Draw Media

خەونە كوردییەكەمان شكا.. چ شورەییەكە !

خەونە كوردییەكەمان شكا.. چ شورەییەكە !

2020-07-29 10:54:30


(درەو):
"نەوتی هەرێمی كوردستان بازرگانێكی زۆرزانی پاكستانی دەیفرۆشێت، دوو بنەماڵەی هەرێمی كوردستان چارەكە ملیۆنێك بندیواریان هەیە‌و لە ئەنجامدانی ریفراندۆمدا گوێیان بۆ ئیسرائیلی دۆستیان نەگرت بۆیە ئێستا خەونی سەربەخۆییان لەبیرچوەتەوە" ئەمە بۆچوونی یەكێك لە دیارترین رۆژنامەنوسەكانی ئیسرائیلە لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستانەوە.

"خەونە كوردییەكەمان"
ئەیهود یوعاری كە رۆژنامەنوسێكی ئیسرائیلییە‌و تایبەتمەندە لە بواری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و خاوەنی چەندین دیداری رۆژنامەوانی گرنگە لەبارەی كێشەی عەرەب- ئیسرئیل‌و لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرۆكەكانی ئیسرائیل‌و سەرۆكی كۆچكردووی فەلەستین یاسر عەرەفات گفتوگۆی كردووە، لە وتارێكدا لە لە سایتی كەناڵی (2)ی ئیسرائیل بڵاویكردوەتەوە، باسی لە دۆخی ئێستا كورد دەكات.
لە وتارەكەیدا كە لەژێر ناوی "خەونە كوردییەكەمان شكا.. چ شورەییەكە!" نوسەر نوسیویەتی:" ئیسرائیل بەشێوەی پچڕ پچڕ بۆ ماوەی چەندین دەیە كاری لەسەر بەرنامەیەك كردووە بۆ دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، لەچوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا یارمەتی سەربازی، راوێژكاریی، تەندروستی، دیپلۆماسی پێشكەشی كورد كردووە‌و بەشێوەیەكی نهێنیش نەوتی هەرێمی كوردستانی كڕیوە".
ئەو دەڵێ:" دەكرا بەدروستكردنی دەوڵەتی كوردی، رۆژهەڵاتی ناوەڕاستێكی جیاواز دروست بكرێت، تەنانەت ئەگەر دەوڵەتەكەش تەنیا لە باكوری عێراقدا دروستبكرایە بەبێ ئەو (40 ملیۆن) كوردەی تر كە لە توركیا‌و ئێران‌و سوریا دەژین، بەڵام ئەو خەونە لەبارچوو، هەندێكیشی هەڵەی خۆیان بوو".

"كورد رۆچۆون لە گەندەڵیدا"
ئەیهود یوعاری باسی لەوەكردووە، بۆ ماوەی چەندین ساڵ پەیوەندییەكی بەهێزو دۆستانەی هەبووە لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە سەركردەكانی كورد بەوپێیەی خۆی وەكو لایەنگرێكی خەباتی كورد زانیوە، بەڵام كاتێك تەماشای واقیعەكە دەكرێت دەردەكەوێت كوردەكان بەدەستی خۆیان ئەو دەرفەتانە لەناو دەبەن كە بۆیان دێتە پێشەوە.
نوسەر دەڵێ:" ئێستا تەنانەت ئەگەر جۆ بایدن وەكو سەرۆكی ئەمریكا هەڵبژێردرێتەوە، جارێكی تر پێشنیازە كۆنەكەی بۆ جیاكردنەوەی كوردستان لە عێراق لەژێر ناوی سیستمی فیدراڵی دوبارە ناكاتەوە، هۆكارەكەشی ئەوەیە كوردەكان دەست لە نەریتی ناشایستەی خۆیان بەرنادەن كە نقوم بوون لە شەڕو ململانێی ناوخۆیی‌و لە دەرەوەی خۆیان بەدوای هاوپەیماندا دەگەڕێن، بەداخەوە رۆچوون لە گەندەڵیدا.
ئەیهود یوعاری لە زاری رۆشنبیرێكی كوردەوە نوسیویەتی: ئەمریكا لە كۆتایدا دەستبەرداری حكومەتی هەرێم دەبێت وەكو هاوپەیمانێكی باوەڕپێكراوی خۆی، لەكاتێكدا كورد ماوەیەكی دورودرێژە سەرقاڵی كێشەی ناوخۆیی خۆیەتی‌و سەركردەكانی یەكتریان بایكۆت كردووە‌و لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە جنێوو سوكایەتی بە یەكتر دەكەن.

"بازرگانێكی زۆرزانی پاكستانی"
بەشێكی تری نوسینەكەی تایبەت كردووە بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان‌و ئاماژەی بەوەكردووە، بەمدواییە ئاشكرابووە كە ماوەی چەندین ساڵە نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن بازرگانێكی زۆرزانی پاكستانییەوە دەفرۆشرێت‌و ئەو بازرگانە ملیاران دۆلاری نەوتی كوردستانی خستوەتە بانكێكی لوبنانییەوە‌و لەوكاتەوە بانكەكەش دەرگاكەی بەڕوویاندا داخستووە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەمساڵدا بۆ دووەمجارە تكا لە كەرتی تایبەت دەكات قەرزی پێ بدەن، كوڕە مامەكەی مەسرور بارزانی كە ناوی نێچیرڤان بارزانیە‌و ئێستا سەرۆكی هەرێمە‌و پێشتر سەرۆكی حكومەت بووە، تۆمەتبار دەكرێت بەوەی "فەوزای دارایی" دروستكردووە‌و نزیكەی چوار لەسەر پێنجی سەرچاوەی سەرەكی داهاتی نەوتی لەناوبردووە، بارزانییەكان داوا لە حكومەتی بەغداد دەكەن پارەیان پێبدات، ئەمەش باجێكی سیاسی گەورەی هەیە كە سەربەخۆییەكی كەمترە.
هەندێك لە بارزانییەكانی تر لە هەولێرو دهۆك كە لەژێر كۆنترۆڵی خۆیاندایە لەشەڕدان لەگەڵ ئەندامانی ماڵباتی تاڵەبانی كە سلێمانیان لەژێر كۆنترۆڵدایە‌و ئەم هەفتەیە رایانگەیاند ئەمە یەكەمینجارە لە هەولێر كۆدەبنەوە.. ئەو دوو بنەماڵەیە حزب‌و دەزگای میدیایی‌و هێزی سەربازی‌و دەزگای هەواڵگری تایبەت بە خۆیان هەیە، هەردوكیان ئیمپراتۆریەتی بازرگانی ناپەسەند بەڕێوەدەبەن‌و چارەكە ملیۆنێك كارمەندی بندیواریان هەیە، تاڵەبانییەكان دابەشبوون لەنێوان لایەنگرانی هاوسەری رێبەرە كۆچكردووەكەیان (جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری پێشووتری عێراق)‌و نەیارەكانیان. 

"گوێیان بۆ دۆستەكانیان نەگرت"
ئەیهود یوعاری نوسیویەتی:" دوای ئەوەی كورد زۆرینەی ئەو خاكەی لە دەستدا كە لە شەڕەكانی دژ بە داعشدا كۆنترۆڵی كردبوو لەنێویاندا شاری كەركوك "قودسی كوردستان"، تاڵەبانییەكان بەبێ ئاگاداركردنەوەی هێزەكانی بارزانی لەبەرامبەر سوپای عێراقدا لە ناوچەكە كشانەوە، ئەمە هۆكارەكەی ئەوە بوو كوردەكان گوێیان بۆ ئامۆژگاری دۆستەكانیان نەگرت لەوانە ئیسرائیل، كە داوایكرد لە پایزی 2017دا ریفراندۆمی سەربەخۆیی نەكەن، بەڵام ئەوان كردیان‌و روبەرێكی گەورەی خاكیان لەدەستدا‌و لەوكاتەوە دروستكردنی دەوڵەتەكەشیان لەبیرچوەتەوە.
لە كۆتایی نوسینەكەیدا، نوسەرە ئیسرائیلییەكە باسی لەوەكردووە، بەمدواییە توركیا دەستیكردووە بە دروستكردنی ناوچەیەكی ئەمنی لە باكوری هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ئەوەی لە سوریا كردویەتی لەبەرامبەر یاخبوانی كورد لە توركیا لەسەر سنور، توركەكان بەردەوام بۆردومان دەكەن، ئێرانییەكانیش بە هەمان شێوە بۆردومانی بنكەی هێزە كوردییەكان دەكەن.. بارزانییەكان پارێزگاری لە پەیوەندی باشی خۆیان دەكەن لەگەڵ ئەردۆغان‌و پشتیان لە جەنگاوەرانی كورد لە سوریا كردووە لەسەر هێڵی سنور، تاڵەبانییەكانیش لەگەڵ ئێراندا لە سۆزداری دەكەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand