Draw Media

كوژرانی سولەیمانی‌و موهەندیس كێشەكانی حەشدی قوڵتركردەوە 

كوژرانی سولەیمانی‌و موهەندیس كێشەكانی حەشدی قوڵتركردەوە 

2020-01-11 19:59:12


راپۆرتی: درەو
دوای تێپەڕبوونی هەفتەیەك بەسەر كوژرانی "قاسم سولەیمانی" فەرماندەی سوپای قودسی ئێران‌و "ئەبومەهدی موهەندیس" جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، ڕووبەری ناكۆكییەكانی ناو گروپە چەكدارەكانی شیعە ڕوونترو زەقتر دەكەونە بەرچاو، بەتایبەت پابەندنەبوونی ئەو گروپانە بەبڕیارو ڕێنماییەكانی حكومەتی عێراق پەیوەست بەكارو جوڵەكانیان، بەوپێیەی بەشێكن لە سیستمی بەرگری عێراق.
لەگەڵ ئەوەی حكومەتی عێراق لەمانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا بەپێی یاسایەك كاری گروپەكانی حەشدی ڕێكخست، بەوپێیەش ڕێگەنادات ئەو گروپە چەكدارانە ناوە كۆنەكانیان بەكاربهێنن‌و، دەبێت پابەندبن بەو دابەشكارییە نوێیەی كە لەچوارچێوەی لیوا و فەوجی سەربازیدا بۆی ڕێكخستوون،بەڵام لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەریەك لەم گروپانە گەڕانەوە بۆ كاركردن بەشێوەیەكی سەربەخۆو، دەركردنی بەیاننامە بەناوی گروپەكانیان‌و، تەبەنی كردنی هەڵوێستی سیاسی و ئەمنیی دوور لە دەستەی حەشدی شەعبی‌و، بڕیارەكانی حكومەتی عێراق.
بەقسەی بەرپرسێكی دیاری عێراق، ئەو گروپانەی كە نزیكن لە ئێرانەوە لەمانگێكدا ڕۆژێك پەیوەندییان بە حكومەتی عێراقەوە هەیە، ڕۆژی" 26 هەموو مانگێك" وەك ئاماژەیەك بۆ ڕۆژی وەرگرتنی موچەكانیان. ئەو بەرپرسە عێراقییە كە بۆ ڕۆژنامەی "عەرەبی ئەلجەدید" ئەو قسانەی كردووە، ڕاشیگەیاندووە:  یاخیبون و سەرپێچی هەیە لە یاساكانی تایبەت بەحەشدی شەعبی‌و(مەرسومی دیوانی ژمارە 331)كە لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردودا دەرچووە. ڕونیشكردۆتەوە دانانی ئاڵای حەشدی شەعبی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیاندا لەپاڵ ئاڵای گروپەكانی تر كە ئێران بە میحوەری بەرەنگاربوونەوە لەناوچەكە ناویاندەبات، ئیحراجییەكی زۆری بۆ حكومەت‌و، هێزە سیاسیەكانی عێراق دروستكردووە.   
گروپە چەكدارەكانی ( حزبوڵا‌و نوجەباو عەسائیب‌و بەدرو بودەلاو ئیمام عەلی‌و سەیدلشوهەداو خۆراسانی) پێیانوایە بڕیارەكانی حكومەتی عێراق پەیوەست نییە بەوان‌و وەك گروپی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكانی عێراق دەكەن، نەك لەژێر باڵی حەشدی شەعبی وەك دامەزراوەیەكی فەرمی دەوڵەتی عێراق.
لەدوای هێرشی فرۆكە جەنگییەكانی ئەمریكاوە بۆ سەربنكەو بارەگاكانی گروپی (كەتائیبی حزبوڵا) لە قەزای "قائیم" لە خۆرئاوای عێراق‌و، پەلاماردانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق لەلایەن لایەنگرانی گروپە چەكدارەكانی ناو حەشدی شەعبی‌و بەشداریكردنی سەركرد دیارەكانی ئەو گروپانە، سەرەتای یاخیبوونی ئاشكرا لە بڕیارەكانی حكومەتی عێراق دەركەوت. كوژرانی (قاسم سولەیمانی‌و ئەبومەهدی موهەندس)یش، هێندەی تر كێشە ناوخۆییەكانی قوڵكردنەوە، كە ڕەنگە سیمای دیاری ئەو ململانێیانە لەئێستادا كێبڕكێ كردن بێت لەنێو سەركردەكانی ئەو گروپانە لەسەر دەسەڵات‌و هەژموون‌و نزیكبوونەوەو بەدەستهێنانی سۆزی زیاتری ئێران لە قۆناغی داهاتوودا.
دوای تێپەڕبوونی كەمتر لە (24) كاتژمێر بەسەر كوژرانی "ئەبومەهدی موهەندیس"ی جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، سەركردەی گروپەكانی حەشدی شەعبی ڕایانگەیاند، بەكۆی دەنگ"هادی عامری" سەرۆكی ڕێكخراوی (بەدر)یان بۆ شوێنكەی"موهەندیس" دەستنیشانكردووەو، پەیامیان ئاراستەی سەرۆك وەزیران كرد ڕێكارە یاساییەكان بۆ دانانی "عامری" ئەنجامبدات، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێكی فەرمی لەوباریەوە نەنراوە، باسێكیش بەناوی پڕكردنەوەی ئەو شوێنە لەگۆڕێ‌ نییە، ئەگەری زۆر هەیە ئەوەش بەشێك بێت لەكێشەی ناو گروپەكانی حەشدی شەعبی، یان كێشەكانی تر ڕێگربن لەم هەنگاوە.   
