Draw Media

لیژنەی دارایی: نازانین بڕینی 21%ی موچە پاشەكەوتە یان قەرز؟؟

لیژنەی دارایی: نازانین بڕینی 21%ی موچە پاشەكەوتە یان قەرز؟؟

2020-07-27 18:44:00


درەو:
لیژنەی دارایی  پەرلەمانی كوردستان لە راپۆرتێكدا بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان پرسیار لە بڕینی موچەی 21%ی موچەخۆران دەكات كە پاشەكەوتە یان قەرزە لای حكومەت یان بەیەكجاری بڕیویانە،  
بە گوێرەی راپۆرتەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان" لەمانگی (4/5/6 ) دوای دابەزینی نرخی نەوت، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان (283 ملیار و 424 ملیۆن) دینار بووە رادەستی وەزارەتی دارایی كراوە، لە ساڵی 2020 حكومەتی عێراق چوار جار بڕەی پارەی ناردووە واتا لە 2020 دا عێراق ( ترلیۆنێك و 711 ملیار) دیناری ناردووە.

بەشێك لە راپۆرتەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە سبەینێ بخوێندرێتەوە

هۆكارەكانی خراب بوونی دۆخی دارایی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان

دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان بەدۆخێكی ناسەقامگیر و دژواردا تێدەپەڕێت كە هۆكارەكانی بریتییە لە:
یەكەم: لە رووی ئابوویەوە بەشێكین لە دەوڵەتی عێراق ، عێراق و هەرێمی كوردستان 85% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێ، دابەزینی نرخی نەوت كاریگەری راستەوخۆ و بەپەلە دەكاتە سەر جۆمگەكانی دیكەی ئابووری و دارایی وڵات.
دووەم: بەهۆی سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا، كایگەری لە سەر زۆربەی جۆلەكانی ئابووری و دارایی دروست كردووە، بەشێوەیەك زۆربەی سەرچاوەكانی داهاتی كەمیكردووتەوە.
سێیەم: پێناسەیەكی دیاریكراو نییە بو سیستەمی ئابووری لە هەرێمی كوردستان.
چووارەم: تەداخولەكانی حكومەتی فیدڕال لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و بەستنەوەی بە هۆكارە سیاسییەكان و بڕین وناجێگیری لە پێدانی بەشێك لە بودجەی، بەتایبەت لە 2014 تاوەكو ئێستا لە 2020 وایكردووە پێدانی مووچە و دۆخی ئابووری ناسەقامگیر بێت.
پێنجەم: بەهەدەردان، گەندەڵی خراب ئیدارەدانی سەرچاوەكانی داهات لە هەندێ لە سێكتەرەكانی وەك (نەوت و داهاتی ناوخۆ وەك خاڵە سنوورییەكان، گومرك، باج ...هتد).

سەرچاوەكانی داهاتی هەرێمی كوردستان:
یەكەم:
داهاتی ناوخۆ و دەروازە سنوورییەكان، باج، رسوومات:
لە 1/1/2020 تاوەكو 30/6/2020 وەك ئەوەی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری وەرگیراوە، كە لە خشتەكەدا روونە:


 
دووەم:
بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان كە لە عێراقەوە هاتووە لە 2020
(1.759.000.000.000 ملیار دینار) تڕلیۆنێك و 759 ملیار دینار. لەم بڕە كە بە چوار سولفە هاتووە، هەر جارێ بڕی 11.880.000.000 یانزدە ملیار و 880  ملیۆن دینار براوە بو پێدانەوەی قەرزی بانكە ئەهلییەكان كە حكومەتی هەرێمی كوردستان قەرزدارییانە. كۆی قەرزی بانكەكان كە لەو چوار مانگە وەریانگرتووە، 47 ملیار و 520 ملیۆن دینار.
ئەوەی بە سافی بو هەرێمی كوردستان ماوەتەوە (تڕلیۆنێك و 711 ملیار و 480 ملیۆن دیناری عێراقی).
بەگوێرەی مافە دارییەكانی هەرێمی كوردستان لە بەشە بودجی 2020ی عێراق، كە بەهۆی  نەبوونی یاسایی بودجە، مامەڵەی یاسایی لەگەڵ بودجەی 2019 دەكرێ، ئەویش بە خەرجكردنی  1 لەسەر 12ی بودجەی گشتی 2019. هەرێمی كوردستان لەوەدا مانگانە (453 ملیار دیناری هەبووە)
لە ساڵی 2020 حكومەتی عێراق تەنیا سێ مانگ بڕی (453 ملیار دیناری ناردووە، مانگێك تەنیا 400 ملیار دیناری ناردووە و دوو مانگ هیچی نەناردووە. بەم پێیەش حكومەتی عێراق 959 ملیار دینار كەمتر لە ساڵی پار لەماوەی شەش مانگ رابردوودا بو هەرێمی كوردستان ناردووە).

سێیەم:
بڕی ئەو داهاتەی وەزارەتی سامانە سرۆشتییەكان داوییەتی بە وەزارەتی دارایی:
لەسێ مانگی (1/2/3ی 2020) داهاتی وەزارەتی سامانە سرۆشتییەكان كە دراوە بە وەزارەتی دارایی بو پێدانی مووچە بو هەر مانگێك 345 ملیار و 203 ملیۆن بووە. هەمووی دەكاتە یەك تڕلیۆن و 35 ملیار و 610 ملیۆن دنیاری عێراقی).
هەروەها لەمانگی (4/5/6 ) دوای دابەزینی نرخی نەوت، وەزارەتی سامانە سرۆشتییەكان 283 ملیار و 424 ملیۆن دینار بووە) رادەستی وەزارەتی دارایی كراوە.

چوارەم:
هاوكاری هاوپەیمانان بو مووچەی هێزی پێشمەرگە:
لەشەش مانگی یەكەمی 2020 هاوكاری هاوپەیمانان 124 ملیار و 200 ملیۆن دینارە، بە شێوەیەك بۆ هەر مانگێك بە تێكڕای 20 ملیار و 700 ملیۆن دینار.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2020 چەند و چۆن مووچەی دابەشكردووە؟

مووچەی چوار مانگ بەبێ لێبڕین بریتی بووە لە نزیكەی  سێ تڕلیۆن و 580 ملیار دینار
مووچەی پێنجەم لە 2020 كە دەكاتە مانگی شۆبات كە شیوەی بڕینی 21% و پێدانی 79%ی مووچە، نزیكەی 700 ملیار دینارە.
بەڵام وەزارەتی دارایی، روونكردنەوەی دا بە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، كە نزیكەی 617 ملیار دیناری لە بەردەست بووە و نزیكەی 120 ملیاری قەرزكردووە.


تێبینی:
تاوەكو ئێستا بڕینی 21%ی مووچەی مانگی شۆبات بە روون و ئاشكرا دیار  نییە، ئاخۆ ئەمە پاشەكەوتە؟ قەرزە لای حكومەت؟ یان بە یەكجار بڕیویانە و پێدانەوەی نییە؟

پێشنیار و راسپاردەكانی لیژنەی دارایی  و ئابووری

لەگەڵ بەغدا:
یەكەم: داوا دەكەین حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدڕالی بەردەوام بێ لە گفتوگۆكردن تاوەكو مافە شایستە داراییەكانی مسۆگەر بكات و دەستووریش بنەمای مامەڵەكردن بێ.
دووەم: داوا دەكەین سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان ، داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانان بكات، كە عێراق پابەندبێت لە چوارچێوەی بنەماكانی دەستوور، شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێی كوردستان خەرج بكات و چی دیكە بە عەقلییەتی مەركەزی هەرێمی كوردستان سزانەدرێت.

لە نێوخۆی هەرێمی كوردستان:
یەكەم: ئەولەوییەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیداكردنی داهاتبێ بو مسۆگەركردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان. 
دووەم: جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتییازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان
سێیەم: لە ساڵی 2014ەوە هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی گشتی و ژمێرەی كۆتای نەناردووتەوە پەرلەمانی كوردستان، یان لانی كەم ماوەی دوو ساڵە بەیانی داراییش رەوانەی پەرلەمان نەكراوە. ئەمە پێچەوانەی دەستوور و یاسایە و بووەتە گرفتی ناروونی داهات و خەرجی حكومەت، هەروەها بەربەست بووە لە كاری چاودێری پەرلەمانی و دیوانی چاودێری دارایی لە چەند ساڵی رابردوودا.

چوارەم:
كەمكردنەوەی باج، كەمكردنەوەی سوودی بانكی بو هاونیشتیمانیان، بو ئەوەی هاندانێك بێ، بو جولەی بازرگانی و وەرگرتنی قەرز لە بانكەكان بو پڕۆژە بچۆكەكان، لەهەندێ وڵات ئێستا سوودی بانكی نزیكبووتەوە لە سفر.
پێنجەم:
چاكسازیكردن لە سەرچاوەكانی داهات لە هەرێمی كوردستان:
ا: پێداچوونەوە لە گرێبەستە نەوتییەكان
ب: جێبەجێكردنی بڕیاری 706ی ئەنجوومەنی وەزیران لە رێككەوتی 20/3/2020 سەبارەت بە پێداچوونەوەو وەرگرتنی باج لە كۆمپانیاكانی بواری نەوت و گاز، ئەو كۆمپانیانەی كە گرێبەستی خزمەتگۆزاریان لەگەڵ كۆمپانیای نەوتییان هەیە، كۆمپانیاكانی ئاسایش لە بواری نەوت.
ج: وەرگرتنی باج لە هەموو كۆمپانایا گەورەكان و راگرتنی لێخۆشبوونییان لە باج.
د: كۆنترۆلكردنی سەرجەم خالە سنوورییەكان، بەتایبەت خالە گمركییەكان بە مەرجێك كۆی گشتی داهات بگەرێتەوە بو حیساباتی وەزارەتی دارایی.
هـ: پێداچوونەوە بە هەموو گرێبەستی ئەو كۆمپانیانەی كە كاردەكەن لە خالە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی زیادكردنی داهاتی گشتی بە شێوەیەك داهاتەكەی زیاتر بو گەنجینەی حكومەت بێ نەك بۆ كۆمپانییەكان.
و: پێویستە پسۆڵەی داهات، تەنیا پسۆلەی وەزارەتی دارایی بێ لەهەموو خاڵە گومركییەكان.
ز: هەڵوەشاندنەوەی هەموو لێخۆشبوونە گومركییەكان لە هەرێمی كوردستان.


ح: پێویستە حكومەت بریارێك دەربكات لە شێوەی  مقاصە بێت ھەر هاوڵاتیەك ھەر قەرزێكی حكومەتی لایە لە عقار، زەواج، كارەبا، نیشتەجێبون، ئاو دەتوانێ لەگەڵ حكومەت لە پاشەكەوتەكەی كە قەرزە لە ئەستۆی حكومەت بیداتەوە، بەو مەرجەی ئەو قەرزانە بە ناوی خودی هاوڵاتی خۆی یان خێزانی یان مناڵی خوار ھەژدە ساڵی خۆیەوە بێت.
گ: پێداچونەوە بەسەرجەم گرێبەستەكانی كۆمپانیاكانی بواری پەیوەندی وئینتەرنێت و قەرزەكانیان. گوندەكانی نیشتەجێ بون تایبەت بە باجی خانوبەرە.
ی: لەگەڵ وەرگرتنی ئەو زەوی و زارانەی كە لەرێگەی موساتەحە دراون و تاوەكو ئێستا بەكارنەهاتوون، یاخۆد كراون بە پارچە زەوی و فرۆشراون، وەربگرنەوەو حكومەت لەرێگەی موزایەدەی ئاشكرا بفرۆشرێ، ئەمەش وەك هەنگاوێك بو زیادكردنی داهات و تێپەڕبوون لە قەیرانی دارایی.
س: یەكێك لە رێگاكانی زیادكردنی داهات، بریتییە لە كەمكردنەوەی خەرجییەكانی گشت دام و دەزگاكانی هەرێمی كوردستان، بە شێوەیەكی زۆر وورد. وەك (كەمكردنەوەی مینحەی مێوانداری، راگرتنی هاوكاری، راگرتنی كڕینی خانوو و ئۆتۆمبێڵ.
ع: دەكرێ حكومەت گرنگی بداتە كاری هاوبەش لەنێوان كەرتی حكومەت و كەرتی تایبەت، بەتایبەت هەندی كەرت بەتەواوەتی رادەستی كەرتی تایبەت بكات، ئەویش هەم داهات زیاد دەبێ و هەم خەرجی حكومەتیش كەم دەبێ وەك كەرتی  كارەبا.
ف: زۆر سەرچاوە هەیە كە موڵكی دەوڵەتە، بەڵام بڕی راستەوخۆ لەلایەن حكومەتەوە وەرناگیرێت، بو نموونە (لە هەموو ئەو بیرە ئاوانەی كە بۆ سوود وەرگرتن لە ئاوی ژێر زەوی بەكار دێت و ژمارەیان زۆرە، پیویستە بخرێتە ژێر رسۆمی حكومەتەوە. بەگوێرەی ئامارێكی ساڵی 2017 لە هەرێمی كوردستان 22 هەزار و 560 بیری نایاسایی و بێ مۆڵەت هەن، ئەم بیرانە بە یاسایی بكرێن و كاژیری خوێندنەوەی ئاو و لێدانی بیرەكە هەموو سەرجاوەی داهاتن).

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand