Draw Media

درەو میدیا:  مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوو كەسی نوێ بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك كاندید دەكات، بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) پارتی رەزامەندە لەسەریان. سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند، دوای تاوتوێكردنی چەندین ناو وەكو كاندید بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك دواجار مەكتەبی سیاسی لەسەر دوو ناو رێككەوت. (درەو میدیا) زانیویەتی، دوو كاندیدە نوێیەكەی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك بریتین لە (لیوا جەمال تاهیر) بەرێوەبەر پێشووی پۆلیسی پارێزگاری كەركوك و ( د. عومەر) كە مامۆستایە لە زانكۆی كەركوك. بڕیارە لە كۆبونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دەنگی بدرێت لەسەر كاندیدە نوێیەكان بۆ پۆستی پارێزگار، بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) چانسی ( لیوا جەمال تاهیر ) بۆ وەرگرتنی پۆستەكە زیاترە.  یەكێتی لە دیاریكردنی ئەم كاندیدە نوێیانە پرس وراوێژی لەگەڵ پارتی كردووەو پێدەچێت لە چەند رۆژی داهاتوودا كێشەی نێوان هەردوو حزب لەبارەی كەركوك و دۆسیەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە كۆتایی بێت.   دوای گرژی و ناكۆكییەكی توندی نێوان یەكێتی و پارتی، ئێستا گفتوگۆی تەلەفۆنی لە نێوان سەركردەكانی یەكێتی و پارتیدا هەیەو هەوڵی لێكنزیك بونەوە دەدرێت، بەتایبەتیش دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح و بانگهێشكردنی سەرۆك كۆمار بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە بڕیارە رۆژی 10ی حوزەران بەرێوەبەرێوەبچێت لە هەولێر. 


(درەو میدیا): محەمەد عەلی نەجەفی، سەرۆكی پێشووی شارەوانی تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامی ئێران‌و كەسایەتی نزیك لە حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران، چیتر نەیتوانی لەگەڵ هاوسەری دووەمیدا ( میترا ئیستاد) دا بژی‌و  لە نێو ماڵەكەیاندا پێنج فیشەكی ئاراستەكرد‌و كوشتی، ئەوەش بەهۆی ئەوەی رێگەی نەداوە نەجەفی پەیوەندی لەگەڵ هاوسەری پێشوویی و منداڵەكانیدا هەبێت. نەجەفی ( 67) ساڵ، میترای تەمەن 35 ساڵانی لە حەوزی گەرماوەكەی ماڵەكەیاندا خەڵتانی خوێن كرد‌و پاشان روویكردە بنەكەی پۆلیس و دانی بە تاوانەكەیدا نا. دیمەنی دانپێدانانی ئاشكرای نەجەفی لە بنكەی پۆلیس كە تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران بڵاویكردەوە زۆر نامۆ بوو، لەبری ئەوەی نەجەفی دەستبەسەربكرێت، زۆر بە ئاسودەیی لەسەر كورسییەك دانیشتبوو چایی دەخواردەوە، دوای سڵاوكردن لە ئەفسەری پۆلیس. نەجەفی لەبەردەم پۆلیسدا رایگەیاند گومانی لە ژنەكەی هەبووە كە لەناو گروپی " پەرستوها" یان " پەڕەسێلكە"كانی هەواڵگری ئێراندا بێت‌و سیخوڕی بەسەرەوە كردووەو زانیاری داوەتە دەزگای هەواڵگریی، بەڵام زۆر بەخێرایی دەزگای هەواڵگری ئێران " ئیتڵاعات" ئەو تۆمەتانەی نەجەفی رەتكردەوە. "پەرەسێلكە" باڵندەیەكی وشكانی بەناوبانگە، بەڵاك لە ئەدەبیاتی سیاسەتی ناوخۆی ئێراندا چەمكێكی تری وەرگرتووە‌و جارجار لە ناوخۆی ئێراندا باسی لێدەكرێت‌و دواهەمینیشیان لەسەر زمانی نەجەفییەوە بوو. " پەڕەسێلكە" ناوێکە ئێرانییەكان بەو ژنانەی دەڵێن كە كار بۆ دەزگای ئیتڵاعاتی ئێران دەكەن‌و سیخوڕی بەسەر كەسایەتییە سیاسییە دیارەكان‌و كەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەكان‌و بگرە دیپلۆماتكارانی دەرەوەش دەكەن، ئەوەش لە رێگەی نزیكبوونەوە لێیان‌و بەستنی پەیوەندیی لەگەڵیاندا. لە چەند رۆژی رابردوشدا، محەمەد سەرفراز، سەرۆكی پێشووی دەستەی رادیۆ‌و تەلەفزیۆنی ئێران لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند رژێمی ئێران لە رابردوودا پەڕسێلكەكەیان بەناوی " م. أ" بۆ رەوانەكردووە، بەڵام دواتر رایگەیاند كە مەبەستی میترا ئیستاد نەبووە. جگە لە خودی نەجەفی، چەند سیاسەتمەدارێكی باڵی ریفۆرمخوازەكانی ئێران لەسەرو هەموشیانەوە عەلی موتتەهری جێگری سەرۆكی پەرلەمان رایانگەیاند كە هاوسەرە كوژراوەكەی نەجەفی سەر بە پەڕەسێلكەكانی ئیتڵاعات بووە. موتتەهری لە پۆستێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام دەزگای ئیتڵاعاتی ئێرانی تۆمەتباركرد بە ناردنی پەڕەسێلكە بۆ سیاسەتمەدارە ئۆپۆزسیۆنەكان، بۆئەوەی وێنە‌و گرتەیی ڤیدیۆییان تۆماربكەن بەئامانجی دەمكوتكردن و دوورخستنەوەیان لە گۆڕەپانی سیاسی. لە بەرامبەر لێدوانەكانی نەجەفی‌و كەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەكانی باڵی ریفۆرمخوازان ، غوڵام حسێن ئیسماعیلی وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران‌و برایەكی میترا رەتیانكردەوە هیچ پەیوەندییەك لە نێوان هاوسەرەكەی نەجەفی‌و دەزگا ئەمنییەكاندا هەبێت. لێكۆڵینەوە لە كوشتنی میترا زۆر بەخێرایی تەواوبوو بەجۆرێك كە ئیبراهیم ئیبراهیم پەرلەمانتاری تارانی پایتەخت، داوای لە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران كرد پەلە نەكەن لەو كەیسەدا، بەڵام هەرزوو تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست‌و هەڵگرتنی چەكی بێ‌ مۆڵەت ئاراستەی نەجەفی كرا. بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو، چەندین سیاسەتمەدارتی ئێران پەراوێزخراون‌و لە گۆڕەپانی سیاسی دوورخراوەنەتەوە، لەوانەش حسێن موسەوی تەورێزی، عەبدولمەجید مەعادی حەوا، عەتائوڵا موهاجرانی، عەلی جەننەتی، ئەوەش دوای ئاشكرابوونی پەیوەندییان لەگەڵ ژناندا كە پێدەچێت سەر بە گروپی پەڕەسێلكەكان بوبن بە گوێرەی لێكۆڵینەوەیەكی رۆژنامەی " ئینساف نیوز". محەمەد عەلی نەجەفی لەكاتی لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا لە بنكەی پۆلیس مێژووی پەڕەسێلكە ژنە پەڕەسێلكەكان شێوازێكی نوێی خستنەداو‌و گرتن‌و دەمكوتكردن نییە كە كۆماری ئیسلامی ئێران دایهێنابێت، بەڵكو لەسەردەمی رژێمی پاشایەتیدا دەزگای پۆلیسی نهێنی" ساواك"ئەو شێوازەی بەكارهێناوە، وەك مێژونوسی ئێرانی عیرفان قانعی فەرد لە كتێبی" در دامگە حادپە" دا ئاماژەی پێداوە. قانعی فەرد لە كتێبەكەیدا باس لەوەدەكات كە چۆن دەزگای ساواك ژنانی بەكارهێناوە بۆ تێوەگلاندنی پیاوانی ئایینی لەوانەش محەمەد تەقی فەلسەفیی، جەعفەر شجونی، مەحمود قومیی‌و محەمەد سادق لواسانی. جەعفەر شجونی لە چاوپێكەوتنێكیدا پێش كۆچی دوایی رایگەیاندووە كە چەندین گرتەی ڤیدیۆیی‌و فۆتۆ هەیە كە پەیوەندی نێوان پیاوانی ئاینی ئێران‌و ژنان ئاشكرادەكەن‌و هەندێكیان دزەیان پێكراوە‌و بڵاوكراونەتەوە. ساڵی 1979‌و دوای بەرپابوونی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێراندا دەزگای نوێی هەواڵگری ئێران" ئیتڵاعات" بەردەوام بو لەسەر هەمان ئەو شێوازی كاركردنەی ساواك‌و چەندین بەڵگە بڵاوكراونەوە كە ژنان بۆ سیخوڕیكردن بەسەر سیاسەتمەدارانەوە بەكارهێنراون لەوكاتەی كە عەلی فەلاحیان وەزیری ئیتڵاعات بووە. رۆژنامەی " ئیسناف نیوز"ی سەر بە باڵی ریفۆرمخوازانی ئێران ساڵی رابردوو زنجیرەیەك راپۆرتی بڵاوكردەوە لەسەر بەكارهێنانی ژنان لەمیانی جەنگی ئێران- عێراقدا لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بۆ تێوەگلاندنی چەند سیاسییەك لەناوخۆی ئێراندا. رۆژنامەكە رایگەیاندووە ئەو ژنانە لەلایەن ئیتڵاعاتەوە بە " پەڕەسێلكە" ناودەبرێت‌و هاوكاتن چەند چاوپێكەوتنێكیشی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵا بڵاوكردەوە كە جەختدەكەنەوە لەوەی بوونەتە قوربانی‌و بوون بە داوی پەڕەسێلكەكانەوە. لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەكە عەبدوڵا ناسری پەرلەمانتاری ریفۆرمخواز رایگەیاندووە ناتوانێت بەكارهێنانی ژنان لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە رەتبكاتەوەو ئاماژەبەوەشدەدات كە بەشێك لەو ژنانەی ئەو كارەیان لەلایەن ئیتڵاعاتەوە پێ دەسپێردرێت، ئەوانەن كە لە جەنگی ئێران- عێراقدا هاوسەرەكانیان لەدەستداوە. سەرچاوە: سایتی كەناڵی ئەلحوڕە


راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازل حەمەڕەفعەت  دوای مانگێك بەرۆژووبوون، ئەمڕۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ زۆرینەی موسوڵمانانی جیهان جەژنیان كرد، رۆژێك پێش جەژن كڕیاران باڕازەكانیان چنییەوە،  تا پشووی جەژن تەواو دەبێت خەڵك ئازوقەی پێویستیان خستووە. لە رۆژانی پشووی جەژندا كاریگەری زۆرخۆری لەسەر خەڵك دەردەكەوێت، نەخۆشخانەكان ژمارەیەكی زیاتر نەخۆش سەردانیان دەكەن، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا بە داتا‌و ژمارە دیاردەی زۆرخۆریی لە هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكات. زۆرخۆریی‌و خراپی كوالێتی خۆراك لە هەرێمی كوردستان، تێكڕای ستاندارە جیهانییەكانی تێپەراندووە، بەپێی ئامارەكان هەرێمی كوردستان لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان زۆرخۆرترە، ئەمەش بوەتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی مردن‌و نەخۆشییە درێژخایەنەكان. لێكۆڵینەوە پزیشكییەكان دەریانخستووە، زۆرخۆریی‌و خراپی كوالێتی خۆراك‌و وەرزش نەكردن، تێكڕای تەمەنی لەنێوان (10 بۆ 15) ساڵ كەمكردوەتەوە. چەند داتایەك لەبارەی هەرێمەوە ! چەند داتایەك لەبارەی زۆرخۆریی، دەریدەخەن هەر كەسێك لە هەرێمی كوردستان ساڵانە ئەم خۆراكانە بەم بڕانەی خوارەوە دەخوات:  •     (46) كیلۆگرام برنج •    (54) كیلۆگرام گۆشت •    (211) هێلكە لە ماوەی یەكساڵدا (876 هەزار) سەر مەڕو بزن‌و (131 هەزار) سەر رەشەوڵاخ لە هەرێمی كوردستان سەربڕدراون، ئەمە لەكاتێكدایە لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە خواردنی گۆشتی سور نەخۆشی شێرپەنجە بەرێژەی (22%)و نەخۆشییەكانی دڵ بەرێژەی (27%) زیاد دەكات.  زۆرخۆریی لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی كوالێتی‌و جۆری خۆراك لە هەرێمی كوردستان باش نیە، بەڵام دیاردەی زۆرخۆریی لە هەرێمی كوردستان زۆر زیادی كردووە، بەتایبەتیش خواردنی گۆشتی سور. بەپێی ئاماری كوشتارگەكانی هەرێمی كوردستان، ساڵی 2018 تێكڕای گۆشتی بەرهەمهێنراو (234 هەزارو 500 )تۆن بووە. •     ساڵی رابردوو تەنیا لە هەولێر 25,500 تۆن گۆشت بەرهەم هاتووە. •    لە سلێمانی 27,625 تۆن •    لە دهۆك 20,570 تۆن •    لە گەرمیان 11,305 تۆن •    لە هەڵەبجە 1,252 تۆن ئەمە جگەلەوەی هاوكات لەگەڵ بەرهەمهێنانی گۆشت لەناوخۆ، نزیكەی 3,500 تۆن گۆشتی سوری بەستوو لەدەرەوە هاوردەكراوە. بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، ساڵی 2014 لە هەرێمی كوردستان (278 ملیۆن) كیلۆ گۆشت خوراوە، بەمشێوەیە: •    گۆشتی سور: 100 ملیۆن كیلۆگرام •    گۆشتی مریشك: 165 ملیۆن كیلۆگرام •    گۆشتی ماسی: 13 ملیۆن كیلۆگرام ئەمە بەبێ ئەژماركردنی گۆشتی لەقوتوكراو لەبازاڕەكاندا. واتا هەر تاكێك لە هەرێمی كوردستان ساڵانە (54 كیلۆ) گۆشت دەخوات، بەمشێوەیەی خوارەوە: •    گۆشتی سور: 20 كیلۆگرام •    گۆشتی مریشك: 23 كیلۆگرام •    گۆشتی ماسی: 11 كیلۆگرام ئەمە رێژەیە لە خواردنی گۆشت بە هەموو جۆرەكانییەوە، ستانداردی نێودەوڵەتی تێپەڕاندووە. بەپێی ستانداردی جیهانی، ساڵانە بەتێكرا هەر تاكێك پێویستی بەخواردنی (41.2 كیلۆگرام) گۆشت هەیە، لەم بڕەش پێویستە: •    (14.4 كیلۆگرام)ی گۆشتی سور بێت •    (3 كیلۆگرام)ی گۆشتی ماسی بێت •    (23.8 كیلۆگرام)ی گۆشتی مریشك بێت هەر تاكێك لە هەرێمی كوردستان ساڵانە (54 كیلۆگرام) گۆشت دەخوات، واتە هەر كەسێك لە هەرێم ساڵانە نزیكەی (13 كیلۆگرام) زیاتر لە لە ستانداردی جیهانی گۆشت دەخوات، ئەم زیادەخۆرییەش لە خواردنی گۆشتی سورو گۆشتی مریشكدایە، خەڵكی هەرێمی كوردستان لەخواردنی گۆشتی ماسیدا بەپێی ستانداردی جیهانی كورتهێنانیان هەیە، ئەمە لەكاتێكدایە لەڕووی تەندروستییەوە گۆشتی ماسی بەسودترە. بەراوردكارییەك ! بەبەراوردكردنی داتاكانی دەردەكەوێت، هەر هاوڵاتییەكی هەرێمی كوردستان ساڵانە خۆراكی زیاتر دەخوات بەبەراورد بە تاكێك لە ئێران‌و توركیا‌و سوریا. •    لە وڵاتێكی وەكو ئەمریكا، هەر تاكێك ساڵانە (38 كیلۆگرام) گۆشت دەخوات •    بەڵام لە وڵاتێكی وەكو كوەیت، هەرتاكێك (97 كیلۆگرام) گۆشت دەخوات •    لە ئیماراتی عەرەبی هەر تاكێك (68 كیلۆگرام) گۆشت دەخوات بەوپێیەی لە هەرێمی كوردستان (165 ملیۆن كیلۆگرام) گۆشتی مریشك دەخۆریت، ئەگەر هەر مریشكێك كێشەكەی بە (3 كیلۆگرام) بخەمڵێندرێت، دەردەكەوێت لەماوەی ساڵێكدا (55 ملیۆن) مریشك لە هەرێمدا خوراوە، واتا هەر تاكیكی هەرێمی كوردستان ساڵانە (10) مریشكی (3 كیلۆیی) دەخوات. ئەمە زۆرخۆرییە لە گۆشتدا بەتایبەتیش گۆشتی سور، شارەزایانی تەندروستی نیگەران كردووە. هەولێر یەكەمی ئاسیایە ! لە زۆری گۆشتخواردندا پارێزگای هەولێر لەسەر ئاستی كیشوەری ئاسیا لە پلەی یەكەمدایە. تەنیا لەماوەی (9) مانگدا لە ساڵی 2012دا ئاماری پارێزگاری هەولێر بەمجۆرە بووە: •    (141 هەزار) ئاژەڵ لە سەربڕخانەكان سەربڕدراون •    (3 ملیۆن‌و 500 هەزار) مریشك لە بازاڕەكاندا فرۆشراون •    (61 ملیۆن كیلۆگرام) گۆشتی ئاژەڵ‌و ماسی‌و مریشك لە دەرەوە هاوردە كراوە ژمارەی دانیشتووانی هەولێر نزیكەی (2 ملیۆن) كەس دەبێت، لە (348 هەزارو 555) خێزان پێكدەهێنن، بەپێی ئامارەكەی ساڵی 2012، لەو ماوەی ئەو (9) مانگەدا، هەر خێزانێكی دانیشتووی هەولێر (104 مریشك)و (175 كیلۆگرام) گۆشتی ئاژەڵ‌و ماسی‌و مریشكی هاوردەكراوی خواردووە. لەسەر ئاستی كیشوەری ئاسیا، لە زۆری رێژەی گۆشتخواردندا هەولێر پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە، بەپێی ئامارەكان لە كیشوەری ئاسیا هەر تاكێك ساڵانە (26 كیلۆگرام) گۆشت دەخوات. برنج.. خواردنە سەرەكییەكە  برنج لەپاڵ گۆشتدا، لەسەر خوانی كوردەواریی خواردنێكی ژمارە یەكە، خەڵكی هەرێمی كوردستان بەتێكڕا مانگانە (20 هەزار) تەن برنج  دەخۆن، واتە ساڵانە (240 هەزار) تەن، ئەم رێژەیە بە كیلۆگرام دەكاتە (250 ملیۆن) كیلۆگرام برنج. هەر تاكێك لە هەرێمی كوردستان ساڵانە (46 كیلۆگرام) برنج دەخوات. ملیارێك هێلكە بەپێی وتەی بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ، ساڵانە هەرێمی كوردستان بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی پێویستی بە (ملیارێك‌و 100 ملیۆن) هێلكە هەیە، واتە هەر تاكێك لە هەرێم ساڵانە  پێداویستی ناوخۆی هەرێم پڕدەكاتەوە، كە هەرتاكیكێ هەرێم ساڵانە (211 هێلكە) دەخوات.  گۆشتی سور لە هەڵكشاندایە بەپێی ئاماری كوشتارگەكانی هەرێمی كوردستان، ساڵانە زیاتر لە (750 هەزار) سەر ئاژەڵ لە هەرێم دەخورێت، جگە لەو گۆشتەی كە هاوردە دەكرێت. •    تەنیا لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا (ملیۆنێك‌و 128 هەزار) سەر مەڕو بزن سەربڕدراون •    (240 هەزار 124) سەر رەشەوڵاخ سەربڕاون •    زیاتر لە (435 هەزار) تۆن گۆشتی سور هاوردەكراوە  ساڵی 2016دا لە كوشتارگەكانی هەرێمی كوردستان (742 هەزار) سەر مەڕو بزن‌و (116 هەزار) رەشەوڵاخ سەربڕاون، ساڵی 2018 رێژەكە بەرزبوەتەوە بۆ (876 هەزارو 396 هەزار) سەر مەڕ و بزن‌و (131 هەزارو 13) سەر ڕەشەوڵاخ، لەم بڕە رێژەی (70%)ی بەرهەمی ناوخۆ بووە، هەمان ساڵ بڕی (876) تۆن گۆشتی سورو (71 هەزار) تۆن  گۆشتی سپی‌و (13 هەزار) تۆن گۆشتی ماسی هاوردە كراوە.  بەوپێیەش لەنێوان ساڵانی 2016 بۆ 2018، لە هەرێمی كوردستان (105 هەزار) سەر مەڕو بزن‌و (22 هەزار) سەر رەشە وڵاخی زیاتر سەربردراون، واتا سەربڕینی مەڕو بزن بەرێژەی (12%) زیادیكردووە، رەشە وڵاخیش بەرێژەی لە (17%) زیادیكردووە.   دۆخی تەندروستی گشتی ئێستا ئامارە تەندروستییەكان لە هەرێمی كوردستان ئاماژە بە زۆربوونی رێژەی نەخۆشییە درێژخایەنەكان دەكەن، كە هۆكاری سەرەكی ئەو نەخۆشییانە، زۆر خۆریی، خواردنی خراپ‌و گۆشتی سورە، دەشوترێت خواردنی گۆشت بەتایبەتی گۆشتی سور، هۆكارە بۆ: •    نەخۆشییەكانی دڵ، •    جەڵتە •    فشاری ‏خوێن •    شێرپەنجە •    بەرزبوونەوەی چەوری •    ‌شەكرە •    قەڵەویی ئێستا ئەم نەخۆشییانە بە بەراورد بە رابردوو، لە هەرێمی كوردستان زیادیان كردووە،‏ پسپۆڕانی تەندروستی جەخت دەكەنەوە، خواردنی‌ گۆشتی‌ سور بەبەردەوامیی،‌ ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ‌و خانەكانی خوێن زیاد دەكات‌و هۆكارە بۆ توشبوون بە شێرپەنجەو جەڵتەی دڵ.   توێژینەوەیەكی زانكۆی (هارڤارد)ی ئەمریكا دەریخستووە، زۆر خواردنی گۆشتی سور ئەگەرەكانی توشبوون بە شێرپەنجەی كۆڵۆن زیاد دەكات، ئەمە جگە لەوەی هۆكارێكە بۆ كورتبونەوەی تەمەن‌و مردنی لەناكاو. بەپێی توێژینەوەكە، ئەگەری مردنی‌ لەناكاوی كەسانی‌ تەمەن 60 ساڵ‌ بەرێژەی‌ 50% بێت، بەخواردنی‌ رۆژانەی‌ ژەمێك گۆشتی‌ سور رێژەكە زیاد دەكات بۆ 57%، هەروەها ئەگەر ڕۆژانە دوو ژەم گۆشتی سور بخورێت، رێژەكە دەبێت بە 63%.   لێكۆڵینەوەیەكی ئەمریكی "National Institutes of Health" كە بە بەشداری 545 هەزار ئەمەریكی لە تەمەنی نێوان 50 بۆ 71 ساڵ ئەنجامدراوە‌و لەماوەی 10 ساڵدا پرسیاریان ئاڕاستەكراوە، باسلەوەدەكات، ئەوانەی بڕێكی زۆر لە گۆشتی سوریان خواردووە، ئەگەری مانەوەیان لەژیاندا زۆر كەمتر بووە. لێكۆڵینەوەكە دەریخستووە، ئەو پیاوانەی ڕۆژانە نزیكەی 250 گرام لە گۆشتی سوریان خواردووە، ئەگەرەكانی تووشبوونیان بە شێرپەنجە بەڕێژەی (22%)و تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی دڵ بە‌ڕێژەی (27%) تێدا بەرزبوەتەوە، ئەوەش بە بەراوردكردن لەگەڵ ئەوانەی كە رۆژانە زیاتر لە 150 گرام گۆشتی سوریان خواردووە. ئەو ئافرەتانەی ڕۆژانە 250 گرام لە گۆشتی سوریان خواردبوو، بەڕێژەی لە 20% دووچاری شێرپەنجە هاتبوون، لەكاتێكدا تووشبوونیان بە نۆبەی دڵ بەهۆی خواردنی گۆشتی سورەوە گەیشتبووە 50%. توێژەرانی ئەم لێكۆڵینەوەیە لە دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیان بۆیان دەركەوتووە، ئەوانەی بەتەنها ماسی، گۆشتی مریشك‌و قەلیان خواردووە، كەمتر دووچاری نەخۆشییەكانی شێرپەنجەو دڵ بوون.  لەماوەی رابردوودا نەخۆشییەكانی شێرپەنجەو جەڵتە بەشێوەیەكی بەرچاو لە هەرێمی كوردستان زیادیانكردووە، بە جۆرێك ساڵی (2007) كە نەخۆشخانەی (هیوا) بۆ چارەسەری شێرپەنجە لە سلێمانی دامەزراوە تاوەكو ساڵی 2012، (8500) نەخۆشی شێرپەنجە تۆماركراوە، ئەمە لەكاتیكدایە دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2018 ئاماژە بەوەدەكات (5658) حاڵەتی نوێی شێرپەنجە تۆماركراوە، ئەمە لەكاتێكدایە ساڵی 2017، (4991) حاڵەت تۆماركراوە، واتا ساڵی رابردوو (667) حاڵەت زیادیكردووە، كە بەرێژەی سەدی دەكاتە ( 12%)ی ئاستی زیادبوون.  تەمەنی كورد بەگوێرەی تویژێژینەوە پزیشكییەكان، زۆرخۆریی  لە هەرێمی كوردستان تێكڕای تەمەنی تاكی كوردی لە (10 بۆ 15) ساڵ دابەزاندووە. لێكۆڵینەوەیەكی زانستی كە دكتۆر كەریم جەلال پسپۆڕی بۆماوەزانی‌و مامۆستا لە كۆلێژی زانستی زانكۆی سەلاحەدین ئامادەی كردووە، باسلەوەدەكات پیسبوونی ژینگەو هاوردەكردنی دەرمان‌و خۆراكی خراپ، كەمی جوڵەو زۆرخۆریی، تێكچوونی باری دەروونی خەڵك،  بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی دەیان نەخۆشی كوشندە لە هەرێمی كوردستان، ئەمەش وایكردووە لە 10 ساڵی رابردوودا تێكڕای تەمەنی تاكی كورد لە ( 75 ـ 80) ساڵەوە بۆ (65 ـ 70) ساڵ داببەزێت.  


 درەو میدیا:  لە رونكردنەوەیەكدا بارەگای بارزانی  دەڵێت" كاك كۆسرەت داوای لە فەرەیدون عەبدولقادر كردووە ببێتە پارێزگاری كەركوك و هەردوكیان لەسەری رێككەوتون" رونكردنەوەیەكەی بارەگای بارزانی ئاماژە بەوەش دەكات كە مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ هەردوكیان ڕەزامەند بوونە لەسەر دانانی فەرەیدون عەبدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك و جەختیش دەكاتەوە كە فەرەیدوون عەبدولقادر داوای ئەو پۆستەی نەكردووە بەڵكو ئەوە كۆسرەت رەسوڵ و مەسعود  بارزانی بوونە كە لەسەر دانانی ئەو ڕێككەوتوون  لە رونكردنەوەكەی بارەگای بارزانیدا جەختكراوتەوە لەوەی "پێویستە پارێزگارێكی بەهێز دابنرێت بۆ كەركوك كەجێی ڕەزامەندیی لایەنەكان و كورد و توركمان و عەرەب و پێكهاتەكان بێت و ڕێككەوتنیش لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا هەبێت "  دەقی رونكردنەوەكە ڕوونكردنەوەیەك لە نووسینگەی ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی ڕۆژی یەكشەممە 2ــی 6ـی 2019 عارف قوربانی نووسەر و ڕۆژنامەنووس دیداری لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی هەبووە و بیروڕا لەسەر بابەتی كەركووك و دانانی پارێزگار و ناوهێنانی بەڕێز فەرەیدوون عەبدوڵقادر ئاڵوگۆڕ كراوە. بەپێی وتەكانی بەڕێز عارف قوربانی خەراپتێگەییشتنێك لەسەر ئەو بابەتانە لای برادەرانی یەكێتی دروست بووە و لە میدیاكانیشدا خوێندنەوەی جۆراوجۆر بۆ ئەم بابەتانە كراوە. بۆ ڕوونتركردنی هەڵوێستی سەرۆك بارزانی لە مەسەلەی پارێزگاری كەركووك و ناوهێنانی بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر و ڕەواندنەوەی هەر جۆرە خەراپ حاڵیبوونێك بە ڕای گشتیی كوردستان و گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە: یەكەم: ڕێككەوتنێكی زۆر ڕوون لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئیمزا كراوە كە ڕێككەوتن لەسەر دانانی پارێزگارێك بۆ كەركووك هاوتەریب بێت لەگەڵ هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێككەوتنی سەرۆك بارزانی و بەڕێز كۆسرەت ڕەسوڵ لەسەر ناوی كەسێك ببێتە بنەمای ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی پارێزگار. ئەمەیش هیچ پەیوەندی بە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمەوە نەبووە و دیاریش نییە چۆن ئەو ڕێككەوتنە بەلاڕێدا بردراوە یان خەراپ تێگەییشتن لەسەر ئەو ڕێككەوتنە لای برادەرانی یەكێتی دروست بووە. دووەم: ناوهێنانی بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك لەدوای ئەوە هاتووە كە لە لایەن كاك كۆسرەت ئەو داوایەی لێ كراوە. لەدوای ئەوەی سەرۆك بارزانی و كاك كۆسرەت سەرپشك كراون لە دانانی كەسێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك و سەرۆك بارزانی زانیویەتی كە كاك كۆسرەت داوای لە فەرەیدوون عەبدولقادر كردووە ببێتە پارێزگار، سەرۆك بارزانیش حەزی كردووە كەسێكی نیشتیمانپەروەری وەك فەرەیدوون عەبدولقادر ببێتە پارێزگار و بە پەسەند و شیاوی زانیوە. هەر بۆیەش بەڕێز د. فورسەت سۆفی ڕاسپاردووە كە سەردانی كاك كۆسرەت بكات و ڕەزامەندیی سەرۆك بارزانی لەسەر ئەو ناوەی پێ ڕابگەیێنێت. بەم جۆرە سەرۆك بارزانی و كاك كۆسرەت ڕەزامەند بوونە لەسەر ناوی بەڕێز فەرەیدوون. بۆیە جەخت دەكەینەوە كە بەڕێز فەرەیدوون داوای ئەو پۆستەی نەكردووە بەڵكو ئەوە كاك كۆسرەت و سەرۆك بارزانی بوونە كە لەسەر دانانی ئەو ڕێككەوتوون. بەڕێز فەریدوون عەبدولقادریش گوتویەتی نایەكەم چونكە ئەركێكی زەحمەتە بەڵام ئەگەر هاتنی من ببێتە هۆی خزمەتی كەركووك و چارەسەركردنی كێشەكان مانعم نییە. سێیەم: بەهۆی بارودۆخی نائاسایی كەركووك و پێویستیی ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەمنی و ئیداریی شارەكە و خزمەتكردنی خەڵكی كەركووك پێویستە پارێزگارێكی بەهێز دابنرێت كە جگە لە پارتی و یەكێتی، جێی ڕەزامەندیی لایەنەكان و كورد و توركمان و عەرەب و پێكهاتەكان بێت و ڕێككەوتنیش لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا هەبێت. چونكە ئەوەی ببێتە پارێزگار و دەستەڵاتی پێویستی نەبێت و ڕەزامەندی لایەنەكانی لەسەر نەبێت، ناتوانێ خزمەتی خەڵكی كەركووك بكات و دۆخی كەركووكیش ئاسایی بكاتەوە. نووسینگەی ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی 4ـی 6ـی 2019  


درەو میدیا: نێچیرڤان بارزانی لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا بەرهەم ساڵح بانگهێشت دەكات بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی كە بڕیارە رۆژی 10ی حوزەیرانی داهاتوو لە شاری هەولێر بەرێوەبچێت.  سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ د. بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عیراق ئەنجامدا و تیایدا وێڕای بە فەرمی بانگهێشتكردنی سەرۆككۆمار بۆ رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەردوولا دۆخی سیاسیی عیراق و ناوچەكە و هەرێمی كوردستانیان تاوتوێكرد. لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بەرهەم ساڵح پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی كرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بایەخی پاراستنی یەكڕیزی و هەماهەنگی لەم هەلومەرجە هەستیارەی كە ناوچەكە پێیدا تێپەڕدەبێ، جەختیشیان كردەوە كە پێویستە هەوڵەكان یەكبخرێن لەپێناو تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان و بەدوورگرتنی عیراق و هەرێمی كوردستان لە ئاڵۆزییەكان.  هاوكات نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح  پیرۆزباییی جەژنی رەمەزانیان لە یەكدیكرد و هیوایان خواست كە ئەم بۆنەیە ببێتە مایەی ئۆقرەیی و ئارامی و كۆتاییهاتنی قەیرانەكان.  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان تاوتوێی چەند بژاردەیەك دەكات بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو بارودۆخەی كە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان تێی كەوتووە، سەڵاحەدین بەهادین هەوڵی نێودەندگیری دەدات لەنێوان هەردوولادا. پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ دەقی ئەو رێككەوتنە سیاسییەی بڵاوكردەوە كە رۆژی 4ی ئازاری ئەمساڵ لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئیمزای كرد. بڵاوكردنەوەی دەقی رێككەوتنەكە لەلایەن پارتییەوە، بەواتای كۆتایهاتنی كاركردن بوو بەو رێككەوتنە، بڕگەی 18ی رێككەوتنەكە هەردوولا وابەستە دەكات بەوەی رێككەوتنەكە بەهەموو بڕگەكانییەوە جێبەجێبكرێت، یەكێتی دەنگی بە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) نەدا، پارتی ئەمە وەكو پێشێلكردنی رێككەوتنەكە لەقەڵەم دەدات. دوای بڵاوكردنەوەی دەقی رێككەوتنەكە لەلایەن پارتییەوە، ئێستا هیچ رێككەوتنێك لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا نەماوە، رۆژی 10ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم دەستبەكاردەبێت‌و بەپێی یاسا مەسرور بارزانی ئامۆزای وەكو كاندیدی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت رادەسپێرێت، لەوكاتەوەش مەسرور بارزانی بەپێی یاسا تەنیا ماوەی (30 رۆژ)ی بەبەردەمدایە پێكهاتەی كابینەكەی بخاتەبەردەم پەرلەمانی كوردستانەوە بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە. ئەگەر لەماوەی ئەو مانگەدا پارتی‌و یەكێتی هەوڵی رێككەوتن بدەن، دەبێت كار لەسەر رەشنوسێكی نوێ بكەن، چونكە رەشنوسی رێككەوتنەكەی ئێستا لەلایەن هەردوولاوە كۆتایی هاتووە، بەتایبەتیش پاشكۆی رێككەوتنەكە كە تایبەتە بە پرسی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ كەركوك. پارتی چی دەوێت ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، كە لەچەند سەرچاوەیەكی باڵاوە دەستیكەوتووە، پارتی بەنیازە كابینەی حكومەت لە وادەی یاسایی خۆیدا رابگەیەنێت، تەنانەت ئەگەر لەو ماوەیەدا لەگەڵ یەكێتی نەگەیشتە رێككەوتن.  پارتی نایەوێت پرسی كەركوك لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا لەگەڵ یەكێتی یەكلابكاتەوە‌و دەیەوێت كەركوك بكەوێتە دوای پێكهێنانی حكومەتەوە، ئەگەر پارتی تاكۆتایی لەسەر ئەم هەڵوێستەی سوربێت، ئەوا كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەبێ بەشداری یەكێتی لەدایك دەبێت‌و فراكسیۆنی یەكێتی چۆن دەنگیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی) نەدا، بەوشێوەیەش دەنگ بۆ هەڵبژاردنی (مەسرور بارزانی) وەكو سەرۆكی حكومەت نادات‌و پارتی هاوشێوەی كابینەی هەشتەم، پۆستەكانی یەكێتی لە حكومەت بەبەتاڵی بەجێدەهێڵێت تائەوكاتەی كێشەی كەركوك چارەسەر دەكرێت‌و یەكێتی پەیوەندی بە حكومەتەوە دەكات.  یەكێتی چی دەوێت ؟ بەپێی زانارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی دەیەوێت هاوكات لەگەڵ پەسەندكردنی ناوی كاندیدەكان بۆ پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، ناوی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك پەسەندبكرێت، ئەگەر ئەمە نەكرا، دوای زیاتر لە 20 ساڵ، بۆیەكەمجار لە یەكتری جیادەبنەوە.  پارتی تا ئەم ساتە سورە لەسەر ئەوەی هیچ كاندیدێكی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك پەسەندناكات كە لەرووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا تێوەگلابن، پارتی ناوی "ئۆكتۆبەرچی" لەو كەسانە ناوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، یەكێتی ناوی (39) كاندیدی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك خستوەتەبەردەم پارتی‌و هەموو ناوەكان رەتكراوەتەوە، تاكە كاندیدێك كە پارتی پەسەندی كرد (فەرەیدون عەبدولقادر) بوو، ئەویش كێشەی تێكەوت. نێوەندگیرییەكی نوێ لەئێستادا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئێستا تاوتوێی چەند بژاردەیەك دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ پارتی یان جیابونەوە: بژاردەی یەكەم: دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی نوێ لەگەڵ پارتی بە نێوەندگیری (سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی)، یەكێتی دەیەوێت لەڕێگەی ئەم هەوڵەوە پارێزگارێك بۆ كەركوك هەڵبژێرێت كە پارێزگارەكە كاندیدی یەكێتی بێت‌و پارتیش رەزامەندی بدات لەسەری، لەم حاڵەتەدا یەكێتی بەشداری كابینەی نوێی حكومەت دەكات‌و دەنگ بە مەسرور بارزانی دەدات. ئەمڕۆ سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بەبۆنەی نزیكبونەوەی كۆتایی مانگی رەمەزان راگەیەندراوێكی بڵاوكردوەوە‌و تێیدا بەناڕاستەوخۆ ئاماژە بە رۆڵی نێوەندگیری خۆی دەكات‌و چوار خاڵی پێشنیاز دەخاتە بەردەم پارتی‌و یەكێتی كە ئەمانەن: 1-    بارودۆخی هەستیارو ئاڵۆزی ناوچەكەو عێراق‌و مەترسی‌و هەرەشەكانمان هەمیشە لەبیر بێ. 2-    راگرتنی دەستبەجێی هەموو جۆرەكانی گرژی‌و شەڕی راگەیاندن. 3-    رێگرتن لە لێدوانی دژ بە یەكی سەركردەكانی هەردوولا. 4-    كۆبونەوەیەكی خێرای لوتكەی هەردوولا بە گیانێكی لێ بوردەیی‌و بە ئیرادەی چارەسەر. بژاردەی دووەم: پۆستەكان بە بەتاڵی بەجێبهێڵدرێت تا ئەوكاتەی كێشەیی پارێزگاری  كەركوك چارەسەر دەكرێت، رەنگە ئەمەش ئەگەری جیابونەوەی پارتی‌و یەكێتی دوربخاتەوە لەم قۆناغەدا. بژاردەی سێیەم:  یەكێتی بەمشێوەیەی ئێستا بمێنێتەوەو مومارەسەی كاری ئۆپۆزسیۆنی بكات، ئەمە بژاردەیەكی لاوازە‌و یەكێتی كە ناوچەیەكی قەڵەمڕەویی بەدەستەوەیە، ناتوانێت دەسەڵات رادەستی ئەوانە بكات كە لەناو حكومەتدان.  بژاردەی چوارەم: بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەپاڵ تاوتوێكردنی بژاردەكانی تردا، ئێستا لەناو یەكێتی گفتوگۆ دەكرێت لەبارەی ئەگەری جیابونەوە لەگەڵ پارتی، ئەگەر هەردوولا لە كۆتایدا نەگەیشتنە رێككەوتن.  گفتوگۆكان لەسەر ئەوە چڕبونەتەوە یەكێتی چۆن دەتوانێت بەشێوەیەكی ئاشتیانە ئیدارەی خۆی لە پارتی جیابكاتەوە، عێراق‌و وڵاتانی ناوچەكە قایل بكات، هەندێك لە یاساناسانی یەكێتی لەمبارەیەوە گفتوگۆ‌و راوێژیان لەگەڵدا كراوە.  


(درەو میدیا): بەرهەم ساڵح پەیامێكی ئێران بۆ سعودیە دەگوازێتەوە، ئێرانییەكان لەڕێگەی عێراقەوە دەیانەوێت پەیماننامەیەك لەگەڵ وڵاتانی كەنداو ئیمزا بكەن. سەعد عەبدولوەهاب جەواد قندیل باڵیۆزی عێراق لە تاران لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی (خبرگزاری دانشجویان ایران) كە بە "ئیسنا" ناسراوە، ئاشكرایكرد، بڕیارە حكومەتی عێراق پەیامێكی حكومەتی تاران بگوازێتەوە بۆ بەرپرسانی سعودیە‌و ئیمارات‌و بەحرەین. باڵیۆزەكەی عێراق باسلەوەدەكات، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەسەردانەكەی ئەمدوایەیدا بۆ سعودیە لەوبارەیەوە ئامادەكاری كردووە‌و ناوەڕۆكی نامەكە تایبەتە بە ئیمزاكردنی پەیماننامەیەك لەنێوان وڵاتانی كەنداو كە دەستدرێژی نەكەنەسەر یەكتری. بەپێی قسەی باڵیۆزەكە، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەردانەكەی ئەمدواییەی بۆ عێراق بیرۆكەی ئیمزاكردنی ئەو پەیماننامەیەی لەنێوان ئێران‌و وڵاتانی كەنداو خستوەتەڕوو، بەرپرسانی عێراقی پێشوازییان لە بیرۆكەكە كردووە‌و ئامادەیی خۆیان نیشانداوە ئەو پێشنیازە بگەیەننە وڵاتانی كەنداو، بەتایبەتیش سعودیە‌و ئیمارات كە پەیوەندییان لەگەڵ ئێراندا نییە. دوای گەڕانەوەی لە بەشدایكردن لە كۆبونەوەی لوتكەی وڵاتانی عەرەبی‌و ئیسلامی، ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە دوو كۆبونەوەی جیاوازدا لە بەغداد، لەگەڵ باڵیۆزی ئێران‌و ئەمریكا كۆبووەوە.


(درەو میدیا): ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئەمڕۆ بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران كۆبووەوە. كۆبونەوەكە تەرخانكرابوو بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخی پارێزگای كەركوك، راكان جبوری پارێزگاری كەركوك‌و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك بەشداربوون تێیدا.   بەپێی راگەیەندراوێك كە نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردوەتەوە، لە كۆبونەوەكەدا عادل عەبدولمەهدی وتویەتی"سەرباری دەستوەردانەكان، بەڵام دۆخی كەركوك لەژێر كۆنترۆڵدایە". عەبدولمەهدی باسی لەوەكردووە" ئەو دەستوەردانانەی لە كەركوكدا دەكرێت وا دەكات هاوكاری بكرێت لەنێوان حكومەتی فیدراڵی‌و حكومەتی خۆجێی‌و حكومەتی هەرێم.. تەقینەوەی بۆمبەچێندراوەكان زۆر گەورە". 


(درەو میدیا): شارەزایەكی یاسایی رایدەگەیەنێت بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بە بەشداریكردنی لە كۆنگرەی مەككە، دەستوری هەمیشەیی پێشێلكردووە‌و دەسەڵاتەكانی سەرۆك وەزیرانی تێپەڕاندووە. لە پۆستێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، تارق حەرب، شارەزای یاسایی دەڵێت: پێویست بوو عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ئامادەی كۆنگرەكەی مەككە ببوایەو بەشداری سەرۆك كۆمار پێشێلكاریی دەستورە، چونكە بە گوێرەی هەردوو مادەی 78‌و 80ی دەستور، سیاسەتی گشتی دەوڵەت لە ئەستۆو دەسەڵاتەكانی سەرۆك وەزیراندایە. حەرب ئاماژیبەوەشداوە كە بانگهێشتكردنی سەرۆك كۆمار بۆ كۆنگرەی مەككە پرسێكی پرۆترۆكۆڵییە‌و بەواتای پێویستی ئامادەبوونی سەرۆك كۆمار نایەت، بەڵكو پێویستە كەسایەتییەك ئامادەبێت كە لە رووی دەستورییەوە پەیوەندی بەو پرسانەوە هەیە كە لە كۆنگرەكەدا تاوتوێدەكرێن، ئەو پرسانەشی لە كۆنگرەكەی مەككە تاوتوێكران پەیوەندییان بە سیاسەتی گشتی دەوڵەتەوە هەیە كە دەستور خستویەتە ئەستۆی سەرۆك وەزیران.  


درەو میدیا:  قادری حاجی عەلی رایدەگەیەنێت" ئەوە نائاساییە كە ئەزمونێكی زۆر تاڵ‌و تفتت لەكابینەی پێشودا لەگەڵ هەمان حزبدا هەبێت‌و بەناشرینترین شێوە لەحكومەت‌و پەرلەمان وەدەری نابیت، بەڵام خاوەن ماڵێتیان قبوڵ بكەیت". لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا كە چەند رۆژنامەنوسێك لەگەڵی سازیانكردووە، "قادری حاجی عەلی" سیاسەتمەدار‌و كەسایەتی دیاری  گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان، كۆپییەكی گفتوگۆ رۆژنامەوانیەكە بۆ (درەو میدیا) نێردراوە،  ئاماژە بەوە دەكات: لەم قۆناغەشدا پاشەكشێی سیاسی گۆڕان نائومێدیەكی گەورەی دروستكردوە، بەڵام بڕوای تەواوەتیمان بەوەیە كە ئەمەش دوا قۆناغی مێژووی خەبات‌و بەرگری كۆمەڵگای ئێمە نابێت بۆ ئازادی‌و دادپەروەری. قادری حاجی عەلی ئەوەش دەخاتە روو " بانگەشەی بەدامەزراوەیی كردنی دەوڵەت بكەیت، بەڵام لەناو ماڵەكەی خۆتدا بەهایەك بۆ دامەزراوەكانت نەهێڵیتەوە‌و لەدەرەوەی ئەوان بازنەی بڕیاری سیاسی دروست بكەیت، ڕێكخەرە گشتیەكەت بە تۆمەتی تیرۆر تا ئێستا لەدادگا داوا كراو بێت، تۆش بچیتەوە سەر هەمان دام‌و دەزگای ئەو حكومەتە، خەڵكەكەی خۆت سزای قورست بدات‌و دەنگت نەداتێ‌، بەڵام یەك كەس تەحەمولی ئەم شكستە نەكات‌و دەست لەكار نەكێشێتەوە، بەپێچەوانەوە دەنگە ڕەخنەییە ڕاستەقینەكان‌و ناڕازیەكانی خۆت سزا بدەیت"   دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانیەكەی قادری حاجی عەلی كۆپییەكی بۆ (درەو میدیا) نێردراوە، لێرەدا وەك خۆی دەقەكەی بڵاودەكەینەوە. لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا كە چەند رۆژنامەنوسێك لەگەڵی سازیانكردووە، "قادری حاجی عەلی" سیاسەتمەدار‌و كەسایەتی دیاری  گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان، ڕۆشنایی دەخاتە سەر دوایین پێشهاتە سیاسیەكانی هەرێم‌و نیگەرانی‌و نائومێدی خەڵك لەحزبەكان بەگشتی، لەگەڵ كۆمەڵێك پرسی تری تایبەت بەهۆكارەكانی چارەسەر نەكردنی پرسی موچە‌و پاشەكشێی بەردەوامی ژیان‌و گوزەرانی خەڵكی كوردستان لەسایەی ئەم مۆدیلە لەئیدارە‌و حوكمڕانی. پ/ باسەرەتا بە پرسیارە دەست پێبكەین، ناونیشانی ئێستای سیاسی ئێوە چییە؟ و/ من لەمڕۆدا وەك سیاسییەكی سەربەخۆ دەژیم‌و سەر بە هیچ ئۆرگانێكی حیزبی نیم. گەرچی زۆربەی ژیانی خۆم لە خەبات‌و كاری سیاسییدا بەسەر بردووە، بەڵام هەرگیز سیاسەتكردن بۆ من نەبۆتە پیشە، بەڵكو كەرەسیەك بووە بۆ ئەوەی لەڕێگایەوە ژیانی گەلەكەمانی پێخۆش‌و باش بكەم. هەروەكو چۆن لەگەڵ هاوڕێكانمدا كاتێك لەشاخ خەباتی چەكداریمان دەكرد، لەپێناو چەند پرنسیپێكدا تێدەكۆشاین‌و ئەوەندەی بیرمان لە شەهید بوون دەكردەوە هێندە بیرمان نەدەكردەوە ڕۆژێك لە ڕۆژان ببین بە سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی پەرلەمان‌و وەزیر، ئاوهاش كە بزوتنەوەی گۆڕانمان دامەزراند بیرمان لەدەستكەوتی شەخسی‌و بەرژەوەندی خێزانی نەدەكردەوە. ئێستاش ئەوەی بەردەوامی بە ژیانی من لە سیاسەتدا دەدات ڕاستگۆیبوونە بەرامبەر بەو ئایدیا‌و پرنسیپانەی كە كاتی خۆی بزوتنەوەی گۆڕانمان لەپێناویدا دامەزراند. پ/ ئەم قۆناغە كە هەندێك بە قۆناغی تاریك‌و نائومێدكەر ناوی دەبات، ئێوە ناوی دەنێن چی؟ و/ لەمێژوی نزیكی ڕاپەڕین‌و شۆڕشەكانی كورددا شكستی كاتی‌و سەركەوتنی كاتیش تۆمار كراوە. كاتێك لە 1975 دا شۆڕش بڵاوەی پێكرا، هەندێك بە ئاشبەتاڵ، هەندێكی تر بە نسكۆ لەقەڵەمیان دەدا. ئەم دۆخەش سەرەنجام تێكشكان‌و بێئومێدییەكی گەورەی لەناو كۆمەڵگای ئێمەدا دروستكرد. چونكە هەم شكستێكی سیاسی‌و هەم شكستێكی چەكداری بوو. لەساڵی 1988یشدا پاش پرۆسەی ئەنفال، جارێكی تر رووبەڕوی كارەساتێكی مرۆیی‌و سیاسی گەورەتر بوینەوە، كە هەندێ‌ كەس بەئاشبەتاڵی چەكداری ناویان ناوە، بەڵام چونكە ئیرادە هەبوو، هێزی بەرگری‌و شۆڕش لە هەردوو جارەكەدا هەستایەوە‌و ئەم ئەزمونەی دروستكرد كە ئێستا لەبەردەستماندایە. لەدوای فەشەلی حوكمڕانی یەكێتی‌و پارتی‌و نائومێدبوونی هاونیشتمانیان لەم دوو دەسەڵاتە، كۆمەڵگای ئێمە هێزی بەرگری نوێی دروستكرد كە لە ڕووە سیاسیەكەیەوە لە بزوتنەوەی گۆڕاندا بەرجەستە بوو. بێگومان لەم قۆناغەشدا پاشەكشێی سیاسی گۆڕان نائومێدیەكی گەورەی دروستكردوە، بەڵام بڕوای تەواوەتیمان بەوەیە كە ئەمەش دوا قۆناغی مێژووی خەبات‌و بەرگری كۆمەڵگای ئێمە نابێت بۆ ئازادی‌و دادپەروەری. بەڕای من ئەم قۆناغەی ئێستا تیایدا دەژین نسكۆیەكی سیاسی‌و ئیداری‌و ئەخلاقیشە. لە باشترین حاڵەتدا دەتوانیین بڵێین پاشەكشێیەكی تەواوە لە دیموكراسی،  گومان خستنە بۆ سەر خەباتی پەرلەمانی بۆ دامەزراندنی سیستمێكی دیموكراسی، ‌وە سەركێشانێكە بۆ ناو قۆناغی سیستمێكی بنەماڵەیی سوڵتانی. ئەوەی هەستی پێدەكرێت دیاردەی نەمانی جیاوازییە لە گوتاری سیاسی حیزبەكاندا. لاوازبوونی بڕوا‌و متمانەی خەڵكە بە هەڵبژاردن‌و دەرەنجامەكانی. جێگاگرتنەوەی بەرژەوەندییە گشتییەكانە بەدەستكەوتی شەخسی‌و پۆست‌و پایە بۆ خێزانە سیاسییەكان‌و منداڵ‌و خزم‌و كەس‌و كاریان، وە بێئەرزشكردنی گرنگترین دەزگای سیستمی دیموكراسییە كە پەرلەمانە لەڕوی چۆنایەتی ‌و چەندایەتی‌و هەیبەت‌و توانایەوە. وێرانكردنی ئینتیمای هاوڵاتیانە بۆ نیشتیمانەكەیان. ڕۆچونی ڤایرۆسی گەندەڵیە بۆ هەناوی هەموو دامەزراوەكان لەسەرەوە بۆ خوارەوە. زۆر شتی تریش. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم نەهامەتیانەدا هەست دەكەم خەڵك وەك شكستەكانی پێشوو ئیرادەی هەستانەوەی هەیە. بایكۆت‌و سزادانی حزبەكان لەهەڵبژاردندا ئەم ڕاستیە دەردەخەن كە ئەمڕۆ بە بایكۆتی دەنگ، سبەینێش بەیاسا یان بەهەر ئامرازێكی تری مەدەنی سزایان دەدەن. پ/ بەبەشداری بەشێك لەهێزە سیاسیەكان لە حكومەتدا، ئایندەی حوكمڕانی لەكوردستاندا چۆن دەبینیت؟ و/ ئاساییە لەوڵاتێكی دیموكراسیدا بەتوانا‌و بەركەوتەیی دەنگی خۆت وەبەجێگیركردنی بەرنامەكەت یان بەشێكی بەرنامەكەت لەحكومەتدا بەشداری بكەیت. بەتایبەت كە بەرنامەی حكومەتی نوێ‌ لەگەڵ پرنسیپی حزبەكەت‌و دروشمەكانی بەرنامەی هەڵبژاردنەكەتدا بگونجێ‌ وە هەموو حزبێك كە دەچێتە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە بەنیازی ئەوەیە كە دەسەڵاتی هەبێت‌و پرۆژەكەی یان بەشێكی جێبەجێ‌ بكات، دەنا دەبێتە ئۆپۆزسێۆن. ئەمە لەكاتێكدا ئاساییە‌و دروستە كە پرۆسەی هەڵبژاردن دوور لە ساختەكاری بەڕێوە بچێت‌و سەرەنجامی هەڵبژاردنەكە لای هەموان پەسەند بكرێت. ئەوەی ئاسایی نییە لەكوردستاندا هەڵبژاردن جێگەی تەواوی گومان بێت‌و سەرلەبەری پرۆسەكە بەساختەكاری‌و خۆسەپاندن بەهێز بزانیت‌و پاشان لەبەر دەستكەوت‌و پلەو پۆست ڕازی كردنی نوخبەیەك لەكادری هەلپەرست‌و بێ‌ ئیش گومان لەسەر ناڕەوایی پرۆسەكە هەڵبگریت‌و ببیتە شەریكی ئەو حزبانەی كەدەنگەكانیان خواردویت‌و هەزارو یەك ڕەخنەت لێیان هەبووە. ئەوە نائاساییە بانگەشەی دامەزراندنی سیستمی دیموكراسی پەرلەمانی بكەیت، كەچی دەنگ بۆ سیستمێكی سەرۆكایەتی بدەیت. بانگەشەی بەدامەزراوەیی كردنی دەوڵەت بكەیت، بەڵام لەناو ماڵەكەی خۆتدا بەهایەك بۆ دامەزراوەكانت نەهێڵیتەوە‌و لەدەرەوەی ئەوان بازنەی بڕیاری سیاسی دروست بكەیت. ئەوە نائاساییە كە ئەزمونێكی زۆر تاڵ‌و تفتت لەكابینەی پێشودا لەگەڵ هەمان حزبدا هەبێت‌و بەناشرینترین شێوە لەحكومەت‌و پەرلەمان وەدەری نابیت، بەڵام خاوەن ماڵێتیان قبوڵ بكەیت. ڕێكخەرە گشتیەكەت بە تۆمەتی تیرۆر تا ئێستا لەدادگا داوا كراو بێت، تۆش بچیتەوە سەر هەمان دام‌و دەزگای ئەو حكومەتە. خەڵكەكەی خۆت سزای قورست بدات‌و دەنگت نەداتێ‌، بەڵام یەك كەس تەحەمولی ئەم شكستە نەكات‌و دەست لەكار نەكێشێتەوە، بەپێچەوانەوە دەنگە ڕەخنەییە ڕاستەقینەكان‌و ناڕازیەكانی خۆت سزا بدەیت. ئەوە نائاساییە كە سوور بزانیت موجامەلە‌و پێدانی پۆست زیاد لەقەبارەو ئیستیحقاقی خۆت جۆرێكە لە بەرتیلی سیاسی بۆ پێ‌ خزاندن، بەڵام بچیتە ژێر باری داواكاریە قەبەكانی دەسەڵاتەوە. پ/ گۆڕان لە كوێی ئەم هاوكێشانەی ئێستادایە، قسەتان لەسەر شوناسی سیاسی‌و وەزیفەی مێژوویی چیە؟ و/ گۆڕان ئێستا بەشێكە لەو دەسەڵاتە، ئەوەی گۆڕان لەپێناویدا دامەزرا‌و خەڵكێكی زۆریش قوربانی بۆدا چاككردنی بارودۆخی سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمەڵایەتی بوو، نەك پلە‌و پۆست‌و ئیمتیاز دۆزینەوە، ئێمە ئەم بزوتنەوەیەمان دروست نەكردوە بۆ ئەوەی چەواشەی خەڵك بكات، بەڵكو بۆ ئەوە بوو ڕاستگۆیانە خەڵك لەگەڵ سیاسەت ئاشت بكاتەوە، ببێتە زمان حاڵی زوڵم لێكراوەكانی هەرێمی كوردستان. ئەمەی ئێستا ڕوو دەدات پشتكردنە لەدەنگدەرانی گۆڕان‌و خەڵكی ئەم هەرێمە، لەوەی كە گۆڕان هەوڵێك بێت بۆ گۆڕانكاری ڕیشەیی ئێستا ڕێگرە لە گۆڕانكاریەكان. پ/ ناكۆكیە جەوهەریەكان لەگۆڕاندا چین، دەكرا بزوتنەوەك بەم دۆخەی ئێستا نەگەیشتایە؟ و/ بەگشتی ناكۆكی لەسەر جۆری ئیدارەدان‌و دیاری كردنی سیاسەتی بزووتنەوەكە‌و ناڕوونی لەجۆری دروستكردنی بڕیارداندا لە بزووتنەوەكەدا. كەموكوڕی  لەدەستوری ناوخۆی بزوتنەوەكەیە.  وازنەهێنان لەتەكەتول‌و سەركردن بەیەكدا، سیاسەت كردن بۆ سیاسەت نەك بۆ گۆڕانكاری، دروستكردنی هەندێ‌ كەسی بێ‌ ئیرادەو ڕیاكەر لەدەوری سەركردەكان. كاتی دامەزراندنی كۆمپانیای وشەو پاشان بزوتنەوەی گۆڕان ڕەنگە هەندێك جیاوازی لاوەكی لەبۆچونمان هەبوبێت لەگەڵ خوا لێخۆشبوو كاك نەوشیرواندا، بەڵام دوو مەسەلەی زۆر گرنگ هەبوو كە هەموومان لەسەری كۆك بووین هەمیشە بەڕێزی دووپاتی دەكردەوە كە خەباتی بۆ بكەین: یەكەمیان دژایەتی گەندەڵی لەكوردستاندا، دووەمیان ڕێگە نەدان بەبنەماڵە‌و بەخێزان بوونی سیستم‌و سیاسەت بەگشتی لەكوردستاندا، زۆر بەداخەوە كەئێستا لەهەموو حزبێك زیاتر ئەم دیاردانە بەگۆڕانەوە دیارە. ئەمەش ناكۆكی جەوهەریمانە لەگەڵ گۆڕانی ئێستا. لەكۆتایشدا ڕێككەوتنی ژێربە ژێری دەستەیەكی بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاسا‌و بڕیارانەی لەبەرژەوەندی دەسەڵاتدارانە بۆ زیاتر خۆسەپاندن، نەك بۆ دژایەتی گەندەڵی‌و دروستكردنی حكومەتی هاوڵاتیان، جگە لەوەی دەستكەوتی ئابوری نوخبەیەكی بەرژەوەندی خوازی ناو گۆڕانە بۆ بەرجەستەكردنی پایەكانی تەوریسی سیاسی. ئەمە هەموی دوور لەئیرادە‌و بڕیاری جڤاتەكانی گشتی‌و نیشتیمانی‌و هەتا خانەی ڕاپەڕاندنیش كراوە. پ/ كێشەی موچە بۆچی چارەسەر ناكرێت، لەكاتێكدا ئومێدێكی گەورە لەسەر ئەوە هەڵچنرا بوو دوای ناردنی پارە لە بەغداوە كۆتایی بەم كێشەیە بێت؟ و/ وا چاوەڕوان دەكرا كە ئەو پارەیەی لە بودجەی عێراق تەرخانكرابوو بۆ هەرێمی كوردستان كێشەی موچە چارەسەر بكات، دیارە بە هیمەتی زۆری پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا توانرا كە ئەو بەشە بودجەیە لەیاسای بەدجەی ئەمساڵی عێراقدا جێگیر بكرێت لەبەرامبەر ڕادەست كردنی نەوتدا، كەلە ڕاستیدا حكومەتی عێراق تەنها داوای 250 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێكدا كردوە، لەكاتێكدا ئەوان لە ئێمە باشتر ئەزانن كە بەرهەم هێنان لەكوردستاندا بەئاشكرا‌و دزیەكانەوە زۆر لەوە زیاترە. لەسەرەتای ساڵەوە بەغداد باپەند بوونی خۆی بەناردنی بەشە بودجەی كوردستان جێبەجێ‌ كردوە، بەڵام لێرە حكومەت نەدەتوانێ‌ موچە خوراوەكان قەرە بوو بكاتەوە، نەچارەنوسی پاشەكەوتەكانیش دیاری دەكات، بەڵكو ئەو پارەیەی كە دێت وەك خۆیان دەڵێن دەدرێتەوە بەقەرزی كۆمپانیا‌و وڵاتەكان. بە بۆچونی من خەلەلەكە ئا لێرەدایە، هەرگیز نە ئێمەی خەڵكی هەرێم نە حزبەكانیش نە بەغدادیش نازانیین ئەم هەموو قەرزە چییە كە دەبێت تا چەندین ساڵی تریش گیرۆدەی دانەوەی بەین، لێتان ناشارمەوە وە پێشتریش لەچاوپێكەوتنێكدا پار ساڵ گوتومە گومانی تەواوم هەیە كە ئەو قەرزانەی باس دەكرێت كەگوایە لەو وڵات‌و كۆمپانیایا‌و بانكانە كراوە، نەك هەر ناشەفاف‌و ناڕونە‌و دوور لەهەموو چاودێریەكی پەرلەمان كراوە، بەڵكو ئەمڕۆش هیچ بەرهەمێكی دیار نییە كە بۆ خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستان بەكار برابێت، تەنها خۆیان‌و خوا دەزانێ‌ كە چونەتە حسابی كێ‌‌و لەچ كەناڵێكی تاریكدا وونكراوە، ئێستا ئێمە وەك هاونیشتیمانیانی ئەم هەرێمە دەبێت ئەو قەرزە بدەینەوە، لەبەر ئەوە هەتا ئەم قەرزە نادیارە تەواو نەبێت‌و پڕنەكرێتەوە نەپارەی هەرێم‌و نە هی عێراقیش ناچێتە خزمەتی هاوڵاتیانەوە. جگە لەوەی 250 هەزار بەرمیلەكەش نانێرن، جگە لەناشەفافی هەموو داهاتەكانی تریش، جگە لەهەموو مەسرەفە قورسەكانی لێپرسراوان‌و دەزگاكان، جگە لە تەخشان‌و پەخشان كردن بۆ حزب‌و میدیا زەبەلاح‌و دامەزراوەكانی تری، جگە لە مەسرەفی حیمایە‌و میوان‌و سەفەر كەمانگانە ملیۆنەها دۆلار دەخەمڵێنرێت. كەواتە چۆن موچە‌و خزمەتگوزاری دابین دەكرێت ؟!! پ/ كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد بۆچی وەك نەخۆشیەكی درێژخایەنی لێهاتوە‌و چارەسەر ناكرێت؟ و/كێشەكانی هەرێم‌و بەغداد زۆرن كەبێ‌ چارەسەر ماونەتەوە، بەڵام گرنگترینیان ساغكردنەوەی كێشەی ناوچە دابڕێنراوەكانە، بەتایبەتی كەركوك، ئاشكرایە كەسیاسەتی حكومەتەكانی عێراق پێش پرۆسەی ئازادی ساسەتێكی نەتەوە پەرستانە بووە ، ئەوەی پێیان كرا كردیان بۆ گۆٍینی دیمۆگرافی كەكوك، بەڵام دوای 2004 بارودۆخێكی وا هاتە پێش كەدەكرا لەهەندێ‌ قۆناغدا چارەسەر بكرێت یان تا ڕادەیەكی باش ناكۆكیەكان كەم بكرێتەوە، وەك لەكاتی نوسینەوەی دەستور‌و دامەزراندنەوەی حكومەتی عێراق كە كورد باڵادەست بوو خاوەن پشتیوانیەكی نێونەتەوەیی گەورە بوو، یان لەكاتی دەركردنی داعش‌و كەوتنە دەستی ئەو ناوچانە بۆ ژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگە. لەحاڵەتی یەكەمدا بەشێوە دبلۆماسیەكەی دەتوانرا لەڕێگا یاساییەكەیەوە فشار بكرێت كە بەمادەی 140 لەدەستوردا دیاری كرابوو. لەحاڵەتی دووەمیشدا بە بوونی سیاسەتێكی تەندروستی هەرێم لەو ناوچانە كە وابكات نەك تەنها كورد بەرگری لەدەسكەوتنەكانی بكات، بەڵكو عەرەب‌و توركمان‌و كلدانی‌و ئاشوری هەموو پێكهاتە ناڕازیەكانی تر بەموڵكی خۆیان بزانیایە‌و بەرگریان لێبكردایە، نەك تەنها موڵكی پارتی‌و یەكێتی بێت. بەڵام لەهەموو حاڵەتەكاندا ناكۆكی نێوان هەردوو حزبە فەرمانڕەواكەی كوردستان لەسەر نفوز‌و دەسەڵات‌و نەوت لەكەركوك‌و ناوچەكانی تر نەك تەنها پێگەی هەرێمیان لاواز‌و بێبەها كرد بەڵكو دانیشتوانی ئتنی‌و ئاینی جیاوازی ئەو ناوچانەشیان لەسیاسەتی ئەم دوو حزبە نائومێد كرد، كە وەك سیاسەتی كورد تەماشایان دەكرد. ڕاستیەك هەیە دەمەوێت زۆر بە ڕاشكاوانە بیڵێم كێشەی كەركوك دوای پرۆسەی ئازادی ئەوەندەی كێشەی نێوان پێكهاتە سیاسیەكانی كورد خۆیەتی، هێندە كێشەی هەرێم‌و پێكهاتە نەتەوەیی‌و ئاینیەكان نییە، هێندە كێشەی ململانێی پارتی‌و یەكێتیە بۆ بەتاڵان بردنی سامان‌و داهات هێندە كێشەی سیاسی هەرێم‌و بەغداد نییە، دڵنیام گەر ڕۆژێك پارتی‌و یەكێتی بەیەكگرتویی‌و یەك دەنگی داوای چارەسەری كێشەكەیان بكردایە، زۆر باش دەیانتوانی لەگەڵ بەغدادا یەكلای بكەنەوە، تا ئێستا كەلەڕوی سەربازیەوە لەدەستیشمان داوە شەڕ لەسەر دەسكەوتێكی ئایندەیی وەهمی‌و خەیاڵی دەكەن، لەكاتێكدا هەموو جومگەكانی ئەو ناوچانە بەدەست بەغدادایە كەچی شەڕ لەسەر دانانی پارێزگارە كە خوا دەزانێت ئەگەر داشبنرێت لەم بارو دۆخەدا دەتوانێ‌ پارێزگاری شارەكە بێت یان نا. بێ‌ دوو دڵی دەڵێم كێشەی ئەو ناوچانە دەرەنجامی نەبوونی مۆدێلێكی سیاسی‌و ئابوری‌و كلتوری ئەم دوو حزبە بوو بۆ بنیادنانی پێكەوە ژیانێكی دادپەروەرانە لەنێوان پێكهاتە نەتەوەیی‌و ئاینەكان لەگەڵ یەكتر، كە هیچ پێكهاتەیەك هەست بەخۆكەمبینی چەوسانەوە‌و غوبن نەكات. بۆیە كێشەی نەگەڕانەوەی كەركوك‌و ئەو ناوچانە بەرهەمی ئەم شكستە سیاسی‌و ئیداری‌و سەربازیەیە كەلەپاش ریفراندۆم قوڵتر بۆتەوە، نەك تەنها كێشەی ڕگەزپەرستی‌و تایفی، بێگومان هەر ئەم ئیفلیجی‌و شكستە سیاسیە‌و ئیداریەی یەكێتی‌و پارتی بوون كەوایكرد وڵاتانی دراوسێ‌ زیاتر بێنە ناو كێشەی كەركوكەوە وە ببن بە هۆكارێكی تێكدان‌و چارەسەر نەكردن.  پ/ چ ئومێدێك دەبینن لەو نائومێدیەی ئێستا باڵی كێشاوە بەسەر بارودۆخی هەرێمدا؟ و/ ڕاستە نائومێدیەك باڵی كێشاوە بەسەر بارودۆخی هەرێمدا، خەڵكی متمانەیان بە هەڵبژاردن، پەرلەمان، حكومەت، دادگاكان، حزبەكان.....هتد، زۆر لاواز بوە، وا هەشت مانگ تێپەڕی كەچی لەبەر ململانێی حزبی‌و تەكەتولاتی ناو حزبەكان خۆشیان لەسەر دابەشكردنی پۆست‌و ئیمتیازات ئەم حكومەتە دانامەزرێت. ئەگەر لە 28 ساڵی ڕابردوشدا دەسكەوتێك لەڕوی سیاسیەوە بەدیهاتبێت وەچەند هەنگاوێك بەرەو دیموكراسیەت نرابێت، بەڵام ئێستا نەك تەنها مەترسی لەدەستدانی ئەو دەستكەوتانە هەیە، بەڵكو مەترسی پایەداركردنی مۆدێلێكی نوێ‌ بەدەسەڵاتگەرایی بنەماڵەیی‌و خێزانی لەئارادایە كە لە نوسینەوەی دەستور یەكلا بكرێتەوە. هەر چاودێرێكی سیاسی ڕخنەگر تەماشای مێژووی پەرلەمان بكات ئەو ڕاستیە دەبینێت كە خول بەخول پەرلەمانی هەرێم بەرەو لاوازكردن‌و لەدەستدانی هەیبەتی دەبرێت، لەكاتێكدا پەرلەمان دڵی زیندوی سیستمی دیموكراسیە. سەیرە لەخولی یەكەمی پەرلەماندا كەسانی زۆری خاوەن پسپۆری یاسایی‌و ئابوری‌و هەتا سیاسی دەسەڵاتدار لەسەرۆك حزبەكان‌و مەكتەب سیاسیەكانی تێدا بوو، بەڵام ئێستا لەگەڵ هەموو ڕێزێكم بۆ ژمارەیەك لەپەرلەمانتاران، لە ئێستادا دەزگای پەرلەمان بوە بە جێگەی دۆزینەوەی هەلی كار بۆ بێئیشەكانی حزب كاتێك ئەمە دەڵێم ئەو ڕاستیەش دەزانم كەهەندێكی كەمیان شارەزایی باشیان هەیە‌و جێگەی سوود‌و ڕێزن بۆ هەرێم..... زۆر شتی تر هەیە كە جێگەی بەراورد كردن نەماوە. بەڵام لەهەموو ئەم كەم‌و كوڕیانەدا لەدەرەوەی ئەم دەزگا‌و حزبانەدا، هەست بە ئیرادەیەكی بەهێز بۆ خەمخواردن لەچارەنوسی ئەم هەرێمە. بایكۆتكردنی سەروو لە 50% ی خەڵك‌و دەنگ نەدانیان بەو حزبانە دوو دیاردەی پۆزەتیڤی لێدەخوێنرێتەوە، یەكەم:  بەبێ‌ جیاوازی لەنێوان حزبەكانی دەسەڵات‌و ئۆپۆزسێۆندا خەڵك بەدەنگنەدانیان سزای هەموو حزبەكانیان دا، پێیان ووتن كە لەئێوە ناڕازین‌و حوكمی ئەم وڵاتەتان پێ‌ ناكرێت، دووەم: ئەوانەشی كە بایكۆتیان كرد سەرەڕای ئەوەی كە دەنگیان نەدا بەحزبەكانی خۆیان دەنگیشیان بۆ حزبەكانی تر نەبوو، واتا تەواو بێزار‌و نائومێدن لەهەموو سیاسەت‌و سەركردەكانی هەموو حزبەكان.  ئێمە خۆمان بە بەشێك لەم كۆمەڵگەیە و ئەو بارودۆخە دەزانین، ئیرادەی ئەوەمان ماوە كۆمەڵگاكەمان هەرشتێكی پێویست بێت بۆ گۆڕانكاری و باشكردن بە دڵنیاییەوە ئەوە دەكەین .  كۆی ئەمانە نیشانەی ئەوەن كە وشیاری دەنگدەر بەرەو سەرەوە چوە‌و چیتر دەنگی خۆی ناداتەوە بەحزبێك كە نوێنەرایەتی نەكات‌و لەگەڵ پرنسیپ‌و دروشمەكانی خۆشیدا ڕاستگۆ نەبێت.، چیتر دروشمی بریقەدارو كوردایەتی موزەیەف‌و قڕۆشتنەوەی خەباتی شۆڕشگێڕی‌وقودسیەتی هیچ كەس‌و بنەماڵەیەك نابێت دەنگدەر بگەمژێنێت‌و هەڵخڵەتێنێ‌.  بۆ من جێگەی ئومێدو دڵخۆشیە كە ئیرادەیەكی پۆزەتیڤ ماوە، یاخی بوون لەپێناو حەق ماوە، وشیاریەكی ڕەخنەگرانە لەبرەودایە كەدەكرێت ئەمڕۆ بێت یان سبەی ئەو خەڵكە ئەڵتەرناتیڤێكی باشتر بدۆزێتەوە‌و متمانەی پێبكات . خۆشبەختانە هەم ویژدانی زیندوو لەناو هەموو چین‌و توێژەكان‌و هەتا لەناو حزب‌و ڕێكخراوەكانیشدا ماوە، هەروەها ڕۆشنبیری وشیارو بەتوانا‌و دڵسۆز ماوە كە دەتوانن كاریگەریەكی باشیان لەسەر زهنیەتی خەڵك هەبێت‌و ببنە بەشێكی گرنگ لەمانەوەی ڕوحی بەرگری‌و گۆڕانكاریدا.


درەو میدیا:  پارتی دیموكراتی كوردستان دەقی ئەو رێككەوتنەی بڵاوكردەوە كە لە 4/3/2019 لە نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا واژووكراوە، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاندووە" بڵاوكردنەوەی دەقی رێككەوتنەكە دوای ئەوەدێت، فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان دەنگی بە هەڵبژارددنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم نەدا‌و داوای كرد پارتی هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك هەڵبژێرێت‌و لەسەر كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك كێشە لەنێوان هەردوولا دروستبوو" وتەبێژەكەی پارتی دەڵێت "بۆیە بڕیارماندا دەقی رێككەوتننامە سیاسیەكەی نێوانمان وپاشكۆی ئەو رێككەوتنەش بۆ خەڵكی كوردستان وەكو خۆی بڵاوبكەینەوە و بیانكەین بە حەكەم بۆ بڕیاردان كە كام لایەن لە رێككەوتنەكە لایداوە" پارتی دەقی رێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی بڵاوكردەوە (درەو میدیا): میدیای فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان دەقی رێككەوتنە سیاسییەكەی نێوان پارتی‌و یەكێتی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە، لەگەڵ دەقی رێككەوتنەكەدا، پەیامێكی وتەبێژی پارتیش بڵاوكرایەوە لەبارەی هۆكاری ئاشكراكردنی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە بۆ رایگشتی. بڵاوكردنەوەی دەقی رێككەوتنەكە دوای ئەوەدێت، فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان دەنگی بە هەڵبژارددنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم نەدا‌و داوای كرد پارتی هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك هەڵبژێرێت‌و لەسەر كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك كێشە لەنێوان هەردوولا دروستبوو. دەقی رونكردنەوەكەی وەتەبێژی پارتی: دوابەدوای ئەو هەڵوێستەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لە رێكەوتی ٢٨ی ٥ی ٢٠١٩ نواندی سەبارەت بە بایكۆتكردنی كۆبوونەوەی پەرلەمان و دەنگنەدانیان لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و هێنانەوەی هەندێ بیانووی دور لە راستی سەبارەت بە جێبەجێنەكردنی ناوەرۆكی رێككەوتنەكان و بەتایبەتیش پرسی چارەسەركردنی كێشەكانی پارێزگای كەركوك بە دانانی پارێزگاریشەوە، كە بە رێككەوتنێكی واژۆكراو دیاریكراوە كە هەردوو بەڕێزان سەرۆك مەسعود بارزانی و كاك كۆسرەت رەسوڵ ھەردووكیان پێكەوە ئەم ئەركە دەگرنە ئەستۆ بەمەبەستی چارەسەری. بەڵام مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان نە ئیلتزامیان بەو رێككەوتنە كرد كە لەلایەن بەڕێزان هەڤاڵ نێچیرڤان بارزانی و كاك كۆسرەت رەسوڵ لە رێكەوتی ٤ی ٣ی ٢٠١٩ لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی ئیمزاكرا و، نە بە كاتەكەیەوە كە هاوتەریبە لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی حكومەتی ھەرێم نەك ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێم، نە لە دەسەڵات پێدانی هەردوو بەڕێزان بۆ چارەسەری كێشەی پارێزگای كەركوك بە پارێزگاریشەوە و نە ئیلتیزامیشیان بە رێككەوتنی ھەردوو بەڕێزان لەسەر كاك فەرەیدون عەبدولقادر ئەندامی پێشووی یەكێتی نیشتمانی و ئەندامی دامەزرێنەری كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان، كرد. بۆیە بڕیارماندا دەقی رێككەوتننامە سیاسیەكەی نێوانمان وپاشكۆی ئەو رێككەوتنەش بۆ خەڵكی كوردستان وەكو خۆی بڵاوبكەینەوە و بیانكەین بە حەكەم بۆ بڕیاردان كە كام لایەن لە رێككەوتنەكە لایداوە.. مەحمود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان          


راپۆرتی: محەمەد رەئوف – نامیق رەسوڵ  روداوی هاتوچۆ و ناجێگیری باری تەندروستی (چراخان رەفیق)، ژنە سەرمایەدارو هاوسەری پێشووی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم، پرسیاری زۆری بەدوای خۆیدا هێناوەو كەیسێكی ئاڵۆزو فرە جەمسەرە، ( درەو میدیا) لە بەدواداچونێكی وورددا راستی روداوەكەو ئەو پرسیارو گومانانەی لەسەر كەیسەكەیە دەخاتەروو.  لە 28/5/2019 لە هەواڵێكدا كە لە پەیجی رەسمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكدا بڵاویكردوەتەوە چاراخان رەفیق رایگەیاند، توشی روداوی هاتوچۆ بووە. پەیجە رەسمیەكەی خۆی  لە هەواڵێكی بەپەلەدا دەڵێت:" بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا چراخان رەفیق توشی روداوێكی هاتووچۆ بووەو یەكێك لە پاسەوانەكانی گیانی لە دەستدا‌و دوانی دیكەیان برینداربوون‌و وەزعی تەندروستی چراخان زۆر ناجێگیرە و لەژێر چاودێریەكی سەختدایە". (درەو میدیا) بەدواداچونی وردی كرد بۆ ئەو روداوە هاتوچۆیانەی كە رۆژی 28/5/2019 لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا رویانداوە، لەو رۆژەدا هیچ جۆرە روداوێكی لەو شێوەیە لە ڕاگەیاندنەكانی پاریسدا دەستنەكەوت سەبارەت بە چراخان رەفیق كە توشی روداوی هاتوچۆ بوبێت. بە گوێرەی بەدواداچوونەكە لە ماوەی 24 كاتژمێری ئەو شە‌و‌و رۆژەدا " تەنها حەوت ڕوداوی هاتوچۆ لە سنوری پاریسدا تۆماركراون، لە روداوێكیاندا دوو ماتۆڕ سوار مردون، تەنها یەك ڕوداویان كەسێكی ڕەگەزی مێی تێدابووە، ئەویش بەسوكی بریندار بووەو  كچێكی تەمەن سێ ساڵە‌و بەڕەچەڵەك فەڕەنسییە". لە ماوەی ئەو شەو‌و رۆژەی كە چراخان رەفیق ئاماژەی پێكردووە كە توشی روداوی هاتوچۆ بووە، هیچ روداوێكی هاتوچۆ لە پاریس‌و كەسێك گیانی لەدەستدابێت‌و چراخان بە قورسی بریندار بوبێت‌و دوو پاسەوانیشی برینداربوبن تۆمارنەكراوە. بڵاوكردنەوەی وێنەی ناڕاست چراخان رەفیق لە پەیجە رەسمییەكەی خۆیدا وێنەی روداوەكەو ئۆتۆمبیلەكەی بڵاوكردوەتەوە، بەڵام بەپێی بەدواداچونی (درەو میدیا) ئەو وێنەیە روداوێكی هاتوچۆیە لە ڤێتنام كە 5/3/2017 رویداوە. روداوەكە بەم شێوەیەیە: "ئۆتۆمبێلێكی جۆری ( رانجرۆڤەر) لە شاری ( هۆشی منە)ی ڤێتنام لە بەیانی رۆژی 5/3/2017  بەهۆی تیژڕەویەوە خۆی كێشاوە بە ( حاویەكی خۆڵ و خاشاك)دا و بەهۆیەوە شۆفێرەكەی و كچێكی سەرنشین گیانیان لەدەستداوەو سەرنشینێكی تر برینداربووە"، بۆیە ئەو وێنەیەی چراخان رەفیق بڵاویكردوەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ دوو ساڵ لەمەبەوبەرو لە فەرەنساش نەبووەو لە ڤێتنام بووە. بەرەو ئەمریكا دوو رۆژ دوای بڵاوكردنەوەی هەواڵی روداوە هاتوچۆكە جارێكی تر چراخان رەفیق لە پەیجەكەیەوە ئاگاداری سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستی خۆی بڵاوكردوەتەوە كە دۆخی تەندروستی ناجێگیرەو بۆ چارەسەر بەرەو ئەمریكا دەبرێت و لە ئاگادارییەكدا دەڵێت: "سەبارەت بە باری تەندروستی چراخان رەفیق بەداخەوە تاكو ئێستا باری تەندروستی ناجێگیرە و تیمی پزیشكی سەرپەرشتیاری حاڵەتەكەی بڕیاریاندا رەوانەی ئەمریكای بكەن بۆ چارەسەركردن ئەوە دوای ئەوەی چەند رۆژێك لە فەرەنسا چارەسەری وەردەگرت ". بەپێی بەدواداچونەكانی ( درەو میدیا) زۆر بەدەگمەن حاڵەتی وا رودەدات كە كەسێك بەهۆی خراپی باری تەندروستیەوە لە فەرەنساوە بگوازرێتەوە بۆ ئەمریكا، لە كاتێكدا نەخۆشخانەكانی فەرەنسا زۆر پێشكەوتوون و هیچیان كەمترنیە لە ئەمریكا لەرووی خزمەتگوازریی تەندروستییەوە.  تۆماركردنی سكاڵا رۆژی 10/5/2019 چراخان رەفیق لە پەیجی رەسمی خۆیەوە بڵاویكردەوە كە لە دادگاكانی بەریتانیا سكاڵای لە دژی ئاشتی هەورامی تۆماركردووە، بە تۆمەتی گەندەڵی. چراخان رەفیق لە رونكردنەوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە"هەروەك لێرەو لەوێ ئاشتی هەورامی بە ڕێگای جیاجیا پەیام و هەڕەشەی كوشتن و گرتنەبەری ڕێگای دادگاكانی كوردستان دەكات ئەوا من ڕایدەگەیەنم كە دۆسیەم لە دژی ئەو لە دادگاكانی بەریتانیا تۆماركردوەو بەمزوانە یەك لایی دەبێتەوە ".  چراخان رەفیق ئاماژە بەوەشدەكات كە هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە"من چۆن بە بەردەوام لەژێر هەڕەشەی كوشتنم و تەهدید دەكرێم كە هیچ نەدركێنم سەبارەت بە ئاشتی هەورامی ئێستا من بڕیارمدا مردن هەڵبژێرم نەك بێ دەنگی". بەپێی ئەو رونكردنەوەیەی چراخان رەفیق بێت، هەڕەشەی كوشتنی لەسەرەو دەیەوێت كێشەكەی لەرێگەی دادگاوە یەكلابكاتەوەو دەنگی خۆی بگەیەنێتە، خەڵكی. دواتر لە رۆژی 25/5/2019 نامەیەكی كراوە بۆ مەسعود بارزانی دەنێرێت‌و دەڵێت" جەنابی سەرۆك بارزانی، مەبەستمە بە جەنابیشت بڵێم هەروەك چۆن غەدر لە میللەت كراوە بە هەمان شێوە غەدر لە جەنابیشت كراوەو دەیان بابەتی گرنگ‌و پەیوەست بە ژیانی خەڵكیان لە جەنابیشت شاردراوەتەوە" هەر لەو نامەیەدا چراخان رەفیق بەروونی باس لە ئاشكراكردنی بەڵگەكان دەكات لە دژی ئاشتی هەورامی‌و دەڵێت: "هەر بۆیە بڕیارمدا من لە ئێستاوە سەرجەم نهێنییەكانی ئاشتی هەورامی‌و باندە مافیایەكەی بڵاوبكەمەوە بە بەڵگەو موستەمسەكات‌و ناوەكانیان و مەلەفە ئیمزا كراوەكانیان بڵاوبكەمەوەو ئەوەی چەندین ساڵە ترسی كوشتنم هەبوو لێی بڵاوی بكەمەوە‌و بیخەمەڕوو، لەهەمان كاتدا كەسانێك دوای نەمانی خۆم شتەكان بڵاوبكەنەوەو لە كەناڵە تەلەفزیۆنەكانی جیهان، وە دەریخەم كە ئاشتی هەورامی پەڵەیەكی رەشە بۆ عێراق‌و هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكە". سیناریۆ یان حەقیقەت؟ -    بە خوێندنەوەی وردی  نوسین و رونكردنەوەكانی چراخان رەفیق، دەردەكەوێت كە لەژێر فشارو هەڕەشەی توندا بووەو بۆ دەربازبوون لەو هەڕەشانە پەنای بردووە، بۆ دادگاكان. -    لەدوای بڵاوكردنەوەی ئەو رونكردنەوانە، راستەوخۆ باس لە روداوی هاتوچۆكەی دەكات، بەو واتایەی كە روداوی هاتوچۆكە پەیوەستە بەو هەڕەشەو فشارو تۆماركردنی سكاڵایانەی كە لە دژی ئاشتی هەورامی تۆماریكردووە. -    هەندێك سەرچاوەش ئاماژە بەوەدەكەن كە ئێستا هەوڵدەدرێت لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا ئاشتی هەورامی بكرێتەوە بە وەزیری سامانە سروشتییەكان و باڵێكی ناو پارتی دژایەتی دەكەن، بەتایبەتیش لە رێگەی چراخان رەفیق هاوسەری پێشویەوە دەیانەوێت بەربەستی بۆ دروست بكەن‌و ئەو هەنگاوانەی چراخان رەفیق دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە.   -    ئەوەی كە گومان لەسەر ئەو روداوە دروست دەكات سێ خاڵە كە بریتین لە: 1-   بێدەنگی و نەبوونی هیچ جۆرە رونكردنەوەیەك لەلایەن كەسوكارو كەسە نزیكەكانی چراخانەوە بڵاونەكراوەتەوە یاخود رەتنەكراوەتەوە. 2-    ئەو رۆژەی چراخان رەفیق ئاماژەی بۆ كردووە كە روداوی هاتوچۆكەی تیایدا رویداوە، لە ماوەی ئەو 24 كاتژمێرەدا هیچ روداوێكی لەو شێوەیە لە پاریس روینەداوە، چونكە لەوێ هەموو روداوەكان تۆماردەكرێن‌و هەركەس بیەوێت دەتوانێت سێرچبكات‌و هەموو روداوەكان بدۆزێتەوە. 3-    خاڵی هەرە گوماناوی لەو روداوە بڵاوكردنەوەی وێنەی  ئۆتۆمبیلەی خۆیەتی لە پەیجە رەسمییەكەی خۆیەوە كاتێك توشی روداوی هاتوچۆ بوە، بەڵام وێنەكە دەگەڕێتەوە بۆ روداوێكی ساڵی 2017‌و لە ڤێتنام رویداوەو ناوو و ناونیشانی سەرنشینەكانیش بڵاوكراونەتەوە كە هاوڵاتی ڤێتنامین. بازرگانی نەوت  روداوەكە سیناریۆ بێت یان حەقیقەت، هیچ لەو راستیە كەمناكاتەوە، كە چراخان رەفیق پێشتر بە دەست تێكەڵكردنی‌و بازرگانی نەوت لەگەڵ ئاشتی هەورامی تۆمەتبار دەكرا. لە رۆژی 17/5/2016 ماڵپەری رەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان (kdp.info) بڵاویكردوەتەوە" مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ( چراخان رەفیق) گەورە بازرگانی بواری نەوتی هەرێمی كوردستان دەركرد، كە ماوەیەكە هەرێمی كوردستانی جێهێشتووەو لە دەرەوەی وڵاتە". میدیاكانی پارتی راستەوخۆ چراخان رەفیقیان تۆمەتباركرد بەوەی بەشێوەی نایاسایی بازرگانی نەوتی كردووە، رۆژنامەی وشەی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان بە مانشێتی سەرەكی لە 2016 دا نوسیبوی" چراخان رەفیق عومەر بە شێوەی نایاسایی بازرگانی بە نەوت كردووەو لە چەند گەندەڵییەكدا تێوەگلاوە، بۆیە ئێستا دەست بەسەر 276 ملیار دیناری ئەو بازرگانەدا گیراوە. ئەو بڕە پارەیە، لە بانكەكانی هەرێمی كوردستانە"، بەڵام دواتر چراخان رەفیق گەڕایەوە هەرێمی كوردستان و دەستی بەكاری خێرخوازی كرد. هاوسەرگیریەكەی چراخان رەفیق لەگەڵ ئاشتی هەورامی و دواتر جیابونەوەی لە ئاشتی هەورامی‌و  بازرگانیەكەی و كارە خێرخوازییەكانی هەموو بەشێوەیەكی ئاڵۆز و ناڕون بووە.  چراخان رەفیق كێیە؟ چراخان رەفیق خەڵكی شاری سلێمانیەو لە منداڵیەوە لەگەڵ خانەوادەكەی چوەتە ئەڵمانیا، لەوێ‌ كۆلێژی یاسای تەواوكردووە. چراخان ساڵی 2011 هاوسەرگیری لەگەڵ ئاشتی هەورامیدا كردووە لە 2015 جیابونەتەوە، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ روداو 2015 دەڵێت:" زمانی ئینگلیزی، عەرەبی و ئەڵمانی بە باشی دەزانم, 10 ساڵ لە ئەڵمانیا كاری بزنسم كردووە، باوكی رەحمەتیم خاوەنی سێ‌ كۆمپانیا بوو، لە ساڵی 2007 ئەو سەرمایەی لە باوكم بۆم بەجێمابوو، كە 50 ملیۆن دۆلار بوو هێنامەوە كوردستان و بەگەڕمخست. لێرە گروپی كۆمپانیاكانی چراخان رەفیقم هەیە كە پێكدێت لە كۆمپانیای بیناسازی، هاوردە و پاككردنەوە. من پێشتر لە ئێران بەنزینم بۆ سلێمانی هاوردە دەكرد. بەڵام هەموو ئەوانەی باسیان دەكەم بەر لە شووكردنم بە ئاشتی هەورامی بووە".  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی رێوشوێنە یاساییەكانی خۆی بەڕێوەدەچێت‌و راناوەستێت، ئەمە بڕیاری پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا باسی كاندیدەكەی یەكێتیش كرا بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە. ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبەكە لە پیرمام كۆبووەوە. تەلەفزیۆنی كوردستان زمانحاڵی فەرمی پارتی بەر لە بەڕێوەچوونی كۆبونەوەكە ئاشكرایكرد، سێ تەوەری سەرەكی لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت: •    تەوەری یەكەم: پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت •    بارودۆخی كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكانی تر •    رێوشوێنەكانی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم راگەیەندراوی فەرمی كۆبونەوەكە بەهیچ جۆرێك بە وردی باسی هەڵوێستی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەسەر ئەو تەوەرانە باسنەكردووە، بەڵام مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمی پارتی دوای كۆبونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ناكۆكییەكانەوە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند" یەكێتی پابەندی رێككەوتنەكەی نەبوو لەگەڵ پارتی، لە یەك دوو رۆژی داهاتوودا دەقی رێككەوتنەكە بڵاودەكەینەوە، لە رێككەوتنەكەدا مەسەلەی دانانی پارێزگاری كەركوك دراوەتە دەست كاك مەسعودو كاك كۆسرەت، ئەوانیش لەسەر كاندیدێك رێككەوتوون (فەرەیدون عەبدولقادر). لەبارەی پێكهێنانی حكومەتەوە بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتیدا بڕیاردراوە لەسەر ئەوەی، پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بەپێی رێوشوێنە یاساییەكانی خۆی بەڕێوەبچێت، واتە نێچیرڤان بارزانی رۆژی 10 ئەم مانگە سوێندی یاسایی دەخوات‌و پاشان وەكو سەرۆكی هەرێم مەسرور بارزانی ئامۆزای رادەسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەپێی یاسا، مەسرور بارزانی تەنیا ماوەی (30 رۆژ)ی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی پێكهاتەی كابینەكەی بخاتە بەردەم پەرلەمانەوە بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە. واتە ئەگەر یەكێتی لەماوەی ئەو مانگەدا كێشەكانی لەگەڵ پارتی لەبارەی پرسی كەركوك بەلایەكدا نەخات، پارتی بەبێ یەكێتی كابینەی نوێی حكومەت دەخاتە بەردەم پەرلەمان‌و متمانەی بۆ وەدەگرێت‌و حكومەت دەستبەكاردەبێت. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لەناو پارتی زانیویەتی، پارتی دەیەوێت كێشەكانی لەگەڵ یەكێتی چارەسەر بكات، بەڵام ئەگەر چارەسەر نەبوو، بەبێ یەكێتی حكومەت پێكدەهێنێت‌و هاوشێوەی ئەم كابینەی ئێستا، شوێنی پۆستەكانی یەكێتی بەبەتاڵی بەجێدەهێڵێت تا ئەوكاتەی كێشەكان چارەسەر دەكرێن، واتە یەكێتی سیناریۆی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم جارێكی تر دووبارە دەكاتەوە‌و لە پێكهێنانی كابینەی حكومەتیشدا یەكێتی بەجێدەهێڵێت، ئەگەر تائەوكات لەسەر پرسی كەركوك نەگەیشتنە رێككەوتن. لەبارەی كەركوكەوە تەوەرێكی تری كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی، باسكردنی بارودۆخی كەركوك بوو. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەبارەی كێشەی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكەوە لەگەڵ یەكێتی، مەسعود بارزانی وتویەتی" خۆیان ناوی فەرەیدون عەبدولقادریان هێناوە‌و وتویانە ئەمە كاندیدی ئێمەیە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئێمەش وتومانە زۆرباشە ئێمەش پشتیوانی دەكەین، بەڵام دواتر پەشیمان بونەتەوە‌و تەلەفۆنیان بۆ مەسرور بارزانی كردووە كە فەرەیدون عەبدولقادر كاندید ناكەن". سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی تەوەرێكی تری كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی تایبەت بوو بە پرسی سوێندخواردن‌و دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان. مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی رۆژی 10ی ئەم مانگە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، پارتی هەوڵدەدات لەم مەراسیمەدا دەرگایەكی نوێ بەڕووی یەكێتیدا بكاتەوە بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكان. سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو پارتی، بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پارتی بەفەرمی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق‌و جێگری دووەمی سەرۆكی پارتی بانگهێشتكردووە بۆ بەشداریكردن لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم. پارتی تێگەیشتووە لەوەی ئێستا بەرهەم ساڵح لە هەموو كەسێك زیاتر كاریگەری لەسەر ئەو باڵەی یەكێتی هەیە كە لە مەسەلەی كەركودا بەرامبەر بە پارتی وەستاونەتەوە، رەنگە ئەمە هۆكاری سەرەكی بێت كە لە دەرگای بەرهەم ساڵحیان داوە. ئەگەر بەرهەم ساڵح بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی بكات، لەدوای دەستبەكاربوونییەوە وەكو سەرۆك كۆمار، یەكەمجارە سەردانی هەولێر بكات، هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح لەدەرەوەی رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی‌و یەكێتی وایكرد پارتی‌و بەرهەم ساڵح بكەنەوە ناو ناكۆكییەكی قوڵەوە. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەرهەم ساڵح ئامادە نییە بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی بكات‌و مەرجی هەیە، مەرجەكەشی ئەوەیە، بەر لە پرۆسەی سوێندخواردن، نێچیرڤان بارزانی سەردانی بكات لە بەغداد‌و ئاڵۆزییەكان یەكلابكەنەوە. 


راپۆرتی: محەمەد رەئوف كەركوك لەناو ئاگرو تەقینەوەدا دەكوڵێت، ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوای كەركوك ئاگر لە دەغڵ و دانی جوتیارە كوردەكان بەردراو بە هەزاران دۆنم زەویان سوتا، شەوی رابردوش زنجیرەیەك تەقینەوە ئارامی كەركوكی تێكدا و ژمارەیەك قوربانی لێكەوتەوە، ناكۆكی و ململانێكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەكەركوك و پەیوەندییە شاراوەكانی ئەو دوو هێزە بەجیا لەگەڵ كارەكتەرە سەرەكیەكانی ئێستای پارێزگای كەركوك هەڵگری دەیان پرسیاری جدیە، كە بۆچی لەگەڵ توندبونەوەی ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، گرژی و كێشەو تەقینەوەكان لەوپارێزگایە زیاد دەبن؟  گرژیەكان پرسیار دروستدەكەن لەدوای توندبونەوەی ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لەسەر پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك گەیشتە بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان و هەڕەشەی بایكۆتی تەواوەتی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، گرژیەكان و سوتانی دەغڵودانی جوتیارانی كورد لە پارێزگای كەركوك زیاتر بوو، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دوو رۆژ دوای بایكۆتەكەی یەكێتی لە 30/5/2019 بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند" چیتر سوتانی دەغڵودانی جوتیارانی كورد و ئەو بارودۆخەی ناوچەكانی مادەی 140 جێگەی قبوڵكردن نیە". چەند كاتژمێرێك لەدوای بەیاننامەكەی بارزانی زنجیرەیەك تەقینەوە شاری كەركەكیان هەژاند، بەپێی بەیاننامەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی" شەش بۆمبی چێنراو لە شەقامەكانی قودس و پارێزگا و رێگای بەغدا لە كەركوك تەقیونەتەوە، دوو بۆمبی دیكەش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە پوچەڵكرانەوە، بەهۆیانەوە 3 كوژراو 18 برینداری لێكەوتۆتەوە". هێشتا ئاگری تەقینەوەكانی ناو شاری كەركوك كپ نەبونەوە، بەیانی رۆژی 31/5/2019 ئاگر لە زۆربەی دەغڵودانی جوتیارانی كورد بەردران، لە رۆژهەڵاتی كەركوك لە گوندی مەنسوری ناوچەی حەوتەغاری سەربەقەزای داقوق، ئاگر لە دەغڵودانی جوتیارە كوردەكانی ئەو ناوچەیە كەوتەوەو وەك جوتیاران ئاماژەی بۆ دەكەن نزیكەی 10 هەزار دۆنم زەوی سوتاون، لە هەمان كاتدا لە رۆژئاوای كەركوك لە گوندی پەڵكانەی سەربە ناحیەی سەرگەرانی قەزای دبس ئاگر لە دەغڵ ودانی جوتیارە كوردەكانی ئەو ناوچەیە كەوتەوە بە هەزار دۆنم سوتان.  زۆرێك لە جوتیاران لەكاتی سوتانی دەغڵو دانەكەیاندا ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەوە دەستی داعشی تێدا نیەو لەلایەن عەرەبە هاوردەكانەوە ئەو كارانە دەكرێت، تەنانەت تەقینەوەكانی شەوی رابردووش گومانی لای لایەنە ئەمنیەكان دروستكردووە كە شێوازی دانانی بۆمبەكان و تەقینەوەیان جیاوازە لە شێوازی تەقینەوەكانی داعش و گومانی دەستی ناوخۆیی دەكەن لەو كارە.  ناكۆكیەكان لەسەر چین ؟ لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ەوە كورد دەسەڵاتی لەو شارە لێسەنرایەوە، بە جۆرێك تا ئێستاش پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو شارە بە داگیركراو دەزانێت، یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش ئەگەرچی خاوەنی ( 6 ) كورسی ئەو شارەیە لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام دەسەڵاتی سەربازی و ئەمنی نیە لەو شارە. بەپێی لێدوانی زۆرێك لەسەركردەكانی، پارتی دیموكراتی كوردستان نایەوێت پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك دابنرێت كە بەشداری لە روداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەردا كردبێت و دەیەوێت ئەو روداوە وەك" خیانەتێك لەسەر بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتیدا بچەسپێنێت" ، بەو پێیەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداریكرد لە هەڵبژاردنی پارێزگاری نەینەواو لەگەڵ زۆرێك لەسەركردەكانی حەشدی شەعبی مامەڵەی ئاسایی دەكات، بەڵام كەركوك بە داگیركراو لەقەڵەم دەدات.  هەرچی یەكێتی نێشتیمانی كوردستانیشە سورە لەسەر ئەوەی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك دیاری بكات، بەڵام بەبێ ئامادەبوونی ئەندامەكانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو پرۆسەیە بەڕێوە ببات، یەكێتی لەلایەك پۆستی پارێزگاری كەركوك بە مافی خۆی دەزانێت كە زۆرینەی دەنگەكانی كەركوكی بەدەستهێناوە لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2018 لەو پارێزگایە، لەلایەكی تریشەوە دەیەوێت روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر وەك روداوێكی ئاسایی تێپەڕێنێت. گرێكوێرەكەی پارێزگاری كەركوك  لەدوای ساڵی 2005 ەوە لە پارێزگای كەركوك تەنها یەك هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكراوە تا ئێستاش ئەنجومەنەكە لەكاردایە، ئەو یاسایەش كە ئەنجومەنی پارێزگای ئێستای كەركوكی پێ هەڵبژێردراوە، لە نیسانی 2004 و لەلایەن پۆڵ بریمەر حاكمی مەدەنی عێراقەوە دانراوە. بەپێی ئەو یاسایە پارێزگار لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە متمانەی پێدەدرێت، لە بڕگەی پێنجەمی بەشی دووەمی یاسای ژمارە 71ی ساڵی 2004ی عیراق هاتووە" ئەنجومەنی پارێزگاكان دەسەڵاتی دیاریكردن و دامەزراندنی پارێزگار و بریكارەكانیانی هەیە و دەتوانێت لەسەر كاریان لاببات، ئەگەر پۆستەكەش‌ چۆڵبوو، دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە بە زۆرینەی دەنگ پارێزگارێكی تر بۆ پۆستەكە هەڵبژێرنەوە". ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 41 ئەندام پێكدێت ( 26 ئەندامی لیستی برایەتی، 9 ئەندامی پێكهاتەی توركمان، 6 ئەندام لە پێكهاتەی عەرەب) لە لیستی برایەتی  ( 11 ئەندامی پارتی، 8 ئەندامی یەكێتی، 3 ئەندامی یەكگرتوو، 1 سەربەخۆ، 1 توركمان، 1 عەرەب، 1 مەسیحی)، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەبێ ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان ناتوانێت، رێژەی یاسایی كۆبكەنەوەو پارێزگار هەڵبژێرن، هەربۆیە بەپلەی یەكەم كێشەی پارێزگاری كەركوك پەیوەندی بە ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتیەوە هەیە، بەو پێیەی ئەوان دەتوانن بەبێ ئامادەبوونی ئەندامانی پێكهاتەكانی دیكە رێژەی یاسایی تەواو بكەن و پارێزگار هەڵبژێرن، كە رەنگە بە هەڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد بەشێك لە ناكۆكیەكان چارەسەر ببێت،  بەتایبەتیش لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە، ئەگەرچی پێكهاتەكانی دیكەش ترسی خۆیان ناشارنەوە لە ئەزمونی 14 ساڵی رابردووی پارێزگاری كورد لەو شارە كە مامەڵەیەكی باشی لەگەڵ نەكردون و ترسیان هەیە لە دووبارە بوونەوەی ئەو رۆژگارانەی كە پارێزگارە كوردەكان، نەیتوانیوە هاوسەنگی بپارێزن لە نێوان پێكهاتەكاندا، بۆیە كردنەوەی گرێكوێرەی پارێزگاری كەركوك لەدوای توندبونەوەی ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی هێندەی تر قورستربووە. ناكۆكیەكان بەكوێ دەگەن؟  ناكۆكی یەكێتی و پارتی لەسەر پرسی كەركوك گەیشتۆتە ئاستێك كە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستانیش پەكخستووەو دوایین هەڵوێست بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو لەلایەن فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە كە پێشتر رێككەوتنیان كردبوو لەسەری، بۆیە ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەریەكێكیان بۆخۆی هەوڵی پچڕاندنی پۆست و پشك دەدات لە پارێزگای كەركوك. -    پارتی دیموكراتی كوردستان جموجوڵی سیاسی لە سەر ئاستی كەركوك و بەغداد دەستپێكردووە، بۆ دەستگەیشتنەوە بەكەركوك، كە لە ئێستادا هیچ بارەگایەكی لەو پارێزگایە نیە،  زانیاریەكان ئاماژە بەوەدەكەن كە ئێستا پارتی چاوی لە پارێزگاری كەركوكەو بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر ئاستی كەركوك و بەغدادیش كاری بۆ كردووە، لەسەر ئاستی كەركوك لەگەڵ راكان جبوری پارێزگاری كەركوك و سەرۆكی هۆزە عەرەبیەكان و كوتلە عەرەبیەكانی ئەو پارێزگایە كۆبۆتەوە بەمەبەستی پێكهێنانی هاوپەیمانی بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك، بەرەزامەندی خۆی، هەروەك چۆن لە هەڵبژاردنی پارێزگاری نەینەوا هاوپەیمانی لەگەڵ كوتلە عەرەبیەكان كرد، لەسەر ئاستی بەغداش لەگەل حزبە سیاسیەكان گفتوگۆی كردووە، بەتایبەتیش فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و بەشیكی تر لەلایەن شیعەكان بۆ پرسی كەركوك. -    یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، دوای ئەوەی بەتەواوی لە نیەتی پارتی تێگەیشت كە نایەوێت یەكێتیەك ببێتە پارێزگاری كەركوك، ئەمەش دوای ئەوەی ناوی سێ كەسی دایە خودی مەسعود بارزانی تا رەزامەندی لەسەر یەكێكیان بدات بۆ پارێزگاری كەركوك، بەڵام بارزانی رەتیكردنەوە، بۆیە یەكێتی ئێستادا لە هەوڵ و جموجوڵی دیكەدایەو دو سیناریۆی هەیە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك بەبێ پەنابردن بۆ پارتی: •    پەنا بردن بۆ كوتلەی عەرەب و توركمانەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دوای نائومێدبونی تەواوەتی لە ئەندامانی پارتی لەو ئەنجومەنە، هەرچی كوتلەی عەرەبیە ئاسان نیە لەبەر ئەوەی چەند كوتلەو پارتێكن، خاوەنی ئەجێنداو سیاسیەتی خۆیانن، بەڵام بۆ ئەندامە توركمانەكان كە لەكۆی 9 ئەندام 7 یان لەبەرەی توركمانین و لەژێر كاریگەری توركیادان و دەتوانرێت لە رێگەی سەرۆك كۆماری عێراقەوە بۆ ئەو مەبەستە كار بكرێت و لە رێگەی توركیاوە فشار بكرێت بۆ ئەوەی دەنگ بە كاندیدەكەی یەكێتی بدەن بۆ پارێزگاری كەركوك. •    لە رێگەی سەرۆك كۆمارەوە كار بكرێت بۆ سڕكردنی كاری ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لەلایەك گەیشتونەتە بنبەست و ناتوانن كۆببنەوەو لەلایەكیش ماوەی 10 ساڵە تەمەنیان كۆتایی هاتووە، لەدوای سڕكردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئەو كات دەتوانرێت لە رێگەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و بە هەوڵی سەرۆك كۆمار، پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك دابنرێت، تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە لەسەرەتای ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێت.  ئێستا ناكۆكیەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەسەر پارێزگاری كەركوك، گەیشتۆتە بنبەست، هەردولایان بە جیا پەنا بۆ پێكهاتەو كارەكتەرە سیاسیەكانی دیكە دەبەن، كە رەنگە ناكۆكیەكانی ئەو دوو هێزە لەسەر پارێزگاری كەركوك دواجار ئەو پارێزگارە لەدەستی هەردوكیان دەربچێت و بۆ چارەسەری مامناوەند كەسێكی دیكە لە پێكهاتەكانی تری پارێزگاری كەركوك بكرێتە پارێزگار، یاخود تا هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكان، راكان جبوری وەك پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە.


راپۆرت: محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت پێدەچێت پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان جارێكی تر سیناریۆی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دوبارە بكەنەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەبری بەغداد، روداوەكان لە كەركوك دەبن، یەكێتی دەیەوێت كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك لەگەڵ كاندیدی پۆستەكانی حكومەتی هەرێم یەكلابكرێتەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكانی هەڵوێست‌و پلانی یەكێتی لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا بڵاودەكاتەوە. دوێنێ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە سلێمانی كۆبووەوە، كۆبونەوەكە دوای ئەوەهات فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمان كوردستان بایكۆتی كردووە‌و دەنگی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی كاندیدی پارتی نەدات بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم. كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بە پلەی یەكەم بۆ پەسەندكردنی بڕیاری رۆژی پێشتری مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو سەبارەت بە دەنگنەدانی فراكسیۆنی یەكێتی بە نێچیرڤان بارزانی.   كۆسرەت رەسوڵ‌و ترسی لێكترازان بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەكەی دوێنێی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا، كە كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی كە خۆی سەرپەرشتی كردووە، باسی لە هۆكاری بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە سەبارەت بە دەنگنەدان بە نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی نوێی هەرێم. (درەو میدیا) زانیویەتی، لەبارەی بڕیاری دەنگنەدانی یەكێتی بۆ نێچیرڤان بارزانی، كۆسرەت رەسوڵ عەلی وتویەتی "ئەو بڕیارە یەكگرتوویی ناو یەكێتی پاراستووە"، ئەمە وەكو ئاماژەیەك بۆ هەڕەشەی گروپی كەركوكییەكانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی، كە رۆژی پێشتر وتبویان، ئەگەر یەكێتی لە سەر پۆستی پارێزگاری كەركوك سازش بۆ پارتی بكات، ئەوان لە یەكێتی دەستلەكاردەكێشنەوە. ئەمە هۆكارەكە بوو كە یەكێتی دەنگنەدانی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم بەستەوە بە یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك. دوای رونكردنەوەی هۆكارەكان، كۆسرەت رەسوڵ داوای لە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كردووە بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی بۆ دەنگنەدان بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی پەسەندبكەن.  پارێزگاری كەركوك چۆن یەكلادەكرێتەوە ؟ پرسی كەركوك‌و هەڵبژاردنی كاندیدێكی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە باڵی بەسەر كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا كێشا، زۆرینە پشتیوانی بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسییان كرد، هیچ دەنگێكی ناڕەزایەتی نەبیسترا كە بەئاشكرا دژی سیاسەتی ئێستای یەكێتی بێت بەرامبەر بە پارتی، رەنگە ئەمە بەهۆی ترسیی پشتیوانی بنكەی جەماوەریی یەكێتییەوە بووبێت لە بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی. هەر لەبەر رۆشنایی ئەو پشتیوانییەی جەماوەریی یەكێتیدا بوو، كە ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاریدا هەر بەرپرسێكی یەكێتی دژی سیاسەتی ئێستا حزب قسە بكات، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت. بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دوای كۆبونەوەكە هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی ناڕەزایەتییان دەربڕیووە سەبارەت بە سیاسەتی ئێستای یەكێتی‌و باسیان لەوەكردووە یەكێتی دەتوانێت بەشێوازی تر كێشەی كەركوك چارەسەربكات‌و دابڕانی تەواوەتی لەگەڵ پارتی بەزیانی یەكێتی كۆتایی دێت، چونكە یەكێتی كارتی بەهێزی بەدەستەوە نییە پارتی ناچار بە سازش بكات.  یەك پۆست‌و دوو رێگای جیاواز  (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆی ئەوەكراوە پارتی ژێربەژێر لە هەوڵی دانانی پارێزگارێكی دڵخوازی خۆیەتی لە كەركوك‌و بۆ ئەو مەبەستە كۆبونەوەی لەگەڵ بەشێك لە عەرەب‌و توركمان‌و تەنانەت راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك كردووە. ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەبەر رۆشنایی هەڵوێستەكانی پارتیدا لە پرسی پارێزگاری كەركوك، بڕیاریدا ئاڕاستەیەكی جیاوازتر لە رابردوو بگرێتەبەر‌و چیتر یەكێتی داوا لە پارتی نەكات پارێزگاری كەركوكی بۆ یەكلابكاتەوە‌و لەبری ئەوە پەنا بۆ رێگای تر ببرێت. واتە ئێستا یەكێتی‌و پارتی بەتەواوەتی لە پرسی پارێزگاری كەركوك لێكترازاون‌و هەر لایەك دەیەوێت بەرێگای خۆی ئەو پۆستە لەبەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، پێدەچێت هاوشێوەی هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆكی كۆمار، لایەنە عێراقی‌و دەرەكییەكان پۆستی پارێزگاری كەركوك لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا یەكلابكەنەوە. لەبارەی فەرەیدون عەبدولقادرەوە پرسی كاندیبوونی (فەرەیدون عەبدولقادر) بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك لەلایەن یەكێتییەوە، تەوەرێكی تری كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بوو، (درەو میدیا) زانیویەتی، ئەنجومەنی سەركردایەتی لەوبارەیەوە داوای رونكردنەوەیان لە كۆسرەت رەسوڵ كردووە. لە وەڵامدا، كۆسرەت رەسوڵ رەتیكردوەتەوە ئەو بەرەسمی فەرەیدون عەبدولقادری كاندیدكردبێت، باسی لەوەكردووە، تەنیا لە كۆبونەوەیەكی كۆمەڵایەتیدا كە فەرەیدون عەبدولقادر خۆشی تێیدا بەشداربووە، چەند كەسێك پێشنیازیان كردووە كاندید بكرێت بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئەویش تەنیا وتویەتی" كاك فەرەیدون كەسێكی شۆڕشگێر بووەو پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بووە"، بەڵام رەزامەندی نەنواندووە، رەنگە قسەكەی وەك رەزامەندبوون لێكدرابێتەوە. لە قوباد تاڵەبانی نیگەرانن ! هەرچەندە یەكێتی دەنگی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم نەدا، بەڵام قوباد تاڵەبانی هەرزوو لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر پیرۆزبایی هەڵبژاردنی وەكو سەرۆكی هەرێم لە نێچیرڤان بارزانی كرد، ئەم هەڵوێستەی قوباد تاڵەبانی فڕین بوو لە دەرەوەی پۆل‌و هەندێك لە یەكێتییەكانی نیگەران كرد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەكەدا بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی داوای سزادانی قوباد تاڵەبانییان كردووە، بەڵام ئەوەی نیگەرانییەكانی كەمێك رەواندەوەتەوە قسەكانی بافڵ تاڵەبانی بووە، كە رەخنەی لە پیرۆزباییەكەی قوباد تاڵەبانی برای گرتووە، تائەو ئاستەی وتویەتی" پیرۆزباییەكەی خاڵی رەشی هەڵوێستە جوانەكەی یەكێتی بوو". یەكێتی تا كوێ دەڕوات ؟ لە كۆبونەوەكەدا زۆرینە لەگەڵ ئەوەدابوون یەكێتی لەگەڵ پارتی گفتوگۆو رێككەوتنی تر نەكات، تاوەكو پارتی بەتەواوی رێككەوتنەكەی ئێستا جێبەجێ نەكات. ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاریداوە، یەكێتی لەسەر سیاسەتی ئێستا بەرامبەر پارتی بەردەوام بێت‌و ئەگەر پارتی رازی نەبێت بەدانانی كاندیدێكی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، یەكێتی لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا هەمان هەڵوێستی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی هەبێت. (درەو میدیا) زانیویەتی، ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاریداوە، دەبێت كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك‌و وەزارەتی دادی عێراق كە پشكی یەكێتییە لەگەڵ كاندیدی پۆست‌و وەزارەتەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەلایەن پارتییەوە پەسەندبكرێت، بەبێ ئەمە، یەكێتی بەشداری حكومەت ناكات‌و كابینەی نوێ بە پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان دەسپێرێت.  هەر بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئێستا لەناو یەكێتی جارێكی تر گفتوگۆ سەبارەت بە ئەگەری دوو ئیدارەیی، دوو هەرێمیی، لامەركەزی ئیداریی دەستیپێكردوەتەوە. ئەمە لەكاتێكدایە پارتی لە زاری هۆشیار زێباریەوە تەئكید لەسەر ئەوە دەكاتەوە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت بەردەوام دەبێت و ناوەستێت. ئایا یەكێتی لەسەر هەڵوێستەكەی سور دەبێت و تا كۆتایی دەڕوات یاخود پارتی پاشەكشە دەكات و بە كاندیدێكی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك قایل دەبێت؟ بەتایبەتیش پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت پەیوەستە بە چارەنوسی مەسرور بارزانیەوە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand