كێبركێی گەرمی بازاڕی میدیا دەچێتە سەر شاشەكان
2019-11-21 20:52:01
درەومیدیا+سەرچاوەكان
ڕۆژی 21 تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی تەلەفیزیۆنە كە نەتەوەیەكگرتووەكان لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی 1996داو، لەكۆتایی كارەكانی كۆربەندی جیهانی تەلەفیزیۆن دەستنیشانیكرد.
بەبۆچوونی نەتەوەیەكگرتووەكان، بڕیاردان لەسەر ئەو ڕۆژەو، تەرخانكردنی بۆ تەلەفیزیۆن "دانپێدانانە بە زیادبونی كاریگەریی لە دروستكردنی بڕیار لەڕێی سەرنجڕاكێشانی ڕایگشتی بۆ ئەو ململانێو هەڕەشانەی كە ڕووبەڕووی ئاشتی و ئاسایش دەبنەوە، هەروەها ڕۆڵی چاوەڕوانكراوی تەلەفیزیۆن لە تەركیز خستنە سەر كۆمەڵێك پرسی تر، لەوانەش پرسی ئابوریو كۆمەڵایەتی".
لە دایكبوونی فەڕمی تەلەفیزیۆن دەگەڕێتەوە بۆ 21 كانونی دووەمی ساڵی 1926، (فلادیمێر زۆریكین) زانای ئەمریكی بە ڕەچەڵەك ڕوسی بە "باوكی تەلەفیزیۆن" دادەنرێت، كە زۆرێك بە سندوقی سەیروسەمەرەكان وەسفیدەكات.
پەخشی تەلەفیزیۆنی
لەساڵی 193دا دامەزراوەی ئێستگەی بەریتانیا"بی بی سی" یەكەم خزمەتگوزاری گشتیو، ڕێكخراوی پێشكەش كرد، كاتێك دەستیكرد بە پەخش لە كۆشكی (ئەلكسەندرا) لە شاری لەندەن.
لەساڵی 193شدا، كۆمپانیای ئێستگەی نەتەوەیی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ یەكەمجار پەخشی خۆی دەستپێكرد، یەكەم پرۆگرامیشی وێنەی جوڵاو بوو، یەكەم پەخشی تەلەفیزیۆنیش بەوێنەی ڕەنگاو ڕەنگ لەساڵی 1951دا بووە.
دوای سەد ساڵ كاریگەرترینە
تەلەفیزیۆن وەك یەكێك لە پڕبینەرترینو كاریگەرترین داهێنراوەكان، تەمەنی نزیك دەبێتەوە لە سەدەیەك، بەدرێژایی ئەو ماوەش چەندین قۆناغی بڕیوەو، ئەوانەی لەم كایەیەدا كاردەكەن لە كێبڕكێی بەردەومدابوون لەپێناو كۆكردنەوەی زۆرترین بینەر لەدەوری خۆیان بە تایبەت دوای ئەوەی میدیاو ڕیكلام بوونە دووكایەی گرنگی بازرگانی لە جیهان.
وەك چۆن تەلەفیزیۆن خۆی بە سندوقی سەیرو سەمەرەكان وەسفدەكرێت، كۆمەڵێك داهێنانی سەیرو سەمەرەش لەم چەند ساڵەی دوایدا لە كایەی میدیادا سەریهەڵداوە، وەك شارەزایانی ئەم بوارە دەڵێن، گەرمی كێبڕكێكردن لەسەر بینەرو ناوبانگو سەرمایە، بازاڕی تێپەڕاندووەو، چۆتە سەر شاشەكانو میدیاكارەكانیشی كردۆتە بە بەشێك لە كەرەستەی ئەم ململانێیە.
داهێنانێكی سەیرو سەمەرە
لە داهێنانی بێوێنەدا، كەنالێكی تەلەفیزیۆنی لەوڵاتی (ئەلبانیا) لە هەوڵێكدا بۆ ڕاكێشانی بینەر سیاسەتێكی سەیر پیادە دەكات، كە پێشكەشەكردنی گەشتەكانی هەواڵە لەڕێی كچە بێژەری نیمچە ڕووتەوە.
لەسایەی ئەو كێبڕكێ توندەی بازاڕی ڕاگەیاندنی گرتۆتەوە، كە ناڵی (زیار تی ڤی) كە لەلایەن كەسێك بەناوی (عیسمەت دریشتی)وە خاوەنداری دەكرێت، پەنای بردۆتەبەر پێشكەشكردنی گەشتی هەواڵەكان لەڕێی كچە بێژەری نیمچە ڕووتەوە، كە تەلەفیزیۆنەكە بە "نزیكبونەوەی زیاتر لەڕاستییەكان" وەسفیدەكات.
خاوەنی كەناڵەكە دەڵێت" لە ئەلبانیا، بەرپرسە سیاسییەكان گەمە بە هەواڵەكان دەكەن، بۆیە بینەر پێویستی بە كەناڵێكە هەواڵ پێشكەش بكات وەك ئەوەی هەیەو ڕووتە".
جەختیشدەكات، بینەری كەناڵەكەی لەزیاد بوونی بەردەوامدایە، ڕەتیشدەكاتەوە ئەو كارە هیچ پاڵنەرێكی سێكسی لە پشتەوەبێت، بەڵكو ئەوە "كردارێكی ڕەمزییە" بۆ پێشكەشەكردنی هەواڵ بە بارە ڕاستەقینەكەیو بانگەشەیەكی باشیشە لەهەمان كاتدا.
(گریتا هۆشای) تەمەن 24 ساڵ كە یەكێك بووە لە بێژەرەكان پێشئەوەی كەناڵەكە بەجێبهێڵێتو، ڕووبكاتە جیهانی ڕیكلام و فاشیۆن ئاماژەی بەوەكردووە " بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە یەكێك لە كەناڵە لۆكاڵییەكان كارمكردووەو نەناسراوم، بەڵام دوای سێ مانگ كاركردنم لەم كەناڵە بوومەتە ئەستێرە لە ئەلبانیا".
ڕووتبونەوە كێشەی میدیا چارەسەر ناكات
(ئەلكسەندەر سیپا) سەرۆكی یەكێتی ڕۆژنامەنوسانی ئەلباینا دەڵێت" ڕووتبونەوە كێشەی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن چارەسەرناكات كە شتێك پێشكەش بە بینەر دەكەن لەپێناو مانەوەو بوونی خۆیان".
(ئەریول دیدای) تەمەن 22 ساڵ، كە خوێندكارە لەكولێژی ڕاگەیاندن لە زانكۆی (تیرانا) دەڵێت" هەموو خەڵك قسە لەبارەی جەستەی كچە بێژەرەكان دەكات، بەداخەوە كەش لەبارەی كوالیتی ئەو هەواڵانەی پێشكەش دەكرێن شتێك ناڵێت".
(لیونارد ئولی) كە پسپۆڕی بواری ڕاگەیاندنە، ڕەتیدەكاتەوە هیچ بۆچونێكی لەسەر ئەمە هەبێت، تەنها ئەوە دەڵێت" بژاردەكان هەمە ڕەنگن، هەموو كەسێكیش ئازادە لە هەڵبژاردنی ئەوكەناڵەی دەیەوێت".