"دۆخی عێراق ناگەڕێتەوە بۆ پێش خۆپیشاندانەكان"
2019-11-17 15:04:09
گفتوگۆی رۆژنامەوانی: درەو میدیا
چوار ساڵ جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بوو، ئەوكات كە یەكێك لە پۆستە باڵاكانی كوردی لە بەغداد بەدەستەوە بوو، هاوشێوەی ئێستا عێراق بە شەپۆلێك خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی قورسدا تێپەڕی، خۆپیشاندەران چوونە ناو گرنگترین دامەزراوەی عێراقەوە كە پەرلەمان بوو، یەكێك لە سەركردە گەنجەكانی بزوتنەوەی گۆڕانە، كە لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ (درەو میدیا) ئاشكرایدەكات ماوەی ساڵێكە هیچ پەیوەندییەكی حزبیو ئۆرگانی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا نەماوە، ئەو (ئارام شێخ محەمەد)ە، لەم چاوپێكەوتنەدا دەیەوێت وەكو كەسێكی سەربەخۆ قسە لەسەر دۆخی عێراق بكات.
دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە:
درەو میدیا: ئێوە لەماوەی رابردوودا پۆستێكی باڵاتان لە عێراق هەبووە، خوێندنەوەتان چییە بۆ دواین پەرەسەندنەكانی عێراق، دۆخەكە بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت ؟
ئارام شێخ محەمەد: پێشهاتەكانی دۆخی عێراق لە گۆڕانكاری بەردەوامدان، قورسە پێشبینیەكی دیاركراوی بۆ بكرێت، بەڵام ئەوەی بوەتە فاكتو راستی ڕوون ئەوەیە، دۆخی سیاسی عێراق ناگەڕێتەوە بۆ پێش سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكان، كە لە سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵەوە دەستیپێكردووە. پێناچێت خۆپیشاندەران بەدەستی بەتاڵ بگەڕێنەوە ماڵەكانیانو شەقامەكان چۆڵبكەن، پشتیوانیكردنی ئاشكرای مەرجەعییەتیش بۆ خۆپیشاندەران لە دواین بەیاننامەیدا، گۆڕێكی گەورەتر دەدات بە خۆپیشاندەران بۆ سوربون لەسەر داواكارییانو، چۆڵنەكردنی شەقام تا ئەوكاتەی هەنگاوی بەرجەستە لەسەر زەمینی سیاسیو ئابوریو كۆمەڵایەتی عێراق بەدیدەكەن، پێموایە خۆپیشاندانەكان لەپەرەسەندنی بەردەوامدا دەبنو رەنگە تا هەینی داهاتوو گۆڕانكارییەكان زۆر خێراتربن، سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانیش لە ئێران رۆڵی دەبێت لە پەلەكردنو بڕیاردان لە كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە ترسی دەرنەچوونی دۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەكانو دروستبوونی ئاژاوەو پشێویی، كە ئەمە مەسەلەیەكە كەس خوازیاری نییەو لەبەرژوەندی گەلانی عێراقیشدا نییە.
درەو میدیا: هەنگاوەكانی حكومەتی عێراق چۆن هەڵدەسەنگێن لە بواری چاكسازیدا؟
ئارام شێخ محەمەد: حكومەتەكەی دكتۆر عادل عەبدولمەهدی كۆمەڵێك بڕیاریداوە بەئاڕاستەی ئەنجامدانی چاكسازی، وێڕایی ئەوەی دەیان بەرپرسی عێراق راپێچی بەردەم دادگاكان كراوە بە تۆمەتی گەندەڵیو لیستەكەش درێژەو هێشتا زۆری تریش ماوە لەسەر بەهەدەردانی سامانی گشتی لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت، هەمواركردن كابینەی وزاریو گۆڕینی وەزیرەكانیش یەكێكی ترە لە هەنگاوەكانو رەنگە (7 بۆ 9) وەزیری ئەم كابینەیە بگۆڕدرێن، پەرلەمانی عێراقیش هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بۆ پەسەندكردنی ئەو یاسانەی حكومەت لەبەرژەوەندی خەڵكن، بەڵام بەداخەوە پێدەچێت كات درەنگ بێتو شەقامیش متمانەی بە زۆرێك لەهێزە سیاسییەكان نەمابێت، بۆیە تائێستا هەموو ئەو هەنگاوانە نەیتوانیوە قەناعەت بە خۆپیشاندەران بكەنو كۆتایی بەخۆپیشاندانەكان بهێنن. شتێكی تر كە پێویستە بیڵێم ئەوەیە، ئەم خۆپیشاندانانەی كە ئێستا لە عێراقو چەندین وڵاتی تری ناوچەكە سەریانهەڵداوە، ئەنجامن نەك هۆكار، كاردانەوەن پێش ئەوەی كاربن، ئەنجامی كەڵكەبونی ناعەدالەتی كۆمەڵایەتیو دابەشنەكردنی سامانی گشتییە بەسەر تاكو گروپە جیاوازەكانی ناو كۆمەڵگا بەشێوەیەكی یەكسان. ئەوەی لە عێراق رودەدات بەرهەمی كەڵەكەبونی كێشەی چەندین ساڵو پەنگخواردنەوەی كۆمەڵێك دەردی ئابوریو كۆمەڵایەتییە، كە خراپی ئەدائی سیاسیو ئیدارەدانی نازانستیانە سەرچاوەی نەهامەتییەكانێتی.
درەو میدیا: بەڕای ئێوە بۆ دەربازبون لە ئاكامە خراپەكانی دۆخی ئێستای عێراقو رێگەگرتن لەئەگەری سەرهەڵدانی پشێوی، هێزە سیاسییەكانی عێراق بڕیاری چیبدەن؟
ئارام شێخ محەمەد: بەڕای من بۆ بەرگرتن لە سەركێشانی دۆخەكە بۆ پشێویو ئاژاوە، كە وەك وتم لەبەرژەوەندی كەس نییە، هێزە سیاسییەكان كۆمەڵێك داواكاری سەرەكی خۆپیشاندەران هەیە هەوڵی دیراسەیەكی خێراو جدی بدەنو بڕیاری لەبارەوە بدەن، تا ئەو ئاپۆڕا گەورەیەی خەڵك لەسەر شەقام بێتو رۆژانە خۆپیشاندەر بكوژرێتو برینداربێت، دەرگاكان بەڕووی هەموو ئەگەرەكاندا كراوەیە، بۆ ئەوەی رێ لەمە بگیرێت، با هێزە سیاسییەكان بەپێی ئەو رێكارانەی دەستور دیاریكردووە لە هەنگاوی یەكەمدا بڕیاری قبوڵكردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت بدەن، بەڕای من رەنگە ئەمە بەشدارییەكی بەرچاوی هەبێت لە خاوكردنەوەی توڕەیی شەقام، دەستكاریكردنی یاسای هەڵبژاردنو گۆڕینی كۆمیسۆنی هەڵبژاردنەكانیش هەنگاوی گرنگن لەم رووەوە، پێموایە پەرلەمانی عێراق هەنگاوەكانی بەم ئاڕاستەیە دەستیپێكردووەو ئەمە كارێكی باشە.
درەو میدیا: ئەی لەبارەی داواكاری هەمواركردنەوەی دەستور؟
ئارام شێخ محەمەد: داواكاری گۆڕینی دەستور داواكارییەكی سیاسییە، خەڵكی هەلی كارو نانو ژیانێكی شەرەفمەندانەی ئەوێت، بەڕای من ئەم داواكارییە داواكاری كۆمەڵێك هێزی سیاسییەو لە داواكاری خەڵكیانەوە پێچاوە، ئەگەر حكومەتێكی رەشیدو خزمەتكاری خەڵك لە عێراق بوونی هەبێت، شەقام كێشەی دەستوری نییە، عێراق كێشەی دەستوری نییە، كێشەی ناعەدالەتیو گەورەبونی جیاوازی نێوان چینەكانی هەیە، ئەگەر كێشەیەك لە دەستوردا هەبێت، ئەوا ئەوەیە جێبەجێناكرێتو هێزە دەسەڵاتدارەكان پابەندنابن پێوەی، ئەگینا دەستوری عێراق یەكێكە لە دەستورە پێشكەوتوو و مەدەنییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە، پاشان دەستوری عێراق تەنها گریبەستێكی سیاسیو كۆمەڵایەتی نییە لەنێوان دەسەڵاتو خەڵك، دەستوری عێراق كۆدو كلیلی پاراستنی مافی هاوڵاتیبوونو مافە نەتەوەییو ئاینیو هەموو جیاوازییەكانە، هەر دەستكاریكردنێك لاسەنگی دروستبكاتو دەنگی رەنگێك بەسەر رەنگەكانی تردا زاڵبكات، ئەوا هەموارەكە لەبری ئەوەی هەنگاوێك بێت بە ئاڕاستەی چاكسازی، زیانی گەورەتر دەدات.
درەو میدیا: ئەمە رای بزوتنەوەی گۆڕانیشە كە پشتیوانی لە دەستكاریكردنی دەستور ناكات ؟
ئارام شێخ محەمەد: من ماوەی ساڵێكە هیچ پەیوەندییەكی حزبیو ئۆرگانیم لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا نەماوەو وەك سیاسییەكی سەربەخۆ تەعبیر لە بۆچونەوەكانی خۆم دەكەم، نازانم ئەوان رایان چۆنەو چۆن بیر دەكەنەوە لەم مەسەلەیەدا، ئەتوانیت لە خۆیان بپرسیت.