نیویۆرک تایمز: عێراق لەژێر حوکمی چەتەكاندا
2020-07-30 23:03:07
راپۆرتێکی نیویۆرک تایمز عێراق دەهەژێنێت
🔻 عێراق لەژێر حوکمی چەتەكاندا
🔻 بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەستیان بەسەر گرێبەستەکاندا گرتووە بۆ خۆدەوڵەمەندکردن
(درەو):
راپۆرتێکی رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکی ئەمڕۆ دەستەبژێری سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستانی هەژاند.
راپۆرتەکە لەژێر ناونیشانی "عێراق لەژێر حوکمی دزەکاندا" یاخود ئەوەی ناوی لێنراوە "کلیپتۆکراسی" واتە حوکمی چەتەکان بڵاوکراوەتەوە.
کورتەی کرۆکی راپۆرتەکە:
🔹 سەددام حسێن فەرمانڕەوایەکی ستەمکار بوو، بەڵام لەسەردەمی ئەودا مامەڵەی دارایی خاوێن بوو.
🔹 نوری مالیکی لە مێژووی عێراقدا لە هەمووان زیاتر یارمەتی تۆڕی دزەکانی داو ئەمە هۆکاربوو بۆ دەرکەوتنی "داعش" لە ساڵی ٢٠١٤دا.
🔹 سیاسەتمەدارانی عێراقی نزیکەی (١٥٠ ملیار) دۆلاریان لە بانکەکانی دەرەوەدا داناوە، هەندێک دەڵێن بڕی پارەکە زیاترەو دەگاتە (٣٠٠ ملیار) دۆلار.
🔹 سیاسەت لە عێراق هاوشێوەی جەنگە لەگەڵ مافیاکاندا.
🔹 زۆرینەی ئەوانەی لە عێراق بانگەشەی چاکسازی دەکەن و ئەوانەی کە باڵی چەکداریان هەیە هەژموونی خۆیان بۆ ئەوە بەکاردەهێن وەزارەت لەناو حکومەتدا بەدەستبهێنن.
🔹 وەزارەتی تەندروستی لای سەدرییەکانە، وەزارەتی ناوخۆ ماوەیەکی دورودرێژە لای بەدرییەکانە، وەزارەتی نەوت لای حیکمەیە.
🔹 یەکێک لە وەزیرە دەستپاکەکان ڤاکسینێکی بۆ وەزارەتی تەندروستی بە (١٥ ملیۆن) دۆلار دۆلار دۆزیوەتەوە، ئەمە لەکاتێکدا بووە وەزیری پێش خۆی ڤاکسینەکەی بە (٩٢ ملیۆن) دۆلار کڕیوە، ئەمە وایکردووە وەزیرە دەستپاکەکە روبەڕووی دژایەتی ببێتەوە لەلایەن؟دەسەڵاتدارانی وەزارەتەکەیەوە.
🔹 بەرپرسانی سیاسی ئەوانەی کە خەریکی ئەم کەسابەتە نایاساییەن خەڵکانی ناسراون، هەندێکیان لە هاوپەیمانە موخڵیسەکانی ئەمریکان.
🔹 بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر گرێبەستەکان و بانکی ناوەندیدا لە ناوچەکەیان بەکارهێناوە بۆ خۆدەوڵەمەندکردن.
🔹 گەندەڵی رێڕەوێکی جێگیرە لە سیاسەتی عێراقدا، بەتەنیا دەستبردنی بۆی، دەبێتە هۆی کوژرانی خۆت و خانوادەکەت.
🔹 هەندێک لە میلیشیاکان کۆمپانیای زەبەلاح و ئیمپراتۆریەتی ئابورییان لەناو عێراقدا بنیادناوە.
🔹 فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد بەتەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵی میلیشیاکاندایە.
🔹 میلیشیاکانی عێراق دەستیان بەسەر بەندەرو رێڕەوە سنورییەکانیشدا گرتووە.
🔹 ئەمریکا بەرپرسە لە هەموو ئەوە شتانەی لە عێراق رودەدەن، ئەمریکا ملیاران دۆلاری لە عێراقدا خەرجکردووەو دەشزانێت ئەو پارانە بۆ میلیشیاکان دەڕۆن.
🔹 بانکی ناوەندیی عێراقی هەندێک کار دەکات کە وادەکات پارەی زیاترو زیاتر بۆ رێکخراوە تیرۆرستییەکان بڕوات بەتایبەتیش لە بابەتی خستنە بازاڕی دۆلاردا.
🔹 دۆلاری مەزادکراوی عێراق بووە سەرچاوەی خۆراکی جەنگی سوریاو تیرۆری لەو وڵاتە زیندوکردەوە.
🔹 کۆمپانیا وەهمییەکانی عێراق لە رێگەی ئەو دراوە قورسەی کە لە بانکی ناوەندییەوە دەستیان کەوتووە خاوبەرەیان لە لەندەن کڕیوە.
🔹 دزی لە عێراق زۆر روونە، ساڵی ٢٠١٧ بەغداد بەبەهای (ملیارێک و ٦٦ ملیۆن) دۆلار تەماتەی لە ئێران کڕیوە، ئەم رێژەیەش بەبەراود بە ساڵی پێشتر (هەزارجار) زیاتر بووە، ئەمەش پرۆسەی سپیکردنەوەی پارەیە.
🔹 سەختە بتوانرێت رێژەی ئەو ملیارە دۆلارانە ئەژماربکرێت کە تەنیا لەرێگەی نرخی گۆڕینەوەی دۆلارەوە دزراون.
🔹 یەکێک لە بانکە ئەهلییەکان (٤ ملیار) دۆلاری لە بانکی ناوەندی راکێشاوە، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە ئەو بانکە تەنیا ژورێک و کۆمپیوتەرێکە.
🔹 تەنانەت تا ئەوکاتەی کە حکومەتی عێراق موچەی فەرمانبەرانیش دابەش دەکات لە بانکە حکومی و ئەهلییەکاندا سپیکردنەوەیەکی گەورەی پارە دەکرێت.
🔹 عێراق چیرۆکێکی هۆشیارکەرەوەیە بۆ هەموو وڵاتانی جیهان.
🔹 کارتی "QI Card” یەکێکە لە دیارترین رێگا چەپەڵەکانی دزیکردن لە عێراق.
🔹 حەشدی شەعبی نزیکەی (٧٠ هەزار) کارمەندی بندیواری لە کارتی " QI Card”دا تۆمارکردووە، ئەمەش بە سود گەڕاوەتەوە بۆ ئەو میلیشیایانەی سەربە ئێران.
🔹 یەکێک لە گەورەترین پاڵپشتکارانی کارتی "QI Card” عەممار حەکیم رێبەری رەوتی حیکمەیە.
🔹 تاکی عێراقی رۆشناییەک لە ئاسۆدا بەدی ناکات.