دوو بەرپرسی دەروازەی پەروێزخان دەستبەسەركران
2020-01-09 20:40:55
درەو:
بەتۆمەتی شاردنەوەی فێلكردن لە خەڵكی بەڕیوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی سنوری پەروێزخان و بەڕێوەبەری گومرگی پەروێزخان دەستبەسەكران.
(درەو) زانیویەتی لەسەر سكاڵای كەریم عەلی سەرۆكی لیژنەی پیشەسازیو بازرگانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەریەك لە عەلی تۆفیق بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی سنوریی پەروێزخان لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕان و حسێن ئەحمەد بەڕێوەبەری گومرگی پەروێزخان لە پشكی یەكێتی بە مادەی (456) لەیاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەركراون و كەتایبەتە بەچاوپۆشیكردن لە فێڵكردن گیراون و دواتر بە كەفالەت ئازادكراون.
كەریم عەلی سەرۆكی لیژنەی پیشەسازیو بازرگانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان رۆژی 22ی تەموزی ساڵی رابردوو سكاڵایەكی یاسایی لەدادگای بەرایی خانەقین- قۆرەتوو لەسەر كۆمپانیای (دڵنیا) تۆماركردووە، لەسەر بنەمای ئەو سكاڵایە، ئەو دوو بەرپرسەی گەرمیان دەستگیركراون.
پێشتر كەریم عەلی كە خاوەنی سكاڵا یاساییەكەیە لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) وتی:" كۆمپانیای دڵنیابۆ دڵنیایی لەماوەی رابردوودا لە مەرزەكانو لە هەندێك بازگەدا ئاسانكاریی بۆ كراوەو بەزۆر پارەی لە ئۆتۆمبیلو سەرنیشان وەرگرتووە كە لە دەرەوەی هەرێمەوە هاتونەتە ناوەوە".
بەپێی قسەی سكاڵاكار، كۆمپانیای (دڵنیا) لە مەرزی پەروێزخان لەكاتی هاتنەناوەوەی كەسانی غەیرە كورددا، بۆ هەر ئۆتۆمبیلێك بڕی (20 هەزار) دینارو بۆ هەر سەرنشینێك بڕی (5 هەزار) دیناری وەرگرتووە، لە مەرزی باشماخ-یش بۆ هەر ئۆتۆمبیلێك بڕی (25 هەزار) دینارو بۆ هەر سەرنشینێك بڕی (5 هەزار) دینارو بەبێ وەسڵی ئەو كۆمپانیایە رێگە بەهاتنەناوەوەی هیچ ئۆتۆمبیلێك نادرێت.
ئێستا كاری كۆمپانیای (دڵنیا) لە مەرزی پەروێزخان راگیراوە، بەڵام لە مەرزی باشماخ هێشتا كاری خۆی دەكات.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) كۆمپانیای ( دڵنیا بۆ دڵنیایی) كۆمپانیایەكی پشكدارییەو بەپێی نوسراوی مۆڵەتپێدانی بارەگاكەی لە شاری سلێمانییە، سەرۆكی كۆمپانیاكە بەناوی ( هیوا محەمەد رەئوف عەلی) تۆماركراوەو ( شوان قادر مەعروف) جێگری سەرۆكی كۆمپانیاكەیە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستیكەوتووە، رێژەی 60%ی كۆمپانیاكە پشكی (هیوا محەمەد رەئوف عەلی)ەو رێژەی 40%ی كۆمپانیاكە خاوەندارێتییەكەی بۆ كۆمپانیای (نۆكان)ی سەربە ئیدارەی گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەگەڕێتەوە.