دژایەتی ئەمریكا پێگەی عەبدولمەهدی لەناو شیعە بەهێز دەكات
2020-01-11 17:00:44
(درەو):
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق ئێستا لە هەرێمی كوردستانە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) عەبدولمەهدی لە هەرێمەوە دەیەوێت پشتیوانی مانەوەی لە پۆستی سەرۆك وەزیران زامن بكات.
سەرچاوەیەكی ئاگار لە بەغدادەوە بە (درەو)ی راگەیاند، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی كاربەڕێكەری عێراق بەمەبەستی بەدەستهێنانی پاڵپشتی بۆ مانەوەی لە پۆستی سەرۆك وەزیران، سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە.
ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە وتی:" عەبدولمەهدی تاڕادەیەك پشتیوانی موقتەدا سەدر سەرۆكی هاوپەیمانی سائیرون-ی بەدەستهێناوە بۆ مانەوە لە پۆستەكەی، كە لەگەڵ هادی عامریدا لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا بەناوی (هاوپەیمانی بونیادنان) كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانی عێراقن.
سەدر سەرەتاو دوای توندبوونەوەی ناڕەزایەتییەكان لە شەقام، بەتوندی لەدژی عەبدولمەهدی وەستایەوەو داوای لێكرد دەستلەكاربكێشێتەوە، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، هەڵوێستی عەبدولمەهدی لەبارەی كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق سەرەنجی لایەنە شیعەكانی بەلای خۆیدا راكێشاوەو دەوترێت تاڕادەیەكیش مەرجەعیەت ئێستا كێشەی لە مانەوەی عەبدولمەهدی نییە لە پۆستی سەرۆك وەزیران، بەتایبەتیش لەكاتێكدا هێشتا نەتوانراوە كەسێك بۆ بەدیلی ئەو دیاری بكرێت لە پۆستی سەرۆك وەزیران.
یەكێك لە میدیا عێراقییەكان لەزاری سەرچاوەیەكی باڵای كوردەوە رایگەیاند، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە دیداری ئەمڕۆدا پشتیوانی خۆی بۆ مانەوەی عەبدولمەهدی دەربڕیوە، بەڵام (درەو) لەئێستادا بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی پێویست، ناتوانێت راستی ئەم هەواڵە پشتڕاستبكاتەوە.
مانگی رابردوو عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی سەرۆك وەزیران راگەیاند، پەرلەمان دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەندكرد، لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا بەشێوەی كاربەڕێكەر حكومەت بەڕێوەدەبات، كاندیدی جێگرەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هێشتا یەكلانەبووەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە وادەی دەستوری لەدانانی كاندیدی جێگرەوەدا بەتەواوەتی لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقەوە پێشێلكراوە.
عادل عەبدولمەهدی لە ساتی نوسینی ئەم هەواڵەدا لە شاری سلێمانییەو لەماڵی كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، دیارنییە یەكێتی هەڵوێستی چۆن دەبێت لەبارەی مانەوەی عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەتایبەتی لەكاتێكدا بەرهەم ساڵح كە یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی یەكێتیو سەرۆك كۆماری عێراقە، ماوەیەكە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عەبدولمەهدی ئاڵۆزی تێكەوتووەو دەوترێت متمانە لەنێوانیاندا لاواز بووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) پێدەچێت یەكێتی نیشتمانیش پشتیوانی بۆ مانەوەی عەبدولمەهدی رابگەیەنێت، چونكە بەم هەنگاوە یەكێتی بەرهەم ساڵح لە كێشەی كاندیدی سەرۆك وەزیران رزگار دەكاتو زامنی مانەوەی دەكات لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدا.
هەوڵی مانەوەی عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەكاتێكدایە هێشتا لەلایەن شەقامی ناڕازییو گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندانەوە لە شاری جیاوازەكان، دژایەتی مانەوەی دەكرێت لەو پۆستە.