ڕێكارەكانی لەكارخستنی ترەمپو ئاستەنگەكانی بەرەدمی
2019-11-23 19:51:59
درەو میدیا:
ئەگەرێكی بەهێز هەیە (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی ئەمریكا لەچەند هەفتەی داهاتوودا لە كاربخرێتو، لەبەردەم كۆنگرێسی وڵاتەكەی دادگایی بكرێت، بەهۆی تۆمەتباركردنی بە فشار خستنەسەر (ئۆكرانیا) لەچوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ بردنەوەی ویلایەتێكی تری سەرۆكایەتی لەهەڵبژاردنەكانی 2020دا.
ئەنجومەنی نوێنەران بەشێوەیەكی ئاشكرا گوێی بۆ شایەتیدانی 12 كەس گرتووە، گومانەكان ئەوە دەردەخەن كە ترەمپ فشاری لەسەر (كیێڤ) دروستكردووە بۆ لێكۆڵینەوەكردن لە ڕكابەرە سیاسیەكانی، كە دیارترینیان (جۆ بایدن) كاندیدی دیموكراتەكانە.
سەرۆكی ئەمریكا بە بەهای 400 ملیۆن دۆلار هاوكارییە سەربازییەكانو، سەردانی سەرۆكی ئۆكرانیای بۆ كۆشكی سپی سڕكردووە، گومان دەكرێت لە چوارچێوەی هەنگاوەكانیدا بێت بۆ فشار دروستكردن لەسەر ئەو وڵاتە كە لەململانێدایە لەگەڵ ڕوسیا، تا هاوكاری بكات لە هەڵبژاردنەكاندا.
هێشتا ڕۆڵی لیژنەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەران بە شێوەیەكی فەڕمی لە لێكۆڵینەوەكان كۆتایی نەهاتووە. چاوەڕواندەكرێت ڕۆژی دووشممەی داهاتوو دادگا بە فەرمانێك دەسەڵاتی ئەوە بدات بە ئەندامەكانی كە گەورە یاریدەدەرانی ترەمپ بانگهێشت بكەن بۆ شایەتیدان، بەڵام پێدەچێت دیموكراتەكان بە نیازبن تا كۆتایی ساڵ دەنگ لەسەر لەكارخستنی بدەن، ئەوەش وادەكات كە لەمانگی كانونی دووەمی ساڵی تازەدا ترەمپ لەبەردەم ئەنجومەنی پیران دادگایبكرێت.
هەنگاوە كردارییەكانی لە كارخستنی ترەمپ
بڕگەكانی لەكارخستن
بڕیارە لیژنەی هەواڵگری ڕاپۆرتێك سەبارەت بەو ئەنجامانەی پێیگەیشتووە پێشكەش بە لیژنەی دادوەری ئەنجومەنی نوێنەران بكات كە ئەندامەكانی تاوتوێی بەڵگەكانو، چاوپێكەوتن لەگەڵ شاهیدەكان دەكەن. بەپێچەوانەی قۆناغی یەكەمی بەدواداچونی ڕاستییەكان، ترەمپو پارێزەرەكانی دەتوانن بەشداریبكەن لەڕێی شایەتیدانو، ئامادەبوون لەدانیشتنەكانو، پێداچونەوەی بەڵگەكانو، پرسیاركردن لە شاهیدەكان.
هەفتەی پێشوو ترەمپ ڕایگەیاند، ڕەنگە ئەو ئامادەبێت بە نوسین وەڵامی پرسیارەكان بداتەوە، لەكۆتایشدا لیژنەكە بڕیار لەسەر بڕگەكانی لەكارخستن دەدات، كە هاوشێوەی نوسراوی تۆمەتەكانە.
پێناسەی دەستوری ئەمریكا بۆ ئەو سەرپێچییانەی دەبێتە هۆی لەكارخستن فراوانە كە " خیانەتو بەرتیلو كۆمەڵێك تاوان و سەرپێچی گەورە" دەگرێتەوە. بەڵام ئەو سەرپێچییانە دیاریكراونینو، بەشێوەیەكی گشتی ئەوانەن كە دەچنە چوارچێوەی قۆرخكردنی دەسەڵاتو متمانەی گشتییەوە.
دیموكراتەكان چوار تۆمەتیان ئامادەكردووە كە خۆی لە "قۆرخكردنی دەسەڵات بۆ فشار خستنەسەر ئۆكرانیا لەپێناو بەدەستهێنانی پشتیوانی سیاسیو بەرتیلدان لەڕێی سەپاندنی مەرج بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی لەبەرامبەر هاوكاریو ڕێكخستنی لوتكە، سوكایەتیكردن بە كۆنگرێس لەڕێی گوێنەدان بە یاداشتەكانی بانگهێشتكردنو دروستكردنی بەربەست لەبەردەم یاسا" دەبینێتەوە.
لەكارخستن لە ئەنجومەنی نوێنەران
بڕگەكانی لەكارخستن كە لەلیژنەی دادوەری پەسەند دەكرێت، دەنێرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەری، پەرلەمانتاران تۆمەتەكان تاوتوێدەكەن كە ڕەنگە هەندێك كاتی بوێت، لە دۆسیەی لەكارخستنی (بیل كلنتۆن) لە ساڵی 1998دا، پەرلەمانتاران 13 كاتژمێر بەدرێژایی زیاتر لە دوو ڕۆژ پرسەكەیان تاتوێكرد.
تێپەڕاندنی بڕگەكانی لەكارخستنی سەرۆك، بەدەنگی زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت، دیموكراتەكان خاوەنی زۆرینەن لە ئەنجومەنی نوێنەران (233) كورسی بەرامبەر (197) كورسی كۆمارییەكان، دیموكراتەكان بەرەیەكی یەكگرتوون لەم پرسەداو، ئەوەش ئەگەر تێپەڕاندنی لەكارخستنی ترەمپ_ی بەهێزتر كردووە.
دادگایكردن لەبەردەم ئەنجومەنی پیران
بڕیاری لەكارخستنی ترەمپ، ڕەنگە دۆسیەكە ڕەوانەی ئەنجومەنی پیران بكات، كە ئەوەش دەبێتە جاری سێیەم لەمێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەرۆك دادگایبكرێت، سەرۆكی دادوەرانی دادگای باڵا، سەرۆكایەتی دادگایكردنەكە دەكات، دەستەی سوێندخواردنیش لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیران پێكدەهێنرێت كە ژمارەیان 100 كەسە. ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش ڕۆلێكی دیاریكراو دەبینن، پارێزەرانی سەرۆكیش بەرگری لە ترەمپ دەكەن.
دەنگدانی تۆمەتباركردن
تۆمەتباركردنی ترەمپ سەخت دەبێت، ئەگەر ڕەزامەندی دوو لەسەرسێی ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی پێویست بێت، چونكە كۆمارییەكان لە كۆی 100 كورسی 53 كورسی ئەو ئەنجومەنەیان هەیە.
(میتچ ماكونیل) سەرۆكی زۆرینەی كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی پیران، سەرۆكایەتی پرۆسەكە دەكات، دەتوانێت لەماوەیەكی كەمداو، بەوەرگرتنی كەمترین شاهید كۆتایی بە گفتوگۆكان بهێنێت، بە جۆرێك دووهەفتە یان كەمتر بخایەنێت، دەشتوانێت ماوەكە زیاتر بكات.
دادگایكردنەكەی (كلینتۆن) شەش هەفتەی خایاند، بەڵگەكان خرانە ڕوو و گوێ لە شاهیدی زیاتر گیرا، لەكارە ئاڵۆزەكانی ئەم دۆسیەیە، شەش لە كاندیدی سەرۆكایەتیی دیموكراتەكان ئەندامی ئەنجومەنی پیرانن، بەڕێوەچوونی دادگاكە لەكانوونی دووەمی ساڵی داهاتوودا، ڕەنگە ببێتەكۆسپ لەبەردەم هەڵمەتەكانیان پێش دەستپێكردنی یەكەم هەڵبژاردنی ئامادەكاری لە ویلایەتی (ئەیاوا) لە ڕۆژی سێی مانگی شوبات.
تۆمەتەكان هەرچییەك بن، زۆربەی چاودێران پێیانوایە لە دەنگدانی كۆتاییدا سیاسەت كاریگەری گەورەی دەبێت، لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیو پەرلەمانیی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2020، پێویست دەكات ئەندامە كۆمارییەكانی ئەنجومەنی پیران بە تایبەتی بیر لەو پرسە بكەنەوە كە دەنگدەرەكانیان بە باشی دەزانن، دەنگ بۆ لەكارلابردنی سەرۆكێكی كۆماری بدەن، یان بیپارێزن.
سەرچاوە: فرانس پرێس