتیوانی جەنگییەوە عێراق لە ڕیزبەندی (41)مین گەورەترین جبەخانەی سەربازی جیهان بووە لە ساڵی 2023دا. هێزی زەمینی عێراق خاوەنی (923) تانکی جۆر و بەرهەمی جیاوازە، هەندێکیان ڕووسین، هەندێکی دیکەیان ئەمریکین و هەندێکیان تانکی دروستکراوی عێراقن، هەروەها جبەخانەی هێزی زەمینی (39 هەزار) ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی جۆراوجۆر و بەرهەمهێنان و وەشانی جیاواز لەخۆدەگرێت، جگە لە بوونی (281) تۆپهاوێژ "مدفع"ی خودکار، (هەزار و 426) تۆپهاوێژ هەڵگر و (424) ڕاجیمەی موشەکی و (24) سیستەمی مووشەکی. •    هێزی ئاسمانی لە پێنج ساڵی ڕابردوودا عێراق هێزێکی ئاسمانی کاریگەری بەدەستهێناوە؛ کە لە ڕێگەیەوە هێرشی ئاسمانی ئاراستەی ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کرد و تا ئێستاش فڕۆکە شەڕکەرەکانی بۆ ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی ئەو ڕێکخراوە بەکاردەهێنێت. جبەخانەی هێزی ئاسمانی عێراق پێکهاتووە لە (33) فڕۆکەی شەڕکەر، (16) فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازی، (112) فڕۆکەی مەشق و ڕاهێنان، (203) هەلیکۆپتەر، هەروەها (7) ڕادار و (14) فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەر. •    هێزی دەریایی ئەو هێزە دەریاییە نزیکەی (17) ساڵ دوای پێکهێنانی سوپای عێراق پێکهێنرا، و بە چوار کەشتی دەستیپێکرد، کە دواتر ئەرکی پاراستنی کەناراوەکانی عێراق و ناوچە ئابوورییەکانیان پێسپێردرا. ئێستا هێزی دەریایی عێراق (63) یەکەی دەریایی و (26) کەشتی دەوری و ژمارەیەک کەشتی یەکەی کۆرڤێت و کەشتی پاڵپشت لەخۆدەگرێت.       سەرچاوەکان؛ -    وکالة الانباء العراقیة، الإعلام الأمني: الجيش العراقي يمتلك قدرات عالية لحماية البلاد، 29/9/2024؛ https://www.ina.iq/218017--.html -    شبكة الساعة الاخباریة، تعرف على ترسانة السلاح للجيش العراقي، 4/11/2024؛ https://alssaa.com/post/show/28126 -    سبوتنیک، الأسطول الحربي العراقي وقدرات الجيش في 2023، 13/9/2023؛ https://shorturl.at/WGJd7    


(درەو): ماوەی 8 رۆژە یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە (كراوەیی) ماوەتەوە، بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنە براوەكان لەسەر پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵنەبژێردراوە، سەرۆكی یەكەم دانیشتن كە بە تەمەنترین ئەندامەو سەربە جوڵانەوەی (نەوەی نوێ)یە ئەمڕۆ هەوڵیداوە رۆژی سێ شەممە وەكو وادەی سازدانی دانیشتن دیاری بكات، بەڵام سەرۆكی دیوانی پەرلەمان كە سەربە (یەكێتیی)ە، دەسەڵاتی دیاریكردنی وادەی دانیشتنی لێ وەرگرتەوە.  كوردەوان جەمال سەرۆكی فراكسیۆن نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ ئاگادارییەكی لە گروپی (واتس ئاپ)ی پەرلەمانتاران بڵاوكردەوە. لە ئاگادارییەكەدا، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ بەناوی (محەمەد سلێمان) سەرۆكی تەمەنی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانەوە كە ئەویش سەربە نەوەی نوێیە، داوای لە پەرلەمانتارانی كوردستان كرد رۆژی سێ شەممەی ئەم هەفتەیە كاتژمێر 11ی بەیانی لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن بەمەبەستی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان.  بەگوێرەی زانیارییەكی (درەو)، ئەدمینی سەرەكی گروپی (واتس ئاپ)ی پەرلەمانتاران ئاگادارییەكەی سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێی سڕیوەتەوەو دواتر ئاگادارییەكی ئەردەڵان محەمەد سەرسپی سەرۆكی دیوانی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكراوەتەوە كە سەربە یەكێتیی نیشتمانییە.  دەقی ئاگادارییەكەی سەرۆكی دیوانی پەرلەمان بەمشێوەیە:  ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمانی کوردستان سڵاو و ڕێز.. بانگهێشت و دانانی بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان، رێکاری پەیرەوی خۆی هەیە و بە سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەماندا تێدەپەڕێت، و ناکرێت ئەو ڕێوشوێنانە وەک خۆیان جێبەجێ نەکرێن ، و بۆ ئاگاداری بەرێزتان ئەگەر بانگهێشت و بەرنامەی کار هەبێت لە لایەن سەرۆکایەتی دیوان بڵاو دەکرێتەوە لە سایتی فەرمی پەرلەمان  ، بۆیە لە دەرەوەی ئەو ڕێوشوێنانە هەر هەوڵێکی دیکە هیچ لێکەوتەی یاسایی و پەیرەوی لێناکەوێتەوە بۆ ئاگاداری بەرێزتان. لەگەڵ رێزدا. رۆژی 2ی ئەم مانگە، خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان یەكەم دانیشتنی خۆی گرێدا، دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، سەرۆكی تەمەنی پەرلەمان كە سەربە نەوەی نوێیە بانگەوازی كرد بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بەڵام نیسابی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پێك نەهات، بۆیە لەوكاتەوە تائێستا دانیشتنەكە بە (كراوەیی) ماوەتەوەو پارتی و یەكێتیی و جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە براوەی یەكەم و دووەم و سێیەمی هەڵبژاردنن، لەسەر پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەت نەگەیشتونەتە رێككەوتن. 


درەو: داهاتی بەردەستی حكومەتی هەرێم (761) ملیار دینار پارەی بەغداد (320) ملیار دینار داهاتی ناوخۆ، (20) ملیار دینار پارەی هاوپەیمانان، كۆی گشتی دەكاتە ( ترلیۆنێك و 101 ملیار) دینار كە زیاتر لە (100) ملیار دیناری زیاترە لە خەرجی موچە كە (995) ملیار دینارە، ئەمە سەرەرای پارەی داهاتی نەوت كە بەشی زۆری بۆ كۆمپانیاكانە مانگانە (360) ملیۆن دۆلار واتا (540) ملیار دینارە، رۆژی (18/10/2024) وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دوایین موچەی دابەشكردووە كە موچەی مانگی ئەیلولی (2024)ە، تا ئێستا كە لە مانگی كانونی یەكەمداین هێشتا موچەی مانگی تشرینی یەكەم و تشرینی دووەم دابەشنەكراوە، لە كاتێكدا موچەخۆرانی عێراق موچەی مانگی تشرین یەكەم و دووەمیشیان وەرگرتووە. حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا پێویستی بە (995) ملیار دیناری مانگانەیە تەنیا بۆ موچەی موچەخۆران، حكومەتی عێراق موچەی مانگی تشرینی یەكەمی ناردووەو بڕەكەی (761 ملیار) دینارەو خراوەتە سەر لقی هەولێری بانكی ناوەندی، بەڵام بەرپرسانی حكومەتی هەرێم ئەو بڕە پارەیەیان وەرنەگرتووەو پێیان وایە (234) ملیاری  تری پێویستە بۆ تەواوكردنی موچە، بە رێژەی ( 24%) كورتهێنانی هەیە، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت هەموو بیانوویەكی بەغدایان بڕێوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند لە پشكی موچە هیچ رەسیدێك نەماوە بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم و هەرێم پابەند نەبووە بە رادەستكردنی گومرگ و داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان. بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت بە داهاتی ناوخۆیی ئەو بڕە كورتهێنانە پڕبكاتەوە. پێشتر وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند داهاتی مانگانەی ناوخۆ (320) ملیار دینارە، كە زیاترە لە بڕی كورتهێنانەكە. ئەمە سەرەرای داهاتی نەوت كە هیچ بڕێكی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان،رۆژانە لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم نزیكەی (300) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێندرێت، نرخی بەرمیلێك بە (35-41) دۆلار دەفرۆشرێت و بەشی زۆری داهاتەكەی بۆ كۆمپانیاكانە لە بری خەرجی بەرهەمهێنان، كۆی داهاتی رۆژانەی نەوت (12) ملیۆن دۆلار و مانگانە دەكاتە (360) ملیۆن دۆلار واتا (540) ملیار دینار. داهاتەكانی حكمەتی هەرێمی كوردستان مانگانە بۆ مانگی تشرینی یەكەم: •    (761) ملیار دیناری پارەی بەغداد •    (320) ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ •    (20) ملیار دیناری هاوپەیمانان •    كۆی گشتی: ( ترلیۆنێك و 101 ملیۆن) دینار (540) ملیار دینار داهاتی نەوت كە بەشی زۆری داهاتەكەی بۆ كۆمپانیاكانە


