Draw Media

چارەنوسی پاشەكەوتی موچە رادەستی بەغداد كرا

چارەنوسی پاشەكەوتی موچە رادەستی بەغداد كرا

2020-01-09 15:51:18


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
دواجار فشاری پەرلەمانتارە گەنجەكانی پەرلەمانی كوردستان سەركەوت، ئەوانەشی كە تەمەنی یاسایی‌و ساڵی خزمەتیان نییە، مانگانە بڕی (3 ملیۆن‌و 280 هەزار) دینار موچەی خانەنشینییان پێدەدرێت، كەسوكاری شەهیدان‌و زیندانیانی سیاسی لە پرۆژەیاسای چاكسازیدا گورزی بەهێزیان بەردەكەوێت، چارەنوسی پاشەكەوتی موچەش رادەستی بەغداد كرا، (درەو) زانیاری ورد لەبارەی پرۆژەیاسای چاكسازی بڵاودەكاتەوە كە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەكات‌و لەهەفتەی داهاتوودا پەسەندی دەكات‌و دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە. 

كۆتایی گەمەكە
دوێنێ لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دواین كۆبونەوەی خۆی لەگەڵ حكومەت كرد سەبارەت بە پرۆژەیاسای (چاكسازی لە خانەنشینی‌و موچەو دەرماڵەو بەخشین‌و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان/ عێراق)، پرۆژەیەك كە لەهەناوی قەیرانی دارایی حكومەتدا لەدایكبووە‌و لەكابینەكەی نێچیرڤان بارزانییەوە بە میرات بۆ كابینەی مەسرور بارزانی بەجێماوە.
لیژنەی دارایی، دوای دوو كۆبونەوەی جیاواز لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و قوباد تاڵەبانی جێگری‌و دواتریش كۆبونەوەیەكی تر لەناو پەرلەمان لەگەڵ تیمێكی حكومەت، راپۆرتی خۆی لەبارەی پرۆژەیاساكەوە تەواوكرد، ئەمڕۆ لیژنەی یاسایی پەرلەمان دوای چەند كۆبونەوەیەك لەگەڵ لیژنە جیاوازەكان دواین ئیمزای خۆی دەخاتەسەر پرۆژەكە‌و رەوانەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات‌و رۆژی یەكشەممەی داهاتوو خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەكە دەكرێت‌و هەر لە هەفتەی داهاتوودا پەسەند دەكرێت‌و كۆتایی بە گەمەی پرۆژەی چاكسازی دێت، كە دوو خولە حكومەت‌و پەرلەمان‌و لایەنە سیاسییەكان‌و خەڵكی سەرقاڵكردووە.

خانەنشینی پلەباڵاكان
ئێستا هەر پلەباڵایەك بەدیاریكراوی (وەزیرو پەرلەمانتاران)ی خانەنشینكراو، بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی (تەمەن، ساڵی خزمەت) بەرێژەی 80%ی كۆی موچەكانیان خانەنشینكراون، كۆی موچەی وەزیرو پەرلەمانتار (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینارە، واتە موچەی خانەنشینی هەر پەرلەمانتارو وەزیرێك لە یەك مانگدا (6 ملیۆن‌و 560 هەزار) دینارە.
بەپێی ئەو پرۆژەیاسایەی كە ئێستا لەبەردەستدایە‌و لیژنەی دارایی پەرلەمان راپۆرتی كۆتایی خۆی لەسەر نوسیوە، بڕگەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان وەكو ئەوە جێگیرنەكراوە كە لە یاسای خانەنشینی عێراقدا هەیە، بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق هەركەسێك تەمەنی نەگەیشتبێتە تەمەنی خانەنشینی‌و ماوەی 15 ساڵ خزمەتی نەبێت، موچەی خانەنشینی نایگرێتەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) لەو پرۆژە پەسەندكراوەكەی لیژنەی دارایی پەرلەماندا، پرسی خانەنشینی پلەباڵاكان بەمشێوەیە جێگیركراوە:
•    پلەباڵاكان ئەوانەی ساڵی خزمەت‌و تەمەنیان هەیە، بەرێژەی 25% بۆ 70%ی موچەی ئێستایان خانەنشین دەكرێن، بۆ هەر ساڵێكی خزمەت (2.5%)ی كۆی موچە دیاریكراوە، ساڵی خزمەت بە (15 ساڵ) دیاریكراوە، تەمەنیش بە (45 ساڵ)، بۆ نمونە: هەر وەزیر یان پەرلەمانتارێك كە هەموو پێوەرەكانی خانەنشینبوونی تێدابێت، مانگانە بە بڕی (5 ملیۆن‌و 740 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێت كە دەكاتە رێژەی 70%ی كۆی موچەی ئێستای.
•    ئەو پلەباڵایانەی كە مەرجەكانی خانەنشینبوونیان تێدا نییە وەكو تەمەن‌و ساڵی خزمەت، ئەوانیش بەرێژەی 40%ی كۆی ئەو موچەیە خانەنشین دەكرێن كە ئێستا وەریدەگرن، واتە هەر یەكێك لەوانە مانگانە لە كۆی موچەكەیان كە ئێستا (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینارە، (3 ملیۆن‌و 280 هەزار) دیناریان وەكو موچەی خانەنشینی پێدەدرێت تا ئەوكاتەی تەمەنیان دەگاتە (45 ساڵ)‌و ساڵی خزمەتیشیان دەبێت بە (15) ساڵ، ئەوكاتە مەرجەكانی بڕگەی تایبەت بەوانەیان لەسەر جێبەجێدەكرێت كە مەرجە یاساییەكانی خانەنشینبوونیان تێدایە، لایەنی باشی ئەم بڕگەیە ئەوەیە، ئەوانەی مەرجی خانەنشینبونییان تێدا نییە، دەبێت لە فەرمانگەیەكی حكومەتدا كاربكەن بۆ ئەوەی ساڵی خزمەت و تەمەنی خانەنشینی تەواو بكەن، بەپێچەوانەوە موچەی خانەنشینییەكەیان كە بۆیان بڕدراوەتەوە زیادناكرێت، خاڵی نەرێنی بڕگەكەش ئەوەیە، ئەوانەی كە مەرجی یاساییان تێدا نییە، تەنانەت ئەگەر لە هیچ فەرمانگەیەكیش كارنەكەن تاوەكو كۆتایی ژیانیان ئەو بڕە پارەیە وەكو موچەی خانەنشینی وەردەگرن‌و سنوری بۆ دانەنراوە. 

فشاری گەنجەكان سەركەوت !
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، پەرلەمانتارە گەنجەكانی پەرلەمان (بە پەرلەمانتارانی خولەكانی پێشووتریشەوە) ئەوانەی مەرجی یاسایی خانەنشینبوونیان تێدا نییە، فشارێكی توندیان لەسەر فراكسیۆن‌و لیژنەكانی ناو پەرلەمان كردووە، موچەیەكی خانەنشینیان بۆ زامن بكرێت.
كاركردنی پەرلەمانتارە گەنجەكان لە چەند رۆژی رابردوودا بەبێ جیاوازی حزبایەتی، گەیشتە ئاستی كۆبونەوەی پشتی پەردە لە كافتریاكاندا، چەندین گروپ چاتی تایبەت دروستكرا بەمەبەستی گفتوگۆكردن‌و هەوڵدان بۆ دروستكردنی فشار لەپێناو زامنكردنی موچەی خانەنشینی.
(درەو) زانیویەتی، تەنیا لەم خولەدا (78) پەرلەمانتار تەمەنی یاسایی خانەنشینبوون نایانگرێتەوە‌و گەنجن، ئەوانە هەڕەشەیان كردووە لەناو پەرلەمان دەنگ بۆ پرۆژەیاسای چاكسازی نەدەن، ئەگەر موچەی خانەنشینییان بۆ جێگیرنەكرێت، دواجار فشاری گەنجەكان سەركەوت‌و پرۆژەكە بەشێوەی (پارچە) موچەیەكی (3 ملیۆن‌و 280 هەزار) دیناری بۆ ئەوانە جێگیركرد كە تەمەن‌و ساڵی خزمەتیان نییە.  

پاشەكەوتی موچە لە پرۆژەكەدا
ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، لە پرۆژەیاسای چاكسازیدا ئەوە جێگیركراوە كە موچەخۆرو سودمەندانی بودجەی گشتی، هەژمارێكی بانكیان بۆ دروستبكرێت‌و لەو هەژمارەدا هەموو مافە داراییەكانیان بەوانەشەوە كە خەرج نەكراون، دەپارێزرێت.
ئەو پارانەی موچەخۆران كە خەرجنەكراون، كابینەی پێشووی حكومەت ناوی لێناوە "پاشەكەوتی موچە"، ئەم بڕە پارەیەی موچەخۆران كە لای حكومەتە، بەپێی قسەی سەرچاوەكان، بەكۆی گشتی زیاتر لە (14 ترلیۆن) دینارە، ئەمە كۆی گشتی ئەو پارانەیە كە حكومەت بەهۆی قەیرانی داراییەوە بە فەرمانبەرو موچەخۆرانی نەداوە، یاخود پێی داون‌و بەناوی پاشەكەوتەوە بڕێك لە پارەكەی بڕیون.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی نێوان لیژنەی دارایی‌و سەرۆكی حكومەتدا، لیژنەی دارایی پەرلەمان پێشنیازیان كردووە بابەتی پێدانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكان بە موچەخۆران لە پرۆژەیاسای چاكسازیدا بچەسپێندرێت، بەڵام مەسرور بارزانی وتویەتی:" ناتوانین ئەوە بچەسپێنین، چونكە ئەمە لەگەڵ بەغداد كێشەمان بۆ دروستدەكات، ئێمە ئەمانەوێت لە رێككەوتنەكەماندا لەگەڵ حكومەتی عێراق، ئەو موچە پاشەكەوتكراوانە بكەین بە قەرز لەسەر حكومەتی بەغداد".
(درەو) زانیویەتی، مەسرور بارزانی‌و تیمەكەی لە حكومەت بەمەرجێك قایل بوون بەوەی بابەتی موچە پاشەكەوتكراوەكان لە پرۆژەیاساكەدا جێگیر بكرێت، كە بەهیچ جۆرێك دەستەواژەی "پاشەكەوت" نەنوسرێت، بۆئەوەی پێدانەوەی ئەو پارانە لەسەر حكومەت نەبێت بە ماڵ، لەبری ئەوە بنوسرێت ئەژمارێكی بانكی دەكرێتەوە بۆ موچەی موچەخۆران‌و ئەو شایستە داراییانەی موچەخۆران كە لای حكومەت‌و پێیان نەدراوە.
پرۆسەی دروستكردنی هەژماری تایبەت بە موچەی فەرمانبەران پرۆسەیەكی قورس‌و درێژخایەنە، چونكە مەرجی دروستكردنی هەژمارەكە ئەوەیە، سەرەتا پێدانی موچە بكرێت بەشێوازی ئەلیكترۆنی‌و پاشان وەزارەتی دارایی رێنمایی دەردەكات لەبارەی موچە پاشەكەوتكراوەكانەوە‌و بەپێی رێنماییەكان ئەو پارەیەی كە بەناوی پاشەكەوتەوە لەسەر هەژمارە بانكییەكە دادەنرێت:
•    ئەم پارەیە بۆ پێدانەوەی هیچ قەرزێكی حكومی نییە لەنمونەی قەرزی ئاو و كارەبا‌و هاوسەرگیری‌و پێشینەی خانوبەرە.
•   حكومەتی هەرێم پەیوەست نییە بە پێدانەوەی ئەو قەرزانەوە، هەركاتێك حكومەتی عێراق ئەو قەرزانەی گەڕاندەوە، حكومەتی هەرێم پارەكە بۆ موچەخۆران دەگەڕێنێتەوە (واتە چارەنوسی موچە پاشەكەوتكراوەكان رادەستی حكومەتی عێراق كراوە).

كەمترین موچەی خانەنشینیی 
یەكێك لە بڕگەكانی پرۆژەیاسای چاكسازی پرسی كەمترین ئاستی موچەی خانەنشینی بوو لە هەرێمی كوردستان، كە ئێستا بڕەكەی (220 هەزار) دینارە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی لیژنەی دارایی‌و سەرۆكی حكومەتدا، پەرلەمانتاران داوایانكردووە ئەو بڕە پارەیە بۆ (300 هەزار) دینار بەرزبكرێتەوە، بەڵام سەرۆكی حكومەت نەچووەتە ژێر باری ئەو زیادكردنەوە‌و وتویەتی:" ئەگەر كەمترین ئاستی موچە بۆ 300 هەزار دینار زیاد بكرێت، حكومەت مانگانە پێویستی بە 14 بۆ 16 ملیار دینار دەبێت بۆ دابینكردنی ئەو زیادكردنە".
(درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا لەبارەی ئەم بابەتەوە، مەسرور بارزانی ڕووی لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی كردووە‌و پێی وتووە:" ئایا حكومەت دەتوانێت كەمترین موچەی خانەنشینی بۆ 300 هەزار دینار بەرزبكاتەوە ؟"، لەوەڵامدا ئاوات شێخ جەناب وتویەتی:" وەزارەتی دارایی بەتەنیا لە دابینكردنی پارەی موچەدا، مانگانە 186 ملیار دینار كورتهێنانی هەیە، بۆیە ناتوانێت ئەو پارەیە زیادبكات".
دواجار مەسرور بارزانی چارەنوسی بڕیاردانی لەسەر ئەم بابەتە دایە دەست ئاوات شێخ جەناب، دواتر تیمی حكومەت لەگەڵ لیژنەی دارایی لەناو پەرلەمان كۆبونەوە، لەو كۆبونەوەیەشدا كە ئاوات شێخ جەناب بەشداربوو، هەر بڕیار نەدرا لەبارەی ئەوەی كەمترین ئاستی موچە بۆ (300 هەزار) دینار بەرزبكربێتەوە، ئەوەی بڕیاری لێدراوە تەنیا ئەوەیە، لەو بڕەپارەیەی كە بەهۆی یاسا چاكسازییەكەوە بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە، ئەولەویەت بە زیادكردنی كەمترین ئاستی موچەی خانەنشینی بدرێت بەر لە هەر بابەتێكی تر.   
 
موچەی كێ دەبڕدرێت ؟
بەپێی ئەو رەشنوسەی كە لیژنەی دارایی پەرلەمان پەسەندیكردووە، موچەی خانەنشینی ئەم بوارانەی خوارەوە بەمشێوەیەیان لێدێت:
•    ئەوانەی بەبێ ئەوەی پلەیان هەبوبێت‌و كاریان لە پۆستەكاندا كردبێت، بە پلەی (وەزیرو بریكاری وەزیر تاوەكو بەڕێوەبەری گشتی) خانەنشینكراون، موچەی خانەنشینییەكەیان هەڵدەوەشێتەوە‌و بەپێی پلەی سەربازیی شایستەی داراییان بۆ دابین دەكرێت (ئەوانەی لەم بوارەدا موچەیان هەیە، زۆربەیان بەرپرس‌و پێشمەرگە دێرینەكانی شاخن، بەوانەشەوە كە لەژیاندا نەماون).
•    مینحەی تایبەت بە زیندانیانی سیاسی دەبڕدرێت، كە وادە یاساییەكەی لە رۆژی 1/7/2020 كۆتایی دێت‌و بۆ ماوەی (15) ساڵ بووە، (5 هەزارو 175) كەس لە زیندانیانی سیاسی لەماوەی رابردوودا ئەم مینحەیەیان وەرگرتووە، بەپێی پرۆژەیاساكە لە رۆژی 1/7ی ئەمساڵەوە چیتر ئەو پارەیان پێنادرێت‌و پارەكە دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت كە مانگانە بڕەكەی بەكۆی گشتی (2 ملیار) دینارە. 
•    موچەی زیاتر لە (62) هەزار كەس دەبڕدرێت كە دووموچە وەردەگرن.
•    پرۆژەیاساكە هەموو ئەو یاساو بڕیارانە هەڵدەوەشێنێتەوە كە تایبەت بە موچەی كەسوكاری (شەهیدان‌و ئەنفالكراوان) لەماوەی رابردوودا دەرچوون، واتە هەموو ئەوانەی كە وارسی پلە (یەك)ی شەهیدان‌و ئەنفالكراوان نین‌و ئێستا موچەی شەهیدان وەردەگرن، موچەكەیان دەبڕدرێت‌و ئەوانەشی كە وارسی ژمارە (یەك)ی شەهیدانن، لەكاتی مردنیاندا، موچەكەیان ناگوازرێتەوە بۆسەر وارسی تر جگە لە وارسی پلە (یەك)، ئەم بڕیارە بەپێی زانیارییەكانی (درەو) موچەی نزیكەی (50%)ی ئەوانە دەبڕێت كە ئێستا موچەی كەسوكاری شەهیدان وەردەگرن‌و وارسی پلە (یەك) نین.

خانەنشینی سەربازی
هەر لە سەرەتاوە یەكێك لە كێشەی سەرەكییەكانی ناو پرۆژەیاساكە، پرسی خانەنشینی سەربازیی بوو، لە هەرێمی كوردستان (244 هەزارو 656) خانەنشین هەیە، لەم ژمارەیە (133 هەزارو 435)ی خانەنشینی بواری سەربازییە، واتە رێژەی (54%)ی كۆی موچەی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان بۆ خانەنشینانی سەربازی دەڕوات.  
خانەنشینیی سەربازی بەجۆرێك كاریگەری لەسەر بودجە هەیە، كە بەپێی لێدوانێكی پێشتری پەرلەمانتار سۆران عومەر، موچەی خانەنشینی سەربازی بۆ یەك مانگ (100 ملیار) دینارە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لە پرسی چاكسازیكردن لە لیستی خانەنشینی سەربازیدا، یەكێتی نیشتمانی كورستان زەرەرمەند دەبێت، چونكە پارتی پێش هەڵوەشاندنەوەی فەرمانگەی رێكخراوەكان كە تایبەت بوو بە بڕینەوەی موچە بۆ كادیرانی حیزب، زۆربەی كادیرو لایەنگرانی خۆی بەشێوەی یاسایی گواستوەتەوە بۆسەر خانەنشینی وەزارەتەكانی تر، بەڵام یەكێتی ئەم كارەی نەكردووە‌و لەحاڵی پەسەندكردنی یاساكەدا روبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایەتی لایەنگرانی دەبێتەوە، سەرباری ئەمە خانەنشینەكانی پارتی زۆربەیان دۆسیەی یاسایی‌و خزمەتیان بۆكراوە، بەڵام خانەنشینەكانی یەكێتی زۆربەیان ئەم دۆسیە یاساییەیان نییە.
بەپێی ئەو پرۆژەیاسایەی كە بڕیارە پەرلەمان پەسەندی بكات، هەموو هێزە سەربازییەكان (رێكخراو و رێكنەخراو)، واتە بە یەكەكانی (70)‌و (80)ی سەربە پارتی‌و یەكێتیشەوە، یەكەیەكی ژمێریاری یەكگرتوویان بۆ دروستدەكرێت.

كێ خاوەنی پرۆژەكەیە؟
رۆژی 14ی تشرینی دووەمی 2017 لە گەرمەی قەیرانی دارایی هەرێم‌و كاركردن بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای بودجەی عێراق، وەفدێكی حكومەتی هەرێم سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد.
وەفدەكەی حكومەت پێكهاتبوو لە (ئامانج رەحیم) سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران‌و (رابەر سدیق) وەزیری دارایی بەوەكالەت، ئەم دوو كەسە لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی ئەوكاتی پەرلەمان‌و لیژنەی دارایی پەرلەمان كۆبونەوە.
ئامانجی سەردانی وەفدەكەی حكومەت بۆ پەرلەمان، گفتوگۆكردن بوو سەبارەت بە پرسی چۆنیەتی چارەسەركردنی قەیرانی دارایی هەرێم‌و چۆنیەتی گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغداد سەبارەت بە گێڕانەوەی پشكی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2018ی حكومەتی عێراقدا.
سۆران عومەر یەكێك لەوانە بوو كە بەشداری كۆبونەوەكەی نێوان وەفدی حكومەت‌و پەرلەمانی كرد، ئەو كە بۆ ئەم خولەش لە پەرلەمان ماوەتەوە، لە خولی پێشوودا ئەندامی لیژنەی دارایی بوو.
"كاتێك وەفدی حكومەتی هەرێم باسیان لە قەیرانی دارایی كرد، من پێم راگەیاندن بارودۆخی حكومەتی بۆ خراپە، ئەگەر خراپە بۆ چاكسازی ناكەن، بەتایبەت چاكسازی لە خانەنشینی سەربازیدا، كە بارگرانییەكی زۆری خستوەتە سەر حكومەت مانگانە زیاتر لە 100 ملیار دینارە، كێشەكە لەوێوەیە" سۆران عومەر پێشتر بەمشێوەیە باسی ناوەڕۆكی دیدارەكەی نێوان وەفدی حكومەت‌و پەرلەمانی بۆ (درەو) گێڕایەوە، كە دواتر لەو كۆبونەوەیەوە بیرۆكەی پرۆژە یاسای چاكسازی گەڵاڵەكرا.
دوای گەڕانەوەی لە كۆبونەوەكەی لەگەڵ پەرلەمان، ئامانج رەحیم پێشنیازی چاكسازییەكە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت باس دەكات، ئەوان رەزامەندی دەردەبڕن لەسەر ئەوەی پرۆژەیەك ئامادە بكرێت سەبارەت بە چاكسازی.
سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران رادەسپێرن پرۆژەیەك بۆ چاكسازی ئامادەبكات، پرۆژەكە ئامادەكرا‌و دواتر ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی 30ی كانونی یەكەمی 2017دا پەسەندكرد‌و رەوانەی پەرلەمان كرا.
پەرلەمان لە رۆژی 27ی شوباتی 2018 پرۆژەیاساكەی پەسەندكرد، رۆژی 4ی ئازاری 2018 بەبەهانەی ناڕەزایەتی شەقام دژی بە هەندێك لە بڕگەكانی یاساكە، پەرلەمان پەسەندكردنی یاساكەی هەڵوەشاندەوە‌و چارەنوسی یاساكەی بۆ ئەم خولەی پەرلەمان بەجێهێشت.
سۆران عومەر بە (درەو)ی راگەیاند" ئەگەر د. ئامانج رەحیم نەبوایە پرۆژە یاسای چاكسازی سەری نەدەگرت".
حكومەتی هەرێم دوای (25 ساڵ) بۆیەكەمجار لە كۆتاییەكانی ساڵی 2017دا بڕیاریدا بەشێوەیەكی جددی هەنگاو بە ئاڕاستەی چاكسازیدا هەڵگرێت، ئەوەی حكومەتی ناچاركرد بیر لە چاكسازی بكاتەوە قەیرانی دارایی‌و دابەزینی نرخی نەوت‌و بڕینی بەشەبودجەی هەرێم لە عێراق‌و بارگرانییەكانی شەڕی "داعش" بوو، بەڵام لایەنە سیاسییەكان بۆ بانگەشە هەریەكەیان خۆیان بە خاوەنی پرۆژەكە دەزانن.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی خاوەنی یەكەمی بیرۆكەی پرۆژەیاساكەیە‌و ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئامادەكارو خاوەنی  پرۆژەیاساكە بووە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand