Draw Media

ناكۆكیەكانی پشت پەردەی یەكێتی و پارتی...

ناكۆكیەكانی پشت پەردەی یەكێتی و پارتی...

2020-07-28 15:38:32


ئامادەكردنی: د. سەنگەر سەید قادر
-بەشی یەكەم...

- ناگەڕێمەوە سەر مێژووی پێشووتری ململانێكان و لە دوای ڕاپەڕینەوە دەست پێدەكەم كە یەكێتی و پارتی لە شاخەوە گەڕانەوە شار و دەسەڵاتیان گرتەدەست و یەكێتی لەسەر ئاستی كوردستان لە ڕووی جوگرافیا و هێزی پیشمەرگەوە بەراورد بە پارتی بەهێزتر بوو و دواتر هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ ی بە دوادا هات و ئەم دوو هێزە ئەنجامەكانیان لەیەكەوە نزیك بوو بەڵام ئەنجامەكانیان پێ قبول نەكرا و كەوتنە شەڕی ناوخۆ

یەكێتی دەستی بەسەر هەولێردا گرت بە تەواوەتی و دواتر پارتی لە ڕێگەی هێنانی توركیا و بەعسەوە دەستی بەسەر هەولێردا گرتەوە و یەكێتی تا سنوری سەیرانبەنی پێنجوێنی سەر سنوری ئێران ڕاماڵی، یەكێتیش جارێكی تربە پشتیوانی ئێران پارتی لە سنوری سلێمانی ڕاماڵی تا دێگەڵە و ئەو سنورە بوو بە هێڵی جیاكەرەوەی نێوان پارتی و یەكێتی

دواتر ڕێكەوتنامەی دیمەشقی بەسەردا هات و مادلین ئۆڵبرایتی وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمەریكا دەستی كاك مەسعود و مام جەلالی خستە ناو دەستی یەكتر و كۆتای بەشەڕ هێنا، كە تا ئەم ساتە یەكێتی بەهێز تر و سنوری فەرمانڕەوای فراوانتر بوو

بەڵام لە دوای جەنگی داگیر كردنی عێراق هاوكێشەكان گۆڕا بەتایبەت لە دوای ڕێكەوتنامەی ستراتیژی نێوان یەكێتی و پارتی بە دیاری كراوی ڕووداوەكانی ساڵی ٢٠٠٥كە پارتی لە هەنگاوێكی ژیرانە و دوور بینانەدا ڕازی بوو بەوەی مام جەلال پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت و كاك مەسعودیش پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم وەربگرێت

كە بەم هەنگاوە پارتی مام جەلالی لە هەرێمی كوردستان دوور خستەوە بۆ بەغداد و سەرقاڵی كرد بە كێشەكانی بەغدادەوە ئەمەش ڕێگە خۆشكەر بوو بۆ پارتی كە دەست بەسەر یەكێتی دا بگرێت چونكە مام جەلال هەرێمی بەكاك مەسعود سپارد بوو بە جۆرێك ڕایگەیاند بوو با كاك مەسعود سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بكات

هاوكات دوور كەوتنەوەی مام جەلال لە هەرێم و چوونی بۆ بەغداد كێشەكانی ناو یەكێتی قوڵكردەوە و شپرزەی كەوتە ناو ماڵی یەكێتی و دواتر دابەش بوونی یەكێتی و جیابوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕانی بەدوادا هات بەوەش یەكێتی بەتەواوی لاواز بوو دەسەڵاتی ناوخۆی هەرێم كەوتە دەستی پارتی

-پارتی چۆن شیمشێرەكەی لە یەكێتی وەرگرتەوە..؟

ئادەم سمس دەڵێت ( چەكی ململانێ و شەڕی سیاسی ئابورییە) و پارتیش لە دوای ساڵی ٢٠٠٦ ئەم چەكەی لە یەكێتی وەرگرتەوە، لە كۆتای ساڵی ٢٠٠٦ وسەرەتای ساڵی ٢٠٠٧ دەست بە گەڕان و پشكنین بەدوای نەوت و غازدا لە هەرێم دەستی پێكرد، لەم. كاتەدا مام جەلال سەرقاڵی چارەسەر كردنی كێشە و شەڕی شیعە و سونە و ئاڵۆزییەكانی عێراق بوو

بەهۆی ئەوەی پارتی حوكمڕانی كوردستان بوو كەرتی ووزەی هەرێمی خستە ژێر دەستی توركیا و ئیماراتی هاوپەیمانی و گرێبەستە گرنگەكان بەو دوو وڵاتە دران و ئەو گرێبەستانەشی بە كۆمپانیا ئەمەریكی و بەریتانییەكان. دران هەرزوو كەوتنەوە دەستی توركیا

ئەمەش وایكرد كە پارتی ببێت بە دەسەڵاتداری كەرتی ووزەی هەرێم و مام جەلالیش لەم مەترسێیە بۆ سەر یەكێتی تێنەدەگەشت و زیاتر لە خەمی كورسیەكەیدا بوو لە بەغداد و هەرێمی بۆ پارتی جێهێشت بوو

لە ڕووی دیبلۆماسیشەوە بەهۆی ئەوەی كاك مەسعود سەرۆكی هەرێم بوو و وە بەهۆی ئاڵۆزییەكانی عێراقی عەرەبییەوە هەولێر بوو بە چەقی دیبلۆماسی و بازرگانی عێراق پارتی تادەهات دەسەڵاتی خۆی لە هەولێر بەهێزتر دەكرد و بوو بە نمایندەی دەسەڵاتی دبلۆماسی و پەیوەندییەكانی هەرێم

هەروەها جیاواز لە مام جلال پارتی لە ڕێگەی وەزیری دەرەوەی عێراقەوە كە كاك هۆشیار زێباری بوو زیاتر پێگەی خۆی لەسەر ئاستی دەرەكی بەهێز كرد و پۆستەكەی كاك هۆشیاری بۆ بە هێزكردنی پارتی بەكاڕ دەهێنا بەوەش یەكێتی لە سەر ئاستی ناوچەكە و ئەمەریكا و ئەوروپاش پیگای لاواز بوو

 یەكێتی دوای نەخۆش كەوتنی مام جەلال..

یەكێتی تا كاتی مام جەلال ڕاستە لاواز بوو بەڵام هێشتا شپرزە و فرە باڵ نەبوو لە سەر ئاستی عێراقی عەرەبی و لە بەغداد بەهێز بوو، بەڵام دوای نەخۆش كەوتنی مام جەلال یەكێتی هێزی خۆی لە عێراقی عەرەبی لە دەستدا و لە ناو خۆی هەرێمیش پەرتەوازە و دابەشبوو، چونكە هیچ سەركردەیەكی یەكێتی توانای جیگرتنەوەی پێگە و كاریزمای مام جەلالی نەبوو و چەند باڵێكی یەكێتیش چاویان لە كورسییەكەی مام جەلال بوو

بەڵام هێرۆخان بۆ پاراستنی كورسەكەی مام جەلال كەوتە جوڵە و بۆ ئەمەش پێویستی بە پارتی بوو بۆیە هێرۆخان سازشی بۆ پارتی كردوو ڕێگر بوو لەوەی دكتۆر بەرهەم جێگای مام جەلال بگرێتەوە

ئەم سازش كردنە باجەكەی قورس بوو بۆ یەكێتی بە جۆرێك لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٣ یەكێتی بوو بە هێزی سێهەم و بزوتنەوەی گۆران پلەی دووەمی گرت و لە بەغداش هێزی پووكایەوە، بۆ تۆڵە كردنەوە لە پارتی یەكێتی پەنای بۆ بەغداد و مالیكی برد كە دووژمنی بارزانی بوو بەتایبەت دوای گەلەكۆمەكەی بارزانی سەدر و عەلاوی لە مالیكی بۆ دوور خستنەوەی

ئەگەر چی یەكێتی سەركەوتوو بوو لە بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن مالیكیەوە بەڵام شكستی هێنا لەوەی كەرتی ووزە بخاتەوە ژێڕ دەستی خۆی لە ڕێگای بەغداوە، نەك هەر ئەمە بەڵكو پارتی پەلی هاویشت بۆ كەركوك كە بە دڵی یەكێتی دادەنرا

دواتر مالیكی لە ساڵی ٢٠١٤ شكستی هێنا و نەیتوانی ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران و داعش بەشێكی ناوچەكانی هەرێمی كۆنترۆڵ كرد و مەترسی بۆسەر كەركوكیش دروست بوو لەم قۆناغەدا یەكێتی پێویستی بە پارتی بوو و هاوكات لە ژێر فشاری ئەمەریكادا پارتی لە ڕووی سەربازییەوە خۆی لە كەركوك بەهێز كرد

لەسەر ئاستی ناخۆش دوای بێ ئومێد بوون لە گەڕانەوە هۆشی مام جەلال بەهۆی قورسی مەخۆشییە كەیەوە پارتی كەوتە جوڵە بۆ دیاریكردنی جێنشینی مام جەلال كە قوباد تاڵەبانی باشترین بژاردە بوو بۆ پارتی

لەم هەنگاوەشدا هیرۆخان لاری نەبوو چونكە نەیدەویست كورسیەكەی مام جەلال كەسێكی دەرەوەی كوڕەكانی لەسەری دابنیشێت ئەگەر چی لە ماڵباتی شێخ جەنگیش بێت، هەروەها نزیكبوونەوەی گۆڕان و پارتی لە یەكتر مەترسی جدی بوە بۆسەر یەكێتی، هەر بۆیە پارتی ئەم لاوازییەی یەكێتی قۆستەوە و بەشێكی زۆر لە سەركردەكانی یەكێتی لە ڕێگەی پارە و ئیمتیازات و (ڕێگای تری ناچار كردن) لە خۆی نزیك كردەوە

 یەكێتی كەركوكی لە شەڕی داعشدا لە دەستدا.

لە دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر یەك لەسەر سێی خاكی عێراقدا گرت و حكومەتی بەغداد لاواز بوو ، لەلایەكی ترەوە بەهۆی شەری داعشەوە هەولێڕ بوو بە ناوەندی دیبلۆماسی وڵاتانی هاوپەیمانان و چەك و هاوكاری زۆڕ ڕادەستی حكومەتی هەرێم كرا كە لەژێر دەسەڵاتی پارتیدا بوو ئەمەش پارتی هێندەی تر بەهێز كرد بە جۆرێك دەستی بەسەر پارێزگای كەركوك و بیڕەنەوتەكانیشیدا گرتبوو

ڕیفراندۆم یەكێتی هەستاندەوە...

پارتی تا پێش ڕیفراندۆمی ٢٠١٧/٩/٢٥ بە تەواوی دەستی بەسەر هەرێمدا گرتبوو لە یەكاتدا ئێران و ئەمەریكا و ئەوروپا و توركیا (بەهۆی ووزەوە) بەجۆرێك غروری هەبوو كە ڕیفراندۆمی ڕاگەیاند و یەكێتیشی ناچار كرد بوو كە نەتوانن دژایەتی بكەن

بەڵام لە دوای ڕیفراندۆم پارتی بار و ماڵەكەی بەسەردا ڕووخا و كاك مەسعود كەنار گیر خرا و توركیا و ئێران. كەوتنە دژایەتی پارتی و ئەمەریكاشی لە خۆی توڕە كرد و تەنها مایەوە

بۆیە ئێڕان كەوتە جووڵە و باڵێكی یەكێتی بەلای خۆیدا ڕاكێشا كە كاك لاهور و پاڤڵ تاڵەبانی هاوكاری ئێرانیان كرد بۆ شكست هێنان بە پارتی و دەركردنی لە كەركوك بەڵام دۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەرچوو كەركوك لە پارتی سەندرایەوە بەڵام نەدرایەوە بە یەكێتی وەك قاسمی سلێمانی بەڵێنی پێدابوون

لێرەوە خۆری قوباد تاڵەبانی وەك جێگرەوەی مام جەلال خەونی پارتی ئاوابوو، كاك لاهور و كاك پاڤڵ بوون بە هێزی سەردەستی یەكێتی و ئێران و بەغداد و ئەمەریكاش هاوكاریان بوون و كەوتنە دژایەتی پارتی كە خۆی بریندار و لاواز بوو توانای جوڵەی نەمابوو و متماناوچەی و نێودەوڵەتی لە دەستدا بوو

هاوكات ئەو سەركردانەی یەكێتی كە سەر بە بارتی بوون كەنار گیرخران بە هۆی ئەوەی هێزی سەربازی و پارە لە ژێر دەسەڵاتی ئەم دوو سەركردەیەی یەكێتی دا بوو بەتەواوی دەستیان بەسەر یەكێتی دا گرت و هێرۆخانیش بە هۆی نەخۆشی و فشاری ئێرانەوە و شكستی ڕیفراندۆمەوە توانای ڕێگری نەمابوو

ئەم باڵەی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٨ هەرێم. و عێراقدا یەكێتیان دوای شكستی ساڵی ٢٠١٣-٢٠١٤ هەستاندەوە و هەرچەندە بە ئەنجامی هەلبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٨ پەرلەمانی هەرێم ڕازی نەبوون بەڵام كاك قوباد بێگەڕانەوە بۆ ئەم باڵە ئەنجامەكانی ئیمزا و پەسەند كردبوو

بەڵام لاهور و پاڤڵ لە ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٨ لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گورزی دووەم و سێهەمیان لە پارتی دا( گورزی یەكەم خیانەتەكەی ١٦ ئۆكتۆبەر بوو) و بەرهەم ساڵحیان گێڕایەوە ناو یەكێتی و ڕێگریشیان كرد لەوەی پارتی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگریت كە عەرابی ئەم سەركەوتنەی یەكێتی لاهور بوو، هاوكات شكستیشی بە ڕێگرییەكانی هیڕۆخان هێنا بۆ ڕیگری لەوەی كە بەرهەم ساڵح ببێت بە سەرۆك كۆمار وەك ئەوەی بەڵێنی بە پارتی دابوو

 یەكێتی دوای كۆنگرە...

لەدوای كۆنگرەی یەكێتیەوە لە كۆتای سالی ڕابردوودا هاتنە سەر دەسەڵاتی دەستەیەكی نوێ یان ڕاسترە بگوترێت نەوەیەكی نوێی یەكێتی دەسەڵاتی پارتی بەسەر یەكێتی دا لە قاڵبدرا و سەرەتایەكی نوێ لە ئاراستەی كاری یەكێتی دەستیپێكرد

ئەگەر چی پاڵی پاڤڵ و لاهور لە كۆنگرەدا دەنگ و ئەنجامەكەیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان یەكلای كردەوە و یەكێتیان لە سەركردە كۆنەكان و نزیكەكانی پارتی پاك كردەوە بەڵام كۆنگرە تەنها ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان بوو ئەگەرنا ئەم باڵە لە دوای شكستپێهێنانی ڕیفراندۆمەوە بوون بە هێزی دەسەڵاتداری یەكێتی و كۆنگرە تەنها ئەمەی بەیاسایی كرد و شكستی بەهەوڵی پارتی هێنا بۆ سەپاندنی كەسەنزیكەكانی لەناو یەكێتی دا

ئەم باڵە هەر لە دوای ڕیفراندۆمەوە پێویستیان بەوە بوو كە تەكێتی بەهێزتر بكەن ئەمەش تەنها بە سنوردار كردنی دەسەڵاتی پارتی دەبێت چیتر یەكێتیان هەستاندبووە سەرپێی و ئامادەبوون بۆ ململانێی پارتی و ئەو دۆخەی دوای ساڵی ٢٠٠٥ قبوڵ نەكراو بوو

 دۆخی ئێستای پارتی..

پارتی هەرچەندە هەتا ئێستاش هێزی یەكەمە و كۆنترۆڵی حكومەت و پەرلەمانی كردووە بەڵام لە دوای ڕیفراندۆمەوە بێهێزبووە وەك پیش ڕیفراندۆم نیە ئەمەش بەهۆی كەنار گیر خستنی كاك مەسعود و ناكۆكیە ناوخۆییەكانی پارتی و قەیرانی دارایی لاوازبوونی لەسەر ئاستی ناوخۆی و ناوچەی و دەرەكی

لەسەر ئاستی شەقامیش نەك بەتەنها یەكێتی ئێستا لایەنگرانی هێزەكانی دیكەش دژی پارتین و پارتی بەهۆكارێ شكستی هەرێم و قەیرانی دارای دەزانن و لەسەر ئاستی شەقامی سیاسی عێراقیش حكومەتی ئێستای بەغداد ناكۆكی لەگەڵ كاك مەسعود و كاك مەسروردا هەیە و زیاتر نزیەكە لە یەكێتی

 ناكۆكیەكانی ئێستای یەكێتی و پارتی...

پارتی هەوڵی زۆریدا كاك قوباد بكات بە جێگرەوەی تاڵەبانی باوك و بڕیاردەری یەكێتی چونكە قوباد تاڵەبانی لە ڕووی سیاسی و پیگەی جەماوەرییەوە لاواز بوو و هەروەها كەسێكی نزیك بوو لە پارتی بە دیاری كراوی لە نێچیرڤان بارزانی و توانای ململانێكردنی نەبوو لەگەل پارتیدا

بەڵام بە پێچەوانەی خواستی پارتییەوە لاهور و پاڤڵ بوون بە هێزی بڕیاڕ دەری یەكێتی و كە ئەم دوو كەسایەتیە لەناو یەكتی دا خاوەن پێگەیەكی جەماوەری بەهێزن و پارە و هێزی ئەمنی و سەربازیان لە ژێر دەستدایە و لە ڕووی كەسایەتیشەوە ماوەی نزیكەی ٢٠ ساڵە لەناوی كایەی سەربازی و ئەمنیدان و ئاگاداری ووردەكارییەكانن

لە ئێستاشدا و لە دوای كۆنگرەوە پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی گەڕاوەتەوە بۆ پێش ساڵی ٢٠٠٥ بە جۆرێك پارتی ئامادە نەبوو پیرۆزبای كۆنگرە و یادی دامەزراند لە یەكێتی بكات، لە بەڕامبەردا سەركردەكانی ئێستای یەكێتی پێیان وایە یەكێتی زوڵمی لێكراوە لە حكومڕانی دا و دەیانەوێت ململانێ یان نەك لە سلێمانی دوور بخەنەوە بەڵكو دەیانەوێت ململانێكان ببەنەوە هەولێر و دەسەڵاتی پارتی لە قاڵب بدەن بەتایبەت لە ئیستادا كە هەوڵیك هەیە بەو
ئاراستەیە

چونكە پێیان وایە دەبێت پشكی زیاتریان لە داهات و حوكمڕانی دا پێبدرێت ڕازی نین. وەك جاران لە حكومەدا میوان بن و دەیانەوێت شەركی ڕاستەقینەی فرۆشتنی ووزە بن و پارتی لەم پرسەدا شەفاف بێت لەگەڵیان و بەڵام پارتی پێشتر ئەم هەوڵانەی یەكێتی ڕەتدەكردە و ئامادەی سازش نەبوو

هەروەها لە پرسی چارەسەر كردنی قەیرانی دارای هەرێمدا پشتیوانی ئەوە بوون حكومەتی هەرێم لەگەل بەغداد ڕیكبكەوێت چونكە لە ژێر فشاری جەماوەرە كەیاندان، بەڵام پارتی شكستی بە ڕێكەوتنی هەولێر و بەغداد هێنا

هاوكات بەردەوامی ئەم قەیرانە وادەكات كە بالێكی جیابووەوەی گۆران بە سەرۆكایەتی قادری حاجی عەلی بۆ سەدان بۆ یەكێتی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا و ئەگەر دۆخە بەم شێوەیەبێت ئەو باڵە جیابووەی گۆڕان زیان بە بەرژەوەندی و دەنگەكانی یەكێتی دەگەیەنێت

هەر بۆیە لە دوو ڕۆژی رابردوودا لە وای شكستی كارتی كشانەوە لە پەرلەمان كارتی كشانەوە لە حكومەتیان دژی پارتی بەكار هێنا و ناچارییان كرد سەر مێزی گفتوو گۆ و بە ئاشكرا دانیان بە سەرۆكایەتی ئێستای یەكێتی دانا (هەڕچەندە پێشتر كۆبوونەوەی نهێنی كاك پاڤڵ و كاك مەسعود هەبووە بەڵام ئاشكرایان نەدەكرد

چونكە كشانەوەی یەكێتی لە حكومەت شكست بەم كابینەیە دەهێنێت و ئایندەی كاك مەسروریش دەخاتە مەترسییەوە چونكە یەكێتی گۆڕان نییە تا ئەگەر دەربكرێت لە حكومەت كاریگەری نەبێت چونكە حوكمڕانی كرداری سەدا ٥٠% ی هەرێم یەكێتیە و بەكشانەوە حكومەتی هەرێم دەكات بە حكومەتی پارتی و دەسەڵاتی لە دوو پارێزگای هەرێمدا(هەولێر- دهۆك) كورتدەكاتەوە

چونكە پارتی سەرەڕای قەیرانی دارا و لاوازی حكومەت هاوكات لەسەر ئاستی كوردستانی گەورە تەنیا كەوتووە و پەكەكە و ڕۆژ ئاوای كوردستانیش نزیكن لە یەكێتی و سەركردەكانی ئێستای كەئەمەش پێگەی پارتی لە ململانێكانی ئێستادا لاواز كردووە

 تاكتیكی نوێی یەكێتی ...

تاكتیكی فرە دەنوكی كە تێزێكی بەریتانیە بۆ ململانێ سیاسییەكان و ونستۆن چەرچڵ داهینەریەتی و بریتیە لەوە كە لەیەك جەستە و سەنگەروە بە چەند سەر و دەنوكێك شەڕ بكەیت

ئەمەش وادەكات كە بەرامبەڕەكەت بشەڵەژێت و نەزانێت ڕووبەرووی كام. دەنكوكە ببێتەوە و هێزی دووژمن دابەش دەكات بەسەر چەند بەڕەیەكدا و ماندووی دەكات

لەیەكەم هەنگاویشدا ئەم تاكتیەكە نوێیەی یەكێتی سەركەوتوو بوو پارتی هێنایە سەرمێزی گفتووگۆ و دانی بە ئەنجامەكانی كۆنگرەی یەكێتی دا نا كە نزیكە ٨ مانگە هیچ دانپێدانانێكی نەبووە بە ئەنجامەكانی كۆنگرەدا

ئەویش بەجۆریك بوو كە كاك لاهور لە دوورەوە شەڕەی شەڕی پارتی دەكرد لە ڕیگەی دەنوكی كاك پاڤلەوە ئەمەش وایكردوە پارتی دابەش بێت بەسەر دووبەرەدا، هاوكات پاڤڵ كە بێشتر بە كەسێكی هەڵەشە و ناسیاسی دەردەكەوت، ئێستا گۆڕاوە و ڕۆڵی نێوەند گیڕ دەگێڕێت بە جۆڵێك جووڵەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی هاوشێوەی مام جلال بوو

هەر بۆیە ئەوەی پێش بینی دەكرێت سەرەتاییەكی نوێیە لە ململانێی نێوان پارتی و تەكێتی كە تا ئاستی تەحەدا كردن بەردەوامی دەبێت و لە هەر چركە و ساتێكدا ئەگەری تەقینەوەی هەیە چونكە پارتی نایەوێت لەو دۆخە نوێیە تێبگات كەلە ناو یەكێتی دا هاتووەتە ئاراوە، هاوكات یەكێتیش داوای بەشیك دەكات كەلە قەبارەی خۆی گەورەترە

 دەرئەنجام...

١-یەكێتی پێی وایە بەغداد پشتیوانی دەكات بەڵام بەهێز بوونی دەسەڵاتی بەغداد لە كوردستان تەنها لێدان نیە لە دەسەڵاتی پارتی بەڵكو سنوری دەسەڵاتی یەكێتیش لە قاڵ دەدات

٢- یەكێتی گەمەیەكی ژیرانە لەگەڵ پارتی دا دەكات لە ڕێگەی كاك پاڤڵەوە دەیەوێت بە نەرمی لەگەڵ پارتی دا بدوێت چونكە پارتی هێزێكە كەلە گرژی زۆرداهەمیشەبراوە دەبێت بەڵام پاڤڵ ناشییەوێت هەڵەكەی باوكی دووبارە بكاتەوە

٣- كاك لاهور پێشتر لە چەند هەڵەیەكی گەورەی كردووە لەوانە پرسی لامەركەزی و بەبێ خوێندنەوە باردۆخی ناوخۆ و ناوچەی و هەڵوێستی ئەمەریكا كە دابەشكردنی قەوارەی هەرێم هێڵی سورە و ئەم هەلوێستەش پێگەی كاك لاهوری لاواز كرد

٤-- سەركردایەتی یەكێتی یەكەم سازشی بە پارتی كرد بەڵام ئاسان نیە پارتی تەواوی داواكارییەكانی یەكێتی جێبەجێ بكات چونكە پارتیش هێشتا گەمەكەی لە دژی یەكێتی دەست پێنەكردووە

٥- هاوكیشەی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان بەو شێوەیە كە بوونی پارتی و مانەوەی بەستراوە بە یەكێتیەوە و بە پێچەوانەوە بوونی پەكێتی بەستراوە بە بوون و مانەوەی پارتییەوە

٦- كاك لاهور لە پرسی لامەركەزیدا هەڵەی كرد بەڵام لە پرسی كشانەوە لە حكومەتدا جدییە

٧- یەكێتی قەیرانی دارایی هەیە و پێویستی بە پارەیە بۆیە داوای پشكی زیاتر دەكات

٨- قوباد تاڵەبانی لاوازە و پارتی ناتوانێت پشتی بێ ببەستێت بۆیە ناچارە مامەڵە لەگەڵ پاڤڵ و لاهوردا بكات

٩- هاو كیشە ناوچەی و نێودەوڵەتیەكان لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێكیاندا نیە و دەبێت لەسەر مێزی گفتووگۆ دابنیشن و چارەیەكی تریان نیە

١٠- سەرەتای ساڵی داهاتوو دەبێت بە سەرەتای گۆڕانكاری گرنگ لە هەرێمی كوردستان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand