ئێران وەڵامی دایەوە، ئەمریكاش قبوڵیكرد
2020-01-09 19:29:16
(درەو):
لە ساتەكانی سەرەتای كردنە ئامانجی "قاسم سولەیمانی" فەرماندەی فەیلەقی قودس و عەرابی ژمارە یەكی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەناوچە گەرمەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، جیهان پێشبینی ئاگرێكی گەورەو شەڕی چوارەمی كەنداوی دەكرد، زۆرێك لەمە دوورتریش دەڕۆیشتن و باسیان لە ئەگەری هەڵگیرسانی سێیەمین جەنگی جیهان دەكرد. بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك لە ڕووداوەكە، ڕوونبۆوە "واشنتۆن" بەم گورزە ویستی تەنها پەیامێك بدات بە دەسەڵاتدارانی "تاران" كە پێویستە لێرەدا بوەستن و، چیتر بێدەنگ نابن لەنادیدەگرتنی ڕۆڵ و پێگەی ئەمریكا لە ناوچەكە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی.
بەرپرسانی ئەمریكا و بەدیاریكراوی "دۆناڵد ترەمپ" لەچەندین بۆنەی جیاوازدا ئەو دەستەواژەیەیان دووبارەكردۆتەوە:" هەوڵی گۆڕینی ڕژێمی ئێران نادەین، بەڵام ڕەفتارە دوژمنكارەكانی پێویستە بوەستێت".
وەڵامەكەی "ئێران"یش وەك ئەوە نەبوو پێشینی دەكرا چەخماخەی دەستپێكی جەنگێكی وێرانكەربێت لەناوچەكە. "تاران"یش تەنها پەیامێكی هەبوو بەوەی لەئاستی لەدەستدانی سەركردەیەك بەسەنگی "سولەیمانی" بێدەنگ نابێت، ئەگەر بۆ پاراستنی شكۆی وڵات و بەكاربردنی ناوخۆیش بێت دەبێت وەڵامێكی هەبێت.
دوای هێرشە مووشەكییەكەی "ئێران" بۆ سەر هەردوو بنكەی ئاسمانی (عەین ئەسەد و هەریر) كەناڵی (cnn) لەزاری بەرپرسانی ئەمریكاوە ئاشكرایكرد: "ئێران نەویست هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكاتە ئامانج، تەنها پەیامێكی نارد". ڕۆژنامەی (us today)یش بڵاویكردەوە: "تاران بەغدادی لە هێرشەكە ئاگاداركردۆتەوە، بەغدادیش ئەمریكییەكانی لەهێرشە ئاگاردار كردۆتەوە".
هەوڵی هێوركردنەوە دەدەن
دوای كوژرانی "قاسم سولەیمانی" لێشاوێك هەڕەشە لەلایەن بەرپرسانی تاران و واشنتۆنەوە دەستیپێكرد، ژێر بەژێریش هەوڵی هێوركردنەوە لەئارادابوو، هەر ئەو ڕۆژەی "سولەیمانی" كوژرا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "پەیامێكیان لە ئیدارەی ئەمریكاوە پێگەیشتووەو هەمان ڕۆژ لەڕێی باڵیۆزی سویسرا لە تاران وەڵامێكی گونجاویان داوەتەوە". بێئەوەی وردەكارییەكی هیچكام لەو نامانە ئاشكرابكات.
"مایك پۆمپیۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفونیدا لەگەڵ هاوتا بەریتانییەكەی وتی: "كوشتنی سولەیمانی ڕێوشوێنێكی خۆپارێزی بووە". لە پەیوەندییەكیشی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی (چین) ڕایگەیاند: "ئەمریكا خواستی ئەوەیە دوای كوشتنی سولەیمانی ئاڵۆزییەكان هێورببنەوە". "پۆمپیۆ" لەوەڵامی بەرپرسانی فەرەنسادا كە ڕایانگەیاندبوو : كوشتنی "سولەیمانی" جیهانی بەرەو مەترسی زیارتر بردووە، وتی : "فەرەنسییەكان لەوەدا هەڵەن.. ئەمڕۆ جیهان لەهەموو كات زیاتر سەقامگیر بووە".
دوای چەند كاتژمێرێكیش لەكوژانی "سولەیمانی" سەرۆكی ئەمریكا لە توتێكدا وتی: "ئێران هەرگیز لەشەڕدا نەیبردۆتەوە، بەڵام هەرگیز دانوستانی نەدۆڕاندووە".
هەڕەشەی بەردەوامیی بەرپرسانی "ئێران" بەوەڵامێكی توندو هەژێنەرو كردنە ئامانجی دامەزراوە سەربازییەكانی "ئەمریكا" لەناوچەكە دۆخەكەی تەمومژاوی كردبوو، بەتایبەتی كە لەچەند ڕۆژی ڕابردودا زیاد لەبەرپرسێكی باڵای "ئەمریكا" ئاماژەیان بەوەكرد "ئێران" جدییە لە هەڕەشەكانی و بەرژوەندییەكانی "ئەمریكا" دەكاتە ئامانج.
بەڵام دوای هێرشەكە، دۆخەكە بەجۆرێكی تر گۆڕا، وەك ئەوەی ڕێككەوتنی پێشوەختی لەسەركرابێت، "محەمەمەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دوای هێرشە مووشەكییەكە ڕایگەیاند: "وەڵامی تاران بۆ كوشتنی جەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی كۆتایهات".
ئەمریكا وەڵامەكەی ئێرانی قبوڵكرد
"دۆناڵد ترەمپ" سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەدواین كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا كە لەبارەی هێرشە مووشەكییەكی ئێرانەوە ڕێكیخست، ڕزامەندی زۆری پێوەدیاربوو لەدۆخەكە، "ترەمپ" ڕایگەیاند: "هیچ ئەمریكییەك بەهۆی هێرشەكەوە نەكوژراوەو سەربازەكانمان سەلامەتن، ڕەنگە ئێران ترسی هەبێت لە ئاڵۆزبونی دۆخەكە، ئەوەش شتێكی باشە بۆ هەموولایەنەكان، دەمانەوێت ئێران خاوەندی ئایندەیەك بێت كە شایەنێتی، ئەمریكا ئامادەیە بۆ لە ئامێزگرتنی ئاشتی لەگەڵ هەموو ئەوانەی ئاشتیان دەوێت".
"موقتەدا سەدر" ڕابەری ڕەوتی سەدر لەدواین بەیاننامەیدا ئاماژە بەوەكرد:"قەیرانی ئێستای تاران و واشنتۆن كۆتایهات، بەتایبەت دوای وتارەكەی ترەمپ و وتاری كۆماری ئیسلامی ئێران".
پێشتریش كەناڵی "فۆكس نیوز"ی ئەمریكا، دوای هێرشە موشەكییەكەی ئێران بۆ سەر هەردوو بنكە ئاسمانییەكەی ئەمریكا لە عێراق لەزاری بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) بڵاویكردەوە: "واشنتۆن و تاران هەوڵی هێوركردنەوە دەدەن، ئێران بەمەبەست ئەمریكییەكانی نەكردووەتە ئامانج لە عێراق".
ڕەنگە ئەو نەكردنە ئامانجە ئەو خاڵە گرنگەبێت بەنیسبەت "دۆناڵد ترەمپ" سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ ئێرانییەكان، بەتایبەت لەم كاتە هەستیارەدا كە لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازدایەو كوشتنی هەر سەربازێكی سوپای ئەمریكا لەعێراق بۆ ئەو كارەساتێكی گەورەیەو، ڕەنگە ببێتە هۆی خستنی لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و، مادەیەكی بانگەشەی بەهێزیش بۆ نەیارەكانی، بەڵام "ترەمپ" بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتەیان نەداتێ ئامادەبوو بەسنگێكی فراوانەوە موشەكەكانی ئێران قبوڵبكات.
ڕەنگە وردەكاری ڕێككەوتنی نێوان (واشنتۆن و تاران) ئەم خاڵەبێت"ئێران وەڵامێكی سنورداری ئەمریكا بداتەوە بەجۆرێك هیچ سەربازێكی ئەمریكا نەكاتە قوربانیی، لە بەرامبەردا ئەمریكاش وەڵامەكە قبوڵبكات، بەوەش ئێران لە لۆمە و ئیحراجیی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش ڕزگاری دەبێت و، ناوچەكەش لە جەنگێكی ماڵوێرانەكەر دەپارێزرێت. ئەگەریش هەیە ئاسۆیەكی نوێ بۆ ڕێككەوتن بخولقێنێت و سنورێك بۆ ئەو ململانێ توندە دابنێت كە بەهۆی زیاد لە دۆسیەیەكی گەرمەوە، ساڵانێكی دورودرێژە بەریەككەوتن و تەقینەوەی لەناوچەكە كردووەتە یەكێك لەئەگەرە بەهێزەكان".
قەیرانێكی بەسوود
"دۆناڵد ترەمپ" سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەیەكەم ساتی ئەنجامدانی پرۆسەی كوشتنی "سولەیمانی"یەوە پاساوی ئەوەی هێناوەتەوە كە ناوبراو ئامادەكاری كردووە بۆ هێرشێكی گەورەو مەترسیدار بۆ سەر بەرژوەندییەكانی ئەمریكا بەڵام تائێستا هیچ بەڵگەیەك لەوبارەیەوە نەخراوەتەڕوو، تانەی ئەوەشی لەسەرۆكەكانی پێش خۆیداوە كە نەیانتوانیوە بڕیاری لە ناوبردنی "قاسم سولەیمانی" جێبەجێبكەن.
ئەو كە ئێستا لەدۆخێكی ناوخۆیی خراپدایە، دۆسیەی كوشتنی "قاسم سولەیمانی" دەكاتە یەكێك دەستكەوتە گرنگەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی وڵاتەكەی لە پاڵ كوشتنی (ئەبوبەكر بەغدادی) سەرۆكی ڕێكخراوی داعش. "ترەمپ" بەمە دەیەوێت ئەو وێنەیە بگەیەنێتە ئەمریكییەكان كە پیاوێكی ئازاو بەدەستەو، هەركەسێك بێتەمایەی هەڕەشە بۆ ئەمریكاو بەرژوەندییەكانی سڵناكات لەوەی لە ناویببات.
ئەگەر بۆ شەخسی "ترەمپ" دۆسیەی كوشتنی "سولەیمانی" هەمووی قازانجبێت، ئەوا بۆ ئێرانییەكانیش ئەو دۆسییە یەكپارچە كارەسات و كەوتن و نەهامەتی نییە، دەسەڵاتدارانی ئێران لەماوەی چەند مانگی ڕابردودا ڕووبەڕووی خۆپیشاندانێكی جەماوەری گەورە بوونەوەو بە زەبری هێز سەركوتیان كرد، بەهۆی گەمارۆی ئەمریكاوە دۆخی ئابوری ئێران لەوپەڕی خراپیدایە، كوژرانی "قاسم سولەیمانی" بڕێك ئۆكسجینی زۆری كردەوە بە گەرووی دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامیدا، بەجۆرێك لە جۆرەكان سەدان هەزار ئەگەر ملیۆنان نەبێت لەهاوڵاتیانی ئێرانی لەدەوری دەسەڵاتدارانی ئێران كۆكردەوە. ڕێوڕەسمی بە خاكسپاردنی "سولەیمانی" لەو ڕێوڕەسمە قەرەباڵغتربوو كە بۆ "ئیمام خومەینی" دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی 1989دا ئەنجامدرا، دەیان كەس لە پاڵەپەستۆی بەڕێكردنی تەرمی "سولەیمانی"دا گیانیان لەدەستدا.
بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران ئەم پشتیوانی و پرسە میللەیە لەم كاتەدا پێشهاتێكی گرنگبوو لەسەرجەم ڕووەكانەوە، پێگەی دەسەڵاتدارانی "تاران"ی چی لەسەر ئاستی ناوخۆ و چی لەسەر ئاستی دەرەوەش بردە قۆناغێكی تر.