یەكەم ئەزمونی سەرۆكایەتی بەكۆمەڵ شكستیهێنا
2019-11-24 18:17:33
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
یەكەمین ئەزمونی بەڕێوەبردنی حزب بەشێوەی سەرۆكایەتی بە كۆمەڵ یاخود ئەوەی ناوی لێنراوە "هاوسەرۆكایەتی"و "دەستەی سەرۆكایەتی" لە هەرێمی كوردستان شكستی هێنا، حزبەكان لە كۆنگرە دەترسن، بەڵام حزبی زەحمەتكێشان لە 10 ساڵی رابردوودا (5) كۆنگرەی كردووە، كۆنگرەی دەیەمى لە یەك رۆژدا تەواوكرد، لەم كۆنگرەیەدا پەیكەری بەڕێوەبردنی حزبی بەتەواوەتی گۆڕی، بەڵام سەركەوتوو نەبوو لە گۆڕینی ئەو دەموچاوانەی كە 34 ساڵە لە هەرەمی سەرەوەی حزبدان.
كۆنگرەی 10 چی گۆڕی ؟
رۆژی 22ی ئەم مانگە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە هۆڵی پێشەوا لە شاری هەولێر دەیەمین كۆنگرەی خۆی لە (یەك) رۆژدا كۆتایی پێهێنا، 370 ئەندام بەشداری كۆنگرەكەیان كرد.
كۆنگرە، سەركردایەتی حزبی هەڵوەشاندەوە، لەبری ئەوەی ئەنجومەنێكی (25) كەسی هەڵبژارد بەناوی (ئەنجومەنی گشتی)، ئەم ئەنجومەنە پەرلەمانی حزبەو لێرەوە (سكرتێر)، (جێگری سكرتێر)، (مەكتەبی سیاسی)، (كۆمیتەی پارێزگاكان) هەڵدەبژێردرێن.
ئەنجومەنی گشتی كە بەرزترین دەسەڵاتە لەناو زەحمەتكێشاندا (بەهمەن حسێن) سەرۆكایەتی دەكات، كە یەكێكە لە سەركردە دێرینەكانی حزبەكە.
دوای تەواوبوونی كۆنگرەی (دەیەم)، ئەنجومەنی گشتی ئەمڕۆ یەكەمین كۆبونەوەی خۆی كرد، لەو كۆبونەوەیەدا (بەڵێن عەبدوڵا)ی وەكو سكرتێری حزبو (سەعد خالید)ی وەكو جێگری سكرتێر هەڵبژارد.
بەم هەنگاوە، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بەتەواوەتی گۆڕانكاری لە پەیكەری بەڕێوەبردنی خۆیدا كرد، بەر لە كۆنگرەی دەیەم، زەحمەتكێشان لەلایەن دەستەیەكی سەرۆكایەتییەوە بەڕێوەدەبرا كە بریتبوون لە هەریەكە لە (بەهمەن حسێن، بەڵێن عەبدوڵا، سەعد خالید)، واتە سیستمەكەیان هاوشێوەی پەكەكەو حزبەكانی نزیك لە پەكەكە بەشێوەی "هاوسەرۆكایەتی" یاخود سەرۆكایەتی بە كۆمەڵ بەڕێوەدەبرا، بەڵام كۆنگرەی دەیەم گەڕایەوە بۆسەر شێوازە كۆنەكەی بەڕێوەبردنی حزب، بە هەندێك دەستكارییەوە.
لەبارەی كۆتایهێنان بە سیستمی هاوسەرۆكایەتی، هیوا سەید سەلیم ئەندامی ئەنجومەنی گشتی حزبی زەحمەتكێشان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، ئەوان لەماوەی رابردوودا كە لەڕێگەی دەستەیەكی سەرۆكایەتییەوە حزبیان بەڕێوەدەبرد، دوچاری ئاستەنگی گەورە نەبوون، بەڵام بۆ رێكخستنەكانیان ئەو شێوازە لە بەڕێوەبردن دڵگیر نەبووە، زۆرینەی لایەنگرانیان پێیان باشبووە حزب كەسێكی دیاریكراوی هەبێت كە وەكو سیموبلی حزبەكە دەركەوێتو گوزارشتی لێبكات، بۆیە پەیكەرەكەیان گۆڕیوە.
كۆنگرەی دەیەمی حزبی زەحمەتكێشان پەیكەری بەڕێوەبردنی حزبی گۆڕی، بەڵام نەیتوانی لە دەموچاوەكاندا گۆڕانكاری گەورە بكات، ئەوانەی جارێكی تر بەرپرسیارێتییان وەرگرتەوە، هەر ئەو كەسانەن كە لە (34) ساڵی رابردوودا لە سەرەوەی هەرەمی دەسەڵاتی حزبەكەدا بوون.
لە هاوسەرۆكایەتییەوە بۆ سكرتێر
حزبی زەحمەتكێشان لەنێوان شێوازی بڕیاردانی بە كۆمەڵی هاوسەرۆكایەتیو تاكڕەوی بڕیاری سكرتێردا كە كێشەیەكی باوە لەناو حزبەكانی هەرێمدا، شێوازێكی نوێی دۆزیوەتەوە، بەپێی پەیكەرە نوێیەكە، سكرتێر كە (بەڵێن عەبدوڵا)یە دەسەڵاتەكانی سنوردارەو زیاتر كۆدەبێتەوە لە دوو خاڵدا:
یەكەم: سكرتێر سەرپەرەشتی كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی دەكات
دووەم: سكرتێر بەرپرسی لە پەیوەندییە سیاسییەكانی حزب
لەبەرامبەردا ئەنجومەنی گشتی كە دەستەیەكی (25) كەسییەو لە كۆنگرەدا هەڵبژێردراوە، نەخشەی سیاسەتی حزب دیاریدەكاتو سكرتێرو مەكتەبی سیاسی دەبێت ئەو سیاسەتە جێبەجێ بكەن كە ئەنجومەنی گشتی دیارییان دەكاتو بڕیاریان لەسەر دەدات.
سەرباری ئەمە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، ئەنجومەنی گشتی كە خۆی سكرتێرو جێگرەكەی هەڵبژاردووە، دەتوانێت لەماوەی یەك ساڵدا سكرتێر دوربخاتەوە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ بە دەنگی (1/3)، ئەنجومەنی گشتی دەتوانێت لەسەر بابەتێك یاخود چەند بابەتێك لێپێچینەوە لە سكرتێر بكات، بە دەنگی (50+1)یش دەتوانێت متمانە لە سكرتێر وەرگرێتەوەو لە پۆستەكەی دوریبخاتەوە.
زەحمەتكێشانو كۆنگرە
زەحمەتكێشان سەركەوتوترین حزبی هەرێمی كوردستانە لە سازدانی كۆنگرەدا، ئەم حزبە لەماوەی (10) ساڵی رابردوودا (5) كۆنگرەی كردووە.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزبی زەحمەتكێشان، كۆنگرە دوو ساڵ جارێك بەڕێوەدەچێت، سەركردەكانی ئەو حزبە دەڵێن هیچ كاتێك كۆنگرەی حزبیان لەوادەی خۆی دوانەخستووە، بەڵام هاوشێوەی حزبەكانی تری هەرێم كۆنگرەكانیان بێ كێشە نەبووە.
ساڵی 2009 حزبی زەحمەتكێشان سەركردەیەكی مێژوویی خۆی لەدەستدا كە ئەویش (قادر عەزیز) بوو، لەو ساڵەدا حزب كۆنگرەی (پێنجەم)ی گرێدا، لەو كۆنگرەیەدا قادر عەزیز كە ماوەی (24 ساڵ) بوو سەرۆكایەتی حزبەكەی دەكرد، لەگەڵ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی كەوتە ناكۆكی، ناكۆكییەكان سەریانكێشا بۆ جیابونەوەو لێكترازان، سكرتێرو باڵی مەكتەبی سیاسی كێشەكەیان بردە دادگا، باڵی مەكتەبی سیاسی لەدادگا بردییەوەو ناوی حزبەكە درا بە (بەڵێن عەبدوڵا)و هاوڕێكانی.
كرۆكی ناكۆكی نێوان قادر عەزیزو ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پەیوەندیدار بوو بە "تاكڕەویی" سكرتێری پێشووی حزب لە بڕیارداندا، بەڵام كێشەكە لەسەر دانانی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی تەقییەوە، كۆنگرەی پێنجەم (10) كەسی بۆ سەركردایەتی حزب هەڵبژارد، بڕیاردرا لەناو ئەو (10) كەسەدا (6) كەسیان هەڵبژێردرێن بۆ مەكتەبی سیاسی، قادر عەزیز ئەمەی قبوڵ نەبوو، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دەیانوت قادر عەزیز كەسی تری لە دەرەوەی ئەندامە هەڵبژێردراوەكانی كۆنگرەوە هێناوە بۆ ئەوەی بیانكات بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی، لەمەدا هەردوولا گەیشتنە بنبەستو كۆتاییان بە (24 ساڵ) پەیوەندی رێكخراوەیی هێنا، قادر عەزیز دواتر حزبێكی بەناوی (حزبی ئایندە) دروستكرد، رۆژی 2ی ئابی 2016 حزبەكەی هەڵوەشاندەوەو چووە ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستانو ئێستا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە.
سەرەتای جیابونەوەكە، باڵی مەكتەبی سیاسی تۆمەتباردەكران بەوەی بەلای پارتی دیموكراتی كوردستاندا شكاونەتەوە، بەڵام وردە وردە سیاسەتی خۆیان جێگیركردو ئێستا لەگەڵ پارتیو یەكێتیو لایەنەكانی تریش پەیوەندییان ئاسایی كردوەتەوە.
زەحمەتكێشان چۆن دروستكرا ؟
زەحمەتكێشان حزبێكە خۆی بنەڕەتەوە لەسەر بنەمای ناكۆكی لەبارەی "كۆنگرە"وە لەدایكبووە، ساڵی 1981 باڵێك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان جیابووەوەو لە كۆنگرەیەكدا بەناوی حزبی سۆسیالیست (حسك)ەوە خۆی راگەیاند، ئەوانەی ئێستا سەرۆكایەتی حزبی زەحمەتكێشان دەكەن، ئەوكات بەشێك بوون لە حزبی سۆسیالیست.
حزبە نوێیەكە (سۆسیالیست) لە یەكەم كۆنگرەی خۆیدا بڕیاریدا سێ ساڵ جارێك كۆنگرە بكات، بەپێی ئەو بڕیارە دەبوو ساڵی 1984 كۆنگرەی دووەم سازبكات، بەڵام كۆنگرەكە لەكاتی خۆیدا نەكرا، هەندێك لە سەركردەكانی حزب كە ناكۆكی فیكرییان هەبوو، ئەم بابەتەیان قۆستەوەو ساڵی 1985 لەچوارچێوەی یاداشتێكدا داوای سازادانی كۆنگرەیان كرد، سەركردایەتی ئەوكاتی حسك كە تێكەڵە بوو لە خەڵكانی (چەپی ماركسی، سۆسیال دیموكرات، دیموكراتیخواز، راستڕەو)، گوێی بۆ داواكارییەكەیان نەگرت، دواجار دوای چەند مانگێك مشتومڕو مانەوە، كۆتا مانگی ساڵی 1985 ژمارەیەك لە سەركردەكانی حزبەكە كە بریتی بوون لە (قادر عەزیز، بەڵێن عەبدوڵا، بەهمەن حسێن، قەیس محەمەد) جیابونەوەی خۆیان لەژێر ناوی (حزبی سۆسیالیستی كوردستان/ ئاڕاستەی دیموكراتی شۆڕشگێڕ) راگەیاند.
ساڵی 1988 لە كۆنگرەیەكدا، ئەو باڵەی كە لە حسك جیابووبونەوە، ناویان لە خۆیاننا (حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان)، واتە زەحمەتكێشان لە بنەڕەتەوە زادەی پرۆسەیەكی جیابونەوەیە كە لەناو حزبی سۆسیالیست رویداوە، ئێستا حزبێك بەناوی سۆسیالیستەوە نەماوە، محەمەد حاجی مەحمود لەسەر داروپەردووی ئەو حزبە دانیشتووە كە سكرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستانە.
زەحمەتكێشان لە شاردا
دوای كۆتایهاتنی قۆناغی خەباتی شاخو رزگاربوونی كوردستان لە دەستی هێزەكانی رژێمی بەعس لە كۆتاییەكانی ساڵی 1991دا، زەحمەتكێشان هاوشێوەی حزبەكانی تر قۆناغی خەباتی شاری دەستپێكرد.
ساڵی 1992 لە یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا زەحمەتكێشان بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەشداری هەڵبژاردنی كرد.
لە یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمدا لە ساڵی 1992 دروستكرا، قادر عەزیز سكرتێری حزبەكە پۆستی وەزیری كشتوكاڵی وەرگرت، لە كابینەی سێیەمدا لە ساڵی 1996، لە ئیدارەی سلێمانی (بەهمەن حسین ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشان) پۆستی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی وەرگرت، واتە لە رۆژانی شەڕی ناوخۆیدا زەحمەتكێشان بەلای یەكێتیدا شكاندبویەوە، هەر لە كابینەی حكومەتەكەی یەكێتیدا لە سلێمانی (فەتاح زاخۆیی لە زەحمەتكێشان) پۆستی وەزیری رۆشنبیری وەرگرت.
ساڵی 2005 لە پەرلەمانی كوردستان زەحمەتكێشان ئەندامێكی هەبوو بەناوی (حەمد عەبدوڵا)، ساڵی 2009 ئەندامێكی تری هەبوو لە پەرلەمانی كوردستان بەناوی (فازڵ حسێن)، ساڵی 2013 حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لەگەڵ پارتی كرێكارانو رەنجدەرانی كوردستان پەرلەمانتارێكی هاوبەشیان هەبوو بەناوی لیستی "ئاڕاستەی سێیەم".
لە كابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا (سەعد خالید) كە ئێستا جێگری سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانە، وەزیری هەرێم بوو بۆ كاروباری پەرلەمان.
ئێستا حزبی زەحمەتكیشان هیچ كورسییەكی لە پەرلەمانی كوردستاندا نییە، بەڵام لە حكومەت پۆستێكی هەیە كە ئەویش پۆستی (سەرۆكی دەستەی دەستپاكی)یەو (ئەحمەد ئەنوەر) سەرۆكایەتی دەكات.
ئەم حزبە لەرووی داراییەوە حزبێكی هەژارەو ئەم هەژارییە بەتەواوەتی بە روخساری كۆنگرەی دەیەمەوە دیاربوو، سەرباری ئەمە حزبەكە ئێستا خاوەنی هیچ دامەزراوەیەكی میدیایی ئەوتۆ نییە، ئەوە لەكاتێكدایە رۆژانێك بەر لە جیابونەوە لە قادر عەزیز حزبەكە خاوەنی كەناڵێكی لۆكاڵیو هەفتەنامەیەك بوو بەناوی "ئاڵای ئازادی".
ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی
ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی حزبی زەحمەتكێشان كە لە كۆنگرەی دەیەمدا هەڵبژێردران بریتین لەمانە:
• بەڵێن عەبدوڵا- سكرتێری حزب
• سەعد خالید- جێگری سكرتێر
• بەهمەن حسێن- سەرۆكی ئەنجومەنی گشتی
• گۆران جەلال
• بێكەس قادر
• دڵزار عەبدوڵا
• شوان محەمەد
• نیشتمان كەمال
• هیوا سەلیم
• هەڤاڵ عەبدوڵا
• شاخەوان عەبدوڵا
• كاكە رەش رەسوڵ
• ئاكۆ حەمید
• سۆما مامەند
• بەختیار مستەفا
• فەرهاد مەنتك
• هەندرێن شێخ راغب
• مامۆستا صلاح
• مامۆستا كامیل
• مامۆستا ئەحمەد
• مامۆستا سەگڤان
• واحد ئەحمەد
• نایف رەحمان
بەڵێن عەبدوڵا سكرتێری حزب لەكاتی وتارداندا لە كۆنگرەی دەیەمدا
دیمەنێكی بەشداربوانی كۆنگرەی دەیەم