كوردەكان بەدارو بەرد رووبەرووی عەرەبە هاوردەكان بوونەوە
2020-08-02 12:06:59
درەو:
بەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەك عەرەبی هاوردە، بەپاڵپشتی پۆلیسی فیدراڵی و ئیدارەی كەركوك دەچنەوە سێ كۆمەڵگەی سەربە حەوت تەغاری سەربە قەزای داقوق كە لە ساڵی 1976 ەوە لەو ناوچەیە جێگیربوون و لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە لە 2003 ناوچەكەیان چۆڵكردبوو، گوندنیشینەكان بە دارووبەرد رووبەرویان بونەوە.
ئیدریس حاجی عادل، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند: لە كاتژمێر (5)ی بەیانی ئەمڕۆەوە، نزیكەی ( 50) ماڵی عەشیرەتی عوبەید هاتنە سێ كۆمەڵگەی تەعریبكراوی ( جمبور1 ، جمبور 2، تەحەدی) لە ناوچەی حەوت تەغار و قولی تەپە لە قەزای داقوقی سەربە پارێزگای كەركوك.
ئەو سێ كۆمەڵگەیە كە ناوچەیەكی كوردنشینە بەڵام لە ساڵی 1976 و لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریبكردنی پارێزگای كەركوك ژمارەیەك عەرەبی هاوردەی ناوچەی عوزێم و سامەڕای لێنیشتەجێكراوەو زەوی و كشتوكاڵی ماڵە كوردییەكانیان داگیركردووە، تا ساڵی 2003 و روخانی رژێمی بەعس ئەو عەرەبە هاوردانە ناوچەكەیان چۆڵكردووەو رۆیشتوون.
بە وتەی ئیدریس حاجی عادل، هاتنی ئەو عەرەبە هاوردانە بەرەوامەندی راكان جبوری پارێزگاری كەركوك و بە رێككەوتن لەگەڵ ژمارەیەك ئەفسەری پۆلیسی فیدراڵی و هاندانی پەرلەمانتارێكی عێراق لە كوتلەی عەرەبی بەناوی (خالید مەفرەجی) ئەو عەرەبە هاوردانە هاتنە ناوچەی حەوت تەغارو سەرەتا خەیمەیان هەڵدا بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی كاتی جێگەی خۆیان بكەنەوە، بەڵام هاوڵاتیانی كوردی ناوچەكە بەبەردو دار روبەروویان بوونەوەو ناچاریان كردن ناوچەكە چۆڵبكەن، چونكە ئەو ناوچەیە بە تاپۆو بە گرێبەستی كشتوكاڵی هی كوردە، ئەویش دوای گەیشتنی هەردوو پەرلەمانتاری عێراق ( جەمال شكور و مەریوان نادر).
جەمال شكور پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە پەیجی تایبەتی خۆی نوسیویەتی: بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی عەرەبە هاوردەكان و دەركردنیان لە سنوورەكە لەگەڵ(مەریوان نادر) گەیشتینە گوندەكانی (جەمبوور ١ و جەمبوور ٢) لە ناوچە هەفتەغار و قولی تەپە، هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكە بەڵێنیان پێداین ناوچەكە لە عەرەبە هاوردەكان چۆڵ بكرێت تا ئەو كاتەی كێشەكە بە یاسا چارەسەر دەكرێت".
لە كاتی چوونی مەلا كەریم بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی بۆ ئەو ناوچەیە لەلایەن عەرەبە هاوردەكانەوە پەلامار دەدرێت و زیان بە ئۆتۆمبێلەكانی دەگەیەنن.
ئەو عەرەبە هاوردانە لە كاتی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر 2017 بە هەمان شێوە گەڕاونەتەوە ئەو ناوچەیەو خەیمەیان هەڵداوە بەمەبەستی جێگیربوون، چونكە لە دوای روخانی رژێمی بەعس لەو ناوچەیە خانووەكانیان تێكدراوەو ئەو زەوەیە كشتوكاڵیانەی كە بەكاریانهێناوە، لەلایەن كوردەكانەوە لێیان سەندراوەتەوەو خۆیان كشتوكاڵی تێدا دەكەن، بەڵام ئەو كاتیش رێگریان لێكراوە.