Draw Media

كۆبونەوەیەك لە تاریكیدا !

كۆبونەوەیەك لە تاریكیدا !

2020-01-11 16:31:14


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
سبەینێ پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای چاكسازی دەكات، ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران داوایان كردووە دانیشتنەكە داخراو بێت، واتە لە میدیاكانەوە پەخش نەكرێت، ئەمە بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییانەوەیە كە لەبارەی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان لە پرۆژەیاساكەدا دروستبووە، تائێستا لە مێژووی پەرلەمانی كوردستاندا یەك پەرلەمانتار موچەی خانەنشینی رەتكردوەتەوە.

ناڕەزایەتییەكی نوێ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان
دوای بڵاوبونەوەی كرۆكی پرۆژەیاسای چاكسازی، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایەتی دژ بە لابردنی مەرجی (تەمەن)‌و (ساڵی خزمەت) لەسەر موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان دروستبووە.
لە كەمپەینی هەڵبژاردنە یەك لەدوای یەكەكانی ئەمدواییەی هەرێمی كوردستاندا، بەردەوام بابەتی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان تەوەری گەرمی گفتوگۆ‌و بانگەشەی هەڵبژاردن بووە، تا ئەو رادەیەی زۆرێك لە كاندیدی لیستە جیاوازەكان لەپێناو زامنكردنی متمانەی دەنگدەرەكانیان، لەكاتی كەمپەینەكاندا بانگەشەی ئەوەیان كردووە موچەی خانەنشینی وەرناگرن، بەڵام تائێستا تەنیا یەك پەرلەمانتار بە ئاشكراو بە شێوەی یاسایی موچەی خانەنشینی رەتكردەوە‌و وەرینەگرت كە ئەویش (فرسەت سۆفی) ئەندامی خۆلی چوارەمی پەرلەمانی كوردستانە لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، فرسەت سۆفی ئێستا پارێزگاری هەولێرە.
فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمان سەرباری بەڵێنەكانیان بۆ پێداچوونەوە بەو یاسای تایبەت بە موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان، بەڵام هەرگیز ئەم بابەتەیان بەشێوەیەكی ریشەیی چارەسەر نەكرد، تائەوكاتەی مانگی شوباتی 2018 حكومەتی هەرێم لەژێر فشاری قەیرانی دارایی‌و دابەزینی نرخی نەوت‌و بارگرانیی دارایی و شەڕی "داعش"دا بە ناچاری لە پرۆژەیاسایەكدا بابەتی كەمكردنەوەی خانەنشینی پلەباڵاكانی وروژاند، بەڵام كاتێك پرۆژەیاساكە چووە پەرلەمان، بەوشێوەیە پەسەندنەكرا كە چاوەڕوان دەكرا، ئەمە ناڕەزایەتی دروستكرد، لەژێر فشاری ناڕەزایەتی شەقامدا، پەرلەمان پەسەندكردنی یاساكەی هەڵوەشاندەوە، یاساكە گەڕایەوە بۆ حكومەت، ئەوەی ئێستا بڕیارە پەرلەمان دەنگی لەسەرە بدات‌و ناڕەزایەتی دروستكردووە، هەمان ئەو بڕگەیەیە كە تایبەتە بە خانەنشینی پلەباڵاكان‌و لە خولی پێشووی پەرلەماندا لەژێر فشاری ناڕەزایەتییەكان پەسەندكردنەكەی هەڵوەشایەوە، پێدەچێت مێژووی خۆی دووبارە بكاتەوە.

كۆبونەوەیەك لە تاریكیدا 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئێستا لەناو پەرلەمانتارانی كوردستاندا هەوڵێك دەستیپێكردووە بۆ ئەوەی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان بەشێوەی داخراو بێت‌و لە میدیاكانەوە پەخش نەكرێت.
ئەوانەی داوا دەكەن دانیشتنەكە داخراو بێت، بەهانەیان ئەوەیە هیچ پەرلەمانتارێك لەبارەی بڕگەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكانەوە لەبەردەم كامێراكاندا "موزایەدە" نەكات.
لەبەرامبەردا هەندێك لە پەرلەمانتاران داوا دەكەن دانیشتنەكە بەشێوەیەكی كراوە بەڕێوەبچێت، بۆئەوەی خەڵك هەڵوێستی هەموو فراكسیۆنەكان بە راشكاوی لەبارەی ئەو بڕگەیەوە ببینێت كە ئێستا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و لە شەقام نیگەرانی دروستكردووە.
ئەوانەی داوای دانیشتنی كراوە دەكەن، مەترسییان هەیە سبەینێ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەبەهانەی ئەوەی یەكێك لە بڕگەكانی دانیشتنەكە تایبەت بە "یاسای ماددە هۆشبەرەكان"، دانیشتنەكە بكات بە دانیشتنێكی داخراو، بەوپێیەی یاسای ماددە هۆشبەرەكان یاسایەكە كە رەهەندی ئاسایشی نیشتمانی هەیە‌و ناكرێت بۆ رایگشتی پەخش بكرێت.
لەنێوان ئەم دوو ئاڕاستە جیاوازەدا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە سەرۆكایەتی پەرلەمان هەوڵێكی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی دانیشتنەكە یاخود كاتی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەی چاكسازی، بەشێوەی كراوە بەڕێوەبچێت‌و بۆ میدیاكان پەخش بكرێت.
بەپێی ماددەی (9)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان كە لە كۆتاییەكانی خولی چوارەمدا پەسەندكرا:
•    دانیشتنەكانی پەرلەمان، بە ئاشكرا دەبن
•    دەكرێت دانیشتنەكانی پەرلەمان لەسەر داوای سەرۆك، یان (1/4) چواریەكی ئەندامان‌و بەرەزامەندی پەرلەمان، نهێنی بن. (چواریەكی پەرلەمان واتە لەكۆی 111 ئەندام 23 ئەندامیان داوا بكەن دانیشتنەكە داخراو بێت)
•    لەكاتی پێویستدا دەكرێت، دانیشتنەكانی پەرلەمان لەسەر داوای سەرۆكی هەرێم، یان سەرۆك وەزیران، بە رەزامەندی پەرلەمان، نهێنی بن

لەبارەی خانەنشینی پلەباڵاكانەوە
بەپێی ئەو پرۆژەیاسایەی كە بڕیارە سبەینێ پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكات‌و هەر لەم هەفتەیەدا پەسەندی بكات‌و بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە:
•    پلەباڵاكان، ئەوانەی ساڵی خزمەت‌و تەمەنیان هەیە، بەرێژەی 25% بۆ 70%ی موچەی ئێستایان خانەنشین دەكرێن، بۆ هەر ساڵێكی خزمەت (2.5%)ی كۆی موچە دیاریكراوە، ساڵی خزمەت بە (15 ساڵ) دیاریكراوە، تەمەنیش بە (45 ساڵ)، بۆ نمونە: هەر وەزیر یان پەرلەمانتارێك كە هەموو پێوەرەكانی خانەنشینبوونی تێدابێت، مانگانە بە بڕی (5 ملیۆن‌و 740 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێت كە دەكاتە رێژەی 70%ی كۆی موچەی ئێستای.
•    ئەو پلەباڵایانەی، كە مەرجەكانی خانەنشینبوونیان تێدا نییە وەكو تەمەن‌و ساڵی خزمەت، ئەوانیش بەرێژەی 40%ی كۆی ئەو موچەیە خانەنشین دەكرێن كە ئێستا وەریدەگرن، واتە هەر یەكێك لەوانە مانگانە لە كۆی موچەكەیان كە ئێستا (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینارە، (3 ملیۆن‌و 280 هەزار) دیناریان وەكو موچەی خانەنشینی پێدەدرێت تا ئەوكاتەی تەمەنیان دەگاتە (45 ساڵ)‌و ساڵی خزمەتیشیان دەبێت بە (15) ساڵ، ئەوكاتە مەرجەكانی بڕگەی تایبەت بەوانەیان لەسەر جێبەجێدەكرێت كە مەرجە یاساییەكانی خانەنشینبوونیان تێدایە، ئەمە سەرچاوەی ئەو ناڕەزایەتیەیە كە دروستبووە، لایەنی باشی ئەم بڕگەیە ئەوەیە، ئەوانەی مەرجی خانەنشینبونییان تێدا نییە، دەبێت لە فەرمانگەیەكی حكومەتدا كاربكەن بۆ ئەوەی ساڵی خزمەت و تەمەنی خانەنشینی تەواو بكەن، بەپێچەوانەوە موچەی خانەنشینییەكەیان كە بۆیان بڕدراوەتەوە زیادناكرێت، خاڵی نەرێنی بڕگەكەش ئەوەیە، ئەوانەی كە مەرجی یاساییان تێدا نییە، تەنانەت ئەگەر لە هیچ فەرمانگەیەكیش كارنەكەن تاوەكو كۆتایی ژیانیان ئەو بڕە پارەیە وەكو موچەی خانەنشینی وەردەگرن‌و سنوری بۆ دانەنراوە.

نامەكەی نەوشیروان مستەفا
بابەتی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان، لەسەرەتای 2000وە بووەتە بابەتی جێگە مشتومڕ لەناو میدیاكان‌و لە شەقام، چەندین پێشنیازی جۆراوجۆر لەبارەی كەمكردنەوەی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان‌و رێكخستنی لەچوارچێوەی یاسایەكی دادپەروەرانەدا، خراوەتەڕوو.
یەكێك لە دیارترین پێشنیازەكان بۆ رێكخستنەوەی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان لەم ساڵانەی دوایدا پێشنیازێكی نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕانە.
نەوشیروان مستەفا لەنامەیەكدا كە 23ی كانونی دووەم 2012 ئاڕاستەی فراكسیۆنی بزوتنەوەكەی كردووە لە پەرلەمانی كوردستان، پێشنیازێكی نوێ لەبارەی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان دەخاتەڕوو، تێیدا داوا دەكات هەموو ئەو یاسایانە هەڵوەشێندرێنەوە كە"‌ ئەندام پەرلەمان بەر لە تەمەنی‌ تقاعدی‌ خدمەی‌ مەدەنی‌ خانەنشین ئەكا، پرۆژە یاساكە زەمانەتی‌ گەڕانەوەی‌ ئەندام پەرلەمان بكا بۆ وەزیفەی‌ بەر لە ئەندام پەرلەمانێتی‌، ئەوەشی كە وەزیفەی‌ نەبو بۆ ماوەی‌ ساڵێك موچەی‌ بدرێتێ وەك زەمانەتێك تا كارێك ئەدۆزێتەوە".

دەقی نامەكەی نەوشیروان مستەفا بۆ ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان
بەڕێزان: ئەندامانی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان لە پەرلەمانی‌ كوردستان
لە پاش رێز و سڵاو
بەندە وەكو كەسێ‌ كە لە دروستكردنی‌ لیستی‌ گۆڕان و بزوتنەوەی‌ گۆڕاندا بەشداریم كردوە هەروەها وەكوو هاوڵاتیەكی‌ كوردستان ئەو هەقە بە خۆم ئەدەم ئەم نامەیەتان ئاراستە بكەم:
دو ساڵ زیاترە، وەك نوێنەری‌ سەدان هەزار هاوڵاتی‌ لە پەرلەمانی‌ كوردستان سوێندتان خواردوە، بەر لەوەی‌ ببنە پەرلەمانتار لە بەردەم رای‌ گشتی‌ دا سوێندتان خوارد كە پابەند بن  بە پەیام و كارنامەی‌ لیستی‌ گۆڕانەوە، خەڵكی‌ كوردستان لە سەر ئەساسی‌ بەڵێنەكانی‌ لیستی‌ گۆڕان دەنگی‌ بە ئێوە و ئێمەشدا.
من و هاوڕێكانم بە شانازیەوە ناوی‌ خۆمان خستە پاڵ ناوی‌ ئێوە تا پێكەوە متمانەی‌ خەڵك بە دەستبهێنن. لە حەملەی‌ هەڵبژاردندا سەدان هەزار هاوڵاتی‌ بە ئومێدێكی‌ زۆرەوە رژانە سەر شەقامەكان، بە هۆی‌ پشتیوانی‌ لیستی‌ گۆڕانەوە نزیكەی‌ چوار هەزار هاوڵاتی‌ نانبڕاو كران و سزادران و هەزاران هەڵسوڕاو و دۆستی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان رووبەڕووی‌ هەڕەشەی‌ كوشتن و حەپس و لێدان بوونەوە، بەڵام ئەوان ئازایانە بەردەوام بوون‌و خۆبەخشانە پشتیوانتان بوون، هەزاران پێشمەرگەی‌ كۆن، سەدان چاودێری‌ خۆبەخشی‌ سەر سندوقەكانی‌ دەنگدان، سەدان رۆژنامەنوس، نوسەر، هونەرمەند و كەسانی‌ چالاك پشتگیرتان بوون، هاوڕێكانتان لە رۆژنامەی‌ رۆژنامە لە تەلەفزیۆنی‌ كەی‌ ئێن ئێن، رادیۆی‌ گۆڕان، سایتی‌ سبەی‌، كەناڵەكانی‌ كومپانیای‌ وشە.... گەورەترین كامپەینی‌ راگەیاندنیان بۆ هەڵبژاردن سازدا. چەندین داهێنانی‌ نوێیان پێشكەش كرد، ورە و ئازایەتیان بەخشیە سەدان هەزار هاوڵاتی‌ بۆ ئەوەی‌ ئازایانە بەشداری‌ هەڵبژاردن بكەن و ئازادانە دەنگ بدەن.
ئەڵبەت ئێمە تا ئێستاش ئومێدمان پێتان قایمە و ئەزانین پابەندن بە خەتەگشتیەكانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕانەوە، ئێمە وەك چۆن پێمان خۆش بوو بچنە پەرلەمان هەرواش ئومێد ئەكەین لە ئێستا و لە ئایندەدا وەك كەسایەتی‌ بەڕێز لە ناو خەڵكا بمێننەوە، ئەوەشتان لا رۆشن بێت، كە نە ئێمە و نە هاوڕێكانتان، نە هاوڵاتیانی‌ كوردستان حەسودیتان پێ‌ نابەن، چاویان لە ئیمتیازاتی‌ ئێوە نیە، بەپێچەوانەوە زۆرجار دەستخۆشیمان لێكردوون، شانازیمان بە هاوڕێیەتیتانەوە كردوە، چەندین جار لە چەندین موناسەبەتا، ستایشمان كردوون و ئێوەمان بە رەعیلی‌ یەكەمی‌ خەباتی‌ پەرلەمان زانیوە، بەڵام دوای‌ زیاتر لە دو ساڵ كاتی‌ ئەوە هاتووە چەند وشەیەكتان بە راشكاوی‌ پێبڵێم:
من لە ژیانی‌ پێشمەرگایەتیمەوە تا ئێستا، شێرە ژنەكان و پیاوە جوامێرەكانم بەوە تاقی‌ كردۆتەوە كە لە بەردەم فریوی‌ پارە و پۆستا خۆڕاگر بن و چۆك دانەدەن، كاتێك خەڵك پێیان هەڵ ئەدا لە خۆیان نەگۆڕێن و خەڵك لە خوار خۆیانەوە نەبینن، نایشارمەوە هەندێكتان لە یەكەم تاقیكردنەوەدا لاوازدەرچوون، لە بەردەم فریوی‌ شوقە و ڤێلاو ئوتۆمبێل و حەرەس و ئیمتیازا خۆڕاگر نەبوون، بەڵام تا ئێستا نە من نە هیچ  ئۆرگانێكی‌ رەسمی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بە رەسمی‌ سەرزەنشتمان نەكردون، من لە پەروەردەی‌ سیاسیا حەزم لە نەسیحەت و وەعز نیە.
حەزم لەوەش نییە كەس لە ترسی من یان لە ترسی دیسپلینی‌ حیزبی خراپە نەكا، بەڵكو ئەمەوێ لە ترسی لێپێچینەوەی‌ هاوڵاتیان و لە ترسی موحاسەبەی‌ ویژدانی‌ خۆی‌ كاری‌ نەشیاو نەكا، بڕوام بەو پەندەی‌ هیندییە سوورەكان هەیە كە ئەڵێ: لە كاتی‌ بەخێوكردنی‌ مناڵا لێگەڕێ با خۆی‌ چەند جارێك هەڵە بكا و باجی‌ هەڵەكانی‌ بدا، ئەوسا دەستی‌ بگرەو چەند قسەیەكی‌ بۆ بكە.
ئێستا دوای‌ ئەوەی‌ چەند هەڵەیەك بەسەرتانا تێپەڕی‌، خۆشتان بەر لەهەر كەس باجەكەتان دا، ئەمەوێ لای‌ هەمووتان رۆشن بێت كە بزوتنەوەی‌ گۆڕان ئامادە نییە باجی‌ هەڵەو تەماحی‌ هیچ كەسێك بدا، تەنانەت ئەگەر نوری‌ چاویشم بێت، چونكە گەر بمانخەنە گۆشەیەك و موخەیەرمان بكەن لە نێوان سومعەی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان و لە دەستدانی‌ متمانەی‌ سەدان هەزار هاوڵاتی‌ لە پاڵ دەركردنی‌ چەند ئەندام پەرلەمانێك، ئەوە بێ دودڵی‌ دووەمیان هەڵئەبژێرین، بەڵام هێشتا نەچوەو بچێ و ئەكرێ لە ماوەی‌ ئەم ساڵ و چەند مانگەی‌ كە ماوتانە لە پەرلەمان بەخۆتانا بچنەوە ئەم كارانە بكەن:
1- ئەو ئەندام پەرلەمانانەی‌ گۆڕان كە داوای‌ كڕین و تاپۆكردنی‌ شوقەو ڤێلاكانی‌ پەرلەمانیان كردوە، ئاگادارمان كردبونەوە كە با بە رونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی‌ داوای‌ لێبووردن لە خەڵكی‌ كوردستان و دەنگدەرەكانیان بكەن، چونكە ئەوان بەڵێنیان داوە بەرگری‌ لە مافی‌ گشتی‌ خەڵك بكەن نەك لە ئیمتیازاتی‌ خۆیان، بەڵام نەیان كرد، بۆیە دەبێ، ئیستیقالە لە پەرلەمان بكەن، ئەگەر هەر نا ئەوە خۆمان بۆ رای گشتی‌ بڵاو ئەكەینەوە كە ئەوان چیتر ئەندام پەرلەمانی‌ گۆڕان نین و پابەند نەبون بە بەڵێنەكانی‌ هەڵبژاردنەوە.
2- فراكسیۆنەكەتان پرۆژە یاسایەك پێشكەش بكا بۆ كەمكردنەوەی‌ مووچەی‌ ئەندام پەرلەمان و هەموو ئەو ئیمتیازاتانەی‌ وەك ئۆتۆمۆبێل و شوقەو ڤێلا ئەدرێت ئەندام پەرلەمان، بەنیسبەتێك كە موچەی‌ ئەندام پەرلەمان نزیكبكەوێتەوە لە بەرزترین ئاستی‌ مووچەی‌ فەرمانبەرێكی‌ حكومی‌، مەبەستم ئەو فەرمانبەرانەی‌ حكومەت نییە كە دەرەجەی‌ تایبەتیان هەیە.
3- فراكسیۆنەكەتان پرۆژە یاسایەك پێشكەش بكا بۆ هەڵوەشاندنەوەی‌ خانەنشینی ئەندام پەرلەمان، هەڵوەشاندنەوەی‌ هەمو ئەو یاسایانەی‌ كە ئەندام پەرلەمان بەر لە تەمەنی‌ تقاعدی‌ خدمەی‌ مەدەنی‌ خانەنشین ئەكا، پرۆژە یاساكە زەمانەتی‌ گەڕانەوەی‌ ئەندام پەرلەمان بكا بۆ وەزیفەی‌ بەر لە ئەندام پەرلەمانێتی‌، ئەوەشی كە وەزیفەی‌ نەبو بۆ ماوەی‌ ساڵێك موچەی‌ بدرێتێ وەك زەمانەتێك تا كارێك ئەدۆزێتەوە، ئەم پرۆژە یاسایە لە بەرژەوەندی‌ خەڵكە، چونكە ئەندام پەرلەمان هان ئەدا كاری‌ باش بكا بۆ ئەوەی‌ جارێكی‌ تر متمانەی‌ خەڵك وەرگرێتەوە و ببێتەوە بە ئەندام پەرلەمان.
4. فراكسیۆنەكەتان بەسەر چەند گروپێكا دابەش بكەن (بۆ نمونە پێنج گروپ) هەفتانە هەر پێنج گروپەكە سەردانی‌ پێنج ناوچەی‌ جیاوازی‌ كوردستان بكەن، لە نزیكەوە گوێ‌ لە داواكاری‌‌و پێشنیازی‌ خەڵك بگرن‌و داواكاری‌‌و پێشنیازەكانیان بە نوسراو ببەنە بەردەم بەرپرسان‌و رەئیسی‌ وەحدە ئیداریەكان‌و وەزیرەكان، بە یاداشتیش نوسخەی‌ لێ‌ بدەن بە سەرۆكی‌ پەرلەمان‌و لە لیجەنەكانیش موتابەعەی‌ بكەن. هەر گروپێك راپۆرتی‌ هەفتانەی‌ خۆی‌ بدا بە (سەید عومەری‌ سەید عەلی‌) كە كۆكاری‌ فراكسیۆنەكانە، لە راپۆرتەكەدا ئەوەش تۆمار كەن كێ‌ ئامادە نەبوە‌و ئەركەكەی‌ راپەڕێنێ‌‌و عوزرەكەی‌ چی‌ بووە، هەروەها وەك لە پرۆژە دەستوری‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان دا هاتوە، كە بۆ هەر ئەنجومەنی شارێك ئەندام پەرلەمان دابنرێ‌ بۆیە پێویستە ئەو ئەركەش جێ‌ بە جێ‌ بكرێ‌.
5. بە تاك و تەرا پرۆژ پێشكەش مەكەن، پێكەوە بە راوێژ لەگەڵ كۆكار و ژوری‌ قانونی‌ و ژوری‌ ئابوری‌ و ژوری‌ لێكۆڵینەوەی‌ سیاسی‌ پرۆژە پێشكەش بكەن، بزانن گونجاوە لەگەڵ كارنامەی‌ گۆڕان یان نا، هەر پرۆژەیەكیش تەوقیتی‌ خۆی‌ هەیە.
6.  سایتی‌ رەسمی‌ بزوتنەوەكە و راگەیاندنی‌ خۆمان رائەسپێرم بەپێی‌ ئەهمیەتی‌ چالاكی‌‌و پرۆژەكانی‌ فراكسیۆنەكەتان بایەختان پێ بدرێ‌، بەڵام ئەوەشتان لەلا رۆشن بێ‌ كە ئێوە بۆ ئەوە چونەتە پەرلەمانەوە كە لەخەڵكەوە نزیك بن‌ نەك هەمیشە لە ئیعلاما دەركەون. ئێمەش وەك بزوتنەوەی‌ گۆڕان جگە لە ئێوە دو فراكسیۆنی‌ ترمان هەیە، لەپاڵ نزیكەی‌ دە ژور و نزیكەی‌ چل ئەنجومەن لە كوردستان‌و چل ئەنجومەنی‌ جالییەی‌ كوردی‌، كە هەمویان داوامان لێ ئەكەن چالاكیەكانیان تەغتەییە بكەین، بەڵام ئێمە هەر  فریای‌ چالاكییە گرنگەكان ئەكەوین، متمانەشمان بە كارمەندانی‌ راگەیاندنی‌ خۆمان هەیە بە دڵسوزییەوە بۆ بزوتنەوەی‌ گۆڕان‌و بەرژەندەی‌ خەڵك كار ئەكەن.
لەكۆتاییا ... ئومێدەوارم لە بەر روناكی‌ ئەم نامەیە، لاپەڕەیەكی‌ نوێ‌ لە ژیانی‌ خۆتان‌و لە ژیانی‌ خەباتی‌ پەرلەمانی‌ هەڵ بەنەوە، سەربەرزانە بچنە ناو خەڵك‌و دەنگدەرەكانتان، خۆم و هاوڕێكانیشم پشتیوانتان ئەبین، ئومێدی‌ هەمو باشییەكتان بۆ ئەخوازم‌و هەر بژین.
لەجیاتی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان
هاوڕێتان
نەوشیروان مستەفا
23/1/2012

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand