Draw Media

بوژاندنەوەی بەختی كارتێكی سوتاو

بوژاندنەوەی بەختی كارتێكی سوتاو

2020-01-12 19:30:18


راپۆرت: درەو
ڕۆژی 19ی كانونی یەكەمی ساڵی 2019 ئەو وادە یاساییە كۆتایهات (15ڕۆژ) كە دەستور بۆ سەرۆك كۆماری عێراقی دیاركردووە بۆ ڕاسپاردنی كاندیدێك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، بەڵام بەهۆی پێداگری خۆپیشاندەران لەسەر كەسایەتییەكی بێلایەن‌و دور لە نوخبەو حزبە سیاسیەكانی عێراق ، شكستی لایەنەكانیش لەگەیشتن بەڕێككەوتن لەسەر كەسایەتییەك، نەتوانرا بەدیلێك  بۆ شوێنگرتنەوەی "عادل عەبدولمەهدی" كە ڕۆژی 29 تشرینی دووەمی ساڵی 2019 لەسەر داوای ناڕاستەوخۆی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق‌و، لەژێر فاشاری خۆپیشاندەراندا دەستیلەكاركێشایەوە. 
"عادل عەبدلمەهدی" لەئەزمونی ساڵێكی حوكمڕانیدا بە نیسبەت ئەمریكییەكانەوە دوو هەڵەی ستراتیجی ئەنجامدا، كە دواتر سەری حكومەتەكەی خوارد:
یەكەمیان: نزیكبوونەوەی زیاد لە پێویست لە ئێران.
دووەمیشیان: ئەنجامدانی كۆمەڵێك ڕێككەوتن‌و گرێبەست لەگەڵ وڵاتی چین.
بەنیسبەت شەقامی عێراقیشەوە،"عەبدولمەهدی" لەماوەی سالێكی تەمەنی حكومەتەكەیدا، نەیتوانی سنورێك بۆ كێشە كەڵەكەبووەكانی 16 ساڵی ڕابردووی عێراق لەگەندەڵی‌و بەرزبوونەوەی ئاستی هەژاری‌و نەبوونی هەلی كارو خزمەتگوزراییە سەرەتاییەكان دابنێت، ئەوەش بووە هۆی تەقاندنەوەی ناڕەزاییە میللیەكان‌و، سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی جەماوەری لەسەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2019دا، كە بەهۆیەوە نزیكەی 500 خۆپیشاندەر كوژران‌و زیاتر لە 22 هەزاری دیكەش برینداربوون.

جموجۆڵە ژێربەژێرەكان
دوای پێشكەشەكردنی ناوی "ئەسعەد عەبدولئەمیر عیدانی" لەلایەن كوتلەی هاوپەیمانی "بونیاتنان" وەك كاندیدی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران عێراق‌و، ڕەتكردنەوەی لەلایەن "بەرهەم ساڵح" سەرۆك كۆماری عێراق لە 26 كانوونی یەكەمی ساڵی پار، بەوپێیەی پێچەوانەی خواست‌و داواكاری خۆپیشاندەرانە، كێشەكانی عێراق پێینایە قۆناغێكی نوێ‌. سەرۆك كۆمار ئامادەیی دەربڕی بۆ دەستلەكاركێشانەوە، نەیارەكانی بەنیازی سكاڵا تۆماركردنبوون بە تۆمەتی پێشێلكردنی دەستورو شكاندنی سوێندی یاسایی، كۆمەڵێك هێزی تریش پشتیوانیان كرد، بەمشێوەیەش عێراق گەڕایەوە بۆ خاڵی سەرەتای ململانێكان. 
ئەوەی چاوەكانی لەسەر ئەم كێشەیە گۆڕی‌و كردی بەقەزییەیەكی لاوەكی، بۆردومانكردنی بارەگاكانی "كەتائیبی حزبوڵای عێراق"ی بوو لە قەزای "قائیم لەلایەن فرۆكەكانی ئەمریكاوە لە ڕۆژی 29ی هەمان مانگ، خۆپیشاندانی لایەنگران‌و سەركردەكانی حەشدی شەعبی لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەكۆتا ڕۆژی ساڵی 2019و، كوشتنی "قاسم سولەیمانی" فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران‌و "ئەبومەهدی موهەندیس" جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن فرۆكەكانی ئەمریكاوە لە ڕۆژی 3 كانونی دووەمی ئەمساڵ، بەتەواوی پرسی دانانی جێگرەوەیەكی بۆ "عەبدولمەهدی" كردە پرسێكی لاوەكی.

لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەكان لەگۆڕەپانی تەحریری شاری بەغدادو، زۆرێك لەشارەكانی تری ناوەڕاست‌و باشور لە هەینی ڕابردوەوە، جارێكی تر پرسی كاندیدكردنی سەرۆك وەزیرانێكی نوێی كاتیی بۆتەوە پرسی ژمارە یەك‌و، لەئێستادا هێزو لایەنە شیعییەكانی سەرقاڵكردووە. هەڵوێستی توندی "عادل عەبدولمەهدی" لەدۆسیەی بۆردومانكردنی گروپەكانی حەشدی شەعبی‌و كوشتنی "سولەیمانی‌و موهەندیس" هاوكات پێداگری بەردەوامیی لەسەر پێویستی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق، چانسی ناوبراوی بوژاندوەتەوە لای هێزەكانی نزیك لە ئێران بۆ دووبارە ڕاسپاردنەوەی بۆ سەرۆكایەتیكردنی حكومەت لە قۆناغی ڕاگوزەر.
  
عەبدولمەهدی چاوی لەدەستی كوردە

"عادل عەبدولمەهدی" پێیوایە ئەو بۆتە قوربانی ژمارە یەكی هەموو ئەو كارەساتانەی كە نوخبەی سیاسی بەشیعەو سوننەو كوردەوە لەدوای ساڵی 2003وە بەسەر عێراقییان هێناوە، بۆیە بۆ مێژووی خۆشی بێت نایەوێت بەمشێوەیەی ئێستا بڕوات كە نەك هیچ دەستكەوتێكی نییە، بگرە لەوانەیە لەداهاتوودا دەیان سكاڵای یاسایی لەسەر تۆماربكرێت بە تۆمەتی كوشتنی خۆپیشاندەران، بە تایبەت ئەوێك كە هیچ هێزێك نییە پارێزگاری لێبكات. هەر بۆیە لەڕێی دژایەتیكردنی ئاشكرای بۆ ئەمریكییەكان دەیەوێت جارێكی چانسی ئەوەی پێبدرێت ماوەیەكی تر ئەگەر كەمیش بێت لەسەر كورسی سەرۆك حكومەت دابنیشێت‌و، كارێك بكات كە جێدەستی دیاربێت.
دوێنی شەممە "عەبدولمەهدی" بەسەردانێك گەیشتە هەولێرو دواتر سەردانی شاری سلێمانی كرد، ئەو كە لەلای كورد خۆشەویستەو لەپرسی ڕەوانەكردنی بودجە بۆ هەرێمی كوردستان قوربانی زۆری داوەو، ڕەخنەی توندی لەلایەن هێزە شیعییەكانەوە لێگیراوە، ئێستا چاوەڕێی هیمەتی لایەنە كوردییەكانە لەمپرسەدا هاوكاری بكەن.
بەپێی زانیارییەكانی(درەو) كە لەسەرچاوەیەكی باڵا لەهەرێمی كوردستان دەستیكەوتووە، ئامانجی سەردانەكەی "عەبدولمەهدی" بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ئەوە بووە كە پشتیوانی بكەن جارێكی تر پۆستی سەرۆك وەزیران وەرگرێتەوەو، فشار لە"بەرهەم ساڵح" بكەن تا بەفەرمی ڕایبسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
بەرپرسانی هەرێم لەمەشدا جگە لەوەی دەكەونە نێوان هەردوو بەرداشی ئەمریكاو ئێران، كە یەكەمیان دژی دانانەوەیەتی‌و دووەمیشیان لەگەڵ داناوەیەتی، لەحاڵەتی پشتیوانیكردنیدا دەكەونە بەرەی دژە خۆپیشاندەران، ئەگەر پشتیوانیشی نەكەن لەلایەك دژی خواستی ئێران‌و هێزە شیعییەكانە، كە لەدۆخێكی ناهەمواردان‌و لەلایەكی دیكەش پێشتدەكەنە كەسێك كە لەسەخترین قەیراندا پشتیوانی خەڵكی كوردستانی كرد.

سەدرو عامری نزیكبونەتەوە
بەپێی تازەترین زانیارییەكانیش كە میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردۆتەوە، "هادی عامری" سەرۆكی هاوپەیمانی (فەتح) لەگەڵ "موقتەدا سەدر"ڕابەری ڕەوتی سەدر لە ئێران كۆبونەتەوە.
"ئەحمەد كنانی"پەرلەمانتاری هاوپەیمانی (فەتح) لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: دیدارەكەی نێوان "عامری‌و سەدر) لەپێناو یەكلاكردنەوەی پرسی دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ بووە، بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەودیدارە دەبێت هۆی پەلەكردن لەیەكلایكردنەوەی ئەو پرسە بەتایبەت دوای وتاری مەرجەعی باڵای شیعەكان كە ڕەخنەی توندی لە هێزە سیاسەكان گرت‌و ئۆباڵی ئەمدۆخەی خستە ئەستۆیان.
"سەدر" هاوشانی خۆپیشاندەران تا ئێستا ڕێگرێكی سەرەكی بووە لەدەستنیشانكردنی كەسێك بۆ جێگرەوەی "عەبدولمەهدی" هاوكات بەتوندیش دژی دانانەوەی ناوبراو بووە، بەڵام پێدەچێت ڕووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق‌و دروستبونی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر ناوماڵی شیعەو لێدانی ڕاستەوخۆی ئەرمریكا لە هێزەكەیان (حەشدی شەعبی) و كوشتنی دوو سەركردەی دیاری تائیفەكەیان، شانبەشانی تونكردنەوەی فشارەكان لەسەر ئێران، هەموو ئەمانە وابكات "سەدر" نەرمی بنوێنێت لە دانانەوەی "عەبدولمەهدی" یان لایەنی كەم بە ئاشكرا دژایەتی نەكات‌و ئەو پرسە بەجێبهێلێت بۆ كاردانەوەی شەقام‌و خۆپیشاندەر.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand