سبەینێ لیژنەكە راپۆرتی خۆی دەخاتەڕوو؛ وەزارەتی نەوت چاوەڕێی هەرێمە

2025-07-14 13:32:37
(درەو):
وەزارەتی نەوتی عێراق چاوەڕێی رونكردنەوەی حكومەتی هەرێم دەكات لەبارەی بڕی نەوت بۆ پێداویستی ناوخۆی هەرێم، لیژنەكەی حكومەتیش سبەینێ راپۆرتی خۆی دەخوێنێتەوە.
ئەمڕۆ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی فیدراڵ چووە بەردەم لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق. بەپێی زانیارییەكان، لەم كۆبوونەوەیەدا كە تایبەت بووە بە پرسی تێكەڵكردنی نەوت عێراق لەگەڵ نەوتی ئێران و تۆمەتەكانی تایبەت بە قاچاخچێتیی، وەزیری نەوت لەبارەی كێشەی نەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەكردووە" چاوەڕێی نوسراوی حكومەتی هەرێم دەكەن لەبارەی ئەوەی بۆچی بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ، لەبری 46 هەزار بەرمیل نەوت داوای 65 هەزار بەرمی دەكەن، بۆ ئەوەی لەبەرەنجامی رونكردنەوەی حكومەتی هەرێمەوە بتوانن رێگەچارەیەك بۆ كێشەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بدۆزنەوە".
وەزیری نەوتی عێراق سەرەتای ئەم هەفتەیە ئاشكرایكرد، لەبارەی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە لەرێگەی بۆری عێراق- توركیا كە لە 25ی ئازاری 2023وە راوەستاوە، لەگەڵ حكومەتی هەرێم لەسەر زۆربەی بابەتەكان گەیشتونەتە رێككەوتن و تەنیا بڕی نەوت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی هەرێم كێشەی لەسەرە.
هاوكات؛ سەرچاوەكان لەناو حكومەتی هەرێمەوە باسلەوە دەكەن، لە كۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، ئەو لیژنە وزارییەی كە هەفتەی رابردوو لەبارەی پرسی موچەو هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دروستكرا، راپۆرتی خۆیان دەخەنە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران.
لەسەر بنەمای راپۆرتەكە، ئەنجومەنی وەزیران تەماشای پێشنیارو چاارەسەرەكان دەكات بەمەبەستی گەیشتن بە رەشنوسێكی كۆتایی رێككەوتن لەنێوان هەردوو حكومەتی بەغدادو هەرێم، بەمەبەستی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە 75 رۆژە دواكەوتووە، هاوكات لەگەڵ رادەستكردنی نەوت بە كۆمپانیا بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە.