خراپی دۆخی سیاسی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەرو، لاوازی لەبڕیاردان وەك زۆرێك لە چاودێران دەڵێن،  وایكردووە حەشدی شەعبی لەئێستادا زیاتر قاوغێكی كارگێڕیی‌و سەرچاوەی دارایی گروپە چەكدارە شیعییەكانبێت‌و، حكومەتی عێراق ڕۆلێكی ئەوتۆی نەمابێت لەئاراستەكردنییان. لەدوای دەستنیشانكردنی "ئیسماعیل قائانی" بە فەرماندەی سوپای قودسی ئێران لەلایەن ڕابەری شۆڕشی ئێرانەوە، زۆرێك لەسەركردەی گروپەكانی حەشدی شەعبی سەردانیان كردووەو لەنزیكەوە بینویانە‌و لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وێنەكانیان بڵاوكردۆتەوەو، پشتیوانی خۆیان بۆ دووپاتكردۆتەوە، ئەوە لەكاتێكدایە حكومەتی عێراق بەردەوام باس لەسەروەری وڵات‌و، ڕەتكردنەوەی تەرفگیری دەكات لە كێشەكانی نێوان "تاران‌و واشنتۆن"دا، سەركردەكانی ئەم گروپانەش سەربازو پلەداری فەرمی دەوڵەتی عێراقن!.
"محمەد ئەلبەسری"  كە یەكێكە لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی لەلێدوانێكدا بۆ هەمان سەرچاوە، ئاماژەی بەبوونی ناكۆكی كردووە لەنێو گروپەكانی حەشدی شەعبی، بەقسەی ئەو بەشێك لە گروپەكان پێداگری دەكەن لەسەر وەشاندنی گورز لە سوپای ئەمریكا، لەكاتێكدا هەندێكی تریان داوای دانبەخۆداگرتن دەكەن.
ڕاشیگەیاندووە: ئەو موشەكانەی بەمدواییە ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەناوچەی سەوزو بنكەی ئاسمانی (بەلەد)كراون، هەندێك گروپی دیاریكراو ئەنجامیانداوە، ئەوەش تەحەدایەكی گەورەیە بۆ "فالح فەیاز" سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی‌و ڕێنماییەكانی ئەم دواییەی دەریكردوون، زیاتر لەوەی بیانەوێت هێزەكانی ئەمریكا بكەنە ئامانج.  
پاشگەزبوونەوەی زۆرێك لە گروپەكانی حەشدی شەعبیش لەو هەڕەشانەی لەدوای كوژرانی "سولەیمانی و موهەندیس"لەسوپای ئەمریكایان كرد لە عێراق، زیاتر لەژێر فشاری ئێراندا بووە، نەك ڕێنماییەكانی حكومەتی عێراق. "مایك پێنس" جێگری سەرۆكی ئەمریكا لەچەند ڕۆژی ڕابردودا لەوبارەیەوە وتی: ئاماژەمان پێگەیشتووە كە ئێران داوای لەگروپەكانی چەكدارەكانی حەشدی شەعبی كردووە سوپای ئەمریكا لە عێراق نەكەنە ئامانج، ئەوەشی بە هەنگاوێكی ئەرێنی وەسفكرد.
  "عەسائیبی ئەهلی حەق" كە یەكێكە لەگروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران‌و لەدوای هێرشی ئەمریكا بۆ سەر بارەگاكانی گروپی  "كەتائیبی حزبوڵا" لە قەزای "قائیم" و لەدوای كوشتنی "سولەیمانی و موهەندیس" زۆرترین هەڕەشەی لە ئەمریكا كرد، ئێستا بە ئاشكرا دژایەتی ئەو هێرشانە دەكات.
 "جەواد تلێباوی" سەركردە لە گروپی "عەسائیب" لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: قسەكردن لەبارەی ئەوەی حەشدی شەعبی ناوچەی سەوزی بەغدادو باڵیۆزخانەی ئەمریكای بە مووشەك كردۆتە ئامانج، ناڕاستە. ئەو كارەشی بەڕەفتاری شەخسی ناوبردووە، وتوشیەتی ڕەنگە بۆ شێواندنی ناوبانگی حەشد بێت. 
تەئكیدیشی كردووە: حەشد هیچ پرۆسەیەكی سەربازی دژی باڵیۆزخانەی ئەمریكاو بوونی سەربازیی ئەمریكی ئەنجامنادات‌و، ڕێنماییەكانی سەرۆكی حكومەت پێشێلناكات.
"هیشام هاشمی" شارەزایی بواری ئەمنیی لەلێدوانێكدا دەڵێت: لێدوانی سەركردەكانی حەشدی شەعبی‌و قسەكان‌و هەڕەشەكانیان بە بەرەنگاربوونەوەی چەكداریی بۆ دەركردنی سوپای ئەمریكا، ئاماژە بە دابەشبونێكی ڕووندەدات لەنێو سەركردەكان‌و گروپە چەكدارەكانی شیعە.
لەدوای كوژرانی  (قاسم سولەیمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس)وە، گروپە چەكدارەكانی شیعە چوار هێرشی مووشەكییان كردۆتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەناوچەی سەوزی شاری بەغدادو بنكەی ئاسمانی (بەلەد) لەپارێزگای سەڵاحەدین، بەپێی ڕاگەیاندراوەكانی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق بێت، هیچكام لەو هێرشانەی ئامانجەكانیان نەپێكاوەو زیانی بە سوپای ئەمریكا نەگەیاندووە، تائێستا سوپای ئەمریكاش لەبارەی ئەو هێرشانەوە هیچ ڕوونكردنەوەیەكی نەداوە.  
 
 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand