سودانی: هەوڵی لێدانی قەوارەی هەرێم نادەین، ئێمە بودجەمان بۆ هەڵبژاردنەكەی تەرخانكردووە

2025-07-14 16:23:14
(درەو):
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) باس لە پەیوەندی نێوان خۆی و بارزانی دەكات و لەبارەی كێشەی موچەو نەوتەوە قسە دەكات، رەتیدەكاتەوە هەوڵی لێدان لە قەوارەی هەرێم هەبێت؛ بۆ ئەمەش بەڵگە بەوە دەهێنێتەوە كە بەغداد بودجەی سازدانی دواین هەڵبژاردنی لە كوردستان دابین كردووە. دەقی ئەو بەشەی چاوپێكەوتنەكەی كە پەیوەندی بە كوردەوە هەیە لە خوارەوە بخوێنەرەوە.
+ شەرقولئەوسەت: بەغدا تۆمەتبار دەکرێت بەوەی هەوڵی برسیکردنی هەرێمی کوردستان دەدات... وەڵامی ئێوە چییە؟
- سودانی: ئەو تۆمەتە هیچ هۆكارو پاڵپشتییەكی یاسایی و دەستوریی نییە، رۆڵەكانی كوردستان بەشێكن لە گەلەكەمان و ئەم حكومەتە سورە لەسەر جێبەجێكردنی پابەندییە ئەخلاقی و دەستورییەكانی، هەروەها جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە سیاسییەی كە چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی لەخۆگرتبوو؛ چارەسەریشمان بۆ دۆزیبووەوە، بەڵام ئێمە باس لە یاسای بودجە دەكەین؛ باس لە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكەین، ئەمانەش بنەمای یاسایی پابەندكەرن كە سەرۆك وەزیران ناتوانێت سەرپێچییان بكات.
ئەوەی لە پەسەندكردنی بودجەو هەمواركردنی بودجەوە رویدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند نەبوو بە رادەستكردنی تەواوەتی نەوتی بەرهەمهێنراو لەناوخۆی هەرێم بەگوێرەی ئەوەی لە یاساكەدا هاتبوو، كە دادگای فیدراڵیش پشتیوانی كردبوو، هەروەها حكومەتی هەرێم پابەند نەبوو بە رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان بە خەزێنەی گشتیی، ئەمەش پێشێلكردنی یاساو بڕیاری دادگای فیدراڵییە، بۆیە وەزارەتی دارایی ناتونێت هیچ بڕە پارەیەك تەمویل بكات بەبێ ئەوەی حكومەتی هەرێم پابەند بێت، لە ئەنجامی گەڕانمان بۆ چارەسەر لە ماوەی رابردوودا، پارەمان لە دەرەوەی پشکی تەرخانکراو بەپێی یاسای بودجە خەرجکرد، ئەمەش بەهۆی دەرچوونی یاسای دادگای فیدراڵییەو جیاوازی لێكدانەوەكان لەنێوان پابەندبوون بە خەرجكردنی موچەو پابەندبوون بە پشكی تەرخانكراو لە یاسای بودجە بەراورد بە خەرجی راستەقینە لە بودجەی گشتیدا.
ئەمانە بابەتی یاسایی تەكنیكی روونن، بڕیاری سیاسی نین، بەو بەڵگەیەی كە ئێستا باسەكە لەسەر بڕی ئەو نەوتەیە كە رادەستدەكرێت.
+ شەرقولئەوسەت: ئایا دەكرێت بوەترێت قەیرانەكە پەیوەندی بە خواستی لایەنە سیاسییەكانی بەغدادەوە نییە بۆ لێدان لە هەرێم؟
سودانی: هەرگیز. هەرێم قەوارەیەكی دەستورییە كە دەوڵەتی عێراقی بە هەموو پێكهاتەو دەسەڵاتەكانییەوە رێزی لێدەگرێت، ئێمە سورن لەسەر سەقامگیری هەرێم، بەو بەڵگەی كە ئێمە هاوكارو پاڵپشت و بەشداربووین لە سازدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كە بەر لە هەشت بۆ نۆ مانگ بەڕێوەچوو. بەداخەوە تائێستا هێزە سیاسییەكانی هەرێم نەیانتوانیوە حكومەت پێكبهێنن، حكومەتی فیدراڵی سوربوو لەسەر ئەوەی پشتیوانی كۆمسیۆن بكات و بودجەی بۆ تەرخان بكات. من خۆم دوای هەڵبژاردن سەردانی هەموو لایەنە سیاسییە براوەكانی هەرێمم كرد، هانمدان بۆ ئەوەی حكومەتی نوێی هەرێم پێكبهێنن و؛ پەرلەمان ئەرك و دەسەڵاتەكانی لەچوارچێوەی دەستوردا جێبەجێ بكات.
هەموو هێزە سیاسییەكان سورن لەسەر سەقامگیریی هەرێم، لەبەرئەوەی بەشێكە لە سەقامگیری عێراق و هیچ دەستوەردانێكی سیاسی لەم بابەتەدا نییە.
+ شەرقولئەوسەت: چارەسەری خێرا بۆ پرسی موچە هەیە؟
- سودانی: لە دانیشتنی رۆژی سێ شەممەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیراندا بە وردی باس لەو بابەتە كرا، ئەو كارنامەی كە وەزارەتە فیدراڵییەكان و ئەو كارنامەی كە حكومەتی هەرێم پێشكەشیان كردبوو گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، لیژنەیەكمان بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆك وەزیران (وەزیری ئاوەدانكردنەوە)و ئەندامێتیی پێنج وەزیر پێكهێنا بۆ ئەوەی بتوانن كۆدەنگییەك لەنێوان هەردوو كارنامەكەدا بدۆزنەوە بەو جۆرەی لەگەڵ دەستورو یاساو بڕیاری دادگای فیدراڵیدا بگونجێت، پاشان راسپاردەكانیان پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران بكەن بەمەبەستی پەسەندكردنی ئەمەش دوای دڵنیابوون لە پابەندبوونی فەرمی لەلایەن حكومەتی هەرێم بە كرۆكی ئەو كارنامەیەوە.
+ شەرقولئەوسەت: ئایا پەیوەندیت لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانی تێكچووە یاخود تێگەیشتنی من هەڵەیە؟
- سودانی: بەدڵنیاییەوە هەڵەیە... سەرۆك مەسعود بارزانی كەسایەتییەكی بەڕێزی نیشتمانییەو ئەوپەڕی رێزو پێزانینمان بۆی هەیە. پەیوەندییەكی باش لەنێوانماندا هەبوو بە درێژایی ماوەی رابردوو، باوەڕم بە شەراكەت هەیە لەگەڵیدا لە بەڕێوەبردنی دۆخی سیاسی. وەكو ئاماژەم پێدا جیاوازی یاخود ناكۆكی ئەمدواییە یاسایی تەكنیكییە نەك سیاسی، ئەویش باش دەزانێت ئێمە سورین لەسەر بەرژەوەندی رۆڵەكانی گەلەكەمان، چ لە هەرێمی كوردستان یان پارێزگاكانی تر. بەڵام بەدڵنیایی ئێمە دەسەڵاتی رەهامان نییە بۆ ئەوەی سەرپێچی دەستورو یاسا بكەین. ئێمە سامانی گشتی هەموو عێراقییەكانمان پێسپێردراوەو ئەركمانە بەبێ جیاكاریی دادپەروەریی و یەكسانیی بەدیبهێنین.
+ شەرقولئەوسەت: بۆچی یاسای نەوت و غاز پەسەند نەكراوە ؟
- سودانی: بەشێک بوو لە بەرنامەی حکومەت. دەستمان کرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تەکنیکی لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ لیژنەیەکی سیاسی. دوو سێ کۆبوونەوەمان ئەنجامداو هەرێم ناردنی وەفدی راگرت، سەرەڕای داواکارییەکانمان بۆ تەواوكردنی رەشنوسی ئەم پرۆژەیە؛ چونکە ئێمە پێمانوایە ئەم ماوەیە گونجاوە، وە بەشێکی جەوهەری و بنەڕەتییە لە چارەسەرکردنی کێشەی نەوت و گرێبەستەکانی و دەسەڵاتەکانی هەرێم و پارێزگاکان.
