داهاتی (75) رۆژ نەوت و ناوخۆی هەرێم چی لێدێت؟

2025-07-14 09:47:27
درەو:
موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان (75) رۆژ واتا دوو مانگ و نیوە موچەیان وەرنەگرتووە، مانگانە بڕی پێویست بۆ موچە (998) ملیار دینارە كۆی گشتی ئەو (75) رۆژە دەكاتە ( 2 ترلیۆن و 495 ملیار) دینار، واتا ئەگەر موچەخۆرێك مانگانە (ملیۆنێك) دینار موچەكەی بێت ئەوا بۆ ئەو (75) رۆژە بڕی ( 2 ملیۆن و 500 هەزار) دینار موچەی لای حكومەتە.
بەئەژماركردنی راپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق و هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و بەغداد بۆ چوارمانگی 2025 ، داهاتی (75) رۆژی ناوخۆی هەرێم (730) ملیار دینار و داهاتی نەوت (980) ملیار و پارەی هاوپەیمانانیش (50) ملیار دینار بووە، بەڵام كۆی خەرجییەكانی حكومەتی هەرێم لە (75) رۆژدا بەبێ موچە تەنیا (395) ملیار دیناربووە.
راپۆرتێكی ژمارەیی لەو بارەیەوە
داهاتی ناوخۆ
هەرێمی كوردستان لە چوار سەرچاوەوە داهاتی دەست دەكەوێت:
- پارەی بەغداد
- داهاتی ناوخۆ
- داهاتی نەوتی
- پارەی هاوپەیمانان
یەكەم/ پارەی بەغداد
دوایین مانگ لە ساڵی 2025 دا كە بڕی پارە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستانی ناردووە خەرجی موچەی مانگی نیسانی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بووە:
- بۆ موچەی مانگی چوار: بڕی (954،514،000،000)دینار لە 13/5/2025
- بۆ موچەی مانگی سێ: بڕی (954،880،467،779) دینار لە 26/3/2025
- بۆ موچەی مانگی دوو: بڕی (957،925،880،078) دینار لە 12/3/2025
- بۆ موچەی مانگی یەك: بڕی (958,012,332,759) دینار لە 4/2/2025
وەزارەتی دارایی عێراق بە راگەیەندراوی فەرمی دەڵێت بۆ چوار مانگەكەی (2025) بڕی ( 4،117،485،644،441) ترلیۆن دیناری ناردووە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام بەشێكی قەرزی تی ئای و باجی موچەی لێبڕیوە.
دووەم/ داهاتی نانەوتی
داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان بە گوێرەی راپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق پشت بەست بە راپۆرتی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم بۆ چوار مانگی 2025 واتا لە مانگانەكانی (1،2،3،4) دەكاتە (1،166،125،957،730) ملیار دینار واتا مانگانە دەكاتە (292) ملیار دینار، هەرچەندە بەپێی راپۆرت و راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی فەرمی حكومەتی هەرێم داهاتی ناوخۆ مانگانە (320) ملیار دینار، كە نزیكەی (65) ملیار دیناری بۆ مەقاسەو چەكە.
كۆی داهاتی ناوخۆ بۆ شەش مانگ دەكاتە ( ترلیۆنێك و 752 ملیار) دینار داهاتی ناوخۆی شەش مانگی رابردووەو ( 730) ملیار دینار.
ئەو پارەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك داهاتی نانەوتی رادەستی بەغداد كراوە بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق بڕی (199،346،211،877) ملیار دینار، بۆ چوار مانگی 2025، كە مانگانە دەكاتە (49) ملیار دینار. كە دەكاتە (17%)ی كۆی داهاتی نانەوتی كە بەغداد داوای (50%) دەكات.
سێیەم/ داهاتی نەوتی
بەپێی وتەی وەزیرەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان سفرە،
بەڵام بەپێی راپۆرت و بەدواداچوونەكان هەرێمی كوردستان مانگی ئایار رۆژانە (299 هەزارو 705) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان و بە تێكڕا بەرمیلی بە (33) دۆلار فرۆشراوە، كۆی داهاتی مانگێك دەكاتە (297 ملیۆن) دۆلار بووە بە نزیكەی (400 ملیار) دینار.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق لە چوارمانگی یەكەمی 2025 هەرێمی كوردستان بەبەهای (1،568،810،130،000) ملیار دینار نەوتی فرۆشتووە كە مانگانە دەكاتە (392) ملیار دینار دەكات، (بەڵام ئەمە بەشێكی بۆ كۆمپانیا و پاڵاوگەكانە).
ئەگەر بەپێی راپۆرتەكەی وەزارەتی دارایی عێراق بێت مانگانە (392) ملیار دینار داهاتی نەوتە ئەوا بۆ شەش مانگی ئەمساڵ دەكاتە ( 2 ترلیۆن و 352 ملیار) دینارو بۆ (75) رۆژ داهاتی نەوت دەكاتە (980) ملیار دینار، كە بەشێكی بۆ كۆمپانیاو خەرجییەكانیەتی.
چوارەم/ پارەی هاوپەیمانان
مانگانە هاوپەیمانان (20) ملیار دینار پارە وەك مینحە دەدەنە لیوا هاوبەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگەو لە شەش مانگی رابردوو كۆی پارەكە دەكاتە (120) ملیار دینار.
بەپێی ئەو لێكدانەوانەی سەرەوە بێت كە پشت بەستە بە راپۆرتەكانی وەزارەتی دارایی عێراق و هەردوو دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم:
- كۆی داهاتی شەش مانگی رابردوو ناوخۆی هەرێمی كوردستان : ( ترلیۆنێك و 752 ملیار) دینار.
- كۆی داهاتی شەش مانگی رابردوو نەوتی هەرێمی كوردستان : ( 2 ترلیۆن و 352 ملیار) دینار.
- كۆی پارەی شەش مانگی هاوكاری هاوپەیمانان: (120) ملیار دینار
- كۆی پارەی چوار مانگی پارەی بەغداد بۆ هەرێم: (4 ترلیۆن و 117 ملیار) دینار
كۆی پارەی بەردەستی حكومەتی هەرێم
واتا كۆی ئەو پارانەی لەبەردەستی هەرێمی كوردستاندا بووە لە شەش مانگی یەكەمی 2025دا:
- كۆی داهاتەكانی بەردەستی حكومەتی هەرێم: (8 ترلیۆن و 342 ملیار) دینار .
- كۆی خەرجی موچە لە شە مانگی رابردوو: (4 ترلیۆن و 117 ملیار) دینار.
- كۆی پارەی ماوە بەپێی راپۆرتەكانی وەزارەتی دارایی عێراق: (4 ترلیۆن و 225 ملیار) دینار.
كۆی داهاتی (75) رۆژی هەرێم
- پارەی بەغداد: سفر
- داهاتی ناوخۆ: (730) ملیار دینار
- داهاتی نەوت: (980) ملیار دینار
- پارەی هاوپەیمانان: (50) ملیار دینار
كۆی پارەی بەردەستی حكومەتی هەرێم بۆ (75) رۆژ: (ترلیۆنێك و 760 ملیار) دینار
كۆی خەرجییەكانی حكومەتی هەرێم جگە لە موچە مانگانە:
- پێشینەی بەردەوام: 60 ملیار دینار
- كرێی وانەبێژی خوێندنی باڵاو پەروەردە : 24 ملیار دینار
- موچەی فەرمانبەرانی گرێبەست لەدوای 1/7/2024: 2 ملیار و 500 ملیۆن دینار
- زبڵ و خۆڵ و خاشاك : 10 ملیار دینار
- خواردنی نەخۆشخانەكان و زیندانییان: 7 ملیار دینار
- سوتەمەنی : 8 ملیار دینار
- دەرمان و پێداویستی پزیشكی:7 ملیار دینار
- كرێی گواستنەوە: 900 ملیۆن دینار
- كرێنی كەل و پەل و مەوادەی تەعقیمی ئاو: 800 ملیۆن دینار
- بەخشین (منح): 4 ملیار دینار
- خەرجی جۆراوجۆر چاككردنەوەی كەل و پەلەكان: 30 ملیارو 800 ملیۆن دینار
كۆی گشتی : (158) میار دینار
كۆی خەرجییەكانی بۆ (75) رۆژ: (395) ملیار دینار
كۆی داهاتی نەوت و نانەوتی (75) رۆژ: (ترلیۆنێك و 760 ملیار) دینار
كۆی خەرجی (75) رۆژ: (395) ملیار دینار
كۆی خەرجی موچە بۆ مانگێك: (998) ملیار دینار
راپۆرتە پەیوەندیدارەكان
- شێوازی خەرجکردنی موچە لە هەرێمی کوردستان
-پرسی موچەو داهاتەکانی حکومەتی هەرێم دوای راگرتنی نەوت
- بەرهەم و داهاتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان
- هەرێم چەندی لای بەغدایە، بەغداد چەندی لای هەرێمە
- كۆی داهاتەكانی بەردەستی حكومەتی هەرێم لە (2023-2024)
- لە سێ ساڵدا عێراق (12.5) ملیار دۆلاری بۆ هەرێم ناردووە
- داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم لەسێ ساڵدا (20 ترلیۆن) دینار بووە
