كۆشكی سپی داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق دەكات
2019-11-11 07:44:29
درەو میدیا:
كۆشكی سپی ئەمریكا لە راگەیەنراوێكدا داوایكرد"كۆتایی بە تووندوتیژی و ئاڵۆزییەكانی عێراق بێت و وڵاتەكە بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە هەنگاو بنێت". لەبەرامبەردا لەتیف شێخ مستەفا ئەندامی خولی پێشوتری پەرلەمانی عێراق دەڵێت پێویستە كورد پشتیوانی لەو هەنگاوەی ئەمریكا بكات"
لە نوسینێكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لەتیف شێخ مستەفا نوسیویەتی" كۆشكی سپی ھاتە سەرخەت وداوای ھەڵبژاردنی پێش وەخت دەكات،ھەڵبژاردنی پێش وەختیش بێ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان نابێت ،پەرلەمانیش دەبێ خۆی دەنگ لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی خۆی بدات بەزۆرینەی ڕەھای دەنگی ئەندامەكانی واتەدەنگی ١٦٦ پەرلەمانتار"
لەتیف شێخ مستەفا ئەوەش دەخاتە روو كە پێویستە كورد بێ دوودڵی پشتگیری لەم ھەنگاوە بكات لەبەر سێ ھۆكار:
١- داواكاری ڕەوای خۆپیشاندەرانەو دەركەوت بەھیچ وەعدو بەڵێنێكی تر متمانەیان نیەو ناچنەوە ماڵەكانیان
٢-ڕێگری لەو لایەنانانە دەكات كە دەیانەوێ لەژێر پەردەی دیموكرسی و داواكاری خۆپیشاندەران عێراق بەرەو دیكتاتۆریەت بەرن لە ڕێگای گۆڕینی دەستور و گۆڕینی سیستەم بۆ سەرۆكایەتی
3-ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەبێتە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی لیژنە پەرلەمانیەكەی كە بۆگۆڕینی دەستور پێك ھێنراوەو مەترسیە بۆسەر دیموكراتی و فیدرالی لامەركەزی و پێگەو دەسەڵاتی ھەرێمیش
بۆیە پێویستە لەسەر ئەنجومەنی وەزیران بەڕەزامەندی سەرۆكی كۆمار داوایەك پێشكەش بكەن بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پاڵپشت بەحوكمی مادەی ٦٤ لەدەستور لەپەرلەمانیش پێویستە لەسەركورد كاری بۆ بكات بۆ ئەوەی ڕێژەی پێویست مسۆگەر بكات
ئەگەرئەنجومەنی وەزیران و سەرۆك كۆماریش داواكاریان پێشكەش نەكرد پێویستە لەسەر كوتلە كوردیەكان بەھاوكاری كوتلەكانی تر ڕێژەی سێ یەكی پەرلەمانتاران واتە ئیمزای ١١٠پەرلەمانتار كۆبكەنەوە بیدەنە سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان