خواردنی قۆزی گومانی گەندەڵی دروستدەكات
2019-11-11 10:57:01
(درەو میدیا):
وەسڵێكی نانخواردن كە نوخشە ناسیح قائیمقامی هەڵەبجە ئیمزای لەسەر كردووە، گومانی گەندەڵی دروستكردووەو رێكخراوێك داوای رونكردنەوە دەكات.
رێكخراوی هەڵوێست رێكخراوێكی ناحكومی بواری چاودێرییە، هەندێك بەڵگەو دیكۆمێنتی لەبارەی خەرجییەكان لە قەیمقامیەتی هەڵەبجە دەستكەوتووە، رێكخراوەكە یەكێك لەو بەڵگانەی بڵاوكردەوە كە وەسڵی نانخواردنێكەو نوخشە ناسح قایمقامی هەڵەبجە ئیمزای لەسەر كردووە.
رێكخراوەكە باسلەوە دەكات، لەگەڵ قایمقام قسەی كردووە تاوەكو رونكردنەوەیان لەسەر هەندێك وەسڵ بدات كە لەبەردەستی ئاواندایە، بەڵام رەتیكردوەتەوە، بۆیە نوسراوەكان بەشێوەی زنجیرە بڵاودەكاتەوە.
رێكخراوی هەڵوێست لە یەكەم هەنگاودا وێنەی وەسڵێكی قایمقامی بڵاوكردەوەو بەمشێوەیە شیكاری بۆ ناوەڕۆكی وەسڵەكە دەكات:
وەسڵی یەكەم:
وەسڵی ژمارە (٥۷٥) لە رۆژی ۲۷-۹-۲۰۱۸ كە وەسڵی نانخواردنەو ئـــەم پرسـیارانەمــان لــــەبەڕێزیـان هەیە:
۱- قۆزییەك لە چێشتخانەی ناوبراو شەش هەزار دینارەو لای هەموو خەڵكی هەڵەبجە ڕونە، بۆچی لەو وەسڵەی بەڕێزتان بە دە هەزار دینارە؟
۲- هۆكار چییە هەر نۆزدە كەسەكە لەم ژەمەدا ئارەزویان وەك یەك بووەو هەر نۆزدەیان قۆزییان خواردوە ؟
۳- ئایا ئەو كەسانە لە خواردنگەكە نانیان خواردووە یاخود خواردنیان بەسەفەری بۆ هاتووە؟
٤- لەو خواردنگەیە هیچ كات ماستاو بەو نرخە نەبووە كە لەو وەسڵە نوسراوە، واتە بۆ یەك دانە ماستاو هەزارو پێنج سەد دینار نوسراوە ؟