گۆڕان لە حكومەت نیگەرانە
2019-11-09 18:57:39
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازل حەمەرەفعەت
هەفتەی داهاتوو بزوتنەوەی گۆڕان ناوی كاندیدی خۆی بۆ پڕكردنەوەی (7) پۆستی حكومی نوێ ئاراستەی مەسرور بارزانی دەكات، سەرباری ئەمە زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان نیگەرانن لە ئەدای كاری كابینەی نوێی حكومەت، رێكخەری گشتی حزب داوا دەكات دوو مانگی تر دەرفەت بە مەسرور بارزانی بدرێتو دواتر بڕیاری كۆتایی بدرێت، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی كابینەكەی مەسرور بارزانی بڵاودەكاتەوە.
یەكەم كۆبونەوەی جڤات
ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، دامەزراوەیەك كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی حزبەكە، بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە.
كۆبونەوەی ئەمڕۆ، یەكەمین كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بوو لەدوای هەڵبژاردنی رێكخەرو ئەندامانی نوێی خانەی راپەڕاندن لە ئەیلولی رابردوودا.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، كۆبونەوەی ئەمڕۆ بۆ تاوتوێكردنی چەند تەوەرێك بووە، لە گرنگترینیان:
• پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت
• پڕكردنەوەی پۆستەكان بەتاڵەكان لەناوخۆی حزب
• هەڵسەنگاندنی ئەدای كاری حكومەتو پەرلەمان لەدوای دەستبەكاربوونیانەوە
پۆستە بەتاڵەكانی حزب
لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا (8) پۆست هەبوون كە بەتاڵبوون، واتە لەماوەی رابردوودا بەرپرسەكانیان لاچوون یاخود وازیان لە بزوتنەوەكە هێناوە، لەدوای دەستبەكاربوونی خانەی راپەڕاندنی نوێی حزبەكە، بڕیاردرا ئەو پۆستە بەتاڵانە پڕبكرێنەوە.
لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا، جڤاتی نیشتمانی بڕیاریدا ژوری حكومەتو پەرلەمان كە ژورێكی تایبەتە بە چاودێریكردنی ئەدای كاری نوێنەرەكانی گۆڕان لە حكومەتو پەرلەمان، بكات بە دوو ژوری جیاواز، ژورێك بۆ چاودێری ئەدای پەرلەمانو ئەوی تر بۆ چاودێری حكومەت.
لە كۆبونەوەكەدا لە كۆی (8) پۆستی بەتاڵ، سیانیان پڕكرانەوە، كە ئەمانە بوون:
• كاوە عەبدوڵا (كاوەی مامە عەبە)- رێكخەری ژوری حكومەت
• دكتۆر محەمەد شوانی- رێكخەری ژوری ناوچە دابڕاوەكان
• دلێر عەبدولخالق- رێكخەری ژوری رۆژنامەوانی
سەرچاوەیەكی باڵا لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، تاوتوێی كاندیدەكان دەكرێت بۆ پڕكردنەوەی ئەو (5) پۆستە حزبییەی تر كە ماون، رۆژی شەممەی داهاتوو لە كۆبونەوەی جڤاتدا، كاندیدی ئەو پۆستانەش بڕیاریان لەسەر دەدرێت.
پۆستە بەتاڵەكانی حكومەت
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئێستا (7) پۆست هەن كە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتوون لە كابینەی نوێی حكومەتداو هێشتا پڕنەكراونەتەوە.
پۆستە پڕنەكراوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەمانەن:
• بریكاری وەزیری پەروەردە
• جێگری وەزیری ناوخۆ
• بریكاری وەزیری كارەبا
• بریكاری وەزیری شارەوانییەكان
• ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە
• دوو ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بڕیاری سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو میدیا)ی وت:" چوار بریكارەكەی بزوتنەوەی گۆڕان لە وەزارەتەكانو پۆستی ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە هیچ كێشەو گرفتێكیان نییەو هەفتەی داهاتوو بزوتنەوەی گۆڕان كاندیدەكانی خۆی بۆ ئەو پۆستانە یەكلادەكاتەوەو رادەستی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتیان دەكات".
بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پڕكردنەوەی پۆستەكانی ئەنجومەنی ئاسایش كێشەی تێدایە، پارتی بەفەرمی بزوتنەوەی گۆڕان ئاگاداركردووە لەوەی بابەتی پۆستەكانی ئەنجومەنی ئاسایش دوابخات بۆ كاتێكی تر، چونكە ئەوان خۆیان لەدوای دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، هێشتا پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشیان پڕنەكردوەتەوە، كە پێشتر ئەو پۆستە بەدەست مەسرور بارزانییەوە بوو.
گۆڕانیش لە یاریدەدەر نیگەرانە !
جگە لەو (7) پۆستە، پۆستێكی تریش هەیە كە پشكی بزوتنەوەی گۆڕانەو هێشتا پڕنەكراوەتەوەو چارەنوسیشی نادیارە.
بەمدواییە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە فەرمیو لەسەر زاری وتەبێژەكەیەوە نیگەرانی خۆی نیشاندا لە دانانی (4) یاریدەدەر بۆ سەرۆكی حكومەت لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نوێوە.
یەكێتی دانانی ئەو یاریدەدەرانەی بۆ سەرۆكی حكومەت وەكو دروستكردنی "حكومەتێكی بچوك" لەناو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم ناوبرد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) تەنیا یەكێتی لە دانانی ئەو یاریدەرانە نیگەران نییە، بزوتنەوەی گۆڕانیش نیگەرانەو نیگەرانیەكەشی بە پارتی راگەیاندووە.
بەپێی رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بڕیاربوو سەرۆكی حكومەت تەنیا یەك یاریدەدەری هەبێت، كە ئەویش پۆستی (یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری چاكسازی)، ئەم پۆستە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووەو یەكێكە لەو پۆستانەی هێشتا پڕنەكراوەتەوە.
بەهانەی پڕنەكردنەوەی پۆستەكەی گۆڕان ئەوەیە، ئەوە پۆستێكی نوێیەو دەبێت لە پەرلەمانی كوردستانەوەی یاسای تایبەتی بۆ دەربكرێت، بەڵام لەدوای دەستبەكاربونییەوە مەسرور بارزانی بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، (4) یاریدەدەری بۆ خۆی دامەزراندووە كە ئەمانەن:
• ئاشتی هەورامی- یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزەو سامانە سروشتییەكان
• رێباز حەملان- یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وەبەرهێنانو راژەی گشتی
• محەمەد حاجی- یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری تەندروستی
• دكتۆرە رانیا مەجید- یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری ئابوری
ئەوەی زیاتر بزوتنەوەی گۆڕان نیگەران كردووە، ئەوەیە دوان لەوانەی كە مەسرور بارزانی وەكو یاریدەدەری خۆی فەرمانی بۆ دەركردوون ئەندامی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان بوونو وازیان هێناوە كە ئەوانیش هەریەكە لە (رێباز حەملان و محەمەد خاجی)ن.
(درەو میدیا) زانیویەتی، پارتی بە فەرمی وەڵامی نیگەرانییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی دانانی ئەو یاریدەدەرانەوە بۆ سەرۆكی حكومەت داوەتەوەو وتویەتی:" ئەو یاریدەدەرانە بۆ ئەو وەزارەتانە دانراون كە لای پارتینو هیچ یاریدەدەرێكیان كارەكەیان پەیوەندیدار نییە بە وەزارەتەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە" ئەمە بەهانەیە، نیگەرانییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی رەواندوەتەوە.
گۆڕان نیگەرانە !
ماوەی چوار كابینەی نوێی حكومەت دەستبەكاربووە، بزوتنەوەی گۆڕان لایەنێكی سەرەكی بەشداری كابینەی نوێیە.
لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا تەوەرێكی سەرەكی، بابەتی هەڵسەنگاندنی ئەدای كاری حكومەتو پەرلەمانو بەراوردكردنیانن بوو بەو رێككەوتنەی كە گۆڕان بۆ بەشداربوون لەم كابینەیە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كردویەتی.
(درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا، زۆرینە نیگەران بوون لە "جێبەجێ نەكردنی تەواوەتی" رێككەوتنی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
بەڵام عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە لەبارەی ئەدای حكومەتەوە وتویەتی:" با پەلە نەكەین لە بڕیارداندا، چاوەڕوانی ئەو ماوەیە بین كە بۆ هەڵسەنگاندنی حكومەت دیاریمان كردووە".
برزۆ مەجید ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ وتی:" بڕیاردرا تەوەری هەڵسەنگاندنی حكومەت بە كراوەیی بهێڵدرێتەوە، تا كۆتایی جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان".
ئەو ماوەیەی كە برزۆ مەجید باسی نەكرد، (6) مانگە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ دەستبەكاربونیدا (6) مانگی دیاریكردووە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەدای كاری حكومەتو مانەوە یاخود كشانەوە لە كابینەی نوێدا، ئێستا چوار مانگی ئەو وادەیە تێپەڕیوەو تەنیا دوو مانگ دەرفەت ماوە.
سەرچاوەیەكی باڵا لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو میدیا) راگەیاند، جگە لە رێككەوتنی پۆستەكان، هیچ بەشێكی تری رێككەوتنی نێوان گۆڕانو پارتی جێبەجێنەكراوەو پارتی دەستی بەدەستی بە گۆڕان دەكات، بە تایبەتی لە جێبەجێكردنی پرسی چاكسازیو پاكێجەكانی تری گۆڕان.
ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە وتی:" لەدوای دەستبەكاربوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانەوە، بزوتنەوەی گۆڕان 17 پرۆژە یاسای ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، هیچ یەكێك لەو پرۆژانە نەخراوەتە بەرنامەی كارەوە، پرۆژەیاسای چاكسازیش چارەنوسی نادیارەو پارتی بە گۆڕانی وتووە قوباد تاڵەبانی رێگری دەكات لە تێپەڕاندنی یاساكە".
زۆرینەی بنكەی جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان لەدژی بەشداربوونی بزوتنەوەكەیان بوون لە كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام سەركردەكانی حزبەكە دواجار بڕیاریاندا بەشداری كابینەی نوێ بكەن، بەهانەی ئەوان بۆ بەشداربوون، چاكسازیكردن بوو، لەپاڵ پرۆژەی خۆیدا بۆ چاكسازی، ئێستا گۆڕان بۆ مانەوەی لە حكومەت گرەو لەسەر پەسەندكردنی پرۆژە یاسایەك دەكات بەناوی "پرۆژەی چاكسازی لە خانەنشینی پلە باڵاكان"، كە ئەمەش پرۆژەیەكە مێژووەكەی بۆ كۆتاییەكانی كابینەی پێشووی حكومەت دەگەڕێتەوەو ئامانج رەحیم سكرتێری ئەوساو ئێستای ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی كردووە، واتە لە بنەڕەتەوە پرۆژەی تایبەتی گۆڕان نییە.