درەو:  سوریا لە (14) پارێزگا پێكهاتووەو رووبەرەكەی (185 هەزارو 180) كیلۆمەتر دوجایە ئێستا دابەشبووە بەسەر هێزوو گروپ و دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا بەم شێوەیە: •    هەسەدە (كورد) زیاتر لە (40%)ی خاكی سوریای لەژێر دەستدایە و پارێزگاكانی (حەسەكە، رەقە، دێرەزور) كۆی گشتی ئەو سێ پارێزگایە روبەرەكەیان دەكاتە (76،010)كم2 ی لەخاكی سوریا  بەڵام بەشێك لەو پارێزگایانە لەژێر دەستی گروپە چەكدارییەكاندایە بۆیە بە گشتی زیاتر لە (74 هەزار)كم2 خاكی سوریا لەژێر دەستی هەسەدەدایە. •    گروپە چەكداییەكانی سوریا لە ئێستادا  پارێزگاكانی (حەلەب، ئیدلیب، حەما)یان لەژێر دەستدایە كە كۆی گشتی رووبەری ئەو سێ پارێزگایە (33،480)كم2 لە خاكی سوریا بەڵام بەشێك لە شاروشارۆچكەكانی حمس و ناوچەكانی تری لەبەردەستدایە كۆی گشتی ئەو خاكەی لەژێر دەستی گروپە چەكدارییەكاندایە نزیكەی (37 هەزار) كم2 كە دەكاتە (20%)ی خاكی سوریا. •    ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی سوریا (بەشار ئەسەد) كە رۆژ بەرۆژ ناوچەی زاتر لەدەسدەدات بریتیە لە (8) پارێزگا ئەوانی ( دیمەشق، ریفی دیمەشق، حمس، لازقیە، تەرتوس، دەرعا، قونەیتەرە، سوەیدا) كە خۆی گشتی روبەرەكەی دەكاتە (77،184)كم2 خاكی سوریا بەڵام بەشێك لەناوچەكانی حمس و شارەكانی تر لەو پارێزگایانە لەژێر دەستی گروپە چەكدارییەكاندایە بۆیە لە ئێستادا رووبەری ژێر دەسەڵاتی حكومەتی سوریا دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بریتیە لە نزیكەی (74 هەزار) كم2 كە دەكاتە رێژەی (40%)ی تەواوی خاكی سوریا. •    ئەم رووبەرانە رۆژانە گۆڕانكارییان بەسەردا دێت دەسەڵاتی ئەسەد رۆژانە رووبەری دەسەڵاتدارێتی لەدەستدەدات و دەسەڵاتی هەسەدە لەلایەك و گروپە چەكدارییەكانی تر لەلایەكی تر رووبەری خاكی  زیاتر بەدەستدەهێنن و كۆنترۆڵی دەكەن.   نەخشەكە بەدەستكارییەوە وەرگیراوە لە ( nors for studies)  


(درەو): دەستپێكردنەوەی جەنگ لە سوریا تیشكی خستەسەر رۆڵی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكی ئەو وڵاتە، چونكە لە ساڵی 2011وە هەریەكە لە توركیاو ئێران و روسیاو ئەمریكا هێزی سەربازی خۆیان لە سوریا بڵاوكردوەتەوە، هاوكات ئیسرائیلیش بەشێوەیەكی بەردەوام هێرشی ئاسمانی لەناو خاكی سوریادا ئەنجام دەدات. ئەمانە هەندێك زانیاریی سەرەكین لەبارەی هێزە بیانییەكانەوە لە سوریا یەكەم: توركیا توركیا هێزی لە ناوچەكانی باكوری خۆرئاوای سوریا بڵاوكردوەتەوە، كە لەژێر كۆنترۆڵی ئەو گروپە ئۆپۆزسیۆنانەدایە لە ساڵی 2011وە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان دژ بە سەرۆك بەشار ئەسەد دەستپێكرد. توركیا پاڵپشتی لە ژمارەیەك لەم گروپانە دەكات.  ئامانجی سەرەكی توركیا لاوازكردنی هێزە چەكدارەكانی كوردە لە سوریا، كە لەكاتی جەنگی ناوخۆیی سوریادا، ناوچەی خۆبەڕێوەبەرێتییان لە سنوری توركیادا بۆخۆیان دروستكردووەو ئەنكەرە ئەزمونەكە بە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە دەبەستێتەوە كە خستویەتیە لیستی تیرۆرەوە.  ئامانجێكی تری ئەنكەرە گەڕاندنەوەی نزیكەی (3 ملیۆن) پەنابەری سورییە بۆ وڵاتەكەیان، كە لەماوەی ساڵانی جەنگدا ئاوارەی توركیا بوون و زۆرێكیان لە پارێزگای حەلەبەوە ئاوارە بوون.  لە ساڵی 2016وە تائێستا، توركیا چوار هەڵمەتی سەربازیی لە سوریا ئەنجامداوە، هەڵمەتی یەكەم رێكخراوی داعش و یەكینەكانی پاراستنی گەلی كردە ئامانج كە هێزێكی كوردییە و لەلایەن هاوپەیمانێتییەكی سەربازی ترەوە بەناوی (هێزەكانی سوریای دیموكرات) رێبەرایەتیی دەكرێت.  ساڵی 2017 بوونی سەربازی توركیا لەناو سوریا فراوانتر بوو، ئەمەش دوای ئەوەی توركیا رێككەوتنێكی لەگەڵ روسیاو ئێران ئیمزا كردو بەپێی رێككەوتنەكە هێزەكانی توركیا لە 12 ناوچەی تر لە (ئیدلب) بڵاوەیان پێكرا كە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆندایە لە باكوری خۆرئاوای سوریا.  دواترو لە ساڵی 2018دا، توركیا هەڵمەتێكی تری سەربازی ئەنجامدا بۆسەر (عفرین) كە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتدا بوو، لە ساڵی 2019دا هێرشی كردەسەر ئەو ناوچانەی كە لەنێوان هەردوو شاری سەرێ كانی و گرێ سپی لە سنور لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتدا بوون.  ساڵی دواتریش، توركیا هەزاران سەربازی رەوانەی ئیدلب كرد بۆ بەرگرتن بەو هێرشەی كە حكومەتی سوریا بە پاڵپشتی روسیا بۆسەر هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن ئەنجامیدا.  حكومەتی دیمەشق وەكو "هێزێكی داگیركەر" تەماشای توركیا دەكات.  روسیا روسیا لە ساڵی 2015وە داخڵی ناو ململانێكانی سوریا بوو، ئەمە  گەورەترین دەستوەردانی سەربازیی روسیا بوو لەناوچەی خۆرهەڵاتی لەدوای كەوتنی یەكێتی سۆڤیەتەوە. هێرشە ئاسمانییەكانی روسیا كە لە بنكەی (لازقیە)وە ئاڕاستە دەكران، رۆڵی یەكلاكەرەوەیان هەبوو لەوەی تەرازووی جەنگەكە لە بەرژەوەندی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا بشكێتەوە.  بە هەماهەنگیش لەگەڵ ئێران، بڵاوبوونەوەی سەربازی روسیا لەناو سوریا كە مێژووەكەی بۆسەردەمی جەنگی سارد دەگەڕێتەوە فراوانتر بوو، ئەوەش كاتێك كە یەكێتیی سۆڤیەت بنكەیەكی دەریایی لە شاری (تەرتوس)ی سوریا لەسەر دەریای ناوەڕاست دامەزراند.  بوونی سەربازی روسیا لەسەر خاكی سوریا لەو ناوچانەدایە كە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی حكومەتدان، لەكاتی هەوڵەكانیش بۆ هێوركردنەوەی دۆخی شەڕ لە سوریا، پۆلیسی سەربازی روسی بڵاوكرانەوە. كرملین جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە روسیا بەردەوام دەبێت لەسەر پاڵپشتیكردنی ئەسەد. ئێران و هاوپەیمانەكانی ئێران لە ساڵی 2012وە سوپای پاسدارانی رەوانەی سوریا كردووە بەمەبەستی یارمەتیدانی ئەسەد. حزبوڵای لوبنانیش كە لەلایەن تارانەوە پاڵپشتی دەكرێت، رۆڵێكی گەورەی بینی. تاران وەكو هاوپەیمانێكی سەرەكی و لەچوارچێوەی "بەرەی موقاوەمە" تەماشای ئەسەد دەكات، كە بەرەی دژە ئیسرائیل و هەژموونی ئەمریكایە لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.  بەهۆی پەیوەندییەكانی لەگەڵ دیمەشق، تاران توانی هەژموونی خۆی بڵاوبكاتەوە، ئەمەش لەرێگەی رێڕەوێكی وشكانییەوە لە سنوری خۆرئاوای خۆیەوە بۆ ناو عێراق و لەوێشەوە بۆ لوبنان. رۆژی 3ی ئەم مانگە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا وتی: ئەگەر دیمەشق داوای بکات، رەنگە تاران بیر لە ناردنی هێز بۆ سوریا بکاتەوە. تاران هەمیشە لەسەر بانگهێشتی حکومەتی دیمەشق، وەک ڕاوێژکارێک ئاماژەی بە رۆڵی هێزەکانی خۆی لە سوریا کردووە. لەپاڵ ئێرانییەكان و چەكدارانی حزبوڵادا، هەندێك گروپی تری شیعەی پاڵپشتیكراو لەلایەن تارانەوە رۆڵی گرنگیان لە ململانێكەی سوریادا هەبووە، ئەمەش ژمارەیەك گروپ لە ئەفغانستان و عێراق دەگرێتەوە.  