Draw Media

"بەخشین" كێشە دەخاتە ناو كۆمەڵی ئیسلامییەوە

"بەخشین" كێشە دەخاتە ناو كۆمەڵی ئیسلامییەوە

2020-07-29 19:48:16


راپۆرت:  فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف
دەزگای بەخشین كێشەی لەناو كۆمەڵی ئیسلامیدا دروستكردووە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی بەخشین لە سلێمانی دەستی لەكاركێشایەوە، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی كە سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە دەڵێ:" داهات‌و خەرجی نەخۆشخانەكە ناشەفافە"، لیژنەیەكی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی وردبینی كردووە‌و دەڵێ "شەفافە"، داهاتی مانگانەی نەخۆشخانەی بەخشین (ملیارێك‌و 400 ملیۆن) دینارە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

دەستی لەكاركێشایەوە
سەروەر خورشید بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی بەخشین لە سلێمانی دەستلەكاركێشایەوە‌و لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی:" لەبەرواری (19/7/2020)ـەوە وەكو بۆردی كارگێڕی نەخۆشخانەی بەخشین دەستی لەكاركێشاوەتەوە‌و دوای رادەستكردنی سەرجەم پابەندییە دارایی‌و كارگێڕی‌و یاساییەكانیش ئەمڕۆ دەستی لەكار هەڵگرتووە‌و ماڵئاوایمان پزیشك‌و كارمەندانی نەخۆشخانەكە كردووە".
سەروەر خورشید دەڵێ:" لەم بەروارەوە بەدواوە هیچ پەیوەندییەكی یاسایی‌و كارگێڕی‌و داراییمان لەگەڵ نەخۆشخانەی بەخشین و دەزگای بەخشیندا نامێنێت".
بەپێی بەدواداچوونی (درەو)، هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی سەروەر خورشید بۆ سكاڵایەك دەگەڕێتەوە كە (عەبدوڵا ئەحمەد) جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندورستی سلێمانی كە سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە، لە مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ لەسەری تۆماركردووە.

سكاڵاو ناڕەزایەتی
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەو سكاڵانامەیەدا، عەبدوڵا ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەسەر دەزگاو نەخۆشخانەی بەخشینی نوسیویەتی داوا دەكات كۆمەڵی ئیسلامی:
•    وردبینی بكرێت لە تێچوو و داهات‌و گرێبەستەكانی نەخۆشخانەی بەخشیندا.
•    باسی لەوەكردووە داهاتی پرۆژەی نەخۆشخانەی بەخشین لە مانگێكدا (ملیارێك‌و 400 ملیۆن) دینارە، بەڵام دەزگای بەخشین‌و ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵ رێگەنادەن وردبینی تێدا بكرێت.
•    دەیان ئەندامی كۆمەڵ بە پاساوی جیاواز لەلایەن بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكەوە دەركراون‌و خەڵكی لە دەرەوەی كۆمەڵی ئیسلامییەوە لە نەخۆشخانەكە دانراون‌و بەرپرسیارێتییان پێسپێردراوە.
•    بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە رێگەی نەداوە دەزگای بەخشین ژورێكی لەناو نەخۆشخانەكەدا هەبێت بۆ چاودێریكردنی كارەكانی نەخۆشخانە.
•    دەزگای خێرخوازی بەخشین كە خاوەندارێتی نەخۆشخانەكە دەكات بە نوسراوی فەرمی داوای لادانی بەڕێوەبەری نەخۆشخانە (سەروەر خورشید)، بەڵام حساب بۆ قسەكەیان ناكرێت‌و بەوهۆیەوە یەكێك لە ئەندامانی بۆردی دەزگای بەخشین ویستویەتی واز لە كۆمەڵی ئیسلامی بهێنێت‌و بە هەوڵی عەلی باپیری ئەمیری كۆمەڵ وازهێناكەی راگیراوە.
•    ماوەی (8 مانگ) بووە بە فەرمانی ئەمیری كۆمەڵ بڕیاربووە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی بەخشین لابدرێت، بەڵام بڕیارەكە جێبەجێ نەكراوە.
•    گومانی هەیە لەوەی بەرپرسی باڵای كۆمەڵ دەستی لەگەڵ ستافی نەخۆشخانەی بەخشیندا هەبێت بۆیە بڕیاری ئەمیر بۆ لادانی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە جێبەجێ نەكراوە.
لەسەر بنەمای قسەكانی عەبدوڵا ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاریداوە لیژنەیەك بۆ وردبینی پێكبهێنرێت.
سەرباری قسەكانی جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، هەندێك لە ئەندامانی كۆمەڵ گلەیی تریان لە سەروەر خورشید بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی بەخشین هەیە‌و هەندێك دەڵێن برایەكی خۆی كردووە بە بەڕێوەبەری كارگێڕی نەخۆشخانەی بەخشین‌و كەسوكاری خۆی لە نەخۆشخانەكە دامەزراندووە، باسلەوە دەكەن موچەی مانگانەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە (2 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینارەو بەقسەی ناڕەزاییەكان ئەم بڕە موچەیە بەبەراورد بە نەخۆشخانەكانی تر زۆر زیاترە، بۆ وەڵامی ئەم قسانە (درەو) چەندینجار پەیوەندی بە سەروەر خورشیدەوە كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە‌و ژمارە تەلەفۆنەكانی داخستووە.

لیژنەكە چی دەڵێ ؟
لیژنەی تایبەت بە وردبینیكردن لە داهات‌و خەرجییەكانی نەخۆشخانەی بەخشین رۆژی (18)ی ئەم مانگە لەسەر فەرمانی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵ دەستبەكاربووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دەست (درەو) كەوتوون، لیژنەكە لەماوەی سێ رۆژدا كارەكەی تەواو بووە‌و بە نوسراوێك ئەستۆپاكی (سەروەر خورشید) بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكەی سەلماندووە‌و رایگەیاندووە:
•    داهات‌و خەرجی نەخۆشخانەی بەخشین بە داتا كراوە‌و ئامادەیە بۆ هەر كەسێك بیەوێت بەدواداچوونی بۆ بكات.
•    گرێبەست‌و وەسڵی كڕێن بە لیژنە كراوە‌و ئەرشیف كراوە.
•    داهات‌و خەرجی نەخۆشخانە ئاشكرایە‌و مانگانە راپۆرتی خۆیان داوە بە دەزگای بەخشین.
•    مانگانە هەر بڕە قازانجێك كە نەخۆشخانەكە هەیبوبێت گەڕێندراوەتەوە بۆ دەزگای بەخشین.
•    گرێبەستەكان لەگەڵ كۆمپانیاكان بەشێوەیەكی شەفاف كراون.
•    نەخۆشخانەی بەخشین پابەند نەبووە بە هیچ كۆمپانیایەكی دیاریكراوەوە.
ئەو لیژنەیەی كە ئەم راپۆرتی وردبینییەیان ئامادەكردووە لە سێ كەس پێكهاتوون:
•    یاسین حەسەن بەرپرسی دەزگای دارایی كۆمەڵ كە سەرۆكی لیژنەكە بووە
•    سەباح ساڵەح نوێنەری ئەنجومەنی چاودێری‌و بەدواداچوونی كۆمەڵی ئیسلامی كە ئەندامی لیژنە بووە
•    كامەران فەتاح كە ئەندامی لیژنە بووە
سەرباری ئەوەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە دەستی لەكاركێشاوەتەوە‌و ئەوانەی ناڕەزایەتییان لەبارەی كارەكانییەوە هەبووە بە ئامانجی خۆیان گەیشتوون، بەڵام راپۆرتی لیژنەی وردبینی لەناو هەندێك لە بەرپرسانی كۆمەڵدا گلەیی لەسەرە، ئەوانەی گلەییان هەیە دەڵێن نەخۆشخانەیەكی گەورە كە مانگانە داهاتەكەی (ملیارێك‌و 400 ملیۆن) دینارە چۆن لە ماوەی تەنیا (سێ) رۆژدا وردبینی بۆ كارەكانی دەكرێت‌و ئەستۆپاكی بۆ دەردەكرێت، سەرباری ئەمە داوا دەكەن پێداچونەوەیەكی گشتگیر بكرێت بە هەموو دامەزراوەی بەخشیندا نەك تەنیا نەخۆشخانەكە.

پێشنیازی پۆستێكی نوێ !
سەرباری ئەوەی لیژنەی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵ ئەستۆپاكی بۆ دەركردووە، بەڵام مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ بڕیاریداوە سەروەر خورشید لە پۆستی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە لاببرێت‌و لەبری ئەوە بكرێت بە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكانی بەخشین لە دەرەوەی شاری سلێمانی، بەڵام سەروەر خورشید بەم پێشنیازە قایل نەبووە‌و سكاڵا لەسەر عەبدوڵا ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی تۆماركردووە كە سەربە حزبەكەی خۆیەتی.
هەندێك لە بەرپرسانی كۆمەڵی ئیسلامی كە (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون‌و ئامادەنەبوون بەناوی خۆیانەوە لێدوان بدەن، دەڵێن كێشەی نەخۆشخانەی بەخشین ئەوەیە بووە بە پرۆژەیەكی گەورەو چاوی لەسەرە، بۆیە ململانێی لەسەر دروستبووە.

لەبارەی دەزگای بەخشینەوە
دەزگای بەخشین لە 15ی حوزەیرانی 2009 دروستكراوەو بارەگا سەرەكییەكەی لە تەنیشت مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامییە لە گەڕەكی (كازیوە)ی شاری سلێمانی، بەڵام نزیكەی (40) نوسینگەی لە شارو شارۆچكەكانی هەرێم هەیە، ئەم نوسینگانە ئەركیان كۆكردنەوەی خێرو زەكاتی خەڵكە كە بۆ دەزگاكەی دەنێرن. 
بەپێی ئەوەی ئەندامانی كۆمەڵ باسی دەكەن، خاوەنی بیرۆكەی دەزگاكە كادیرێكی كۆمەڵ بووە لە شاری هەولێر بەناوی (رێبوار میرانی)، ئەم گەنجە ئێستا یەكێكە لەوانەی كە ناڕازییە لە كارەكانی دەزگاكە‌و دەوترێت چەند مانگێكە دەستی لەكاركێشاوەتەوە.
دەزگای بەخشین پرۆژەیەكی ئەهلی كۆمەڵی ئیسلامییە، دەزگاكە لە چەند سێكتەرێك پێكدێت (تەندروستی، پەروەردە، مندالانی بێ باوك، كەمئەندامان، دروستكردنی خانوو بۆ خەڵكی كەمدەرامەت)، كۆمەڵگەی پزیشكی بەخشین كە سلێمانی‌و كەلارو چەمچەماڵ‌و هەڵەبجە لقی هەیە دیاترین سێكتەرەكانی دەزگای بەخشینە.
نەخۆشخانەی بەخشین كە ئێستا كێشەو سەرئێشەی بۆ عەلی باپیر كۆمەڵی ئیسلامی دروستكردووە، دەكەوێتە سەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود لە سلێمانی لە ساڵی 2017 دروستكراوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، تێچووی دروستكردنی ئەم نەخۆشخانەیە نزیكەی (4 ملیار) دینار بووە، نەخۆشخانەكە زیاتر لە (500) كارمەندی هەیە.
هەندێك ئەم پرۆژەیە وەكو پرۆژەیەكی بازرگانی كۆمەڵی ئیسلامی پێناسە دەكەن، بەڵام بەرپرسانی كۆمەڵ خۆیان دەڵێن پرۆژەیەكی خێرخوازییە.
بەپێی لێدوانێكی ساڵی رابردووی ئاری عەزیز بەرپرسی دەزگای بەخشین" لە سەرەتای دامەزاندانیەوە دەزگای بەخشین زیاتر لە (22ملیار‌و 644ملیۆن) دیناری خەرج كردوە"، دیار نییە ئێستا ئاستی خەرجییەكانی دەزگاكە گەیشتوەتە چەند. 
موسعەب حسێن بەڕێوەبەری ئۆفێسی هەولێری دەزگای بەخشێن دەڵێت، تاوەكو ساڵی رابردوو دەزگای بەخشین لە بەشی منداڵانی بێ باوك، كەفالەتی (514) منداڵی بێ باوكی كردووە، كەفالەتەكە بریتییە لە یارمەتییەكی دارایی كە مانگانە بەو منداڵانە دەدرێت‌و بڕەكەی نزیكەی (100 هەزار) دینارە
نەخۆشخانەی بەخشین بەهۆی ئەوەی لەڕووی نرخەوە لە نەخۆشخانەكانی تر هەرزانترە، سەرباری ئەوەی لەناو كۆمەڵی ئیسلامیدا كێشەی دروستكردووە، لەسەر ئاستی دەرەوەی حزبیش روبەڕووی دوو جۆر ململانێ بووەتەوە، یەكێكیان ململانێی سیاسی لایەنەكان‌و ئەوی تر ململانێی بازرگانی نەخۆشخانە‌و كۆمپانیاكان.
بەمدواییە بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی هەندێك كێشەیان بۆ كاری نەخۆشخانەكە دروستكرد، بەڵام بەهەوڵێكی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ لەڕێگەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتییەوە، نەخۆشخانەكە لە داخستن رزگاركرا.
هەندێك لە خەڵكی ئاگادار لە پرۆژەكە باسلەوە دەكەن دەزگای بەخشین لە پشتی پەردەوە جۆرێك لە ململانێی لەنێوان بەرپرسانی باڵای كۆمەڵدا دروستكردووە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand