راپۆرت: نامیق رەسوڵ- فازل حەمەرەفعەت چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمو پشكی بودجەی هەرێم لە بەغداد لەسەر ئەو وەڵامو رونكردنەوانە وەستاوەتەوە كە مانگی رابردوو فوئاد حسێن وەزیری دارایی لەبەردەم لیژنەی دارایی پەرلەماندا قسەی لەبارەوە كردووە. ئەگەر وەڵامو روونكردنەوەكانی فوئاد حسێن پەرلەمانتارانی لیژنەی داراییو دواتر كۆی پەرلەمانتاران قایل نەكات، هەفتەی داهاتوو سەرەتای مەترسییەكی جدی لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەردەكەوێتو پەرلەمان میوانداری وەزیری دارایی دەكات. ناردنی بەشە بودجەی هەرێم بەبێ ئەوەی هەرێم بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە رادەستی حكومەتی عێراق بكات، ئاستەنگی بۆ ئەو پرۆسەیە دروستكردووە, هەفتەی رابردوودا هەوڵدرا ئەو مادەیە هەمواربكرێتەوە كە موچەی هەرێمی پێ رەوانەدەكرێت، بەڵام هەوڵەكە شكستیهێناو ئێستاش فشاری زیاتر دەخرێتە سەر پەرلەمانو خودی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بۆئەوەی ئەو پرسە چارەسەربكات. بڕیاربوو رۆژی سێشەممەی رابردوو پەرلەمانی عێراق میوانداری فوئاد حسێن وەزیری داراییو چەند بەرپرسێكی تر بكات، بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك كە دیارترینیان پرسی بودجەی هەرێمی كوردستانو رادەستكردنی نەوتی هەرێم بوو بە كۆمپانیای سۆمۆ. فوئاد حسێن نەچووە بەردەم پەرلەمان، هەفتەی داهاتووی بۆدیاریكراوە تائامادەبێت. سیناریۆكەی زێباری دووبارەدەبێتەوە؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)و بابەتی میوانداریكردنی فوئاد حسێن لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان بەگشتیو فراكسیۆنە كوردییەكانو خودی مەسعود بارزانی سەرقاڵكردووە. پارتییەكان ترسیان لەوەیە كە هەمان سیناریۆی هۆشیار زێباری، وەزیری پێشووی دارایی عێراق دووبارە ببێتەوە كە لە خولی رابردوودا دوای لێپرسینەوە لێی لەسەر چەند كەیسێكی گەندەڵی متمانەی لێ وەرگیرایەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی داوای لە فوئاد حسێن كردووە ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان نەبێتو بۆئەوە ئەوەی بەبیرهێناوەتەوە كە لەخولی پێشوودا دژی ئەوە بووە هۆشیار زێباری بۆ لێپرسینەوە بچێتە بەردەم پەرلەمان، بەڵام هۆشیار زێباری چووەتە بەردەم پەرلەمان ئاكامەكەشی بە سەندنەوەی متمانە لێی كۆتایی هاتووە. تائێستا دیارنییە كە فوئاد حسێن لە بەردەم پەرلەمان ئامادە دەبێت یاخود نا، بەڵام پرسی ئامادەبوون یان نەبوونی ئێستا هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكانی لە پەرلەمانی عێراق سەرقاڵكردووە. (درەو میدیا) زانیویەتی فراكسیۆنی پارتی تاوتوێی ئەوەدەكات كە چۆن بتوانێت بەهەماهەنگی لەگەڵ فراكسیۆنەكانی تر بتوانن رێژەی یاسایی دانیشتنەكەی پەرلەمان بشكێننو كۆبوونەوەكە بەڕێوەنەچێت. فراكسیۆنەكانی تری وەكو فراكسیۆنی گۆڕانو یەكێتیو كۆمەڵو یەكگرتوو و ئایندە ( ئەوانەی لە نەوەی نوێ جیابوونەوە)و سەربەخۆكان، لە گفتوگۆی ئەوەدان چ هەڵوێستێك وەرگرن، هەندێك لەناو ئەم فراكسیۆنانە پێیانوایە باشترە رێگری لە لێدان لە وەزیری دارایی بكرێت، هەندێكی تر بە پێویستی دەزانن فراكسیۆنە كوردستانییەكان ئامادەی كۆبونەكە ببنو لەسەر ئەو رێككەوتنەی لە نێوان پارتیو عادل عەبدولمەهدیدا كراوە پرسیاری ئاراستەی وەزیری دارایی بكەن. فوئاد حسێن لەبەردەم لیژنەی داراییدا رۆژی 11ی ئەم مانگە فوئاد حسێن، وەزیری دارایی چووە بەردەم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لیژنەكە دوای كۆبوونەوەكەی راپۆرتێكی لەسەر كۆبوونەكە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرزكردووەتەوەو ئاماژەی بەوەداوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی هەناردەو فرۆشتنی نەوتی هەرێمو مادەی (10/ دووەم/ ج) ی یاسای بودجەی عێراق میوانداریی وەزیری داراییو بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای سۆمۆو بەڕێوەبەری گشتی ژمێریاری وەزارەتی داراییان كردووە. دەقی (مادەی 10 / دووەم /ج)ی یاسای بودجە دەڵێت:" ئەگەر هەرێمی كوردستان داهاتە فیدراڵییەكانی بۆ گەنجینەی گشتی فیدراڵی نەگەڕاندەوە، یان حوكمەكانی هەردوو بڕگەی ( أ- ب)ی ئەو مادەیەی جێبەجێنەكرد، وەزارەتی دارایی ئەو بڕە پارەیە دەبڕێت كە لە هەردوو مادەی (یەكەمو دووەم/ أ-ب) ی مادەكەدا هاتووە. وردەكاری راپۆرتەكە: • وەزارەتی دارایی بڕی 72 ملیار دیناری لە مانگی ئازاردا رەوانەی هەرێم كردووە بۆ جیاوازییەكانی هەردوو مانگی كانوونی دووەمو شوباتی 2019 لەگەڵ شایستەی دارایی مانگی ئازار كە 454 ملیار دینار بووە بەبێ ئەوەی ئەو بڕەی لێببڕدرێت كە مادەی 10/ دووەم/ ج یاسای بودجە باسی كردووە. • كۆی بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی ساڵی 2018دا گەیشتوەتە 2.477 ترلیۆن دینار. • وەزارەتی دارایی پێشوو بەردەوام لە ساڵی 2018دا مانگانە بڕی 317 ملیار دیناری بۆ هەرێم رەوانەكردوەو وەزارەتی دارایی ئێستاش بەردەوام بووە لەسەری تا پەسەندكردنی بودجەی گشتیو ئەو خەرجركردنی پارەیە پشتی بە هیچ دەقێكی یاسایی نەبیستووە. • مادەی (10/ دووەم/ج)ی یاسای بودجە دەڵێت:" حكومەتی فیدراڵی پابەندە بە رەوانەكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، لەوانەش قەرەبووی فەرمانبەرانی هەرێمو ئەگەر هەرێم ئەو بڕە نەوتەی كە بۆی دیاریكراوە رادەستی سۆمۆی نەكات، ئەوا بەهای ئەوەندە پارە لە بەشە بودجەی هەرێم دەبڕدرێت. • وەزیری دارایی: حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمدا رێككەوتووە كە مانگانە بڕی 317 ملیار دینار رەوانەی هەرێم بكرێتو لە ئەیلولی 2018 رێككەوتن ئیمزاكراكە مانگانە 100 ملیۆن دیناری تری بۆ زیادبكرێت. • ساڵی 2019 بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ قەرەبووی فەرمانبەرانی هەرێم لە 2.477 ترلیۆن دینارەوە زیادكرا بۆ 5.44 ترلیۆن دینار، لەسەر ئەوەش بڕی قەرەبووی مانگامە فەرمانبەران بە 454 ملیار دینار مانگانە خەمڵێندرا. • بڕگەی ( أ) دەڵێت:" بەشە بودجەی مانگانەی هەرێم بڕی زیانی رادەستنەكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لێ دەبڕدرێت كە بریتیە لە 250000 بەرمیل× تێكڕای نرخی بەرمیلێك × ژمارەی رۆژەكانی مانگێك. راسپاردەكانی لیژنەكە • پێویستە لەسەر سەرۆك وەزیران وەزارەتی دارایی پابەندبكات دەقی مادەی 10/ دووەم/ج ی یاسای بودجە بەتەواوەتی جێبەجێ بكات. • داوا لە ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت كە حكومەتی پێشوو بەچ چوارچێوەیەكی یاسایی بڕی بودجەی دیاریكراوی بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە لە ساڵی 2018دا. • پێویستە وەزارتی نەوتی عێراق رێوشوێنی یاسایی پێویست لەدژی هەموو ئەو كۆمپانیایانە بگرێتەبەر كە نەوتی عێراق دەكڕن بە نایاساییو بێ رەزامەندی رەسمی خۆی. • پێویستە وەزارەتی داراییو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی مادەی 11/ شەشەم لە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2019 جێبەجێ بكات كە تایبەتە بە میكانیزمی بایۆمەتری كە هەرێم پابەند دەكات لیستی میلاكاتی فەرمانبەران بە پێی خشتەی دیاریكراو رادەستی وەزارەتی دارایی بكات. • پێویستە ئەنجومەنی وەزیران رێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆئەوەی حكومەتی هەرێم ناچار بكات ئەو بڕە پارەی رەوانەی هەرێم دەكرێت بگاتەدەستی موچەخۆران، ئەگەر نەكرا حكومەتی فیدراڵی راستەوخۆ موچەی هەرێم دابەشبكات. • پەلەبكرێت لە دەركردنو پەسەندكردنی پرۆژە یاسای نەوتو غاز لەلایەن پەرلەمانەوە. چارەنوسی فوئاد حسێن ئەگەر ئەم راپۆرتەی كە لیژنەی دارایی دوای میوانداریكردنی فوئاد حسێن وەزیری دارایی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرزیكردوەتە قەناعەتی پەرلەمانتاران نەگۆڕێت، ئەوا هەفتەی داهاتوو پەرلەمان میوانداری دەكات، رەنگە دواجار پرسەكە لە میوانداریكردنەوە" استچافە" سەربكێشێت بۆ لێپرسینەوە " استجواب"و لە قۆناغی داهاتووشدا هاوشێوەی ئەوەی بەسەر زێباریدا هات بەڵام لەسەر پرسێكی جیاوازتر سەربكێشێت بۆ سەندنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی. عەبدولمەهدیو نەوتی هەرێم! عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق خەریكە وردە وردە دەچێتەوە سەر هەمان هەنگاوەكانی نوری مالیكیو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرەكانی پێشووتری عێراق. ئەو كەس بە یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی سەركردایەتی سیاسی ئێستای هەرێمی كوردستان دادەنرێت، بۆئەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەزیران وەربگرێت لەلایەن كوردەوە پاڵپشتی بەهێزی لێكرا، بەڵام دوای نزیكەی ساڵێك لە دەستبەكاربوونی وردە وردە بۆچونەكانی لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بە تایبەتی كە ئێستا لە ژێر فشارێكی توندی لایەنە سیاسییەكان بەگشتیو لایەنە شیعەكان بە تایبەتی هەیە بۆ یەكلایكردنەوەی پرسی نەوتو بودجەی هەرێم. عەبدولمەهدی بۆ جێگیربوونی لە پۆستەكەیدا سەرەتا پشتیوانی لەوەكرد كە لەگەڵ هەرێمدا رێكبكەوێت، بەڵام ئێستا بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) دەیەوێت رێككەوتنەكە بەو شێوەیە جێبەجێ بكرێت كە لە یاسای بودجەدا هاتووە هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات. دۆسیەی نەوتی هەرێم تەنها عەبدولمەهدی نیگەران نەكردووە، بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) تەنانەت ئەمریكیو بەریتانییەكانیش داوایان كردووە هەرێم وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەڵبوەشێنێتەوەو لە چوارچێوەی عێراقدا چارەسەرێك بۆ ئەو پرسە بدۆزێتەوە، رەنگە ئەمە هۆكاری ئەوە ئەبێت كە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەبێ وەزیری سامانە سروشتییەكان راگەیەندرا. سەرچاوەكانی زانیاری باس لەوەدەكەن كە پێناچێت مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەو سەركێشییە بە دۆسیەی نەوتی هەرێمەوە بكات كە پێشتر نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای كردوویەتی، ئەو كە یەكەمین ئەزمونی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتدا تاقیدەكاتەوە نایەوێت یەكەم ئەزمونی شكست تۆماربكاتو كاریگەری خراپی بۆسەر داهاتووی سیاسی هەبێت.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ چەند رۆژێكە لە پشتی پەردەوە دانوستانێكی نهێنی لەنێوان بەرپرسانی پارتیو سەركردەی لایەنە سیاسییەكان بەڕێوەدەچێت، پارتی دەیەوێت لەرێگەی دروستكردنی ئەنجومەنێكەوە بە فەرمی مەسعود بارزانی بكات بە مەرجەعی سیاسی كورد، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری ورد بڵاودەكاتەوە. دوای ئەوەی پێگەی مەسرور بارزانی كوڕیو نێچیرڤان بارزانی برازای لە هەردوو پۆستی سەرۆكی حكومەتو سەرۆكی هەرێم جێگیركرد، بارزانی باوك هەوڵی داتاشینی پۆستێكی نوێ بۆ خۆی دەدات. بارزانی كە لەدوای ریفراندۆمو رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستانو عێراقدا پاشەكشێی كردو دەستی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم كێشایەوە، ئێستا دەیەوێت جارێكی تر بەهێزەوە بگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانەكە. چی دەگوزەرێت ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵا لەناو پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەستیكەوتووە، چەند رۆژێكە پارتی دیموكراتی كوردستان لە پشتی پەردەوە دەستی بە گفتوگۆیەكی نهێنی كردووە لەگەڵ كەسی یەكەمی لایەنەكان. (درەو میدیا) زانیویەتی، پارتی هەوڵی دروستكردنی ئەنجومەنێك دەدات بەناوی "ئەنجومەنی باڵای پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان"و دەیەوێت لەڕێگەی ئەم ئەنجومەنەوە بەفەرمی مەسعود بارزانی بكات بە مەرجەعی سیاسی هەرێمی كوردستان. بەپێی ئەوەی تائێستا باسكراوە، ئەم ئەنجومەنە تاڕادەیەك هاوشێوەی (ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێمە لە ئێران) كە بە "مجمع تشخیچ مصلحت نڤام" ناسراوە، بڕیارە ئەنجومەنەكە سەرۆكی هەموو لایەنە سیاسییەكانو دامەزراوە باڵاكانی هەرێمی كوردستان لە خۆبگرێتو مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی بكات. تائێستا پرۆژە رەشنوسی دروستكردنی ئەم ئەنجومەنە نەبینراوە، بەڵام (درەو میدیا) زانیویەتی، سەركردەكانی پارتی لە پەیوەندیدان لەگەڵ كەسی یەكەمی لایەنە سیاسییەكان تاوەكو راوبۆچونیان لەسەر دروستكردنی ئەنجومەنەكە بزانن. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی یەكێكە لەوانەی لە نزیكەوە ئاگاداری پرۆژەكەیەو دەوترێت پشتیوانی دروستكردنی ئەنجومەنەكە دەكات. عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیش بەپێی ئەوەی (درەو میدیا) زانیویەتی، لە جەژنی رەمەزانی رابردووەوە دووجار لەڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ مەسعود بارزانی قسەی كردووە، دواین پەیوەندی تەلەفۆنی لە چەند رۆژی رابردوودا بووە، بەڵام دیار نییە ئاخۆ لەو پەیوەندییانەدا باسی دروستكردنی ئەنجومەنەكە كراوە یاخود نا. یەكگرتووی ئیسلامیو كۆمەڵی ئیسلامی هیچ یەكێكیان لە كابینەی نوێی حكومەت بەشدارییان نەكرد، كۆمەڵ تا دواساتەكان بڕیاری خۆی لەبارەی بەشداربوون یان نەبوون یەكلانەكردەوە، بەڵام یەكگرتوو هەر دوای هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، بۆ چوار ساڵی داهاتوو لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەبێت. سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، بە (درەو میدیا) وت، یەكگرتوو و كۆمەڵ كە نەیانتوانی لە حكومەت بەشداری بكەن، لەڕێگەی پشتیوانیكردنی بە مەرجەعبوونی بارزانییەوە، دەیانەوێت جارێكی ترو لە دەرگای پشتەوە لە پارتی دیموكراتی كوردستان نزیك ببنەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لەگەڵ سەرۆكی ژمارەیەك لەلایەنە سیاسییەكانی تر لەبارەی دروستكردنی ئەنجومەنەكەوە قسەكراوە، تائێستا كەس بە فەرمی بیرۆكەكەی رەتنەكردوەتەوە، بەڵام هەندێكیان داواییان كردووە پارتی دەقی رەشنوسی پرۆژەكەیان بۆ بنێرێت تاوەكو بۆچونی خۆیان رابگەیەنن. كێ خاوەنی بیرۆكەكەیە ؟ بیرۆكەی بەمەرجەعكردنی مەسعود بارزانی لەڕێگەی دروستكردنی ئەنجومەنێكی نوێوە بۆ هەرێمی كوردستان تائێستا بەدیاریكراوی خاوەنەكەی دیار نییە. بەرپرسانی پارتی لەدوای كشانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ئۆكتۆبەری 2017دا، بەردەوام دەستەواژەی "مەرجەع" بۆ بارزانی بەكاردەهێننو تاڕادەیەك ئەو دەستەواژەیەیان لەلای خەڵكو چاودێران ئاسایی كردوەتەوە. بەڵام یەكەمین كەس كە بەفەرمی لەڕێگەی میدیاوە باسی دروستكردنی ئەم ئەنجومەنەی كرد، سالار عەزیز بوو، كە یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانو ماوەیەكیش بزوتنەوەی گۆڕان. سالار عەزیز ماوەیەكە لە گۆڕەپانی سیاسی دوركەوتوەتەوە، بەڵام بەمدواییە وتارێكی لە سایتی (رووداو)ی سەربە نێچیرڤان بارزانی بڵاوكردەوە، وتارەكە سەرباری ئەوەی بابەتێكی هەستیاری وروژاندبوو، بەڵام هیچ كاردانەوەیەكی بەدوای خۆیدا نەهێنا، چەند رۆژێك دواتر كەناڵی (رووداو) چاوپێكەوتنێكی لەگەڵدا سازكرد، چاوپێكەوتنەكەش هیچ كاردانەوەیەكی لێنەكەوتەوە. سالار عەزیز لە وتارەكەیدا دەڵێت:" بە چاكو دروستی دەزانم، هەم بە حوكمی ئەم قۆناغی رزگاریی نیشتمانییەی ئەركەكانی هەرماونو جێبەجێ نەكراون، هەم هەل و مەرجەكە وا دەخوازێت كە لەپاڵ دەزگاكانی دیكەی دەوڵەتدا دەزگایەكی نوێ پێكبهێنرێت بەناوی (ئەنجوومەنی پاراستنو بەرژەوەندییەكانی نەتەوە یان نیشتمان) كە حیزبە براوەكانی پەرلەمان لەخۆبگرێت و كەسە یەكەمەكانی ئەو حیزبانەی براوەی پەرلەماننو سەرۆكی دەزگاكانی دەوڵەت و هتد..". سالار عەزیز وەكو خۆی باسی دەكات ئەو خاوەنی یەكەمی ئەم بیرۆكەیەیەو پێشترو لە ساڵی 2013شدا لە چاوپێكەوتنێكدا ئەم بیرۆكەیەی خستوەتەڕوو، لە دیدارە تەلەفزیۆنییەكەشیدا باسی لەوەكرد" قسەی لەگەڵ زۆربەی سەركردەو پارتەكان كردووە، هەموویان پێیان باشە ئەنجومەنەكە دروستبكرێت". بەراوردكارییەك ! لەڕووی فۆڕمەوە ئەو ئەنجومەنەی كە بڕیارە لە هەرێمی كوردستان دروستبكرێتو بارزانی سەرۆكایەتی بكات، لە ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێمی ئێرانەوە نزیكە، بەڵام لە ناوەڕۆكدا جیاوازن. ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی رژێمی ئێران یەكێك لە پایە سەرەكییەكانی كۆماری ئیسلامییە، ئەركی سەرەكی ئەم ئەنجومەنە نێوەندگیریكردنو چارەسەركردنی هەر كێشەیەكە كە لەنێوان پەرلەمان (مەجلیسی شورا)و ئەنجومەنی پاراستنی دەستور (شورای نگهبان) روبدات، بەڵام دیار نییە ئەو ئەنجومەنەی كە لە هەرێمی كوردستان دروستدەكرێت دەسەڵاتو ئەركەكانی چی دەبن. ئەنجومەنەكەی ئێران دەستەیەكی راوێژكاری باڵایەو مادەی 112ی دەستوری ئێران دەڵێت:" ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێم بە فەرمانی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی دادەمەزرێندرێت بۆ دیاریكردنی بەرژەوەندییەكان لەوكاتانەی كە ئەنجومەنی پاراستی دەستوری ئێران باوەڕی وایە كە بڕیارێكی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی (پەرلەمان) پێچەوانەی شەریعەتو دەستورە". بۆ یەكەمجار ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێم ساڵی 1984 لە گەرمەی جەنگی ئێران- عێراقدا دامەزرێندرا لە ژمارەیەك كەسایەتی خاوەن پسپۆریی، بۆئەوەی راوێژ بە رابەری باڵا بدەن، لە 6ی شوباتی 1988دا بە فەرمانی ئایەتوڵا خومەینی بەمشێوەیەی كە ئێستا هەیە دامەزرێندراو پاشان لە هەمواری دەستوری ساڵی 1990 كە راپرسیی بۆ كرا، بە یاسایی كرا. ئەنجومەنی باڵای دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێمی ئێران سێ ئەركی هەیە: • داوەر دەبێت لەنێوان پەرلەمانو ئەنجومەنی پاراستنی دەستوردا، ئەگەر قەیرانو ناكۆكی لە نێویاندا رووبدات، پێویستە هەردوو لایەن پابەندی بڕیارەكانی بن دوای پەسەندكردنی لەلایەن رابەری باڵاوە. • راسپاردە پێشكەشی رابەری باڵا (وەلی فەقیه) دەكات، كاتێك كێشەكانی تایبەت بە سیاسەتی گشتی دەوڵەت چارەسەركردنیان قورس دەبێت. • لەكاتی مردنی رابەری باڵا، یان نەتوانێت ئەركەكانی جێبەجێ بكات، بە بڕیاری ئەنجومەنی شارەزایان "خبرگان"، ئەنجومەن كەسێك لە ئەنجومەنی سەركردایەتی رابەرایەتی دیاریدەكات ئەركەكانی رابەری باڵا بەڕێوەببات، هەتا هەڵبژاردنی رابەرێكی نوێ. ئەنجومەنەكە چەندین لیژنەی تایبەتی هەیە بۆ بوارەكانی سیاسی، ئاسایش، رۆشنبیریو ئابوریی ..هتد. ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران لە 44 ئەندامی هەمیشەییو یەك ئەندامی ناجێگیر پێكدێت، ئەندامە ناجێگیرەكە وەكو "میوان"ێك وایە كە بەپێی پسپۆڕییەكەیو تەوەری گفتوگۆ بەشدار دەبێت لە كۆبونەوەی ئەنجومەنەكەدا. رابەری باڵای ئێران ئەندامە هەمیشەیی ناهەمیشییەكانی ئەنجومەنەكە دادەمەزرێنێت، جگە لە سەرۆكی سێ دەسەڵاتە باڵاكەی ئێران (سەرۆك كۆمار، سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی دەسەڵاتی داوەریی) كە ئەوان ئۆتۆماتیكی دەبنە ئەندامی ئەنجومەنەكە، دیارنییە ئەنجومەنەكەی هەرێم ئەندامەكان چۆنو بە فەرمانی كێ دادەمەزرێن. ئەنجومەنەكەی ئێران تەمەنی یاسایی هەر خولێكی (4 ساڵ)ە. لە ساڵی 1989ەوە تا 2017 (هاشمی رەفسەنجانی) سەرۆكایەتی ئەنجومەنی باڵای دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێرانی كردووەو لە دوای مردنی ئەویشەوە (سادقی لاریجانی) سەرۆكایەتی دەكات. سەردەمی زێڕینی پارتی هەوڵی بە مەرجەعكردنی مەسعود بارزانی لەكاتێكدایە ئێستا جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان لەدەستی پارتیو ئەندامانی بنەماڵەی بارزانیدایە. پارتی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)و سەرۆكی حكومەتی (مەسرور بارزانی) لایە، لەناو پەرلەمانیشدا هێزی زۆرینەیە. لە ساڵی 1946وە كە پارتی دروستبووە، ئەو حیزبە هیچ سەردەمێكی گەشی وەكو ئێستا بەخۆوە نەبینیوە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمدا بێ ركابەرە، دووان لە سەركردە سیاسییە كاریگەرەكان (جەلال تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا) كۆچی دواییان كردو گۆڕەپانەكەیان چۆڵكردووە. پارتی كە ئێستا جڵەوی سەرۆكایەتی هەرێمو حكومەتو زۆرینەی پەرلەمانی لەدەستدایە، لەڕێگەی بەمەرجەعكردنی بارزانییەوە دەیەوێت لەدەرەوەی دەسەڵاتیش حزبەكان جڵەو بكات. بارزانیو مەرجەعیەت لەدوای شكستهێنانی پرۆسەی ریفراندۆمەوە پێشبینی دەكرا ئیتر خۆری مەسعود بارزانی بەیەكجاری ئاوا ببێتو جارێكی تر بەهێزەوە نەگەڕێتەوە بۆناو گۆڕەپانە سیاسییەكە، بەڵام ناكارایی ركابەرە مێژوییەكانی پارتی، وایكردووە جارێكی تر بە پێگەیەكی بەهێزەوە بارزانی بگەڕێنێتەوە بۆسەر شانۆكە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، ئەمیندارو ئەمیرو رێكخەرو سكرتێری زۆرینەی حزبەكانی هەرێمی كوردستان هاوڕان لەگەڵ دروستكردنی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هەرێمو بەمەرجەعكردنی بارزانیدا. دروستكردنی ئەم ئەنجومەنە، سودە سیاسییەكەی تەنیا بۆ بارزانی نییە، سەرۆكی حزبەكانیش سودمەند دەبن، لەڕێگەی ئەم ئەنجومەنەوە پێگەی خۆیان لەناو حزبەكانیان بەهێزتر دەكەن. خاڵی بەهێزی بارزانی بۆ بەمەرجەعبوون ئەوەیە تائێستا كە هیچ پۆستێكی فەرمی نییە، لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان ناسراوترین كارەكتەری سیاسی هەرێمە، بەڵام خاڵی لاوازی ئەوەیە لەناوخۆدا لە ماوەی (12 ساڵ)دا كە پۆستی سەرۆكی هەرێمی بەدەستەوە بوو، نەیتوانی وەكو پێویست بێلایەنی خۆی بپارێزرێت. سەرباری ئەمە، بارزانی ئەگەر لەسەر ئاستی جەماوەریی نەتوانێت ببێت بە مەرجەعێكی بەهێز، بەڵام لەسەر ئاستی سەرۆكی پارتە سیاسییەكان مەرجەعێكی بەهێز دەبێت، بەوپێیەی ئەوانەی ئێستا سەرۆكایەتی پارتە سیاسییەكان دەكەن هیچیان خۆیان بە هاوتای بارزانی نازاننو سەرسامن بە پێگەی بەهێزی ئەو. بارزانی كە لەماوەی رابردوودا پۆستی سەرۆكی هەرێمی كرد بە خاڵی ناكۆكیی نێوان لایەنە سیاسییەكان، ئێستا دەیەوێت ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەییەكانی هەرێم بكات بە خاڵی كۆكردنەوەی لایەنەكان، بەڵام دیارنییە چارەنوسی ئەم دامەزراوە نوێیە لە داهاتوودا چۆن دەبێت. لە رابردوودا پارتی بۆ پارسەنگی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی بارزانیدا بەردەوام پێویستی بە دوو پۆستی باڵا بوو، پۆستێك بۆ مەسعود بارزانیو پۆستێك بۆ نێچیرڤان بارزانی، بە هاتنەپێشەوەی مەسرور بارزانی، ئێستا پێداویستی پارتی بۆ پۆست زیادی كردووە، رەنگە ئەمە هۆكاری سەرەكی دروستكردنی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هەرێمو بەمەرجەعكردنی مەسعود بارزانی بێت. لەبەرامبەردا ئەوانەی پشتیوانی دروستكردنی ئەم ئەنجومەنە دەكەن دەڵێن، ئێستا لە عێراق شیعەكان مەرجەعیەتیان هەیەو لەكاتی ناكۆكیدا هەمویان دەچنەوە بەردەم مەرجەعیەت، سوننەكانیش بەهەمان شێوە لەلایەن وڵاتانی سوننەمەزهەبی عەرەبیو توركیاوە كۆدەكرێنەوە، بەڵام كورد تائێستا مەرجەعیەتی نییەو دروستكردنی مەرجەعیەت كارێكی پێویستە. هەرێمی كوردستان تائێستا بە سیستمی دوانەی دەسەڵاتی جێبەجێكردن (سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكایەتی حكومەت) بەڕێوەچووە، بە دروستكردنی (ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی هەرێم)، پەیكەرەكە گۆڕانكاری بەسەردا دێت. هەندێكی تر پێیانوایە، ئەم ئەنجومەنی سودی ئەوەی دەبێت كە ناهێڵێت دابڕان لەنێوان سەركردەی پارتە سیاسییەكان رویداتو وا دەكات كێشەو ناكۆكییەكان بەر لە تەقینەوەیان خێراتر چارەسەر بكرێن.
درەو میدیا: مەڵبەندی 11ی رێكخستنی گەرمیانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هۆشداری توند دەداتە سەركردایەتی حزبەكەیان و ئاماژە بە ناڕەزایی زۆری هاوڵاتیان دەدەن لە گەرمیان بەهۆی ناعەدالەتی زۆرو بردنی نەوت و سەروەت و سامانی ناوچەكە. لە یاداشتێكدا بۆ جێگرانی سكرتێری گشتی و ئەنجومەنی سەركردایەتی، مەڵبەندی 11ی گەرمیانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكەن" گەرمیان قەڵای سەوزی یەكێتی بوو، بەڵام لە ئێستادا ئەم قەڵایە نەك هەر سەوز نیە ئەگەر فریای نەكەوین دەبێتە بەشێك لە مێژوو" لە یاداشتەكەدا كە تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەندی یەكێتی واژویان كردووە، ئاماژە بەوە دەكەن" نەوت و كۆمپانیاكانی نەوت لە گەرمیان گومانی گەورەی درووست كردووە، لە گەرمیاندا ( 2 هەزارو 754 ) تەنكەر نەوت هەناردە دەكەن و داهاتی مانگانەیان ( 400 ملیۆن و 40 هەزار دینار) داهاتی كۆمپانیای دڵنیایی جۆری ( 5 ملیار و 760 ملیۆن دینار9 بووە" لە یاداشتەكەدا مەڵبەندی 11ی گەرمیانی یەكێتی ئاماژە بە داهاتی ئیدارەی گشتی یەكێتی دەكات لە ناوچەكەداو دەڵێن" لە 2019 دا پێنج پرۆژەی وەبەرهێنان لە بواری خانوبەرەدا دراون كە 8%ی دراوە بە ئیدارەی گشتی یەكێتی، لە كاتێكدا كۆمپانیا هەیە ئامادەیە 50% بدات بە ئیدارەی گشتی" لەو یاداشتەدا ئاماژە بەوەشكراوە" لەكۆی 70 پۆست لەعێراق كە پشكی یەكێتیەو 140 پۆستی هەرێم پشكی یەكێتی هیچ پۆستێك بۆ ناوچەی گەرمیا دانەنراوە" بەپێی یاداشتەكە مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی و ئۆرگانەكانی زیاتر لە ( 164 ملیۆن دینار) قەرزارن و بە 45 رۆژ جارێك تەنها 4 ملیۆن دینار دەنێرێت بۆ مەڵبەند.
(درەو میدیا): ئەمڕۆ ئەندامانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندا سوێندی یاسایی خوارد. لە مەراسیمی سوێندخواردنەكەدا، مەسرور بارزانی بە دەنگی 88 پەرلەمانتار بووە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، قوباد تاڵەبانیش بە دەنگی 73 پەرلەمانتار، وەك جێگری سەرۆك وەزیران متمانەی پێدرا، مەسرور بارزانی 15 دەنگ زیاترى لە قوباد تاڵەبانی بەدەستهێنا. لەناو ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیراندا، خالید شوانی كاندیدی یەكێتی پۆ بۆستی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری هەرێم و بەغداد كەمترین دەنگیهێنا كە 68 دەنگ بوو. دەنگەكان: 1- فرسەت ئەحمەد، وەزیری داد، 84 دەنگ. 2- شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، 73 دەنگ. 3- رێبەر ئەحمەد خالید - وەزیری ناوخۆ، 76 دەنگ. 4- ئاوات جەناب نوری ساڵح - وەزیری دارایی و ئابووری، 81 دەنگ. 5- د. سامان حوسێن محەمەد بەرزنجی - وەزیری تەندروستی، 81 دەنگ. 6- ئالان حەمە سەعید ساڵح محەمەد - وەزیری پەروەردە، 85 دەنگ. 7- دانا عەبدولكەریم حەمە ساڵح عەبدولرەحمان - وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، 80 دەنگ. 8- ساسان عوسمان عەونی حەبیب - وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار، 85 دەنگ. 9- د. ئارام محەمەد قادر ئەمین - وەزیری خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستی، 76 دەنگ. 10- د. دارا رەشید مەحمود - وەزیری پلاندانان، 75 دەنگ. 11- كوێستان محەمەد عەبدوڵڵا مەعروف - وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی، 74 دەنگ. 12- محەمەد سەعید عەلی - وەزیری رۆشنبیری و لاوان، 75 دەنگ. 13- عەبدوڵڵا مەحمود محەمەد سان ئەحمەد - وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان، 85 دەنگ. 14- بێگەرد دڵشاد شوكرڵڵا - وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، 83 دەنگ. 15- كەمال موسلیم سەعید قەرەنی - وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، 85 دەنگ. 16- ئانۆ جەوهەر عەبدولمەسیح عەبدوكا - وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، 80 دەنگ. 17- پشتیوان سادق عەبدوڵڵا - وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی، 77 دەنگ. 18- كەمال محەمەد ساڵح خەلیل - وەزیری كارەبا، 85 دەنگ. 19- خالید سەلام سەعید - وەزیری هەرێم، 68 دەنگ. 20- ئایدن مەعروف سەلیم - وەزیری هەرێم، 78 دەنگ. 21- ڤاڵا فەرید ئیبراھیم - وەزیری هەرێم، 83 دەنگ.
(درەو میدیا): ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان متمانە بە كابینەی نوێی حكومەت دەبەخشێت، بەڵام هێشتا وادەی دانانی پارێزگاری كەركوك نادیارە. پرسی پەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك ماوەی (9) مانگ پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی پەكخست، یەكێتی نیشتمانی مەرجی دانابوو دەبێت لەگەڵ سوێندخواردنی كابینەی نوێی حكومەتدا، پارێزگارێكی یەكێتیش لە كەركوك دەستبەكارببێت. ئەمڕۆ پەرلەمان متمانە بەكابینەی نوێی حكومەت دەدات، بەڵام پارێزگاری كەركوك هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی حكومەتدا دەستبەكارنابێت. پێشتر (درەو میدیا)، وەكو یەكەمین دەزگای راگەیاندنی كاندیدی رێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك ئاشكراكرد. بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لەنێوان هەردولادا كراوە، تەیب جەبار كاندیدە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئەم پیاوە سەربە یەكێتی نیشتمانییە، بەڵام رێككەوتنەكە بەوجۆرەیە وەكو كاندیدی لیستی (برایەتی) ناوی لێبنرێت، كە لیستی هاوبەشی لایەنە كوردییەكانە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك. لاهور شێخ جەنگی ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (ئاژانس) كە ئەمڕۆ بڵاوبوەتەوە دەڵێت" لەیەك دوو رۆژی داهاتوودا ئەو كاندیدەی هەردولامان لەسەری رێككەوتوین بە رەسمی دەناسێنرێتو هەنگاوەكانی بۆ دانانی ئەو پارێزگارە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی هەموو ئەو رێككەوتنانەی كە لە (9) مانگی رابردوودا لەنێوان پارتیو یەكێتیدا كراوە، دەبێت پارێزگاری كەركوك هاوتەریب لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمدا دەستبەكارببێت.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت گەنجترین وەزیر لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم تەمەنی (35) ساڵە، پیرترین وەزیر (73) ساڵە، سەرۆكی حكومەت حەزی لە مەلەوانییە، جێگرەكەی میكانیكییە، پزیشك لە وەزارەتی پلاندانان دانراوە، ماتماتیك بۆ كاروباری كۆمەڵایەتی، ئەندازیار بۆ وەزارەتی ناوخۆ، پاراستن بۆ شارەوانی، بۆ پەروەردە بەرپرسی لق دانراوە، لە وەزارەتی دارایش پێشبینی قاتو قڕی كراوە. نوسینگەی مەسرور بارزانی كاندیدی راسپێردراو بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سیڤی سەرۆك وەزیرانو وەزیرەكانی كابینەی داهاتووی حكومەتی خستە بەردەم پەرلەمانی كوردستانو كۆپیەكیشی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە. پەرلەمانی كوردستان دوای تاوتوێكردنی ئەم سیڤییانە، هەریەكێك لە كاندیدەكان بۆ پۆستە وزارییەكان دەخاتە دەنگدانەوەو متمانەیان پێدەبەخشێت یاخود رەتیاندەكاتەوە، كە ئەمەیان ئەگەرێكی لاوازەو پێناچێت پەرلەمان هیچ كاندیدێك رەتبكاتەوە. وەزارەتی نەوت مەسرور بارزانی سیڤی (19) كاندیدی بۆ وەزارەتەكان ئامادەكردووە، كاندیدی وەزارەتێك نادیارەو تائێستا یەكلانەبووەتەوە، كە ئەویش وەزارەتی نەوتە، سەرباری ئەمە سیان لە پۆستەكان پۆستی وەزیری هەرێم-ن. (درەو میدیا) پێشتر ئاشكرایكرد، لەم كابینەیەدا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ناوەكەی دەگۆڕدرێت بۆ وەزارەتی (نەوت) هاوشێوەی ئەوەی لە عێراق هەیە، ئاشتی هەورامی دەبێت بە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری سامانە سروشتییەكان، وەزارەتی نەوت كە بەر پارتی كەوتووە، تائێستا كاندیدەكەی یەكلانەكراوەتەوە، هەندێك زانیاریش هەیە باسلەوەدەكات، نەوتو سامانە سروشتییەكان هیچ وەزارەتێكی بۆ دانانرێتو جڵەوی ئەو كەرتە لە دەستی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتدا دەبێت. سەرۆك وەزیرانێكی مەلەوان سیڤی مەسرور بارزانی درێژترین سیڤی لیستی كاندیدی پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمە. بەپێی ئەوەی لە سیڤییەكەیدا باسكراوە، سەرۆك وەزیرانی نوێی حكومەت تەمەنی (50 ساڵ)ە. مەسرور بارزانی بەپێچەوانەی ئەو وێنا ئەمنییەی كە بەهۆی سەرۆكایەتی "دەزگای پاراستن" لەسەری دروستبووە، بڕوانامەی ماجستێری لە بواری "ئاشتیو چارەسەری ناكۆكییەكان" لە زانكۆی ئەمریكی لە واشنتۆن دی سی بەدەستهێناوە، بەڵام دیار نییە ئاخۆ لە چوار ساڵی داهاتوودا ناكۆكییەكان لەگەڵ بەغداد چارەسەر دەكات، یاخود ئاڵۆزتری دەكات ؟ ئایا ئاشتی سیاسی لەناوخۆدا بەرفراوانتر دەكات یاخود مەودای ناكۆكییەكان زیاتر دەكات ؟ مەسرور بارزانی كە كوڕی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیو كوڕەزای مستەفا بارزانی دامەزرێنەری پارتییە، لە سیڤییەكەیدا بۆ مێژوو ناوی منداڵەكانیشی تۆماركردووەو نوسیویەتی" خاوەنی سێ كوڕو كچێكە بەناوەكانی (یاسمین، ئارین، بەرزین، ئاران)". بارزانی كوڕ وەكو خۆی لە سیڤییەكەیدا نوسیویەتی، شارەزایی تەواوی لە نوسینو خوێندنەوەو قسەكردندا هەیە بە زمانەكانی (كوردی، فارسی، ئینگلیزی)و لە زمانی عەرەبیش تێدەگات. سەرۆك وەزیرانی نوێ، لە سیڤییەكەیدا تەنانەت چوەتە سەر باسی وردەكاری ئارەزووی تایبەتی خۆی بۆ بوارەكانی هونەرو وەرزشو دەڵێ" شارەزایی هەیە لە شێوەكاریو ئەسپسواریو مەلەوانی". میكانیكی لە حكومەتدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی كابینەی نوێی حكومەت، تەمەنی (42ساڵ)ە، واتە (8 ساڵَ) لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بچوكترە. قوباد تاڵەبانی كە ئەمە جاری دووەمە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەردەگرێت، لە سیڤییەكەیدا دوو خاڵ جێگای سەرەنجن: یەكەم: بڕوانامەكەی وەكو لە سیڤییەكەیدا نوسراوە، قوباد تاڵەبانی بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە "ئەندازیاری میكانیكی"دا هەیە، ئەمە زانیارییەكی نوێیە. دووەم: لە سیڤییەكەیدا نوسراوە قوباد تاڵەبانی "بەشداریكردووە لە نوسینەوەی یاسای ئیدارەدانی دەوڵەتی عێراق لە بەغداد"، بەڵام هیچ رونكردنەوەیەكی زیاتری لەبارەی چۆنیەتی بەشداریكردنی نەداوە. قوباد تاڵەبانی كە كوڕی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، زمانی ئینگلیزی بەباشی دەزانێت. قوباد تاڵەبانی لە كابینەی هەشتەمدا یەكێك لەوانە بوو پشتیوانی لە سیستمی "پاشەكەوتكردنی موچە" كرد، كاتێك حكومەت دوچاری قەیرانی دارایی بووەوە. قوباد تاڵەبانی هەواڵە ناخۆشەكەی سەپاندنی سیستمی "پاشەكەوتی موچە"ی بە رایگشتی هەرێمی كوردستان راگەیاند، سەرباری ئەمە لە كابینەی هەشتەمدا لەناوخۆی حزبەكەشییەوە روبەڕووی رەخنەی توند بووەو چەندینجار تۆمەتبار كرا بەوەی لەبەرامبەر نێچیرڤان بارزانیدا لاوازە. قوباد تاڵەبانی دۆستایەتییەكی بەهێزی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا هەیەو لەوانەیە پشتیوانی لە ئاشتەواییو سەقامگیری سیاسیو كۆمەڵایەتی دەكات، بەڵام دیارنییە پەیوەندییەكانی لە چوار ساڵی داهاتوودا لەگەڵ مەسرور بارزانیدا چۆن دەبێت. ئەندازیارێك لە وەزارەتی ناوخۆدا مەسرور بارزانی كە لە ساڵی 1998وە سەرۆكایەتی دەزگای پاراستنی (دەزگایەكی ئەمنی هەواڵگرییەو سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە) پێسپێردراوە، پۆستی وەزارەتی ناوخۆ كە پۆستێكی هەستیارە، داوە بە كەسێكی نزیك لە خۆی. (رێبەر ئەحمەد خالید) كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری ناوخۆ، ئەم پیاوە لەڕووی تەمەنەوە هاوتەمەنی مەسرور بارزانییە (50 ساڵ)، لە شارۆچكەی پیرمام لە نزیك بارەگای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی نیشتەجێیە. بەپێی ئەوەی لە سیڤییەكەیدا نوسراوە، ئەم پیاوە بڕوانامەی ماستەری لە بواری "ئاسایشی نیشتمانی" لە زانكۆی بەغداد بەدەستهێناوە، واتە بڕوانامەكەی لەگەڵ ئەو پۆستەدا گونجاوە كە وەریدەگرێت. سەرباری ئەمە، یەكێكە لە كەسە نزیكەكان لە مەسرور بارزانیو پلەی لیوای هەیە لەناو دەزگای پاراستنداو لە ساڵی 2012وە تائێستا سەرۆكی فەرمانگەیەكە لەناو ئەنجومەنی ئاساشی هەرێمی كوردستان بەناوی فەرمانگەی "هەماهەنگی هاوبەش". ئەم پیاوە لەناو پارتی پلە حزبییەكەی (ئەندام مەكتەب)ە، ئەوەی جیگای سەرەنجە، ئەم پیاوە ئەمنییە بووەتە ئەندامی رێكخراوێكی بواری ئاوەدانكردنەوە بەناوی رێكخراوی "شانەدەر"، هەروەها ئەندامی یەكێتی ئەندازیارانی كوردستانە بەوپێیەی بڕوانامە بەكالۆریۆسەكەی لە بواری "ئەندازیاری شارستانی"دایە. وەكو لە سیڤییەكەیدا نوسیویەتی زمانەكانی (عەرەبیو ئینگلیزیو فارسی) دەزانێت. لە خەزنەداری حزبەوە بۆ حكومەت كاندیدی وەزیری دارایی بۆ كابینەی نوێی حكومەت (ئاوات شێخ جەناب)ە لە بزوتنەوەی گۆڕان. ئەم پیاوە ئەندامی یەكێكە لە بنەماڵە ناسراوەكانی سلێمانییە، تەمەنی (61 ساڵ)ە، چەندجارێك ئەزمونی كاركردنی لە حكومەتدا تاقیكردوەتەوە، یەكەمین پۆستی حكومی كە وەریگرتووە، پۆستی قایمقامی سلێمانی بووە لە ساڵی 1993دا، ماوەیەكیش بریكاری وەزیری گواستنەوە بووەو لێپرسراوی لیژنەی باڵای سوتەمەنی سلێمانی بووە. ئاوات شێخ جەناب بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە یاسادا هەیە، دواین كاری سیاسی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بەرپرسی ژوری دارایی بووە، واتە لە خەزنەداری بزوتنەوەی گۆڕانەوە كاندیدكراوە بۆ خەزنەداری حكومەتی هەرێمی كوردستان. ئەوانەی لە نزیكەوە دەیناسن دەڵێن لەڕووی داراییەوە پیاوێكی دەستكراوە نییەو هەندێك لە هاوڕێكانی بە توانجەوە دەڵێن "چوار ساڵی داهاتوو بۆ هەرێمی كوردستان لە سایەی ئاوات شێخ جەنابەوە ساڵی قاتو قڕی دەبێت". لە هەڵبژاردنەوە بۆ پێشمەرگە شۆڕش ئیسماعیل كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە، لە سیڤییەكەیدا تەمەنەكەی بەهەڵە نوسراوە، بەڵام وادەردەكەوێت لەدایكبووی ساڵانی 1950 بێت. ئەم پیاوە لە ساڵی 2008وە سەرۆكی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتمانییە كە یەكێكە لە دەزگا هەستیارەكان، بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە دەستبەداری پۆستە حزبییەكەی بوو، بەتایبەتیش لەكاتێكدا هەوڵی سازدانی كۆنگرەی یەكێتی دەدرێتو لەحاڵی بەستنی ئەو كۆنگرەدا دەزگای هەڵبژاردنی رۆڵی گرنگو یەكلاكەرەوەی لەسەر چارەنوسی سیاسی یەكێتی دەبێت. ئەم پیاوە لە ساڵی 1993وە چەندین پۆستی گرنگی حزبی لەناو یەكێتی وەرگرتووە، بەڵام یەكجار پۆستی حكومی بەڕێوەبردووە، كە ئەویش پۆستی (سەرۆكی دەزگای شەهیدانی گەلی كوردستان)ە لە حكومەتەكەی یەكێتی لە سلێمانی لەماوەی نێوان ساڵانی (2000 بۆ 2005)، ئەم پۆستە تاڕادەیەك نزیكە لە پۆستی وەزارەتی پێشمەرگەوە كە ئێستا كاندیدە بۆ ئەو پۆستە. وەكو خۆی لە سیڤییەكەدا دەڵێ بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە (یاساو رامیاری)دا هەیەو زمانەكانی (عەرەبیو ئینگلیزی) دەزانێت، زمانی (فارسی)ش زۆر بەباشی دەزانێت. لە وەكالەتەوە بۆ وەزارەت پشتیوانی سادق كاندیدی پارتییە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ئەوقافو كاروباری ئاینی. ئەم پیاوە ئەمە دووەمینجارە پۆستی وەزیری ئەزموون دەكات، لە كابینەی هەشتەمدا وەزیری پەروەردە بوو، كاتێك موچەی مامۆستایان "پاشەكەوت" كرا، روبەڕووی شەپۆلی بەرفراوانی خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی مامۆستایان بووەوە. پشتیوان سادق نامۆ نییە بە پۆستی وەزارەتی ئەوقاف، لە كابینەی هەشتەمدا كاتێك نێچیرڤان بارزانی وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت دەركرد، ئەو بە وەكالەتو لە شوێنەكەی (كەمال موسلیم) پۆستی وەزارەتی ئەوقافی وەرگرتو تا ئەم ساتە لەو پۆستەدایە، لەم كابینەیەدا جارێكی تر لەسەر یەك مێز لەگەڵ كەمال موسلیم وەزیری پێشووی ئەوقاف دادەنیشێتەوە، چونكە كەمال موسلیم لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە كاندیدكراوە بۆ پۆستی وەزیری بازرگانیو پیشەسازی. پشتیوان سادق یەكێكە لە كارەكتەرە نزیكەكان لە مەسرور بارزانیو پێشتر بەرپرسی لقی پارتی بووە لە هەولێر، بەپێی زانیارییەكان پارتی لەئەدای كاركردنی بەوەكالەت لە وەزارەتی ئەوقاف رازی بووە، بۆیە پۆستەكەی لە "وەكالەتەوە كردووە بە وەزارەت"و كاندیدی كردووە بۆ وەرگرتنی ئەوقافو كاروباری ئاینی. ئەم پیاوە بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری یاسادا هەیەو بەوتەی خۆی زمانی (عەرەبیو ئینگلیزی) دەزانێت. ماتماتیكو كاروباری كۆمەڵایەتی لەژیانی واقیعیدا ئەوانەی سەرقاڵی خوێندن لە بواری زانستی ماتماتیكدا، تاڕادەیەك لە ژیانی كۆمەڵایەتی دورەپەرێزن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئەمە پێچەوانە بووەتەوە. كوێستان محەمەد كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە ماتماتیكدا هەیە. لایەنی بەهێزی ئەم كاندیدە ئەوەیە، دوو خولی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووەو تەمەنی (54 ساڵ)ە. لە ئەوقافەوە بۆ پیشەسازی كاندیدی وەزیری پیشەسازی كابینەی نوێی حكومەت (كەمال موسلیم)ە كە لە كابینەی هەشتەمدا وەزیری ئەوقاف بوو. ئەم پیاوە بڕوانامەی لە بواری زانست بەشی جیۆلۆجیدا هەیە، بڕوانامەكەی تاڕادەیەك لە پۆستەكەیەوە نزیكە، بەڵام ئەزمونی كاركردنی لەناو حكومەت كەمە، ئەو لە كابینەی هەشتەمدا تەنیا (ساڵێكو سێ) مانگ لە پۆستی وەزارەتی ئەوقاف مایەوە، بەهۆی ناكۆكییەكان لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیرەكانی تری بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت دەریكردو جارێكی تر نەگەڕایەوە بۆ وەزارەتەكەی. بڕوانامەی ناوەندی لە ئەنجومەنی وەزیراندا لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، نزمترین بڕوانامەی وەزیرەكان، بڕوانامەی (ناوەندی)یە، عەبدوڵای حاجی مەحمود كاندیدی پۆستی وەزیری شەهیدانو ئەنفالكراوان یەكێك لەو كاندیدانەیە كە بڕوانامەی ناوەندی هەیە، بەڵام وەكو خۆی لە سیڤییەكەیدا نوسیویەتی، زمانی (فارسی) بەباشی دەزانێت. عەبدوڵای حاجی مەحمود برای محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانە، تەمەنی (49 ساڵ)ە، دوو خول ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووەو نوێنەرایەتی تاكە كورسییەكەی حزبی سۆسیالیستی كردووە. عەبدوڵای حاجی مەحمود سەرباری ئەوەی بڕوانامەكەی نزمە، بەڵام زۆر نامۆ نییە بە كاروبارەكانی تایبەت بە پۆستی وەزیری شەهیدانو ئەنفالكراوان، بەوپێیەی لە دوو خولی پەرلەماندا جارێك ئەندامو جارێكی تر بڕیاردەری لیژنەی (شەهیدانو ئەنفالكراوانو جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی) بووە. هەورامییەك لە وەزارەتدا محەمەد سەعید عەلی ناسراو بە "حەمەی حەمە سەعید" تاكە هەورامییە لە پۆستی وەزارەتدا لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، واتە شوێنی ئاشتی هەورامی لە كابینەی نوێدا وەكو نوێنەری هەورامییەكان پڕكردوەتەوە. ئەم پیاوە پێشمەرگەی دێرینو ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییە، بڕوانامەی ناوەندی هەیەو كاندیدە بۆ پۆستی وەزارەتی رۆشنبیری. دوای كاندیدكردنی بۆ پۆستی وەزارەتی رۆشنبیری، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رەخنەی زۆری لێگیرا، بەتایبەتی لەبارەی بڕوانامەكەیو وێنەیەك كە بە چەكەوە گرتویەتی، بەڵام ئەم پیاوە خاوەنی چەند بەرهەمێكی نوسینو وەرگێڕانە. تەمەنی (57 ساڵ)ە، زۆر پۆستی حزبی بەڕێوەبردووە، بەڵام ئەمە یەكەمین ئەزمونی كاركردنیەتی لەناو حكومەتدا. خەونێكی لەبارچوو كاندیدی پۆستی وەزارەتی كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاو (بێگەرد تاڵەبانی)یە. ئەم خاتوونە یەكێكە لە كارەكتەرە ژنە دیارەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، یەك خول ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووەو لەو خولەدا ماوەیەك سەرۆكی فراكسیۆنی حزبەكەی بووە. لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا جارێكی تر سەركەوتەوە بۆ پەرلەمانو كاندیدی بەهێزی حزبەكەی بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەم خولەی پەرلەمان، بەڵام ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی رێواس فایەقی بۆ پۆستەكە كاندیدكرد، بێگەرد تاڵەبانی خەونی سەرۆكایەتی پەرلەمانی لەدەستچوو، بەڵام بە پێدانی وەزارەتی كشتوكاڵ قەرەبوو كرایەوە. تەمەنی (41 ساڵ)ەو بڕوانامەی لە بواری بایۆلۆژیدا هەیە، بەپێی سیڤییەكەی هەردوو زمانی عەرەبیو فارسی دەزانێت. پڕبەپێستی وەزارەت دانا عەبدولكەریم كاندیدی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، بەپێی سیڤی شایستەترین كاندیدە بۆ پۆستەكەی. ئەم پیاوە كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕان، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە بواری ئەندازیاری شارستانیدا هەیە، كە بەتەواوەتی لەگەڵ پۆستی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەدا گونجاوە. دانا عەبدولكەریم ماوەیەك لێپرسراوی پرۆژەكانی پارێزگای سلێمانی بووەو بەشداربووە لە دروستكردنی چەند پرۆژەیەكدا لە سنوری سلێمانی. تەمەن (46 ساڵ)ە، وەكو خۆی لە سیڤییەكەیدا نوسیویەتی، زمانەكانی عەرەبیو ئینگلیزی دەزانێت. دواین كاری سیاسی ئەم پیاوە لەناو بزوتنەوە گۆڕاندا، بەرپرسی (فایلی حكومەت)ە لە ژووری پەرلەمانو حكومەت. هاودیدێك بۆ خوێندنی باڵا كاندیدی پۆستی وەزارەتی خوێندنی باڵا (ئارام محەمەد قادر)ە كە برای (عەدنانی حەمەی مینا) ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە. ئەم پیاوە تەمەنی (46 ساڵ)ە، پێشتر یەكجار كاری حكومی تاقیكردوەتەوەو ماوەیەك جێگری بەڕێوەبەری گشتی بووە لە وەزارەتی مافی مرۆڤ. بڕوانامەی دكتۆرای لە ئەدەبیاتدا هەیە، بەڵام لەناو یەكێتی پۆستی جێگری بەرپرسی مەكتەبی شەهیدانی بەدەستەوە بووە، وەكو خۆی دەڵێ زمانەكانی (عەرەبیو فارسیو ئینگلیزی) دەزانێت. ئارامی حەمەی مینا یەكێك لەوانە بوو كە لەگەڵ بەرهەم ساڵح لە یەكێتی جیابووەو لە "هەڤاڵ"ەوە بوو بە "هاودید" لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری، كاتێك بەرهەم ساڵح گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتی، ئەویش گەڕایەوە بۆ ناو حزبی دایكو كاندیدبونیشی بۆ پۆستی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەسەر باڵەكەی بەرهەم ساڵح ئەژماردەكرێت. گەنجترین وەزیر گەنجترین وەزیر لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا، (ئانۆ جەوهەر عەبدولمەسیح)ە، ئەم پیاوە ئەندام ناوچەی پارتییە، بەڵام لەسەر پشكی مەسیحییەكان كاندیدكراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی گواستنەوەو گەیاندن كاندیدكراوە. تەمەنی ئەم پیاوە (35 ساڵ)ە، بەپێی قسەی خۆی ئەندامی یەكێك لە بنەماڵە رەسەنەكانی ناوچەی عەنكاوەی هەولێرە. قوتابی دكتۆرایە لە بواری سیاسەتو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، بڕوانامەكەی هیچ پەیوەندییەكی بەو وەزارەتەوە نییە كە بۆی كاندیدكراوە. پەروەردە لە دەستی بەرپرسی لقێكدا كاندیدی وەزیری پەروەردە (ئالان حەمەسەعید)ە، ئەم پیاوە ئێستا بەرپرسی لقی 21ی پارتییە، لەناوەندی پەروەردەدا كەسایەتییەكی ناسراو نییە. خەڵكی سلێمانییەو تەمەنی (38ساڵ)ەو بڕوانامەكەی (قوتابی دكتۆرا لە زانستە سیاسییەكان) هیچ پەیوەندییەكی بە بواری پەروەردەوە نییە، خۆی سەربە وەزارەتی خوێندنی باڵایەو لە زانكۆی هەڵەبجە مامۆستایە. كاندیدێكی گونجاو كاندیدی وەزیری تەندروستی (سامان حسێن بەرزنجی)یە، ئەم پیاوە پارتییەو تەمەنی (41 ساڵ)ە. لەڕووی بڕوانامەوە كاندیدێكی گونجاوە بۆ ئەو پۆستەی كە بۆی دانراوە، دكتۆرای لە تەندروستی كۆمەڵدا هەیەو بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێرە، لە چەند نەخۆشخانەیەكیش پزیشكی نیشتەجێی خولاوە. لە پاراستنەوە بۆ شارەوانی كاندیدی وەزارەتی شارەوانیو گەشتوگوزار (ساسان عوسمان عەونی)یەو سەربە پارتییە. بڕوانامەكەی تاڕادەیەك نزیكە لەو پۆستەی كە بۆی دانراوە، ماستەری لە كارگێڕی كارو ئیكۆنۆمی لە زانكۆی ئەمیانسی فەرەنسی بەدەستهێناوە. بەپێی ئەوەی لە سیڤییەكەیدا نوسراوە، تەمەنی (49ساڵ)ەو لەماوەی ساڵانی (2005 بۆ 2009) بەڕێوەبەر بووە لە ئاژانسی پاراستن، واتە كەسێكی نزیكە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی داهاتووی حكومەتەوە. پیرترین وەزیر پیرترین كاندید (فەرسەت ئەحمەد عەبدوڵا) كاندیدی وەزیری دادە، كە سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەم پیاوە تەمەنی (73ساڵ)ەو خەڵكی دهۆكە، سیڤییەكەی لە وەزیرەكانی تر قەرەباڵغترە. لە ساڵی 1970وە چووەتە ناو كاری حكومییەوە، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە حقوقدا هەیە. لەدوای ساڵی 2003 ماوەیەك یاریدەدەری یاسایی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بووە لە ئەنجومەنی حوكمی عێراق، بەشداری لە چەندین پرسی یاساییو دەستوریدا كردووە. پزیشك لە وەزارەتی پلاندانان بۆ وەزارەتی پلاندانان-یش پزیشكێك كاندید كراوە كە ناوی (دارا رەشید مەحمود)و تەمەنی (43 ساڵ)ە. ئەم پیاوە بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە هەناو و نەشتەرگەری گشتیدا هەیە، بڕوانامەكەی لەگەڵ ئەو پۆستەدا گونجاو نییە كە بۆی كاندید كراوە. سەربە كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتییەو لەسەر ئەو كورسیە دانیشتووە كە پێشتر بۆ دەرباز كۆسرەت رەسوڵ ئامادەكرابوو. ئەم پیاوە دەبێت بە ئەندامی ئەنجومەنی نەوت و گاز لە كابینەی نوێی حكومەتدا، ئەگەر ئەو ئەنجومەنە كارابكرێتەوە، چونكە وەزیری پلاندانان ئەندام دەبێت لە ئەنجومەنەكەدا.
درەو میدیا: عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، دووجار پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامداوە. بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە، عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامداوەو پیرۆزبایی جەژنی لێكردووە. زانیارییەكانی ( درەو میدیا) ئاماژە بەوەش دەكەن لەدوای ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەوە، بۆ جاری دووەم پەیوەندی تەلەفۆنی لە نێوان هەردولا ئەنجامدراوەتەوە و باس لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كراوە. كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان تا دواساتەكان ئارەزووی بەشداریكردنی هەبوو لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان مەیلی بەشداریكردنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانی نەبووە، بۆیە بانگهێشتی رەسمی كۆمەڵیان نەكرد بۆناو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم.
(درەو میدیا): ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردستان لەم خولەدا لەپێناو وەرگرتنی كورسی حكومەت، كورسییەكانی خۆیان لەناو پەرلەمان بەجێهێشت. • قوباد تاڵەبانی: لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە 30ی ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو، دەنگی یەكەمی لەسەر ئاستی كاندیدی هەموو حزبەكان بەدەستهێنا، بەڵام هەرگیز نەچووە ناو پەرلەمانەوەو كورسییەكەی خۆی بۆ (راهی رەهبەر سەید ئیبراهیم) لە لیستی یەكێتی بەجێهێشت، قوباد تاڵەبانی نەچووە پەرلەمان بۆ ئەوەی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەرگرێت، ئێستا بە فەرمی كاندیدی یەكێتییە بۆ ئەم پۆستە. • عەبدوڵا مەحمود محەمەد ناسراو بە (عەبدوڵای حاجی مەحمود): ئەم پیاوە برای محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانە، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بوو، كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان پۆستی وەزارەتی شەهیدانو ئەنفالكراوانی بە حزبەكەیدا، لە پەرلەمان كشایەوەو ئێستا كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی شەهیدانو ئەنفالكراوان، عەبدوڵای حاجی مەحمود پێشتریش لە دوو خولی تردا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە، بە رۆشتنی عەبدوڵای حاجی مەحمود بۆ ناو حكومەت، حزبی سۆسیالیست تاكە كورسییەكەی لە پەرلەمان لەدەستدەدات، چونكە ئەو كورسییە، كورسی دەنگی سێ لایەنی هاوپەیمان بوو لە هەڵبژاردندا (حزبی سۆسیالیست- پارتی كرێكارانو رەنجدەران- یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان)، سۆسیالیست پۆستەكەی حكومەتی هەڵبژاردو كورسییەكەی پەرلەمانی جێهێشت بۆ هاوپەیمانەكانی، (باپیر كامەلا) سەرۆكی پارتی كرێكانو رەنجدەران لەسەر كورسییەكەی عەبدوڵای حاجی مەحمود لە پەرلەمان دادەنیشێت. • بێگەرد دڵشاد شكرڵڵا ناسراو بە (بێگەرد تاڵەبانی): ئەم خاتوونە ئەندامی خولی نوێی پەرلەمانی كوردستانو سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتییە، لە خولی پێشووی پەرلەماندا بە هەمان شێوە سەرۆكی فراكسیۆن بوو، لە كۆتاییەكانی خولەكەشدا پۆستی سكرتێری پەرلەمانی وەرگرت، بێگەرد تاڵەبانی لەم خولەدا كاندید بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام دواجار لەلایەن حیزبەكەیەوە كاندیدكرا بۆ پۆستی وەزیری كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاو، بێگەرد تاڵەبانی بۆ ئەم پۆستە حكومییە پەرلەمانی كوردستان بەجێدەهێڵێتو (شیرین یونس) كاندیدی حزبەكەی لە سنوری كۆیە كورسییەكەی لە پەرلەمان پڕدەكاتەوە. • ڤالا فەرید: ئێستا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، بڕیارە پۆستەكەی بۆ رێواس فایەق چۆڵبكات، دوای لادانی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، ئەم خاتوونە لە پەرلەمان نامێنێتەوەو وەكو وەزیری هەرێم لە كابینەی نوێی حكومەت دەستبەكاردەبێت، ڤالا فەرید لە خولی پێشووشدا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووەو لە خولی پێشوودا سەرۆكی لیژنەی یاسایی بووەو یەكێكە لە كارەكتەرە شارەزاكانی پارتی لە بواری یاسادا، (لەنجە دزەیی) كورسییەكەی ڤالا فەرید لە پەرلەمان پڕدەكاتەوە. • ئایدن مەعروف: سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانییە لە پەرلەمانی كوردستان، لەدوو خولی پێشوودا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە، ئێستا كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی هەرێم، دوای وەرگرتنی متمانە، پەرلەمان بەجێدەهێڵێتو (هیمداد سەباح بیلال) لە لیستی بەرەی توركمانی شوێنەكەی لە پەرلەمان پڕدەكاتەوە.
(درەو میدیا): ئەگەرچی وا باسدەكرا كە هیچ بەرپرسێكی كابینەی هەشتەم لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دانانرێتەوە، بەڵام دوای بڵاوكردنەوەی ئەندامانی كابینەكە بە رەسمیو راگەیاندنی بەرپرسەكانی تری، دەردەكەوێت چەند وەزیرو بەرپرسێكی كابینەی پێشوو لەم كابینەیەشدا پۆستیان وەرگرتوەتەوەو ماونەتەوە. ئەو وەزیرو بەرپرسانەی كابینەی هەشت كە لە كابینەی نۆیەمدا ماونەتەوە سەرجەمیان پۆستەكانیان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، جگە لە قوباد تاڵەبانی، كاندیدی جێگری سەرۆك وەزیرانو د. ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران كە پارێزگارییان لە پۆستەكانی پێشوویان كردووەو لە هەمان پۆستدا ماونەتەوە. ئەوانەی لە كابینەی نۆیەمدا بەردەوام دەبن ئەمانەن: * قوباد تاڵەبانی: لە كابینەی پێشوودا جێگری سەرۆك وەزیران بوو، لەم كابینەیەشدا پارێزگاری لە پۆستەكەی كردو مایەوە. * پشتیوانی سادق: لە كابینەی پێشوودا وەزیری پەروەردە بوو، كاتێك وەزیرەكانی گۆڕان لە حكومەت دەركران پۆستی وەزارەتی ئەوقافی بەڕێوەدەبردو لە كابینەی نۆیەمدا بۆ وەزارەتی ئەوقاف كاندیدكراوە. * كەمال موسلیم: لە كابینەی هەشتەمدا وەزیری ئەوقاف بوو، بەڵام دواتر لەلایەن پارتییەوە لەگەڵ وەزیری داراییو بازرگانیدا لە حكومەت دەركرانو لە كۆتایی تەمەنی كابینەكەشدا دەستیلەكاركێشایەوە. لە كابینەی نۆیەمدا كەمال موسلیم لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆ وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازیی كاندیدكراوە، كاندیدكردنی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا مشتومڕی دروستكردووە، ئەم وەزارەت لەناو گۆڕاندا پشكی پارێزگاری هەولێربوو، هەریەك لە داهێن هاشم، چالاكی موهەندیسو بەشدار حەسەن كاندیدبوون، برزوۆ مەجیدیش لە هەوڵێ ئەو پۆستەدابوو، بەهۆی رێكنەكەوتنی ئەمانەوە كەمال موسلیم بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكە كاندیدكرا. * ئاشتی هەورامی: لە كابینەی هەشتدا وەزیری سامانە سروشتییەكان بوو، بڕیاربوو لەم كابینەیەشدا بەردەوام بێت، بەڵام مەسرور بارزانی سیڤی ئەوی پێشكەشی پەرلەمان نەكردووە بۆ متمانە پێبەخشین، بە گوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئاشتی هەورامیی لەم كابینەیەدا پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی بۆ كاروباری وزە بۆ دادەتاشرێتو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەبێت وەزارەتی نەوتو كەسێكی تری بۆ كاندید دەكرێت. * سەفین دزەیی: كوڕی موحسین دزەییە كە كەسایەتییەكی نزیكبووە لە مستەفا بارزانییەوە, لە كابینەی پێشوودا وتەبێژی رەسمی حكومەت بوو بە پلەی وەزیر، لە كابینەكانی پێشووتریشدا وەزیری پەروەردە بووە، لە كابینەی نۆیەمی مەسرور بارزانیدا پۆستی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم. * ئامانج رەحیم: لە كابینەی پێشوودا سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران بووە، لەم كابینەیەشدا پارێزگاری لە پۆستەكەی كردووە. دووبارەبووەكانی تر جگە لە پۆستەكانی تایبەت بە حكومەتو ئەنجومەنی وەزیران، لەم خولە نوێی حكومڕانی هەرێمی كوردستاندا چەند كاراكتەرێكی تر هەن كە بۆ خەڵك ناسراونو لە خولەكانی پێشوودا پۆستی حكومییان هەبووە لەوانە: * مستەفا سەید قادر: لە كابینەی هەشتەمدا وەزیری پێشمەرگە بوو، پاشان لەلایەن پارتییەوە لەگەڵ وەزیرەكانی تری بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت دوورخرایەوەو دواتر دەستیلەكاركێشایەوە. مستەفای سەید قادر ئێستا كاندیدی بەهێزی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم ئەم پیاوە دەوترێت ئەندازیاری ئەو رێككەوتنە سیاسییە یە كە بۆ پێكهێنانی ئەم كابینەی حكومەت لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی دیموكراتدا ئیمزاكراوە. مستەفا سەید قادر كە لە كابینەی پێشوودا لەلایەن پارتییەوە لە حكومەت دوورخرایەوە، ئەمە واینەكرد پەیوەندییە تایبەتەكانی لەگەڵ پارتی تێكبداتولەلایەن زۆرینەی سەركردەكانی پارتییەوە وەك كەسایەتییەكی رێزلێگیراو مامەڵەی لەگەڵ دەكرێتو پشتیوانی لێدەكرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم. * جەعفەر شێخ مستەفا: لە كابینەی حەوتی حكومەتی هەرێمدا وەزیری پێشمەرگە بووەو لە كابینەی هەشتەمیشدا بەرپرسی هێزەكانی حەفتای یەكێتی بوو، ئێستا بە فەرمی لەلایەن یەكێتییەوە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندیدكراوە. جەعفەر شێخ مستەفا لە كاتی ریفراندۆمو پاشان لێكەوتەكانی لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەرو رۆژانی دوایی پشتیوانێكی سەرسەختی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو.
درەو میدیا: ئەمڕۆ لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا دەنگدان لەسەر بڕینی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا شكستیهێنا. د. رێبوا كەریم ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند: بڕگەیەكی كاری ئەمرۆی پەرلەمانی عێراق تایبەت بوو بە هەمواری مادەی 58ی یاسای بودجەی گشتی عێراق، كە مادەیەكی تر دابنرێت و تایبەتە بە پڕكردنەوەی پۆستە بەوەكالەتەكانی پلە تایبەتەكانی عێراق. لە كاتی دەنگدان لەسەر هەمواری ئەو مادەیەیەدا، یوسف كلابی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح پرۆژە یاسایەكی خستەروو كە ئیمزای زیاتر لە 50 پەرلەمانتاری لەسەر بوو، داوای كردبوو هەمواری مادەی 10 بڕگەی ج یاسای بودجە بكرێت و ئەو بڕگەیە بگۆڕدرێت بەوەی( هەرێمی كوردستان نەوتەكەی رادەستی سۆمۆبكات، ئینجا موچەی فەرمانبەرانی بۆ بنێردرێت) بۆیە ئەو پێشنیازە خرایە دەنگدانەوەو تەنها دەنگی 49 پەرلەمانتاری بەدەستهێنا، هەربۆیە ئەو پەرلەمانتارە گرژی و پشێوی دروستكرد" د. رێبوار كەریم ئاماژەی بەوەشكرد" وەك پەرلەمانتارانی كورد هەموومان كۆدەنگ بووین لەسەرئەوەی كە نابێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببڕدرێت و دڵنیایی دەدەینە موچەخۆرانی هەرێم كە موچەكەیان لە بەغداوە بەردەوام دەبێت و نابڕدرێت" ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكرد كە" سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا رۆژی پێنج شەممەی داهاتوو وەزیرانی دارایی و نەوت و نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران میوانداری بكرێن "
درەو میدیا: پۆستەكانی ناو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە كاندیدان بۆ دیاریكراوە، لەوانە : شەعبان شەعبان چالی - بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیران ، پێشتر لە ئەنجومەنی ئاساییش بوو ئومێد سەباح - سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم بوو سەفین دزەیی - بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وتەبێژی حكومەتی هەرێم بوو. د. ئامانج رەحیم - سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، پێشتریش سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران بوو د. محەمەد شوكری محەمەد سەعید - سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان. د. عەبدولحەكیم خەسرۆ- سەرۆكی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون. د. جوتیار عادل ئاكرەیی - وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەرلەمانتاری پێشوی عێراق بوو نورەدین سەعید وەیسی - بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران، بەرێوەبەری كوردستان 24
درەو میدیا: لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نامێنێتو لەبری وەزارەتی نەوت پێكدەهێنرێت، ئاشتی هەورامیش دەكرێتە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزە. بە گوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستی كەوتووە، مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری لە حكومەتدا دەكاتو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەڵدەوەشێنێتەوەو هاوشێوەی حكومەتی بەغداد وەزارەتی نەوت دادەمەزرێنێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) وەزارەتی نەوت كە پێكدەهێنرێت لە كابینەی نۆیەمدا بە كاندیدێكی تر دەسپێردرێتو ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سەرچاوە سروشتییەكانی هەرێمیش دەكرێتە یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە. ئەمڕۆ دووشەممە مەسرور بارزانی لیستی ناوی كابینەكەیو سیڤییەكانی پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كرد بۆئەوەی متمانەیان پێبداتو لە لیستەكەدا وەزارەتی نەوت یان سامانە سروشتییەكانی تێدانیە.
درەو میدیا: دەرباز كۆسرەت رەسوڵ لە كاندیدبونی بۆ وەزارەتی پلاندانان كشایەوەو لە هەوڵی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستاندایە. سەرچاوەیەكی باڵا لە ناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند" دەرباز كۆسرەت رەسوڵ لە نێوان وەزارەتی پلاندانان و سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، سەرۆكی دەزگاكەی هەڵبژاردووەو لە ئێستاشدا هەوڵی جدی هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە كە بە پلەی وەزیرە و بارەگا سەرەكییەكەی لە هەولێرە" لەدوای كشانەوەی لە كاندیدبونی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند" لە ڕوانگەی هەستكردن بە لێپرسراویەتی بەرامبەر بە هەڤاڵەكانمان و كادیرو ڕێكخستنەكان لە سنووری جوگرافی پارێزگای هەولێر وامان بە باش زانی كە ئەو دەرفەتە بدەین بە یەكێك لە كادیرە پێشكەوتووەكانی شارەكەمان" بەڵام سەرچاوەكەی ( درەو میدیا) وەرگرتنی ئەو پۆستەی بە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ بە كارێكی ئاسان نەزانی پێی وابوو "بەهۆی ئەوەی باڵی كۆسرەت رەسوڵ لە دابەشكردنی پۆستەكاندا پشكی زۆریان برد، ئاسان نیە ماڵباتی مام جەلال بە پێدانی ئەو پۆستە بەدەرباز كۆسرەت رەسوڵ رازی بن، لە كاتێكدا هەوڵیش هەیە كە شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بكرێتە فەرماندەی هێزەكانی 70ی یەكێتی لەدوای كاندید بونی جەعفەر شێخ مستەفا بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم" دەزگای ئاساییشی هەرێم بەپێی (یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان 2013) بودجەیەكی بۆ دیاریكراوە كە بڕەكەی ( 487 ملیار و 443 ملیۆن) دینارەو ژمارەی كارمەندەكانی ( 31 هەزارو 421 ) كەسە، بودجەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان ناچێتە ژێر چاودێری هیچ دام و دەزگایەكی چاودێرییەوە. دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە شەش بەڕێوەبەرایەتی گشتی پێكهاتووەو ( خەسرەو گوڵ محەمەد) لە 3/5/2012 ەوە سەرۆكی دەزگاكەیەو هاوكات جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانیشە.
(درەو میدیا): دوای هەمواركردنی یاسای ژمارەی (3)ی پارێزگاكان، پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت پارێزگارەكانی (هەولێر، دهۆك) بگۆڕێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر لە جێگەی (نەوزاد هادی)، پارتی (فەرسەت سۆفی) پەرلەمانتاری پێشووی حزبەكەی لە پەرلەمانی كوردستان كاندیدكردووە. (درەو میدیا) زانیویەتی، بۆ پۆستی پارێزگاری دهۆك، لە جێگەی (فەرهاد ئەتروشی)، پارتی (سەربەست لەزگین) بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی كاندیدكردووە. زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن لە پارێزگای سلێمانیش یەكێتی دەیەوێت هەڤاڵ ئەبوبەكر لە پۆستی پارێزگار لابداتو لە جێگاكەی (عیزەت سابیر) دابنێت.
راپۆرت: سایتی كەناڵی ئەلحوڕە وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ ئێران رایگەیاند ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییە دەشكێنێت كە ساڵی 2015 لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوای ئیمزای كردو رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەو رێژەیە زیاتر بەرزدەكاتەوە كە لە رێككەوتنەكەدا رێگەی پێدراوەو بریتیە لە رێژەی 3.67%. یۆرانیۆم چۆن دەپیتێنرێت؟ ئەو یۆرانیۆمە خاوەی كە لە كانەكاندا دەردەهێنرێت رێژەی لەسەدا یەكی (ئەكسیدی یۆرانیۆم)ی تێدایە، ئەمە ئەو مادە سەرەتاییەیە كە بۆ پرۆسەی بەرهەمهێنانی وزە پێویستە. یۆرانیۆمی خاو بە مادەی كیمیایی تر چارەسەردەكرێت بۆ دەرهێنانی ئۆكسیدی یۆرانیۆمو دروستكردنی ئەو مادەیەی كە پێی دەوترێت " كێكە زەردەكە" كە هاڕاوەیەكەو رێژەی 80%ی بریتیە لە ئۆكسیدی یۆرانیۆم. پێش بەكارهێنانی یۆرانیۆم لە وێستگە ئەتۆمییەكان یان بۆمبەكاندا، پێویستە سەرەتاو یەكەمجار یۆرانیۆمەكە بپیتێنرێت، ئەوەش لەبەرئەوەی یۆرانیۆمی سروشتی بڕێكی زۆر كەم لە (یۆرانیۆم – 235)ی تێدایە كە ناوكەكانی بە ئاسانی پارچەپارچە دەبنو بڕێكی زۆر وزە بەرهەمدەهێنن. (یۆرانیۆم – 235) جۆرێكە لە یۆرانیۆم، ژمارەی گەردیلەكانی 235ەو جیاوازە لە یۆرانیۆمی سروشتی (یۆرانیۆمی – 238) لە رووی ژمارەی نیوترۆنەكانی نێو ناوكی گەردیلەكانیان. یۆرانیۆمی خاو تەنها رێژەی 0.7% ی ( یۆرانیۆم- 235)یی تێدایەو ئەوی تری كە دەمێنێتەوە بریتیە لە ( یۆرانیۆم- 238). بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم ( كێكە زەردەكە) دەگۆڕدرێت بۆ گازێك كە بە " یۆرانیۆم هیكسافلۆراید" ناودەبرێتو پاشان دەخرێنە ناو ئامێری سێنتەر فیوچ كە بە خێراییەكی زۆر دەسوڕێتەوەو بەوەش یۆرانیۆم- 238 دەچێتە دەرەوەو یۆرانیۆم – 235 دەمێنێتەوە كە كێشی سوكترە. یۆرانیۆمو چەكی ئەتۆمیی ئەو یۆرانیۆمەی لە وێستگە ئەتۆمییەكاندا بەكاردەهێنرێت بە رێژەی 4% پیتێنراوە، بەڵام بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمیی دەبێت بە رێژەی 90% بپیتێنرێت. بە گوێرەی دەقی ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییەی كە ئێران ساڵی 2015 لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا ئیمزایكرد، نابێت یۆرانیۆم بەرێژەی 3.67% زیاتر بپیتێنێت، بەڵام تاران رایگەیاند پابەندی ئەوە نابێتو رێژەی پیتاندن بەرزدەكاتەوەو هیچ بەربەرستێكی تەكنیكیش لەبەردەمیدا نییە تا رێگری لێبكات، چونكە قۆناغەكانی سەرەتای پیتاندنی یۆرانیۆم زۆرترین هەوڵو وزەی پێویستەو هەتا رێژەی پیتاندنەكە بەرزببێتەوە پرۆسەكە ئاسانتر دەبێت. لە پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆمدا بەڕێژەی 90%، نیوەی هەوڵو وزەی بەگەڕخراو دەڕوات بۆ بەرزكردنەوەی رێژەی پیتاندنەكە لە 0.7%ەوە بۆ 4% و دوای گەیشتن بە رێژەی 20%ی پیتاندن, كە بە (یۆرانیۆمی بەرز پیتێنراو) ناودەبرێت، پرۆسەكە بۆ بەكارهێنانی یۆرانیۆم لە بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمییدا بەرێژەی 90% تەواوبووەو هەتا رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتربێت، ئەو بڕەی كە لە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمییدا بەكاردەهێنرێت كەمتر دەبێتەوەو بۆ دروستكردنی چەكێكی ئەتۆمی لە یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی 20% بڕی 400 كیلۆگرام بەكاردەهێنرێت، بەڵام لەكاتی بەركارهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی 90% بڕەكە بۆ 28 كیلۆگرام كەمدەبێتەوە.