ئاژانسی (رۆیتەرز) دەڵێ لەكاتی پەرەسەندنی شەڕەوە لەگەڵ ئیسرائیل لە ناوەڕاستی ئۆكتۆبەردا، حزبوڵا چەكدارەكانی خۆی لە سوریا كێشاوەتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ لوبنان. سەرباری ئەوەی بەر لە زیاتر لە هەفتەیەك گەیشتوەتە رێككەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام هێشتا حزبوڵای لوبنان ئامادەی ناردنی هێز نییە بۆ باكوری سوریا بەمەبەستی پشتیوانیكردن لە سوپای سوریا.  بوونی هێزەكانی ئێران و ئەو هێزانەی تر كە لەلایەن تارانەوە پاڵپشتی دەكرێن لە سوریا، سەرچاوەی نیگەرانییەكی گەورەیە بۆ ئیسرائیل كە دەڵێ ئەمە وایكردووە بەشێوەیەكی بەردەوام هێرشی ئاسمانی لەناو سوریا ئەنجام بدات. ئەمریكا دەستوەردانی سەربازی ئەمریكا لە سوریا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014، ئەمەش لەرێگەی ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆسەر رێكخراوی داعش، كە لەوسەردەمەدا یەك لەسەر سێی خاكی سوریاو عێراقی كۆنترۆڵ كردبوو.  سەرەتا هێزێكی تایبەتی بچوكی ئەمریكا لە سوریا جێگیركرا بۆ هاوكاری لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات و جەنگ و راوەدونانی چەكدارانی داعش لەو ناوچانەی كە لە باكورو خۆرهەڵاتی سوریا دەستیان بەسەردا گرتبوو.  لەگەڵ نزیكبوونەوەی سەركەوتن بەسەر داعشدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا لە ساڵی 2018دا رایگەیاند، دەیەوێت هێزەكانی ئەمریكا بكێشێتەوە. بەڵام دواتر و بەهۆی ئەو رەخنانەی كە سەبارەت بە كشانەوەكە دروستبوون لەبارەی دروستبوونی بۆشاییەك كە ئێران و روسیا پڕی دەكەنەوە، گۆڕانكاری لە پلانەكەدا كرا. هێشتا هێزەكانی ئەمریكا لەناو سوریا بوونیان هەیەو بەردەوامن لە پاڵپشتیكردنی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (زۆرینەی هێزەكە كوردەو كوردی رۆژئاوای كوردستان رێبەرایەتیی دەكەن).  هێزەكانی ئەمریكا لەناو بنكەی (تەنەف)ی سوریا لە نزیك سنوری ئوردن و عێراق جێگیربوون. حكومەتی سەرۆكی سوریا بوونی هێزەكانی ئەمریكا لەناو خاكی سوریا وەكو "داگیركەر" ناودەبات. ئێستا نزیكەی (900) سەربازی ئەمریكی لەناو سوریادان، زۆرینەیان لە باكوری خۆرهەڵات جێگیربوون.  سەرچاوە: ئاژانسی (رۆیتەرز)  


(درەو): ئەو پیاوەی كە ئێستا رێبەرایەتی ئۆپۆزسیۆنی چەكدار دەكات و هەر رۆژەی شارێكی نوێ لەدەستی سوپا بەشار ئەسەد وەردەگرێتەوە، پێشتر ئەندامی رێكخراوی قاعیدە بووە لە عێراق و ماوەی پێنج ساڵ لە زیندانی ئەمریكییەكاندا بووە، لە 2013وە ئەمریكا ئاگاداری ئەوە بوون ئەركی خستنی رژێمی ئەسەدو چەسپاندنی شەریعەتی ئیسلامی لە سوریا بەم پیاوە سپێردراوە، ئەبو محەمەد جۆلانی كێیە؟  ئەوکاتەی سەرکردەی لقی رێكخراوی قاعیدەی توندڕەو بوو لە سەردەمی شەڕی ناوخۆیی سوریادا، کەسایەتییە نهێنییەکەی (ئەبو محمد جۆلانی) ناسرا نەبوو، هەر ئاواش بە شاراوەیی  مایەوە، تەنانەت لەو ئەوكاتانەشدا کە گروپەکەی بوو بە بەهێزترین هێز لە شەڕی دژ بە بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا.  ئەمڕۆ ئەو بووەتە دیارترین سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی چەکدار لە سوریا، ئەمەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2016وە پەیوەندییەکانی لەگەڵ رێكخراوی قاعیدە پچڕاندو وردە وردە كەوتە بەر رۆشنایی و؛ ناو و ئاڕاستەی گروپەکەی گۆڕی و بوو بە فەرمانڕەوای دیفاکتۆی ئەو ناوچانەی دەكەونە ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی چەکدار لە باکوری رۆژئاوای سوریا. ئەم گۆڕانکارییە دوای ئەوە دەركەوت کە (دەستەی تەحریر شام) بە سەرۆکایەتیی جۆلانی، هەفتەی رابردوو کۆنترۆڵی شاری حەلەبی کردو؛ جولانی زیاتر لە جارێک دەرکەوت کە پەیامی دڵنیاكەرەوە بۆ کەمینەکانی سوریا نارد، کە لە مێژە ترسیان لە گروپە توندڕەوەکان هەیە، دەستەی تەحریر شام پێشتر بە (جەبهەی نوسرە) ناسرابوو کاتێک لقێکی رێکخراوی توندڕەوی قاعیدە بوو لە سوریا. کاتێک چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا چوونە ناو شاری حەلەب کە گەورەترین شاری سوریا بوو بەر لە جەنگ، جۆلانی لە تۆمارێکی ڤیدیۆیدا بە جلوبەرگی سەربازییەوە دەرکەوت كە لەرێگەی تەلەفۆنەوە فەرمانی دەردەکردو رێنماییەکانی پاراستنی خەڵک و ڕێگریکردنی لە چوونە ناو ماڵەکانیان بەبیر هێزەكەی دەهێنایەوە.  لە ڤیدیۆیەكی تردا كە رۆژی چوارشەممەی رابردوو تۆماركراوە، جۆلانی دەردەكەوێت كاتێك سەردانی قەڵای حەلەب دەکات و چەكدارێك یاوەری دەکات کە ئاڵای شۆڕشی سوریای هەڵگرتووە، ئاڵایەك پێشتر بەرەی نوسرە رەتیدەكردەوەو وەكو سیمبولێكی "ئیلحاد" ناوی دەهێنا، بەڵام جۆلانی ئیتر بەم دواییە ئەو ئاڵایەشی وەک ئاماژەیەک بۆ ئۆپۆزسیۆنی فراوانتری سوریا قبوڵ كردووە. لەسەرەتای هێرشی ئەمدواییەوە، ئەبو محەمەد جۆلانی ئیتر بەناوی راستەقینەی خۆیەوە بەیاننامەكان دەردەكات كە ناوی (ئەحمەد شەرع)ە.  جۆشوا لاندیس پسپۆڕ لە كاروباری سوریاو سەرۆكی سەنتەری توێژینەوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ئۆكلاهۆما دەڵێ:" جۆلانی زۆر لە ئەسەد زیرەكترە. ئامرازو سیمای گشتیی خۆی گۆڕیوەو هاوپەیمانێتیی نوێی گرێداوەو پەیامی دۆستانەی بۆ كەمینەكان نارد".  ئارۆن لۆند توێژەر لە سەنتەری سینشوری ئینتەرناشوناڵ بۆ توێژینەوە باسلەوە دەكات، جۆلانی و دەستەی تەحریر شام بەشێوەیەكی بەرچاو گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە، بەڵام هێشتا ئەو لەگەڵ گروپەكەیدا تاڕادەیەك رادیكاڵ ماونەتەوە.  "ئەمە كەمپەینێكی پەیوەندییە گشتییەكانە، بەڵام لەڕاستیدا ئەوان ئەم هەوڵە بە خەرج دەدەن بۆ ئەوەی نیشانی بدەن كە ئیتر بەوشێوەیە توند نەماون كە پێشتر وابوون. كاستە كۆنەكەی قاعیدە یان رێكخراوی دەوڵەتیی ئیسلامی هەرگیز كارێكی لەمشێوەیان نەدەكرد".  لەناو ئەو گروپانەدا كە زۆربەیان لە رۆژانی یەكەمی راپەڕین دژی ئەسەد بەر لە زیاتر لە دوو دەیە دەركەوتن، جۆلانی و بەرەی نوسرە وەكو بەهێزترین گروپی ئۆپۆزسیۆن خۆیان نیشاندا.  بەر لە دامەزراندنی بەرەی نوسرە، جۆلانی لەگەڵ رێكخراوی قاعیدەدا لە عێراق كاریدەكرد، ماوەی پێنج ساڵی لە زیندانی ئەمریكییەكاندا بەسەربرد، ئەبو عومەر بەغدادی رێبەری ئەو سەردەمەی رێكخراوی قاعیدە لە عێراق، لەگەڵ دەستپێكی راپەڕینی سوریادا، جۆلانی رەوانەی ئەوێ كرد بۆ ئەوەی جێ پێی قاعیدە لە سوریا خۆش بكات.  ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە ساڵی 2013دا ئەبو محەمەد جۆلانی خستە لیستی تیرۆرەوەو رایگەیاند، رێكخراوی قاعیدە لە عێراق كۆتایهێنان بە رژێمی ئەسەدو چەسپاندنی شەریعەتی ئیسلامی لە سوریا لە جۆلانی سپاردووە. بەرەی نوسرەش هێرشی خۆكوژی ئەنجامداوە كە بووەتە هۆی كوژرانی خەڵكی مەدەنی و هەڵگری روانگەیەكی تائیفی توندوتیژە. توركیا كە پاڵپشتیكاری سەرەكی ئۆپۆزسیۆنی سوریایە لەسەر ئاستی دەرەوە، سەرباری ئەوەی كە پشتیوانی لە ژمارەیەك گروپی تری ئۆپۆزسیۆن دەكات لە باكوری خۆرئاوای سوریا، بەڵام دەستەی تەحریر شامی وەكو گروپێكی تیرۆرستی ناساندووە. 


سەركەوت شەمسەدین/ واشنتۆن - ئەمریکا ئەم پێشهاتە نوێیە ئێستای سوریا بە درێژکراوەی شەری ناوخۆ ئەزانێ لە نێوان “ئۆپۆزسیۆ /نوسرە/تورکیا/بەروی شام” دژی “ئەسەد/ئێران/روسیا”  و هیچ رۆڵێک بۆخۆی نابینێت لەو جەنگە و لە دورەوە تەماشاکەر ئەبێت. - ئەمریکا و هەسەدە رێکەوتنیان هەیە لە شەر دژی داعش “نەک تیرۆر، واتە شەرەکە دژی داعش ەنەک گروپە تیرۆرستیەکانی تر” لە ناوچەیەکی دیاریکراو. ئەو رێکەوتنە بۆ پاراستنی کورد نیە لە تەلرەفعەت و حەلەب، تەنانەت مەنبجیش گەرەنتی نیە، مەزڵوم و هاورێکانی ئەمە باش دەزانن. - ئەمریکا تەنیا لەوکاتە پشتیوانی هەسەدە ئەبێت کە گروپە چەکدارەکانی تەحریری شام یان تەنانەت میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سوریا هەوڵبەن مەترسی لەسەر هیزەکانی ئەمریکا دروستبکەن و بەرەو ناوچەکانی هەسەدە (باکوری رۆژهەڵاتی سوریا) هەنگاو بنێن، ئەو کات روبەوری زەبری کوشندەی ئەمریکا ئەبنەوە، بۆیە لە ئێستادا جۆلانی و گروپەکەی تەنیا شەری ئەسەد ئەکەن، خۆشیان لە شیعە و میلیشیاکانی نزیک ئێران ئەپارێزن، بەڵام هیزی تری دروستکرووی تورکیا هەیە، ئەوان هەوڵەدەن مەنبج و کۆبانێ کۆنترۆڵ بکەن و کورد لە فورات دوربخەنەوە. - ئەمریکا لەمێژە فشار لەهەسەدە ئەکات دێرەزور کۆنترۆڵ بکات، بەتایبەت دەوری فورات زیاتر کۆنترۆڵ بکات و میلیشیاکانی نزیک ئێران لە سنورە دوربخاتەوە ،بەڵام هەسەدە بەهۆی بونی سوپای ئەسەد خۆی لەوە پاراست، بەڵام ئێستا دەرفەتێک هەیە هەسەدە هەردوو بەری فورات کۆنترۆڵبکات و تاکە سنوری فەرمی (بو کەمال) بەدەستی ئەسەد لەگەڵ عێراق بەکەوێتە دەست هەسەدە و ئەمریکا، بۆیە دەرفەت بەس لێرە هەیە هەسەدە پێگەی فراوان بکات. - تورکیا پەلەیەتی هەتا بەر لە هاتنی ترەمپ دۆخێکی نوێ لە سوریا بخولقێنێ، ئەمریکا و ئێران و ئیسرائیل بە دۆخی سوریاوە سەرقاڵ بکات. - ئێران لەرێگەی عێراق و خۆشی راستەوخۆ پەیامی ناردووە  بۆ ئۆردوگان، کە ئەگەر ئەسەد بکەوێت ئەوە سنوری  تورکیا هیچ ئارامییەک بەخۆیەوە نابینێت و لە دۆخەی سوریا خراپتر، رون نیە کام سنور بەڵام باسێک هەیە لە بەکارهینانی “کورد” و بەهێزکردنیان دژی تورکیا. - ئەسەد بەدەستی ئەحراری شام ناکەوێت (لاواز ئەبێت) بەڵام رەنگە لە ناوخۆ شێوە ئینقلابێک بکرێت و دۆخێکی نوێ بێتە ئاراوە کە دەرفەت بە  گفوگۆی سەردەمێکی نوێ بدات لە سوریا. - سەردەمی نوێ لە سوریا بریتیە لە کۆتای هاتنی عروبە و سەرەتای نیزامێکی ئیسلامی-سونی ئەبێت لە سوریا، کە  رەنگە دیمەشق پایتەختەکەی نەبێت. - عێراق لە باشترین دۆخی سیاسی وئابوری و ئەمنی خۆیدایە کە دوای شەری کەنداو، بۆیە عێراق ئەستەمە خۆی لە شەری سوریا بگڵینێ، رەنگە هەوڵبدات هەندێ ناوچەی ستراتیژی سنورەکەی لەگەڵ سوریا کۆنترۆڵ بکات هاوشێوەی تورکیا، بەڵام ئەوەش سنوردار ئەبێت.


درەو: لوقمان حەوێز ئەندامی کۆمەڵەی گەردونناسی تکساس  ئەو کلکـە هەڵمیـانە Vapor.Trails چیـن لە دوای تـوربۆی فڕۆکەکانـەوە جـار جـارە لە ئاسـمانی کوردسـتان دەبینـرێن..؟ ڕاسـتی و دروسـتی ئەم بابەتە چـیە..؟ سـوتەمەنی فڕۆکەکان وەکو سوتەمەنیەکانی تر لە ماددەی هایدرۆکاربۆنی (نەوتی) پێک دێن، پێکهاتەی سەرەکی ئەو سوتەمەنیانە بریتین لە کاربۆن و ئۆکسجین و هایدرۆجین، کاتێک دەسوتێت تەنیا گەرمی و دوو بەرهەمی تری سەرەکی دروست دەکات، دوو بەرهەمەکەش هەڵمی ئاو و گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە، ئەو کلکە هەڵمیانەی لە دوای فڕۆکەکانەوە دەیانبینین هەڵمی ئاوە یەکسەر دەبێتە هەور ئەگەر دۆخی ئەتمۆسفیر گونجاو بوو و فڕۆکەکە لە بەرزایی نزیکەی 8000 مەتر یان هەندێک زیاتر بوو لە ئاستی دەریاوە... کاتێک ئەو هەڵمە لە توربۆی فڕۆکەکەوە دەردەچێت بەهۆی ئەوەی هەڵمەکە گەرمە ئەگەر هەوای دەوروبەری ئەو بەرزاییە زۆر سارد و وشک بێت یەکسەر هەڵمەکە دەبێتە کریستاڵی بەفرینی و بەچاو نابینرێت، بەڵام ئەگەر هەوای ئەو بەرزاییە وشک نەبوو و زۆر ساردیش نەبوو هەروەها ڕێژەیەکی دیاریکراو لە شێ هەبوو تیایدا ئەوا هەڵمەکە یەکسەر دەبێتە هەور و بۆ دیدی ئێمە لەسەر زەوی وەکو کلکی هەڵمی بەدوای فڕۆکەکەوە دەردەکەوێت و لەوانەیە بۆ چەند کاتژمێرێک بمێنێتەوە و خۆی وەک هەور بنوێنێت، ئەمە لەڕووی زانستیەوە وەکو هەموو ئەو هەڵمەی ترە کە لە دەریا و زەریاکانەوە بەرز دەبنەوە و کاتێک دەگەنە چینێکی دیاری کراو لە هەوای سارد هەڵمەکە دەگۆڕێت بۆ هەور... نەوەک هەر بێ زیانن ئەو کلکە هەڵمیانە بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەو کلکانەی لە توربۆی فڕۆکەکانەوە دروست دەبن جگە لە بەخشینی جوانیەک بە ئاسمان بە تایبەتی لەکاتی خۆر ئاوا بوون یان خۆر هەڵاتن هیچ زیان و کاریگەریەکیان نیە لەسەر بەرگە هەوا، تەنیا گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن نەبێت کە زۆر بوونی ڕێژەکەی لە هەوا بۆتە هۆی دروستبوونی دیاردەی قەتیس بوونی گەرمی لە بەرگە هەوای گۆی زەوی و دوا جار تا ڕادەیەک بۆتە سەرهەڵدانی دیاردەی گەرمبوونی گۆی زەوی، باس کردن لە بڵاوکردنەوە و ڕژاندنی ماددەی کیمیاییش لە ڕێگەی ئەو هەڵمەی لە فڕۆکەکانەوە دەردەچێت لەو فڕۆکانەوە جگە لە تیۆرێکی پیلانگێڕی و درۆیەک یان هەواڵێکی هەڵبەستراو زیاتر هیچی تر نیە و وردەکاری ئەو بابەتەشم لە ڕێگەی بەستەرێک لە کۆمێنت داناوە، تەحەدای هەر کەسێک دەکەم ئەگەر سەرچاوەیەکی زانستی یان ڕەسەن لە هەر دامەزراوەیەکی زانستی لە جیهان باسی لەوە کردبێت کە ئەو کلکە هەڵمیانە ماددە و گازی ژەهراوی بن بەمەبەست بڵاوبکرێنەوە یان بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی هەورەکان وبردن و بەلاڕێدا بردنیان بێت، وەکو وتم ئەوە تەنیا قسەکانی گڕوپەکانی تیۆرەکانی پیلانگێڕیە کە هیچ بنەمایەکی ڕاستیان تێدا نیە...  دیاردەی چاندنی هەور یان پیتاندنی هەوریش بۆ زۆرکردنی ئەگەری باران بارین لە هەندێک جۆر لە هەور بابەتێکی ترە و ئەوە لە ڕێگەی فڕۆکەی تایبەتی دەکرێت و پەیوەندی بەو کلکە هەڵمیانەوە نیە، لەو دۆخەدا بە زۆری چەند ئاوێنەیەک دەکرێنە نێو هەورەکان لەوانە AgI یۆدیدی زیو،  Solid.Co2 دڕای ئایس، یان خوێ NaCl، ئەو دیاردەیە ئەسڵەن کلکی هەڵمی دروست ناکات و هەتا ئەو ئاوێتانە لەسەر زەویەوە بە چاویش ئەستەمە ببینرێن لەکاتی ڕژاندنیان بەنێو هەورەکان...  بۆ زانیاریتان لە هەموو کاتێدا بە بەردەوامی بە شەو و ڕۆژ پتر لە 5000 فڕۆکەی بازرگانی و گەشتیاری بە ئاسمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوەیە و هەمان ئەو سوتەمەنیانە دەسوتێنن کە فڕۆکەکانی سەر شارەکان و ناوچەکانی کوردستان دەیسوتێنن...  ئەو کلکە هەڵمیانەی لەم چەند ڕۆژەی دوایشدا بەشێوەی بازنەیی دەرکەوتوون لەسەر ئاسمانی ناوچەکانی کوردستان پێم وایە هـی دڕۆن و فڕۆکەی سەربازین کاری چاودێریکردن و گرتنی وێنە و ڤیدیۆ بە ڕێزۆڵیوشنی بەرز دەکەن، بۆ ئەوەی بەخێرایی بەسەر ناوچەکەدا تێنەپەڕن و وردەکاری تەواو کۆبکەنەوە بۆیە بەشێوەی بازنەیی دەسوڕێنەوە و دەفڕن...


هاوڕێ تۆفیق پاش گفتوگۆیەکی دوور و درێژ لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ ، هەردوولا لە ماوەی رابردوو ڕێکەوتن کە هەرێم دەستبکاتەوە بە بەرهەم هێنانەوەی نەوت و فرۆشینی لەرێگای( کۆمپانیای سۆمۆ )وە، بۆ تێچوی هەر بەرمیل نەوتێک بەشێوەیەکی کاتیی برێ ١٦ دۆلاری ئەمریکی بۆ تەرخان دەکرێت،  بەهەمان شێوە بەگوێرەی بریاری پێشووتری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە(٢٤٨٥٧) لە بەرواری ٢٠٢٤/١١/٥ هەردوو حکومەت پێکەوە پێویستە لە ماوەی دوو مانگدا کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی راوێژکاری هەڵبژێرن کە نرخاندنی تێچووی بەرمیلێک نەوتیان بۆ دیاری بکات . ئەو کاتە، ئەبێ هەردوو حکومەت بەو نرخە تازەیەوە پابەندبن. بەو پێیەی لە ناو قانونی بودجەدا نرخی تێچوی هەر بەرمیل نەوتێک ،هاوشێوەی نرخی تێچوی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوتی فیدراڵە. بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنە  پێویستە قانونی بودجە هەموار بکرێتەوە، حکومەتی فیدراڵ پرۆژە یاسای هەموارکردنەکەی ناردوە بۆ پەرلەمان و ئەوانیش خوێندنەوەی یەکەمی یاساییان بۆیکردوە ،بەپێی خشتەی دانیشتنی پەرلەمان ،سبەینێ  لە کارنامەدا هاتوە هەتاوەکو   خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکەن، پاشان لە دانیشتنێکی تردا دەنگدانی لەسەر دەکرێ. ئەگەر ئەم کارە بکرێ ، گرێ گوێرەیەکی داخراو ئەکرێتەوەو ئاسۆیەکی روون بۆ باشکردنی توانای دارایی هەرێم هەڵدێت.  


درەو: بەشی راپرسی لە دامەزراوەی میدیایی درەو لە دوای ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن و بۆ وەرگرتنی رای خەڵكی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان راپرسیەكی ئەنجامداوە، كە لێرەدا بەشێك لەو راپرسیە بڵاو دەكاتەوە، (بەشی راپرسی درەو) لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن (5) راپرسی لەناو خەڵكی ئەنجامداو بۆ حزب و لایەنە سیاسیەكان و كۆمپانیاكان، لە ئێستاشدا بەشی راپرسی درەو بەردەوامە لە ئەنجامدانی راپرسی لەسەر پرسەكانی رۆژ و پرسە ئابوری و بازرگانی و كۆمەڵایەتی و سیاسیەكان.   بەشێك لە راپرسیەكەی درەو                    


(درەو): تۆڕێكی قاچاخی نەوتی رەش لە عێراق دروستبووە كە ساڵانە ملیارێك دۆلار بۆ ئێران و گروپە شیعەكانی هاوپەیمانی كۆدەكاتەوە، ئەم تۆڕە هەم نەوتی رەشی كارگەكانی قیر هەناردە دەكەن هەم نەوتی رەشی ئێران تێكەڵی نەوتی عێراق دەكەن و بەناوی عێراقەوە دەیفرۆشن، ئاژانسی (رۆیتەرز) باس لە مەترسی بەرپرسانی عێراق دەكات لە سزای نوێی ئەمریكا دوای دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ.  پێنج سەرچاوەی ئاگادار بە (رۆیتەرز)یان راگەیاند، لەوكاتەوە كە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران لە ساڵی 2022وەوە پۆستەكەی وەرگرتووە، تۆڕێكی ئاڵۆزی قاچاخچێتی نەوتی رەش لە عێراق گەشەی كردووە. شارەزایان پێیانوایە ئەم تۆڕە ساڵانە لانی كەم (ملیارێك) دۆلار بۆ ئێران و بریكارەكانی كۆدەكاتەوە.  پرۆسەی قاچاخچێتییەكە سود لە سیاسەتێکی حکومەت وەردەگرێت، بەپێی ئەو سیاسەتە عێراق بە نرخێکی زۆر پاڵپشتیکراو نەوتی رەش بۆ كارگەكانی قیر تەرخان دەکات و کۆمەڵێک کۆمپانیا و گروپ و تاکە كەس لە عێراق و ئێران و دەوڵەتانی کەنداو بەشداری تێدا دەکەن، ئەمە بەگوێرەی قسەی ئەو پێنج سەرچاوەو سێ راپۆرتی هەواڵگریی رۆژئاوایی، کە دوان لە راپۆرتەكان مێژوویان بۆ مانگی ئابی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، راپۆرتی سێیەمیشیان مێژووی لەسەر نییە.  وەكو دوان لە سەرچاوەكان دەڵێن، بەپێی ئەو پلانەی تۆڕەکە پەیڕەوی لێدەکات، مانگانە لەنێوان 500 هەزار بۆ 750 هەزار تۆن نەوتی رەشی قورس، بەو نەوتەشەوە كە گۆگردەكەی بەرزە و بەرامبەر بە 3.4 ملیۆن بۆ پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتە، لە وێستگەكانەوە دەگوازرێتەوەو زۆربەی هەناردەی ئاسیا دەكرێت.  لەوكاتەوە كە سودانی دەسەڵاتی گرتوەتە دەست و ژمارەیەك لایەنی جۆربەجۆر لەناوخۆی عێراق لە بازرگانییە نایاساییەكەدا تێوەگلاون، هیچ روماڵێك بۆ قەبارەی قاچاخچێتی نەوتی رەش نەكراوە.  هەروەك بەرپرسانی ئێران و عێراقیش وەڵامی داواكارییە جیاوازەكانیان نەدایەوە بۆ قسەكردن لەبارەی ئەو دەرەنجامانەی كە رووماڵەكەی (رۆیتەرز) پێی گەیشتووە.  ئێران وەكو كۆئەندامی هەناسەدانی ئابوری تەماشای عێراقی دراوسێ و هاوپەیمانی خۆی دەكات و لەرێگەی گروپە شیعە بەهێزەكان و ئەو حزبە سیاسییانەی كە پاڵپشتییان لێ دەكات، هەژمونێكی سەربازی و سیاسی و ئابوری گەورەی لە عێراقدا هەیە. بەرپرسانی عێراق و ئەمریكیی دەڵێن ئێران لەرێگەی هەناردەكردن و خۆدزینەوە لە سزاكانی ئەمریكا بەهۆی سیستەمە بانكییەكەیەوە، دراوی قورسیشی لە عێراق دەستدەكەوێت.  لەكاتێكدا بەغداد ساڵانێكە كاردەكات بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگیی لەنێوان رۆڵی خۆی وەكو هاوپەیمانی هەریەكە لە واشنتۆن و تاران، چاوەڕوان دەكرێت دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا هەڵوێستی توند بگرێتەبەر دژ بە هەوڵەكانی ئێران بۆ خۆدزینەوە لە سزاكانی ئەمریكا، بۆیە چاوەڕوانكراوە چالاكییەكانی تاران لە عێراق بكەوێتە ژێر وردبینی زیاترەوە.  ئەو پێنج سەرچاوەیە كە خۆیان داوایانكرد ناوەكانیان بڵاونەكرێتەوە بەهۆی هەستیاری بابەتەكەوە، وتیان: دوو رێگای سەرەكی هەن كە نەوتە رەشەكەی عێراقی لێوە دەگوازرێنەوە، یەكێكیان لەڕێگەی تێكەڵكردنیەتی لەگەڵ بەرهەمێكی هاوشێوەی ئێران و پێشكەشكردنی وەكو نەوتی رەشی عێراق، ئەمە یارمەتی تاران دەدات خۆی لەو سزا توندانەی ئەمریكا بدزێتەوە، كە بەسەر هەناردەی وزەی ئێرانیدا سەپاندووە.  رێگاكەی تر هەناردەكردنی ئەو نەوتە رەشەیە كە لە بنەڕەتەوە بۆ پرۆگرامە پاڵپشتیكراوەكە (نەوتی رەش بە نرخی پاڵپشتیكراو بۆ كارگەكانی قیر) تەرخانكراوە، لەرێگەی بەڵگەنامەی ساختەوە بۆ شاردنەوەی سەرچاوەكەی.  ئێران بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە رێگای یەكەم سودمەندە. ئێران بەزۆری بەهۆی سزاكانەوە سوتەمەنییەكەی بە نرخێكی كەم دەفرۆشێت، بەڵام دەتوانێت بە نرخێكی زیاتر بیفرۆشێت ئەگەر سوتەمەنی عێراق بانگەشەی بۆ بكرێت، بەڵام رێگای دووەم ئەو گروپانەی عێراق سودی لێ دەبینن كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن و كۆنترۆڵی كاری قاچاخیەكەیان بەدەستەوەیە.  سێ سەرچاوە خەمڵاندنی بڕی داهاتی هەریەک لە دوو ڕێگاکەیان خستەڕوو، ئەمەش پشتبەست بە گریمانەکان سەبارەت بە قەبارەی بازرگانیکردن و نرخەکان. خەمڵاندنەکانیان ساڵانە لەنێوان یەک ملیار بۆ زیاتر لە سێ ملیار دۆلار بوو. ئەو سێ سەرچاوەیە وتیان: رەنگە ئەم بازرگانییە نایاساییە دامەزراوەکان و بەرپرسانی عێراق بخاتە بەردەم مەترسیی بۆ سزاکانی ئەمریکاوە، بەهۆی هاوکاریکردنی ئێران، هەروەك بەشێک لە بەرپرسانی عێراقیش نیگەرانن لەوەی رەنگە ئیدارەی ترەمپ ئەوان بکاتە ئامانج. سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە سەرکردەکانی عێراق بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا، زۆر پشت بە پشتیوانی ئەو گروپە شیعانە دەبەستن كە كاریگەرییان هەیەو لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، ئەمەش وا دەکات قورس بێت بۆیان رێوشوێن دژ بە چالاکی نایاسایی وەک قاچاخچێتی بگرنەبەر.  نوسینگەی سودانی وەڵامی داواکارییەکانی نەدایەوە بۆ لێدوان سەبارەت بەم بازرگانییە یان هەوڵەکانی حکومەت بۆ سنوردارکردنی.


درەو: 🔻 پێشڕەوی خێراو هێرشی لەناکاوی گروپە توندڕەوەکانی سوریا بۆ سەر شاری حەلەب، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا توندو چڕترین پەرەسەندنی شەڕی ناوخۆیی سوریایە. 🔻 حەلەب گەورەترین ناوەندی ئابووری وڵات بووە پێش ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێکی بەهۆی شەڕەوە لەناوبچێت. پێش جەنگ یەکەم شاری گەشتیاری وڵاتەکەبوو، حەلەب نزیکەی یەک لەسەر سێی ئابووری ناوخۆیی پێکدەهێنا، لەکاتێکدا نزیکەی (23%)ی هێزی کاری وڵاتەکەی پێکدەهێنا، شارەکە نزیکەی (48%)ی بەرهەمی گەنم و جۆی بەرهەمدەهێنا و (30%)ی پیشەسازییەکانی سوریاش لەوێ چڕبووبوونەوە. 🔻 لەدەستدانی حەلەب پاشەکشەیەکی گەورەیە بۆ ڕژێمی سوریا، بەو پێیەی بە مانای لەدەستدانی کۆنترۆڵ بەسەر تەواوی باکووری ڕۆژئاوادا دێت. و لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا تایبەتمەندی ململانێکان و هاوکێشەکان دەگۆڕێت.   ئۆپەراسیۆنی رێگریکردن لە دەستدرێژی "ردع العدوان" ڕۆژی 27ی تشرینی دووەمی 2024، "ژووری بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان" کە نوێنەرایەتی چەند گروپێک دەکات لەشاری ئیدلب، ئۆپەراسیۆنی رێگریکردن لە دەستدرێژی "ردع العدوان"ی دەستپێکرد، بە خێرایی لە چەند بەرەیەکەوە بەرەو شاری حەلەب و لادێکانی پێشڕەوی کرد، بەم هەنگاوەشی سوریا دەکەوێتە نێو قۆناغێکی نوێی ململانێی سیاسی و سەربازییەوە. لەدوای ئەوەی هێزەکانی سوپای سوریا لە ساڵی 2016 بە هاوکاری ڕوسیا و ئێران دەستیان بەسەر حەلەبدا گرتەوە، تا ئەم ئۆپەراسیۆنە هیچ چەکدارێکی ئۆپۆزسیۆن نەچووبوونە ناو حەلەبەوە، تورکیاش کە پاڵپشتی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریای کردووە، لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانیدا بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکانی حکومەتی سوریا شکستی هێنا، کە وەک پێشێلکاری ئەو ڕێککەوتنە سەیر دەکرا لە ساڵی 2019 لەلایەن ڕووسیا و تورکیا و ئێرانەوە ئەنجام درا بۆ بەستنی هێڵی ململانێکان. حەلەب شوێنی هەندێک لە شەڕە وێرانکەرەکانی شەڕی ناوخۆی سوریا بووە و گروپە یاخیبووەکان و ڕژێمی ئەسەد چوار ساڵیان لە شەڕی کۆنترۆڵکردنی شەقامەکانیدا بەسەر بردووە. سەرەتا "ژووری ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان" ڕایگەیاند کە ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنەکە رێگریکردن لە دەستدرێژی "ردع العدو" و وەستاندن و بە ئامانجگرتنی ڕژێم و هاوپەیمانەکانییەتی بۆ ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای سوریا، ئەمە جگە لەوەی کە ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە گوندەکانیان. بەڵام داڕمانی خێرای بەرگریی ڕژێمی سوریا ڕێگەی بۆ ئۆپەراسیۆنەکە دا کە پێشڕەوی چاوەڕواننەکراو بکەن و زیاتر لە ٦٠ شارۆچکە و شوێنی ستراتیژی کۆنترۆڵ بکەن، لەوانە فەوجەکانی ٤٦ و سەنتەری لێکۆڵینەوەی زانستی، شوێنە سەرەکییەکانی سەر ڕێگای (M5) گەورەترین خەڵات بوو چوونە ژوورەوە و کۆنترۆڵکردنی ئۆپۆزسیۆن بۆ شاری حەلەب و قەڵاکەی لە ئێوارەی هەینی ٢٩ی تشرینی دووەمی 2024. بەڵام ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی کۆنترۆڵکردنی شاری حەلەب لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە ڕووداوێکی نائاساییە و گرنگی ستراتیژیی "پایتەختی ئابووری" سوریا چییە، وا هەموان چاویان تێبڕیوە؟ گرنگی ستراتیژی شاری حەلەب شاری حەلەب لەڕووی چڕی دانیشتوانەوە گەورەترین شاری سوریایە و یەکێکە لە کۆنترین شارە نیشتەجێکراوەکانی مێژوو، لە شوێنێکی ستراتیژی یەکلاکەرەوە و گرنگییەکی مێژوویی و سیاسی و ئابووریدا هەڵکەوتووە، ئەمەش وایکردووە ببێتە جێگەی ململانێی نێوان لایەنە ناکۆکەکان لە ساڵی 2011 ەوە، گومانی تێدا نییە کە کۆنترۆڵکردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ سەر شارەکە لە 29ی تشرینی دووەمی 2024 نوێنەرایەتی خاڵی وەرچەرخانێکی گەورە دەکات لە شەڕی سوریا و نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی ستراتیژی گەورە دەکات لە شەڕەکەدا، هەروەها تایبەتمەندییەکانی ململانێکان و هاوکێشەکان دەگۆڕێت لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بۆ لایەنە ململانێکارەکانی(ڕژێمی سوریا، ئوپۆزسیۆنی سوریا و هەسەدەو وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی). شاری حەلەب، شوێنی جوگرافی و گرنگی ستراتیژی شوێن و ڕووبەر: ڕووبەری پارێزگای حەلەب بۆ (18.5 هەزار) کیلۆمەتر چوارگۆشە درێژ دەبێتەوە، لە کاتێکدا ڕووبەری شاری حەلەب (190) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە بە زەوییە هەمەچەشنەکانی کە دەشت و گرد و زەوییە بەپیتەکان ناسراوە، چونکە دەکەوێتە یەکتربڕینی نێوان فورات و دەریای ناوەڕاست. دەروازەی باکوری سوریا: حەلەب دەکەوێتە نزیک سنووری تورکیا، ئەمەش وایکردووە ببێتە پردی نێوان ناوخۆی سوریا و دەرەوەی سوریادا. بایەخی ستراتیجی حەلەب بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خاڵێکی سەرەکی پەیوەندی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایە و بە درێژایی سەردەمە کۆنەکانیش بە هۆی نێوەندگیری نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا وەک ناوەندێکی گرنگی سیاسی، ئابووری، ئایینی و ژیانی و ژیاری بووە. تۆڕی گواستنەوە: حەلەب ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سوریا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەمەش دەبێتە ناوەندێکی گرنگی لۆجستی. کۆنتڕۆڵی هەر لایەنێک بەسەریدا بە واتای کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوی بازرگانی و هێڵەکانی دابینکردن لە باکووری وڵاتەوە بۆ باشوور، تا دیمەشق. سەنگی دیمۆگرافی و مێژوویی: بەهۆی چڕی دانیشتوان و مێژووی دێرینی، حەلەب نوێنەرایەتی ناوەندێکی شارستانی و ڕۆشنبیری دەکات، کە بەهایەکی ڕەمزی گەورەی هەیە، هەروەها ژمارەی دانیشتوانی و قەرەباڵغترین پارێزگایە لە سوریا و زیاتر لە ٤ ملیۆن کەسی تێدا دەژیا، بەگوێرەی ناوەندی ئاماری سوریا بۆ لە ساڵی 2011. ئابووری: حەلەب گەورەترین ناوەندی ئابووری وڵات بووە پێش ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێکی بەهۆی شەڕەوە لەناوبچێت. پێش جەنگ یەکەم شاری گەشتیاری وڵاتەکەبوو، حەلەب نزیکەی یەک لەسەر سێی ئابووری ناوخۆیی پێکدەهێنا، لەکاتێکدا نزیکەی (23%)ی هێزی کاری وڵاتەکەی پێکدەهێنا، شارەکە نزیکەی (48%)ی بەرهەمی گەنم و جۆی بەرهەمدەهێنا و (30%)ی پیشەسازییەکانی سوریاش لەوێ چڕبووبوونەوە. بایەخی سەربازی و سیاسی شاری حەلەب حەلەب لە سەرەتای شەڕەوە بنکەیەکی گرنگ بووە بۆ هێزەکانی ڕژێمی سوریا. کۆنتڕۆڵکردنی یارمەتی بەهێزکردنی پێگە سەربازییەکانی و ئاسایشی ناوچەکانی دەوروبەری دەدات. گومانی تێدا نییە کە لەدەستدانی حەلەب پاشەکشەیەکی گەورەیە بۆ ڕژێمی سوریا، بەو پێیەی بە مانای لەدەستدانی کۆنترۆڵ بەسەر تەواوی باکووری ڕۆژئاوادا دێت. کاتێک لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١١ لە سەرانسەری سوریا خۆپیشاندانەکان سەریان هەڵدا، سوپای سوریا هەموو هەوڵێکی خۆیدا بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی ناڕەزایەتییەکان بۆ حەلەب درێژنەبنەوە. بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی شۆڕش بۆ ململانێی چەکداری، حەلەب بە خێرایی ڕاکێشرا بۆ شەڕ لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٢دا، شارەکە بەهۆی دوو هێرشی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر دەزگای هەواڵگری سەربازی و بارەگای پۆلیس هەژێندرا و ٢٨ کەس کوژران. دوای ئەوە، ڕاپۆرت و هەواڵە ڕۆژنامەوانییەکان دەستیان کرد بە قسەکردن لەسەر پێکدادانەکانی نێوان ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکان و هێزەکانی ڕژێمی سوریا، شەڕی کۆنترۆڵکردنی شاری حەلەب لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی ٢٠١٢ دەستیپێکرد، ئۆپۆزسیۆن دەستکەوتی خێرای بەدەستهێنا، بەو پێیەی زۆرێک لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵات، باشووری کۆنترۆڵکرد، و ڕۆژئاوای شاری حەلەب، و تا کۆتایی مانگەکە شەڕەکە توندتر بوو و تەشەنەی کرد بۆ ناوەندی مێژوویی شارەکە، کە "قەڵا" مێژووییەکەیەتی و لە سەدەی ١٣دا دروستکراوە. لە کۆتایی ساڵی 2013 تا ساڵی 2016 هێزەکانی ڕژیم هەڵمەتێکی ئاسمانی کوشندەیان لە شاری حەلەب بە کەڵک وەرگرتن لە بەرمیلی تەقینەوە دەستپێکرد، ئەمەش بە پاڵپشتی فڕۆکەوانی ڕوسیا ڕێگەی پێدا چەند دەستکەوتێک بەدەستبهێنن. دواتر حەلەب بۆ ڕژێم بوو بە هێمای کۆنترۆڵکردنەوەی دوای شەڕەکانی 2016-2017. ئێستا لەدەستدانی ئەو شارەلاوازی ڕژێمی سوریا لە پاراستنی دەستکەوتە سەربازییەکانیدا نیشان دەداو ڕەنگە شەرعیەتی ئەسەد لە چاوی لایەنگران و پشتیوانە نێودەوڵەتییەکانیدا لاواز بکات. زلهێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بۆ لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆن (وەک تورکیا)، کۆنترۆڵکردنی حەلەب ئامانجە ستراتیژییەکانیان کە کەمکردنەوەی کاریگەریی سوپای سوریا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا دەگەیەنێت. ڕەنگە تورکیا سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن وەک دەرفەتێک بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆی و سنووردارکردنی دەستێوەردانەکانی ڕوسیا و ئێران و ناچارکردنی ڕژێمی ئەسەد بۆ ڕێککەوتن بگەیەنێت، بەمەش کێشەی پەنابەرانی سووریا لەو وڵاتە و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە باکووری سووریا چارەسەر بکات. سەبارەت بە ڕووسیا و ئێرانیش، لەدەستدانی ئەو شارە میحوەرەکەیان کە پشتیوانی ڕژیم دەکەن لاواز دەکات و توانای مانۆڕکردنیان کەم دەکاتەوە. حەلەب لە ڕووی سەربازییەوە بۆ ئێران گرنگییەکی زۆری هەبوو، ئەمەش لە ساڵانی پێش 2020دا ڕەنگدانەوەی زۆرتری هەبوو. سەچاوەکان -    معهد للحوار، الأهمية العسكرية والسياسة لمدينة حلب؟، 1/12/2024؛ https://shorturl.at/Kenpd -    العالم الجديد، أحداث سوريا.. هل تقرب العراق من سيناريو 2014؟، 1/12/2024؛ https://shorturl.at/eHono  


(درەو): (بەخودای گەورە سوێنددەخۆم، كە بەرژەوەندی گەلی كوردستان و یەكێتی گەل و شكۆو ماف و ئازادییەكانی هاوڵاتیان و سامانی گشتیی بپارێزم و ئەركی ئەندامیەتیی بەڕاستیی و دڵسۆزییەوە جێبەجێ بكەم) سبەینێ كاندیدە هەڵبژێردراوەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە ژمارەیان (100) كەسە، ئەم سوێندە دەخۆن و ئیتر لەدوای سوێندەكەوە دەبن بە ئەندامی پەرلەمان و هەموو ئەرك و مافێكی ئەندامێتییان دەكەوێتەسەر هەر پەرلەمانتارێك (8) ملیۆن و (3) پاسەوان و خانوو یان شوقەیەك وەردەگرێت. بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ئەگەر كاندیدێكی هەڵبژێردراو (بەبێ پاساوی رەوا) لەماوەی دانیشتنی یەكەمەوە تاوەكو 30 رۆژ ئەم سوێندە نەخوات، ئەوا ئیتر مافی سوێندخواردنی نامێنێت، واتا نابێت بە پەرلەمانتار. مافەكانی پەرلەمنتاری كوردستان •    دوای تەواوبوونی خۆی پەرلەمان بۆی هەیە بگەڕێتەوە بۆ وەزیفەو سەرپشكە لەوەی موچەی خانەنشینی پەرلەمان یاخود موچەكەی تری وەربگرێت، بەپێی یاسای چاكسازی دەتوانێت موچەی خانەنشینی پەرلەمان رەتبكاتەوەو وەرینەگرێت. •    ماوەی ئەندامێتییەكەی (4 ساڵی پەرلەمانتاربوون) بۆ مەبەستی سەرەموچەو پلەبەرزكردنەوە (ترقیە)و خانەنشینیی هەژمار دەكرێت. •    لە هەر وەرزێكی یاساداناندا مافی 15 رۆژ مۆڵەتی هەیە، بەسەریەكەوە بێت یاخود پچڕ پچڕ. •    پەرلەمانتار دەتوانێت مۆڵەتی نەخۆشیی بەپێی رێكارەكان وەربگرێت. •    پەرلەمانتار ئەگەر لەكاتی پەرلەمانتاریدا كۆچی دوایی بكات، موچەی خانەنشینیی بۆ میراتگرەكانی تەرخان دەكرێت. •    فراكسیۆن یاخود ئەندام ئەگەر لەبەر هەڵوێستێكك بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمان بكات، بەئامادەنەبوو هەژمار ناكرێن. •    هەریەكە لە دەستەی سەرۆكایەتیی و ئەندامانی پەرلەمان موچەو دەرماڵەی مانگانە وەردەگرن. موچەی دەستەی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانتاران •    (100) پەرلەمانتار لە سبەینێوە موچە وەردەگرن. •    موچەی پەرلەمانتارێك (8 ملیۆن و 83 هەزار ) دینارە •    موچەی (100) پەرلەمانتار دەكاتە (808 ملیۆن) دیناری مانگانە. •    هەر پەرلەمانتارێك شوقەیەك لە پاك سیتی یان خانوویەك لە گوندی ئیتالی یەك وەردەگرێت بۆ چوار ساڵی پەرلەمانتاری. •    هەرپەرلەمانتارێك سایەقێك و دوو پاسەوانی بۆ دابین دەكرێت. ئەركەكانی پەرلەمانتار •    ئامادەبوون لە دانیشتنەكانی پەرلەمان، ئەگەر بەبێ هۆیەكی رەوا ئامادەی دانیشتنەكان نەبوو، سەرۆكی پەرلەمان بە نوسین سەرەنجی رادەكێشێ، ئەگەر ئامادەنەبوونی دووبارەبووەوە 5%ی موچەكەی لە هەر دانیشتنێك كە ئامادە نەبێ دەبڕێت، سەرباری پارە بڕین ئەگەر سێ دانیشتنی یەك لەدوای یەك یاخود 5 دانیشتنی پچڕ پچڕ ئامادە نەبێت، ئامادەنەبوونەكەی لە سایتی پەرلەمان بۆ بڵاودەكرێتەوە، خۆ ئەگەر ئامادەنەبوون هەر بەردەوام بێ، سەرۆكی پەرلەمان بابەتەكە بخاتە بەردەم پەرلەمان و پەرلەمان متمانە لەو ئەندامە وەربگرێتەوە. •    لە رۆژی سوێندخواردنەوە وەكو پەرلەمانتار، ئەندام بە دەستلەكاركێشاوە لە كارەكەی پێشووی دادەنرێت و پێویستە پەیوەندی بە كاری پێشووی خۆیەوە ببڕێت و خۆی بۆ پەرلەمانتاری تەرخان بكات. •    پەرلەمانتار لەماوەی كارەكەیدا نابێت خۆی یان لەرێگەی كەسانی ترەوە گرێبەست لەگەڵ پەرلەمان یاخود حكومەت بكات، نابێ سیفەتی ئەندامێتیی پەرلەمان بقۆزێتەوە بۆ كاری بازرگانیی و دارایی. •    نابێت پەرلەمانتار دەست لە كاروبارەكانی هەریەك لە دەسەڵاتەكانی (دادوەریی) و (جێبەجێكردن) وەربدات، تەنها لە چوارچێوەی پسپۆڕیەتی یاسادانان و چاودێریی نەبێت. •    نابێت پەرلەمانتار كۆكردنەوە بكات لەنێوان ئەندامێتیی پەرلەمان و ئەندامێتیی ئەنجومەنێكی دیكە لە ئەنجومەنی هەڵبژێردراوەكان. •    ئەگەر پەرلەمانتار پۆستی وزاری وەرگرت، بە دەستلەكاركێشاوە لە ئەندامێتیی پەرلەمان هەژمار دەكرێت. پەرلەمانتارو پارێزبەندیی جگە لەو مافانەی كە دوای سوێندخواردن وەریدەگرێت، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان (پارێزبەندیی) وەردەگرێت. پارێزبەندیی بەمشێوەیە: •    لەرۆژی سوێندخواردنەوە، پەرلەمانتار پارێزبەندیی پەرلەمانیی دەبێت و ناتوانێ بەبێ مۆڵەتی پەرلەمان تەنازولی لێ بكات. •    پەرلەمانتار ئازادی ئاخاوتن و رادەربڕینی تەواوی هەیە لەكاتی ئەنجامدانی كاری پەرلەمانیدا، بەڵام دەبێت رەچاوی رێزگرتن لە دامەزراوە دەستورییەكانی هەرێم بكات. •    بەبێ مۆڵەتی پێشوەختەی پەرلەمان، پەرلەمانتار راوەدوو (ملاحقە)و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ ناكرێت، نابێ ماڵ و نوسینگەكەی پشكنینی بۆ بكرێت یاخود دەستگیر بكرێت، تەنیا لەو حاڵەتەدا نەبێت كە تاوانێكی بینراوی ئەنجام دابێت. •    هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتار بە دەنگی زۆرینەی ئامادەبووانی دانیشتنی پەرلەمان دەبێت.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand