Draw Media

دوو سكاڵا دژی گرێبەستە مەسرور بارزانی لە ئەمریكا رەتكرایەوە

دوو سكاڵا دژی گرێبەستە مەسرور بارزانی لە ئەمریكا رەتكرایەوە

2025-07-20 11:54:01


(درەو):
دادگای فیدراڵی عێراق دوو سكاڵای بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستانە رەتكردەوە، كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم مانگی ئایاری ئەمساڵ لە ئەمریكا لەگەڵ دوو كۆمپانیای نەوتیی ئیمزای كرد. 

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوو سكاڵای دژ بە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان رەتكردەوە. سكاڵای یەكەم لەلایەن پەرلەمانتار (رائد حەمدان مالیكی) ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقەوە دژی هەریەكە لە سەرۆك وەزیران و وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم تۆماركرابوو، تێیدا سكاڵاكار داوای لە دادگا كردبوو گرێبەست و رێككەوتنە نەوتییەكانی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكانی بواری نەوت (western Zagros- hkn energy) لە كێڵگەكانی (میران و تۆپخانە- كوردەمیر) بەنادروست لە قەڵەم بدات، ئەم گرێبەستانە رۆژی 19ی ئایاری ئەمساڵ واژۆ كراون و سكاڵاكار باسی لەوە كردووە گرێبەستەكان پێچەوانەی دەستوری عێراق.
لەمە زیاتر، هەر لەم سكاڵایەدا، پەرلەمانتارەكەی عێراق داوای كردووە دادگا حكومەتی هەرێم پابەند بكات بەوەی لە ئایندەدا هیچ گرێبەستێكی تر تایبەت بە نەوت و غاز نەكات بەبێ ئاگاداری حكومەتی فیدراڵ. 
هەروەها داوای كردووە دادگای فیدراڵی بە فەرمانسالارییەك (امر ولائی)، حكومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پابەند بكات بەوەی رێكارەكانی جێبەجێكردنی ئەو گرێبەستانە رابگرن تا ئەوكاتەی ئەم سكاڵایە یەكلا دەبێتەوە.
دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ ئەم سكاڵایەی پوچەڵكردەوە، بەڵام هێشتا وردەكاری بڕیارەكەی لەبارەی هۆكاری پوچەڵكردنەوەی سكاڵاكە بڵاونەكردوەتەوە. 
سكاڵای دووەمیش بە هەمان شێوە لەلایەن پەرلەمانتارێكەوە بەناوی (باسم غریباوی) ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق تۆماركراوە. لەم سكاڵایەدا كە لەسەر هەریەك لە سەرۆك وەزیران و وەزیری سامانە سروشتییەكان تۆماركراوە، داوا لە دادگا كراوە هەمان گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە كێڵگەكانی (میران و تۆپخانە- كوردەمیر) پوچەڵ بكرێنەوەو حكومەتی هەرێم پابەند بكرێت بەوەی لە ئایندەدا بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی فیدراڵ هیچ گرێبەستێك نەكات. 
دادگای فیدراڵی ئەم سكاڵایەشی رەتكردوەتەوە، بەڵام وردەكاری هۆكاری رەتكردنەوەكە هێشتا بڵاونەكراوەتەوە. 
دەقی سكاڵاكان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand