Draw Media

ئەردۆغان سوپای توركیا بە نەژادپەرستەكان دەستپێرێت

ئەردۆغان سوپای توركیا بە نەژادپەرستەكان دەستپێرێت

2019-11-24 20:32:09


درەومیدیا:
بەپێی كۆمەڵێك بەڵگەنامەی فەرمی و نهێنی كە پێگەی (نۆردیك مۆنیتۆر)ی بنكۆڵكاری ئاشكرایكردووە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان‌و حكومەتەكەی، زۆرینەی ئەو گەورە ئەفسەرانەیان دوورخستۆتەوە كە پلەی سەربازییان (جەنەڕال)‌و (ئەدمیڕاڵ)ە لە سوپای توركیا دووەم گەورەترین سوپا لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ).
"ئەردۆغان‌و هاوڕێكانی لە حكومەت ژمارەیەكی كەمنەبێت لەو ئەفسەرانەی ئەم پلەیەیان هەیە، هیچیان نەهێشتونەتەوە لەسەر كارەكانیان، لەبەرامبەردا ڕێگەیان بە توندڕەوەكان‌و نەتەوەپەرستەكان داوە شوێنی ئەو گەورە ئەفسەرانە بگرنەوە".
بەڵگەنامەكانی (نۆردیك مۆنیتۆر) ئاماژە بە دەركردنی ژمارەیەكی زیاتر لەو ئەفسەرانە دەكەن لە ڕیزەكانی سوپا كە ئەم پلەیان هەبووە، بە بەراورد بەو ژمارەیەیەی كە حكومەت دوای كودەتا شكستخواردووەكەی 15 تەمموزی ساڵی 2016 بڵاویكردۆتەوە، لەڕێی تۆمەتباركردنی یاسایی‌و سزادانی ئیداری‌و خانەنشینیكردنی پێشوەخت‌و دەستلەكاركێشانەوەی زۆرە ملێ‌. 
" لەكۆی 325 جەنەڕاڵ‌و ئەدمیڕاڵ كە لەساتەوەختی كودەتاكەدا لەبواری خزمەتكردنی سەربازیدا بوون، تەنها 42 لەپلەو شوێنەكانیان ماونەتەوە، ئەوەش جەخت لەڕاستی ئەو بۆچونانە دەكات كە پێیانوابوو حكومەتەكەی ئەردۆغان بەنیازە سوپا پڕبكات لە ئەفسەرە حزبی‌و توندڕەوەكانی نزیك لەخۆی".  
بەگوێرەی پێگەكە، شتێكی سەیر نییە لەساڵی 2017دا یەكەم چوونە ناوەوەی سوپای توركیا بۆ سوریا ڕوویدا، یاخود دوای كودەتاكە، بە لەچاوگرتنی ئەوپرسانەی دەوروژێنران سەبارەت بە ناڕەزایی گەورە ئەفسەرانی توركیا لەبارەی پلانی ئەردۆغان بۆ چوونە ناو سوریاو، هاوپەیمانی لەگەڵ ڕوسیا تا نیوەی یەكەمی ساڵی 2016.
باس لەوەشدەكات" سەیرەكە لەوەدایە ژمارەیەكی زۆر لەو جەنەڕاڵ‌و ئەدمیراڵانەی كە تائێستا بەردەوامن لە خزمەت لەڕیزەكانی سوپا ئەوانەن كە شكستیانهێنا لە ڕێگەگرتن لەهەوڵی كودەتاكە، وێڕای ئەوەی بەر لە شەش بۆ هەشت كاتژمێر زووتر زانیارییان لەبارەی كودەتاكە پێگەیشتبوو، بەڵام پاداشتی شكتهێنانیان كرا، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە هەوڵی كودەتاكە لەڕاستیدا نیشانەیەكی ساختەیە لە بەرژوەندی حكومەتەكەی ئەردۆغان".  
بەپێی ئەو بەڵگەنامە نهێنییەی كە لەلایەن فەریق (نیریم بیتلیسوغلو) سەرۆكی بەشی توانا مرۆییەكانی سوپای توركیاوە واژووكراوە، دوای تەنها هەفتەیەك لە هەوڵی كودەتاكە (149) ئەفسەر بە پلەی فەریقی یەكەم (ئەدمیراڵ) دورخراونەتەوە، ئەوەش بە گوێرەی مەرسومێكی سەرۆكایەتی لەكاتی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی كە لە 20 تەموزی ساڵی 2016دا ڕاگەیەندرا .   
دوای هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەی مانگی تەموزی ساڵی 2016 حكومەتی توركیا هەڵمەتێكی پاكتاوكردنی لە ڕیزەكانی فەتحوڵا گولەن دەستپێكرد، كە ئەنكەرە تۆمەتباری دەكات بە وەستان لەپشتی كودەتاكە، هاوكات هەڵمەتێكی فراوانیشی لە ڕیزەكانی سوپاو دامەزراوەكانی تری دەوڵەتیش دەستپێكرد، كە زانكۆ و دادگاو قوتابخانەو دامەزراوەكانی ڕاگەیاندنیشی گرتەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand