دوو وەزیری كورد لە كابینەكەی عەبدولمەهدی دوردەخرێنەوە
2019-11-20 13:01:42
راپۆرت: درەو میدیا
رێكخەرو ئەمیرو ئەمینداری (گۆڕانو كۆمەڵو یەكگرتوو) پێشوەختە ئاگاداری كۆبونەوەكەی ماڵی عەممار حەكیم بوون لە بەغدادو نێچیرڤان بارزانییان كردووە بە نوێنەری خۆیان، دوو وەزیری كورد لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی دوردەخرێنەوە، بەپێی یاسای هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی دارایی بەرپرسانی، سەرۆك كۆمارو سەرۆكی حكومەتو سەرۆكی پەرلەمانی عێراق تەنیا (5) ئۆتۆمبیلیان پێدەدرێت، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر بڵاودەكاتەوە.
كۆبونەوەكەی ماڵی حەكیم
رۆژی 18ی ئەم مانگە، سەركردەی لایەنو كوتلە سیاسییەكانی عێراق لە ماڵی عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە لە بەغداد كۆبونەوە، لەدوای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانەوە، ئەمە یەكەمجار بوو لەلایەنەكان لەسەر ئاستی باڵا پێكەوە كۆببنەوە.
لەو كۆبونەوەیەدا دوو كەس وەكو نوێنەری كورد بەشداربوون، یەكێكیان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، ئەوی تریان بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بوو، نێچیرڤان بارزانیو بەرهەم ساڵح سەرباری پۆستە فەرمییەكەیان، وەكو نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەو كۆبونەوەیەدا بەشداربوون.
بەشداری پێنەكردنی نوێنەرو سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی تر لەو كۆبونەوەیەدا، هەندێك ناڕەزایەتیو گلەیی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە پێشبینی دەكرێت بڕیارەكانی ئەو كۆبونەوەیە رەنگدانەوەی لەسەر نەخشەی داهاتووی سیاسی عێراق هەبێت.
هەندێك لەوانەی گلەییو رەخنەیان هەبوو، پرسی یەكڕیزیی كوردیان لە هەولێرو بەغداد بەراورد دەكرد.
نێچیرڤان بارزانی تەلەفۆنی بۆ كردن !
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، سەركردەی سێ لایەنی سەرەكی هەرێمی كوردستان (بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی) پێشوەختە ئاگاداری كۆبونەوەكەیی ماڵی عەممار حەكیم بوون.
سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتی هەرێم بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، بەر لە رۆشتنی بۆ بەغداد، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی كۆبونەوەكەی ماڵی عەممار حەكیم لەگەڵ هەریەكە لە عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانو عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیو سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی بەتەلەفۆن قسەی كردووە.
سەرچاوەیەكە وتی:" لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا نێچرڤان بارزانی سەركردەی هەرسێ حزبەكەی ئاگاداریكردووە لەوەی كۆبونەوەكەی بەغداد تەنها بۆ كوتلە گەورەكانە، سەركردەی هەرسێ لایەن ئەویان وەكو نوێنەری خۆیان لەو كۆبونەوەیەدا قبوڵكردووە".
دوو وەزیری كورد دوردەخرێنەوە
یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبونەوەكەی ماڵی عەممار حەكیم رێككەوتن بوو لەسەر چۆنیەتی ئەو گۆڕانكارییە وزارییەی كە بڕیارە وەكو وەڵامدانەوە بۆ خواستەكانی خۆپیشاندەران لە كابینەی عادل عەبدولمەهدیدا بكرێت.
(درەو میدیا) زانیویەتی، بڕیاردراوە گۆڕانكارییەكە (12) وەزیر بگرێتەوەو تاوەكو سەرەتای ساڵی داهاتوو جێبەجێ بكرێت.
بەپێی رێككەوتنەكە، دوای لابردنی وەزیرەكان، پۆستە وزارییەكان بە كەسانی بێلایەنو تەكنۆكرات پڕدەكرێنەوەو نابێت هیچ یەكێك لە لایەنە بەشداربووەكان حكومەت كاندید بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان پێشكەش بكەن.
(درەو میدیا) زانیوەیتی، لەنێو ئەو (12) وەزیرەی حكومەتی عێراق كە بڕیارە تاوەكو رۆژی 1/1/2020 بگۆڕدرێن، (2) وەزیری كورد هەن، كە بریتین لە هەریەكە لە:
• فاروق ئەمین عوسمان- وەزیری دادی عێراق، لە پشكی یەكێتی
• بەنگین رێكانی- وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن، لە پشكی پارتی
بەڵام (فوئاد حسێن) وەزیری داراییو جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری دارایی لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە.
40 ملیار دینار دەگەڕێتەوە
دوێنێ شەو پەرلەمانی عێراق تا بەرەبەیان لە كۆبونەوەدا بوو، دواجار "یاسای هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتە داراییەكانی بەرپرسان"و "یاسای خانەنشینی یەكگرتوو"ی پەسەندكرد.
لەبارەی یاسای هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتە داراییەكانی بەرپرسانەوە، سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتەكانەوە بەنزیكەی (40 ملیار) دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، بەوپێیەی تەواوی ئیمتیازاتو دەرماڵەی بەردەستی بەرپرسان دەبڕێتو تەنانەت ئۆتۆمبێلی بەرپرسانیش دیاری دەكات بە جۆرێك:
• سێ سەرۆكەكەی عێراق (كۆمار، پەرلەمان، وەزیران) (5) ئۆتۆمبێلیان دەبێت
• جێگری سێ سەرۆكایەتییەكان (4) ئۆتۆمبێلیان دەبێت
• وەزیرەكان (3) ئۆتۆمبێلیان دەبێت
• بریكاری وەزیرو بەڕێوەبەرە گشتییەكان (2) ئۆتۆمبێلیان دەبێت
سەبارەت بە یاسای خانەنشییی یەكگرتوو، سەرچاوەكە وتی: دەرفەتێكی زۆرو هەلی كار دەڕەخسێنێت بەجۆرێك:
• لە ساڵی 2020دا (202 هەزار) هەلی كار دەڕەخسێنێت
• لە ساڵی 2021دا (59 هەزار) هەلی كار دەڕەخسێنێت