سیستانی: بەبێ چاكسازی خۆپیشاندان كۆتایی نایەت
2019-11-11 11:29:15
(درەو میدیا):
جینین بلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەمڕۆ لە نەجەف چاوی بە ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان كەوت.
دوای دیدارەكەی لەگەڵ سیستانی، نوێنەرەكەی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند:
• مەرجەعیەتی ئاینیی دوودڵە لەوەی هێزە سیاسییەكان جددی بن لە ئەنجامدانی چاكسازی.
• مەرجەعیەت جەختی كرد لەسەر ئەوەی بەبێ چاكسازی ناكرێت خۆپیشاندەران بگەڕێنەوە.
• مەرجەعیەت پشتیوانی پێشنیازەكەی ئێمەی كرد لەبارەی یاسایەكی یەكگرتووی هەڵبژاردن.
• نەتەوە یەكگرتووەكان رێنمایی خۆی بە حكومەتی عێراقی داوە، ئێستا كاتی ئەوەیە شتێك پێشكەشی گەل بكات.
• پێویستە هەموان رێز لە سەروەری عێراق بگرن، ئێمە رێز لەوە دەگرین.
• نابێت ئەم ناڕەزایەتییانە بكرێت بە گۆڕەپانی تەسفیەی سیاسی، چونكە ئێمە لە هەموو لایەنەكانەوە هەواڵمان پێدەگات.
• داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین لێكۆڵینەوە بكات لەوەی ئەو غازی فرمێسكڕێژە لە كوێوە هاتووە.
• ئەگەر هێزە سیاسییەكانو سەرۆكایەتییەكان ناتوانن یان نایانەوێت چاكسازی بكەن، ئەوكات دەبێت رێگایەكی تر بگیرێتەبەر.
• مەرجەعیەت جەختی كرد نابێت توندوتیژی لەدژی خۆپیشاندەران بەكاربهێنرێتو دەبێت دەستگیركردنو رفاندن بەخێرایی رابگیرێن.