ئەنجومەنی دادوەری: دادوەرێكی مانگرتوو بە دۆسێیەی كوشتن تێوەگلاوە
2019-11-10 19:06:21
درەو میدیا
ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا رایدەگەیەنێت" یەكێك لە دادوەرە مانگرتووەكان بەناوی (نزار حەسەن عەلی) بە دۆسێیەی كوشتن تێوەگلاوە" رەتیشی دەكاتەوە" دۆسێی گرنگ نەدرابێتە دادوەر( رزگار محەمەد ئەمین) "
ماوەی پێنج رۆژە بەشێك لە دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی گەرمیان مانگرتووەو رایدەگەیەنن لەبەر ئەوەی سكاڵایان لە سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی سنورەكە كردووە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە سزادراون بەو هۆیەشەوە مانگرتنیان راگەیاندووە
دەقی رونكردنەوەكە:
رۆژی پێنج شەممە رێكەوتی 7/11/2019 كەناڵی (ئێن ئار تی) هەواڵێكی بڵاو كردەوە لەسەر زاری كەسێك لەبەردەم داواكاری گشتی كەركوك-گەرمیان كە گوایە دۆسیەی گرنگ نادرێتە دادوەر (رزگار محەمەد ئەمین) ئەندامی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم و ناوبراویش داوای گواستنەوەی كردووە بۆ دادگای پێداچوونەوەی فیدرالی لە بەغدا، بۆیە وەك ئەنجومەنی دادوەری بە پێویستمان زانی ئەو روونكردنەوەیە بدەین:
1- سەبارەت بە پێدانی دۆسیەی گرنگ بە دادوەرانی پێداچوونەوە، رادەگەیەنین كە لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێم هەموو دۆسیەكانی بەردەم دەستەی سزای گشتی و دەستەی شارستانی گشتی دەدرێنە گشت ئەندامانی دادگاو ناوبراوی سەرەوەش یەكێكە لەو ئەندامانە و بە پێی یاسای دەسەڵاتی دادوەری ناكرێت ئەو داوایانە پێشكەش بە ناوبراو نەكرێن تەنیا جگە لەو كاتانە نەبێت كە مۆڵەتی ئاسایی یان نەخۆشی هەبێت و ناوبراویش جگە لەوەی كە ئەندامە لە هەردوو دەستەی سەرەوە، هەروەها سەرۆكی دەستەی نەوجەوانانیشە لە دادگای پێداچوونەوە.
2- سەبارەت بە بابەتی گواستنەوەی دادوەر (رزگار محەمەد ئەمین) بۆ دادگای فیدرالی لە بەغدا، ئەم بابەتە پەیوەندی بە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمەوە نیە و ناوبراو باش دەزانێت لە چۆنیەتی داواكاری گواستنەوە لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بۆ دادگای پێداچوونەوەی فیدرالی لە بەغدا بۆیە ناكرێت هەموو بابەت و زانیارییەك بۆ راگەیاندنەكان باس بكرێت. هەر بۆیە ئەم هەواڵە لەسەر زاری ئە كەسە دوورە لە راستی.
3- سەبارەت بە كێشەی ئەندامی داواكاری گشتی (نزار حەسەن عەلی) كە یەكێكە لە مانگرتووەكان، ئێمە لێرەدا رادەگەیەنین كە ناوبراو بە دۆسیەیەكی كوشتن تێوەگڵاوە لەسەر زار و وتەی كەسوكاری تاوانلێكراو (سەرعێل بەكر رەفعەت) كە كوژراوە و وتەشیان وەرگیراوە و ئەم دۆسیەیەش لە دادگای تاوانەكانی گەرمیان تۆمار كراوە بە ژمارە (182/ج/2019) و دادوەر (ئەكرەم ئەمین فەرەج) (تنحی) كردووە لە بینینی داوایەكەو ئێستاش دۆسیەكە لە دادگای پێداچوونەوەیە بە ژمارە (1550/دەستەی سزایی دووەم/2019) و لە كاتی خۆی داوا لە وەزارەتی داد كرا كە رازی بێت رێكاری یاسایی بەرامبەر ئەندامی داواكاری گشتی سەرەوە وەربگیرێت بەڵام وەزارەتی داد بە پێی نووسراویان ژمارە (20/513/ لە 26/2/2019) رازی نەبوو. هەروەها لە كاتی خۆیدا ئەندامی داواكاری گشتی سەرەوە داوای گواستنەوەی كێشەكەی كردبوو لە دادگای تاوانی كەركوك-گەرمیان بۆ دادگایەكی دیكەی تاوانەكان لە هەرێم بەڵام داواكارییەكەی رەتكرایەوە بە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێم ژمارە (1542/دەستەی سزایی دووەم/2018 لە 15/1/2019) كە هاوپێچە لەگەڵ نووسراوی سەرەوەی وەزارەتی داد. هەروەها لەسەر ئەم بابەتە (داوای سەرەوە) كێشە لەنێوان سەرۆكی دادگای كەركوك-گەرمیان دادوەر (ئەكرەم ئەمین فەرەج) و ئەندامی داواكاری گشتی (نزار حەسەن عەلی) دروستبوو.
دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی كوردستان دەسەڵاتێكی سەربەخۆیە بە پێی یاسای ژمارە (23ی ساڵی 2007)ی دەسەڵاتی دادوەری كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووەو بۆ كەس نیە دەستێوەردان لەو دەسەڵاتەدا بكات و ئەوانەی كە مانیان گرتووە، ئەوانەن كە پەنایان بۆ دەزگای حزبی و ئیداری بردوەو بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان لەگەڵ سەرۆكی دادگای تێهەلچوونەوەی كەركوك-گەرمیان و لابردنی.