Draw Media

" 90 هەزار دینار بۆ سێتێك كۆكا كۆلا"

" 90 هەزار دینار بۆ سێتێك كۆكا كۆلا"

2019-11-23 17:29:15


درەو میدیا: 
دوو پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان تۆمەتبار دەكەن بە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و دەڵێن: 90 هەزار دینار دراوە بەسێتێك كۆكا كۆلا، نزیكەی 3 ملیۆن دینار دراوە بە كەمالیات و سوراو، زیاتر لە 3 ملیۆن دینار دراوە بە وەرگێڕانی ڕاپۆرتێك"
هەریەك لە دابان محەمەد و ئاشنا عەبدوڵا پەرلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕان لە راپۆرتێكدا باس لە خەرجیەكانی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان دەكەن.
دەقی راپۆرتەكە 
ئەنجومەنێك كە سەرۆكی حكومەت سەرۆكایەتی دەكات، زیاتر لە 700 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە
90 هەزار دینار دراوە بەسێتێك كۆكا كۆلا
نزیكەی 3 ملیۆن دینار دراوە بە كەمالیات و سوراو
زیاتر لە 3 ملیۆن دینار دراوە بە وەرگێڕانی ڕاپۆرتێك
70 ملیۆن دیناریش بێ خاوەن و 200 ملیۆن دیناریش ساڵانە بۆ موچەی چەند كەسێكە...
ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، كە ڕاستەوخۆ سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانە و لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، لە ماوەی ڕابردودا و بە پێی ڕاپۆرتی لیژنەی چاودێری دارایی ئەنجومەنی وەزیران زیاتر 720,250,000 ( حەوت سەد و بیست ملیۆن و دوسەد و پەنجا هەزار دینار) دراوە بە ئەنجومەنی باڵای خانمان، بەپێی نوسراوی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان پارەكە لە داهاتی فرۆشتنی نەوت بوە و خراوەتە سەر هەژماری بانكی 20175، سەرباری وەرگرتنی سلفەی جۆرا و جۆری حكومەت و بەخشینە ناحكومەیەكانی وەك یوئێن و ڕێكخراوەكانی تر...
خەرجیەكان سەیرن و بەڕێوەبەری گشتی خۆی سەرۆكی لیژنەی كڕین بوە، لەیەكێك لە پسولەكاندا لە كۆی زیاتر لە 1 ملیۆن دینار، 720,000 هەزاری دراوە بە 8 سێت كۆكا كۆلا، هەر سێتێك 90 هەزار كەوتوە، نزیكەی 3 ملیۆن دیناریش دراوە بە كەمالیات و لە ناویشیاندا سوراو....
بۆ وەرگێڕانی ڕاپۆرتێك، زیاتر لە 3 ملیۆن دینار دراوە بە كۆمپانیایەك، كۆمپانیاكە ئیشی گەیاندن و بازرگانی گشتیە، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن خۆی كاری وەرگێڕانی بۆ خۆیان كردوە و بۆ هەر لاپەڕەك نزیكەی 35 دۆلاری وەرگرتوە، بەپێی یاسا فەرمانبەر بۆی نیە كاری فەرمانگەكەی بە پارە بكات، پسولەی خەرجكردنی 75 ملیۆن دیناریش بێ سەروشوێن بوە و كەس نەیزانیوە چۆن هاتوە و چۆن خەرج كراوە، ئەم ئەنجومەنە چەندین كەسی هەیە بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و ساڵانە زیاتر لە 200 ملیۆن دینار موچەكەیانە ....

ئاشنا عەبدوڵا
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان
دابان محەمەد
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand