Draw Media

بەر لە پەرلەمان، حكومەت خانەنشینی پلە باڵاكانی پەسەندكرد

بەر لە پەرلەمان، حكومەت خانەنشینی پلە باڵاكانی پەسەندكرد

2020-01-11 20:38:26


درەو:
بەرلە پەسەندكردنی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پرۆژە یاسای چاكسازی بەپێی دوایین رەشنوسەكەی لەلایەن  ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندكراوە كە نوێنەرانی هەرسێ لایەنی ( پارتی، یەكێتی، گۆڕان)ی تێدایە و بەكۆی دەنگ پەسەندیانكردووە.
سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە (درەو)ی راگەیاند: لە كۆبونەوەی رۆژی 8/1/2020 ئەنجومەنی وەزیران بەكۆی دەنگی ئەندامەكانی كە پێكهاتووە لە وەزیرەكانی (پارتی، یەكێتی، گۆڕان، سۆسیالیست، پێكهاتەكانی توركمان و مەسیحی) پرۆژە یاسای چاكسازیان پەسەند كردووەو هەموویان رەزامەند بوون كە خانەنشینی پلەباڵاكان بەو شێوەیەی لێبێت كە ئێستا لە پرۆژە یاساكەدا هاتووە. 
لە مادەی (7) پرۆژە یاسای چاكسازیدا كە بڕیارە سبەینێ لە پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت و(پرسی خانەنشینی پلە باڵاكان بەم شێوەیە داڕێژراوە: 
-     رێژەی 25% لە كۆی دوا موچەو دەرماڵە
-     رێژەی 2.5% لە كۆی گشتی دوا موچە و دەرماڵە بۆ هەرساڵێكی خزمەت
-    شایستەی موچەی خانەنشین نابێت لە رێژەی 70% تێپەڕێت

دواتر لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان بڕگەیەكیان بۆ بۆ ئەو پەرلەمانتارانە زیادكرد كە تەمەن ساڵی خزمەتیان نیە كە ئەویش:
- 40%ی كۆی موچەكانیان خانەنشین دەكرێن 

 

خانەنشینی پلەباڵاكان
ئێستا هەر پلەباڵایەك بەدیاریكراوی (وەزیرو پەرلەمانتاران)ی خانەنشینكراو، بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی (تەمەن، ساڵی خزمەت) بەرێژەی 80%ی كۆی موچەكانیان خانەنشینكراون، كۆی موچەی وەزیرو پەرلەمانتار (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینارە، واتە موچەی خانەنشینی هەر پەرلەمانتارو وەزیرێك لە یەك مانگدا (6 ملیۆن‌و 560 هەزار) دینارە.
بەپێی ئەو پرۆژەیاسایەی كە ئێستا لەبەردەستدایە‌و لیژنەی دارایی پەرلەمان راپۆرتی كۆتایی خۆی لەسەر نوسیوە، بڕگەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان وەكو ئەوە جێگیرنەكراوە كە لە یاسای خانەنشینی عێراقدا هەیە، بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق هەركەسێك تەمەنی نەگەیشتبێتە تەمەنی خانەنشینی‌و ماوەی 15 ساڵ خزمەتی نەبێت، موچەی خانەنشینی نایگرێتەوە، بەڵام لە پرۆژە پەسەندكراوەكەی لیژنەی دارایی پەرلەماندا، پرسی خانەنشینی پلەباڵاكان بەمشێوەیە جێگیركراوە:
• پلەباڵاكان ئەوانەی ساڵی خزمەت‌و تەمەنیان هەیە، بەرێژەی 25% بۆ 70%ی موچەی ئێستایان خانەنشین دەكرێن، بۆ هەر ساڵێكی خزمەت (2.5%)ی كۆی موچە دیاریكراوە، ساڵی خزمەت بە (15 ساڵ) دیاریكراوە، تەمەنیش بە (45 ساڵ)، بۆ نمونە: هەر وەزیر یان پەرلەمانتارێك كە هەموو پێوەرەكانی خانەنشینبوونی تێدابێت، مانگانە بە بڕی (5 ملیۆن‌و 740 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێت كە دەكاتە رێژەی 70%ی كۆی موچەی ئێستای.
• ئەو پلەباڵایانەی كە مەرجەكانی خانەنشینبوونیان تێدا نییە وەكو تەمەن‌و ساڵی خزمەت، ئەوانیش بەرێژەی 40%ی كۆی ئەو موچەیە خانەنشین دەكرێن كە ئێستا وەریدەگرن، واتە هەر یەكێك لەوانە مانگانە لە كۆی موچەكەیان كە ئێستا (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینارە، (3 ملیۆن‌و 280 هەزار) دیناریان وەكو موچەی خانەنشینی پێدەدرێت تا ئەوكاتەی تەمەنیان دەگاتە (45 ساڵ)‌و ساڵی خزمەتیشیان دەبێت بە (15) ساڵ، ئەوكاتە مەرجەكانی بڕگەی تایبەت بەوانەیان لەسەر جێبەجێدەكرێت كە مەرجە یاساییەكانی خانەنشینبوونیان تێدایە، لایەنی باشی ئەم بڕگەیە ئەوەیە، ئەوانەی مەرجی خانەنشینبونییان تێدا نییە، دەبێت لە فەرمانگەیەكی حكومەتدا كاربكەن بۆ ئەوەی ساڵی خزمەت و تەمەنی خانەنشینی تەواو بكەن، بەپێچەوانەوە موچەی خانەنشینییەكەیان كە بۆیان بڕدراوەتەوە زیادناكرێت، خاڵی نەرێنی بڕگەكەش ئەوەیە، ئەوانەی كە مەرجی یاساییان تێدا نییە، تەنانەت ئەگەر لە هیچ فەرمانگەیەكیش كارنەكەن تاوەكو كۆتایی ژیانیان ئەو بڕە پارەیە وەكو موچەی خانەنشینی وەردەگرن‌و سنوری بۆ دانەنراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand