تاران: نابێت هەرێم ببێت بە پەناگە بۆ هێزەكانی ئەمریكا
2020-01-13 12:24:49
(درەو):
كۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێگەی نوێنەری هەرێمەوە لە تاران، پەیامێكی بەزمانێكی توند بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە.
سەرچاوەیەكی باڵای سیاسی بە (درەو)ی راگەیاند، كۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێگەی نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران، نامەیەكی بەزمانێكی توند ئاڕاستەی هەریەكە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت كردووە.
سەرچاوەكە وتی:" لە پەیامەكەدا، تاران هۆشداری بە هەرێمی كوردستان دەدات لەبارەی ئەوەی دەبێت پەیوەست بێت بە بڕیاری پەرلەمانی عێراقەوە بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق".
لەپەیامەكەدا جەجت كراوە لەسەر:
• هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراقدا یەك جوگرافیای سیاسیو سەربازییە.
• دوای كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، هەرێمی كوردستان نابێت ببێت بە پەناگە بۆ هێزەكانی ئەمریكا.
(درەو) پەیوەندی بە نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمەوە كرد لە تاران، دەباغ رەتیكردەوە هیچ نامەیەكی لەلایەن ئێرانییەكانەوە پێدا رەوانەی هەرێمی كوردسان كرابێتو وتی:" من چەند رۆژێكە لە هەرێمی كوردسانمو لە تاران نیم".
رۆژی (5)ی ئەم مانگە، دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێرانو ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە هێرشێكی ئەمریكادا لەنزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد، پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە بۆ بڕیاردان لەسەر دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق.
نوێنەرانی كورد بە هەموو پارتە سیاسییەكانەوە بەشدارییان لەو كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراقدا نەكرد، نوێنەرانی پێكهاتەی شیعە بەتەنیاو بەبێ پێكهاتەی كوردو سوننە بڕیاریاندا لەسەر دەركردنی هێزە بیانییەكانو هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی ئەمنی نێوان ئەمریكاو عێراق.
كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، لەدوای كوژرانی قاسم سولەیمانییەوە ئێستا هێڵی سەرەكی سیاسەتی ئێرانە لە عێراقدا، بەرپرسانی ئێران ئەمە بە تۆڵەی گەورەی خوێنی سولەیمانی ناودەبەن، بۆیە فشارەكانیان لەسەر هێزە سیاسییەكانی عێراق لەوبارەیەوە توندكردوەتەوە.
سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان (سەرۆكایەتی پەرلەمان، حكومەت، هەرێم) پێشتر لەبارەی ئەم بابەتەوە كۆبونەوە، سەرۆكایەتییەكان رایانگەیاند، ئەوان مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات بەپێویست دەزانن بۆ روبەڕووبونەوەی هەڕەشەكانی "داعش".
رۆژی شەممەی رابردوو عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمو دواتریش كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجونی باڵای سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبووەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەو سەردانەدا عادل عەبدولمەهدی پرسی مانەوەی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقو بەدەستهێنانی پشتیوانی هەرێمی بۆ مانەوەی لە پۆستەكەیدا خستوەتەڕوو، تەوەرێكی تری گفتوگۆكانی بابەتی كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا بووە لە عێراق، لەوبارەیەوە داوای لە بەرپرسانی حزبیو حكومی هەرێم كردووە پێكەوە هەڵوێستان لەبارەی ئەو بابەتەوە یەكبخەن.
عەبدولمەهدی لەژێر فشار خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی شەقام، ناچاركرا دەستلەكاربكیشێتەوە، ئەو نەك لە شەقام، لەناو هێزە شیعەكانی عێراقیشدا پشتیوانی لەدەستدا، بەڵام لەدوای كوژرانی قاسم سولەیمانیو پشتیوانیكردنی لە كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا، ئێستا چانسی مانەوەی لەناو هێزە شیعەكانو لەلایەن ئێرانییەكانیش بەهێز بووە.