Draw Media

حاجی قاسم قسەی كۆتایی كرد

حاجی قاسم قسەی كۆتایی كرد

2019-11-09 16:44:11


راپۆرت: فرانس پرێس   
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت  
قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران یاخود ئەوەی لەناو سیاسەتمەداران كورد‌و عێراقیدا بە "حاجی قاسم" ناسراوە، دواجار قسەی كۆتایی خۆی كرد لەبارەی بارودۆخی عێراق‌و خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتییەكانەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا (فرانس پرێس)، موقتەدا سەدرو كوڕێكی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكانی عێراق لەگەڵ حاجی قاسم كۆبونەتەوە‌و لە پشتی پەردەوە رێككەوتنێك كراوە بۆ هێشتنەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران لە پۆستەكەی‌و كۆتایهێنان بە ناڕەزایەتییەكان لەسەر شەقام.
هەموان رێككەوتنەكەیان لاپەسەندە، تەنیا حەیدەر عەبادی نەبێت كە خەونی گەڕانەوەی هەبوو بۆ سەر كورسی دەسەڵات لەدوای كەوتنی عەبدولمەهدی.
راپۆرتەكە باسی لەوەكردووە، عەبدلمەهدی‌و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كە بەمدوییە پەیوەندییان لەنێواندا نەماوە، كۆبونەتەوە، ئەوەش ئاماژە بووە بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەركراون، لەبەر بایەخی راپۆرتەكە بۆ خوێنەری كورد، (درەو میدیا) دەقەكەی وەكو خۆی وەرگێڕایە سەر زمانی كوردی.


دەقی راپۆرتەكەی فرانس پرێس
ئەمڕۆ هێزە عێراقییەكان بە فیشەك‌و گازی فرمێسكڕێژ دەستیانكرد بە بڵاوەپێكردنی ئەو خۆپیشاندەرانەی كە داوای "روخانی رژێم" یان دەكرد، ئەمە تەرجەمەكردنی رێككەتنێكی سیاسی بوو بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی ئێستا، تەنانەت ئەگەر بۆ كۆتایهێنان بە ناڕەزایەتییەكان پێویست بە بەكارهێنانی هێزیش بكات.
بەپێی قسەی پەیامنێرانی ئاژانسی فرانس پرێس، لە دەروازەی ئەو تونێلەی كە دەچێت بۆ گۆڕەپانی تەحریر لە بەری پردی سنك-ەوە، دەنگی تەقەی زۆر بیستراوە، هەروەها ژمارەیەك لە خۆپیشاندەرانیان بینیوە كە بە فیشەك برینداربوون‌و لە خوێنا گەوزاون، بەر لەوەی بەهۆی كەمی ئۆتۆمبیلی فریاگوزارییەوە، بە ماتۆڕسكیلی "توكتوك " بگوازرێنەوە.
دوای ئەوەی لە سەرەتادا لە بارودۆخێكی ناهەمواردا بوو، بەڵام عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران ئەمڕۆ بووەتە خاڵی كۆدەنگی نێوان پارت‌و سیاسییەكانی دەسەڵات، ئەوانەی كە داوای رۆشتنیان دەكرد، پاشەكشێیان لە بانگەوازەكانیان كرد، بەتایبەتیش بەهۆی فشارە سیاسییەكان لەلایەن ئێران‌و هاوپەیمانەكانیەوە لە بەغداد.
بەڵام لەسەر شانۆی سیاسی، لەم چەند رۆژەی دوایدا، زۆرینەی هێزە سیاسییەكان گەیشتونەتە ئەو بڕیارە، ئەمە بەپێی قسەی دوو كادیری یەكێك لەو حزبانەی كە خۆیان بەشدارییان لە كۆبونەوەكان كردووە‌و لێدوانیان بۆ فرانس پرێس داوە.
یەكێك لەو دوو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكرد"حزبە سیاسییەكان لە كۆبونەوەیەكدا كە زۆرینەی سەركردەی كوتلە گەورەكان تێیدا بەشداربوون، رێككەوتوون لەسەر هێشتنەوەی عادل عەبدولمەهدی‌و دەستگرتن بە دەسەڵاتەوە لەبەرامبەر ئەنجامدانی چاكسازی لە دۆسیەكانی روبەڕووبونەوەی گەندەڵی‌و هەمواركردنی دەستور".
باسی لەوەشكرد، لایەنەكان رێككەوتوون لەسەر ئەوەی "پاڵپشتی حكومەت بكەن لە كۆتایهێنان بە ناڕەزایەتییەكان بەهەموو شێوازێك كە گونجاوبێت".
پێدەچێت ئاڕاستەیەك كۆنی نوێ هەبێت بۆ دووبارە رێكخستنەوەی ماڵی شیعە، لەسەر شێوەی هاوپەیمانی نیشتمانی، ئەمە بەپێی قسەی هەمان ئەو سەرچاوانە.
چەند سەرچاوەیەكی سیاسی بە فرانس پرێس-یان وت، رێككەوتن نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكاندا، لەنێویاندا "سائیرون و حیكمە"، دوای دیدارێكی " ژەنەراڵ قاسم سلێمانی هاتووە لەگەڵ موقتەدا سەدرو محەمەد رەزا سیستانی (كوڕی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق)، كە رێككەوتنی هێشتنەوەی عەبدولمەهدی لە پۆستەكەی، لەو دیدارەوە سەرچاوەی گرتووە".
سەرچاوەكان جەختیان كرد، تاكە لایەن كە رێككەوتنەكەی رەتكردوەتەوە هاوپەیمانی "نەسر" بووە كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو رێبەرایەتی دەكات‌و وای دەبینێت تاكە چارەسەری تەنگژەكە ئەوەیە عەبدولمەهدی بڕوات.
لاپەڕەی سەرۆك وەزیران لە تویتەر وێنەیەكی بڵاوكردەوە، كە دیمەنی دیداری نێوان عەبدولمەهدی‌و بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار نیشان دەدات، ئەمەش دەریخست پێشكەوتن لە گفتوگۆكاندا رویداوە دوای ئەو قسانەی كە باسیان لەوەدەكرد پەیوەندی لەنێوانیاندا پچڕاوە. ئەمە هاوكات بوو لەگەڵ گەڕانەوەی پەرلەمان بۆ گەڕان بەدوای چارەسەری گونجاودا. 

رێككەوتنەكە لە شەقامدا رەنگدەداتەوە
هاوكات لەگەڵ رێكخستنەوەی سیاسیی ریزەكان، هێزە ئەمنییەكانیش لە شەقام دەستیان بە پێشڕەوی كرد. 
ئەو هێزانە لە بەغداد توانییان سێ پرد لە كۆی چوار پرد كۆنترۆڵبكەنەوە كە خۆپیشاندەران دەستیان بەسەردا گرتبوو، ئەمە بەپێی ئەوەی پەیامنێران بە ئاژانسی فرانس پرێسیان وتووە.
سەرباری ئەوەی ژمارەیەكی زۆری خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی ناوەندی تەحریر كۆبونەتەوە‌و لەچوارچێوەی ناڕەزایەتییەكاندا داوای "روحانی رژێم"دەكەن، چەند رۆژێكە لە كۆی 12 پرد لە پایتەخت، لە چوار پردیان، روبەڕووبونەوە هەیە.
سەرەتا خۆپیشاندەران بە ئاڕاستەی پردی جمهوری پێشڕەوییان كرد، كە تەحریر بە ناوچەی سەوزەوە دەبەستێتەوە‌و ئەو ناوچەیە بارەگا حكومییەكان لەخۆدەگرێت. هێزە ئەمنییەكان لەسەر پردەكە سێ بەربەستی كۆنكرێتییان هەڵگرت، خۆپیشاندەران لەبەردەم یەكەمیاندا رادەوەستن.
لەدوای ئەوە، خۆپیشاندەرانی تر بە ئاڕاستەی پردەكانی سنك‌و ئەحرارو شوهەدا رۆشتن كە هاوتەریبن لەگەڵ جمهوری لە باكورەوە.
ئەو سێ پردە لە شەودا روبەڕووبونەوەیان لەنێوان خۆپیشاندەران‌و ئەو هێزە ئەمنیانە بەخۆوەبینی، كە رێگرییان لێدەكردن، ئەمە بەگوێرەی قسەی پەیامنێرانی فرانس پرێس. 
بەیانی ئەمڕۆ هێزە عێراقییەكان گازی فرمێسكڕێژیان بە ئاڕاستەی خۆپیشاندەران تەقاند، كە لە شەقامی رەشید لە ناوەڕاستی بەغداد كۆبوبوونەوە.
یەكێك لە خۆپیشاندەران لەسەر پردی سنك بە فرانس پرێسی وت" هێزە ئەمنییەكان لە دووی بەرەبەیانی خەبەریانكردینەوە".
ئەو گەنجە كە دەمامكی كردبوو ئاماژەی بەوەكرد" بۆمبی دەنگییان تەقاند‌و هاواریان لێكردین: دەی وەرن تێپەرن. بارودۆخەكە باش نەبوو، بەڵام ماینەوە تا چارەسەرێك دەدۆزرێتەوە".

ترسان
ئایەتوڵا سەید عەلی سیستانی مەرجەعی ئاینی شیعەكان رۆژی هەینی داوای لە هێزە ئەمنییەكان‌و خۆپیشاندەران كرد، دان بەخۆیاندا بگرن‌و هێز بەكارنەهێنن.
بەڵام خۆپیشاندەرێكی تر وتی" مەرجەعیەت دوێنێ وتی نە بە فیشەك‌و نە بە چەكی تر لێیان مەدەن، كەچی ئەمڕۆ لێیانداین، بە ئێمەیان وت بەكرێگیراو و بەعسی، بەڵام ئێمە هیچ شتێكمان نیە".
ئەو خۆپیشاندانەی كە لە رۆژی یەكی تشرینی یەكەمی رابردووەوە دەستیپێكرد، كردەوەی توندوتیژی خوێناوی بەخۆوە بینی، كە بووە هۆی كوژرانی نزیكەی 300 كەس، كە زۆرینەیان لەو خۆپیشاندەرانە بوون كە داوای "روخانی رژێم"یان دەكرد.
لەوپەڕی باشوریشەوە، لە پارێزگای بەسرەی دەوڵەمەند بە نەوت، هێزە ئەمنییەكان فیشەكیان لەدژی ئەو خۆپیشاندەرانە بەكارهێنا كە بەرەو بینای ئەنجومەنی پارێزگا دەڕۆیشتن.
ئەوە بوو بەهۆی كوژرانی سێ كەس‌و برینداربوونی دەیان كەسی تر، ئەمە بەگوێرەی قسەی سەرچاوە پزیشكییەكان. ئێستا هێزە ئەمنییەكان هەر كەسێك دەستگیردەكەن كە هەوڵی خۆپیشاندان بدات.
سەبارەت بەو خێوەتانەش كە خەڵكی ناڕازیی لە گۆڕەپانەكانی بەغداد‌و شارەكانی باشور هەڵیانداوە، لە بەسرە هێزە ئەمنییەكان لە بە هێز كۆیانكردەوە، لە كەربەلاش كە لای شیعەكان پیرۆزە، بە بۆمبی فرمێسكڕێژ خێوەتەكانیان سوتاندیان.
لەگەڵ بەردەوامبوونی پچڕاندنی هێڵی ئینتەرنێت لە وڵات لەسەرەتای هەفتەوە، عێراقییەكان لەوە دەترسان خراپتر روبدات، ئەمە یادی هەفتەی یەكەمی ناڕەزایەتییەكانی لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەم وەبیر دەهێنایەوە.
شەپۆلی یەكەمی خۆپیشاندانەكان لە رۆژی یەك بۆ شەشی تشرینی یەكەم، بەوە جیادەكرایەوە كە قەناسبەدەستەكان لەسەر بیناكانەوە خۆپیشاندەران بەئامانج دەگرن، بەڵام ناسنامەی ئەوانە لای دەسەڵات هێشتا نادیارە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand