Draw Media

درەو میدیا: سێ پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان وەڵامی رونكردنەوەكەی بزوتنەوەی گۆڕان دەدەنەوەو دەڵێن" لەو هەوڵانەمان بەردەوام دەبین" لە رونكردنەوەیەكدا هەریەك لە (هۆشیار عەبدوڵا، د.غالب محەمەد و كاوە محەمەد) پەرلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕان لە عێراق رایدەگەیەنن" روونكردنەوەكەی ئەمڕۆ (٢٠١٩/٦/١٩)ی بزووتنەوەی گۆڕان، وەك ناوەرۆك و وەك نەفەس، رێك پێچەوانەی دید و دنیابینی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، ئەو دۆسێیانەیش كە قسەی لەسەر كردبوون، تەواو پەیوەستن بە ئێمەی پەرلەمانتارانی بەغدا كە بەردەوام و بەتایبەتیش لەم ماوانەی دواییدا كار و قسەی جدیمان لەسەر كردوون" .................. لەبارەی روونكردنەوەكەی بزووتنەوەی گۆڕان-ەوە روونكردنەوەكەی ئەمڕۆ (٢٠١٩/٦/١٩)ی بزووتنەوەی گۆڕان، وەك ناوەرۆك و وەك نەفەس، رێك پێچەوانەی دید و دنیابینی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، ئەو دۆسێیانەیش كە قسەی لەسەر كردبوون، تەواو پەیوەستن بە ئێمەی پەرلەمانتارانی بەغدا كە بەردەوام و بەتایبەتیش لەم ماوانەی دواییدا كار و قسەی جدیمان لەسەر كردوون، پێشتر هاوڕێمان هۆشیار عەبدوڵا لەوبارەیەوە روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە، بەڵام بەپێویستمانزانی لێرەوە بە تەواوی گۆڕانخوازان و رایگشتی رابگەیەنین كە ئەم روونكردنەوەیە تەعبیر لەرای هەرسێكمان (هۆشیار عەبدوڵا، د.غالب محەمەد و كاوە محەمەد) دەكات و هەموو لایەكیش لەبەردەوامبوونمان لەسەر ئەو رێگەیە دڵنیا دەكەینەوە: رونكردنەوەیەكی پێویست بزوتنەوەی گۆڕان لە دامەزراندنیەوە دژی ناشەفافیەت و بەهەدەردانی سامانی هەرێمی كوردستان بوە و هەرگیز لە سیاسەتی نەوتی هەرێم كە پڕیەتی لە تاڵان و بڕۆ رازی نەبوە و بەردەوامیش داوای گۆرینی ریشەیی تێداكردوە. نەوت ؛ سامانێكی سروشتی و موڵكی خەڵكی كوردستانە. دەبێ داهاتەكەشی بۆ خەڵكی كوردستان بێت،هەر داكۆكیەك لە سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان بەم شیوازەی ئێستای لە دیدی ئێمەدا تاوانێكی نیشیمانیی گەورەیە. هەڵبەتە لە بەغداد ، ئێمە داكۆكی لە مافی دەستوری هەرێم دەكەین لە بواری نەوت و وزە و چۆنێتی دابەشكردنی داهات لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ئیتیحادی بە شیوەیەك لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندا بێت بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە بێدەنگ بین لەوەی لە ناوخۆی هەرێمدا خراپ مامەلەی پێوەبكرێت. ئێمە جگە لەوەی كە داوامانكردوە كێشەی نەوت بە دەستور و یاسا چارەسەر بكرێ و دوربگیرێ لە رێكەوتنی سیاسیی ژێر بە ژێر شتێكی ترمان نەگوتوە ئیدی ئەم هەمو هاوئاوازیە لەگەڵ مافیاكانی نەوت بۆ ؟! ئەوانەی دژی ئەجێندای مافیاكانی نەوت دەوەستنەوە خەریكی خۆنواندن و موزایەدە نین بەڵكو ملیان لە چەقۆ دەسون و موجازەفە بە ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیانەوە دەكەن ئەوەش تەنها لە پێناوی گوتنی راستیەكاندا،چونكە لە ئێستادا و لەم سەردەمە تاریكەی هەرێمدا هیچ شتێك لەوە ئاسانتر نیە بێدەنگ بیت و دەست بەكڵاوەكەتەوە بگری با نەیبات، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان لەدایكبو بۆ ئەوەی كۆتایی بە بێدەنگی بهێنێت و دەبێ هەرواش بمێنیتەوە. لێرەوە سەرلەبەری ئەو نەفەسە رەتدەكەینەوە كە رونكردنەوەكەی ئەمڕۆ(چوارشەممە)ی بزوتنەوەی گۆڕانی پێنوسراوە ، ئەم جۆرە لە پاكانەكردن بۆ سیاسەتی پڕ تاڵانی نەوتی هەرێم بزوتنەوەی گۆڕان بێبەریە لێی جا هەر كەسێك لە هەر ئاستێكی بزوتنەوەكەدا نوسیبێتی. چاوەرێبوین و (بریاریش وابو)! كە گۆڕان بە رونكردنەوەیەك پشتیوانی هەوڵەكانمان بێت نەك بە كۆمەلێك قسەی لاستیكی داكۆكی لە سیاسەتی نەوتی هەرێم بكات و هیچ ئاماژیەك بەو هەمو تاڵانی و تاوانە نەدات كە بە نەوت و داهاتەكەیەوە دژی خەڵكی كوردستان كراوە و دەكرێت . هەركەسێك بگەرێتەوە بۆ ئەرشیفی بزوتنەوەی گۆڕان،بەرنامە سیاسیەكەی،ئامانجەكانی،میدیاكەی دەزانێت كە ئەوەی ئێمە دەیكەین و دەیڵێن سیاسەتی راستەقینەی گۆڕانە،هەربۆیە بە بێ هیچ دودڵەیەك لەو هەوڵانەمان بەردەوام دەبین. لەگەڵ رێزدا كاوە محەمەد د.غالب محەمەد هۆشیار عەبدوڵا ۱۹ی حوزەیرانی ۲٠۱۹  


راپۆرت: فازل حەمە رەفعەت - محەمەد رەئوف  فڕۆكەوانێكی سوپای عێراق كە تۆمەتبارە بە تێوەگلان لە شاڵاوەكانی ئەنفال خەریكە دەبێت بە كاندیدی هاوبەشی یەكێتی‌و پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری ورد بڵاودەكاتەوە. وادەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆتاییەكانی نزیكبوەتەوە، مەسرور بارزانی كاندیدی راسپێردراو بە پێكهێنانی كابینەی نوێ، دەیەوێت بەر لە كۆتایی ئەم مانگە لیستی ناوی كاندیدی وەزارەتەكان بخاتەبەردەم پەرلەمان بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە. بەرپرسانی یەكێتی باسلەوەدەكەن، ئەگەر هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، پارتی رەزامەندی لەسەر كاندیدێكی یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك دەرنەبڕێت، یەكێتی بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ناكات. بڕیارە هەفتەی داهاتوو لایەنەكان كاندیدی خۆیان بۆ پۆستەكان پێشكەشی مەسرور بارزانی بكەن، هاوكات لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی پێكهێنانی حكومەت، یەكێتی نیشتمانی هەوڵێكی نوێی بۆ رێككەوتن لەگەڵ پارتی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك دەستپێكردووە. فڕۆكەوانێك پارتی‌و یەكێتی رێكدەخات  بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئێستا ژمارەیەك بەرپرسی باڵای یەكێتی ناوی (فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین) فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراقیان هێناوەتە پێشەوە وەكو كاندیدی بەهێز بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك‌و پارتیش رەزامەندە بە كاندیدكردنی. (درەو میدیا) زانیویەتی، ئێستا لە پشتی پەردەوە هەوڵی چڕ هەیە بۆ ئەوەی كۆدەنگییەك لەناو سەركردایەتی یەكێتی دروستبكرێت لەسەر كاندیدكردنی (فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین) بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك. ئەنوەر حەمەئەمین كێیە ؟ ئەم پیاوە كە ئێستا بڕیارە ببێت بە كاندیدی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، لە ساڵی 2008وە فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراقە، وەكو كاندیدی یەكێتی ئەو پۆستەی پێدراوە، ئێستا تەمەنی خانەنشینبوونی نزیكبووەتەوە. فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2017 تۆمەتباركرا بە گەندەڵیكردن لە گرێبەستی كڕینی فڕۆكەی چیكی بۆ هێزی ئاسمانی عێراق، بەوهۆیەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركرا، لەوكاتەوە رووی لە هەولێر كردووە‌و لەوێ دەمێنێتەوە، دەوترێت لەوكاتەوە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دروستكردووە، بەڵام پێدەچێت مێژووی پەیوەندییەكەی لەگەڵ پارتی كۆنتر بێت، چونكە ساڵی 2015 كاتێك بابەكر زێباری سوپاسالاری عێراق خانەنشین كرا، دەنگۆی دانانی فەریق روكن ئەنور حەمەئەمین لە شوێنەكەی بڵاوبوەوە، بەڵام كاتێك دۆسیەی ئەنفالی بۆ هەڵدرایەوە، پارتی لە كاندیدكردنی ئەنوەر حەمەئەمین بۆ پۆستی سوپاسالار كشایەوە. فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین ساڵی 1978 كۆلیژی سەربازی بە پلەی مولازم تەواوكردووە، ساڵی 1980 بووە بە فڕۆكەوان لە پۆلی چوارەمی هێزی ئاسمانی عێراق‌و لەماوەی جەنگی عێراق- ئێران‌و جەنگی رژێمی بەعس دژ بە كورد، بەشداری زۆربەی شەڕەكانی كردووە‌و فڕۆكەوان بووە‌و فڕۆكەی هێلیكۆپتەری پێبووە. ئەم پیاوە تۆمەتبارە بەوەی بەهێلیكۆپتەرەكەیەوە بەشداری شاڵاوەكانی ئەنفالی كردووە لەدژی گەلی كورد كردووە‌و ناوی لە ریزبەندی ژمارەی (21)ی ئەو لیستەدایە كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بڵاویكردوەتەوە‌و داوای دەستگیركردن‌و سزادانیان دەكات. فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە كە ئاڕاستەی دەكرێن، ساڵی 2015 لە لێدوانێكدا وتی"من ئەگەر تاوانبار بم چۆن لەدوای روخانی رژێمەوە دوو پۆستی گرنگم لە وەزارەتی بەرگری پێدراوە، یەكێكیان پشكنەری گشتی‌و ئەوی تر فەرماندەی هێزی ئاسمانی..". ساڵی 1992 كە كوردستان دوای رزگاربوون لە دەستی رژێمی بەعس سەرقاڵی بنیادنانی پەرلەمان‌و حكومەت بووە، فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین لە بەغداد بووە‌و كۆلیژی فەرمانبەرانی عێراقی تەواوكردووە، دوای بەدەستهێنانی بڕوانامە، هەمان ساڵ وەكو فەرمانبەری تایبەت بە كاروباری پلاندانان لە فەرماندەیی هێزی ئاسمانی سوپای عێراق دامەزرێندراوە. ساڵی 1996 پلەكەی بۆ (عەمید) بەرزكراوەتەوە، ساڵی 1999 كۆلیژی جەنگیی عێراقی تەواوكردووە، ساڵی 2000 كراوە بە بەڕێوەبەری سەلامەتی فڕۆكەوانی لە هێزی ئاسمانی عێراق. پاشان پلەكەی بۆ (لیوا) بەرزكراوەتەوە، ساڵی 2003 كە رژێمی سەددام حسێن روخا، فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین فەرماندەی فەرماندەیی هێزی ئاسمانی بووە لە بێجی، واتە تا دواین سات كە رژێمی عێراق لەدەسەڵاتدا بووە، لە سوپای عێراق كاریكردووە. دوای روخانی رژێمی پێشووی لەلایەن هێزی هاوپەیمانانەوە وەكو فەرماندەیەكی سوپای عێراق داوای هاوكاری لێكراوە، بەتایبەتیش لە پرسی چۆنیەتی دروستكردنی یەكەی ئاسایشی سەربازییەوە لە كەركوك‌و سلێمانی‌و تكریت، یارمەتی هاوپەیمانانی داوە لە دروستكردنی ئەنجومەنە سەربازییەكانی دوای روخانی رژێمی پێشوودا، لەچەندین كاری تردا هەماهەنگی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان كردووە، كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكرد. فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین لەدایكبووی پارێزگای كەركوكە.   زیاتر لە 40 كاندید بۆ پۆستێك ! یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، ناوی زیاتر لە (40) كاندیدی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك خستوەتەبەردەم پارتی دیموكراتی كوردستان‌و هەموو ئەو ناوانە رەتكراوەتەوە. پارتی دەڵێت هیچ كەسێك لەوانە وەكو پارێزگاری كەركوك قبوڵ ناكات كە لەڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 تێوەگلاون یاخود پاڵپشتییان كردووە، پارتییەكان دەستەواژەی "ئۆكتۆبەرچی" بۆ ئەو كەسانە بەكاردەهێنن‌و وەكو "خیانەتكار" ناویان دەبەن. پارتی تائێستا بەفەرمی یەك ناوی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك قبوڵكردووە كە ئەویش (فەرەیدون عەبدولقادر) ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە،  بەڵام یەكێتی رەتیكردەوە. یەكێتی كە لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا پۆستی پارێزگاری كەركوكی لەدەستدا، ئێستاش ئەو پۆستە بە پشكی خۆی دەزانێت، دیارترین ئەو ناوانەی یەكێتی لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكەی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك پێشكەشی پارتی كردووە ئەمانەن: •    رزگار عەلی- ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی •    رەفعەت عەبدوڵا- ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی •    ئاسۆ ئەڵمانی- بەرپرسی مەڵبەندی كەركوك‌و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی •    خالید شوانی- ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی •    كاكە رەش سدیق- ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، یەكێتی •    ئەحمەد عەسكەری- ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك- یەكێتی •    رەوەند مەلا مەحمود- جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك •    لیوا جەمال تاهیر- بەرپرسی پێشووی پۆلیسی كەركوك، یەكێتی •    دكتۆر عومەر ئینجە- جێگری سەرۆكی زانكۆی كەركوك، یەكێتی    


درەو میدیا:    بزوتنەوەی گۆڕان رەخنە گرتن بە زمانی گوڵ بە بابەتێكی حەیاتی ناودەبات، هەر جۆرە رەخنەیەكیش كە بۆ بەرژەوەندی كەسی و بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستن بێت رەت دەكاتەوە. لە رونكردنەوەیەكدا بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوە كردووە" هەر رەخنەیەك لەلایەن هەڵسوڕاوانی حیزبی و حكومەت و پەرلەمانەوە بگیرێ بە ناڕەوا بۆ مەرام و بەرژەوەندی كەسێتی، و بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستن ، و بە زمانێكی ناشایستەو ناشارستانی ئاراستەی كەس و لایەن و دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم بكرێ، گوزارشت لە سیاسەت و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان ناكات، بەڵكو رەتیشی دەكاتەوە" بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان "رەخنەگرتن بە زمانی گوڵ بە بابەتێكی حەیاتی بۆ بزوتنەوەی گۆران" لەقەڵەم دەدات  سەبارەت بە پرسی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان  لە رونكردنەوەكەی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە"  بۆ بابەتی نەوت و غازو بودجەی هەرێمیش، بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە دەبێ بەرێگای دەستوری و یاسایی چارەسەر بكرێ، تا دەركردنی  ئەم یاسایەش مافی دەستوری هەرێمی كوردستانە نەوت و غاز بەرهەم بهێنێ و ئیدارەی سامانە سروشتیەكانی هەرێم بكات"       دەقى رونکردنەوەکە بزوتنەوەی گۆڕان، وەک هێزێکی سیاسی مەدەنی رەخنەگر دروست بووە، و واشدەمێنێ، هەر لەگەل دەسپێکی کاری سیاسی و راگەیاندنی ئەم بزوتنەوەیەدا، دروشمی (رەخنە بە زمانی گوڵ) ی هەڵگرت. هەر لەبەر ئەوەیە، کە رەخنەگرتن بە زمانی گوڵ بابەتێکی حەیاتیە بۆ بزوتنەوەی گۆران، بۆ ئەوەی هەمیشە بە شێوازێکی شارستانی لە دژی کارە نا دەستوری و نایاساییەکان، و لە دژی هەموو شێوازەکانی گەندەڵی خەبات بکات و بوەستێتەوە.  بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان بەهەموو توانای پشتگیری لە سەرجەم ئەو رەخنانە دەکات، کە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی دەگیرێ، و بە زمانی گوڵ و بە شێوازی شارستانی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم دەکرێت.  و هەر رەخنەیەکیش لەلایەن هەڵسوڕاوانی حیزبی و حکومەت و پەرلەمانەوە بگیرێ بە ناڕەوا بۆ مەرام و بەرژەوەندی کەسێتی، و بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستن ، و بە زمانێکی ناشایستەو ناشارستانی ئاراستەی کەس و لایەن و دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم بکرێ، گوزارشت لە سیاسەت و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان ناکات، بەڵکو رەتیشی دەکاتەوە.  سەبارەت بە کێشەو پرسی نەوت و غاز، مادەی ١٤٠، بودجەی ساڵانەو پێشمەرگە، کە هەمویان پرسی نیشتیمانین، و نابێ بکرێ بە بابەتی موزایەدە لەنێوان لایەنەکانی هەرێم، ودەبێ بە رێکاری دەستوری و یاسایی چارەسەر بکرێ لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەبەشداری و هاوکاری و هەماهەنگی تەواوی لایەنەکانی کوردستان لە بەغدا.  بۆ بابەتی نەوت و غازو بودجەی هەرێمیش، بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە دەبێ بەرێگای دەستوری یاسایی چارەسەر بکرێ، ئەویش بە دەرکردنی یاسای نەوت و غاز و، و دەرکردنی یاسای دەستەی گشتی چاودێریکردنی داهاتە تەرخانکراوەکانی فیدڕاڵی بەپێی ( مادەی ١٠٦ی دەستوری هەمیشەیی عێراق)و دروستکردنی ئەو دەستەیە بە زوترین کات، کە چواردەساڵە دەسەڵاتدارانی عێراق بەگشتی خۆیان لە دەرکردنی ئەو یاسایانە ئەدزنەوە، کە دەرکردنی ئەو یاسایانە و دروستکردنی ئەو دەستەیە تەنیا زامنە بۆ ئەوەی جارێکی تر بودجەی هەرێم و موچەی فەرمانبەران بدرێ، و نەوتیش بە گشتی بخرێتە خزمەتی هاوڵاتیان لە عێراق و هەرێم . تا دەرکردنی  ئەم یاسایەش مافی دەستوری هەرێمی کوردستانە نەوت و غاز بەرهەم بهێنێ و ئیدارەی سامانە سروشتیەکانی هەرێم بکات، بەڵام جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەبێ ئەو داهاتانە شەفاف بێت و لەژێر چاودێری پەرلەمانی کوردستان، و بە بڕیاری حکومەتی هەرێم بۆ بەرژەوەندی هاونیشتیمانیانی کوردستان سەرف بکرێ .      بزوتنەوەی گۆران   19/6/2019


درەو میدیا: بارەگای بارزانی بە توندی وەڵامی لێدوانەكەی مەحمود سەنگاوی دەداتەوەو رونكردنەوەكەی وتەبێژی یەكێتیش بە شەرمنانە ناو دەبات. لە رونكردنەوەیەكدا نوسینگەی ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی، دەڵێت" وتەكانی مەحمود سەنگاوی كە لە ئەو پەڕی نزمی و بێ ئاستیدا بوون، ئەوە ناهێنێ وەڵام بدرێتەوە. چونكە مێژوو و كردەوەكانی ئەو كەسە دیار و ئاشكرایە و، مافیا و تاڵانچی و بكوژ هی ئەوە نین وەڵامیان بدرێتەوە" سەبارەت بە رونكردنەوەكەی وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش سەبارەت بەوەی قسەكانی مەحمود سەنگاوی گوزارشت لە بۆچونی خۆی دەكات، رونكردنەوەكەی بارەگای بارزانی دەڵێت" بۆ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و وتەبێژەكەی زۆر جوانتر بوو بێ دەنگ بانە نەك ئەوەی بەیاننامەیەكی شەرمنانە و بێ ناوەڕۆك لە بەرانبەر وتەكانی تاڵانچییەك بڵاو بكەنەوە كە بە نەفەسی تێكدانی ڕەوشی كوردستان و شێواندنی ئاسوودەیی كۆمەڵایەتیی خەڵك قسەی كردووە" رۆژی 16/6/2019 مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبەردەم پێشمەرگە دێرینەكانی گەرمیان، زۆر بە توندی هێرشی كردە سەر مەسعود بارزانی و بە " پیاوێكی بچوك" وەسفیكرد، مەحمود سەنگاوی ئاماژەی بەوەشكردووە"  كاك مەسعود شەرم ناكات خۆی لە یەكێتی بە گەورەتر دەزانێت، ئەگەر سیاسەتی پارتی بەو شێوەیە بێت هیچ مانعمان نیە بۆ دوو ئیدارەیی و قبوڵی ناكەین پارتی نەوت بدزێ و مامۆستای ئێمە نیوموچە وەربگرێت لەلایەن خۆشیەوە وتەبێژی رەسمی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند" ئەو وتانەی هەڤاڵ مەحمود سەنگاوی كە بڵاوكراوەتەوە، گوزارشت لە هەڵوێست‌و سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناكات" دەقی وتەكەی مەحمود سەنگاوی  دەقی رونكردنەوەكەی بارەگای بارزانی وتەكانی مەحمود سەنگاوی كە لە ئەو پەڕی نزمی و بێ ئاستیدا بوون، ئەوە ناهێنێ وەڵام بدرێتەوە. چونكە مێژوو و كردەوەكانی ئەو كەسە دیار و ئاشكرایە و، مافیا و تاڵانچی و بكوژ هی ئەوە نین وەڵامیان بدرێتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا بۆ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و وتەبێژەكەی زۆر جوانتر بوو بێ دەنگ بانە نەك ئەوەی بەیاننامەیەكی شەرمنانە و بێ ناوەڕۆك لە بەرانبەر وتەكانی تاڵانچییەك بڵاو بكەنەوە كە بە نەفەسی تێكدانی ڕەوشی كوردستان و شێواندنی ئاسوودەیی كۆمەڵایەتیی خەڵك قسەی كردووە. نوسینگەی ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی 18ـی 6ـی 2019 دەقی رونكردنەوەكەی وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەقی روونكردنه‌وه‌کە: به‌ هه‌موو لایه‌كی راده‌گه‌یه‌نین، ئه‌و وتانه‌ی هه‌ڤاڵ مه‌حمود سه‌نگاوی كه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، گوزارشت له‌ هه‌ڵوێست‌و سیاسه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ناكات.  ئێمه‌ سه‌ره‌رای رێزی تایبه‌تیمان بۆ كاك مه‌سعود بارزانی، په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستانه‌ی مێژوویی كۆمان ده‌كاته‌وه‌. ئێستاش به‌په‌رۆشه‌وه‌، پێكه‌وه‌ هه‌نگاو بۆ پته‌وكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌نێین ‌و هه‌ر دوێنێش له‌میانی كۆبونه‌وه‌ی وه‌فدی دانوستانكاری هه‌ردوولاماندا، جه‌خت له‌سه‌ر پێویستی فه‌راهه‌مكردنی كه‌شێكی ئارام و هێورو دۆستانه‌ كرایه‌وه‌، تا بتوانین پێكه‌وه‌ به‌ یه‌كگرتووی رووبه‌رووی مه‌ترسیه‌كان ببینه‌وه‌و، په‌له‌ بكه‌ین له‌ ته‌واوكردنی پرۆسه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ چوارچێوه‌ی رێكه‌وتنه‌كانی نێوانماندا.  دیسانه‌وه‌ دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ ته‌نها لێدوان‌و وته‌كانی ووته‌بێژی ره‌سمی یه‌كێتی گوزارشت له‌ ڕاو بۆچوون‌و هه‌ڵوێستی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌كات.  له‌گه‌ڵ رێزدا... وته‌بێژی ره‌سمی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان 18/6/2019    


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت مەسرور بارزانی بەر لە كۆتایی ئەم مانگە لیستی كاندیدی لایەنەكان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان لەكابینەی نوێی حكومەت دەخاتەبەردەم پەرلەمان، حزبی سۆسیالیست یەكەمین لایەنە كە كاندیدی خۆی بۆ حكومەت یەكلاكردوەتەوە، یەكێتی چاوی لە رەزامەندی پارتییە لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، بزوتنەوەی گۆڕانیش هەفتەی داهاتوو كاندیدەكانی یەكلادەكاتەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا نوێترین پەرەسەندنەكانی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بڵاودەكاتەوە. دوای راسپاردنی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە رۆژی 11ی ئەم مانگەدا، دوێنێ مەسرور بارزانی بۆ یەكەمجار سەردانی سلێمانی كرد. مەسرور بارزانی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەدوای راسپاردنیەوە بەپێی یاسا تەنیا ماوەی (30) رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدی وەزارەتەكانی حكومەتەكەی بە پەرلەمان، یەك هەفتە لەوادە یاساییەكەی تێپەڕیوە، هێشتا هیچ ئاسۆیەك دیارنییە. مەسرور بارزانی چی دەكات ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە دەستیكەوتووە، مەسرور بارزانی بەنیازە لەناوەڕاستی ئەو ماوە یاساییەی كە لەبەردەستیدایە، لیستی كاندیدی پۆستەكانی حكومەت بخاتەبەردەم پەرلەمان بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە، واتە بەدیاریكراوی دەیەوێت رۆژی 28ی ئەم مانگە لیستی كاندیدەكان پێشكەش بكات. سەرەتای مانگی داهاتوو، پەرلەمانی كوردستان دەكەوێتە پشووی وەرزییەوە، ئەم پشووە ماوەی دوو مانگ بەردەم دەبێت، بۆیە مەسرور بارزانی دەیەوێت لە 28ی ئەم مانگەدا لیستی كاندیدەكان پێشكەش بكات، پەرلەمانیش ئەوكات تەنیا (2) رۆژی لەبەردەمدا دەبێت بۆ متمانەبەخشین بە كابینەی حكومەت‌و سوێندخواردنی وەزیرەكان، ئەگەر وەرزی یاسادانان درێژنەكرێتەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، هەڵوێستی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیە، وەرزی یاسادانانی پەرلەمان درێژنەكرێتەوە‌و كابینەی حكومەت لەوادەی دیاریكراودا متمانە وەرگرێت. حكومەت بەبێ یەكێتی ! دوێنێ مەسرور بارزانی بەسەرۆكایەتی وەفدێك گەیشتە سلێمانی، وەفدەكە سەرەتا لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبووەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەكەدا وەفدی یەكێتی بەپێچەوانەی كۆبونەوەكانی پێشتری نێوان وەفدی پارتی‌و یەكێتی، موجامەلەی وەفدەكەی مەسرور بارزانییان كردووە، ئەم موجامەلەكردنە لەلایەن وەفدەكەی مەسرور بارزانییەوە والێكدراوەتەوە یەكێتی كێشەی نییە‌و بەشداری حكومەت دەكات. وەفدەكەی مەسرور بارزانی كە دواتر لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەتەوە، گەشبینی خۆی لەبارەی كۆبونەوەكەی لەگەڵ یەكێتی بە بزوتنەوەی گۆڕان گەیاندووە. بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پێشتر ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی رێككەوتوون لەسەر ئەوەی" یەكێتی بەبێ دانانی پارێزگاری كەركوك، كاندیدەكانی بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی هەرێم پێشكەشی مەسرور بارزانی ناكات". ئێستا بۆچوونی بەهێز لەناو یەكێتی ئەوەیە، یەكێتی پێشتر بەمەبەستی نیشاندانی نیازپاكی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كردوو‌و دواتریش دەنگی داوە بە مەسرور بارزانی وەكو كاندیدی راسپێدراو بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام نابێت چیتر لەمە زیاتر نەرمی بنوێنێت‌و ئەگەر پارێزگاری كەركوك كە یەكێتی بە پشكی خۆی دەزانێت، هاوتەریب لەگەڵ پێدانی متمانە بە كابینەی نوێی حكومەت لە پەرلەمان، دانەنرێت، یەكێتی بەشداری حكومەت ناكات. پارتی چی دەكات ؟ پارتی تاوەكو ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە سورە لەسەر ئەوەی ئەو كاندیدەی كە یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری پێشكەشی دەكات، دەبێت دڵخوازی پارتیش بێت. یەكێتی تائێستا ناوی زیاتر لە (40) كاندیدی خستوەتە بەردەم پارتی‌و هەموو ناوەكان رەتكراونەتەوە، رەنگە لەچەند رۆژی داهاتوودا هەندێك ناوی تر لەنێوان هەردوولا تاوتوێ بكرێت. ئەگەر تا ئەو وادەیەی كە مەسرور بارزانی ناوی كاندیدی وەزارەتەكان پێشكەشی پەرلەمان دەكات، پارتی‌و یەكێتی لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك رێكنەكەون، یەكێتی بەشداری حكومەت ناكات، بەڵام پارتیش كابینەكە پەكناخات. مەسرور بارزانی هاوشێوەی كابینەی هەشتەم، ناوی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستەكان لەكابینەی حكومەت بەبەتاڵی بەجێدەهێڵێت تا ئەوكاتەی یەكێتی پەیوەندی بە حكومەتەوە دەكات، واتە پارتی ئەمجارەش یەكێتی بەجێدەهێڵێت. بەپێی ئەو پلانەی كە مەسرور بارزانی هەیەتی، دەبێت ئەو لایەنانەی كە بەشداری حكومەت دەكەن هەفتەی داهاتوو ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش بكەن.   تەنیا لەم خولەی پەرلەماندا تاوەكو ئێستا پارتی لە دوو وێستگەی هەستیارانەدا یەكێتی بەجێهێشتووە، واتە بەبێ بەشداری یەكێتی هەنگاوی خۆی هەڵگرتووە: وێستگەی یەكەم: هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی (18ی شوبات)دا بەبێ بەشداریكردنی فراكسیۆنی یەكێتی، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، یەكێتی تائێستا ئەو پۆستەی وەرنەگرتووە‌و پارتی خۆی بەشێوەی كاتی پۆستەكەی پڕكردوەتەوە. وێستگەی دووەم: هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم كوردستان لەناو پەرلەمان لە رۆژی (28ی ئایار)دا، بەبێ بەشداریكردنی فراكسیۆنی یەكێتی، پارتی سەرباری ئەوەی كاری بۆ ئەوەدەكرد نێچیرڤان بارزانی دەنگی زۆرینەی فراكسیۆنەكان بەدەستبهێنێت، بەڵام كاتێك لەسەر پرسی كەركوك لەگەڵ یەكێتی نەگەیشتە رێككەوتن، بەبێ گوێدانە یەكێتی، خۆی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان‌و پێكهاتەكاندا پۆستی سەرۆكی هەرێمی یەكلاكردەوە. گۆڕان‌و مەسرور بارزانی لەدوای كۆبونەوەی لەگەڵ یەكێتی‌و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، مەسرور بارزانی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد لە سلێمانی. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەو كۆبونەوەیەدا وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان دڵنیاییان بە مەسرور بارزانی داوە كە لە وادەی خۆیدا كاندیدەكانیان بۆ پۆستەكان رادەست دەكەن. عەلی حەمەساڵح ئەندامی وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان بەر لە گەیشتنی وەفدەكەی مەسرور بارزانی بۆ گردی زەرگەتە، لە لێدوانێكدا بۆ سایتی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردسان وتی:" لەچەند رۆژی داهاتوودا كاندیدەكانمان بۆ كابینەی نوێی حكومەت یەكلادەكەینەوە". بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هەفتەی داهاتوو جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەپێی دەستوری بزوتنەوەكە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو حیزبەكەدا، كۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستەكان. بزوتنەوەی گۆڕان لیژنەكی (13) كەسیی پێكهێناوە بۆ پۆختەكردنی ناوی ئەوانەی كە سیڤییان بۆ وەرگرتنی پۆستە وزارییەكان پێشكەشكردووە، ئەركی ئەم لیژنەیە ئەوە بۆ هەر پۆستێك تەنیا ناوی (3) كاندید بخاتە بەردەم جڤاتی نیشتمانی، بۆ ئەوەی جڤاتەكە لەنێوان هەر سێ كەسێكدا، یەكێكیان بە زۆرینەی دەنگ كاندید بكات بۆ وەرگرتنی پۆستەكە. مەسرور بارزانی دوای كۆبونەوەكەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، سوپاسی گۆڕانی كرد كە "پابەند بووە بە رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی". سۆسیالیست لە حكومەتدا مەسرور بارزانی لە دووەم وێستگەی سەردانەكەیدا بۆ سلێمانی، لەگەڵ محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیس دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە. حزبی سۆسیالیست ئێستا هاوپەیمانی فەرمی پارتییە‌و تاكە نوێنەرەكەی لە پەرلەمان چووەتە پاڵ فراكسیۆنی پارتی‌و ژمارەی كورسییەكانی پارتی بۆ (46) كورسی بەرزكردوەتەوە. حزبی سۆسیالیست بە یەك كورسی پەرلەمانەوە، كورسییەكی وزاری لە كابینەی مەسرور بارزانیدا مسۆگەر كرد، كە پۆستی وەزارەتی كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوانە. سۆسیالیست یەكەمین حزبی كوردییە كە هەر لەئێستاوە كاندیدی خۆی بۆ پۆستە وزارییەكە یەكلاكردوەتەوە، كە (عەبدوڵای حاجی مەحمود) برای محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبەكەیە. سۆسیالیست كورسییەكی لە حكومەت وەرگرت، بەڵام تاكە كورسییەكەی لە پەرلەمان لەدەستدەدات، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، عەبدوڵای حاجی مەحمود كە ئێستا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە، لەدوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی وەزیری كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان، باپیر كامەلا شوێنەكەی پڕدەكاتەوە، كە سەرۆكی پارتی كرێكاران‌و رەنجەدەرانی كوردستانە. بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان (30ی ئەیلول)، حزبی سۆسیالیست‌و پارتی كرێكاران‌و رەنجدەران‌و یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان كە غەفور مەخموری سەرۆكایەتی دەكات، بەیەك لیست بەشدارییان كرد، هەرسێ لایەنەكە پێكەوە یەك كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا. بەپێی رێككەوتنێك كە لەنێوان لایەنەكانی ئەو هاوپەیمانێتییەدا كرا، بڕیاردرا ئەگەر حزبی سۆسیالیست پۆست لە حكومەت وەرگرێ، كورسییەكەی پەرلەمان بدات بە پارتی كرێكاران‌و رەنجدەران.


راپۆرت: فازل حەمە رەفعەت- نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف نەجمەدین كەریم.. ئەو پیاوەی كە رۆژگارێك خەونی ئەوەی هەبوو لە نێوان عێراق‌و هەرێمی كوردستاندا هەرێمێكی سەربەخۆ بەناوی " هەرێمی كەركوك" پێكبهێنێت‌و خۆی سەرۆكایەتی بكات‌و پرۆژەی هەرێمەكەشی ئامادەكردبوو، ساڵی 2017 كتوپڕ هەڵوێستی خۆی گۆڕی‌و ئەمجارەیان هەوڵیدا كەركوك بەبێ‌ رەزامەندی بەغداد بلكێنێت بە " دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان" ەوە، بەڵام رەشەبا بە پێچەوانەی ئاراستەی چارۆكەكەی كەشتییەكەیەوە هەڵیكرد‌و ئەوی لە خەونی كورسی سەرۆكایەتیكردنی " هەرێمی كەركوكەوە" بردە بەردەم واقیعی تاڵی هەڵاتن‌و خۆشاردنەوە لە پرۆسەی دادگاییكردن، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری چۆنیەتی ئازادكردنی نەجمەدین كەریم لە پۆلیسی ئینتەرپول لە بەیروت بڵاودەكاتەوە.   لە بەیروتەوە بۆ هەولێر نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشووی كەركوك دوای رۆژێك لە ئازادبوونی لە لوبنان‌و گەڕانەوەی بۆ هەرێمی كوردستان، لە بارەگای بارزانی لە پیرمام چاوی بە مەسعود بارزانی كەوت. دوای سێ‌ هەفتە لە دەستبەسەربوون لە بەیروتی پایتەخت لوبنان لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپوڵەوە، دوێنێ‌ نەجمەدین كەریم گەڕایەوە هەولێری پایتەختی هەرێم، لەدوای گەڕانەوەیەوە تائێستا هیچ قسەیەكی دەربارەی چۆنیەتی دەستبەسەركردنی‌و ئازادبوونی نەكردووە، بەڵام سەرچاوەیەكی نزیك بە (درەو میدیا)ی راگەیاند دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوەی بەرپرسانی حزبی‌و حكومی هەرێم، نەجمەدین كەریم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا زانیاری لەسەر دۆسیەكەی‌و ئازادكردنی بۆ رای گشتی ئاشكرابكات. (درەو میدیا) چەندجارێك پەیوەندیكرد بە نەجمەدین كەریمەوە، بەڵام وەڵامی هیچكام لە پەیوەندییەكانی نەدایەوە. چۆن ئازادكرا؟ بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی كە (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی جیاجیاوە دەستیكەوتوون، نەجمەدین كەریم بە فێڵێكی یاسایی لە لوبنان ئازادكراوە‌و لە پۆلیسی ئینتەرپوڵ بەو جۆرە ئازادكراوە كە بۆ دادگاییكردن دەگەڕێندرێتەوە عێراق‌و هەولێریش بەشێكە لە عێراق، بەڵام ئێستا بەرپرسانی پارتی لە هەوڵی بەردەوامدان بۆئەوەی پرۆسەی دادگاییكردنی نەجمەدین كەریم لە بەغدادەوە بگوازنەوە بۆ هەولێر. بەرپرسانی پارتی بۆ گەڕاندنەوەی نەجمەدین كەریم بۆ هەولێر بڕێكی زۆر پارەیان خەرجكردووە‌و ئامادەشن بۆ گواستنەوەی پرۆسەی دادگاییكردنەكەی لە بەغدادەوە بۆ هەولێر بڕێكی زیاتر پارە خەرجبكەن. تۆمەتەكانی نەجمەدین كەریم چین؟ بەپێ زانیارییەكان نەجمەدین كەریم  تا ئەوكاتەی كە پارێزگاری كەركوك بووەلە 2014ەوە تا روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر‌و دواتریش لەسەر ( 64) تۆمەت سكاڵای لەسەر تۆماركراوە‌و لە دادگاكان دۆسیەی لەسەر كراوەتەوە، لەم ژمارەیە (50) سكاڵایان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە تۆماركراون, مێژووی ئەم سكاڵایانەش دەگەڕێتەوە بۆئەو كاتەی كە نەجمەدین كەریم وەكو پارێزگارێكی سەربە یەكێتی لە كەركوك لە ململانێیەكی تونددا بوو لەگەڵ پارتی. لەگەڵ ئامادەكارییەكان بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2017 نەجمەدین كەریم بووە پاڵپشتێكی سەرسەختی مەسعود بارزانی لەو پرسەداو تائەو ئاستەی سەركێشی بە چارەنوسی سیاسی خۆیەوە كرد‌و پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆی هەرێمی كوردستانی بردە ناو كەركوكەوەو ئەمەش دواتر بووە پاساوی سەرەكی دەسەڵاتدارانی بەغداد بۆ رەتكردنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمەكە‌و دواتریش لەشكركێشی بۆسەر ناوچە جێ ناكۆكەكان‌و كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی نەجمەدین كەریم وەك پارێزگاری كەركوك لێكەوتەوە. كاتی لەشكركێشی سوپای عێراق بۆسەر پارێزگای كەركوك سەرەتای سەرهەڵدانی ناكۆكی نەجمەدین كەریم بوو لەگەڵ  بڕیاربەدەستدانی حزبەكەی، ئەو كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو، لە شەوی 16ی ئۆكتۆبەردا داوای لە هێزەكانی یەكێتی كرد بەرەنگاری سوپای عێراق ببنەوە‌و بەرگری لە كەركوك بكەن ئەمەش پێچەوانەی هەڵوێستی رەسمی حزبەكەی بوو. نەجمەدین كەریم لە شەوی 16ی ئۆكتۆبەردا لەجیاتی ئەوەی بەرەو سلێمانی‌و ناوچەكانی جێ‌ نفوزی حزبەكەی هەنگاونبێت رویكردە هەولێرو لەوێ‌ نیشتەجێ بوو. دیارترین ئەو تۆمەتانەی كە لە سكاڵاكاندا ئاراستەی نەجمەدین كەریم كراون بریتین لەمانەی خوارەوە: * هاندان بۆ رووبەڕووبونەوەی سوپای عێراق لەكاتی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا. * ئیختیلاس‌و بەهەدەردانی پارە لە پرۆژەكانی:    - دروستكردنی باڵەخانەی پارێزگای كەركوك -    سەرجەم پڕۆژە وەبەرهێنەكان - پڕۆژەی " صقر" كەركوك -  پڕۆژەی كامێرای چاودێری ناو شاری كەركوك- -  كڕینی زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێل بۆ پارێزگاری كەركوك -  دروستكردنی ژمارەیەك باخچە بە بڕی ( 40) ملیار دینار - دروستكردنی (8) پردی پەڕینەوە لە ناو شار -  دانانی قەپان لە دەروازەكانی كەركوك -  دانانی هەزاران ستونی كارەبای بە كوالیتی خراپ - دروستكردنی " نەخۆشخانە حەویجە" - دروستكردنی شەقامی "بازنەیی"، شەقامی " شاری یاری كەركوك"، هەر چوار دەروازەكەی كەركوك - باڵەخانەی دادگای كەركوك، باڵەخانەی ناسنامەی باری شارستانی، شەقامی " صفە الشرقیە" -  پێویستیەكانی محەتەی كارەبای كەركوك، بۆیاخی گەرمی دەر، باڵەخانەی خانوبەرەی دوبز، ڕۆشنكەرەوەكانی بازاڕی دوبز - دروستكردنی باڵەخانەی دابەشكردنی كارەبای كەركوك پێشبیندەكرێت  پارتی بۆ رزگاركردنی نەجمەدین كەریم لەو تەنگژەیەی تێیكەوتووە، سەرەتا سەرجەم ئەو سكاڵا یاسایاییانە بكشێنێتەوە كە خۆی لەدژی تۆماریكردون‌و بە گوێرەی زانیارییەكان نزیكەی 18 سكاڵای كشاندوەتەوە. جگە لە كشاندنەوەی سكاڵاكان هەندێك زانیاری باس لەوەدەكەن كە پارتی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا پۆستی وەزارەتێك دەداتە نەجمەدین كەریم‌و كە زانیارییەكان باس لە وەزارەتی تەندروستی دەكەن. نەجمەدین كەریم لە رۆژی 16ی شوباتی 2018 لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە بڕیاری دوورخستنەوەی لە ریزەكانی یەكێتی لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەو حزبەوە، وازهێنانی لە یەكێتی راگەیاند، بەڵام تائێستا بە فەرمی پەیوەندی نەكردووە بە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە. كاردانەوەكان ئازادكردن‌و گەڕاندنەوەی نەجمەدین كەریم بۆ هەولێر، كاردانەوەی جیاجیای حزب‌و فراكسیۆنە جیاوازەكانی عێراقی لێكەوتەوە، هەندێك لایەن‌و كەسایەتی سیاسیی نیگەرانن توڕەن‌و داوا لە عادل عەبدولمەهدی وەك سەرۆك وەزیران‌و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی دەكەن رونكردنەوە بدات‌و هەوڵبدات نەجمەدین كەریم بگەڕێندرێتەوە بەغداد بۆ دادگاییكردنی لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی كراون. چەندین كەسایەتی‌و فراكسیۆن و پەرلەمانتار ناڕەزایەتی خۆیان بۆ ئازادكردنی نەجمەدین كەریم‌و گەڕاندنەوەی بۆ هەولێر دەربڕیوە، لەوانە ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی، غالب محەمەد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان، عەلی سنێد پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر. كەركوك‌و كەتەلۆنیا هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی  لە هەرێمی كوردستان، لە ئیسپانیا هەرێمی كەتەلۆنیا ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامداو دوای پرۆسەكە سەرۆكایەتی ئەو هەرێمە بێ‌ گوێدانە كاردانەوەی دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا تاكلایەنە لەناو پەرلەمانی هەرێمەكەوە سەربەخۆیی راگەیاند. بەهۆی ئەم بڕیارەوە حكومەتی مەدرید فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سەركردە جوداخوازەكانی كەتەلۆنیا دەركردو ئەو كاتە ژمارەیەكیان دەستگیركرا‌و ژمارەیەكی تر لە ترسی دادگا هەرێمەكەیان بەرەو ئەوروپا بەجێهێشتو هەمویان بەرپرسیارێتی ئەو بڕیارە و لێكەوتەكانیان لە ئەستۆگرت و پرۆسەی دادگاییكردنی سەركردەكانی كەتەلۆنیا ئەم مانگە كۆتایی هات. بەڵام لە هەرێمی كوردستان داری ریفراندۆم ‌و خەونی سەربەخۆیی زیاتر لە سەری خەڵكی كەركوك‌و ناوچە دابڕێندراوەكان‌و پارێزگای كەركوكدا شكێنرایەوە، نەجمەدین كەریم تاكە كەسە كە باجی سازدانی ریفراندۆم دەدات و قوربانیی ژمارە یەكی ئەو پرۆسەیە، ئەمە بەدەر لە هەندێك كەسی تایبەتی گەندەڵی كە پێشتر لەسەری تۆماركراوە ئێستا بۆی زیندووكراوەتەوە. پرۆفایلی نەجمەدین كەریم ناوی سیانی: نەجمەدین عومەر كەریم  - ساڵی ١٩٤٩ز لە گەڕەكی رەشیداوەی كەركووك لە دایكبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و دواناوەندی لە كەركووك تەواو كردووە -  ساڵی 1971 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە پزیشكی گشتیدا لە زانكۆی موسڵ بەدەستھێناوە.  - ساڵی ١٩٧٢ بووە بە پێشمەرگەو ساڵی 1976 بووە بە پزیشكی تایبەتی مەلا مستەفا بارزانی. - لەگەڵ مستەفا بارزانیدا چووەتە ئەمریكاو لەوێ‌ بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری نەشتەرگەری سیستمی دەماری لە زانكۆی جۆرج واشینتۆن بەدەستهێناوە. - ساڵی ٢٠٠٩ بەیەكجاری گەڕایەوە عێراق‌و لە كۆنگرەی سێیەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا  -ساڵی 2010 لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا سەرۆكایەتی لیستی كوردستانی دەكرد لە پارێزگای كەركووك و دەنگی پێویستی بۆ گەیشتن بە پەرلەمانی عێراق بەدەستھێنا. - سەرەتای مانگی نیسانی ٢٠١١دا، بووە پارێزگاری كەركوك‌و دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لە پۆستەكەی دوورخرایەوە.


 (درەو میدیا): ججموجوڵ لە ناو پەرلەمانی عێراقدا بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی گەورە دەستیپێكردووە‌و رەوتی حیكمەی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم وەك یەكەمین فراكسیۆن ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی راگەیاند‌و بە رەسمیش پەرلەمانی لەوە ئاگاداركردەوە‌و لە داهاتوویەكی نزیكیشیدا چەند فراكسیۆنێكی تری هەر سێ‌ پێكهاتەكەی عێراق " شیعە‌و سوننەو كورد" ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان رادەگەیەنن. حكومەتێكی ناتەواو زیاتر لە حەوت مانگە حكومەتی نوێی عێراق بە رێككەوتنی هەردوو هاوپەیمانی چاكسازی و بونیاتنان و هاوپەیمانی بونیاتنان بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهد ی پێكهێنراوە، بەڵام هێشتا چوار پۆستی وەزارەتەکانی ( بەرگری، ناوخۆ، داد، پەروەردە)ی ئەو كابینەیە بەهۆی ململانێ و ناكۆكی نێوان هەر سێ‌ پێكهاتەكە " كورد، سوننە، شیعە" پڕنەكراوەتەوە. عەبدولمەهدی كە خاوەنی فراكسیۆنێكی بەهێز نیە لە نێو پەرلەماندا چەندینجار هەوڵیداوە كێشەی پڕكردنەوەی ئەو وەزیرانە كۆتایی پێبهێنێت، بەڵام شكستیهێناوە‌و ئێستاش دۆخەكە بەرەو ئەوە دەچێت كابینەكەی عەبدولمەهدی رووبەڕووی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز ببێتەوە. حەكیم دەستپێشخەری كرد رەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم وەك یەكەمین فراكسیۆنی بەشدار لە هاوپەیمانی چاكسازی‌و بونیاتنان ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی راگەیاند، ئەوەش دوای كۆبوونەوەیەكی مەكتەبی سیاسی رەوتی حیكمە كە رۆژی 16ی حوەزیران بەڕێوەچوو. لە بەیاننامەیەكدا رەوتی حیكمە رایگەیاند: دوای تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسی‌و ئاستی كارو ئەدای حكومەت بڕیاردرا حیكمە بژاردەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی دەستوری نیشتمانی بونیاتنەر هەڵبژێرێت. دوابەدوای ئەو كۆبوونەوەیە لەناو پەرلەمانیشدا رەوتی حیكمە بە نوسراوێكی رەسمی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقی ئاگاداركردوتەوەو رایدەگەیەنێت  فراكسیۆنی حیكمە بووە بە ئۆپۆزسیۆن و داواكارە رێوشوێنێی یاسایی بگیرێتەبەرو بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی فراوان دوابەدوای ئەو هەنگاوەی رەوتی حیكمە ئێستا جموجوڵ دەستیپێكردووە بۆئەوەی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی فراوان پێكبهێنرێت، خەلیل محەمەد سەعید پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات رایگەیاند: شەش كوتلەی ناو پەرلەمانی عێراق بە ئاراستەی پێكهێنانی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن هەنگاودەنێن كە بریتین لە: * هاوپەیمانی نەسر: حەیدەر عەبادی * هاوپەیمانی وەتەنییە: ئەیاد عەلاوی * هاوپەیمانی قەرار: ئوسامە نوجێفی * رەوتی حیكمە: عەممار حەكیم * هاوپەیمانی سائیرون: موقتەدا سەدر * دەوڵەتی یاسا: نوری مالیكی * نەوەی نوێ‌: شاسوار عەبدولواحید سائیرون دوای میوانداریكردنی عەبدولمەهدی بڕیاردەدات هاوپەیمانی سائیرون، كە موقتەدا سەدر رابەرایەتی دەكات‌و كۆڵەكەیەكی گرنگی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقە، نیگەرانی خۆی لە ئەدای حكومەتەكەی عەبدولمەهدی نەشاردوەتەوە بە تایبەتی لە بواری خزمەتگوزاریی‌و رووبەڕبوونەوەی گەندەڵیو رەنگە بەمزوانە ئەویش شەمەندەفەری حکومەت جێبهێڵێت. سائیرون ئێستا داوادەكات پەرلەمان میوانداری عادل عەبدولمەهدی‌و وەزیرەكانی بكات ‌و پێدەچێت دوای ئەوە هەڵوێستی یەكلاكەرەوەی خۆی بۆ بەردەوامیدان لە مانەوە لە حكومەتدا یان چونە بەرەی ئۆپۆزسیۆن رابگەیەنێت. دوای كۆبوونەوەی پەرلەمانتارانی سائیرون لەگەڵ موقتەدا سەدر لەناوچەی حەنانەی  شاری نەجەف، حەسەن عاقولی، سەرۆكی فراكسیۆنی سائیرون لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند حكومەتی عێراق شكستیهێناوە لە رەخساندنی هەلی كارو ئەوەش پێچەوانەی بەڵێنەكانییەتی. عاقولی داواشی لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد راپۆرتێكی دورودرێژ‌و  ورد‌و پشتبەستوو بە ئامار‌و داتا لەسەر ئەوەی لەماوەی رابردوودا پێشكەشیكردووە بخاتەڕوو. سەرۆكی فراكسیۆنی سائیرون ئاماژەی بەوەشدا كە دوای میوانداریكردنی سەرۆك وەزیران‌و وەزیرەكانی كابینەكەی لە پەرلەمان‌و وەڵامدانەوەی پرسیارەكان، بوچونی رون‌و ئاشكرای خۆیان رادەگەیەنن.


راپۆرت: درەو میدیا تەنیها هەشت مانگە خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان دەستبەكاربووە، بەگومانی دزیكردن‌و بەهەدەردانی دارایی گشتی، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە‌و لیژنەكە پشكنین بۆ شوقە‌و خانوی پەرلەمانتاران‌و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر بڵاودەكاتەوە. لیژنەیەك پێكهێنرا بۆ لێكۆڵینەوە لە گومانی (دزیكردن)‌و (بەهەدەردان)ی پارە لە پەرلەمانی كوردستان. ئەمە لەكاتێكدایە، خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تەنیا ماوەی (8 مانگ‌و 15) رۆژە دەستبەكاربووە، لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا، پەرلەمان دەستیكرد بە ئامادەكردن‌و گۆڕین‌و چاككردنی كەلوپەلی شوقەو خانوی تایبەت بە پەرلەمانتاران‌و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە هەردوو گوندی (ئیتاڵی‌و شوقەكانی زەكەریا) لە شاری هەولێر. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستیكەوتووە، لیژنەكە بەفەرمانی ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمان كوردستان، پێکهێنراوە..  لیژنەكە چۆن  پێکهێنرا؟ لە گوندی ئیتاڵی، (6) خانو تایبەتكراوە بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگری سەرۆكی پەرلەمان‌و سكرتێری پەرلەمان هەریەكەیان (2) خانویان بۆ تەرخانكراوە، ئەم خانوانە كرێن‌و پەرلەمان كرێكەیان دەدات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەدوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی پەرلەمان، ڤالا فەرید (2) خانوەكەی تایبەت بە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرگرتووە، لیژنەی كڕینی پەرلەمان، تاقمێك تەنەفەی بەبڕی (8 هەزارو 600 دۆلار) بە زمانی بازاڕ واتە (86) وەرەقە، بۆ خانوەكەی كڕیوە، پاش ماوەیەك ڤالا فەرید داوای گۆڕینی تاقمە قەنەفەكەی كردووە‌و تاقمێكی تریان بۆ هێناوە بەبڕی (9 هەزارو 600 دۆلار) واتە (96) وەرەقە. لەم ئاڵوگۆڕەدا سەرۆكی پەرلەمان بۆی دەركەوتووە، لە كڕینی كەلوپەلی تایبەت بە شوێنی نیشتەجێبوونی پەرلەمانتاران‌و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندا دزیكردن‌و بەهەدەردانی زۆر كراوە، بۆ ئەمەش بەراوردكاری نرخی ئەو قەنەفانەی كردووە كە بۆ خانوەكەی خۆی كڕدراون‌و نرخەكانیان لەبازاڕدا زۆر كەمتر بووە لەو نرخەی كە لەسەر پەرلەمان ئەژماركراوە. لێرەوە، سەرۆكی پەرلەمان بڕیار دەدات بەدواداچوون بكرێت لەسەر خەرجییەكان.  ئەندامانی لیژنەكە كێن ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سەرەتا ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمان فەرمانێكی دەركردووە‌و تێیدا بەشێوەیەكی راستەوخۆ لیژنەی كڕینی پەرلەمانی تۆمەتباركردووە بە دزیكردن‌و بەهەدەردانی پارە، ئەمە لە كۆتایی مانگی ئایاردا بووە. لەبەرامبەر ئەم فەرمانەی سەرۆكی پەرلەماندا، سەرۆكی لیژنەی كڕین‌و چاككردن لە پەرلەمانی كوردستان هەوڵیداوە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازبكات‌و تێیدا ئەستۆپاكی خۆی بسەلمێنێت، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان فەرمانێكی نوێی بۆ دروستكردنی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە دەركردووە، واتە فەرمانی تۆمەتباركردنی راستەوخۆ گۆڕیوە بە فەرمانی لێكۆڵینەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لیژنەكە پێكهاتووە لە (4) كەس، كە ئەندامەكانی سەربە (پارتی، یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی)ن، لەناویاندا (بەڕێوەبەری كاروباری پەرلەمان‌و بەڕێوەبەری وردبینی) هەن. لیژنەكە چی دەكات ؟ ئەم لیژنەیەی كە بە فەرمانی سەرۆكی پەرلەمان پێكهێنراوە، ئەركەكەی بریتییە لە وردبینیكردن لە هەموو ئەو خەرجییانەی كە لیژنەی كڕین‌و چاككردنی پەرلەمان لەماوەی رابردوودا لە ئامادەكردنی شوێنی نیشتەجێبوونی پەرلەمانتاران‌و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندا خەرجیكردووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لیژنەكە پشكنینی نرخ بۆ هەموو ئەو كەلوپەل‌و پرۆسەی چاككردنەوانە دەكات كە بۆ شوقە‌و خانوی پەرلەمانتاران‌و دەستەی سەرۆكایەتی كراون، واتە دەچیتە ناو شوێنی نیشتەجێبوونی پەرلەمانتاران‌و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە، ئەمە ئەگەر لیژنەكە روبەڕووی رێگریكردن نەبێتەوە‌و كارەكانی دوچاری ئاستەنگ نەكرێت. خانوەكەی هێمن هەورامی لیژنەكە پارەیەكی زۆری لە دوو خانوەكەی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە گوندی ئیتالی خەرجكردووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هێمن هەورامی دوو تاقم قەنەفەی ناوازەی ژوری پرۆتۆكۆڵی پەرلەمانی كوردستانی گواستوەتەوە بۆ خانووەكەی لە گوندی ئیتاڵی، نرخی قەنەفەكان (30 هەزار دۆلارە)، بە زمانی بازاڕ واتە (3 دەفتەر دۆلار). سەرەرای ئەمە، بەبەهای (2 هەزارو 600) دۆلار، واتە (26 وەرەقە) كەلوپەلی وەرزشی بۆ خانوەكەی هێمن هەورامی كڕدراوە، ئەمە سەرباری خەرجییەكی زۆر كە لە ئۆفێسەكەیدا لەناو بینای پەرلەمان كراوە. قەهوەچی لە توركیاوە هاوردەی دەكات ! مونا قەهوەچی سكرتێری پەرلەمان، كە لە یەكێك لە خانوەكانی تایبەت بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندایە لە گوندی ئیتاڵی، هاوشێوەی ئەندامانی تری دەستەی سەرۆكایەتی، كەلوپەلی ناو ماڵەكەی گۆڕیوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، قەهوەچی لە توركیاوە كەلوپەلەكانی بۆ هێنراوە‌و بەهای پێداویستییەكانی ماڵەكەی (35 هەزار) دۆلار بووە، واتە (3 دەفتەرو 50 وەرەقە). كێشە لە دەستەی سەرۆكایەتیدا ! بەپێی رێككەوتنی سیاسی نێوان لایەنەكان، پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەدەست یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە دەبێت، یەكێتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر پرسی پارێزگاری كەركوك كێشەی هەیە، بەوهۆیەوە تائێستا پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرنەگرتووە. بەهۆی نائامادەگی یەكێتییەوە، ئێستا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەتەواوەتی لەدەستی پارتیدایە، ڤالا فەرید بەشێوەی كاتیی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرگرتووە تا ئەوكاتەی یەكێتی پۆستەكە وەردەگرێت. پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەفەرمی لای پارتییە‌و هێمن هەورامی لە پۆستەكەدایە، پۆستی سكرتێری پەرلەمانیش تەرخانكراوە بۆ پێكهاتەكان، لەناو پێكهاتەكان دراوە بە پێكهاتەی توركمان‌و مونا قەهوەچی لە پۆستەكەدایە كە كەسێكی دڵخوازی پارتییە. سەرباری ئەوەی دەستەی سەرۆكایەتی بەتەواوەتی بۆ پارتی یەكلابوەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان ئەم یەكڕەنگییە بێ كێشە نییە‌و هەندێك ناكۆكی لەنێوان تیمەكەی پارتیدا هەیە. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە زانیویەتی، لە پرۆسەی دروستكردنی لیژنەی لێكۆڵینەوەدا لە خەرجییەكانی پەرلەمان جۆرێك لە ناكۆكی لەنێوان ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمان‌و هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دروستبووە. لەڕووی پلەی حیزبییەوە لەناو پارتی، هێمن هەورامی پلەكەی لە ڤالا فەرید بەرزترە، هەورامی بە هەژمونە حیزبییەكەی زۆرجار ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمانی تێدەپەڕێنێت، ئەمەش هەندێك نیگەرانی لای ڤالا فەرید دروستكردووە. هەندێك سەرچاوە باسلەوەدەكەن، هێمن هەورامی نزیكە لە مەسرور بارزانی، بەڵام ڤالا فەرید‌و مونا قەهوەچی نزیكن لە نێچیرڤان بارزانییەوە، ئەمە ناكۆكی دروستكردووە.  


درەو میدیا:  وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، پرسی یەكلاكردنەوەی كێشەی كەركوك و دانانی پارێزگار پەیوەندی بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نیە، بە پێچەوانەی یەكێتیەوە كە دەڵێن، دەبێت لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پارێزگاری كەركوكیش دیاری بكرێت. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند" هەموو شتەكانمان لێكجیاكردۆتەوە، پارێزگاری كەركوك سیغەیەكی بۆ دیاریكراوە، بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە كردومانە لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ئەم بابەتە دەدرێتە دەست مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ ، كە یەكلاییكردنەوەی پرسی كەركوك بە دانانی پارێزگاریشەوە لای ئەوانە، پرسی كەركوك و دانانی پارێزگار پەیوەندی بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمەوە نیە". ئەم لێدوانەی وتەبێژی پارتی پێچەوانەی لێدوانی بەرپرسانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە كە رایدەگەیەنن، بەپێی رێككەوتنی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پرسی كەركوكیش یەكلایی دەكرێتەوە، بە دانانی پارێزگاریشەوە.   


 (درەو میدیا):     لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دوای میوانداریكردنی فوئاد حسێن، وەزیری دارایی لە راپۆرتی خۆیدا بۆ سەرۆكی پەرلەمان، داوا دەكات ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆئەوەی ئەو بودجەیەی لە بەغداوە رەوانەی هەرێم دەكرێت، بگاتە دەستی موچەخۆرانی هەرێم‌و بۆ هیچ خەرجییەكی تر تەرخان نەكرێت، ئەگەر ئەوەش رویدا حكومەتی فیدراڵی خۆی راستەخۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشبكات. كۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دارایی رۆژی سێشەممە 21ی ئایاری رابردوو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دارایی‌و بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای سۆمۆ‌و بەڕێوەبەری گشتی موحاسبە لە وەزارەتی دارایی كۆبوەتەوە بۆ گفتوگۆكردنۆ بەدواداچوونی پرسی بودجەی هەرێمی كوردستان‌و نەوت‌و داهاتی هەرێم‌و دابەشكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم. لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندووە ساڵی 2018، حكومەتی ناوەندی مانگانە317 ملیار دیناری بۆ هەرێم ناردووەو لە بودجەی ئەو ساڵە 2.744 ترلیۆن دینار بۆ هەرێم تەرخانكراوە بە گوێرەی رێككەوتنی نێوان حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران‌و سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم. وەزیری دارایی ئاشكراشیكردووە كە رێككەوتنێكی تری نوسراو لەگەڵ حەیدەر عەبادیدا هەیە كە مانگی ئەیلولی 2018 ئیمزاكراوە بۆئەوەی 100 ملیۆن دۆلار ( 120 ملیار دینار)ی تر بۆ هەرێم تەرخانبكرێت و بەڵنیشیداوە كۆپییەك لەو رێككەوتنە بداتە لیژنەی دارایی پەرلەمان، هەرچەندە ئەو رێككەوتنە جێبەجێ نەكراوە‌و ئەو بڕە پارە زیادەیە بۆ هەرێم نەنێردراوە‌و لیژنەی داراییش ئەو رێككەوتنەی بە پێشێلكردنی مادەی 10ی یاسای بودجەی 2018 داناوە. راسپاردەكانی لیژنەی دارایی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە راپۆرتەكەیدا چەند رێنماییەكی بۆ چارەسەركردنی كێشەی داهاتی نەوتی هەرێم‌و بودجەی هەرێم‌و موچەی موچەخۆرانی هەرێم پێشنیازكردووە كە ئەمانەن: 1/ لەسەر سەرۆك وەزیرانی عێراق پێویستە كە وەزارەتی دارایی ناچاربكات بۆئەوەی دەقی مادەی 10/ دووەم/ج ی یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2019 بە تەواوەتی جێبەجێبكات‌و خۆی لە جێبەجێكردنی بەشێكی  نەدزێتەوەو بە پێچەوانەوە سەرۆك وەزیران بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆ لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەران. 2/ داوای رونكردەوە لە ئەمیندارێكی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی بكرێت بۆئەوەی بزانرێت حكومەتی پێشوو  لە ناردنی ئەو بڕە بودجەی بۆ هەرێمی ناردووە پشتی بە چ رێوشوێنێكی یاسایی بەستووە؟ 3/  لەسەر وەزارەتی نەوتی ئیتیحادی پێویستە رێوشوێن بگرێتەبەر لەدژی هەموو ئەو كۆمپانیایانەی كە نەوتی عێراق دەكڕن بەبێ‌ مۆڵەتی فەرمی دەرچوو لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە. 4/ لەسەر وەزارەتی دارایی‌و دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی ئیتیحادیی پێویستە كە  دەستبەجێی دەقی مادەی 11/ شەشەم لە یاسای بودجەی گشتی 2019 جێبەجێ بكەن بۆ پیادەكردنی سیستمی بایۆمەتری كە لە دەقەكەدا هەرێمی كوردستان ناچاردەكات میلاكی فەرمانبەرانی مەدەنی و تەشكیلاتی سەربازی بداتە وەزارەتی دارایی حكومەتی ناوەندیی بە گوێرەی پلە‌و ناونیشانی پیشەیی‌و شوێنی بەتاڵ‌و پڕكراوە‌و ژمارەی نێر‌ومێ‌ بە گوێرەی خشتەی (ج)ی تایبەت بە هێزی كار لە یاسای بودجەی 2019. 5/ پێویستە ئەنجومەنی وەزیران رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆئەوەی گەرەنتی ئەوە بكات كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبێت ئەو بڕە بودجەیەی لەلایەن وەزارەتی دارایی ناوەندییەوە بۆی رەوانەدەكرێت بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم تەرخانبكرێت‌و بۆ هیچ بوارێكی تەر خەرجنەكرێت، بە پێچەوانەوە حكومەتی ناوەندیی خۆی راستەخۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم دابەشبكات. 6/پەلەبكرێت لە پەسەندكردنی یاسای نەوت‌و غاز لەلایەن پەرلەمانەوە لە وادەیەكدا كە لە وەرزی یاسادانانی داهاتوو تێپەڕنەكات.        


راپۆرت:فازل حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ دوای (24) كاتژمێر روبەڕووبونەوەی چەكداری، دواجار هەردوو عەشیرەتی هەركی‌و زێباری رێككەوتن لەسەر راگرتنی شەڕ، پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی نێوان هەردوو عەشیرەتی هەركی‌و زێباری دەدات، رێككەوتنی پێشوو كە لە لقی پارتی كرا، شكستی هێنا،  ئەمجارەش لەبری دادگا، جارێكی تر لقی پارتی بڕیار دەدات، (درەو میدیا) راپۆرتێكی ورد لەسەر ریشەی كێشەی نێوان هەركی‌و زێبارییەكان بڵاودەكاتەوە.  هەركی‌و زێباری رێككەوتن بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، كەمێك بەر لە بلاوكردنەوەی ئەم راپۆرتە، هەردوو عەشیرەت لە لقی پارتی لە ئاكرێ رێككەوتوون لەسەر راگرتنی شەڕ. بەپێی رێككەوتنە نوێیە، تا ئەوكاتەی هەردوولا دەگەنە چارەسەری كۆتایی بۆ كێشەكانی نێوانیان، گوندی (باژێڕە ) چۆڵ دەكرێت لە خەڵكی سەربە هەردوو عەشیرەت. (درەو میدیا) زانیویەتی، چەند پێشنیازێك خراوەتەڕوو، یەكێكیان ئەوەیە "گوندی باژێڕێ بەتەواوەتی تەخت بكرێت، چونكە ئەم گوندە بووە بە سەرچاوەی كێشە بۆ هەردوو عەشیرەتەكە، لەبری ئەوە دوو گوندی تر دروستبكرێت، یەكێكیان بۆ خێزانە هەركییەكان، ئەوی تر بۆ زێبارییەكان". چی رویدا ؟ لەناو شاری دهۆك، دوو چەكدار  لەبەردەم خوێندنگەیەكی تایبەت بە تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی، تەقەیان لە خوێندكارێك كردو برینداریان كرد. چەند كاتژمێرێك دوای ئەم رووداوە لە گوندی (باژێڕە )ی سەربە ناحیەی (گردەسێن)ی سەربە قەزای ئاكرێ، دوو هێزی چەكدار روبەڕووی یەكتربونەوە، هێزی عەشیرەتی هەركی‌و هێزی عەشیرەتی زێباری. ئەو خوێندكارەی لە دهۆك تەقەی لێكرا ناوی (زەیدان) بوو، تەمەنی (38 ساڵ)ە‌و بەشێوەی دەرەكی تاقیكردنەوەی پۆلی 12ی ئامادەیی دەكرد، ئەم پیاوە سەربە عەشیرەتی هەركییە، ئەو دوو چەكدارەشی تەقەیان لێكردووە، سەربە عەشیرەتی زێبارین. نێوەندگیرییەكی پارتی  لەدوای رووداوی تەقەكردنەكەی بەردەم خوێندنگەكەی دهۆك، پارتی دیموكراتی كوردستان بەشێوەیەكی خێرا هاتەسەر خەت، پارتی وەكو دەسەڵاتداری یەكەمی ناوچەكە زوو لە هەستیاری بارودۆخەكە تێگەیشت، بەوپێیەی پارتی بەر لە دوو ساڵ خۆی رێككەوتنی ئاشتی‌و ئاگربەستی لەنێوان هەردوو هۆزەكە رێكخست. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەرلەوەی ئێوارەی دوێنێ چەكدارانی هەردوو عەشیرەتی هەركی‌و زێباری روبەڕووی یەكتر ببنەوە، بەرپرسی لقی (9)ی پارتی لە ئاكرێ بەنوێنەرایەتی (سیداد بارزانی) بەرپرسی كاروباری كۆمەڵایەتی مەسعود بارزانی نیوەندگیرییەكی لەنێوان هەردوو عەشیرەتەكەدا كردووە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لەو نێوەدنگیرییەدا، عەشیرەتی هەركی مەرجی تۆڵەكردنەوەیان بەستوەتەوە بەوەی "ئەو دوو چەكدارە زێبارییەی كە لە دهۆك تەقەیان لە خوێندكارە هەركییەكە كردووە، دەبێت گوندی باژێڕێ چۆڵ بكەن". نێوەندگیرییەكەی لقی پارتی شكستیهێنا، هەردوو عەشیرەت نەگەیشتنە رێككەوتن. دەستپێكردنی شەڕ ئێوارەی دوێنێ، دوای شكستهێنانی نێوەندگیرییەكان، چەكدارانی هەردوو عەشیرەت،لەناو گوندێ (باژێڕە ) روبەڕووی یەكتربوونەوە، شەڕ چەند كاتژمێركێكی خایاند، بەپێی دواین ئامارەكان لەو شەڕەدا كە چەكی سوك‌و قورس بەكارهاتووە، (6) كەس لە هەردوولا برینداربوون‌و چەند ماڵێك سوتاون، لەناو بریندارەكاندا ژن‌و منداڵ هەن. چەكدارانی عەشیرەتی هەركی، (5) كەسیان لە خەڵكانی سەربە عەشیرەتی زێباری دەستگیركردووە‌و وەكو بارمتە لای خۆیان رایانگرتوون. چەكدارانی عەشیرەتی هەركی، دواجار گوندەكەیان كۆنترۆڵكرد، گوندی (باژێڕە ) گوندێكە كە دانیشتوانەكەی پێكدێت لە تێكەڵەیەك لە خەڵكی سەربە هەردوو عەشیرەتەكە.   روبەڕووبونەوە لەگەڵ زێرەڤانی ! دوای گرتنی گوندەكە لەلایەن چەكدارانی سەربە عەشیرەتی هەركی، لەسەر داوای بەرپرسانی پارتی لەناوچەكە، حكومەت هێزێكی زێرەڤانی رەوانەی گوندی (بازێڕێ) كرد، هێزەكە چەندین زرێپۆش‌و هەمەر‌و چەكی قورسی لەگەڵ خۆیدا بردە ناوچەكە. فەرماندەی هێزە سەربازییەكە داوای لە سەرۆك عەشیرەتی هەركی كرد، چەكدارەكان لە گوندەكە بباتە دەرەوە‌و گوندە رادەستی هێزی زێرەڤانی بكات تائەوكاتەی بارودۆخەكە ئاسایی دەكرێتەوە، بەڵام ئەم داوایە رەتكرایەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هۆكاری رادەستنەكردنی گوندەكە بە هێزەكەی زێرەڤانی بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە، عەشیرەتی هەركی پێیانوابووە، هاتنی هێزەكەی زێرەڤانی بۆ گوندەكەیان لەسەر داوای (دیندار زێباری) بووە، كە بەرپرسی فەرمانگەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و سەربە عەشیرەتی زێبارییە.  دوای ئەوەی دانوستان شكستی هێنا، هێزەكەی زێرەڤانی هەوڵیدا بچێتە ناو گوندەكەوە، بەڵام روبەڕووی بەرپەرچدانەوەی چەكدارانی هەركی بووەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەو رووبەڕوبونەوەیەدا، دوو زرپێپۆشی زێرەڤانی زیانیان پێگەیشتووە. دواجارو لەچوارچێوەی لێكتێگەیشتنێكدا لەگەڵ عەشیرەتی هەركی، هێزی زێرەڤانی چووە ناو گوندەكەوە، بەڵام چەكدارانی هەركیش هەر لەناو گوندەكەدا ماون كە پێشتر داوا دەكرا لە گوندەكە بچنە دەرەوە. زێبارییەكان خۆیان كۆدەكەنەوە لە ساتی نوسینی ئەم راپۆرتەدا، عەشیرەتی زێباری كە گوندی (باژێڕێ)یان چۆڵكردووە، لە گوندی (شەرمن) كە زێبارییەكان بە پایتەختی خۆیان دەزانن، سەرقاڵی كۆكردنەوەی هێز‌و ئامادەكارین بۆ گەڕێكی نوێی شەڕ لەگەڵ هەركییەكان. سەرچاوەیەكی نزیك لە ناكۆكییەكان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە زێبارییەكان هێرشبكەنە سەر گوندێكی هەركییەكان. ریشەی كێشەكە ! رۆژی 7ی تەموزی 2017 دوو خێزانی هەركی‌و زێباری لە گوندی (باژێڕێ) لەسەر لەسەر ئاودێری زەوی‌و زارەكانیان بوو بە شەڕیان، دوو كەس كوژرا، لە هەرلایەك كەسێك. هاوشێوەی ئێستا، هەردوو عەشیرەت هێزیان كۆكردەوە‌و روبەڕووی یەكتر بونەوە. رۆژی 10ی تەموز، بەنێوەندگیری (سیداد بارزانی) برای مەسعود بارزانی، لە لقی (9)ی پارتی لە ئاكرێ، هەردوو عەشیرەت رێككەوتنێكی ئاشتیان ئیمزاكرد. بەپێی رێككەوتنەكە هەردوو عەشیرەت لەسەر ئەم خاڵانە رێككەوتن: 1-    سێ ماڵ لە گوندی باژێری سەروو بەناوەكانی (هیشام عەزیز خان، زێدان مستەفا محەمەدو نێچیرڤان حاجی محەمەد)و ماڵێك لە گوندی باژێڕێی خواروو بەناوی (بارزان پیرە) دەبێت لە گوندەكانیان بار بكەن. 2-    دوای ئیمزاكردنی رێكەوتنەكە، نابێت دیاردەی هەڵگرتنی چەك لەناو گوندەكاندا بمێنێت. 3-     هەوڵی چارەسەری‌و رێككەوتنی یەكجاری لەنێوان هەردوو لایەندا بدرێت. 4-     نابێت هەردوو لایەن پەناببنەبەر دادگاو سكاڵا لەسەر یەكتر تۆمار بكەن. 5-     هەر لایەك سەرپێچی ئەو رێكەوتنە بكات سزا دەدرێت.   لق لە بری دادگا ! هاوشێوەی دوو ساڵ لەمەوبەر، ئێستا لە لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئاكرێ هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی نێوان هەردوو عەشیرەتی هەركی‌و زێباری دەدرێت. نوێنەری هەردوو عەشیرەت لە كۆبونەوەكەدا ئامادەن، ئەمجارەش (سیداد بارزانی) برای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی سەرپەرەشتی رێككەوتنەكە دەكات. رێككەوتنی پێشوو، كە ئێستا لەنێوان هەردوو عەشیرەتەكەدا شكێندراوە‌و كاری پێناكرێت، لە لقی پارتی ئیمزا كراو یەكێك لە خاڵەكانی ئەوە بوو" نابێت هەردوو لایەن پەناببنەبەر دادگاو سكاڵا لەسەر یەكتر تۆمار بكەن". واتە پارتی لەسەر بەرزترین ئاستی دەسەڵات كە سیداد بارزانی برای مەسعود بارزانییە، پشت لە دادگاكان دەكات بۆ یەكلایكردنەوەی كێشەكان‌و لق پارتی دەخاتە بری دادگا. لەبارەی هەركی‌و زێبارییەوە دوو عەشیرەتی گەورەی كوردستانن، شوێنی نیشتەجێبوونیان لە سنوری پارێزگای هەولێرو دهۆك نزیكن لە یەكترەوە، لە هەندێك ناوچەشدا بەتەواوەتی تێكەڵ بوون. عەشیرەتی هەركی رۆژهەڵات‌و باكوری كوردستانیش هەن، بەڵام زۆربەیان لە باشوری كوردستاندا دەژین. لە هەرێمی كوردستان هەركییەكان دابەشبوون بەسەر پارێزگای هەولێرو ئاكرێ‌و ناوچەی هەركییاندا. هەركییەكان لە باكوری كوردستان لە (شەمزینان) نیشتەجێ بوون، لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش لە ناوچەكانی (شنۆ، تەڕگەوەڕ، مەڕگەوەڕ). عەشیرەتی زێباری، لە ناوچەی (زێبار) لە قەزای ئاكرێ نیشتەجێن، ناوچەی نیشتەجێبوونی ئەم عەشیرەتە دەكەوێتە سەر زێی گەورە، ناحیەی (دینارتە) مەڵبەندی سەرەكی نیشتەجێبوونی ئەم عەشیرەتەیە، دینارتە بە دوری 18 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی قەزای ئاكرێوە. هەردوو عەشیرەتی هەركی‌و زێباری بەشێك لە خەڵكەكەیان لە ناو شاری موسڵ دەژین.


 (درەو میدیا): دوو كەشتی نەوتهەڵگر لە كەنداوی عومان‌و نزیك لە كەناراوەكانی ئێران تەقێندرانەوە‌و رێكخراوی دەریاوانی بەریتانیا بۆ پرۆسە بازرگانییەكانیش لێكۆڵینەوە لەو راپۆرتانە دەكات كە لەو بارەیەوە بەدەستی گەیشتوون‌و میدیاكانی ئێرانیش رایدەگەینن یەكێك لە كەشتییەكان ( ڤرانت ئەلتێرە) لە كەنداوی عومان نقومبووەو لێپرسراوانی ئێرانیش دەڵێن تا ئێستا دەیان كەسیان لە تیمی كەشتییەكان رزگاركردووەو هۆكاری تەقاندنەوەی ئەو دوو كەشتیەش تائێستا ئاشكرانیە. بەوتەی لێپرسراوانی دەریاوانی نەرویج سێ‌ تەقینەوە لەسەر كەشتی ( ڤرانت ئەڵتێر) رویداوە كە خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ نەرویج. وو ئای ڤانگ وتەبێژ بەناوی دەستەی سەكۆ نەوتییەكانەوە لە تایوان كە كەشتی ( ڤرانت ئەڵتێر)ی بەكرێ‌ گرتووە رایگەیاند ئەو كەشتییە 75000 تۆن نەوتی هەڵگرتووە‌و گومانی ئەوە دەكرێت كە تۆربایینەكەی بە ئامانج گیرابێت‌و چەند راپۆرتێكی تریش دەڵێن كە مینێك بە كەشتییەكەدا تەقیوەتەوە. كۆمپانیا ڤرانیت لاین خاوەنی كەشتییەكە رایگەیاند ئاگر لە كەشتییەكە بەربووە كە ئاڵای دوورگەكانی مارشاڵی هەڵگرتووەو رەتیكردەوە كە كەشتییەكە نقومبوبێت. هەروەها كۆمپانیای بی ئێس ئێم بۆ بەڕێوەبردنی كەشتییەكان كە كار بە كەشتی دووەم دەكات بەناوی ( كۆكۆكا كاریدجیس) و ئاڵای پەنەمای هەڵگرتووە خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ ژاپۆن رایگەیاند تیمی كەشتییەكە ناچاربوون بەجێبهێڵن‌و بچنە كەشتییەكەی تر كە لەو كاتەدا بە نزیك ئەواندا تێپەڕیوە. كەشتی دووەم مادەی میسانۆڵی هەڵگرتووە‌و بەوتەی سەرچاوەكان نقوم نەبووە‌و ئێستا 80 میل لە ئیمارەتی فوجیرەی ئیماراتەوەیە كە 16 میل لە ئێرانەوە دوورەو بارەكەی هیچ زیانێكی پێ‌ نەگەیشتووە. میدیاكانی ئێران دەڵێن دەنگی چەند تەقینەوەیەك لە پاكستانەوە بیستراوە‌و تیمی هەردوو نەوتهەڵگرەكە داوایان لە وڵاتانی كەنداوی عومان كردووە بەهانایانەوە بچن. ئاژانسی ئێرنای ئێرانی لەسەر زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە رایگەیاند 44 دەریاوانی هەردوو كەشتییە نەوتەهەڵگرەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری گەڕان‌و بەهاناوەچوونەوە لە هورمزگان رزگاركراون‌و لەلایەن هێزی دەریاوانی ئێرانەوە بۆ بەندەری جاسك گواستراونەتەوە. ئێرنا راشیگەیاند یەكێك لە كەشتییەكان كاتژمێر 8:50 خولەكی بەیانی پێنجشەممە رووبەڕووی رووداوەكە بوەتەوە لە 25 میلی باشوری جاسك و 23 تیمی كەشتیوانی كەشتیەكەش دوای رووداوەكە خۆیان فڕێداوەتە ناو دەریاوە‌و لەلایەن تیمەكانی ئێرانەوە رزگاركراون. ئاژانسە ئێرانییەكە راشیگەیاند دوای كاتژمێرێك لە رووداوی كەشتی یەكەم كاتژمێر 9:50 خولەك كەشتییەكی تر لە دووری 28 میلەوە لە بەندەری جاسك ئاگری تێبەربووەو ئەو كەشتیەی دووەم لە یەكێك لە بەندەركانی سعودیەوە بەرێگاوە بووە بەرەو سەنگاپورەو لەكاتی رووداوەكەدا 21 كەسی تیمی كەشتییەكە خۆیان هەڵداوەتە ناو دەریاوەو لەلایەن سەنتەری گەڕان‌و فریاگوزاری دەریاوانی ئێرانەوە لە هورمزگان رزگاركراون. ئەمە دووەمین روووداوی مەترسیدارە لەماوەی مانگێكدا رووبەڕووی كەشتیە نەوتهەڵگرەكان دەبنەوە لە گەروی هورمزی ستراتیژی كە یەك لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی لێەوە تێپەڕدەبێت. ئایاری رابردوو چوار كەشتی نەوت هەڵگر لە نزیك بەندەرێكی ئیمارات رووبەڕووی تەقینەوە بوونەوە‌و بە گوێرەی راپۆرتێكی هاوبەشی ئیمارات، سعودیە، نەرویج كە هەفتەی رابردوو پێشكەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیان كرد چەند بۆمبێكی چێندراو لە لایەن كەسانی نەناسراوەوە لە ناوچەكەدا     چێندراون‌و بوونەتە هۆی ئەو رووداوە‌و لە راپۆرتەكەدا بەرپرسیارێتی نەخراوەتە ئەستۆی هیچ وڵاتێك. رووداوەكەی ئایاری رابردوو بە بەراورد بە رووداوەكەی ئەمڕۆ پێنجشەممە زیانەكانی كەمتربوون و ئەوەی ئەمجارەش لە كاتێكدایە كە شینزۆ ئابی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن بۆ هێوركردنەوەی گرژی‌و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران بە سەردانێكی فەرمی گەیشتوەتە تارانی پایتەختی ئێران.


(درەو میدیا): سێ‌ پەرلەمانتاری كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەردانی دادگای فیدراڵی دەكەن بەمەبەستی بەدواداچون بۆ كەیسی سكاڵای وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵ لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێم‌و پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی گۆڕانیش بە نوسراوی رەسمی داوا لە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات رێککەوتنە نەوتیە نهێنییەکانی حکومەتی هەرێم  ئاشكرابكرێن. لە بەیاننامەیەكدا هەریەك لە هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان، ئەحمەد حاجی رەشید پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلام‌و و سەركەوت شەمسەدین پەرلەمانتاری جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ رایدەگەیەنن ئەمڕۆ پێنج شەممە، لە شاری بەغداد سەردانی دادگای فیدراڵییان كرد، بەمەبەستی بەدواداچون بۆ كەیسی سكاڵای وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵ لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی  دادگاكە كۆبونەتەوە. ئەو سێ‌ پەرلەمانتارە كە هاوكات ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانن ئاماژەیانبەوەشداوە لەو دیدارەدا بەسوپاسەوە زانیاری پێویستیان وەرگرتووە. دەشڵێن:" مەلەفی نەوتی هەرێمی كوردستان و چارەسەری دەستوری و یاسایی بە پرسێكی گرنگ‌و نیشتیمانیی دەزانین‌و ئەم كوتلە سێ كەسیە كە لە سێ فراكسێۆنی جیاوازدا بۆی كۆبوینەتەوە كاری جدی و فرە رەهەندی لەسەر دەكەین و لە ئاستەكانی دادگا و پەرلەمان و حكومەت و میدیا و شەقام بەدوایدادەچین". هاوكات كاوە محەمەد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پۆستێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی:" دوێنێ (٢٠١٩/٦/١٢) بە كیتابێكی رەسمی داوام لەبەڕێز (د.عادل عەبدولمەهدی) سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی كرد كە لەپیناو دابینكردنی شەفافیەت و پاراستنی سامانی نیشتیمانیمان لەرێككەوتن و سەفەقاتی نهێنی، كە داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان (بەتایبەت بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی پێشووی حكومەتی هەرێم، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان) و نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك بكات كە ناوەرۆكی هەریەك لەم رێككەوتنانە ئاشكرابكەن: ١/رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی توركیا سەبارەت بە نەوت و غازی هەرێم كە بە (رێككەوتنی پەنجا ساڵە) ناسراوە. ٢/رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و پارێزگاری پێشووی كەركوك (نەجمەدین كەریم) سەبارەت بە شایستەی پترۆدۆلاری كەركوك لەساڵی (٢٠١٥)دا ئیمزاكرا.  


راپۆرت: محەمەد رەئوف – نامیق رەسوڵ ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبونی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری، مەسرور بارزانی راسپارد بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، بەو هەنگاوەش پارتی دیموكراتی كوردستان تەواوی سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستانی كۆنترۆڵكردو ئێستا لە دەستی خۆیدایە. بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بەسەرۆكی هەرێم و راسپاردنی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەر چوار دەسەڵات‌و سەرۆكایەتیەكەی هەرێم كەوتە دەستی پارتی دیموكراتی كوردستان. •    نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان - پارتی •    مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان – پارتی •    ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان – پارتی  •    بەنگین قاسم سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی – پارتی ئەمە لە كاتێكدایە كە پارتی دیموكراتی كوردستان ( 45%)ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانی هەیە لە 100 كورسی پەرلەمان( بەبێ كورسی كۆتاكان)، لایەنەكانی دیكە ( 55%)ی كۆی كورسییەكانی پەرلەمانیان هەیەو ئێستا هیچ یەك لە سەرۆكایەتییەكانیان لا نیە. هەرچەندە بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان, سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پشكی یەكێتیەو پێی دەدرێت، بەڵام تا ئێستا پۆستەكە هەر لەدەستی پارتیدا ماوەو ئەگەر رادەستی یەكێتیش بكرێت ئەوا زۆرینەی دەسەڵاتەكانی پەرلەمانی كوردستان هەر لای پارتی دەمێنێتەوە، بەو پێیەی پارتی جێگری سەرۆكی پەرلەمان(هێمن هەورامی)و سكرتێری پەرلەمان (مونا قەهوەچی)و 45 ئەندامی پەرلەمان‌و یەك پەرلەمانتاری سۆسیالیست و 11 ئەندامی كەمینەكانی هەیەو هەژمونی تەواوی بەسەر پەرلەماندا هەیە. لەگەڵ چوار سەرۆكایەتیەكەی هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەی پۆستەكانی هەرێم‌و فایلە هەستیارەكانی هەرێمی لا دەمێنێتەوە، كە بریتین لە: •    فایلی دەسەڵاتی بڕیاری سیاسی •    فایلی دەسەڵاتی جێبەجێكردن •    فایلی پەیوەندییەكانی دەرەوە •    فایلی ئەمنی  •    فایلی نەوت و بودجەو داهات •    فایلی ناوخۆ  •    فایلی دەسەڵاتی دادوەری بەركەوتەی پارتی لە كابینەی نوێی حكومەتدا پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ چوار ساڵی داهاتوو، زۆرینەی پۆست و دەسەڵاتەكانی هەرێمی لە دەستخۆیدا دەهێڵیتەوە. * سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران * راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم •    وەزارەتی سامانە سروشتییەكان •    وەزارەتی ناوخۆ  •    وەزارەتی رۆشنبیری •    وەزارەتی داد •    وەزارەتی كاروباری شەهیدان •    وەزارەتی پلاندانان •    وەزارەتی گواستنەوە‌و گەیاندن •    وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان •    وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە •    وەزارەتی ئەوقاف •     سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە •    سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران •    دەستەی وەبەرهێنان •    دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم •    سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم (پلەكەی وەزیرە) •    راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان (پلەكەی وەزیرە) •    دەزگای گشتی كاروباری مین  •    فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچوون •    فەرمانگەی میدیا‌و زانیاری •    وتەبێژی حكومەت‌و وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم  


راپۆرت: درەو میدیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە درەنگانێكی شەوی رابردوودا، پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕانی ئاڵۆزكرد‌و لە روداوێكی تەقەكردندا لەبەردەم مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی كەسێك كوژرا، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری رووداوەكە‌و ناوەڕۆكی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە بڵاودەكاتەوە كە هۆكاری سەرەكی بوو لە پشت روداوەكەوە. تەلەفۆنێك لە نیوەشەودا كاتژمێر 12:30 خولەكی دوێنێ شەو بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی، تەلەفۆن بۆ چیا نەوشیروان مستەفا كوڕی بچوكی نەوشیروان مستەفا دەكات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە لەناو یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕان دەستیكەوتووە، بافڵ تاڵەبانی ویستویەتی لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا نیگەرانی خۆی بە چیا نەوشیروان مستەفا رابگەیەنێت سەبارەت بە راپۆرتێكی رۆژنامەوانی كە لە سایتی (KNN) بڵاوبوەتەوە. لە راپۆرتەكەی سایتی (KNN)دا باسلەوەكراوە" بافڵ تاڵەبانی بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی نەكرد، دوای ئەوەی زانیویەتی لەتەنیشت ئیدریس بارازانی كوڕی نێچیرڤان بارزانییەوە شوێنی بۆ دیاریكراوە). بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، چیا نەوشیروان مستەفا وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی بافڵ تاڵەبانی نەداوەتەوە، بافڵ تاڵەبانی لەڕێگەی هاوڕێیەكی نێوان هەردوكیانەوە، پەیامەكەی بە چیا گەیاندووە‌و هەڕەشەی كردووە دەبێت ئەو راپۆرتە لاببرێت،  چیا نەوشیروان مستەفا بەتوندی وەڵامی هەڕەشەكەی داوەتەوە. كۆكردنەوەی هێز پاش ئەو روداوانە، چیا نەوشیروان مستەفا سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەگەڕی بوونی مەترسی لەسەر گردی زەرگەتە ئاگاداركردوەتەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، هاوكات دوێنێ شەو چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی لەڕێگەی تەلەفۆنەوە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕانیان ئاگاداركردووە لە ئەگەری هێرش بۆسەر گردی زەرگەتە. هەر بەو شەوە درەنگە، بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ماڵی نەوشیروان مستەفا لەگردی زەرگەتە كۆدەبنەوە، بەشێك لە خۆبەخش‌و خەڵكانی نزیك بزوتنەوەكە ئاگاداركراونەتەوە‌و بێنە گردی زەرگەتە‌و لەوێ ئامادەباش بن بۆ ئەگەری هەر هێرشێك كە بكرێتەسەر گردەكە. ساتی تەقینەوەی رووداوەكە  دوای كۆكردنەوەی ژمارەیەك چەكداری خۆبەخش لە گردی زەرگەتە، فەرمان دەدرێت هێزەكە دابەش ببێت‌و بكەوێتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. ژمارەیەك لە چەكدارە خۆبەخشەكان دەچنە بەردەم مۆڵی پزیشكیی ئەنور شێخە كە دەكەوێتە بەرامبەر ماڵەكەی نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتە (ئێستا چیاو نمای كوڕی نەوشیروان مستەفا لەو ماڵەدا دەژین)، چەكدارە خۆبەخشەكان  دەیانەوێت بچنە سەر بینای مۆڵەكە‌و لەوێ جێگیر ببن، پاسەوانەكانی مۆڵەكە رێگرییان لێدەكەن، لەو كاتەدا هێزێك بە چەند ئۆتۆمبیلێكی میكزەمینییەوە دەگەنە شوێنی روداوەكە (نازانرێت ئەو هێزە بە سوتفە بەوێدا تێپەڕیون یاخود پەیوەندی بە ئاڵۆزی بارودۆخەكەوە هەبووە هاتونە بۆ ئەو شوێنە)، لەوێدا گرژی دروست دەبێت، تەقەیەكی زۆر دەكرێت، ئەو هێزە چەند كەسێك لەو خۆبەخشانەی گۆڕان  دەستگیردەكەن، یەكێك لە دەستگیركراوەكان گەنجێكە بە ناوی (رێبەند فەرهاد)، ئەم گەنجە زاوای (محەمەد مریەم بەگ)ە كە پێشتر بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی سلێمانی بووە‌و ئێستا هەڵسوڕاوی گۆڕانە، ئەم پیاوە لەگەڵ چوار پاسەوانی خۆیدا چونەتە گردی زەرگەتە، لەكاتی روداوەكەدا سیان لە پاسەوانەكانی لەلایەن ئەو هێزەوە دەستگیركراون. بەپێی قسەی چەند كەسێكی ئاگادار لەرووداوەكە كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردون، (رێبەند فەرهاد) ویستویەتی خۆی لەدەست ئەو هێزە رزگار بكات كە دەستگیریان كردووە، بەڵام لەو كاتەدا تەقەو ئاڵۆزی دروستبووە‌و بەركەوتووە‌و كوژراوە.  دوو پاسەوانە دەستگیركراوەكەی تر دوای رفاندنیان لە شەقامی شەست مەتری سلێمانی لەلایەن هێزەكەوە ئازادكراون، بەپێی قسەی خۆیان ئەشكەنجەدراون. قسەی فەرمی گۆڕان چییە ؟ خەلیل سەركانی ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ تەلەفزیۆنی (كوردستان24) دەڵێ" چەند بەرپرسێكی یەكێتی، بەهۆی راپۆرتێكی تەلەفزیۆنیKNN  كە لە زاری پارتییەوە باسیان لەوە كرد، بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم، گروپی 16ی ئۆكتۆبەر بانگهێشت ناكەن، هەڕەشەیان كردووەو ئەمەش هۆكاری رووداوەكەیە". سەركانی ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە" لە زۆر لاوە تەقە لە مەكۆكە كراوە، بەڵام دوو میگزەمینی‌و فۆردێكی رەش لە كاتی تەقەكردن بینراون".   بەپێی هەواڵی میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان" كاتژمێر 1:30 خولەكی شەوی رابردوو، ژمارەیەك چەكدار تەقەیان لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی كردو پاسەوانەكانی مەكۆی گۆڕانیش بەتوندی وەڵامیان داونەتەوە". بزوتنەوەی گۆڕان داوای لێكۆڵینەوەیەكی جدی‌و بێلایەن دەكات بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردن‌و دادگاییكردنی تۆمەتبارانی ئەو رووداوە. مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە ؟ ئەمە ئەكەمجار نییە گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەوێتە حاڵەتی ئامادەباشی ئەمنییەوە‌و روداوی تەقەكردن بەخۆوە دەبینێت. شەوی 17ی شوباتی 2011 بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوەو پەلاماردانی لقی چواری پارتیەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان لەهەولێرەوە هێزی بەرەو گردی زەرگەتەی سلێمانی جوڵاند. شەوی 12ی ئایاری 2018، لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێكدادانی چەكداری لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان رویدا.  ئەوكات ئاماژە بەوەكرا، دەمەقاڵەو هەڕەشە لەڕێگەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیەوە لەنێوان بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی رویداوە‌و ئەوە هۆكاری پێكدادانە چەكدارییەكە بووە.   بەهۆی ئەو روداوەوە ماوەیەك پەیوەندییەكانی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی ساردوسڕی تێكەوت، بەپێی زانیاری (درەو میدیا)، ئەوكاتە چەند كاتژمێرێك دوای روداوی شەڕەتەقەكە، دیدارێك لەنێوان بەرپرسانی گۆڕان‌و یەكێتی لەماڵەكەی نەوشیروان مستەفا لە گردی عەلی ناجی لە سلێمانی بەڕێوەچوو بۆ ئاسایكردنەوەی باردۆخەكە. دوای سێ مانگ لە رووداوەكە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەفەرمی لە بەیاننامەیەكدا داوای لێبوردنی لە بزوتنەوەی گۆڕان كرد سەبارەت بەو هێرشە چەكدارییەی كە ئێوارەی رۆژی 12ی ئایار كرایەسەر گردی زەرگەتە. چەند رۆژێك دوای داوای لێبوردنەكە، ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی نیشتمانی چونەسەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتە، یەكێك لەوان بافڵ تاڵەبانی بوو، كە ئەوكاتیش وەكو ئێستا تۆمەتبار دەكرا بەوەی لە پشت هێرشەكەوە بێت بۆسەر گردەكە. هەردوو رووداوەكە، ئەوەی دوێنێ شەو‌و ئەوەی ئێوارەی 12ی ئایار لەدوو خاڵی سەرەكیدا لە یەكتر دەچن، هەردوو رووداوەكە دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی رویانداوە، لەهەردوو روداوەكەدا ناوی بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی تاڵەبانی دەهێندرێت، ئەمە لەكاتێكدایە بەمدواییە لەدیدارێكی تەلەفزیۆنیدا بافڵ تاڵەبانی رەتیكردەوە لە پشت روداوەكەی ئێوارەی 12ی ئایاری گردی زەرگەتەوە بێت. یەكێتی‌و گۆڕان ساڵی 2009 نەوشیروان مستەفا جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە یەكێتی جیابووەوە‌و هێزێكی سیاسی نوێی بەناوی (بزوتنەوەی گۆڕان) راگەیاند. نەوشیروان مستەفا بەردەوام لە ئاخاوتنەكانیدا ئەو قسانەی رەتدەكردەوە كە بزوتنەوەی گۆڕانیان وەكو "هێزێكی مونشەق" ناودەبرد، بەڵام ئەمە هەرگیز وای نەكرد بزوتنەوەكەی وەك هێزێكی جیابوەوە نەبینرێت، رەنگە هۆكاری سەرەكی ئەوەبوبێت، زۆرینەی ئەوانەی لەگەڵیدا لە بزوتنەوەی گۆڕان كاریان دەكرد، لەوانەبوون كە لەگەڵ خۆیدا یاخود دواتر لە یەكێتی نیشتمانی جیابووبوونەوە. یەكێتی‌و گۆڕان وەكو دوو هێز كە رۆژگارێك یاریزانی یەك گۆڕەپان بوون، هەر لەسەرەتاوە تائێستا بەردەوام پەیوەندییەكانیان ئاسایی نەبووە، هەردوولا گرەویان لەسەر مەرگی یەكتری كردووە. بزوتنەوەی گۆڕان كە لەدوو هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا لە كوردستان لە یەكێتی نیشتمانی بردەوە، لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دوچاری شكستێكی گەورە هات‌و رێژەی دەنگەكانی 50% كەمیكردووە ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمان 24 كورسییەوە بۆ 12 كورسی دابەزی. ساڵی 2016 هەردوولا بە ئامادەبوونی هەردوو كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفا رێككەوتنی سیاسییان ئیمزاكرد، بەڵام رێككەوتنەكە نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە. بەمدواییە بزوتنەوەی گۆڕان بەتەواوەتی یەكێتی نیشتمانی بەجێهێشت، كاتێك تاكلایەنە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنی كرد بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، ئەمەش تاڕادەیەك پەیوەندییەكانی هەردوولای ئاڵۆزكردەوە. زۆرێك لە سەركردەكانی یەكێتی هێشتا خۆیان بە خاوەنی سەروەتی مەعنەوی نەوشیروان مستەفا دەزانن‌و ئەمساڵیش رۆژی 19ی ئایار بۆ یادی كۆچی نەوشیروان مستەفا هاتنە سەر گۆڕەكەی لە گردی زەرگەتە، بەڵام سەركردەكانی گۆڕان بەشداری ساڵیادی كۆچی جەلال تاڵەبانییان نەكرد.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand