دەقی رێككەوتنی نەوت و موچە لەنێوان هەولێرو بەغداد

2025-07-17 12:15:19
دەقی رێکكەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد کە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق خوێندرایەوە دەنگی لەسەردرا:
یەكەم: دۆسیەی رادەستكردنی نەوت
1- حكومەتی هەرێم دەستبەجێ دەستدەكات بە رادەستكردنی تەواوەتیی نەوتی بەرهەمهێنراوی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم بە كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوت (سۆمۆ)، بەمەبەستی هەناردەكردن، وەزارەتی دارایی فیدراڵیش پابەند دەبێت بە پێدانی پێشینەیەك بەبڕی 16 دۆلار (كاش بێت یاخود نا) بۆ هەر بەرمیلێكی رادەستكراو بەگوێرەی یاسای هەمواری یاسای بودجە، بەومەرجەی بڕی رادەستكراو كەمتر نەبێت لە 230 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە ئێستادا، لەڕێگەی لیژنەی هاوبەشی پێوانەو قەبارەدانی هاوبەشەوە هەر زیادبوونێك لەبڕی بەرهەمهێنان بۆ ئەم بڕە زیاد دەكرێت؛ لە حاڵی راوەستانی هەناردەدا بە هەر هۆكارێك بڕی تەواوەتی نەوتی ناوبراو رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەكرێت.
(رونكردنەوە: بڕی تەواوەتی بەرهەمهێنان لە ئێستادا 280 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە بەگوێرەی راپۆرتەكانی هەرێم، بڕی 50 هەزار بەرمیلی رۆژانەی بۆ مەبەستی بەكارهێنانی ناوخۆ تەرخان دەكرێت و، ئەوەی دەمێنێتەوە 230 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە، هەر زیادبوونێكی بەرهەمهێنان لە ئایندەدا رادەستی سۆمۆ دەكرێت بۆ مەبەستی هەناردەكردن).
2- بڕی 50 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ مەبەستی بەكاربردنی ناوخۆیی لە هەرێم تەرخاندەكرێت، بەو مەرجەی هەرێم پابەند بێت بە پێدانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەم بڕەو؛ داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكانیش بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی دوای لێدەكردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو پاڵاوتن، لە حاڵی پێویستیی هەرێمدا، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بەپێی یاسا بڕی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ هەرێم دابین دەكات، بەجۆرێك بەرهەمی پاڵاوتن لە رۆژێكدا لە 15 هەزار بەرمیل نەوتی خاو تێپەڕ نەكات، لیژنەی هاوبەشی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سرشتییەكان لە هەرێم هەڵدەستن بە هەڵسەنگاندنی پێویستی راستەقینەی هەرێم بۆ بەرهەمە نەوتییەكان بەمەبەستی تەرخانكردنی، بەو مەرجەی لەماوەی دوو هەفتەدا راپۆرتی خۆی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزبكاتەوە بەمەبەستی بڕیارلێدانی.
دووەم: دۆسیەی داهاتە نانەوتییەكان
1- حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵدەستێ بە رادەستكردنی بڕی (120) ملیار دینار بە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، وەكو بڕە پارەی سەرەتایی خەمڵێندراو بۆ پشكی خەزێنەی گشتیی دەوڵەت لە داهاتە نانەوتییەكانی مانگی ئایار، بۆ ئەوەی دوای وردبینی بەپێی بڕگەی (2)ی خوارەوە، پاكتاو بكرێت.
2- تیمێكی كار لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم پێكدەهێنرێت، بۆ مەبەستی پۆلێنكردنی داهاتە نانەوتییەكان و وردبینیكردنیانن و دیاریكردنی پشكی حكومەتی فیدراڵ لەم داهاتانە لە مانگی ئایاری 2025وە، بەلەبەرچاوگرتنی بەهای تێكڕای داهاتە نانەوتییەكان بەپێی تەرازووی پێداچوونەوە بەوشێوەی لە راپۆرتی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمدا هاتووە لەوكاتەوە كە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ چوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، تیمەكە دەبێت لە ماوەی دوو هەفتەدا راپۆرتی خۆی پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بكات بەمەبەستی بڕیاردان لەسەری.
3- لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم دروستدەكرێت بۆ تەواوكردنی تەوتینی موچە لە هەرێم بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، بەمەرجێك لە ماوەیەكدا كە لە سێ مانگ زیاتر نەبێت ئەركەكەی تەواو بكات و لە كۆتایی ئەم ماوەیەدا تەمویلكردن تەنیا بۆ ئەو موچانە دەبێت كە تەوتین كراون.
4- تیمێك لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم پێكدەهێنرێت بەمەبەستی دیاریكردنی بڕی ئەو پارەی كە زیاترە لە پشكی هەریم لە خەرجی راستەقینەو چۆنیەتی چارەسەركردنی بەپێی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵەكانی (2023-2024-2025)، بەمەرجێك ئەوپەڕی لەماوەی دوو هەفتەدا راپۆرتی خۆی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بەرزبكاتەوە.
5- وەزارەتی دارایی دەستدەکات بە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگی ئایار وەک دەستپێکێک بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دوای ئەوەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی/ سۆمۆ رەزامەندی دەربڕی لەسەر وەرگرتنی تەواوی ئەو بڕە نەوتەی کە لە بڕگەی یەک/1دا ئاماژەی پێکراوە (لە ئێستادا 230 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا). لە بەندەری جەیهان بەپێی یاسا.
6- ئەو ماوانەی کە لەم بڕیارەدا ئاماژەیان پێکراوە لە رێكەوتی پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەستپێدەکات.
