حكومەتی هەرێم: هەرچی زووە، هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە
.png)
2025-02-19 16:30:21
(درەو):
حكومەتی هەرێم تاوتوێی گفتوگۆكانی خۆی كرد لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق تایبەت بە میكانیزمی جێبەجێكردنی هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە تێچووی نرخی نەوت، داوا دەكات بەزوویی هەناردەی نەوتی كوردستان بە بۆریی بۆ توركیا دەستپێبكاتەوە.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی هەبوو، یەكێك لە تەوەرەكان گفتوگۆكردن بوو لەبارەی پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.
راگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێ:" ئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی دوێنێی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ خرایەڕوو، کە لە هەولێر سازکراو تایبەت بوو بە ڕێکارو میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 5 ی ساڵی 2025 تایبەت بە هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ دەربارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەم بڕگەیە لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت خرایەڕوو".
لەسەر ئەم تەوەرە، راگەیەندراوی حكومەت ئاماژەی بەوەكردووە" وێڕای دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی خۆی بۆ پێشوازیی و پشتیوانی لە جێبەجێکردنی یاسای هەمواری یەکەمی ماددەی 12 لە یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵ، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوەشکردەوە کە هەرێم داوا دەکات هەرچی زووە، هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوەو ئەمەش، لە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکانە، چونکە بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 ەوە، چەندین ملیار دۆلار زیان بە داهاتی گشتی عێراق گەیشتووە.
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد، هەرچی زووە لەسەر ڕێکارو میکانیزمەکانی دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ لە هاریکاریی و هاوئاهەنگیی بەردەوام بن، بەتایبەتیش کە ئێستا یاساکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و ڕێگریی یاسایی لەبەردەم پرۆسەکە نەماوەو یاساکە نەخشەڕێگەی بابەتەکەی بە ڕوونی دەستنیشان کردووە.
لە 25ی ئازاری 2023وە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بۆری بۆ توركیا راوەستا، ئەمەش لەبەرەنجامی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی پاریس.
بەگوێرەی قسەی حەیان عەبدولغەنی وەزارەتی نەوتی عێراق بێت، دەبێت لە چەند رۆژی ئایندەدا هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەستپێبكاتەوە، بەگوێرەی یاسای بودجە دەبێت هەرێمی كوردستان رۆژانە (300 هەزار) بەرمیل رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بكات.
یاسای بودجەی عێراق، حكومەتی هەرێمی پابەندكردووە بە رادەستكردنی پرۆسەی فرۆشتنی نەوت و داهاتەكەی، واتا لەمەودوا چیتر داهاتی نەوت ناگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم، بەڵام لەبەرامبەردا دەبێت حكومەتی فیدراڵی پابەند بێت بە خەرجكردنی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی فیدراڵ.
رۆژی 2ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی تایبەت بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان پەسەند كرد.
هەموارەكە تایبەت بوو بە مادەی١٢/دووەم/ج لە یاسای بودجە، بەگوێرەی ئەم بڕگەیە، بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بەدەركرا لەو نرخەی كە یاسای بودجە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت بە گشتیی لە عێراق دیاریكردبوو، كە 6 دۆلارە بۆ تێچووی هەر بەرمیلێك.
هەموارەكە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی لە كوردستان بۆ هەر بەرمیلێك بە بڕی 16 دۆلار دیاریكردووە، ئەمە تا ئەوكاتەی لەماوەی 60 رۆژدا لیژنە یاخود كۆمپانیایەكی پسپۆڕی نێودەوڵەتیی بە رەزامەندیی هەردوو حكومەتی بەغدادو هەولێر، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەر كێڵگەیەك بە جیا لە كوردستان دەردەهێنن و دواتر لەسەر بنەمای ئەم راپۆرتە نرخێكی جێگیر بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان دیاری دەكرێت.
دەقی هەمواری یاسای بودجەی عێراق سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان:
🔹وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەڵێن دەدات حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە خەرجییە سەروەرییەکان بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە قەرەبوو بکاتەوە، بۆ ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێم بەرهەم دێت، کە لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە وەردەگیرێت، بەپێی بڕگەکانی (ا)و (ب)ی ئەم بڕگەیە، بەمەرجێک تێچووی دادپەروەرانەی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ هەر کێڵگەیەک بەجیا حیسابی بۆ بکرێت، لەلایەن لایەنێكی راوێژکاریی تەکنیکی نێودەوڵەتی تایبەتمەندەوە، کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەرێم دەستنیشانی دەکات، لەماوەی (٦٠) رۆژدا لە بەركاربوونی ئەم یاسایەوە، لە ئەگەری ناکۆکی، لەو ماوەیەی پێشوودا، ئەوا ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی ئەو دەستەی راوێژکارییە دیاری دەکات.
🔹ئەو لایەنە راوێژکارییەی لە بڕگەی پێشوودا ئاماژەی پێکراوە، تێچووی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی پێشکەش بە وەزارەتەکانی نەوت و وەزارەتی دارایی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات و بۆ مەبەستی ئەم یاسایە پشتی پێدەبەسترێت، حیسابکردنی قەرەبوو كە لە خاڵی (ا)ی ئەم بڕگەیەدا هاتووە، لەسەر بنەمای تێچووی پێشوو بۆ هەر بەرمیلێک کەڕەتی ژمارەی بەرمیلە وەرگیراوەكان دەبێت بەپێی بڕگەکانی (ئەلف) و (ب)، لەم بڕگەیە، وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەو بڕە پارانە دەدات بە حکومەتی هەرێم.
🔹دەستبەجێ دەست بە گەیاندنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەكرێت بەپێی خاڵەكانی (ا) و (ب)ی ئەم بڕگەیە، و قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی دەکرێتەوە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەشێوەی سولفە، بە تێکڕای (١٦) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە دواتر چارەسەر دەكرێت، دوای تەواوبونی كاری راوێژكاریی تەكنیكی تایبەتمەند كە لەسەرەوە باسكراوە، لەسەر بنەمای (اپر رجعی) لەرێكەوتی دەستكردن بە رادەستكردنی نەوت بە گوێرەی ئەم هەموارە.
