نێچیرڤان بارزانی پرۆژەی رێككەوتنەكەی ئامادەكردووە
2019-11-23 16:35:01
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پرۆژەیەكی نوێی بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغداد لەبارەی پرسی نەوتو بودجە ئامادەكردووە، ئەمڕۆ بۆ تاوتوێكردنی رێككەوتنی نوێ وەفدێكی حكومەتی هەرێم چووە بەغداد، ئەندامێكی وەفدەكە دەڵێ رۆژی دوو شەممەی داهاتوو چارەنوسی رێككەوتنی نوێی نێوان هەولێرو بەغداد یەكلادەبێتەوە كە بەشێكی گرنگی پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە، (درەو میدیا) لەگەڵ وتەبێژی حكومەتی عێراق قسەی كرد، ئەو ئاگاداری ئەوە نەبووە هیچ رێككەوتنێكی كۆتایی لەوبارەیەوە كرابێت، ئەندامێكی كوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش گومانی هەیە حكومەتی هەرێم نەوت رادەستبكات.
پرۆژەیەكی نوێ بۆ رێككەوتن
ئەمڕۆ شاندێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان چووە بەغداد، شاندەكە پێكهاتبوو لە (خالید شوانی وەزیری هەرێمو سەرۆكی لیژنەی دانوستانی نێوان هەرێمو بەغداد، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، فارس عیسا نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغداد).
رۆژی 12ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم سەردانی بەغدادی كرد، بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆك هەماهەنگی دەكاتو بەرپرسە لە دۆسیەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمو بەغداد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەو سەردانەدا نێچیرڤان بارزانی بنەمای رێككەوتنێكی نوێی لەبارەی نەوتو بودجە لەنێوان هەولێرو بەغداد گەڵاڵەكردووەو سەردانی ئەمڕۆی وەفدی حكومەت بۆ تاوتوێكردنی رێككەوتنە نوێیەكە بووە.
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، فارس عیسا نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد كە ئەمڕۆ بەشداری كۆبونەوەكانی كردبوو، وتی:" هەرێمو بەغداد لەسەر هەندێك بنەما رێككەوتوون، رۆژی دووشەممەی داهاتوو شاندی وزاری هەرێم بەشداری كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەكات لەبارەی سیاغەكردنی بودجەی 2020".
نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغداد ئاشكرایكرد:" رۆژی دوو شەممە هەموو شتێك یەكلادەبێتەوە، رێككەوتن كراوە كێشەی نێوان هەولێرو بەغداد لەبارەی نەوتو بودجە چارەسەر بكرێت".
لە بەرامبەردا لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، ویلیام وەردە وتەبێژی فەرمی حكومەتی عێراق دەڵێ:" حكومەت یەكلابوتەوە لەسەر ئەوەی پرۆژەی بودجەی ساڵی 2020 رەوانەی پەرلەمان بكات، ئەمە وەكو وەڵامدانەوەیە بۆ داواكاری خۆپیشاندەران، لەبارەی رێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغدادەوە تائێستا هیچ شتێك روون نەبووەتەوە".
چۆن رێككەوتنێك ؟
هێشتا وردەكاری رێككەوتنی نوێی نێوان هەولێرو بەغداد كە نێچیرڤان بارزانی رەنگڕێژی كردووە نازانرێت، (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵادا كرد، كەسیان وردەكاری رێككەوتنەكە نازانن، حكومەتیش تائێستا ئامادە نییە بە فەرمی لەوبارەیەوە هیچ قسەیەك بكات، (درەو میدیا) چەندینجار پەیوەندی بە جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتەوە كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانی نەدایەوە، وتەبێژی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانیش ئامادە نین هیچ قسەیەك بكەن.
چەند سەرچاوەیەك لە بەغدادەوە بە (درەو میدیا)یان راگەیاند، حكومەتی هەرێم لەم رێككەوتنە نوێیەدا دەیەوێت هەم پشكی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2020 زامن بكات، هەم لە رێككەوتنەكەدا حكومەتی بەغداد ناچار بكات لە دەرەوەی پشكی هەرێم لە بودجە، هەندێك لە قەرزی ئەو كۆمپانیایانەی نەوت بداتەوە كە لە هەرێم كاردەكەن.
هەرێم دەیەوێت بە رادەستكردنی بڕی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بە كۆمپانیای سۆمۆ، پشكی (12.67%)ی كۆی گشتی بودجەی 2020ی عێراق زامن بكات، كە مانگانە دەگاتە نزیكەی (934 ملیار) دینارو بۆ یەك ساڵی دارایی بەگشتی دەگاتە نزیكەی (11 ترلیۆن) دینار (هێشتا پرۆژەبودجەی 2020 نەگەیشتووەتە پەرلەمان، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت لەبواری داهاتو پشكی هەرێمدا زۆر جیاواز نەبێت لەگەڵ بودجەی 2019دا، ئەم ژمارانە بەلەبەرچاوگرتنی بودجەی 2019 وەرگیراون).
سەرباری ئەمە، لە عێراق بودجەیەك هەیە كە تایبەتە بە پێدانی خەرجی ئەو كۆمپانیایانەی كە لە كەرتی نەوتدا كاردەكەن، بڕی ئەم بودجەیە (12 ملیار) دۆلارە، هەندێك سەرچاوەی تر باس لە بودجەیەكی زیاتریش دەكەن، بەرپرسانی هەرێم ئەم دەرچەیەیان دۆزیوەتەوەو دەیانەوێت لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێدا وا بكەن، حكومەتی بەغداد لەم بودجەیە بڕێكی بدات بەو كۆمپانیا نەوتیانەی كە لە هەرێم كاردەكەنو ناوی لێنراوە "قەرزی كۆمپانیاكانی نەوت".
ویلیام وەردە وتەبێژی حكومەتی عێراق بە (درەو میدیا) وت:" سەرچاوەكان باسلەوەدەكەن هەرێمی كوردستان رەزامەندە بەوەی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد بكات لەبەرامبەر وەرگرتنی پشكی خۆی لە بودجە، هەندێكی تر دەڵێن بەغداد بەتەواوەتی بودجەی بەكاربردن رەوانەی هەرێم بكات لەبەرامبەر ئەوەدا هەرێم بڕێكی دیاریكراو لە نەوتەكەی بخاتە ناو حسابی سۆمۆوە، بەڵام من ناتوانم ئەم هەواڵانە پشتڕاستبكەمەوە تاوەكو بەشێوەیەكی ورد زانیارییەكانم پێنەگات".
لەبارەی چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمو ئەگەری بڕینی ئەو پارەیە لە بودجەی 2020دا، ویلیام وەردە رایگەیاند:" لەو بڕوایەدا نیم هیچ بڕیارێكی لەو شێوەیە هەبێت بەغداد موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببڕێت، بەڵام حكومەت بەشێوەیەكی جددی كاردەكات بۆ بڕیاردان لەسەر بابەتەكان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە، بەجۆرێك پێداویستییەكانی هەرێمو هاوڵاتیانی هەرێم چارەسەربكاتو بودجەیەكی دادپەروەرانە بێت".
رێككەوتنێك كە جێبەجێ نەكرا !
لە بودجەی 2019دا رێككەوتنێكی هاوشێوە كرا، لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا حكومەتی هەرێم قایل بوو بەوەی لەبەرامبەر وەرگرتنی 12.67%ی كۆی گشتی بودجەی عێراق، رۆژانە (250 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای وەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بكات، ئێستا كە ساڵی دارایی 2019 لە كۆتایی نزیكدەبێتەوە، هێشتا هەرێم نەوتی رادەستی كۆمپانیا سۆمۆ نەكردووە، حكومەتی عێراقیش بودجەی تەواوەتی بە هەرێم نەداوە، واتە رێككەوتنەكە وەكو خۆی جێبەجێ نەكراوە.
بەڵام لەسەرەتای ئەمساڵەوە (2019) لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی سیاسیدا، حكومەتی بەغداد مانگانە بڕی (453 ملیار) دینار بۆ حكومەتی هەرێم دەنێرێت، ئەمە پارەی تایبەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە، تا كۆتایی ئەمساڵ هەرێم نەوتیش رادەستی سۆمۆ نەكات، هاتنی ئەم بڕە پارەیەی موچەی فەرمانبەران بەردەوام دەبێت، چونكە لە بڕگەی (ج)ی ماددەی (10)ی یاسای بودجەی 2019دا چەسپێندراوە، بەڵام مەرج نییە لە پرۆژە بودجەی 2020 هەمان بڕگە دووبارە بكرێتەوە، بەتایبەتی لەكاتێكدا ئەمساڵ حكومەت خەرجی بەكاربردنی زیادی كردووەو عەبدولمەهدی لەژێر فشاری شەقامی خۆپیشاندەردا چەندین لیستی بەرفراوانی دامەزراندن بۆ وەزارەتەكان ئامادەكردووە، ئەمەش دواجار خەرجی موچەی حكومەت زیاتر دەكاتو ئەگەری پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ رادەستكردنی نەوت، لاواز دەكات.
ئێستا حكومەتی عێراق لەژێر فشاری توندی خۆپیشاندەراندایە، كابینەی عادل عەبدولمەهدی دەیەوێت لە زوترین كاتدا بودجەی 2020 لە پەرلەمان پەسەندبكرێت، سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، حكومەتی عێراق بەنیازە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە پرۆژە بودجەی 2020 رەوانەی پەرلەمان بكات بەمەبەستی خوێندنەوەو پەسەندكردنی.
رەنگە ئەمە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ناچاركردبێت بەپەلە، هاوشێوەی 2019، پشكی هەرێم لە رەشنوسی بودجەی 2020دا جێگیربكەن، بەڵام مەرج نییە رێككەوتنەكە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، واتە ئەوەی باسدەكرێت تەنیا هەڵایەكی میدیاییەو بەرپرسانی هەرێم دەیانەوێت خەڵك دڵنیابكەنەوە كە كێشە بۆ موچەكانیان دروستنابێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا مەسرور بارزانی لەیەكەم ئەزمونی سەرۆكایەتی حكومەتیدا نایەوێت روبەڕووی ناڕەزایەتی شەقام ببێتەوە.
هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" هەمیشە كۆتایی ساڵو پێش هاتنی یاسایی موازەنە بۆ پەرلەمانی عێراق، بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دەڵێن پابەند دەبینو نەوتەكە دەنێرین، كە موازەنە تێدەپەڕێت پەشیمان دەبنەوەو ناینێرن.. ساڵی پار پێش یاسای موازەنەی 2019 وایانكرد، پێشتریش لە 2015ەوە ، هەمان شت پێش سەری ساڵ بەڵێنیان ئەداو دوای تێپەڕبونی یاسای موازەنە بەهانەیەكیان دەدۆزیەوە تا بیكەنە پاساو و نەوتەكەیان نەدەنارد".
هۆشیار عەبدوڵا باسی لەوەكرد" خەڵكی هەرێم دەبێت بزانن سیاسەتی خراپی نەوت لە هەرێمی كوردستان هەر ئەوە نییە كە لە ساڵانی رابردوودا بووەتەهۆی پاشەكەوتكردنی موچەی فەرمانبەران، بەڵكو قەرزێكی زۆریشی جێهێشتووە كە دانەوەی دەكەوێتە ئەستۆی نەوەی داهاتووەوە".
كورتەیەك لەبارەی كێشەكەوە
ساڵی 2014 نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق بڕی، مالیكی پێدانی پشكی هەرێمی بەستەوە بەوەی هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، كۆتایی 2014 حەیدەر عەبادی پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرت، عەبادی بەردەوام بوو لەسەر سیاسەتەكەی نوری مالیكیو جەختی لەسەر رادەستكردنی نەوتی هەرێم دەكرد، واتە بودجەی هەرێم نەدەنارد، تاوەكو دوای ریفرامدۆمو رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەر"، ئەوكات عەبادی لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی سیاسیدا لە نەورۆزی 2018وە تاوەكو پەسەندكردنی بودجەی 2019، مانگانە بڕی (317 ملیار) دیناری بۆ هەرێمی كوردستان دەنارد، بەبێ ئەوەی هەرێم نەوت رادەستی بەغداد بكات.
ئۆكتۆبەری 2018، عادل عەبدولمەهدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بودجەی 2019 لە سایەی عەبدولمەهدیدا پەسەندكرا، بەپێی ئەو بودجەیە حكومەتی عێراق لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا مانگانە بڕی (454 ملیار) دینار رادەستی هەرێم دەكات، ئەمە تەنها پارەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە، نەك پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق.
یاسای بودجەی ساڵی 2019ی عێراق، هەرێمی كوردستان پابەند دەكات، رۆژانە بڕی (250 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی حكومەتی ناوەندی بكات، بەڵام حكومەتی هەرێم تائێستا نەوتی رادەستی بەغداد نەكردووە، سەرباری رادەستنەكردنی نەوت، كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە مانگانە (453 ملیار) دینارە، نەبڕیوە، ئەم رێككەوتنەیە كە تائێستا كاری پێدەكرێتو لەگەڵ پەسەندكردنی بودجەی 2020دا وادەیی كارپێكردنی تەواو دەبێت.
پاشەكەوتی موچە دەگەڕێتەوە ؟
ئەگەر بەهێز ئەوەیە، ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوت رادەست نەكات، حكومەتی بەغداد بەتەواوەتی هاوشێوەی سەردەمی نوری مالیكی، ناردنی پارە (تەنانەت موچەی فەرمانبەرانیش) بۆ هەرێمی كوردستان راگرێت.
بەرپرسانی حكومەتی هەرێم ئێستا بەدوای رێگەچارەیەكی هاوشێوەی ئەوەدا دەگەڕێن كە لە بودجەی 2019دا چەسپێندرا.
ئێستا كە بودجەی ساڵی نوێی عێراق پەسەندنەكراوە، داهاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمشێوەیەیە:
• 453 ملیار دینار كە لە بەغدادەوە دێت (موچەی فەرمانبەران)
• 378 ملیار دیناری مانگانە كە داهاتی فرۆشی نەوتەو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم رادەستی وەزارەتی دارایی دەكات بۆ پێدانی موچە. (وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئێستا نەماوەو جلەوی نەوت لەدەستی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتدایە)
• 120 ملیار دینار كە داهاتی ناوخۆیە
• 22 ملیار دینار كە یارمەتی ئەمریكایە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە.
كۆی گشتی داهاتی هەرێمی كورستان لە مانگێكدا ئێستا (973 ملیار) دینارە (ئەوەی مانگانە دەچێتە بەردەستی وەزارەتی دارایی)، بۆ پێدانی موچەی موچەخۆران حكومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە (881 ملیار) دینارە، واتە حكومەتی هەرێم بەو داهاتەی كە مانگانە دەستیدەكەوێت دەتوانێت موچەی فەرمانبەران دابین بكات.
بەڵام ئەگەر نەوت رادەست نەكاتو پارەكەی بەغداد رابگیرێت، داهاتی مانگانەی حكومەت بۆ (519 ملیار) دینار كەم دەكات، ئەوكات حكومەت ناتوانێت موچەی موچەخۆران دابین بكات، واتە جارێكی تر موچەخۆران دەخاتەوە بەردەم ئەگەر پاشەكەوتكردنی موچەكانیانەوە (هاوشێوەی ئەوەی لەسەردەمی دەسەڵاتی نێچیرڤان بارزانیدا رویدا).