Draw Media

درەو:  لە یەكەم لێدوانیدا دوای راسپرادنی لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقەوە محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق داوای لە خۆپیشاندەران كرد كە بەردەوام بن و پاڵپشتی بكەن. محەمەد تۆفیق عەلاوی لە یەكەم پەیامیدا كە ئاراستەی خەڵكو خۆپیشاندەرانی كرد رایگەیان: 🔹 دوای ئەوەی كەمێك لەمەوپێش سەرۆك كۆمار رایسپارادم بە پێكهێنانی كابینەی نوێ، بڕیارمدا یەكەم كەس قسە لەگەڵ ئێوە بكەم (گەل) 🔹 دەسەڵاتی من لە گەلەوەیە، ئەگەر قوربانیدانی ئێوە نەبوایە هیچ گۆڕانكارییەك لە وڵاتدا رووینەدەدا. داواتان لێدەكەم بەردەوام بن لەسەر خۆپیشاندانەكان. 🔹 ئەگەر ئێوەم لەگەڵ نەبن ناتوانم هیچ شتێك بكەم. 🔹 خۆپیشاندان بكەن، ناڕەزاییەتی دەرببڕن، هوتاف بكێشن، ئەمە وڵاتی خۆتانەو مافی خۆتانە. 🔹ئێمە دەبێت بتانپارێزین وەك لەوەی سەركوتتان بكەین، چەكی دەوڵەت دەبێت بەڕووی ئەوانەدا بەرز بكرێتەوە كە چەك لە ئێوە بەرز دەكەنەوە. 🔹بەردەوام بن لەسەر داواكردنی ئەوەی دەبێت بكوژان لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت، قەرەبووی كەسوكاری شەهیدان بكەینەوەو بریندارەكان چارەسەربكەین، وادەیەك بۆ هەڵبژاردن دیاری بكەین. 🔹 دەبێت شكۆ بۆ هێزە ئەمنییەكان بگەڕێینەوە، روبەڕووی گەندەڵی ببینەوە. ئەگەر كوتلەكان بیانەوێت كاندیدی خۆیان بەسەرمدا بسەپێنن، من قسە دەكەم و بەئێوەی رادەگەیەنم. بەپێی رێككەوتنێكی نوسراو لەسەر كاندیدكردنی محەمەد عەلاوی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەك كاندیدی لایەنەكانی ناو هاوپەیمانی فەتح یەكێك لە مەرجەكانی كاندیدكردنی محەمەد عەلاوی بە پێی ئەم نوسراوە پابەندبونیەتی بە بریاری پارلەمانی عێراق بە كردنە دەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراقدا


راپۆرتی: درەو  ئەوەی لەمێژبوو خۆپیشاندەرانی عێراق چاوەڕێیان دەكرد بیبیستن، ئەمڕۆ سیستانی وتی‌و بوارێكی بۆ لێكدانەوەو شرۆڤەكردن نەهێشتەوە، سەرجەم هێزە سیاسییەكانی عێراقی ڕەوانەی بەردەم سندوقەكانی هەڵبژاردن‌و تاقیكردنەوەی خەڵك كردەوە، وەك بژاردەیەكی گونجاو بۆ ئەو دۆخەی عێراقی تێكەوتووە.  وتارەكەی ئەم هەینییەی گەورە مەرجەعی شیعەكانی عێراق، چی لەڕووی ناوەرۆك هەم لەڕووی پەیامی سیاسیشەوە یەكێك بوو لەوتارە گرنگ‌و ڕاستەوخۆو یەكلاكەرەوەكان، بەتایبەت كە چەند هەینیەك بوو خۆی لەپەیامی سیاسی بەدوور گرتبوو، تەنانەت لەسەروبەندی خۆپیشاندانی گروپەكانی حەشدی شەعبیشدا دژی بوونی سوپای ئەمریكا لە عێراق، پەیامێكی ڕوونی نەبوو بۆ پاڵپشتیكردنیان.  دەستپێكی وتارەكەی "عەلی سیستانی" كە لەلایەن "عەبدولمەهدی كەربەلائی" نوێنەری مەرجەعی ئاینی لە كەربەلا خوێندرایەوە، پەژارەو توڕەیەكی زۆری لەخۆگرتبوو و تێیدا دەڵێت" چوار مانگ تێپەڕی بەسەر جوڵەی میللی داواكار بۆ چاكسازی‌و ڕزگاركردنی وڵات لەگەندەڵی و شكست، كە دامەزراوەو فەرمانگە جیاوازەكانی دەوڵەتی گرتوەتەوە، لەو ماوەیەدا خوێنێكی زۆر ڕژراو دەیان هەزاران هاوڵاتی برینداربوون، هێشتا لێرەو لەوێ‌ پێكهەڵپژان هەیەو قوربانی زیاتری لێدەكەوێتەوە ". سیستانی، وێڕای ئەوەی جارێكی تر بەتوندی ئیدانەی بەكارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران‌و پرۆسەی كوشتن‌و ڕفاندن دەكات، پەلاماردانی هێزە ئەمنییەكان‌و كاری تێكدەرانەش دژی دامەزراوەكانی دەوڵەت ڕەتدەكاتەوە. دواتر دێتە سەر پەیامە سیاسییەكانی‌و، پەلەكردن لەپێكهێنانی حكومەتێكی نوێ‌ بەهەنگاوێكی گرنگ دەزانێت بۆ دورخستنەوەی عێراق لەهەڕەشەو مەترسییەكان، مەرجەعی شیعەكان لەوتارەكەیدا خەسڵەتەكانی ئەو حكومەتەشی دیاركردووە: •     جێگەی متمانەی گەل بێت. •     توانای هێوركردنەوەی دۆخەكەی هەبێت. •    هەنگاوە پێویستەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ئازادو بێگەرد لەنزیكترین دەرفەتدا ئەنجامبدات. لەكۆتایی پەیامەكەشیدا بۆ هێزە سیاسییەكانی عێراق، سیستانی بەڕاشكاوی داوای پەلەكردن لەئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات‌و دەشڵێت:"ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو  كە لەبەرمەبنای ئیرادەی ئازادی خەڵك دروست دەبێت، بەرپرسیار دەبێت لەگرتنەبەری هەنگاوە پێویستەكان بۆ چاكسازی‌و دەركردنی بڕیارە چارەنوسسازەكان كە ئایندەی وڵات دیاریدەكات، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە پارێزگاریكردن لەسەروەری‌و سەربەخۆیی بریارە سیاسییەكانی‌و یەكێتی خاك و گەلی".     سەدریش هاتە سەرخەت  دوابەدوای پەیامەكەی سیستانی "موقتەدا سەدر" ڕابەڕی ڕەوتی سەدر كە هەفتەیەك بوو لایەنگرانی بارەگەو بنەیان لەگۆڕەپانی خۆپیشاندان پێچابوەوە بەهۆی نیگەرانی سەدر لێیان‌و، بەشدارینەكردنیان لەخۆپیشاندانی گروپە شیعییەكان بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان لەعێراق.  سەدر لەتویتێكدا بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ پاڵپشتی خۆی بۆ پەیامەكەی مەرجەعی باڵای شیعەكان دەربڕی و ڕایگەیاند: جارێكی تر سیاسییەكان شكستیانهێنا لەپێكهێنانی حكومەتێك كە جێگەی مشتومڕ نەبێت‌و، هێشتا هەندێكیان دەستی دەستی دەكەن لە بەدیهێنانی داواكاری ڕەوای خۆپیشاندەران بۆیە من بەبەرژوەندی دەزانم كە شۆڕشی چاكسازی ئاشتیخوازانە تازەبكەینەوە لەڕێی:  1-    خۆپیشاندانێكی میللی ئاشتیخوازانەی فراوان لەپایتەخت بەوپێیەی ناوەندی بڕیارە، بۆ فشاركردن لە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت  بەوشێوازەی مەرجەعییەت‌و گەل لێدەڕوانن. 2-    ئامادەكاریكردن بۆ مانگرتنی ئاشتیانەی فراوان نزیك ناوچەی سەوزی بەغدادو بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان. ئەم داوایەی سەدر لەگەڵ ئەوەی وەڵامدانەوەیەكی خێرایە بۆ داواكەی مەرجەعییەت، ئاشتبونەوەیەكی ڕاستەوخۆشە لەگەڵ خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانەكان كە لەهەفتەی ڕابردودا هێرشێكی توندیان كردە سەر سەدرو تۆمەتباریان كرد بە بەجێهێشتنی خۆپیشاندەران‌و، هەڵكردنی گلۆپی سەوز بۆ هێزە ئەمنییەكان تا لەڕێی هێزو توندوتیژییە خۆپیشاندانەكان سەركوت بكەن. مۆڵەتەكەی سەرۆك كۆمار ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو "بەرهەم ساڵح" سەرۆك كۆماری عێراق لەنامەیەكدا كە ئاراستەی پەرلەمانی عێراقی كرد، هۆشداریدا بە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان‌و ڕۆژی شەممە یەكی شوباتی وەك دواین مۆڵەت دیاریكرد تا كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران پێشكەش بكەن. لەنامەكەی سەرۆك كۆماردا ئەوە بە فراكسیۆنەكان ڕاگەیەندراوە كە: •    ئەو فراكسیۆنانەی پەرلەمان كە پەیوەندیدارن بە كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران دەست بە گفتوگۆی بنیاتنەرانە‌و جدی بكەن لەپێناو ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێكی نوێ‌ بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كە لەئاستی میللیدا ڕەزامەندی لەسەربێت. •    ناوی كاندیدەكە بەرزبكەنەوە بۆ سەرۆكایەتی كۆمار بۆ ئەوەی فەرمانی ڕاسپاردنی بۆ دەربكرێت. •    ئەگەر فراكسیۆنە پەیوەندارەكان نەیانتوانی لەماوەیەكدا كە لەڕۆژی یەكی شوبات تێپەڕنەكات، كاندید یەكلابكەنەوە، دەسەڵاتی دەستوری خۆم بەكاردەهێنم بۆ كاندیدكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كە لەسەر ئاستی پەرلەمان‌و لەسەر ئاستی میللیش قبوڵكراوبێت.  


درەو: عوسمان سێدەری سەرۆكی لیژنەی پەرلەمانی تایبەت بە گیان لەدەستدانی (مەجید ئیبراهیم) بێ ئاگایی خۆی لە بڵاوكردنەوەی راپۆرتی لیژنەكە لە سایتی پەرلەمان دەردەبڕێت و رەتی دەكاتەوە. عوسمان سێدەری كە هاوكات ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیە لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو) ئاماژەی بەوەكرد" ئەمڕۆ لیژنەكە كۆبونەوە بۆ هەڵسەنگاندنی كارەكانی لیژنەكە بۆ ئەوەی  لە بەدواداچونەكانماندا هەموو بابەت و بۆچونەكان كۆبكەینەوە، ئێمە رێككەوتن كە بڵاوكردنەوەی هەواڵی كۆبونەوەكە بەم شێوەیە بێت كە لیژنەكە كۆبوەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو كارانەی كەوا بۆ بەدواداچونی دۆسیەی مەجید ئیبراهیم كردویەتی، بەڵام بەداخەوە هەندێك برادەر بەو شێوەیە بڵاویان كردۆتەوە ئیتر ئێمە نازانین چۆن بڵاویان كردۆتەوە، زیاتر لە نیوەی برادەرانی لیژنەكە ئاگاداری بڵاوكردنەوەی هەواڵەكە نین، هەربڵاوكراوەیەكیش ئیمزای منی بەسەرەوە نەبێت، ئەو بڵاوكراوەیە مەقبول نیە" سێدەری ئاماژەی بەوەشكرد كە " ئەو راگەیەنراوەی پەرلەمان رەت دەكەینەوە، بەتایبەتیش ئێمە ئاگاداری ئەوە نین كە لیژنەكە پشتگیری لە راگەیەنراوەكەی ئاساییشی گشتی هەولێر دەكات" سەرۆكی لیژنەی بەدواداچونی گیان لەدەستدانی مەجید ئیبراهیم ئەوەشی خستە روو"ئەوە كاری ئێمە نیە كە روداوەكە چۆنەو چۆن نیە، كاری ئێمە ئامادەكردنی راپۆرتێك و چاودێربین بەسەر دۆسیەكەوە، مافی ئەوەشمان نیە هیچ راگەیەنراوێك بڵاوبكەینەوە جگە لە كۆبونەوەی ئاسایی" ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێكدا لیژنەكەی پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە گیان لەدەستدانی هاوڵاتی ( مەجید ئیبراهیم) پێشمەرگەی یەكێتی ئەنجامی بەدواداچونەكانی بڵاوكردەوەو پشتیوانی خۆی بۆ بەیاننامەكەی ئاساییشی گشتی هەولێر دوپاتكردەوەكە لە رۆژی 16/1/2020 بڵاویكردەوە.  بەیاننامەكەی ئاساییشی گشتی هەولێر ئاماژە بەوە دەكات: - مەجید ئیبراهیم لەناو بەندیخانە خۆی كوشتووە - مەجید ئیبراهیم تۆمەتبار بووە بەوەی 60 كیلۆگرام مادەی هۆشبەری پێبووە   


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت "ڤیتۆ".. ئەو چەكەی پارتی دیموكراتی كوردستانە، كە ئەم ساڵانەی دوایی، بۆ لێدانی نەیارە سیاسییەكان كاراكراوە، (چالاكی موهەندیس) ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دواین كەس بوو كە چووە ناو لیستی "ڤیتۆكراوان"ی پارتییەوە، ئێستا ژمارەیەك پۆستی حكومەتی هەرێم بەهۆی "ڤیتۆ"ی پارتییەوە بەبەتاڵی ماونەتەوە، هەندێك لە پۆستەكان پشكی یەكێتی-ن، (درەو) لەم راپۆرتەدا لیستی ناوی ئەو كارەكتەرە سیاسییەكان بڵاودەكاتەوە كە پارتی "ڤیتۆ"ی لەسەر داناون‌و رێگری دەكات لەوە لە هەرێمی كوردستان‌و عێراق هیچ پۆستێك وەربگرن.  سیاسەتی "ڤیتۆ"كردن سیاسەتی سەپاندنی "ڤیتۆ"، یەكێك لە دیارترین سیاسەتە كارپێكراوەكانی ئەم ساڵانەی دوایی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ روبەڕووبونەوەی ئەوانەی بەزمانی توند رەخنە لە سیمبولەكانی پارتی دەگرن یاخود نەیاری سیاسەتی سەركردەكانی پارتین. پارتی، ئەم سیاسەتە لەناو حكومەتی هەرێم‌و دامەزراوە فەرمییەكاندا جێبەجێ دەكات، ئەوانەی كە لە لیستی "ڤیتۆكراوان"دان، رێگەنادات نە لە هەرێمی كوردستان‌و نە لەسەر پشكی كورد لە عێراق، هیچ پۆستێك وەربگرن، تەنانەت هەندێكجار دەگاتە ئاستی ئەوەی رێگرییان لێدەكاتە بچنە ناوچەكانی قەڵەمڕەویی پارتییەوە. ئەم سیاسەتەی پارتی، بەمدواییە كاریگەری خۆی لەسەر لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دروستكردووە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەناو زۆرێك لە پارتە سیاسییەكاندا ئێستا قسەكردن لەسەر پارتی لەلایەن سیاسییەكانەوە وەكو جۆرێك لەسەرچڵیكردن لێكدەدرێتەوە‌و ئاماژەی باشی بۆ ناكرێت، ئەمەش دۆخێكی بێدەنگیی لەناو لایەنەكان بەرامبەر بە سیاسەتەكانی پارتی لە حكومەت‌و دەرەوەی حكومەت دروستكردووە. گۆڕان‌و دواین كارتی "ڤیتۆ" چالاكی موهەندیس.. دواین ناو كە چووە ناو لیستی "ڤیتۆكراوەكان"ی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە. چالاكی موهەندیس ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، كە لەلایەن بزوتنەوەكەیەوە كاندیدكراوە بۆ پۆستی (بریكاری وەزیری شارەوانی)، دوێنێ لەلایەن حكومەتی هەرێم‌و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە "ڤیتۆ"ی لەسەر دانراو دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان كاندیدبوونی بۆ پۆستەكە بكێشێتەوە‌و لەبری ئەو كەسێكی تر كاندید بكات. موهەندیس لە لێدوانێكدا بۆ سایتی (ناس كورد) وتی:" ئێمە بەنیازو ئامانجی چاكسازیكردن چوینە حكومەت، بۆ ئەوە نەچووین ببینە شەریكە دز، یان ئێمە بكەنە داردەست و ئابڕومان ببەن لەناو خەڵك‌و بڵێن گۆڕانیشمان لەگەڵە، بۆیە ئێمە هەڵوێستی خۆمان دەبێت لە ئێستادا و لەشەش مانگی داهاتووشدا هەڵوێستی روونمان دەبێت". ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی نیگەرانی خۆی نیشاندا بوو لەوەی" سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی حكومەت كەسانێك لە پۆستەكاندا دادەنێن، كە بۆ گۆڕان وروژێنەرن"، لەمەشدا نمونەی بەدانانی (محەمەد حاجی)‌و (رێباز حەملان) هێنابووەوە، كە پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان بوون‌و ئێستا پەیوەندییان لەگەڵ گۆڕاندا نەماوە‌و مەسرور بارزانی وەكو یاریدەدەری خۆی لە پۆستی سەرۆك وەزیران دایناون. ئەم قسانە پارتی توڕەكرد، پێدەچێت بەرپرسانی پارتی لەبارەی قسەكانی چالاكی موهەندیس توڕەیی خۆیان بە بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاندبێت، چونكە بە چەند كاتژمێرێك دواتر، بزوتنەوەی گۆڕان لەڕێگەی ژوری رۆژنامەوانی خۆیەوە، رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە‌و تێیدا رایگەیاند" گۆڕان لەگەڵ ئەم شێوازی دەربڕینە نیەو ناوەڕۆكی قسەكانی ناوبراو، گوزارشت لە هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان ناكات‌و رای كەسیی خۆیەتی". رونكردنەوەكەی گۆڕان، توڕەیی پارتی هێورنەكردەوە، جوتیار عادل وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە سەربە پارتییە، دواتر راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و تێیدا رایگەیاند: •    حكومەتی هەرێم قبوڵ ناكات خەڵكانێكی هاوشێوەی چالاكی موهەندیس، بەشداری لە حكومەتدا بكەن. •    چالاكی موهەندیس‌و هاوشێوەكانی بە فیتی كەسانی تر هەڵدەسوڕێندرێن. ئەم راگەیەندراوە، چانسی چالاكی موهەندیسی لە وەرگرتنی پۆستی بریكاری وەزیری شارەوانی سوتاند، ئەمە لەكاتێكدایە ماوەی (3 مانگە) بزوتنەوەی گۆڕان ناوی موهەندیس‌و سێ كەسی تری بۆ وەرگرتنی چوار پۆست، ئاڕاستەی حكومەت كردووە‌و تائێستا دەستبەكارنەبوون، سەرباری ئەوە، راگەیەندراوەكەی وتەبێژی حكومەت لەلایەن هەندێك لە بەرپرسانی گۆڕانەوە وەكو پەیامێكی هەڕەشە لێكدەدرێتەوە بۆ ئەو پەرلەمانتارو بەرپرسانەی بزوتنەوەكە كە هێشتا پابەندنەبوون بەرێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی‌و بەزمانی توند رەخنە لە پارتی‌و سیاسەتەكانی دەگرن. دیارنییە بزوتنەوەی گۆڕان چۆن چارەسەری ئەم كێشەیە دەكات، بەڵام پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، گۆڕان كاندیدبوونی چالاكی موهەندیس بۆ پۆستی بریكاری وەزیری شارەوانی بكێشێتەوە‌و كەسێكی تر كاندید بكات. لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا چەندین كارەكتەری تر هەن كە لەماوەی رابردوودا بەهۆی هەڵوێست‌و لێدوانە سیاسییەكانیانەوە، لەلایەن پارتییەوە "ڤیتۆ"یان لەسەردانراوە، رەنگە دیارترینیان (یوسف محەمەد سادق) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بێت. ڤیتۆكانی پارتی لەسەر یەكێتی لەگەڵ دەستپێكردنی دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لە كۆتاییەكانی ساڵی 2018دا، پارتی هەرزوو لەڕێگەی وەفدی دانوستانكاری خۆیەوە "ڤیتۆ"ی لەسەر هەندێك لە كاندیدەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ وەرگرتنی پۆستە حكومییەكان، دانا. ئەوانەی "ڤیتۆ"یان لەسەر دانرابوو، ئەو كەسانە بوون كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ناوی لێنابوون "گروپی 16ی ئۆكتۆبەر"‌و لە فەرهەنگی سیاسی پارتیدا بە "ئۆكتۆبەرچییەكان" ناودەبرێن. مەبەستی پارتی لە "ئۆكتۆبەرچییەكان" ئەو بەرپرسانەی یەكێتی نیشتمانییە، كە پارتی تۆمەتباریان دەكات بەوەی لە هێرشی حەشدی شەعبیدا بۆسەر كەركوك لەدوای ریفراندۆمەكەی ساڵی 2017، هێزی پێشمەرگەی یەكێتییان لە كەركوك كشاندوەتەوە‌و بەرگرییان نەكردووە. لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، یەكێتی پرسی یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوكی بەستەوە بە بەشداریكردنی لە كابینەكە، پارتی لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا داواكارییەكەی یەكێتی قبوڵ كرد، بەڵام ئێستا كە شەش مانگ بەسەر دەستبەكاربوونی كابینەی مەسرور بارزانیدا تێپەڕدەبێت، هێشتا پارێزگارێكی نوێ لە یەكێتی نیشتمانی بۆ كەركوك دانەنراوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەماوەی رابردوودا یەكێتی زیاتر لە (40) كاندیدی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك خستوەتە بەردەم پارتی، بەڵام پارتی هەموو كاندیدەكانی رەتكردوەتەوە‌و زۆربەیانی تۆمەتباركردووە بەوەی سەربە "گروپی 16ی ئۆكتۆبەر"ن، دواجار هەردوولا لەسەر ناوی (تەیب جەبار) رێككەوتن، ئەویش تائێستا دەستبەكارنەبووە. لە پرسی دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك، "ڤیتۆ"كانی پارتی كاری خۆی كرد‌و پرۆسەكەی بەجۆرێك دواخست، كە چیتر لای یەكێتی دانانی پارێزگاری كەركوك لەڕێگەی هەماهەنگیكردن لەگەڵ پارتیدا بایەخێكی نەماوە‌و بەرپرسانی یەكێتی چاویان لەوەیە لەڕێگەی حكومەتی ناوەندی عێراقەوە لە بەغداد، دۆسیەكە چارەسەر بكەن. هەر لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، بەهۆی "ڤیتۆ"ی پارتییەوە، (حاكم قادر حەمەجان) كاندید نەكرا بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم‌و لەبری ئەو، یەكێتی (جەعفەر شێخ مستەفا)ی كاندیدكرد، كە لەدوای رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەر"ەوە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ مەسعود بارزانیدا هەیە. ئێستا پارتی "ڤیتۆ"ی لەسەر ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی تازەهەڵبژێردراوی یەكێتی هەیە كە (رەوەند مەلا مەحمود)ە‌و لەلایەن یەكێتییەوە كاندیدكراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی (سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم)، پارتی (رەوەند مەلا مەحمود) تۆمەتبار دەكات بەوەی سەربە "گروپی 16ی ئۆكتۆبەر"ەو رەخنەی توندی لە سەركردەكانی پارتی گرتووە، بەهۆی رەوەند مەلا مەحمودەوە یەكێتی تائێستا سێ پۆستی سەرۆكی دەستەی پڕنەكردوەتەوە، كە لە كابینەی نوێدا وەریگرتووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، یەكێتی تا دواین سات ئامادەنەبووە لەسەر "ڤیتۆ"ی پارتی، كاندیدبوونی رەوەند مەلا مەحمود بۆ پۆستی سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بكێشێتەوە‌و دیارنییە لەداهاتوودا ئەم كێشەیە چۆن چارەسەر دەكرێت. هەر لەناو یەكێتیدا چەندین كارەكتەری تر هەن سەرباری ئەوەی تائێستا خۆیان بۆ هیچ پۆستێكی حكومی كاندیدنەكردووە، بەڵام بەهۆی لێدوانە توندەكانیانەوە لەدژی پارتی‌و بنەماڵەی بارزانی، خراونەتە لیستی "ڤیتۆكراوەكان"ەوە، لە نمونەی (مەحمود سەنگاوی)‌و (ئاراس شێخ جەنگی)‌و (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد)‌و (قادر عەزیز) ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی‌و هەندێك لەو فەرماندە سەربازییانەی یەكێتی كە لە رۆژانی شەڕی ناوخۆیدا رۆڵیان هەبووە، (حاكم قادر) یەكێك لەو بەرپرسانەی یەكێتییە كە "ڤیتۆ"كردنەكەی لەلایەن پارتییەوە مێژووەكەی بۆسەردەمی شەڕی ناوخۆیی دەگەڕێتەوە. بەرهەم ساڵح لە بازنەی ڤیتۆكراواندا بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كە ئێستا كاندیدی بەهێزە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی داهاتووی یەكێتی، یەكێك لەو كارەكتەرە سیاسییانەی كە بەمدواییە كەوتووەتە ناو بازنەی "ڤیتۆ"ی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییەوە. ساڵی 2018 یەكێتی نیشتمانی لەدەرەوەی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی، بەرهەم ساڵحی كرد بە سەرۆك كۆماری عێراق، ئەمە مەسعود بارزانی توڕەكرد، بارزانی فوئاد حسێن-ی كاندید كرد بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، بەڵام لەناو پەرلەمانی عێراق كاندیدەكەی بارزانی سەرنەكەوت. ئەمە، پەیوەندییەكانی بەرهەم ساڵحی لەگەڵ بارزانی تێكدا، دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆك كۆمار، بەرهەم ساڵح هەوڵی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی خۆیدا لەگەڵ بارزانی، ئەم كارەشی لەڕێگەی مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانییەوە كرد، تاڕادەیەك سەركەوتوو بوو لە ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بارزانی‌و خۆدەربازكردن لە "ڤیتۆ"كە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە لە كۆبونەوەیەكدا ئاڵۆزی كەوتوەتەوە نێوان بارزانی‌و بەرهەم ساڵح، لەدوای ئەو گرژییە بوو كە چەند رۆژێك دواتر پارتی لە بازگەی "سماقوڵی" رێگری لە مەحمود سەنگاوی ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كرد بچێتە شاری هەولێر. بازگەكان‌و ڤیتۆ سەرباری "ڤیتۆ" بۆ رێگریكردن لە وەرگرتنی پۆستی حكومی، پارتی شێوازێكی تری "ڤیتۆ" بۆ لێدانی نەیارە سیاسییەكانی بەكاردەهێنێت، كە بریتییە رێگریكردن لە سەردانی ئەو كەسانە بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی. چیرۆكی رێگریكردن لە بەرپرسە سیاسییەكان لە بازگەی (دێگەڵە‌و پردێ‌و سماقوڵی)، بۆ زۆرێك لە خەڵكی كوردستان بابەتێكی ئاشكرایە، پارتی لەماوەی رابردوودا لە (دێگەڵە) رێگری لە كۆسرەت رەسوڵ كرد، لە (پردێ) رێگری لە گەڕانەوەی یوسف محەمەد سەرۆكی پێشووی پەرلەمان كرد بۆ شاری هەولێر، بەمدواییەش لە بازگەی (سماقوڵی) رێگری لە مەحمود سەنگاوی كرد. لیستی سزاكانی پارتی لە شێوەی "ڤیتۆ"دا، ئەمساڵانەی دوایی تەنانەت راگەیەندكارو دەزگا میدیاییەكانیشی گرتوەتەوە، چەندین چیرۆكی ئاودیوكردنی رۆژنامەنوس‌و پەیامنێران لە هەولێرەوە بەرەو سلێمانی لەو بازگانەدا، تۆماركراون.  


درەو: لیژنە پەرلەمانییەكەی تایبەت بە گیان لەدەستدانی ( مەجید ئیبراهیم) كە سەرۆكی لیژنەكە یەكێتیە ئەنجامی بەدواداچونەكەی راگەیاندوو پشتگیری لە بەیاننامەكەی ئاسایشی گشتی دەكات كە  دەڵێت "مەجید ئیبراهیم لە بەندیخانە خۆی كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە". ئەمڕۆ لیژنەی تایبەت بە گیان لەدەستدانی هاوڵاتی ( مەجید ئیبراهیم) پێشمەرگەی یەكێتی یەكێتی ئەنجامی بەدواداچونەكانی بڵاوكردەوەو پشتیوانی خۆی بۆ بەیاننامەكەی ئاساییشی گشتی هەولیر دوپاتكردەوەكە لە رۆژی 16/1/2020 بڵاویكردەوە.  بەیاننامەكەی ئاساییشی گشتی هەولێر ئاماژە بەوە دەكات: - مەجید ئیبراهیم لەناو بەندیخانە خۆی كوشتووە - مەجید ئیبراهیم تۆمەتبار بووە بەوەی 60 كیلۆگرام مادەی هۆشبەری پێبووە لەدوای گیان لەدەستدانی ( مەجید ئیبراهیم) لە زیندانی ئاساییش لە 16/1/2020 یەكێتی نیشتیمانی كوردستان گومانی لەسەر دۆسیەكە بۆ درووست بوو، بەوهۆیەشەوە داوای لیژنەی لێكۆڵینەوەیان كردوو لیژنەیەكی لاوەكی لەپەرلەمانی كوردستان پێكهات بەسەرۆكایەتی ( عوسمان سێدەری) پەرلەمانتاری یەكێتی، سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەكانی كردووە:    -    بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش  -    بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانیان  -    لیژنەی پزیشكی دادی لە هەولێر  -    ماڵی مەجید ئیبراهیم  لە كۆتاییدا لیژنە پەرلەمانییەكە ئەنجامی بەدواداچونەكانی خستە روو : -    پشتگیری لە بەیاننامەی ئاسایشی گشتی دەكەین  - هیچ خالێكی وا تێبینی نەكراوە كە پێچەوانەی راگەیێندراوی ئاسایش بێت، بەو پێیەی لیژنە پەرلەمانیەكە پشتیوانی لە بەیاننامەكەی ئاساییش دەكات كە دەڵێت" مەجید ئیبراهیم لە زیندان كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە" واتا لیژنە پەرلەمانیەكەش گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی كە مەجید ئیبراهیم خۆی خۆی خنكاندووەو كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە ئەندامانی لیژنە پەرلەمانیەكە -عوسمان كەریم سوارە( عوسمان سێدەری) سەرۆك -رۆمیۆ هەكاری  -رزگار محمد محمود  -سەعید هەركی  -حەسیبە گەردی  -هیمداد سەباح  -زكری زێباری  -شادی نەوزاد  -د. وەعدی سلیمان علی   رۆژی 16/1/2020 ئاساییشی گشتی هەولێر راگەیەنراوێكی لەسەر گیان لەدەستدانی مەجید ئیبراهیم بڵاوكردەوە: دوابەدوای دەست بەسەرداگرتنی بڕی (٦٠) كیلوگرام ماددەی هۆشبەر لە لایەن مەفرەزەیەكی ئاسایشەوە و وەرگرتنی زانیاری لەسەر ئەوەی كە خاوەنداریەتی مادەكە دەگەرێتەوە بۆ هاولاتی  (مەجید ئیبرایم عەبدوڵا) ، ڕەزامەندی بەڕێز دادوەر وەرگیرا بۆ دەستگیركردن و پشكنینی ماڵی ناوبراو لە گوندی سیساوەی سەربە شاروچكەی هەریر، لە كاتی دەستگیركردن و پشكنینی ماڵی ناوبراو لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە و بە ئامادەبوونی ئەندامانی خێزانەكەی، كەسێكیتر لەسەر هەمان دۆسیە دەستگیركرا و بڕێكی دیكی ماددەی هۆشبەریش دەستی بەسەرداگیرا، بەداخەوە لە رۆژی ١٦-١-٢٠٢٠، ناوبراو لەناو بەندیخانە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، دوای ئاگاداركردنی بەڕێز دادوەر، تەرمی ناوبراو ڕەوانەی پزیشكی دادی هەولێر كرا، شایانی باسە تەواوی بەڵگەنامەكان لەسەر ئەم دۆسیە و ڕێكارە یاساییەكان بەردەستن".  


(درەو): لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (فصلنامه مطالعات سیاست خارجی تهران)ی ئێران، نێچیرڤان بارزانی دەڵێ:" بۆ كورد دەركەوت كە ئەم كارە (سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی) رێگا و شێواز(نەهجێك)ی راست نەبوو، ئەم سیاسەتی سەربەخۆخوازییە لەئێستادا شتێكە كە قابیلی بەدیهاتن نییەو ئەنجامی نییە". ئەو پیاوەی كە چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ئەنجامداوە ناوی (حسین صفدری)یە، لە پێشەكی چاوپێكەوتنەكەدا باسی لەوەكردووە كە نێچیرڤان بارزانی بە زمانێكی فارسی رەوان قسە دەكات. لەبارەی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە: بوونی هێزە بیانییەكان لە ناوچەكە كێشەكان زیاتر دەكات وەك لەوەی چارەسەریان بكات. لە دیدارەكەدا لەبارەی بارودۆخى هەرێم و سوریاو یەمەن چەندین پرسیار ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی كراوە. دوابەدوای بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵە وتەبێژێك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاندووە كە چاوپێكەوتنەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەرزنامەی توێژینەوەی سیاسەتی دەرەوەی تاران (فصلنامه مطالعات سیاست خارجی تهران) هی هاوینی ساڵی 2019 یە، تیایدا بۆچوونێك دەربارەی ڕیفراندۆم‌ بە ناوی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە خراوەتە ڕوو كە بە تەواوی و بە ئەنقەست مانا و مەبەستی قسەكانی دەستكاری كراوە و بەڕێزیان بە هیچ شێوەیەك ئەو وشە و دەستەواژانەی بۆ ئەو مەبەستە بەكار نەهێناوە.   دەقی چاوپێكەوتنەكەی نێچیرڤان بارزانی  


راپۆرتی: درەو دەوڵەتێكی داماڵڕاو لەچەك، بەگەڕخستنی 50 ملیار دۆلار بۆ بوژاندنەوەی ئابوری، ملیۆنێك هەلی كارو كەمكردنەوەی ڕێژەی هەژاری و كۆمەڵێك بەڵێنی تر لەهەگبەی "ترەمپ"دایە بۆ فەلەستنیەكان ئەگەر پلانەكەی بۆ ئاشتی قبوڵبكەن.  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كورتكراوەی تێڕوانینی "دۆناڵد ترەمپ"سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای سەبارەت بە كێشەی (فەلەستین-ئیسرائیل) بڵاوكردەوە، كە لەمیدیاكاندا بە "گرێبەستی سەدە" ناویدەهێنرێت. وەزارەتی دەروەی ئەمریكا لەژێری ناونیشانی (تێڕوانێكی ئازایانە بۆ ئاشتی) نوسیویەتی:"سەرۆك ترەمپ دەزانێت كاتی لێكنزیكبونەوەیەكی نوێ‌ هاتووە لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی‌و ئاسایش‌و شكۆو دەرفەت بۆ ئیسرائیلییەكان‌و گەلی فەلەستین". تێڕوانینەكەشی بە نمونەیترین پلان وەسفدەكات كە تائیستا پێشكەشكرابێت بەوپێیەی زۆرترین جدیەت‌و واقیعیبون‌و تێروتەسەلی لەوردەكارییەكانیدا هەیە، كە دەكرێت وا لە فەلەستین‌و ئیسرائیل‌و ناوچەكە بكات سەقامگیرترو گەشەسەندوتربێت.  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی پلانەكەی"ترەمپ" بۆ ئاشتی دەڵێت: ئەم تێڕوانینە هەنگاوی یەكەمە‌و بنەمایەك دەستەبەردەكات بۆ بەرەوپێشچونێكی مێژوویی بە ئاراستەی ئاشتی، ویلایەتە یەكگرتووەكان هیواخوازە ئەم تێڕوانینە ببێتە هۆی ئەنجامدانی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئیسرائیل‌و فەلەستینیەكان. ئەگەر فەلەستینیەكان مەترسیان لەم تێڕوانینە هەبێت، پێیوستە لەچوارچێوەی دانوستانەكاندا بەنیەتێكی باش لەگەڵ ئیسرائیلییەكان پێشكەشی بكەن‌و، هاوكاربن لەبەدیهێنانی پێشكەوتن بۆ ناوچەكە، نەیاریكردنی ئەم تێڕوانینەش هێشتنەوەی دۆخی خراپی ئێستایە كە بەرهەمی دەیان ساڵ بیركردنەوەی نەرێنیە. دەستكەوتەی دیبلۆماسییەكان  •    سەرۆك "ترەمپ" ڕكابەرە سیاسیە ئیسرائیلییەكان كۆدەكاتەوە بۆ پشتیوانیكردنی تێڕوانیەكانی بۆ ئاشتی‌و ئاسایكردنەوەی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل لەگەڵ هاوسێكانی. •     سەرۆك "ترەمپ" توانی هەریەك لە "بینیامین ناتانیاهۆ"سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل‌و جەنەڕاڵ "بینی گانتس" سەرۆكی ئۆپۆزسیۆن ڕازیبكات سەردانی واشنتۆن بكەن. •     ڕێكبكەون لەسەر ئەوەی ئەم تێڕوانینە بكەنە بنمایەك بۆ دانوستان. •    سەرۆك "ترەمپ" بۆ یەكەمجارە لەم ململانێیەدا بگاتە لێكگەیشتن لەگەڵ ئیسرائیل لەوەی پەیوەستە بەو نەخشەیەی كە سنوری هەردوو وڵات دیاریدەكات. •    سەرۆك "ترەمپ"دوژمنە مێژووییەكان لەناوچەكە كۆدەكاتەوە، ئەم كارانەشی دەبێتەمایەی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل لەگەڵ هاوسێكانی. دانپێدانی دوولایەنەو سەربەخۆیی •     ئەم تێڕوانینە پێشنیازی چارەسەری دوو دەوڵەت دەكات بە شێوەیەكی واقیعی. •     ڕێگایەك دەستەبەر دەكات كە قابیلی بەردەوامیبێت بەرەو دروستكردنی دەوڵەتی فەلەستینی. •     ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕیوە بەمەرجەكانی دروستبونی دەوڵەتی فەلەستین لە ئایندەدا.   •    ئەم تێڕوانینە ئامانجی بەدیهێنانی دانپێدانانی دوو لایەنەیە. •     دەوڵەتی ئیسرائیل وەك دەوڵەتی گەلی یەهودو دەوڵەتی فەلەستینیش وەك دەوڵەتی گەلی فەلەستین. •     سەرجەم هاوڵاتیانی ناو ئەم دەوڵەتانە سەرجەم مافێكی مەدەنی هاوتایان هەبێت. •     ئەم تێڕوانینە گەرەنتی هەڵنەكەندنی هیچ فەلەستینی‌و ئیسرائیلییەك دەكات لەماڵەكەی خۆی. ئاسایشی ئیسرائیل  •    ئەم تێڕوانینە ڕاستییەكان لەسەر زەمینی واقیع بەهەند وەردەگرێت‌و پارێزگاری تەواوەتی لە ئاسایشی ئیسرائیل دەكات. •     سەرجەم پێداویستیە ئەمنیەكانی دەوڵەتی ئیسرائیل لە خۆدەگرێت، داوا لە ئیسرائیل ناكات مەترسی ئەمنیی زیاتر بۆخۆی دابین بكات، هاوكاری ئیسرائیل دەكات بۆ پارێزگاریكردن لەخۆی دژی هەر هەڕەشەیەك.  •    دەوڵەتێكی داماڵڕاو لەچەك بۆ فەلەستینیەكان دروستدەكات كە بە ئاشتی لەتەنیشت ئیسرائیلەوە بژی. •     بەپرسیارێتی پاراستنی ئاسایش دەداتە دەست ئیسرائیل لە خۆرئاوای دەریاچەی ئوردون. •    فەلەستنییەكان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو ئیسرائیل كاردەكەن بۆ وەگرتنی بەپرسیارێتی ئەمنیی زیاتر بە تێپەڕبونی كات‌و، بەرپرسیارێتی ئەمنییەكانی ئیسرائیل كەمتردەبێتەوە.   قودس‌و ناوچە پیرۆزەكان •    ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ناوچە پیرۆزەكان لەگەڵ زامنكردنی پاراستنی پەرستن بۆ یەهودو مەسیحی و مسوڵمانەكان. •    دۆخی ئێستای "جەبەل هەیكەل"/"مزگەوتی ئەقسا" وەك ئەوەی ئێستا دەمێنێتەوە. •    پاراستنی ئەو ڕۆڵە تایبەت‌و مێژووییەی كە پادشای ئوردون دەیگێڕێت لەپاراستنی ناوچە پیرۆزەكان لە قودس. •    پێشوازی لەسەردانی سەرجەم زیارەتكارانی مسوڵمانان دەكرێت بۆ مزگەوتی ئەقسا بەشێوەیەكی ئاشتیانە. دەوڵەتی فەلەستین لەئایندەدا •     ئەم تێڕوانینە فراوانبونێكی هەرێمایەتی گەورە بە فەلەستنیەكان دەبەخشێت لەپێناو دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین.  •    ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر سڕكردنی خاك بۆ ماوەی چوار ساڵ بەئامانجی زامنكردنی سەركەوتنی چارەسەری دوو دەوڵەت. •    قودس بە یەكگرتوویی دەمێنێتەوە‌و پایتەختی ئیسرائیل دەبێت، ناوچەكانی قودسی خۆرئاوا دەكەوێتە چوارچێوەی پایتەختی دەوڵەتی فەلەستینەوە. •    ئەم تێڕوانینە دوو هێندەی قەبارەی ئەو زەوییانەیە كە ئێستا بەدەست فەلەستینیەكانەوە. •    هاوشانی خاك، ئەم تێڕوانینە ئەگەری بەكارهێنانی دامەزراوەكان لە بەندەرەكانی "حەیفاو ئەشدود" ئیدارەدان‌و پێشخستنی ناوچەی هاوینەوارەكان لەباكوری دەریای مردوو و چالاكی كشتوكاڵ لە غەوری ئوردون دەستەبەردەكات. •    ئەم تێڕوانیە پێشنیازی هێڵی گواستنەوەی تازەو چالاك بۆ زامنكردنی گەشت‌و گواستنەوەی شتومەك دەكات لەناوچە جیاوازەكانی دەوڵەتی فەلەستین، بە كەرتی غەزەو كەناری خۆرئاوای فەلەستنیشیەوە. ئاسایكردنەوە •     ئەم تێڕوانیە كۆتایی دێنێت بە دۆخی ئێستای پەنابەرەكان‌و ڕێگە دەدات بە گۆڕانكارییەكی ڕاستەقینە لەناوچەكە، دۆخێك كە ئاسایش‌و سەقامگیری و دەرفەتی زۆر پێشكەوتن دەڕەخسێنێت. •    بەپێی ئەم تێڕوانینە، بژاردەی گەڕانەوە دەدات بە پەنابەران بۆ دەوڵەتی فەلەستین یان توانەوە لەناو ئەو دەوڵەتانەی ئێستا تێیدا دەژین، یان لەوڵاتی سێیەم نیشەجێبكرێنەوە. پێشكەوتن لەناوچەكە •     كاتێك ئەم تێڕوانینە لایەنی ئابوری بەپلانی ئاشتی گرێدەدات" ئاشتی بەرەو پێشكەوتن" وزەو تواناكانی ئەم ناوچەیە دەكەونەگەڕ كە بەدرێژایی چەندین دەیە بەهۆی ململانێكانەوە سڕبوون. •    ئەم تێڕوانیە، پلانی لەئاشتی بۆ پێشكەوتنی مەزن لەخۆدەگرێت بە بڕی 50 ملیار دۆلار بۆ پێشخستنی ئابوری فەلەستین. ئەم تێڕوانیە ئەگەر بەشێوەیەكی ڕاست‌و دروست جێبەجێبكرێت: •    زیاتر لە یەك ملیۆن درەفەتی نوێی كار دەڕەخسێنێت. •    دوو هێندە زیاتر كۆی بەرهەمی فەلەستین زیاتر دەكات. •    بێكاری بۆ 10% زیاتر كەمدەكاتەوەو ڕێژەی هەژاری بۆ نیوە دادبەزێنێت.             


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف بزوتنەوەی گۆڕان سبەینێ هەڵسەنگاندن بۆ رێككەوتنە سیاسییەكەی لەگەڵ پارتی دەكات، لەكۆی (67) پۆست، دوای شەش مانگ لە دەستبەكاربوونی حكومەت تائێستا گۆڕان تەنیا (5) پۆستی وەرگرتووە، دوێنێ پارتی وەكو نیشاندانی نیازپاكی، داواكارییەكی بزوتنەوەی گۆڕانی جێبەجێكرد، چاوەڕوان دەكرێت بزوتنەوەی گۆڕان لە چەند رۆژی داهاتوودا پەیامێكی نوسراو بۆ پارتی بنێرێت، (درەو) لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە. هەڵسەنگاندنی شەش مانگ شەش مانگ بەسەر دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی تێپەڕی، بزوتنەوەی گۆڕان وەكو یەكێك لە لایەنە پێكهێنەرەكانی كابینەكە، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی حكومەت‌و رێككەوتنی بەشداربوونی لە كابینەكە دەكات. سەرچاوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند، سبەینێ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە، لە كۆبونەوەكەدا لەبارەی دوو تەوەرەوە گفتوگۆ دەكرێت: تەوەری یەكەم: ئامادەكارییەكان بۆ سازدانی كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەكە تەوەری دووەم: هەڵسەنگاندنی بەشداریكردنی گۆڕان لە حكومەت دوای شەش مانگ. رۆژی 9ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، لەناو جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا وەكو سەرەتایەك گفتوگۆكرا لەبارەی بەشداربوونی گۆڕان لە حكومەت، بەڵام ئەوكات لەسەر داوای عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە بڕیاردرا، بابەتەكە بەكراوەیی بهێڵدرێتەوە تا ئەوكاتەی حكومەت شەش مانگی یەكەمی تەمەنی خۆی تەواو دەكات. بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ بەشداربوونیدا لەكابینەی نوێی حكومەت، بەهۆی فشاری لایەنگرانییەوە بڕیاریدا دوای شەش مانگ لە دەستبەكاربوونی كابینەی نوێ هەڵسەنگاندن بۆ بەشداربوونەكەی‌و جێبەجێكردنی بڕگەكانی ئەو رێككەوتنە سیاسییە بكات كە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كردوویەتی، پاشان دوای شەش مانگی تر بڕیار لەسەر مانەوە یاخود دەرچوونی لە حكومەت بدات. رۆژی 16ی شوباتی 2019 گۆڕان‌و پارتی لەمەراسیمیێكدا رێككەوتنی سیاسی نێوانیان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئیمزا كرد، بزوتنەوەی گۆڕان كە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا (12) كورسی بردەوە، بەپێی رێژەی كورسییەكانی، (12%)ی كۆی پۆستەكانی حكومەتی بۆ دیاریكرا. پشكی گۆڕان لە حكومەت دوای شەش مانگ لە دەستبەكاربوونی كابینەی نوێ، تائێستا گۆڕان تەنیا پێنج پۆستی وەرگرتووە كە ئەمانەن: •    جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان- مستەفا سەید قادر •    وەزیری دارایی‌و ئابوری- ئاوات شێخ جەناب •    وەزیری ئاوەدانكردنەوە- دانا عەبدولكەریم •    وەزیری بازرگانی‌و پیشەسازی- كەمال موسلیم •    وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی- كوێستان محەمەد هێمن شێخانی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێددوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو) وتی:" تائێستا رێككەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رێژەی 5%ی جێبەجێكراوە‌و هەست دەكەین پارتی كات دەكوژێت". شێخانی دەڵێ:" پێدەچێت دوای كۆبونەوەی سبەینێی جڤاتی نیشتمانی، بزوتنەوەی گۆڕان نامەیەك ئاڕاستەی پارتی بكات لەبارەی جێبەجێ نەكردنی رێككەوتنەكەوە، چونكە ئێمە نەچووینەتە حكومەتەوە بۆ پەردەپۆشكردنی عەیبی هیچ لایەنێكی سیاسی". پۆستە پڕنەكراوەكان بەپێی ئەوەی رێككەوتنی لەسەر كراوە، دەبوو بزوتنەوەی گۆڕان پۆستێكی باڵای تر بەناوی (یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری چاكسازی) وەرگرێت، بەڵام ئەم پۆستە تائێستا پڕنەكراوەتەوە‌و بزوتنەوەی گۆڕانیش دڵی لە وەرگرتنی پۆستەكە ساردبووەتەوە. لە سەرەتای دانوستانەكانیدا لەگەڵ پارتی، بزوتنەوەی گۆڕان داوای پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی دەكرد، بەهۆی ناڕەزایەتی یەكێتی‌و بەدیاریكراویش قوباد تاڵەبانی، پارتی ئامادەنەبوو جێگری دووەم بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت زیاد بكات، بەڵام گۆڕانی قایل كرد بەوەی پۆستی پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی پێدەدات‌و ئەو پۆستە هاوشێوەی جێگری سەرۆك وەزیران دەبێت، گۆڕان بە پێشنیازەكەی پارتی قایل بوو. پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی وا رێككەوتنی لەسەر كراوە كە دەبێت لە پەرلەمانی كوردستانەوە یاسایەكی تایبەتی بۆ دەربچێت، بەڵام لەدوای دەستبەكاربوونییەوە مەسرور بارزانی (چوار) كەسی وەكو یاریدەدەر بۆخۆی دامەزراندووە بەبێ هیچ پشتیوانییەكی یاسایی لە پەرلەمانەوە، زۆربوونی یاریدەدەرەكانی سەرۆكی حكومەت، گۆڕانی نیگەران كرد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، پارتی پێشتر بە فەرمی وەڵامی نیگەرانییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی دانانی ئەو یاریدەدەرانەوە بۆ سەرۆكی حكومەت داوەتەوە‌و وتویەتی:" ئەو یاریدەدەرانە بۆ ئەو وەزارەتانە دانراون كە لای پارتین‌و هیچ یاریدەدەرێكیان كارەكەیان پەیوەندیدار نییە بە وەزارەتەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە" ئەم بەهانەیە، نیگەرانییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی رەواندوەتەوە. سەرەتا پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا وەكو پۆستێكی باڵا تەماشا دەكرا، جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندن كە خۆی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی ئیمزاكرد، خۆی بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە كاندیدكردبوو، بەڵام كە مەسرور بارزانی یاریدەدەری تری بۆخۆی دامەزراند، جەلال جەوهەر لە كاندیدبوونی بۆ پۆستەكە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان كشایەوە، ئێستا ئەم پۆستە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە‌و دیارنییە كەی بزوتنەوەی گۆڕان پڕی دەكاتەوە، بەپێی زانیارییەكان (شوان قلیاسانی) ئێستا تاكە كاندیدە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە. سەرباری پۆستە باڵاكان، بەپێی رێككەوتنەكە، دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان ژمارەیەك پۆستی تری حكومی وەرگرێت كە تائێستا وەرینەگرتووە، سەرەتای تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بزوتنەوەی گۆڕان ناوی چوار كاندیدی خۆی بۆ وەرگرتنی (4) پۆستی بریكاری وەزیر رەوانەی حكومەت كرد، بەڵام تائێستا ئەو چوار كەسە دەستبەكارنەبوون كە بریتین لە هەریەكە لە: * كامیل قەزاز- بریكاری وەزیری كارەبا * د. سەیوان عەلی- بۆ بریكاری وەزیری پەروەردە * مستەفا سەلیم- بۆ بریكاری وەزیری ناوخۆ * چالاك موهەندیس- بۆ بریكاری وەزیری شارەوانی هەر بەپێی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی، بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت لەكابینەی نوێدا (48) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی‌و راوێژكار وەرگرێت، تائێستا ئەم پۆستانەش پڕنەكراونەتەوە. بەپێی قسەی بەرپرسانی گۆڕان، پارتی‌و مەسرور بارزانی هۆكاری پڕنەكردنەوەی پۆستەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەكێتی نیشتمانی دەگەڕێننەوە، بەوپێیەی بەشێك لەو پۆستانەی كە بە گۆڕان دراون، ئێستا لای یەكێتی-ن‌و پارتی چاوەڕوانی ئەوە دەكات ئەنجامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی یەكلابكرێتەوە تاوەكو لەسەر ئەو پۆستانە رێككەوتنی كۆتایی بكرێت. بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی ئەم پۆستانەوە پێشتر پێشنیازی سازدانی كۆبونەوەیەكی سێ قۆڵی كرد لەنێوان (پارتی- یەكێتی- گۆڕان)، پارتی قایل بووە بە پێشنیازەكە، بزوتنەوەی گۆڕان چاوەڕوانە بەمنزیكانە دوای هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری نوێی یەكێتی، ئەو كۆبونەوە سێقۆڵییە بەڕێوەبچێت. هەندێك پۆستی تر هەن كە بەهەمان شێوە لە كابینەی نوێدا بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتوون‌و هێشتا پڕنەكراونەتەوە، لەوانە: •    دوو ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان •    دوو نوێنەرایەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، پێشتر لەبارەی دوو پۆستەكەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە، پارتی بەفەرمی بزوتنەوەی گۆڕان ئاگاداركردووە لەوەی بابەتی پۆستەكانی ئەنجومەنی ئاسایش دوابخات بۆ كاتێكی تر، چونكە ئەوان خۆیان لەدوای دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، هێشتا پۆستی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشیان پڕنەكردوەتەوە، كە پێشتر ئەو پۆستە بەدەست مەسرور بارزانییەوە بووە. هەندێكی پۆستی تریش هەن كە بەهەمان شێوە هێشتا پڕنەكراونەتەوە، لەوانە: •    ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە •    سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان  •    بەڕێوەبەری گشتی‌و بەرپرسی دیوانی هەموو ئەو وزارەت‌و دەستانەی كە گۆڕان وەریگرتوون یان وەریاندەگرێت   بەپێی قسەی هێمن شێخانی، لەكۆی (67) پۆست كە لە كابینەی نوێی حكومەت بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە تەنیا (5) پۆستیان وەرگیراون‌و ئەوانی تر هێشتا پڕنەكراونەتەوە. چاكسازی‌و بەرنامەی حكومەت سەرباری پۆستەكان، بەپێی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی، بزوتنەوەی گۆڕان هەندێك پرۆژەی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی پێشكەشكردووە، بەڵام دوای شەش مانگ ئەو پرۆژانە هێشتا شتێكی ئەوتۆیان لێ سەوز نەبووە. یاسای چاكسازی لە موچەی پلەباڵاكان كە بەمدواییە لە پەرلەمان پەسەندكرا، لە بنەڕەتەوە پرۆژەی بزوتنەوەی گۆڕان نەبوو، بەڵام هەندێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بەرگرییان لێكرد، پرۆژەكە پەسەندكرا، بەڵام لە شەقامدا وەكو دەستكەوتێك نەچووە گیرفانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆتایی بەو رەخنانە نەهێنا كە دەنگدەرانی بزوتنەوەكە لە بەشداریكردنی بزوتنەوەكەیان لە حكومەت، هەیانە. پرسی جێبەجێكردنی بەرنامەی هاوبەشی لایەنەكان بۆ چاكسازی، یەكێكی ترە لە سەرچاوەكانی نیگەرانی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت، بەمدواییە جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان كە خۆی ئیمزای لەسەر رێككەوتنە سیاسییەكە كردووە، لە وتارێكدا لە مێرگەسور وتی:" ئێمە كاتی خۆی رێككەوتین كە قانونێكی شامل‌و كامل هەبێت بۆ ئیسڵاحی سیاسی‌و یاسایی‌و ئابوری‌و دارایی‌و كارگێڕی‌و ئەمنی‌و سەربازی، بەڵام ئێستا مەعلوماتەكان وایە كە ئەم حكومەتە دەیەوێت ئیسڵاح تەنیا لە موچە‌و هەندێك بابەتی خانەنشینیدا كورتبكاتەوە". پەیامێك لە پارتییەوە بۆ گۆڕان هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، حكومەتی هەرێم لەڕێگەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە یەكێك لە داواكارییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی لەبارەی بەشداریكردن لە حكومەت جێبەجێ كرد كە تایبەت بوو بە گەڕاندنەوەی سزادراوە سیاسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆسەر كارەكانیان. هێمن شێخانی بە (درەو)ی رایگەیاند، دوێنێ ئێوارە حكومەت واژۆی لەسەر لیستی گەڕانەوەی سزادراوە سیاسییەكانی گۆڕان كردووە بۆسەر كارەكانیان. بەپێی قسەی شێخانی، بزوتنەوەی گۆڕان نزیكەی (هەزار) كەسی هەیە كە لە ساڵی 2009و دوای دروستبوونی بزوتنەوەكەوە، بەهۆی گۆڕانبونیانەوە لەدامودەزگاكانی حكومەت دورخراونەتەوە‌و موچەیان بڕدراوە. بابەتی گەڕاندنەوەی سزادراوە سیاسییەكان بۆسەر كارەكانیان یەكێك لەو بڕگانەیە كە لەرێككەوتنی نێوان گۆڕان‌و پارتیدا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، رێككەوتنی لەسەركراوە. پرسی سزادراوانی سیاسی لەكابینەی پێشووی حكومەتدا بەهەمان شێوە یەكێك لە مەرجەكانی بەشداربوونی گۆڕان بوو لە كابینەی نێچیرڤان بارزانیدا، بەڵام تا ئەوكاتەی گۆڕان لە حكومەت دەركرا، ئەم داواكارییەی گۆڕان بەتەواوەتی جێبەجێ نەكرا. ئیمزاكردنی لەسەر گەڕاندنەوەی لیستی سزادراوانی گۆڕان لەلایەن حكومەتەوە لەم كاتەدا، وەكو پەیامی نیازپاكی پارتی لەبەرامبەر بزوتنەوەی گۆڕان لێكدەدرێتەوە. لە هەرێم دەسەڵات‌و لە بەغداد ئۆپۆزسیۆن بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی دوو فراكسیۆنی پەرلەمانییە، یەكێكیان لە هەرێم‌و ئەویتر لە بەغداد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەغداد نیگەران لە رێككەوتنەكەی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتیدا، لەماوەی رابردوودا فراكسیۆنی بەغداد چەندجارێك نیگەرانی خۆیان بە جڤاتی نیشتمانی‌و خانەی راپەڕاندن گەیاندووە لەبارەی ئەوەی پارتی لە بەغداد هیچ هەماهەنگییەكیان لەگەڵدا ناكات. (درەو) زانیویەتی، بەمدواییە فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق كۆبونەوەیەكی لەگەڵ خانەی راپەڕاندن كردووە‌و تێیدا ئەندامانی فراكسیۆن باسیان لەوەكردووە كە پارتی لە بەغداد هەموو پۆستەكان بۆ خۆی دەبات‌و لەژێرەوە دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان دەكات بەبێ ئەوەی ئەوانی لێ ئاگاداربكاتەوە، لە كوردستانیش داوای یەكڕیزی دەكات، بۆیە ئەوان پابەندنابن بە رێككەوتنەكەی هەرێم‌و ئەو جۆرە یەكڕیزییەی كە پارتی داوای دەكات. لەبەرامبەردا بەرپرسانی گۆڕان باسلەوەدەكەن، رێككەوتنی ئەوان لەگەڵ پارتی رێككەوتنێكی گشتگیر نییە‌و تەنیا بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێمە، هەندێك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی گۆڕان بەبێ گوێدانە رێككەوتنەكەی هەرێم، بەردەوام بە زمانی توند رەخنە لە پارتی دەگرن.


درەو: دۆناڵد ترەمپ  بە (50 ملیار) دۆلارو 179 پرۆژەو (یەك ملیۆن) هەلی كار دەیەوێت فەلەستینیەكان رازی بكات بە گرێبەستی سەدەو مەحمود عەباسیش بە هەزار نەخێر وەڵامی دەداتەوە. دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا  لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل وردەكاری ڕێككەوتنی "گرێبەستی سەدە" ڕادەگەیەنێت كە تایبەتە بەیەكلاكردنەوەی كێشەی عەرەب_ئیسرائیل. پوختەی پرۆژەكە  "گرێبەستی سەدە" 🔹قودس پایتەختی ئیسرائیلە. 🔹قودسی خۆرهەڵات دەكرێتە پایتەختی فەلەستین. 🔹دەوڵەتێك بۆ فەلەستینییەكان دادەمەزرێت و شانبەشانی ئیسرائیل كار دەكات. 🔹ئەگەر مەحمود عەباس رێگەی ئاشتی هەڵبژێرێت، ئەمەریكا لە هەموو هەنگاوەكان لەگەڵی دەبێت. 🔹وەبەرهێنان بە بڕی 50 ملیار دۆلار دەكەین لە فەلەستین 🔹یەك ملیۆن هەلی كار بۆ فەلەستینیەكان دابین دەكەین 🔹179 پرۆە لە ناوچە فەلەستینیەكان درووست دەكەین  🔹ریگە بە موسڵمانان دەدرێت سەردانی ئەقسا بكەن. 🔹 ئەمەریكا دان دەنێت بە كۆمەڵگە جوولەكە نشینەكانی كەناری خۆرئاوا. 🔹بۆ ماوەی چوار ساڵ ئیسرائیل هیچ كۆمەڵگەیەی نوێی نیشتەجێبوون درووست ناكات. 🔹دەوڵەتی فەلەستین دەبێت پابەند بێت بە رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و ئازادی میدیا و دادوەری سەربەخۆ. 🔹 لە رێگەی پرد و تونێل و رێگەی وشكانییەوە كەرتی غەززە و كەناری خۆرئاوا بەیەكەوە دەبەسترێنەوە. 🔹ئامانج لە لە پرۆژە پێشنیازكراوەكەوە بەدیهێنانی ئاشتی راستەقینەیە مەحمود عەباس بە نەخێر وەڵامی دۆناڵد ترەمپ دەداتەوە مەحمود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستین وەڵامی پێشنیازەكەی دۆناڵد ترەمپ دەداتەوەو رایدەگەیەنێت: 🔹هەزار جار نەخێر بۆ ئەو پێشنیازەی ترەمپ 🔹پرۆژەی گرێبەستی سەدە كۆتایی پرۆژەی بەڵێنی بەلفۆرە. 🔹قودس بۆ فرۆشتن نییە 🔹گرێبەستی پیلانگێڕی شكستدەهێنێت و گەلی فەلەستین ڕەتیدەكاتەوە. 🔹 بە پشتیوانی ئازادیخوازانی جیهان داگیركاری و پیلانگێڕییەكان سەركەوتوونابێت  


درەو: یەكێتی نیشتیمانی كوردستان مەكتەبێك بۆ كاروباری حكومەت و ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكانی درووست دەكات. راهی رەهبەر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند: بەشێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان یاداشتێكیان ئاراستەی لیژنەی هەمواری پەیڕەوەی ناوخۆی یەكێتی كردبوو و تیایدا داوایانكردبوو كاروباری حكومەت و پەرلەمانیش هاوشێوەی بەشەكانی دیكەی یەكێتی رێكبخرێتەوە، چونكە ئەو بارودۆخەی بەسەر ناوەندەكانی یەكێتی هاتبوو، بەهەمان شێوەش بەسەر فراكسیۆنەكانی یەكێتیش هاتووە بۆیە پێویست بە درووستكردنی مەكتەبێك دەكات بۆ سەرپەرشتیكردنی كاروباری حكومەت و پەرلەمان. سەبارەت شێوەو فۆرمی پێكهاتەی ئەو مەكتەبە ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژەی بەوەكرد: ئەندامانی لیژنەی پەیڕەو  یاداشتەكەی فراكسیۆنی یەكێتیان پەسەندكردووەو لە پەیڕەودا جێگیریانكردووە بەناوی ( مەكتەبی كاروباری حكومەت و ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان) كە لە دوو بۆرد پێكدێت ( بۆردی حكومەت، بۆردی پەرلەمان)و دوو ئەندامی ئەنجومەنی گشتی یەكێتی سەرپەرشتی دەكەن و ئەندامێكی سەركردایەتی گشتیش دەبێتە بەرپرسی مەكتەبەكە بەو پێیەش سێ ئەندامی ئەنجومەنی گشتی بەڕێوەی دەبەن.  لیژنەیەكی (19) كەسی راسپێردراوە بۆ هەمواركردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی و بەپێی زانیارییەكانی (درەو) پەیڕەوەكە ئامادەیەو لە كۆبونەوەی رۆژی شەممەی داهاتووی ئەنجومەنی گشتی یەكێتی دەنگی لەسەر دەدرێت.  


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆتایی هات، بەڵام هێشتا رێژەی 75%ی كارەكانی كۆنگرە تەواونەبوون، كۆنگرەی راستەقینە ئەو رۆژە دەستپێدەكات كە دەسەڵاتی ئۆرگانەكان‌و پۆستی سەرۆك‌و جێگرانی سەرۆكی حزب یەكلادەبێتەوە، چەند رۆژێكە ململانێی نێوان جەمسەرەكان لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆست‌و دەسەڵاتەكان چڕبووەتەوە، لیژنەی هەمواری پەیڕەو (2) جێگری بۆ پۆستی سەرۆكی حزب دیاریكردووە، بەڵام (5) كەس چاویان لە وەرگرتنی ئەو پۆستەیە، (درەو) لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە. بچوككردنەوەی بازنەی گەمەكە دوای پێنج ساڵ دواكەوتن لەوادەی دیاریكراوی خۆی، دواجار كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2019 یەكێتی كۆنگرەی چوارەمی خۆی لە شاری سلێمانی گرێدا، كۆنگرەیەك كە دوای زیاتر لە مانگێك هێشتا نەیتوانیوە سەرۆكێك هەڵبژێرێت‌و پەیڕەوێكی نوێ ئامادە بكات‌و حزبەكە لەكێشەی نەبوونی ناوەندی بڕیاردان رزگاربكات. سەركردەكانی یەكێتی كە لەژێر فشاری توندی بنكەی جەماوەری حزبەكەیاندا بوون بۆ سازدانی كۆنگرە، بەناچاری‌و لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی كرچ‌و كاڵدا رۆژی 21ی كانونی یەكەمی رابردوو كۆنگرەیان سازكرد، لەو كۆنگرەیەدا بەبێ یەكلاكردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی حزب‌و دەسەڵاتی ئۆرگانەكان، سەركردایەتییەكی نوێیان بۆ حزب هەڵبژارد كە ژمارەیان (121) ئەندامە، كۆنگرە هەموو كاروبارەكانی تری وەكو هەڵبژاردنی سەرۆك‌و جێگرەكانی‌و دەسەڵاتی ئۆرگانەكان‌و هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی دایە دەست سەركردایەتییە نوێیەكە، بەم هەنگاوە سەركردەكانی یەكێتی لە قۆناغی یەكەمدا خۆیان لە ناڕەزایەتی‌و توڕەیی بنكەی جەماوەری حزب پاراست‌و ئاستی ململانێ‌و ناكۆكییەكانیان جارێكی تر لەناو بنكەی جەماوەرییەوە هەڵدایەوە بۆ ناو سەركردایەتی‌و بازنەی گەمەكەیان بچوككردەوە. هەمواری پەیڕەو دوای (24) رۆژ لە بەڕێوەچوونی كۆنگرە، رۆژی 14ی ئەم مانگە ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی لیژنەیەكی (19) كەسی راسپارد بۆ پێداچوونەوە‌و هەمواركردنی پەیڕەوی ناوخۆی حزب، بەجۆرێك هەموارە نوێیەكە لەگەڵ دەرەنجامەكانی كۆنگرە‌و دۆخی نوێی یەكێتیدا بگونجێت. بڕیاربوو لیژنەكە دوای دەستبەكاربوونی لەماوەی (10) رۆژدا هەموار پەیڕەو تەواوبكات‌و بیخاتە بەردەم ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی بۆ دەنگدان لەسەری‌و پەسەندكردنی، بەڵام ئەمڕۆ سێ رۆژ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕی‌و هێشتا پەیڕەوی نوێ نەخراوەتە بەردەم ئەنجومەنی سەركردایەتی. هەندێك لە ئەندامانی لیژنەی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ باسلەوەدەكەن زۆربەی كارەكانیان تەواوكردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لەسەروو لیژنەكەو لەنێوان جەمسەرەكانی یەكێتیدا هەندێك بابەت هەن كە هێشتا ناكۆكییان لەسەرەو یەكلانەكراونەتەوە، بەشێوەیەكی گشتی دەتوانرێت بوترێت ئەوەی یەكێتی كردی رێژەی 25%ی كۆنگرە بوو، ئێستا رێژەی 75%ی كارەكانی كۆنگرە ماون‌و تەواو نەبوون. بابەتە كێشەلەسەرەكان بەشێوەیەكی گشتی ئێستا دوو بابەتی سەرەكی لەنێوان جەمسەرەكانی یەكێتیدا كێشەیان لەسەرە، كە بریتین لە: •    دابەشكردنی دەسەڵات لەنێوان ئۆرگانەكاندا •    پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك‌و ژمارەی جێگرەكانی بەر لە بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چوارەم، ئەم دوو بابەتە مشتومڕیان لەسەر بوو، كۆنگرە نەیتوانی چارەسەریان بكات، بۆیە ئێستا جارێكی تر یەخەی سەركردایەتی نوێی یەكێتی گرتوەتەوە. كۆنگرە تەنیا ناوی (دوو) ئۆرگانی نوێی بۆ یەكێتی پەسەندكرد كە یەكێكیان (ئەنجومەنی باڵای سیاسی)یە‌و ئەوی تریان ناوی لێنراوی (ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی). ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی كە لە (121) كەس پێكدێت‌و هەمویان بە دەنگی كۆنگرە سەركەوتوون، ئەركی گەورەیان لەسەر شانە، لەپێش هەموشیانەوە دەنگدان لەسەر هەمواری پەیڕەو و هەڵبژاردن دەستەی راپەڕاندن‌و سەرۆك‌و جێگرانی سەرۆكی حزب. ئێستا ئەنجومەنی سەركردایەتی چاوەڕوانی ئەوە دەكات لیژنەی هەمواری پەیڕەو هەموارە نوێیەكەی بخاتە بەردەم بۆ دەنگدان لەسەری، بڕیارە رۆژی چوارشەممە لیژنەی هەموار رەشنوسەكە بخاتەبەردەم ئەنجومەنی سەركردایەتی، ئەمە دووەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی دەبێت لەدوای هەڵبژاردنییەوە، ئەگەر لەوادەی دیاریكراودا بەڕێوەبچێت‌و دوانەخرێت. كێشەی دەسەڵات  یەكێك لە كێشە یەكلانەكراوەكانی كۆنگرە، پرسی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی حزبە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ئەم ئەنجومەنە نوسراوێكی لەبارەی دیاریكردنی دەسەڵاتەكانییەوە ئاڕاستەی لیژنەی هەمواری دەستور كردووە، یەكێك لە داواكارییەكانی ناو نوسراوەكە ئەوەیە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی جێگرێكی هەبێت، دەوترێت ئەمە خواستی مەلا بەختیارە‌و چاوی لەوەیە ببێت بەجێگری كۆسرەت رەسوڵ، سەرباری ئەوە داواكراوە هەندێك دەسەڵات بە ئەنجومەنەكە بدرێت. ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی (كۆسرەت رەسوڵ عەلی) سەرۆكایەتی دەكات‌و بەدەنگدانی راستەوخۆی كۆنگرە هەڵبژێردراوە، ئەندامانی ئەنجومەنەكە كە بریتین لە هەریەكە لە (مەلا بەختیار، ئەرسەلان بایز، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، عومەر فەتاح، حاكم قادر، دلێری سەید مەجید، عەدنان موفتی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) ئەمانە كۆنگرە دەنگی پێنەداون‌و بە تەعین دانراون. ئەوانەی لە پشت كۆسرەت رەسوڵەوەن، جگە لە دلێری سەید مەجید، هەمویان لەو كەسانەن كە پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبەكە‌و بڕیاربەدەست بوون، ئەمانە لە كۆنگرەدا لەسەردەستی گەنجەكان گورزی گەورەیان بەركەوت، ئێستا دەیانەوێت لە گەڕی نوێی یارییەكەدا لەڕێگەی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆوە جارێكی تر پێگە لەدەستچووەكەیان بگەڕێننەوە، بۆ ئەمەش بەچڕی كار لەسەر ئەوە دەكەن ئەنجومەنەكەیان دەسەڵاتی هاوشێوەی مەكتەبی سیاسی پێشووی هەبێت‌و لە بارەگا كۆنەكەی مەكتەبی سیاسی دەوام بكات، لەناو ئەمانەدا زیاتر (مەلا بەختیار، حاكم قادر، دلێر سەید مەجید) كارەكە دەكەن‌و ئەوانی تر تاڕادەیەك بێئومێد بوون لەوەی جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ پێگە سیاسییەكەی پێشتریان، هەندێك لەمانە نیگەرانن لەوەی لەناو سەركردایەتی نوێی حزبدا وەكو خانەی "پیران" ناوی ئەنجومەنەكەیان دەهێندرێت. ئەمانە لەناوخۆی یەكێتیدا تاڕادەیەك پێگەی جەماوەرییان لاواز بووە، بەڵام بە دەرەوەی یەكێتیدا هێشتا پێگەیان بەهێزە، بەتایبەتیش لای پارتی دیموكراتی كوردستان‌و حزبە سیاسییەكان. سەرباری مەكتەب سیاسییەكانی پێشوو، كۆسرەت رەسوڵ كە بەدەنگدانی راستەوخۆی گۆنگرە بووە بە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، نایەوێت ئەنجومەنەكەی بێ دەسەڵات بێت، بەر لە كۆنگرەش جەختی لەسەر ئەوە كردووە كە ئەو پۆست‌و ئەنجومەنێكی بێدەسەڵاتی ناوێت، تەنانەت بەر لە كۆنگرە باسی لەوە كردووە دەبێت ئەنجومەنەكەی مافی "ڤیتۆ"ی لەسەر بڕیارەكانی یەكێتی هەبێت، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەو نامەیەدا كە ئاڕاستەی لیژنەی پەیڕەو كراوە، باسی بابەتی مافی "ڤیتۆ" نەكراوە. سەرۆكی حزب  بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی حزب، تاڕادەیەك یەكلابووتەوە بۆ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق. بەرهەم ساڵح هەرچەندە لە كۆنگرەدا بەهۆی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە، بە "تەزكیە" هەڵبژێردرا بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و دۆست‌و لایەنگرەكانی لە پێگەیان درا، بەڵام هێشتا كاندیدی بێ ركابەرە بۆ پۆستی سەرۆكی حزب. بەرهەم ساڵح بەمدواییە كە سەردانی داڤۆسی كرد بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئابوری جیهان، لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ خۆیدا برد، دەركەوتنی لاهور شێخ جەنگی لە داڤۆس هێندە وەكو پەیامێك بۆ ناوخۆی یەكێتی لێكدرایەوە، هێندە مانای تری پێنەدرا، لاهور شێخ جەنگی ئێستا خاوەنی زۆرترین دەنگە لە ئەنجومەنی سەركردایەتی، بەرهەم ساڵح دەیەوێت لەو رێگەیەوە پۆستی سەرۆكی حزب بۆخۆی زامن بكات. جێگرانی سەرۆك.. كێشە گەورەكە كێشەی گەورەی پێش سازدانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، پرسی جێگرانی سەرۆكی حزب بوو، كۆنگرە ئەم كێشەیەشی بەلادا نەخست. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لیژنەی هەمواری دەستور، لە هەموارەكەیدا (دوو) جێگری بۆ پۆستی سەرۆكی حزب دیاریكردووە، هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی چاویان لەو پۆستەیە، بافڵ تاڵەبانی خوازیارە سەرۆك یەك جێگری هەبێت‌و خۆی ئەو پۆستە وەرگرێت، بەڵام لاهور شێخ جەنگی ئەمە رەتدەكاتەوە، لاهور كە براوەی یەكەمی كۆنگرە بوو، دەیەوێت خۆی پۆستی جێگری سەرۆكی حزب وەرگرێت. ناكۆكی ماڵباتی تاڵەبانی لەبارەی پۆستی جێگری سەرۆكی حزبەوە تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە یەكلانەبووەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) قوباد تاڵەبانی دەستپێشخەرییەكی لەنێوان بافڵی برای‌و لاهور شێخ جەنگی ئامۆزایدا كردووە بۆ ئەوەی یەكێكیان بۆ ئەوی تر بكشێتەوە‌و ماڵباتی تاڵەبانی لەم قۆناغەشدا بە یەكگرتوویی لەبەرامبەر جەمسەرەكانی تری یەكێتیدا بمێننەوە. لەكاتێكدا هێشتا لەناو ماڵباتی تاڵەبانی كێشەی جێگرانی سەرۆكی یەكێتی یەكلانەبووەتەوە، جەمسەرەكانی تری حزب-یش بەهەمان شێوە چاویان لە وەرگرتنی پۆستی جێگرە، پێشنیازێك هەیە بۆ ئەوەی سەرۆك (5) جێگری هەبێت، گروپی كەركوكییەكان كە لە كۆنگرەی چوارەمدا لەدوای لاهور شێخ جەنگی براوەی دووەم بوون، (رەفعەت عەبدوڵا)یان كاندیدكردووە بۆ وەرگرتنی یەكێك لە پۆستەكانی جێگری سەرۆكی حزب، گروپی دلێر سەید مەجید كە بە گروپی كۆمپانیای نۆكان‌و ئیدارەی گشتی یەكێتی ناسراوە‌و لە كۆنگرەی چوارەمدا سەریهەڵدا (عیماد ئەحمەد)یان كاندیدكردووە بۆ پۆستی جێگری سەرۆك، بەهەمان شێوە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ چاویان لەوەیە (شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ) ببێت بە جێگری سەرۆك. ئەگەر سەركردایەتی لە هەمواری پەیڕەودا (دوو) جێگر بۆ سەرۆكی حزب پەسەند بكات، ماڵباتی تاڵەبانی یەكێكیان چانسی وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حزبیان دەبێت، واتە بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی دەبێت یەكێكیان بۆ ئەوی تر بكشێتەوە، گروپی كەركوكییەكانیش كە لە كۆنگرەی چوارەمدا بەپێگەیەكی بەهێزەوە دەركەوتن، پۆستێكی باڵایان دەوێت‌و رەنگە (رەفعەت عەبدوڵا) بكرێت بە سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی، لەم حاڵەدا شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ چانسی گەورەی دەبێت پۆستی یەكێك لە جێگرەكانی سەرۆكی حزب وەرگرێت. ناكۆكی لەبارەی جێگرانی سەرۆكەوە، جارێكی تر بیرۆكەی بەڕێوەبردنی یەكێتی بەشێوەی هاوسەرۆكایەتی هێناوەتە پێشەوە، دیارنییە لە رۆژانی داهاتوودا یەكێتی ئەم كێشەیە بە چ شێوەیەك یەكلادەكاتەوە. جەمسەرەكانی یەكێتی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لەبری كاڵكردنەوەی جەمسەربەندی‌و باڵباڵێن لەناوخۆی حزبەكە، جەمسەرو باڵی نوێی بۆ حزب پەیداكرد، ئێستاو لەبەر رۆشنایی ئەنجامەكانی كۆنگرەی چوارەمدا... جەمسەر دەبینرێت، كە ئەمانەن: •    ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، لە كۆنگرەی چوارەمدا پاشەكشێیەكی چاوەڕوان نەكراویان بەخۆوە بینی، بەڵام هێشتا كوتلەیەكی یەكگرتوون‌و لەناو سەركردایەتی نوێیی یەكێتییەوە هەوڵی گەڕاندنەوەی پێگە بەهێزەكەی جاران دەدەن. •    ماڵباتی تاڵەبانی: بەر لە كۆنگرە پەرت‌و ناكۆك بوون، لە رۆژانی پێش كۆنگرە یەكیان گرتەوە، ئێستا سەرلەنوێ ناكۆكن، ناكۆكییەكە بەشێوەیەكی سەرەكی لەنێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگیدایە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جارێكی تر لە ماڵباتی تاڵەبانی دوركەوتووەتەوە‌و بەپێی دواین زانیارییەكان ئێستا لە جەمسەری كۆسرەت رەسوڵ نزیك بووەتەوە، تا ئەو رادەیەی لە جەمسەری كۆسرەت رەسوڵەوە بەڵێنی پێدراوە ئەگەر یەكێك لە جێگرانی سەرۆكی حزب بدرێت بە ژنێك، ئەو كاندید بكرێت بۆ ئەو پۆستە. •    گروپی كەركوكییەكان: ئەمانە بریتین لە ئەندام مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری یەكێتی لە سنوری كەركوك كە پێكهاتوون لە هەریەكە لە (رەفعەت عەبدوڵا، ئاسۆ ئەڵمانی، رزگار عەلی، خالید شوانی، وەستا رەسوڵ‌و چەند كەسێكی تر)، ئەمانە بەر لە كۆنگرەی چوارەم خاڵی پارسەنگ بوون لەنێوان ماڵباتی تاڵەبانی‌و كۆسرەت رەسوڵدا، لە كۆنگرەدا لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی، پێگەی خۆیان بەهێزكردو بوون بە براوەی دووەمی هەڵبژاردن لەدوای لاهور شێخ جەنگی، ئەمانە رەفعەت عەبدوڵایان كردووە بە كاندیدی بەهێزی خۆیان‌و چاویان لە یەكێك لە پۆستەكانی جێگری سەرۆكە‌و لەسەر بنەمای ئەو پۆستە باڵایە دەچنە رێككەوتنی نوێ لەگەڵ جەمسەرەكانی تردا. •    جەمسەری دلێری سەید مەجید: دلێری سەید مەجید كە پێشتر لە سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا هیچ پۆستێكی نەبوو، لە كۆنگرەی چوارەمدا بوو بە ژمارەیەكی گەورە، ئەوانەی كە ناویان لێنراوە گروپی ئیدارەی گشتی یەكێتی‌و كۆمپانیای نۆكان، بە پاڵپشتی دلێر سەید مەجید ژمارەیەكیان سەركەوتن بۆ سەركردایەتی یەكێتی، دلێر سەید مەجید كە رۆژگارێك ناوی لێنرابوو "قاسەكەی یەكێتی" ئێستا دەیەوێت لەپاڵ رۆڵ ‌و پێگە داراییەكەیدا، پێگەیەكی سیاسیشی لەناو حزبدا هەبێت، ئەو (عیماد ئەحمەد)ی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حزب كاندید كردووە، ئەمە دلێر سەید مەجید دەباتە ناو مامەڵەی نێوان جەمسەرەكان‌و دەیكات بە بەشێك لە گەمە گەورەكەی ناو حزب. •    ناڕازییەكان: سەرباری ئەوەی رەوتی ناڕەزایەتی لەناو یەكێتیدا مێژوویەكی كۆنی هەیە، بەڵام لەدوای كۆنگرەی چوارەمەوە بەفەرمی رەوتێكی ناڕەزایەتی نوێ دژ بە شێوازی بەڕێوەچوونی كۆنگرەكە دروستبووە، ئەمانە زۆربەیان ئەو كەسانەن كە لە هەڵبژاردنی كۆنگرەدا بۆ سەركردایەتی سەرنەكەوتوون، چارەنوسی ئەم رەوتە نوێیە پابەندە بە یەكلابوونەوەی ناكۆكی نێوان جەمسەرەكانی ترو كامڵبوونی تەواوەتی پەیكەری نوێی حزب، رەنگە ئەوكات جەمسەرەكان بەشی زۆری ناڕازییەكان بگەڕێنەوە بۆ ناو چوارچێوە حزبییەكە‌و لە پێگە‌و پۆستی جۆراوجۆردا شوێنیان بۆ بكرێتەوە. یەكێتی‌و چیرۆكی كۆنگرە یەكێتی ساڵی 1975 دامەزراوە، لە 44 ساڵ تەمەندا تەنیا (3) كۆنگرە‌و دوو پلینیۆمی كردووە. كۆنگرە بەردەوام لەناو یەكێتی نیشتمانیدا سەرچاوەی ترس‌و دابەشبوون‌و لێكترازانی نێوان هاوڕێ‌و هاوخەباتەكان بووە، كۆنگرەی ئەمجارەش بەدوو نییە لەو مەترسییانە. یەكێتی لە سازدانی كۆنگرەدا تەمەڵترین حزبی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەم حزبە هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، ‏بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، ‏هێڵی گشتی) دروستبووە‌و هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەدا پارسەنگ تێكبچێت‌و حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە، ئێستا ئەو ئاڕاستە سیاسییانە لەناو یەكێتیدا نەماون، ئاڕاستەی نوێ پەیدابوون كە زیاتر بزنس رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینێت. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كۆنگرە "بەرزترین دەسەڵاتە" لەناو حزبدا، كۆنگرە دەبێت (سێ ساڵ جارێك) سازبدرێت، بەڵام یەكێتی لە ساڵی 2010وە تاوەكو ئێستا كۆنگرەی نەبەستووە، واتە ماوەی (سێ) خولی لەسەریەك كۆنگرەی یەكێتی دواكەوتووە. نەخۆشكەوتن‌و دواتریش مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی حزبەكە‌و كارەكتەری بەهێزو كۆكەرەوەی یەكێتی، پاڵنەری سەرەكی دواكەوتنی كۆنگرەكانی یەكێتی بوو، هەندێك لە یەكێتییەكان باس لە هۆكاری تریش دەكەن لە نمونەی قەیرانی دارایی‌و شەڕی "داعش"‌و دواتریش ریفراندۆم‌و تێكچونی بارودۆخی ناوچە جێناكۆكەكان.


راپۆرتی: درەو "موقتەدا سەدر" ئەو پیاوەی كە بە هەڵگەڕانەوە لەهەڵوێستە سیاسیی‌و تەنانەت جەماوەرییەكانیشی ناسراوە، لەكاتێكی ناسك‌و هەستیاردا خۆپیشاندەران بە جێدەهێڵێت. ئەویش هاوشێوەی نوخبەی سیاسی لە ڕۆژانی یەكەمی خۆپیشاندانە خۆرسكەكەی خەڵكی عێراقدا دووچاری شۆك بوو، ئەوە یەكەمجاربوو بەبێ‌ ئاگاداری‌و لەسەر داوا ئەو شەقامەكان جمەی بێت لەخەڵكی ناڕازیی. سەدر ئەو دەمە لەیەكەم پەیامیدا، تەئكیدی لەبایەخی پاراستنی ئەو بەرگە خۆرسكەی خۆپیشاندانكردو، داوای لەخۆپیشاندەرانیش كرد ڕێگەنەدەن هیچ لایەنێك بیكاتە گۆڕەپانی تاودانی ئەسپی خۆی‌و سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەكانیان بێت.   لەدوای 25 تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوەوە،  سەدر لایەنگرانی خۆی ناردە ناو خۆپیشاندەران‌و هێزێكی مەدەنیشی بەناوی "كڵاوشینەكان" دروستكرد بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران‌و گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان، زۆرێك لەلێكدانەوەكان پێیانوابوو سەدر بۆ دوو ئامانج ئەو هەنگاوەی گرتەبەر: یەكەم: ترسی دەرهێنانی بەڕی شەقام لەژێرپێی. دووەم: ڕێگەنەدان بەدەستوردانی هێزی ترو بەلاڕێدانی خۆپیشاندانەكان بەشێوەیەك كەدواتر بە مەترسی بۆ ناماڵی شیعەو پێگەی هێزەكانی بشكێتەوە. چی ڕوویدا؟  لەدوای كوشتنی "قاسم سولەیمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس" هەڵوێستی سەدر گۆڕانكاری جەوهەری بەسەرداهات، خەمی ژمارە یەكی لەپشتیوانیكردنی سەربازگەی دژە گەندەڵییەوە گۆڕا بۆ سەربازگەی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق. سەدر وای دانابوو، خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانەكانی بەغدادیش بكاتە بەشێكی كاریگەر لەو خۆپیشاندانەی نزیكەی دوو هەفتە خۆی‌و لایەنگرانی‌و تێكڕای گروپە چەكدارە شیعییەكان‌و سەركردەكانیان بانگەشەیان بۆكرد لەپێناو یەكسختنی وتارەكانیان دژی بوونی سوپای ئەمریكا لە عێراق، بەڵام تووشی نائومێدییەكی گەورەبوو كاتێك بینی خۆپیشاندەران نەك هەر بەشداریی ئەو خۆپیشاندانەیان نەكرد كە دژی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق ڕێكخرا، بەڵكو گاڵتەشیان بە هەوڵەكانی كردو، تۆمەتباریان كرد بەوەی بۆتە بەشێك لە پرۆژەی ئێران لە عێراق. سەدر ئەم بەشدارینەكردنەی خۆپیشاندەرانی تەحریری لەگەڵ لایەنگرانی‌و گروپە چەكدارەكان وا لێكداوەتەوە، پشتیوانییەكی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەمریكا، بەتایبەت زۆرێك لەلایەنە شیعییەكان لەڕۆژی یەكەمی خۆپیشاندانەكانەوە تۆمەتی دەستی دەرەكییان دەخەنە پاڵ.  بەشێكی تری نیگەرانییەكانی سەدر ڕەنگە لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت، ئەو خۆپیشاندانەی ناوی نابوو  (ملیۆنی سەروەری) هیچ سیفەتێكی ملیۆنی تێدانەبوو، لە ئاستی چاوەڕوانی خۆی و شیعەكانیشدا نەبوو، ژمارەی بەشداربوان زۆر لەوە كەمتر بوون كەپێشبینی دەكرا، ئەوەش ئیحراجییەكەی گەورەی بۆ هێزو گروپە شیعییەكان بەگشتی‌و موقتەدا سەدرو لایەنگرانی بە تایبەتی دروستكرد. بڕیاری كشانەوە  ئێوارەی ڕۆژی هەینی "موقتەدا سەدر" لە توتێكدا گلەیی لە خۆپیشاندەران كردو وتی:" من نیگەرانی‌و گلەیی خۆم دەردەبڕم لەو خۆپیشاندەرانەی گۆڕەپانی تەحریر‌و پارێزگاكانی تر كە گومانیان لێكردووم، ئەوانەی پشتیوانیان بووم دوای خودا، پێموابوو ئەوانە پشتیوانی من‌و عێراقن" وەك ئاماژەیەك بۆ بەشدارینەكردنیان لەو خۆپیشاندانەی كە داوای كردنە دەرەوەی هێزە بیانییەكانیان كرد.  دوابەدوای تویتەكەی سەدر، زۆرینەی لایەنگرانی گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندانیان چۆڵكرد، نزیكەكانی سەدر دەڵێن: ئەو فەرمانی نەكردووە بە لایەنگرانی تا لەگۆڕەپانەكان بكشێنەوە، بەڵكو سەدر بەو پەیامە ویستویەتی  خۆی لەهەموو خۆپیشاندانێك بەدور بگرێت، تا جارێك بەسواربوونی شەپۆلەكەو جارێكی تریش بە بەجێهێشتنان تۆمەتبار نەكرێت، بەڵام لایەنگرانی واتێگەیشتوون كە تویتكەی مانای كشانەوەیە، بەوشێوەیەش لایەنگرانی تەواوی خێمەكانیان كۆكردەوەو گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندانیان لە (بەغدادو دیوانیەو بەسرەو نەجەف‌و بابل‌و كەربەلا) چۆڵكرد.   لەبەرامبەردا بەشێك لە خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانەكان ئەو هەڵوێستەی سەدریان  بەهەڵگەڕانەوەیەكی ئاشكرا وەسفكرد  لەپشتكردنە خۆپیشاندەران‌و، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە (هەڵگەڕانەوەی سەدرو غەدری سەدرو پێچكردنەوەی سەدر) ناویانبردو، ئەو دەستەواژانەیان وەك دروشم لە گۆڕەپانەكان  بەرزكردەوە.  بەشێك لەوانەی لەسەر ئەم هەڵوێستەی ڕەخنە لەسەدر دەگرن، دەڵێن: "سەدر بۆ ئەوە نەهاتۆتە سەرخەت تاپشتیوانی خۆپیشاندەران بكات، بەڵكو بۆ پاراستنی بەرژوەندییە تایبەتییەكانی‌و هاوپەیمانە سیاسییەكانی‌و پاراستنی هەیبەتی خۆی هاتووەتە شەقام، خۆ ئەگەر ئەوەی نەكردایە ئەوەی خۆپیشاندەران دژی حزبەكەیان وتویانەو كردویانە دژی ئەویش دەیانكرد". بەڕای ئەوان ئەم كارەی سەدر دەبێتە مایەی لاوازكردنی جوڵەی جەماوەرو كۆتایهێنان بە پشتیوانی لۆجستی‌و پارێزگاریكردن‌و كۆتایهێنان بە خۆپیشاندانەكان لەهەر لەحزەیەكدا بێت، بەتایبەت بەدوای ئەم هەڵوێستەی سەدر هەڵمەتێكی ئەمنیی فراوان لە(بەسرەو دیوانییەو بەغداد) دەستیپێكردووە‌و، هێزە ئەمنییەكان خێمەی خۆپیشاندەرانیان سوتاندووەو دەیان چالاكیشیان دەستگیركردووە. بەشێكی تر لەوانەی سەدر تۆمەتباردەكەن دەڵێن، سەدر بەم هەنگاوەی چۆتە بەرەی دژە شۆڕش‌و ئەم بڕیارەشی جێپەنجەی ئێرانی پێوەدیارە، ئەوەش دوای كۆبونەوەی دێت لەگەڵ سەركردەی گروپە چەكدارەكان لەشاری (قوم). لەدوای كشانەوەی لایەنگرانی سەدر لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان هەڵمەتی سەركوتكردن‌و ڕاوەدونان‌و دەستگیركردن بەشێوەیەكی بەربڵاو دەستیپێكردووە، بەجۆرێك هەندێك بە ڕاگەیاندنی جەنگ دژی خۆپیشاندەرانی ناویدەهێنێت. كاریگەریی سەدر     كشانەوەی لایەنگرانی ڕەوتی سەدر لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان كاریگەرییەكی دیاری كردۆتە سەر گۆڕەپانەكان، چی لەڕووی قەرەباڵغی‌و چالاكییەكان‌و، هەم لەڕووی بەشداری‌و پشتیوانی لۆجستی تادەگاتە ئەوەی ڕۆلێكی گرنگیان هەبووە لە پاراستنی خۆپیشاندانەكان، ئەمە قسەی بەشێكە لەچالاكی خۆپیشاندانەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.   ئامادەبوونی "كڵاوشینەكان"ی سەر بە سەدر، لەماوەی ڕابردودا بووەتە هۆی ڕێگریكردن‌و پاراستنی خۆپیشاندەران لەپەلاماری گروپە چەكدارەكان، بەوهۆیەوە بەشێك لە خۆپیشاندەران كشانەوەیان بە زیانێكی گەورە دەزانن بۆ خۆپیشاندانەكان. بەوتەی بەشێك لەچالاكانی مەدەنیش، هەندێك لایەن هەوڵی قوڵكردنەوەی كێشەكانی نێوان لایەنگرانی سەدر‌و خۆپیشاندەران دەدەن بۆ لاوازكردنی خۆپیشاندانەكان‌و، لەدەستدانی لایەنگرانی، ئەو دروشمانەشی دژی سەدر لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان بەرزكراونەتەوە بە دروشم‌و ڕای  خۆپیشاندەرانی نازانن، زیاتر بە كاردانەوەی تاكەكەسی وەسفدەكەن بەهۆی توڕەیی‌و هەستكردنیان بە نائومێدی لەبڕیاری كشانەوەی سەدرییەكان‌و بەجێهێشتنیان لەگۆرەپانەكان بەتاقی تەنیا.  


 (درەو): سەرباری ئەوەی لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی هەردووكیان سەربە یەك حزبی سیاسین، بەڵام پەیوەندیی نێوانیان خراپە، ئەمڕۆ كاتێك چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانیمان لەگەڵ كرد، چەند كاتژمێرێك بوو كە هەڤاڵ ئەبوبەكر نوسراوێكی ئاڕاستە كردبوو، تێیدا دەڵێ چیتر هیچ نوسراوێك لە ئێوە وەرناگرین‌و كاری لەسەر ناكەین، ئەو باسی ئەوە دەكات ئەنجومەنی پارێزگا ئاگاداری داهات‌و خەرجییەكانی پارێزگار نییە، باسی ئەو (14) ملیۆن دینارە دەكات كە پارێزگاری سلێمانی بۆ كڕینی ئۆتۆمبیلێك بۆ ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا خەرجیكردووە، لەگەڵ چەندین بابەتی تری تایبەت بە كارەكانی ئەنجومەن‌و پارێزگار، ئەو بەرزان محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان كە لەم چاوپێكەوتنەدا قسە بۆ (درەو) دەكات. چاوپێكەوتن: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت درەو: سەرلەنوێ لەگەڵ سەختبوونی بارودۆخی كەشوهەوا، دۆخی كارەبا خراپ بووەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە سوتەمەنیشتان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشنەكردووە، ئێوە لەوبارەیەوە چی دەڵێن ؟ بەرزان محەمەد: كێشەی سوتەمەنی‌و كارەبا كە هەردووكیان پەیوەندییان بەیەكەوە هەیە، بەبڕوای من بەشێكی ئەم بابەتە كێشەی سیاسییە. درەو: چۆن ؟ بەرزان محەمەد: كێشەكە لەدەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدایە، بۆخۆتان باش دەزانن كە پارەیەكی باش هاتووەتە ئەم وڵاتەوە، ساڵانە پارەیەكی باش بۆ سێكتەری كارەبا خەرجدەكرێت، بەڵام لەهەمان كاتدا كێشەكە چارەسەر نابێت، ئەم كێشەیە سودی بۆ وڵاتانی ناوچەكە هەیە، چونكە وا ئەكات بەردەوام هەرێم چاوی لە توركیا‌و ئێران بێت كە سوتەمەنی بۆ بنێرن، مەسەلەی نەوت لە دەرەوەی ئیرادەی كوردستانە‌و لای ئێران‌و توركیا‌و وڵاتانی زلهێزی بواری نەوتە، ئەگەرنا لە بابەتی كارەبادا هەموو هەرێمی كوردستان هێندەی شارێكی چین نییە، بۆ نمونە ئێوە بچن پرسیاری لە وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا بكەن لە چەمچەماڵ، بەردەوام دوو هێڵی وێستگەكە كارناكات، چونكە حكومەت گازی پێویستیان پێنادات، ئەمە لەكاتێكدایە حكومەت گاز هەناردەی دەرەوە دەكات، ئەمە خۆی پرسیارە. درەو: ئەم قسانەی ئێوە دەچێتەوە سەر هەمان رێچكەی قسەكەی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی كە وتی: كارەبا كاری ئێمە نییە ؟ ئێوە لە ئەنجومەنی پارێزگا لە پرسی خراپی كارەبادا هیچ بەرپرسیارێتییەك ناخەنە ئەستۆی خۆتان ؟ بەرزان محەمەد: لەراستیدا دەبێت سەیری دەسەڵاتەكان بكەیت، دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتێكی چاودێرییە، ئەتوانێت دەست بخاتەسەر كەموكوڕییەكان لەبواری خزمەتگوزاریدا، بۆ نمونە هاوڵاتی بەشێوەیەكی ئاسایی دەڵێ كارەبا نییە، بەڵام ئێمە ئەمە ئەكەین بە نوسراو و ئاڕاستەی پارێزگاری دەكەین، ئەویش وەزارەتی كارەبای لێ ئاگاداردەكاتەوە، بەڵام پارێزگار دەسەڵاتی جێبەجێكارەو سەرۆكی یەكەی ئیداری پارێزگایە. درەو: ئەی بۆ بابەتی سوتەمەنی چی دەڵێن، زستان تەواو دەبێت هێشتا نەوتتان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشنەكردووە، پارێزگار وتی با خەڵك دەخیلەیەك دروست بكەن و خۆیان نەوت بكڕن چاوەڕوانی حكومەت نەكەن ؟ بەرزان محەمەد: دەبوو پارێزگار بڵێ من ئاگام لەو بابەتەیەو كردومە، پارێزگار بەدەیان نوسراوی بەرزكردوەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران كە نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشبكرێت، ئەوەنەی من ئاگاداربم ئێمە وەكو سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەگەڵ سەرۆكی حكومەت‌و جێگری سەرۆكی حكومەت دانیشتین، سەرۆكی حكومەت ئێمەی دڵنیاكردەوە‌و وتی نەوتی هەموو كوردستان بۆ هەموو ساڵەكە كڕدراوە، هۆكاری ئەوەی كە نەوتەكە دابەشناكرێت، بۆمن جێگەی سەرسوڕمانە، چونكە ئێمە هەرسێ سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكان بوین (سلێمانی- هەولێر- دهۆك) لە كۆبونەوەكەدا وتی ئێمە نەوتی ساڵەكەمان دابین كردووە. درەو: ئێستا بۆچی بەدواداچوون ناكەن لەبارەی ئەوەی بۆ نەوتەكە دابەشنەكراوە ؟ بەرزان محەمەد: ئێمە رۆژانە هاوڵاتیان دێنە لامان‌و لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی نەوت‌و كانزاكانەوە ئەو پرسیارە دەكەین، ئێستا رۆژانە لەدەرەوەی ناوەندی پارێزگاكان نەوت دابەشدەكرێت، هەفتەی رابردوو لە بەرزنجە نەوت دابەشكرا، لە بازیان نەوت دابەشكراوە. درەو: بەڵام رەنگە زستان كۆتایی بێت‌و دابەشكردنی نەوت نەگاتە ناو شار ؟ بەرزان محەمەد: بەدڵنیایی، پرۆسەكە زۆر خاوە. درەو: ئێستا پێمان بڵێ ئایا دۆسیەی نەوت‌و كارەبا پەیوەستە بە پارێزگارەوە كە پارێزگار دەڵێ ئەوە كاری ئێمە نییە‌و ئەو بوارانە وەزارەتی تایبەت بە خۆیان هەیە ؟ بەرزان محەمەد: بەڵێ، پارێزگار وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی پارێزگای سلێمانی وایە، هەموو دەسەڵاتی جێبەجێكردنی لایە. درەو: ئایا پارێزگار ئەو دەسەڵاتانەی جێبەجێ دەكات، بۆنمونە بۆ چاككردنی دۆخی كارەبا لەڕووی كردارییەوە چی كردووە ؟ بەرزان محەمەد: نەك هەر پارێزگار، ئێمەش لە ئەنجومەنی پارێزگا لیژنەیەكمان هەیە بەناوی لیژنەی وزە، بەراستی بەدواداچوونی كردووە بۆ هەموو ئەو مەسەلانە، بەردەوامیش لەسەر دابەشكردنی نەوتی ماڵان لیژنەكەمان قسەی خۆی هەیە. درەو: كەواتە جەوهەری كێشەكە لە كوێدایە ؟ بەرزان محەمەد: كێشەكە لەوەدایە پرۆسەی دابینكردنەكە بەشێوەیەكی خاو بەڕێوەدەچێت، كێشەكە ئەوەیە لامەركەزیەت نەچەسپاوە، ئەنجومەنی پارێزگا وەكو پێویست دەسەڵاتی نییە، داهاتی پارێزگا ناگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان، تاوەكو ئەنجومەنەكان بتوانن دەسەڵات بدەن بە پارێزگارەكان بۆ ئەوەی لەو داهاتانە خەرجی بكەن بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری. درەو: ئێستا پارێزگای سلێمانی داهاتی خۆی بۆ پرۆژەكان لە كوێوە پەیدا دەكات ؟ بەرزان محەمەد: ئێمە وەكو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هیچ داهاتێكمان نییە. درەو: ئەنجومەن نا، مەبەستمان پارێزگارە ؟ بەرزان محەمەد: ئێمە وەكو ئەنجومەن هیچ شارەزاییەكمان نییە لەبارەی داهاتەكانی پارێزگارەوە. درەو: واتە ئێوە نازانن پارێزگار داهاتەكانی چەندێكە‌و لەچیدا خەرجیان دەكات ؟ بەرزان محەمەد: نەخێر. ئاگادار نین. درەو: واتە هیچ ژمارەیەكیش لەبەردەستتاندا نییە ؟ بەرزان محەمەد: ئێمە لیژنەیەكمان هەیە كە لیژنەی داراییە، ئێوە ئەتوانن لەڕێگەی ئەوانەوە پرسیار بكەن، هەرچەندە من بۆخۆم چەندجارێك یاداشتی لیژنەی دارایم بەرزكردوەتەوە بۆ بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەن‌و ئاگاشم لێبووە سەرۆكی ئەنجومەن بە نوسراو لایەنی پەیوەندیداری ئاگاداركردوەتەوە، بەڵام تائێستا یەك داتای رێكوپێكمان نەهاتووەتە بەردەست. درەو: بەمدواییە پارێزگار هەندێك خەرجی دەكات بۆ كڕینی پێداویستی بۆ خوێندنگەكان، نازانن سەرچاوەی ئەم خەرجییەش لەكوێوە دابین كراوە‌و چۆن خەرجكراوە ؟ بەرزان محەمەد: من جێگری سەرۆكی ئەنجومەنم، نازانم داهاتەكان لە كوێوە دێن، تەنیا ئەوەم بیستووە كە ئەڵین هەندێك كۆمپانیا هاوكاری دەكات. درەو: كۆمپانیا هاوكاری پارێزگار دەكات ؟ بەرزان محەمەد: بەڵێ. درەو: ئەو هاوكارییەی كۆمپانیاكان لەبەرامبەر چیدایە ؟ بەرزان محەمەد: لەراستیدا من وردەكارییەكەی نازانم، بەڵام ئەوەندەی ئاگاداربم پارێزگار پارەیەكی بەردەستیشی هەیە نازانم بەدیاریكراوی مانگانە (50 ملیۆن) دینارە. درەو: ئەی ئەو (50 ملیۆن) دینارە لە كوێوە هاتووە ؟ بەرزان محەمەد: ئەوە هی ئەنجومەنی وەزیرانە، ئەوە بۆ هەموو خەرجییە تەشغیلییەكانی پارێزگارە. درەو: ئێوە نازانن ئەو پارەنەش چۆن خەرجدەكرێن ؟ بەرزان محەمەد: ئێمە تائێستا نازانین چی لەبەردەستدایە، كە نەمانزانی چی لەبەردەستدایە چۆن بزانین چۆن خەرجكراوە! درەو: ئەی ئێوەی دەسەڵاتی ئەوەتان نییە لە پارێزگار بپرسنەوە، ئەی نابێت ئەو داهاتە بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەن‌و لە ئەنجومەنی پارێزگاوە بڕیار لەسەر خەرجكردنی بدرێت. بەرزان محەمەد: ئەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتی هەیە لێی بپرسێتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی لەدوای قەیرانی داراییەوە كۆمەڵێك بودجە هەبوو كە ساڵانە دەهات وەكو بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان، ئێستا ئەوانە نەماون، ئەوەندەی من ئاگاداربم ئەو پارانە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دابین دەكرێن‌و هەر لەوێش بڕیاریان لەسەر دەدرێت، پارەكان بۆ ئەو پرۆژانە تەرخان دەكرێت كە رێژەی 90%یان تەواوبوون. درەو: ئێوە گومانتان لە خەرجكردنی ئەو پارانە هەیە ؟ بەرزان محەمەد: من وەكو خۆم ناتوانم گومان بكەم، ئەگەر بەڵگەیەكم پێ نەبێت، بەڵام ئێمە لەڕێگەی لیژنەكانەوە بەردەوام پرسیارمان كردووە‌و وەڵامی پێویستمان وەرنەگرتووە، راپۆرتێكی رێكخراوی (كوردستان بۆ هەموان) هەیە زۆر بە وردی باسی ئیشوكارەكانی ئەنجومەن دەكات، ئەو رێكخراوە كە رێكخراوێكی ئەمریكی سپۆنسەری دەكات ساڵانە چاودێرە بەسەر ئیشوكارەكانی ئەنجومەنی پارێزگا‌و دواتر بە راپۆرت بڵاوی دەكاتەوە. درەو: واتە ئێوە بە نوسراوی فەرمی داوای داهات‌و خەرجیتان لە پارێزگار كردووە ؟ بەرزان محەمەد: ساڵی رابردوو سەرۆكی لیژنەی دارایی‌و كارگێڕی داوای هەموو داهات‌و خەرجی پارێزگای سلێمانی كرد، بەڵام لەڕاستیدا هیچ زانیارییەكی ئەوتۆ نەهاتە بەردەستمان، تەنیا بەژمارە رێژەی داهات‌و خەرجییان بۆ ناردین نەك وردەكارییەكەی. درەو: واتە وەسڵی داهات‌و خەرجی نیشانی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا نادرێت ؟ بەرزان محەمەد: لەوانەیە سەیركردنی وەسڵ كاری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا نەبێت، چونكە ئەوە چاودێری دارایی‌و نەزاهە ئەو كارانە دەكەن. درەو: ئێوە ئاگاداری گرێبەستەكانی پارێزگارن ؟ بەرزان محەمەد: ئەوەی ئێمە زیاتر ئاگامان لێیەتی ئەو كەمكردن‌و زیادكردنانەیە كە بۆ بوارە خزمەتگوزارییەكانن وەكو پاككردنەوە، بەڵێ ئێمە ئاگاداری ئەوانەین‌و ئەگەر سەرەنجێكیشمان هەبوبێت پێیان وتوین. درەو: ئێوە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانن، كاتێك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كرا ئێوە لە هەڵمەتی هەڵبژاردن بانگەشەی چەسپاندنی لامەركەزیەتی ئیداریتان دەكرد لەڕێگەی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە، بەڵام ئێستا ئەنجومەن‌و پارێزگارەكان چاوەڕێی رەحم‌و كەرەمی حكومەتن لە هەولێر یارمەتیدان بدات، بۆچی لامەركەزیەتی ئیداری نەچەسپا ؟ بەرزان محەمەد: من وەكو خۆم‌و بزوتنەوەی گۆڕانیش لەراستیدا باش لە بابەتەكە نەگەیشتبوین، چونكە یاسای ژمارە (3) یاسایەكە دورو نزیك هیچ پەیوەندییەكی بە لامەركەزیەتەوە نییە، شتێك كە پەیوەندی بەوەوە نەبێت، ئەبێت هەمواری بكەیتەوە، یاساكە ئەنجومەنی پارێزگای سەرپشكردووە چاودێر بێت بەسەر حكومەتی خۆجێییەوە، بەڵام لە هەمانكاتدا دەسەڵاتەكانی مەحدودە، بۆ نمونە ئەو رێنماییانەی لە وەزارەتی داراییەوە دەردەچێت لەبارەی ئەو باجانەی دەخرێتە سەر هاوڵاتیان، ئێستا دوكاندارێك پێنج جۆر باجی لەسەرە، لەوانەیە ئەنجومەنی پارێزگا لەگەڵ ئەمەدا نەبێت، بەڵام هەر لە یاساكەدا هاتووە ئەڵێ ئەنجومەن كاتێك دەتوانێت بڕیارو رێنمایی دەربكات كە دژ نەبێت لەگەڵ بڕیاری ناوەنددا، لەوكاتەدا ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی پارێزگا دەریان دەكات لە ئەرزی واقیعدا هیچ ئەرزشێكیان نابێت. درەو: واتە بەبڕوای ئێوە بەرلەوەی باس لە چەسپاندنی لامەركەزیەتی ئیداری بكرێت دەبێت یاساكان هەموار بكرێنەوە ؟ بەرزان محەمەد: بەڵێ، دەبێت یاسای ژمارە (3) زۆر بەباشی هەموار بكرێتەوە، بەداخەوە ئەمساڵ هەمواركرایەوە بۆ دوو مەبەست، یەكەم بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، دووەم ئەوە بوو دەسەڵاتی ئەوەیان لە ئەنجومەنی پارێزگا سەندەوە كە خۆی پارێزگار دیاری بكات، بۆئەوەی حزبەكان لە دەرەوەی ئەنجومەنەكەوە خەڵك بهێنن بیكەن بە پارێزگار. درەو: دەمانەوێت لەبارەی پەیوەندی ئێوە لەگەڵ خەڵك قسە بكەین، ئێستا ئەگەر تەماشای راگەیاندنی پارێزگار بكەیت دەردەكەوێت پارێزگار زیاتر سەرقاڵی كاروباری تەشریفاتییە‌و زۆر بەكەمی وێنەی كردنەوەی پرۆژەكان دەبینرێت، وێنەكانی پارێزگار وای نیشان دەدەن پارێزگای سلێمانی بێ كێشەیە، ئەو وێنانە بەبۆچونی ئێوە گوزارشت لەواقعی پارێزگاكە دەكەن ؟ بەرزان محەمەد: لەڕاستیدا منیش ئەوە جێگەی سەرەنجمە، من ئەوەندەی ئاگاداربم پارێزگار زۆر ئیشی باشی كردووە، هەر لە نۆژەنكردنەوەی خوێندنگەوە بۆ كاری تر، بەڵام من تێناگەم، ئەو پرسیارە لەخۆی بكەن، بابەت بڵاودەكاتەوە هیچ پەیوەندییەكی بە پارێزگارەوە نییە، تەنانەت بابەتێكی میدیاییش نییە، بۆ نمونە تۆ بۆ پشتیوانی كرێكاری شارەوانی دەچیت شت كۆدەكەیتەوە، ئەمە هیچ لەبەرژەوەندی گشتیدا نییە، یاخود ئافرەتێك لە بواری خۆیدا سەركەوتووە تۆ ئەو هەموو كێشەیەی ئەم شارە بەجێبهێڵیت‌و بچیت رەسمی لەگەڵدا بگریت، بەراستی من لەوەی پارێزگار تێناگەم، بەڵام من پێتان ئەڵێم ئاگام لێیەتی جۆرەها ئیشی باشی كردووە، ئەوانە هیچی لە ئیعلامدا نابینم، بەڵام ئەو شتانە ئەبینم كە ئیشی پارێزگار نییە. درەو: واتە بەقسەی ئێوە ئەوەی راستە كە پارێزگار جارێك وتی لەماوەی 11 مانگدا 11 هەزار ئیشم كردووە ؟ بەرزان محەمەد: من ئێستا تەنیا ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی چوار بۆ پێنج داواكاریی هاتوەتە لام، چوار پێنج نوسراوم كردووە، ئەگەر لێكی بدەیتەوە ئەوانە هەمووی ئیشە، بەڵام تۆ وەختێك ئەتوانیت بە شتێك بڵێی ئیش كە بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتی تێدا بێت، بۆ نمونە ئەگەر تۆ بتوانیت كارەبای سلێمانی لەباتی ئەوەی خەڵك هەشت كاتژمێر كارەبای هەبێت دە كاتژمێر هەیبێت ئەوە پێی ئەوترێت ئیش، بەڵام تۆ كێشەیەكی شەخسی هاوڵاتییەك یان نوسراوێك بۆ شوێنێك خۆی بە ئیشە بەڵام ناتوانی وەكو ئیش باسی بكەیت. درەو: باسی بەرژەوەندی گشتیت كرد، ئەتویست بڵێی كارەكانی پارێزگار بۆ بەرژەوەندی تایبەتین، بەمدواییە باسلەوەكرا پارێزگار بڕی 14 ملیۆن دینار بۆ كڕینی ئۆتۆمبیل بۆ ئەندامێكی ئەنجومەن خەرجكردووە ؟ بەرزان محەمەد: من لەسەر بابەتی 14 ملیۆن دینارەكە هیچ سەرەنجێكم نییە، ئەندامێكی ئەنجومەن لەسەر ئەو بابەتە سكاڵای تۆماركردووەو ئێمەش سكاڵاكەمان داوە بە لیژنەی یاسایی‌و چاوەڕێی وەڵامی لیژنەی یاسایی دەكەین. درەو: ئەی دۆسیەی گومانەكانی گەندەڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی بەكوێ گەیشت كە لە ئەنجومەنی پارێزگاوە جوڵێندرا ؟ بەرزان محەمەد: ئێمە بەرێز بەڕێوەبەری رۆشنبیری سلێمانیمان بانگهێشتی ئەنجومەن كرد، كۆبونەوەیەكمان لەگەڵ كرد، دوای كۆبونەوەكە دۆخەكە وەكو خۆی ماوەتەوە، ئەو بەڕێزەی كە ئەندامی ئەنجومەنە‌و سكاڵاكەی كردووە هیچ بەڵگەیەكی نەبوو تاوەكو ئێمە مەسەلەكە بجوڵێنین، بۆیە ئێمە كە بەڕێوەبەری رۆشنبیریمان بانگ كرد داوای زانیاریمان لێكرد واتە بۆ لێپرسینەوە نەبوو، ئەو بابەتە تائێستا لای بەرێز سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیرییە. درەو: بەمدواییە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە بابەتی دەروازە سنورییەكان‌و گەندەڵیدا جوڵەیەكی كرد، هەرچەندە وا دەركەوت جوڵەیەكی تاكەكەسییە‌و هەوڵی یەك ئەندامی ئەنجومەنەكەیە، بەڵام بەگشتی ئێستا زۆر باسی قاچاخچێتی دەكرێت لە دەروازە سنورییەكان، ئێوە لەم بوارەدا چیتان كردووە ؟ بەرزان محەمەد: لەراستیدا ئێمە لیژنەكانمان ئەوەی وابەستەبێت بەو بابەتەوە، لیژنەی وزە‌و لیژنەی كشتوكاڵ‌و لیژنەی كارگێڕی سەردانی دەروازەی باشماخیان كردووە، ئەوەندەی من ئاگاداربم یاداشتی خۆیان داوە‌و سەرەنجی خۆیان لەسەر كۆمەڵێك شت هەبووە، بەڵام وەكو پێموتن ئەوانەی ئێمە دەیخەینەڕوو بەمەبەستی چارەسەر دەبێت بەڵگەی لەگەڵدا بێت نەك بەتەنیا قسە بێت. درەو: ئێوە چاودێرن لەسەر كاروباری فەرمانگەكان لە سلێمانی، دوای زیاتر لە چوار ساڵ كاركردنی ئێوە هێشتا رۆتینات زۆرەو كەمینەكردووە ؟ بەرزان محەمەد: لەراستیدا رۆتینات لە فەرمانگەكاندا جیاوازی هەیە، تاڕادەك كەمبوەتەوە، بەڵام لە كوێدا كەمبووەتەوە، لەو فەرمانگانەدا كەمیكردووە كە باج وەردەگرن. درەو: لە بواری خزمەتگوزاریدا چیتان كردووە لەگەڵ فەرمانگەكاندا ؟ بەرزان محەمەد: ئێمە ئەگەر رۆژانە دە نوسراو بكەین، هەشت نوسراویان بۆ بایەتی خزمەتگوزارییە. درەو: سایلۆی سلێمانی كە روخێندرا بڕیاربوو بكرێتە پرۆژەیەكی گەورە، ئەوە بەكوێ گەیشت، بۆچی كاری تێدا ناكرێت؟ بەرزان محەمەد: ئێمە وەك ئەنجومەن لەڕێگەی لیژنەی پلان‌و پرۆژەكانەوە هەردوو كۆمپانیای (هیوا رەئوف‌و ئاردی سەفین) لەگەڵ بەڕیوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی، میوانداریمانكردن لە ئەنجومەن، بابەتەكان تاوتوێكران‌و خەلەلەكان دۆزرایەوە، هۆكارەكان چیە كۆمپانیای ناوبراو ئەم پرۆژەیەی نەجوڵاندووە ؟، كارگەی ئاردی سەفین بۆ كارگەیەكی بە براندێكی باشتر درووست نەكردووە، كە لە گرێبەستەكەدا تێیدایەتی، بڕیارماندا كۆبونەوەی دواتر لەگەڵ بەڕێز پارێزگاری سلێمانیدا بێت، ئێمە نوسراومان بۆ پارێزگاری سلێمانی كرد، كە لەبەروارێكی دیاریكراودا بێت بۆ ئەنجومەن، لە راستیدا نەهات، لەوكاتەدا چوبوو بۆ هۆتێل تایتانێك بۆ مەراسیمیێكی زۆر ئاسایی كە ئەیتوانی نەچێت، دیارە ئەنجومەن پێی ناخۆش بوو كە نەهات، یاداشمان نوسی و داوای رونكردنەوەمان كرد، ئەو هات لەبری ئەوە رێنمایی بۆ ئەنجومەن دەركرد كە نوسی بووی دەبێت بەم هۆكارانە من بانگ بكەن، یەكەمجارە لە بەڕێوەبردندا لایەنی جێبەجێكار رێنمایی بۆ لایەنی چاودێر دەربكات، خۆی پرۆسەكە بەپێچەوانەوەیە، ئەمەش بە رەزامەندی سەرۆكی ئەنجومەن كردبووی، من وەكو جێگری سەرۆكی ئەنجومەن وەڵامی نوسراوەكەیم دایەوە، تائێستا وەڵامی نەداوەتەوە، ئەمڕۆ بەداخەوە بەرپرسی نوسینگەی پارێزگاری سلێمانی نوسراوێكی بۆ كردبووم كە نوسراوی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا وەرناگرین‌و كاری لەسەر ناكەین، كە ئەمە لەڕووی كارگێڕییەوە كارێكی خراپە، زۆر نایاساییە، من پشت بە پەیرەوی ناوخۆی ئەنجومەن دەبەستم بۆ نوسراو، كە دەسەڵاتی نوسراوم هەیە، من پشتبەست بە پەیرەو ئەو نوسینەم كردووە، ماوەیەكی دیاریكراویش لەسەر ئەو مەسەلەیە دەوەستین، كە ئەوە كەمكردنەوەیە لە شكۆی ئەنجومەن‌و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا كە نوێنەری راستەوخۆی خەڵكن، نەبووە لایەنی جێبەجێكار رێنمایی بۆ لایەنی چاودێر دەربكات.  درەو: ئێوە چەندجار پارێزگارتان لەم خولەدا بانگهێشتی ئەنجومەن كردووە بۆ لێپرسینەوە؟ بەرزان محەمەد: ساڵی رابردوو لە مانگی 12دا دووجار بانگی پارێزگارمان كرد نەهات. درەو: دەوترێت پارێزگار كەسە نزیكەكانی لە نوسینگەكەی دامەزراندووە، ئەمە راستە؟ بەرزان محەمەد: لەراستی من وەكو خۆم وەكو بەرزان ئەوانە بە كێشەی گەورە نازانم، من كاركردنی پارێزگار بۆ بەرژەوەندییە گشتیەكان بەلامەوە گرنگە، ئەوە بەشتێكی تایبەتی خۆی دەبینم. درەو: پارێزگاری سلێمانی جگە لە ئۆفیسی خۆی لەناو پارێزگا هیچ ئۆفیسیكی تری لەدەرەوەی پارێزگار هەیە؟  بەرزان محەمەد: قسە لەسەر شوقە دەكەن لە دەروازەو خۆی وتویەتی ئەوە موڵكی پارێزگایە، نەك خۆی، تائێستا ئێمە داوای رونكردنەوەمان لێنەكردووە. درەو: زۆر باس لەوە دەكرێت پارێزگای سلێمانی دواكەوتووە، دەوترێت سلێمانی پەراوێزخراوە، ئێوە درك بەوە دەكەن ؟ بەرزان محەمەد: لە سلێمانیدا هەموو بێ خزمەتگوزارییەك هەیە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانیم لابوو، وتی: چووم بۆ هەولێر بۆلای وەزیرو بریكاری وەزیری كارەبا، قەناعەتم پێكردوون (32) ملیۆن دینار بۆ سلێمانی خەرجبكەن بۆ راكێشانی كارەبا، وتی: پێم وتوون بەقەد ئاستی پرۆژەكانی هەولێر یان دهۆك بێت، دیارە ئەمە بۆخۆی ئەوە دەگەیەنێت كە جیاوازییەك هەیە، ئەوە پارێزگاری سلێمانی ئەتوانێت قسە بكات، چونكە ئەوان دەسەڵاتی جێبەجێكارن، مانگانە ئەوەی دەدرێت بە سلێمانی كەمترە لەوەی هەولێر یان دهۆك یاخود نا ؟! درەو: پارێزگاری سلێمانی لەنێوان قسەو كرداردا كامیانی زۆرترە ؟ بەرزان محەمەد: واباشترە ئەو پیاوە (پارێزگار) بۆ هەموو شتێك قسەی نەبێت، ئەو پارێزگارە، لەوانەیە ئێستا خراپترین بارودۆخی نێوان من‌و ئەو بێت، بەڵام من ئاگام لێیەتی زۆر كاری باش دەكات، ئەو پیاوە ئیش دەكات، بەڵام ئەو كارانەی دەیكات باشەكان باس ناكات ، بەڵام ئەوانەی پێویست ناكات خەڵكی بزانێت دێت ئەوانە باس دەكات، ناشكرێت تۆ لەسەر هەموو شتێك قسەت هەبێت، ئەو برادەرە وا تێگەیشتووە كە لەبەر ئەوەی پارێزگارە دەبێت لەسەر هەموو شتێك قسەی هەبێت.  درەو: بەمدوایانە ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتی باسی لەوە كرد هەوڵێك لەلایەن یەكێتییەوە هەیە بۆ گۆڕینی پارێزگار، هیچ شتێكی جدی هەیە لەناو ئەنجومەن ؟ بەرزان محەمەد: ئێمە وەك ئەنجومەن هیچ شتێكمان پێنەگەیشتووە، چونكە ئەوە بەرێككەوتنی سیاسی كراوەو ئەگەر باس بكرێت لەنێوان مەكتەبی سیاسی یەكێتی و خانەی راپەڕاندنی گۆڕاندا دەكرێت.  درەو: رێككەوتنەكە كۆتایی هاتووە، كە كۆتایی هاتووە چۆن پرسی پارێزگا باس نەكراوە ؟  بەرزان محەمەد: ئەو بارودۆخە سیاسییەكەی كە لەم ناوچەیەدا هەیە ئەو بوارەی هێشتوەتەوە كە ئەو پرسە وا بڕوات، لەدوای ریفراندۆمەوە ئەم ناوچەیە خۆی نەگرتوتەوە، ئەو لایەنەی كە بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنی لەگەڵدا هەیە كە یەكێتییە، تائێستا كۆنگرەكەشی یەكلانەكردوەتەوە، بڕوام وایە ئەگەر كۆنگرەكەیان تەواوبێت بە پەیوەندییەكانی خۆیاندا دەچنەوە، تا ئەم ساتەوەختە هیچ شتێك لە بارەی گۆڕینی پارێزگارەوە نەهاتووە. درەو: بە قسەكانتدا دەردەكەوێت پەیوەندی نێوان پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەن كە یەكێتییە زۆرباشە، بەڵام پەیوەندی نێوان پارێزگارو جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا كە هەردوكتان سەربە بزوتنەوەی گۆڕانن خراپە، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ بەرزان محەمەد: هۆكارەكەی تەنها بۆ كاركردن دەگەڕێتەوە، پێموایە لیژنەكانی ئەنجومەن كە یاداشتێك بەرز دەكەنەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە، ئەوە پەیڕەوی ناوخۆ دەسەڵاتی پێداون، ئەو یاداشتانەش بۆ ئەوەیە زانیارییان دەستكەوێت یان لێكۆڵینەوە لە بابەتەكان بكەن، بەڵام بۆ زۆر بابەت بەتایبەت سایلۆكە ئەوە وەڵامی پارێزگار بوو، ئەوەی ئەركی سەرشانی خۆمەو پەیڕەوەكە دەسەڵاتی پێداوم ئەوە جێبەجێ دەكەم. درەو: ئێستا پەیوەندی نێوان پارێزگارو بزوتنەوەی گۆڕان چۆنە، ئەوەندە ئێوە لە ئەنجومەنی پارێزگاو بزوتنەوەی گۆڕانیش بن؟ بەرزان محەمەد: لەگەڵ فراكسیۆنی گۆڕان پەیوەندی ئاساییە، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانیشدا تەبعەن تا ئەم ساتە ئەو نوێنەرایەتی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات لەو پۆستە، نە خۆی وتویەتی نە بزوتنەوەی گۆڕانیش وتویەتی، بەڵام وەك خۆی دەڵێت ئەو پیاوی دەوڵەتە (بە پێكەنینەوە)،  كۆبونەوەی فراكسیۆن جیایە لە حكومەت، بەڵام یەك كۆبونەوەمانكردووە لەنێوان فراكسیۆنی ئەنجومەنی خۆجێی‌و حكومەت ئەو نەهاتبوو، نازانم ئەچێتە كۆبونەوەكان یان ناچێت، بەڵام تا ئەم ساتە هەر گۆڕانە، لەسەر پشكی گۆڕانە.   


درەو : وەزیری دارایی رایدەگەیەنێت"  گومرگەكان بەشێوەیەكی پاك و روون داهات كۆدەكەنەوە" و سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانیش دەڵێت" خاڵە سنوریەكان بوەتە ناوەندێك بۆ قاچاخچێتی و قۆرخكاری" ئەمڕۆ رۆژی جیهانی گومرگە، لە هەرێمی كوردستان كاری گومرگی دەروازە سنورییەكان گومانی زۆری لەسەرە، گومانەكە پەرلەمانتارانی كوردستان دروستیان كردووە. ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لە رۆژی جیهانی گومرگدا ستایشی كاری گومرگەكان دەكات و دەڵێت بەشێوەیەكی "پاك" كاردەكەن وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا: ئەو سەركەوتنە بەرچاوانەی لە بواری كۆكردنەوەی داهاتدا بەشێوەیەكی پاك و رون بەدیتانهێناوە جێگەی پێزانینە؟ لەبەرامبەردا لە نوسینێكدا عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەكردووە" خاڵە سنوریەكان بوەتە ناوەندێك بۆ قاچاخچێتی و قۆرخكاری و بە ملیۆنێركردنی چەند بەرپرس وكەسێك" سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان بەرونی ئاماژە بەوە دەكات" ئەم دۆخی گەندەڵیە لەسەرجەم خاڵە سنوریەكاندا ھەیە، ھەریەكە بە شێوازی جی، بەدواداچونمان بۆ ھەموو دۆسیەكان كردوە، لە ئیبراھیم خەلیل و سمێلكاوە تاوەكو باشماخ...ئەوەی دیومە، لوتكەی فەسادو گەندەڵییە..كۆی بەرپرسانی حكومەت لەم دۆسیە مەترسیدارانە ئاگادار كراونەتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا بەردەوامە" عەلی حەمە ساڵح بە روونی باس لە گەندەڵی لە خاڵە سنورییەكان دەكات"  لەم نوسینەدا دوو نمونەی تری گەندەڵی باس دەكەم! یەك: ئەوەی لە خاڵی سنوری سمێلكا، حومكمڕانەو بڕیاری بازرگانی دەدات چی بڕوات و چی بێت كۆمپانیای ستێرە.. نەك حكومەت ئەم دۆسیەش بە وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران وتراوە... دوو: ئێستا لە دەرەوەی گومرگی باشماخ ، بە پشتبەستن بە ھێزی ئەمنی جگەرە بە قاچاخ دێت و بە ھیچ گومرگ و پشكنینێك تێناپەڕێت، قەباری ئەم قاچاخی جگەرە بەشێوەیەكی مەترسیدار زیادیكردوە، ٨٠٪‏ جگەرە ئێستا بە قاچاخ لەلایەن بەرپرسانەوە بە ھێزی ئەمنی داخڵدەكرێت، مانگێكە بە نوسراوی فەرمی سەرجەم دامەزراوە فەرمیەكانمان ئاگاداركردوەتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا بەردەوامە... بەراوردی ھاتنی جگەرە لە نێوان شەش مانگی كۆتایی ٢٠١٨ بە شەش مانگی كۆتایی ٢٠١٩ دەریدەخات مانگانە ٢٠٠ ھەزار كارتۆن جگەرە بە قاچاخ دێت... جگەرەی هاتوو بە گومرگی باشماخ ٦ مانگی كۆتایی ٢٠١٨ (١٦٩٢٢٢٦) یەك ملیۆن و شەش سەدو نەوەدو دوو ھەزار و دووسەدو بیست و شەش كارتۆن لە ٢٠١٩ قاچاخ دەستپێدەكات و گومرگی فەرمی ٨٠٪‏ كەمدەكات جگەرەی هاتوو ٦ مانگی كۆتایی ٢٠١٩ (٣٢٢٥٧٤) سێ سەدو بیست دوو ھەزارو پێنج سەدو چل و حەوت... جیاوازی ڕەسمی گومرگی لە نێوان هەردوكیان (٥٤٧٨٦٠٨٠) پەنجا و چوار ملیۆن حەوت سەد و هەشتا شەش هەزار و هەشتا دۆلار. تەنیا لە باشماخ، قازانجی مانگێكی قاچاخی ھێلكەو جگەرەو مەشروب دوگ ٢٥ ملیۆن دۆلارە... بەڕێزان سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی، ئەم ٢٥ ملیۆن دۆلارە ھەموو مانگێك ٢٥ قوتابخانەی پێدروستددەكرێت، ئەمە یەك ڕێگای گەندەڵیە!!! بەھۆی ئەم دۆسیەی خاڵە سنوریانە، فشارێكی ئێجگار زۆرمان لەسەرە بۆ ئەوەی بێدەنگ بین، بەنیەتی چاكسازی ھاتینە حكومەت، بەدڵنیای ئەگەر لە ڕێگا لەم تاڵانیە نەگرێت، بێدەنگ دانانیشین، و ئەوانەی بەرپرسن لەم تاڵانیەو بە گرێبەست كۆمەڵێك كەس و كۆمپانیایان كردە ملیۆنێر دەبێت دادگایی بكرێت، نەك دەستخۆشیان لێبكرێت..  


 (درەو): هەینی، رۆژی جیهانی فێركردن (خوێندن) بوو، بەپێی ئامارەكان لە جیهاندا 800 ملیۆن كەس نەخوێندەوارن، لەم ژمارەیە (3 ملیۆن‌و 700 هەزار) كەسیان لە عێراق‌و هەرێمی كوردستاندان.  نەخوێندەواری لە هەرێم بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان، ساڵی 2007 رێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمی كوردستان (27%) بووە، بەڵام (10) ساڵ دواترو بە دیاریكراوی لە ساڵی 2017دا رێژەكە كەمیكردووە بۆ (21%). ئاماری دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2018 دەریدەخات رێژەكە گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە‌و لە 2018دا رێژەی نەخوێندەواری (21%) بووە. ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی ئاماری وەزاتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان، ساڵی 2013 رێژەی نەخوێندەوارەی لە هەرێمی كوردستان (16%) بووە، واتە لەمساڵانەی دوایدا رێژەی نەخوێندەواری بەرزبونەوەی بەخۆوە بینیوە. نەخوێندەواری لە عێراق دوێنێ وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئامارێكی نوێی لەبارەی خوێندەواری لە عێراق بڵاوكردەوە، بەپێی ئامارە نوێیەكە، ساڵی 2019:  •    رێژەی نەخوێندەواری لە عێراق لەناو ئەو كەسانەدا كە تەمەنیان (10) ساڵە، گەیشتوەتە (13%)، لێرەدا رێژەكە لەناو كچاندا بەرزترە. •    ئەوانەی تەمەنیان لە سەرو (10) ساڵییەوەیە، لەناو كچاندا (82%) خوێندەوارن، لەناو كوڕانیشدا (92%) خوێندەوارن، واتە لەسەرو (10) ساڵییەوە رێژەی نەخوێندەواری زۆر كەمە. •    رێژەی پەیوەندیكردن بە خوێندی سەرەتاییەوە گەیشتوەتە (93%)، رێژەی پەیوەندیكردن بە خوێندنی ناوەندییەوە گەیشتوەتە (57%)، بەڵام رێژەی پەیوەندیكردن بە خوێندنی ئامادەیی كەمە‌و تەنیا (30%)ە. •    ئامارەكە باس لەوەدەكات ساڵی 2019 ژمارەی دانیشتوانی عێراق (39 ملیۆن) كەسی تێپەڕاندووە، لەم ژمارەیە بەكۆی گشتی (13%) نەخوێندەوارن، واتە (3 ملیۆن‌و 700 هەزار) كەس، پێوەری یەكەم ئەژماركردنی نەخوێندەواری لە تەمەنی (10) ساڵییەوە دەستپێدەكات. نەخوێندەواری لە جیهان بەگوێرەی نوێترین ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان، ئێستا ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە جیهاندا نەخوێندەوارن گەیشتووەتە نزیكەی (800 ملیۆن) كەس. ئامارەكان ئاماژە بەوەدەكەن، (260 ملیۆن) منداڵ لە جیهاندا ناچن بۆ خوێندنگەكان، ئەمە لەكاتێكدایە یەكێك لە ئامانجە نێودەوڵەتییەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ساڵی 2030، فەراهەمكردنی خوێندنی گشتگیرو باشە بۆ هەموان.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand